Skip to Content

کەرکوک لە نێوان دڵی کاک و قودسی مامدا … هەورامان خالید

کەرکوک لە نێوان دڵی کاک و قودسی مامدا … هەورامان خالید

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 20, 2018 General

دوای بیست و هەشت ساڵ حوکمڕانی هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی لە شارەکەدا، هێشتا کورد خاوەنی پێگەی خۆی نیە. دۆخی ئێستای شارەکەش، دەیسەلمێنێت، کە کەرکوک نەک دڵ و قودس بگرە شارێکی کوردستانیش نیە! کەرکوک لە ئێستادا جێی شەرمەزاری و مایەی ڕیسواکردنی دەسەڵاتی کوردییە؛ چونکە دوای ئەو هەموو خەبات و خوێنە، دەبینین بە ترسێکی زۆرەو لە نیوەشەودا بە دەمامکەوە ئاڵای کوردستان لێرەولەوێ بەرزدەکرێتەوە؟!
چ گاڵتە جاڕییەکە؟! تا ئێستا ناتوانرێت ڕێز لە خوێنی دەیان و سەدان ڕۆڵەی ئەو شارە بگیریت کە لەپێناویدا شەهید بوون! بەڵام دەتوانن، بەئازادی و بەبەرچاوی خەڵکەکەیەوە داهاتوو سامانەکەی بدزن.

لەڕاستیدا ئەبێ خەڵکی کەرکوک ئەوە باش بزانن، کە شارەکەیان تەنها بەخاتری سامان و داهاتەکەی “قودس و دڵ”ی کوردستانە لای بەرپرسان.
زیندوترین بەڵگەش، تیری شانزدەی ئوکتۆبەرە، کە لە پشتی گەنجانی کوردپەروەری شارەکەیان چەقاند. تیرێک کە برینەکەی هێشتا خوێنی لێدەچۆرێت.
نەوەکانی جووت بنەماڵە بەدرێژایی مێژوو، بەڕۆژی ڕووناک، سووکایەتی نەما بە خەڵکی ئەم شارەی نەکەن!

ئاوارەیانکردن، تاڵانیانکردن، تەنانەت ئەو ئاڵایەی کە کەرکوکییەکان، لەزەمەنی ڕژێمی بەعسدا، بە پێشچاوی جەلادەکانی صەدامەوە بەرزیاندەکردەوە، لەسایەی سیاسەتی شکستخواردووی بارزگانەکانی نەوتەوە ئەویشیان دۆڕاند.
بۆیە لەئێستادا خەونی هەرەگەورەی کەرکوکییەکان، بەرزکردنەوەی ئاڵای نەتەوەکەیانە، بەمەش نیوسەدە لەخەباتی شار و شاخی کەرکوکییەکان وەکو دوکەڵی بیرەنەوتەکانی بابەگۆڕگوڕ چوو بەهەوادا.
بۆیە ئەتوانین بڵێین کەرکوک بزنێکی شیردەری جووت بنەماڵەیەو نە دڵ، نە قودسی کوردستانیشە.

هەورامان خالید

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish