Skip to Content

ناساندن/ (٧) نامیلکە، شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆ بۆ منداڵان.. ئەرسەلان حەسەن

ناساندن/ (٧) نامیلکە، شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆ بۆ منداڵان.. ئەرسەلان حەسەن

Closed
by ئایار 26, 2023 General, Kids Literature




هەگبەیەکی پڕ
(٧) نامیلکە، شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت بۆ منداڵان، هەگبەیەکی پڕی مامۆستا (زارا ئەحمەد جاف)ە بۆ منداڵانی نووسیووە و دیارە نووسین بۆ منداڵان لە هەر بوارێکدا هەستیارە و پێویستە نووسەر کۆمەڵێک بنەماو مەرج ڕەچاو بکات تا نووسینەکەی بەدڵی منداڵان بێت و منداڵان بتوانن سوودی لێوەربگرن و لە ئاست خواست و ویستییاندا بێت، چونکە دەمێکە گووتوویانە منداڵ لەم تەمەنەدا پەڕە کاغەزێکی سپی پاکوبێگەردەو چتبووێ و چۆنتبووێ دەتوانی لە سەری بنووسی و هەر منداڵیش بۆ خۆی باشترین خووێنەر و ڕەخنەگری ئەو بەرهەمانەیە بۆی دەنووسرێن.

(٧) نامیلکە، شیعر، چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆ بۆ منداڵان، کۆمەڵە بەرهەمێکی مامۆستای نووسەر (زارا ئەحمەد جاف)ە و لە ماوەی ئەزموونی تەمەنی نووسەری بۆ منداڵان نووسیوونی، کە دەتوانین بڵێین مامۆستا زارا لە زۆربەی بوارەکانی منداڵان قەڵەمی تاوداوە و بەرهەمی قەڵەمەکەی ئەم هەگبە پڕەیە.
هەگبە پڕەکەی مامۆستا زارا بریتییە لە سێ کۆمەڵە و کۆمەڵەی یەکەم بریتییە لە ( ٣ ) نامیلکەی شیعری و کۆمەڵەی دووەمیش لە ( ٣ ) کۆمەڵە چیرۆک و کۆمەڵەی سێیەم کە نامیلکەیەکە، بریتییە لە ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵان و (ئەمین محەمەد)ی نووسەری بواری منداڵان دوو پێشەکی جیاوازی بۆ هەر دوو کۆمەڵەی (شیعر و چیرۆک)ەکان نووسیووە.

شیعر بۆ منداڵان
(٣) نامیلکەی یەکەمی ئەم هەگبەیە تایبەتە بەشیعر بەناوەکانی (ورچەکەی هاوڕێم، کەشتی، بێچووە فیل). هەر سێ نامیلکەکە بریتییە لە (٧٠) شیعر بۆ منداڵان.
بێگومان دەزانین شیعر پانتاییەکی زۆری لەبواری نووسین بۆ منداڵان بۆخۆی گرتووەو گومانیشی تێدانییە دەبێت شیعر نووسین بۆ منداڵان بە زمانێکی پاراو، ڕەوان و لە ئاست خواست و ئارەزوو و ویستی منداڵاندا بێت و زادەی ژینگەو دەوروبەر بێت و منداڵ بەرەو خەیاڵ و بیرکردنەوە بەرێت و بتوانێ بە ئاسانی بیانخووێنێتەوە و ئەزبەریان بکات، بێئەوەی هەناسە سواری بێت یان کاتێک بۆیان دەخووێندرێتەوە بە پەرۆشەوە گوێی لێ بگرن، بێئەوەی هەست بە بێزاری و بێ تاقەتی بکەن..، چونکە شیعر کاریگەریی بەرچاوی بە سەر کەسایەتی، ژیان و داهاتووی منداڵەوە هەیە.

