Skip to Content

دیسانەوە، لەبارەی یەک واو و دوو واوەوە.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

دیسانەوە، لەبارەی یەک واو و دوو واوەوە.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 23, 2023 General, زمان


ھەندێک نووسەر کە لە بواری ڕێنووس و زمان و دەنگسازی، کۆڵەوار و دەستەپاچەن، نازانن لە کوێ دوو (واو) و لە کوێ یەک (واو) بەکار دێت، دێن دەنگ ھەڵدەبڕن و دەڵێن ئێمە دان بە بوونی دوو واودا نانێین و لە نووسینەکانماندا تەنیا یەک واو لە شوێنی دوو واویش دادەنێین. ئەو بنووسانە، لەوە تێناگەن کە ئەمە لە بواری ڕێنووسدا، کارێکی تەواو زانستییە، یەک واو و دوو واو، دوو فۆنیمی تەواو لە یەکتر جیاوازن، وەک چۆن دەنگی پیتی سین لە دەنگی پیتی میم جیاوازە، دەنگی دوو واویش لە دەنگی یەک واو جیاوازە، بۆیە ھەقە ھەردووکیان بە دوو پیتی جیاواز دابنێی. کە لە وشەدا دوو واو دەکەیت بە یەک واو، ئەوا دەنگی وشەکە دەگۆڕێت و دەبێت بە وشەیەکی جیاواز لەوەی گەر دوو واوەکەی ھەبێت و لە زۆر وشەشدا ماناکەی دەگۆڕێت. ھەقی کەس نییە دوو واو بگۆڕێت بە یەک واو، تەنانەت بۆ ھیچ دەزگایەکی ئەکادیمی و بەشە کوردییەکانی زانکۆکان و یەکێتیی نووسەران و ئەکادیمیای کوردی و ھیچ ئەکادیمیایەکی زمان و ھیچ نووسەرێکیش نییە بڕیار لەوە بدات دوو واو ھەیە یان نا، بەڵکوو ئەمە ئیشی سەرەکیی زانست و وانەی دەنگە لە تاقیگەکانی دەنگ لە بەشی فیزیای زانکۆکان، لەوێ وشە دەدرێتە بەر ئەزموون و تاقیکردنەوەی دەنگ و ئەوان دەزانن دەنگی (وو) لەگەڵ دەنگی (و) لە کوێ و لە کام وشە و شوێندا بەکار دێت و بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کە دەنگی (وو) تەواو جیاوازە لە دەنگی (و)، ئینجا دەیدەن بە دەزگاکان و دەبێت پەیڕەو بکرێت. لە زمان و ڕێنووسی کوردیدا ئەمە زۆر گرنگە و پێویستە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سەرجەم نووسەران و خوێندەواران ھەست بەم جیاوازییە بکەن و پەیڕەوی ڕاستنووسیی بەکارھێنانی ھەردوو دەنگ بکەن، گەر ئەوە ناکەیت یان لێی نازانیت، ئەوا پێویستە خۆت فێرکەیت و سەرچاوەی فێرکردنی دروستنووسیی ڕێنووسی کوردیمان لە کتێبخانەکاندا زۆرن، وەک لەوەبەر باسمان کرد، گەر دوو واوت گۆڕی بە یەک واو ئەوا زۆرجار مانای وشە و ڕستەش دەگۆڕێت، بۆ نموونە:
کوڕ، جیاوازە لەگەڵ کووڕ.
قوم واتە فڕ، جیاوازە لە قووم واتە لم.
چون واتە چۆن، جیاوازە لە چوون واتە ڕۆیشتن.
کوز واتە ئەندامی مێیینەی ژن، جیاوازە لە کووز واتە لەتێ بۆ نموونە کووزە گندۆرە.
تو واتە تۆ، جیاوازە لە توو بۆ نموونە تووی شەقراوە.
جوت واتە جۆتکردن، جیاوازە لە جووت واتە دووان، بۆ نموونە جووتە گۆرەوی.
قوت بۆ نموونە قوتکردنی پەرچەم، یان قوتە واتە کورت، بۆ نموونە قوتە زەلام، جیاوازە لە قووت وەک قووتدانی پارووی نان.
توز واتە خوێ، جیاوازە لە تووز واتە تۆز.
گوڕ واتە خێرایییەکی بە تاو، جیاوازە لە گووڕ واتە گۆڕ.
کوونە واتە چۆنن، جیاوازە لە کونە واتە کون بووە.
نموونەی تر زۆرن، با جارێ ئەوەندە بەس بێت.
لە دواڕۆژ ھەر دەبێ ئەم دوو واوە بە ھێمایەکی تایبەت بگۆڕدرێت، بۆ ئەوەی بەکارھێنانی ئاسانتر بێت، چونکە وەک گوتمان دوو واو جیاوازە لە یەک واو.
سوپاس بۆ برای ھێژام سوداد ڕەسوول، کە نموونەی بەشێک لەم وشانەی خستە بەردەستم.

Previous
Next
Kurdish