Skip to Content

مایکل ڕۆبن: دوانزە پرسیار کە ڕۆژنامەنووسانی تورکیا ناوێرن بیکەن..

مایکل ڕۆبن: دوانزە پرسیار کە ڕۆژنامەنووسانی تورکیا ناوێرن بیکەن..

Closed
by ئایار 26, 2023 General, Opinion

“ئەم ئارتیکڵە کە ٣ سێ مانگ دوای کودەتاکەی ١٥/٧/٢٠١٦ تورکیا بڵاوکراوەتەوە. بەڵام لەبەر بەپێزی بابەتەکە، ووردی شرۆڤەکە و دەوڵەمەندی زانیاریەکانی، وە لەبەرئەوەی کە تاکو ئێستایش ئازادی ڕۆژنامەوانی لە تورکیادا خراپتر بووە، بە پێویستم زانی کە لە زمانی ئینگلیزیەوە وەریبگێڕمە سەر زمانی کوردی بۆ ئەوەی خوێنەری کورد هەندێک لایەنی شاراوەی ئەردۆگان بزانن و بیناسن بە تایبەتی کە پرسیارگەلێک دەوروژێنێت کە وەڵامەکانی لە خودی پرسیارەکاندایە. بە دڵنیاییەوە ئەو پرسیارانە لە نێو مەحفەلی دەوڵەتیدا سەنگیان هەیە و حسابیان بۆ دەکرێت، بەتایبەتی لە ئەمریکادا. ئەو زانیاریانەی لەم ووتارەدان، لە کەناڵە میدیا باوەڕپێکراوەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بڵاوکراوەتەوە و لینکەکانی لە ووتارە ئینگلیزیەکە و وەرگێڕانە کوردیەکەدا هایپەرلینک کراون.” “لوقمان ئابڵاخی”