چیرۆک بۆ منداڵان
(٣) نامیلکەی دووەمی ئەم هەگبەیە تایبەتە بە چیرۆک و سەرجەمییان (٣١) چیرۆکن. چیرۆک، بە باشترین ڕێگاو سەرمەشق بوون بۆ بیرکردنەوەی منداڵ دانراوە. منداڵ بەهۆی چیرۆکەوە ئاشنای فەرهەنگە کۆمەڵایەتییەکان و ئاگاداری جیهانی دەوروبەری دەبێت و دەرک بەواقیعییەتەکان دەکات. خووێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵ پێش نووستن، یاریدەدەری منداڵەو ڕۆڵی گرینگی لە ڕۆشنبیری و زیرەکی و کرانەوەی مێشک و ئاسوودەیی دەروونی منداڵدا هەیەو ئەگەر دیقەتیش بدەین دەبینین زۆر لەمێژە ژنی کورد کۆرپەکەی بە لایلایەو گێڕانەوەی حیکایەت و سەربووردەی خۆش خەواندووە.

ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵان
ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵان، نامیلکەی سێیەمە لە سێ کۆمەڵە ( ٧ ) نامیلکەکەی مامۆستا زارا و کۆمەڵێک ئۆپەرێت و تێکستی شانۆیی بۆ منداڵانی تێدایە. ئەم نامیلکەیە ناوی (بووکەڵەکان)ەو ناوی ئەمیش وەک هەموو نامیلکەکانی تر، لە ناوی یەکێک لە دەقەکانی دووتووێی بەرگەکەیان هاتووە، دیارە ئەزموون سەلماندوویەتی پەروەردەکردن بە بووکەڵە، کاریگەری زۆر و بەردەوامی لە سەر مێشکی منداڵ هەیە، چونکە بووکەڵە بە زۆری سەرنجی منداڵ بۆخۆی کێش دەکات و چیرۆکی نمایش، کاریگەری قووڵ و بەردەوام لە سەر مێشکیدا دەنێت.
ئەگەر ئاوڕێک لەبواری نووسینی منداڵان بدەینەوە، دەبینین ئۆپەرێت و تێکستی شانۆیی و ڕۆمانی تایبەت بەمنداڵان زۆر کەمە و نووسەران کەمتر ئاوڕییان لەم بوارە داوەتەوە و ئەمەش بەو مانایە نییە کە نەک ئۆپەرێت یان تێکستی شانۆیی و ڕۆمان کەمە، بەڵکو هەوڵەکانیش کەمن. ئەرستۆ دەڵێت: “شانۆ هونەرێکی شانۆییە کە زیاتر لەهەموو هونەرەکان مرۆڤی سەرسامی خۆی کردووەو کاتێک مرۆڤەکان کۆدەبنەوە بۆ سەیرکردنی شانۆیەک، لەخۆوە پەیوەندییان بە پاڵەوانەکانی بۆ دروست دەبێت و چۆن کارەکتەرەکان لە سەر شانۆ بەگژ ناخۆشییەکانی چارەنووسدا دەچنەوە، بینەرانیش گیرۆدەی شەڕی دەروونی دەبن”. کەوایە دەبێت نووسەران زۆرتر ئاوڕ لەم بوارە بدەنەوە و هەوڵەکانیان زیاتر چڕبکەنەوە تا بتوانن خزمەتێکی باش بە منداڵان بکەن.

وێنەکانی ئەم هەگبەیە
پەیوەندی دەق و وێنە لە ئەدەبی منداڵاندا پەیوەندییەکی تایبەتە و هەندێک جار وێنە ناڕوونیەکانی دەقەکە ڕووندەکاتەوە. بۆیە کاتێک وێنەکێش وێنە بۆ چیرۆکێک یان شیعرێک یان هەر دەقێک دەکێشێت، پێویستە زۆر بەوردی و باش لە دەقەکە ڕامابێت ئەوجا وێنەکە بکێشێت، چونکە ئەگەر وێنەکە زادەی دەقەکە نەبێت یان لەگەڵ دەقەکە نەیەتەوە، هاوسەنگی نێوان خۆی و دەقەکە لاسەنگ دەکات و دوور نییە سەر لە منداڵ تێک بدات یان بشێوێنێت. لەم بەرهەمانەشدا، هەر بابەتێک وێنەی تایبەت بەخۆی هەیە و بە جوانی و سەردەمیانە وێنەکان کێشراوون، کە بێگومان چێژو جوانی تایبەت بە منداڵان دەدەن.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish