فه‌لسه‌فه‌ی شیكردنه‌وه … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
جیاوازی نێوان فه‌لسه‌فه و زانست و ئایین ئه‌وه‌یه، كه ئایین كۆمه‌ڵێك وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ت پێده‌به‌خشێت و زانست وه‌ڵامی چۆنیه‌تی ده‌داته‌وه، به‌ڵام فه‌لسه‌فه هه‌ر له سوكراته‌وه فێرمان ده‌كات كه ئێمه هیچ نازانین! من نامه‌وێت قسه له ئیشكالی زانین و نه‌زانین بكه‌م، قسه له په‌یوه‌ندی سوكرات به ده‌وروبه‌ر و ته‌ماشاكردنی سوكرات بۆ جیهان بكه‌م، به‌ڵكو به رێگایه‌كی زۆر كۆندا ده‌ڕۆم ئه‌ویش خۆشه‌ویستییه بۆ دانایی، ئه‌ویش فه‌لسه‌فه‌یه وه‌ك خۆشه‌ویستی… هه‌ر له‌وێشه‌وه قسه له یه‌كێك له فه‌لسه‌فه هاوچه‌رخه‌كان، فه‌لسه‌فه‌ی شیكردنه‌وه (analytic philosophy) ده‌كه‌م، كه زمان وه‌ك ناوه‌ندی خۆی ده‌ناسێنێ، یان وه‌ك له ناوه‌كه‌ی هاتووه پشت به كردنه‌وه و شیته‌ڵكردنی ئاوێته‌كانی زمان بۆ به‌شه‌كانی ده‌به‌ستێت. فه‌لسه‌فه‌ی شیكردنه‌وه پرۆسه‌یه‌كه ده‌یه‌وێت بابه‌تێكی دیاریكراو له پێناو مه‌به‌ستێكی دیاریكراو كه‌شف بكات، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش یه‌كێك له پێناسه‌كانی شیكردنه‌وه كه‌مكردنه‌وه‌ی پله‌ی ته‌مومژی ئاوێتهكانه به ئاراسته‌ی به‌شه جۆراوجۆره‌كانییه‌وه…
فه‌لسه‌فه‌ی شیكردنه‌وه گوزارشت له رۆحی زانستی و بیركاری ده‌كات و هه‌میشه به چاوی رێزه‌وه له به‌رهه‌مه زانستییه‌كان و حه‌قیقه‌ته‌كانی (هه‌ستی هاوبه‌ش) و (فاكت) و (دۆزه‌كان) ده‌ڕوانێت. زانكۆی (كامبردج-ی بریتانی و به تایبه‌تی راسل و مۆر ) به دامه‌زرێنه‌ری داده‌نرێن و هه‌مووشیان ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری بیركردنه‌وه‌ی (فریگه ) و (فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیالی) ئه‌ڵمانییه‌وه. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه لۆجیك و فه‌لسه‌فه‌ی زمان بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی شیكردنه‌وه پێكده‌هێنن. فریگه دامه‌زرێنه‌ری لۆجیكی بیركاری نوێ، ئامانجی فه‌لسه‌فه له شیكردنه‌وه‌ی بونیادی فیكردا ده‌بینێ و پێیوایه لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكری پێویسته له لێكۆڵینه‌وه‌ی كرده‌ییانه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ده‌روونی جیا بكرێته‌وه، چونكه رێبازی شیكردنه‌وه‌ی فیكری پشت به شیكردنه‌وه‌ی زمان ده‌به‌ستێت. به‌ڵام نابێ له‌و باره‌وه رۆڵی فیتگنشتاین و كتێبی تراكتاتۆس له‌بیر بكه‌ین، كه جه‌وهه‌ری كاری فه‌لسه‌فه به (روونكاری) له قه‌ڵه‌م ده‌دات و ده‌ڵێت بابه‌تی فه‌لسه‌فه روونكردنه‌وه‌ی لۆجیكی بیركردنه‌وه‌یه، فه‌لسه‌فه تیۆر نییه، به‌ڵكو كاری كرده‌ییه. به‌و مانایه‌ش پێویسته فه‌لسه‌فه به وردی بیركردنه‌وه‌كان دیاری بكات و روونیان بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته ته‌مومژییه‌وه. چونكه گیروگرفتی فه‌لسه‌فه له تێنه‌گه‌یشتنی زمانی ئاساییه‌وه هه‌ڵقوڵاوه. چاره‌سه‌ری ئه‌و گیروگرفتانه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ به‌كارهێنانی وردی زمانی ئاسایی و به‌كارهێنانی باوی وشه‌كان.
یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ی كه هه‌میشه فه‌لسه‌فه‌ی زمان تێیده‌كه‌وێت (كرده‌ی گه‌یشتنی زمان- linguistic communication)ه، یان ئه‌وه‌ی جۆن ئۆستن (J. L. Austin) به (تیۆری راستی گوتن-Theory of speech acts) كه له وانه‌كانی زانكۆی (هارفرد- 1955) ناوی بردووه… ئۆستن باسی ئه‌وه ده‌كات چۆن شته‌كان به وشه‌كان ده‌گوترێن… پاشان جۆن سیرل (John R. Searle) و كه‌سانی دیكه له ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكاندا گه‌شه‌یان به‌و گوتنه داوه… تیۆری راستی گوتنی زمان، یان كرده‌ی مه‌به‌ستگه‌رایی به ساده‌یی سه‌یری زمان ناكات، به‌ڵكو زمان وه‌ك كارێكی فره لایه‌ن و فره ره‌هه‌ند و فره مه‌به‌ست ده‌بینێ: كاتێك قسهكهرێك ده‌دوێت شتێك ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ك ره‌مز و وشه و رسته‌ش ته‌ماشای نه‌كه‌ین، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كرده‌ی گه‌یشتنی زمان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گوتن كار ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمان قسان ده‌كات و ناتوانین له زمان جیا بینه‌وه… ده‌شێ بیركردنه‌وه‌ی رووتی هه‌ڵگرتبێ، یان تاكگه‌را و مه‌به‌ستگه‌را بێت، یان گشتی و به‌دحاڵیبوون بخاته‌وه… بۆیه هه‌میشه زمان پێویستی به روونكردنه‌وه و یه‌كلاكردنه‌وه و دیاریكردن هه‌یه.
له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا، فه‌لسه‌فه‌ی شیكردنه‌وه وه‌ك رێبازێكی زانستی شۆڕشێك بوو، كه توانی له بواری بابهتهكان و شته‌كانه‌وه بۆ بواری گوته‌كان و ده‌سته‌واژه‌كان بگوازێته‌وه، لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت له باره‌ی لۆجیكی بیركاری و فیكره‌ی مانا و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاوێته‌كان بۆ گه‌ردیله‌كان بكات، ئه‌وه‌ش پێمانده‌ڵێت كه دۆزه فه‌لسه‌فییه‌كان دۆزی واقیعی نیین… به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك دۆزی زمانه‌وانین، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و رێبازهشدا كاریان كردووه چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌شیان هه‌یه، ئه‌ویش به كارهێنانی شیكردنه‌وه‌یه وه‌ك میتۆدێكی فه‌لسه‌فی، جگه له‌وه‌ش هه‌موویان وێرای جیاوازه‌كانیان بانگه‌شه‌ی وردبینی و روونیان ده‌كرد و زۆر بایه‌خیان به زمان داوه و بۆ زمانی په‌تی و سروشتی ده‌گه‌ڕێنه‌وه، پێیانوابووه كه زۆربه‌ی گیروگرفته فه‌لسه‌فییه‌كان له تێنه‌گه‌یشتنی زمانی ئاساییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. راسل ئه‌گه‌رچی هه‌ڵگری مۆركێكی لۆجیكییه و هه‌ر ئه‌وه‌شه له فیتگنشتاین نزیكی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له‌وێشه‌وه له یه‌كتر دوور ده‌كه‌ونه‌وه كه پێیوایه زمانی سروشتی ته‌مومژی زۆری تێدایه، بۆیه توێژه‌ر ده‌بێ یه‌كه‌مجار ماناكان دیاری بكات و به وردی له‌و مانایانه بگات، كه به كاریان ده‌هێنێت، به‌مجۆره راسل بانگه‌شه‌ی زمانی باڵا ده‌كات و كه‌مه‌كێك له جۆن سیرل و تێركردنی مانا نزیك ده‌كه‌وێته‌وه. راسل زمان وه‌ك كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه له ئاوێته‌كانیان و بونیادهكانیان جیا ده‌كاته‌وه، پێیوایه رسته و دۆزه‌كان ده‌سته‌واژه‌ی ساده‌ن و ناشێ به‌ش به‌ش بكرێن بۆ دۆز و رسته‌ی بچوكتر له خۆیان، وه‌ك چۆن گه‌ردیله‌كان له ئاستی وشهكاندان و ئه‌وانیش یه‌كه‌ی ساده‌ن و ناشێ بۆ وشه‌ی بچوكتر له خۆیان به‌ش به‌ش بكرێن! هه‌ر له به‌دواداچوونی بچوكترین پێكهاته- گهردیلهكانهوه- كه مه‌عریفه‌ی لێدێته به‌رهه‌م، هه‌وڵده‌دات زمان و مه‌عریفه بونیاد بنێت..