    د. مایکل ڕۆبن    ٢٥/١٠/٢٠١٦

ئازادی ڕۆژنامەگەری یەکێکە لە قوربانییە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیا.
ئەو بە بەردەوامی دەستی بەسەر ڕۆژنامەکاندا گرتووە، سکاڵای لەسەر سەرنوسەرەکانیان تۆمارکردووە و ڕۆژنامەنووسانی زیندانی کردووە.
بە گوێرەی ئەو ڕیزبەندیەی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور، لە کۆی ١٨٠ دەوڵەت لە جیهاندا، ئازادی ڕۆژنامەوانی لە تورکیادا لە ڕیزبەندی سەدوپەنجاو یەکەم (١٥١) هەمینە ، لە خوار ڕوسیای ڤلادیمێر پوتینەوە.
لە ساڵانی داهاتووشدا، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو باری نائاسایی، ڕەشبگیری و پاکتاوکردنەی ئەردۆگان دەیکات، پێدەچێت ڕیزبەندی تورکیا زیاتر دابەزێت و تەنانەت ڕەنگە بێتە خوار کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە.
دەربارەی کاریگەری ڕۆژنامەگەری چاپ و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکی لەسەر پشتیوانی ژیان، ئەو پرسیارانە چین کە ڕۆژنامەنووسان لە پشت پەردەوە باسیدەکەن (بەڵام ڕێگەیان پێنادرێت ڕووماڵیان بکەن یان ڕاپۆرتیان لەسەر بنووسن و بڵاویان بکەنەوە)؟
ئەمانەی خوارەوە تەنها مشتێکن لە خەرواری ئەو پرسیارانە:
١-ئەردۆگان چۆن بوو بە ملیاردێر؟
ئەردۆگان لە خێزانێکی تا ڕادەیەک هەژار لە شاری (ڕیزە)ی سەر کەنارەکانی دەریای ڕەش لەدایکبووە. باوکی لە پاسەوانی کەناراوەکان بووە و لە دەریادا کاری کردووە. هەندێکجار ئەردۆگان بۆ وەدەستهێنانی داهاتی زیاتر تەنانەت خواردنی لەسەر شەقامەکانیش فرۆشتووە.
لە ساڵی ١٩٧٣ خوێندنگەیەکی ئایینی تەواو کردووە و هەر زوو چۆتە دنیای سیاسەتەوە. لە کۆتاییدا بووەتە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و دوای ماوەیەکی کورت لە زیندان بەهۆی هاندانی ئایینی، بووە بە سەرۆکوەزیران و ئێستا سەرۆک کۆمار. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن سامانی پیاوێکی وەک ئەردۆگان ئەوەندە زیادیکرد کە ببێت بە ملیاردێر؟
تورکەکان بیرۆکەیەکی زۆر باشیان هەیە لەو بارەیەوە. ئەردۆگان لە ئەنجامی ماوەی سەرۆکایەتی شارەوانیدا ڕووبەڕووی ١٣ سیازدە کەیسی لێکۆڵینەوەی گەندەڵی بۆتەوە؛ بەڵام بەهۆی پارێزبەندی پەرلەمانیەوە، ئەمانە هەرگیز چارەسەر نەکراون. باڵیۆزخانەی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە ئەو بە لایەنی کەمەوە هەشت هەژماری(ئەکاونتی) بانکی سویسرای هەیە.
ڕوونیشی کردەوە کە بەشێکی ئەو سامانە لە ڕێگەی (دیاری) هاوسەرگیری بۆ کوڕەکەیەوە بووە. تۆمارە شریتییەکان کە ڕاستەقینەن بەڵام بە شێوەیەکی نایاسایی دزەپێکراون، دەریدەخەن کە باس لە چۆنیەتی تەسفیەکردنی نزیکەی ملیارێک دۆلاری کاش دەکات. ئەردۆگان دەسەڵاتی خۆی بەسەر دادگاکاندا بەکارهێنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دۆسیەکە و دەستگیرکردنی ئەو داواکاری گشتی و دادوەرانەی کە هەوڵیان دەدا بەدواداچوون بۆ ئەو مەلەفانە بۆ بکەن.
پێویستە پرسیاری هاوشێوە سەبارەت بە دەستکەوتە نهێنییەکان لە بارەی بیلالی کوڕیەوە بکرێت.
بەڕاست بیلال لە ئیتاڵیا چی بەسەر هاتووە؟ هەروەها بوراک کە شوێنی نهێنییە و وونە.
هەر ڕۆژنامەنووسێک کە لە تورکیا دەژی و هەوڵی بەدواداچوون یان گەڕان بە دوای سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی ئەردۆگان و ئەندامانی بنەماڵەکەی بکات، بۆ دەیان ساڵی داهاتووی ژیانی، خۆی لە زینداندا دەبینێتەوە.

٢- کوا بڕوانامە زانکۆییەکەی ئەردۆگان؟
لە ژیاننامەی فەرمی ئەردۆگاندا هاتووە کە لە ساڵی ١٩٨١ بڕوانامەی لە بەشی زانستە ئابووری و بازرگانییەکان لە زانکۆی مەڕمەڕە وەرگرتووە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە: تا ئەو کاتە هیچ بەشێکی لەو جۆرە لە زانکۆی مەڕمەڕە بوونی نەبووە.
لە ساڵی ١٩٨٢ دا زانکۆکە بەشی زانستە ئابووری و کارگێڕییەکانی زیادکرد بۆ زانکۆکە، بەڵام هیچ تۆمارێک نییە کە ئەردۆگان هەرگیز بەشداری تێدا کردبێت. لە دەستووری تورکیادا، بڕوانامەی تەواوکردنی چوار ساڵەی زانکۆ مەرجی پێشوەختە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە تورکیادا.
ئەگەر ئەردۆگان درۆی لەسەر هەبوونی بڕوانامە کردبێت، ئایا دەتوانێت وەک سەرۆک کۆمار بمێنێتەوە؟
بێگومان ئەو گریمانەیە تەنها لە کاتێکدایە کە ئەگەر سەروەری یاسا لە تورکیادا بوونی هەبێت. جەنگیز چاندار، پاساوهێنەر بۆ ئەردۆگان و دوایی بوو بە ڕەخنەگری ئەردۆگان.
لێرەدا ، ئەلمۆنیتەر، زانیاری زیاتری هەیە.

٣-ئایا چیرۆکێکی تر لە پشت هەوڵی کودەتاکەوە هەیە؟
هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمموز کە ئەردۆگان بە “دیاری خودا” وەسفیدەکرد، تا ئێستاش وەک گەورەترین هەواڵەکانی ئەمساڵی تورکیا دەمێنێتەوە. ئەردۆگان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا شوێنکەوتوانی فەتحوڵڵا گولەن، کە بیرمەندێکی ئیسلامیە کە ئەردۆگان تا ساڵی ٢٠١٣ دۆزی هاوبەشی لەگەڵیدا هەبوو، بە ڕێکخستنی هەوڵی کودەتاکە تۆمەتباری کرد.
هەندێک لە شوێنکەوتوانی گولەن لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە بەشدارییان کردووە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی تورکیا بە فەرمی نەیتوانیوە بەڵگەی تێوەگلانی گولەن بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بخاتەڕوو. دژایەتی فەتحوڵڵا گولەن و ناڕەزایی لە بزووتنەوەکەی شتێکە؛ بەڵام ناوزەدکردنی بە گروپێکی تیرۆریستی لە ئاستی داعش یان قاعیدە شتێکیترە.
زۆر پرسیار هەن کە ئاماژە بە بەشداربوون و تاوانباری خەڵکیتریش دەکەن. زۆرێک لە بەرپرسە باڵا سەربازییە بەشداربووەکان، شوێنکەوتووی گولەن نەبوون؛ لەڕاستیدا هەندێکیان زۆر لە پارتی دەسەڵاتدار(ئاکەپە)ەوە نزیکبوون.
هەروەها شوێنی ئەردۆگان خۆی لە نێوان کاتژمێر ٥ی ئێوارەدا کاتژمێر ١:٣٠ بەیانی ڕۆژی کودەتاکە نازانرێت و ئەردۆگان خۆیشی باسینەکردوە کە لە کوێ بووە. بەڕاستی پێدەچێت ئەردۆگان پێشوەختە بەو هەوڵەی زانیبێت و تەنانەت ڕەنگە هانی دابێت بۆ ئەوەی بیکاتە بیانوو بۆ سەرکوتکردن. لە وڵاتێکی ئاساییدا ئەمە دەبێتە بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەوانی؛ بەڵام لە تورکیادا ڕۆژنامەنوسان تەنها قسەکانی ئەردۆگان دووبارەدەکەنەوە.
بابەتگەلێکی دیکەی پەیوەست بە کودەتاکە لە ڕۆژنامەکانی تورکیا قەدەغەکراوە بریتین لەوەی کێ بەرپرسیار بووە لە کوژرانی خەڵکی سڤیل لە ئێوارەی کودەتاکەدا. بەڵگەی حیکایەت ئامێز هەیە کە زۆرێک لە هاوڵاتیە مەدەنیە کوژراوەکان پێدەچێت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە لایەن یەکەیەکی تایبەتەوە تەقەیان لێکرابێت کە لە ژێر فەرمانی پێکهاتەی سەربازی ئاساییدا نەبوون.
لێرەدا پرسیاری زۆر هەن لەسەر ڕەفتار و کردەوەکانی کۆمپانیای ڕاوێژکاری بەرگری نێودەوڵەتی(سادات)، کە هاوتایەکی تورکیە لەگەڵ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، کە هەندێک لە تورکەکان باسیان لەوە کردووە کە گوایە پێش هەوڵی کودەتاکە بۆ خزمەتکردنی ئەردۆگان، مەشق و ڕاهێنانیان بە سوپایەکی نهێنی کردووە. دوای ئەوە، کردنی عەدنان تەنریڤێردی، سەرۆکی ڕێکخراوی سادات، بە ڕاوێژکاری سەربازی لەلایەن ئەردۆگانەوە، پرسیار و گومانەکان زیاتر دەکەن.
تانریڤێردی لە کاتی کودەتا نەرمەکەی ساڵی ١٩٩٧ لەلایەن ئەرکانی گشتیی تورکیاوە لە کارەکەی دوورخرایەوە و پێدەچێت ئەویش لەو کاتەوە لەسەر چز بووبێت بۆ تۆڵەسەندنەوە لە سیستەمی عەلمانیەت.