راسل له باره‌ی په‌روه‌رده‌وه وه‌ك ئامانج سه‌یری قوتابی ده‌كات، نه‌ك وه‌ك وه‌سیله! لێره‌دا ئامانجی باڵای شیكارخوازان خۆی له په‌روه‌رده‌كردنی تاكه‌كاندا ده‌بینێته‌وه. برتراند راسل تاك وه‌ك جه‌وهه‌رێك له خودی خۆیدا ده‌بینێت، نه‌ك وه‌ك پێداویستیی كۆمه‌ڵگا. گوتمان راسل بایه‌خی زۆری به لۆجیك داوه به پێچه‌وانه‌ی جۆرج ئیدوارد مۆر كه بایه‌خی زۆری به ره‌مز داوه، هه‌ر له‌وێشه‌وه هه‌وڵیداوه چاره‌سه‌ری بۆ گیروگرفته فه‌لسه‌فییه‌كان بدۆزێته‌وه! مۆر بانگه‌شه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی زاراوه فه‌لسه‌فییه‌كان ده‌كات و ده‌سته‌واژه‌كان شیده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی روونتر له باره‌ی دۆزه فه‌لسه‌فییه‌كانه‌وه بدوێت، هه‌وڵی گه‌یشتن به زمانی ئاسایی ده‌دات، ئه‌و به پێچه‌وانه‌ی راسل پێیوایه زمانی ئاسایی بۆ كاری فه‌لسه‌فی گونجاوه، به‌ڵام پێویستی به روونكردنه‌وه هه‌یه، شیكردنه‌وه‌ی زمانه‌وانیش له خودی خۆیدا ئامانجی فه‌لسه‌فه نییه، به‌ڵكو وه‌سیله‌ی روونكردنه‌وه‌ی وێناكردن و دۆزهكانمانه! جۆرج مۆر هه‌میشه به‌رگری له زمانی ئاسایی ده‌كات و هاوگونجانی فه‌لسه‌فه و بیروڕای مرۆڤی ئاسایی به پێوانه‌ی به‌های تیۆری فه‌لسه‌فی ده‌زانێت، هه‌ر چه‌نده له‌و نۆرمه و له روونكردنه‌وه‌ی وردی زمان دوور بكه‌وینه ئه‌وه‌نده به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بینه‌وه.
كه‌واته پرسی شیكردنه‌وه ئه‌وه‌یه، چۆن بیركردنه‌وه‌كانمان له باره‌ی زمانی ئاسایی و مانا و ئاماژه‌وه رێكده‌خه‌ین، به شێوه‌یه‌كی گونجاو كه بشێ هه‌م كورتبڕی بكه‌ین و هه‌م بیركردنه‌وه‌كانمان به ساده‌یی و روونی بگات؟ بێگومان ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به چه‌مكه‌كانی (حه‌قیقه‌ت) و (مانا) و (زه‌روره‌ت) و (ناو)ه‌وه هه‌یه، ئه‌و گیروگرفتانه بابه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی زمانی په‌تییه و سیستمێكه خاوه‌نی فۆرمی مه‌عریفی نییه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به كۆی بایه‌خه ته‌قلیدییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی نوێوه نییه. به‌ڵام پرسی چۆن بیركردنه‌وه‌مان له باره‌ی سه‌رچاوه مه‌عریفییه‌كانه‌وه رێكده‌خه‌ینه‌وه، چۆن له سیستمی مه‌عریفی كانت جیا ده‌بینه‌وه؟ لێره‌دا ئه‌وه‌ی شیكردنه‌وه‌ی زمانه‌وانی پێشكه‌شی ده‌كات هه‌وڵێكه مه‌یلی ئه‌زموونگه‌ری ده‌كات، به‌ڵام ئه‌زموونگه‌رییه‌ك كه بكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌زموونه ده‌روونییه‌كانه‌وه، ئه‌زموونگه‌رییه‌ك كه به‌رهه‌می شیكردنه‌وه‌ی لۆجیكی زمانه‌وانی بێت. ئه‌و ئهزموونگهرییهش پێمانده‌ڵێت هه‌موو ئه‌و مه‌عریفه مرۆییانه‌ی كانت له باره‌ی (خواوه‌ند و ئازادی و ئاكار) پێشكه‌شی كرد، پێویسته له نوێوه به شێوه‌ی كۆمه‌ڵێك سه‌رنج یان به‌دواداچوون له باره‌ی زمانه‌وه پێشكه‌شی بكه‌ینه‌وه.