٤- ئەگەر( فیتۆ) هەبێت، ئایا (ئیتۆ)یش هەیە؟
دژایەتی فەتحوڵڵا گولەن و ناڕەزایی لە بزووتنەوەکەی شتێکە؛ بەڵام ناوزەدکردنی بە گروپێکی تیرۆریستی لە ئاستی داعش یان قاعیدە گەمژانەیە.
گۆڕینی ناوی (بزووتنەوەی خزمەت) لە لایەن ئەردۆگانەوە بە ڕێکخراوی تیرۆری فەتحوڵڵا(فیتۆ) ڕاست نیە وە ڕازیبوونی ڕۆژنامەنووسانیش بەو ناوزەدکردنە، ناپیشەییانەیە. بەڵام با بە گریمانە وای دابنێین کە پێناسەی تیرۆر ڕەوایە بۆ فیتۆ. پاساوی ئەردۆگان بۆ ئەو ناوزەدکردنە ئەوەیە کە ئەندامانی فیتۆ بەیعەت بە گولەن دەدەن و تۆڕێکی خۆبەخۆییانەیان بۆ بەرژەوەندی و دەسەڵاتی خۆیان پێکهێناوە. ئەگەر وابێت، ئەوە چ جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ شوێنکەوتوانی ئەردۆگان؟
ئەگەر ناساندنی فیتۆ دروست و ڕێپێدراو بێت وەک گروپێکی تیرۆریستی، ئایا ئاماژەکردن بە ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەردۆگان(ئیتۆ)یش دروست و ڕێپێدراو نیە؟ ئەگەر وانیە، ئایا دوو پێوەری جیاواز یان فلتەرێکی سیاسی هەیە کە پێویستە هەموو ڕاپۆرتە تورکییەکان پیایدا تێپەڕن؟
*Fethullahist Terror Organization (FETO) *فیتۆ – ڕێکخراوی تیرۆری فەتحوڵایی
*Erdoganist Terror Organization (ETO) *ئیتۆ – ڕێکخراوی تیرۆری ئەردۆگانی

٥-ئەگەر گولەن تیرۆریستە، بۆچی ئەردۆگان هەتا پێش ساڵی 2013 کاری لەگەڵدا کردووە؟
کە باس لە تۆڕ و فەلسەفەی ئایینی دەکرێت، جیاوازیەکی کەم لە نێوان گولەنی پێش ٢٠١٣ و گولەنی دوای ٢٠١٣دا هەیە. هەروەها جیاوازی لە نێوان ئەردۆگانی پێش و دوای ٢٠١٣دا نییە. تاکە شتێک کە لە نێوان پێش و دوای ٢٠١٣دا جیاوازە، هاوپەیمانی سیاسی بوو. ئەردۆگان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە گولەن تیرۆریستێکی کارامەیە.
ئەگەر وایە و بەو پێیەی ئێستا گولەن هەمان ئەو پیاوەیە کە لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی ئەردۆگاندا بوو، بۆچی ئەردۆگان ئەو هەموو ماوەیە ئەو هاوپەیمانیە توندوتۆڵەی لەگەڵ گولەن هەبوو؟

٦-بۆچی ڕاپۆرت یان ڕووماڵکردن لەسەر هێرشەکانی پەکەکە قبوڵکراوە بەڵام لەسەر داعش نا؟
تورکیا ڕووبەڕووی تەحەددای هەردوو یاخیبووان، پەکەکە (پارتی کرێکاری کوردستان) و گروپە چەپەکانی وەک پارتی بەرەی ڕزگاریخوازی گەلی شۆڕشگێڕ (دی.ئێچ.کەی.پی-سی*)، وە هەروەها گروپە ئیسلامیە تیرۆریستەکانی وەکو داعش.
سەیر لەوەدایە کە کاتێک پەکەکە یان گروپە کوردییە پەراوێزخراوەکان هێرشدەکەن، هەواڵی ئەو هێرشە زۆر جار بۆ چەند ڕۆژێک لە تورکیادا دەبێت بە سەردێڕی( هەواڵەکان)، مانشێتەکانی ڕۆژنامەکان، لەگەڵ بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان لەو ڕووداوانەدا، هەمان شت بۆ (دی.ئێچ.پی.کەی.)یش ڕاستە کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا هێرشیانکردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئەنکەرە.
بەڵام کاتێک داعش هێرشدەکات، حکومەتی تورکیا بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانە و لێکۆڵینەوە لەو هێرشانەی داعش قەدەغە دەکات.
ئایا هۆکارێک هەیە کە حکومەتی تورکیا هەوڵی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ووشەی توندوتیژی ئیسلامییەکان دەدات بەڵام ڕێگە بدات کە ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی کورد زاڵ بن بەسەر مانشێتەکاندا؟
*Revolutionary People’s Liberation Party/Front (DHKP-C):پارتی بەرەی ڕزگاریخوازی گەلی شۆڕشگێڕ (دی.ئێچ.کەی.پی-سی*)

٧-بۆچی دەزگای هەواڵگریی تورکیا(میت) یارمەتی بەرەی نوسرە و داعشیاندا؟
لەم بارەیەوە بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکان زۆرن کە هەم بەرەی نوسرە کە سەر بە قاعیدەیە لە سوریا، وە هەم داعشیش چەک و پشتیوانی و کەرەستەیان لە دەسەڵاتدارانی تورکیا وەرگرتووە.
کاتێک کە ڕۆژنامەنووسەکان ئەو چیرۆکەیان بڵاوکردەوە و بابەتەکەیان وروژان وە بەڵگەی فۆتۆگرافییان پێشکەش کرد، وەڵامی ئەردۆگان ئەوە بوو کە سەرنووسەری ئەو ڕۆژنامەیەی زیندانیکرد.
بەهەمان شێوە کاتێک سەربازە تورکەکانی سەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا، بارێکی چەکیان بۆ ناو سوریا ڕاگرت، ئەردۆگان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەربازەکان دەرکرد نەک بۆ قاچاخچییەکان. سانسۆرکردنی چیرۆکێک نایکاتە چیرۆکێکی درۆ یان هەواڵێکی درۆ؛ بەڵکو تەنها پرسیاری زیاتر دەوروژێنێت.

٨- ئایا یەکەیەکی مەرگی تورکیا لە پشت تیرۆرەکانی پاریسەوە بوو؟
ساڵی ٢٠١٣ دا سێ چالاکوانی کورد لە ئۆفیسەکەیان لە پاریس تیرۆرکران. هەرسێکیان ئەندامی پەکەکە بوون. لە کاتێکدا ئەمریکا و تورکیا پەکەکەیان وەک گرووپێکی تیرۆریستی پۆلێن کردووە، ئا لەو کاتەدا تورکیا لە ئاستێکی باڵادا لە گفتوگۆی ئاشتی و دانوستاندا بوو لەگەڵ پەکەکەدا.
فەرەنسییەکان ئۆمەر گونێییان دەستگیرکرد کە تەمەنی ٣٢ ساڵە و لە تەمەنی ٩ ساڵیدا گەیشتبووە فەرەنسا.
دوای کوشتنەکان، پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان عومەر و هەواڵگرێکی سەر بە دەزگا هەوڵگریەکەی تورکیا لەلایەن فەرەنسیەکانەوە پێزانرا کە دەیسەلمێنێت کە عومەر پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگری تورکیاوە کردووە ، ئەمەش پرسیارێک دەوروژێنێت:
ئایا تورکیای ئەندامی ناتۆ تیرۆرکردنی ئۆپۆزیسیۆنەکانی لە پایتەختی هاوئەندامێکی ناتۆ ئەنجامداوە؟

٩-بۆچی ئەردۆگان زاواکەی خۆی کرد وەزیری نەوت ؟
بێرات ئەلبەیرەق، کە تەمەنی ٣٧ ساڵە و زاوای ئەردۆگانە، لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ بوو بە وەزیری وزەی تورکیا، ئایا باشترین و شایستەترین بوو؟ یان هۆکاری تریش لە ئارادایە؟
بە لەبەرچاوگرتنی مەیلی ئەردۆگان بۆ دانوستاندن لەسەر گرێبەستەکان یان دیڵەکانی وزە و دانیشتن لەگەڵ سەرکردەکانی وەک پوتین و مەسعوود بارزانی سەرۆکی دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی فەرمانبەرانی حکومی لە ژوورەکەدا هەبێت، ئایا دامەزراندنی ئەلبەیرەق ڕێگەیەک بوو بۆ ڕێکخستنی پارەی بەرتیل و هێشتنەوەی ئەو نهێنیانە لەناو خێزانەکەیدا؟
یان لە کاتێکدا ئەردۆگان کە لە ساتی توڕەیی پارانۆیا یان گوماندا هاوپەیمانەکانی پێشووی لە پۆستی سەرکردایەتی لە پارتە سیاسییەکەیدا دەردەکات، ئایا ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەندامانی خێزانەکەی وەرگرتنی پۆستەکانیان؟ ئەگەر وایە، ئایا ئەگەری هەیە کە ئەلبەیرەق سەرۆک وەزیرانی چاوەڕوانکراو بێت؟ ئایا تورکیا دەبێتە کۆمارێکی بۆماوەیی وەک حافز ئەسەدی سوریا و وەک ئەوەی کە حوسنی موبارەکی سەرۆکی پێشووی میسر دەیویست؟

١٠-ئایا دەتوانین باسی (هاوکار)هاوڕێکانی ئەردۆگان بکەین؟
هاوڕێکانی ئەردۆگان مایەی فزول یان جێگەی پرسیارن.
لەوانەیە ئەردۆگان لەسەر فەرشی سوور پێشوازی هاوڕێکانی بکات، بەڵام بۆ زۆربەی کەسانی دیکە، ئەوان تەنها “دوژمن”ن.
یەکەم: یاسین قازی، بازرگانێکی سعودیەیە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تا ساڵی ٢٠١٤ بە پەیوەندی بە ئوسامە بن لادن، سەرۆکی ئەلقاعیدە، دەستنیشانی کردبوو، کەچی ئەردۆگان دەیگووت: “من بەڕێز قازی دەناسم. من باوەڕم پێی هەیە وەک چۆن باوەڕم بە خۆم هەیە. مەحاڵە بەڕێز قازی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەبێت، یان پشتگیری لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بکات.”
بە وەلانانی مشتومڕ لەسەر قازی، ڕەنگە شایانی ئەوە بێت کە بزانین ئەردۆگان چۆن لە سەرەتاوە ئەوی ناسی و سروشتی پەیوەندی نێوانیان چیە و چۆنە. ئەو پرسیارانە دوو هێندە زیاترن کاتێک دێتە سەر پەیوەندیی بیلاڵی کوڕی ئەردۆگان لەگەڵ قازی لەو کاتانەدا کە سزا نێودەوڵەتیەکان لەسەر قازی هێشتا کارا بوون. بەڵام ئەوە تەنها مشتێکە لە خەرواری ئەو جۆرە پەیوەندیانە.
گوڵبەدین حیکمەتیار لە خراپترین کارەکتەرەکانی ئەفغانستانە کە لە سەردەمی خەباتی سەرەتایی موجاهیدەکاندا وەک تاکە سەرکردەی جەنگی ئەفغانی ناوبانگێکی پەیدا کرد کە لە هیچ شەڕێکدا دژی سۆڤیەت سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. بەڵکو لەجیاتی شەڕ دژی سۆڤیەت، تەنها هێرشی دەکردە سەر هەر ڕکابەرێکی ئەفغانی کە لە لوتکەدا بوو.
ئەوە حیکمەتیار بوو کە لە ساڵی ١٩٩٢ دوای کشانەوەی سۆڤیەت شەڕی ناوخۆی دەستپێکرد. لەم ساڵانەی دواییدا هاوپەیمانی لەگەڵ تاڵیبان و قاعیدە و ئەردۆگان(لەم ڤیدیۆیەدا ئەردۆگان لەگەڵ ئەو سەرۆک چەتە(لۆردی شەڕە) گەنجەدا دەردەکەوێت) کردووە.
چۆن ئەردۆگان چاوی بە حیکمەتیار کەوت و ئەوی ناسی، تەنانەت لەو کاتەیشدا کە تورکیا بە تیرۆریست ناوی بردووە؟
بێگومان خالید میشعەل (توندڕەوترین سەرکردەی حەماس)، و عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، ئنجا گرێبەستە بازرگانییە کەسییەکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین دیسانەوە بەشێکن لەو پەیوەندیانە.
بە کورتی پێدەچێت ئەردۆگان کۆمەڵێک هاوڕێی هەبێت کە جیاوازی ڕیشەییان هەیە لەگەڵ هەر سەرکردەیەکی ئاسایی ناتۆ.
کەی دەستی بەم پەیوەندیانە پێکرد؟ چۆن ئەو جۆرە هاوڕێیەتییانە پەرەیان سەند؟ ئایا پەیوەندییەکە پەیوەندی سیاسیە، بازرگانییە یان هەردووکیان؟

١١- چ(دییڵ) گرێبەستێکتان لەگەڵ پوتین کردووە؟
ساڵێک لەمەوبەر پەیوەندییەکانی ڕوسیا و تورکیا لە نزمترین ئاستدا بوو لەدوای جەنگی ساردەوە، بەڵام دوای کۆبوونەوەی مانگی ئاب، هەردوو سەرکردە بڕیاریاندا ئەو ڕق و کینەیە بنێژن. دوابەدوای ئەوە ڕێککەوتنی ڕاکێشانی بۆری و وتووێژ لەسەر کڕینی سیستمی مووشەکی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەچوو.
ئایا هەر ئەمەندەیە یان شتی زیاتر هەن؟
ئایا ئەردۆگان باسی لە ئەگەری ڕێکەوتن لەسەر دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی ڕووسی لەگەڵ پوتین کردووە، بۆ نموونە لە شاری مێرسین لە تورکیا؟ لە کاتێکدا ڕەنگە ئەمە شتێکی دوور بێت و ڕوودانی ئاسان نەبێت، بەڵام ئایا پوتین پێشنیازی ئەوەی کردووە کە بە شێوەیەکی تاکتیکی چەکی ئەتۆمی ڕووسی لە سەر خاکی تورکیا دابنێت؟
لەسەر ئاستی کەسی ئەردۆگان خۆیدا، ئایا ئەردۆگان هیچ پارەیەکی لە بانکەکانی ڕووسیا هەیە؟ ئایا ئەو سەروەت و سامانانە هی ئەردۆگان خۆیەتی یان هی تورکیایە؟
ئایا کاریگەری دەستڕاگەیشتنی ڕووسیا بەو پارانە ڕۆڵی هەبووە لە مامەڵەکردن دەربارەی ڕێکەوتنەکانی لەگەڵ ئەردۆگان؟

١٢-بۆچی دادگا داخستنی ئاکەپەی لە ساڵی ٢٠٠٨دا ڕەتکردەوە؟
دادگای دەستووری تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٨دا سزاکانی دژی پارتی داد و گەشەپێدان(ئاکەپە)، پارتەکەی ئەردۆگانی، تاوتوێ کرد کە ڕەنگە ببوایە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە. بەڵام گۆڕینی دادوەرێک لە دوا ساتدا هۆکاری مانەوەی ئاکەپە بوو وەکو حیزبێک.
زۆرێک لە تورکەکان باس لەوە دەکەن کە چۆن بازرگانێک(بزنسمانێک) کە ماوەیەکی زۆربوو لەلایەن ئەردۆگانەوە ڕاوەدوونرا بوو، تەنها پێش دەنگدانەکە پارەی خستە ناو ئەکاونتی ئەو دادوەرەوە.

بەڕاستی ئەو ڕۆژە چی ڕوویدا؟
ئایا پارە، دەستەکە یان بڕیارەکەی گۆڕی؟ ئەگەر وایە بۆچی؟ وە ئایا بۆچی ئەردۆگان دواتر نەیهێشت دەسەڵاتدارانی تورکیا لێپێچینەوە لە کارەکانی ڕابردووی ئەو بازرگانە بکەن؟
پرسیارکردنەکە وەک وەڵامدانەوەکەی نییە. دیموکراسییەتی تەندروست پێویستی بە پرێس و چاپەمەنییەکی تەندروست هەیە. بەڵام پێچەوانەی ئەمە لە تورکیادا دەگوزەرێت کە ڕەنگدانەوەی خراپی هەیە لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەریی تورکیا بەشێوەیەک کە ئەو پرسە گرنگانەی پەیوەندیدارن بە گەندەڵی، ئاسایش و ئابووریەوە، بڤە و یاساغن.
بێگومان ئەگەر هیچ شتێک لە ئارادا نیە کە ترسی شاردنەوەی هەبێت، بۆچی نابێت ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسانی تورکیا بدرێت لێکۆڵینەوە لەم پرسانە و زۆر شتی تر بکەن؟
دکتۆر مایکل ڕوبین بیرمەند و ئەندامی باڵا لە پەیمانگای ئەمریکی ئینتەرپڕایز. ئەو بەرپرسێکی پێشووی پنتاگۆنە و بوارە سەرەکییەکانی توێژینەوەکانی و شارەزاییەکانی بریتین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی ئێرانی دوای شۆڕش و یەمەن و هەردوو عێراقی پێش جەنگ و دوای جەنگ، تورکیا، هەروەها پێش ١١ی سێپتەمبەر کاتێکی لەگەڵ تاڵیبان بەسەر بردووە. بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ لە دەریادا وانەکانی سەبارەت بە ململانێکانی قۆچی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کولتوور و تیرۆر وتەوە، بۆ یەکەکانی هێزی دەریایی و دەریایی ئەمریکا کە جێگیرکراون.
دکتۆر ڕوبین نووسەر و هاونوسەر و هاوسەرنووسەری چەندین کتێبە کە بەدواداچوون بۆ دیپلۆماسی، مێژووی ئێران، کولتوری عەرەبی، دیراساتی کورد و سیاسەتی شیعە دەکەن، لەوانە “حەوت پایە: بەڕاستی چی دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟” (چاپخانەی ئەی.ئی. ئای، ٢٠١٩)؛ “سەرهەڵدانی کوردستان” (چاپخانەی ئەی.ئی. ئای ، ٢٠١٦)؛ “سەماکردن لەگەڵ شەیتان: مەترسییەکانی بەشداریکردنی ڕژێمە سەرکوتکەرەکان” (کتێبی بەریەککەوتن، ٢٠١٤)؛ و “ئێرانی ئەبەدی: بەردەوامی و ئاژاوە” (پاڵگرەیڤ، ٢٠٠٥).


دکتۆر ڕوبین خاوەنی دکتۆرا و ماجستێرە لە مێژوودا لە زانکۆی یەیڵ، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بایۆلۆجیدا.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish