١ 
من نامەوێت
ڕوخسار و جەستەم بگۆڕم و
خۆم بکەم بە ژن
بەڵام حەزدەکەم
منی پیاو
بە خەیاڵ و مێشکی ژن
بیربکەمەوە و شیعر بنووسم
بە چاوەکانی ژن بڕوانم و
بە هەستەکانی ژنیش خەون ببینم
٢
کاتێک
لەسەر سەکۆیەکی بڵندەوە
بە دەنگێکی نێرینەی گڕەوە
لەنێو گوتارەکانم دا دەڵێم
( ژنەکەم ، ئۆتۆمبێلەکەم ، خانووەکەم ، دەمانچەکەم ،
قاسەکەم ، سامانەکەم
کورسییەکەم ، تاجەکەم ، دەسەڵاتەکەم ….. !)
منی پیاو
خۆم وەک کۆیلەیەک دێتە بەرچاو
کۆیلەی کاڵا و کۆیلەی زەوی و
کۆیلەی شتومەکە بێ گیانەکان
بۆیە ڕقم لە میمی پاشگر و
لە هەموو میمەکانیتر دەبێتەوە
٣
کاتێکیش
ئەم هەموو جەنگ و خوێن و
کوشتن و مردن و
تاریکی و تێنوێتی و
برسییەتی و کۆچکردنە دەبینم
منی پیاو
خۆم وەک دڕندەیەک دێتە بەرچاو
بۆیە ڕقم لە پیاوبوونی خۆم دەبێتەوە
٤
شەرمەزارم
کە نەمتوانی وەک مرۆڤ
عاشقانە بژیم و
لەگەڵ کوڕ و کچە دڵ پڕ ئومێدەکان
دەست بخەینە ناو دەستی یەکتری و
بەدەوری مەشخەڵی ئاگرێکی گەش
سەما دابەستین و
گۆرانییەکانی موحیبەت و
سروودەکانی ئازادی و
بەستەکانی خۆشەویستی بڵێینەوە
٥
چاو بەرەوژێرم
کە نەمتوانی وەک مرۆڤ بژیم
بە هەورازەکانی جوانی هەڵگەرێم و
هەر لەشوێن خۆم
لەنێو
گۆمە شینکە پڕ قەوزەکانی ناشیرینی مامەوە
بۆیە دەمەوێت
منی پیاو
لەنێو کیشوەری میمی پاشگر و
لەنێو نیشتیمانی پیاوەتی خۆم بڕۆمە دەرەوە !
                                                     ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ 

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن )
-	ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە 
گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . 
- خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە .
- دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ 
- ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . 
- یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) 
- ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە .
- لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە .
- یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت .
- لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت .
- بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) .
- لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون .
 
( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون 
١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم )     ١٩٩٣ شیعر 
٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح )     ١٩٩٦ شیعر 
٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو )     ١٩٩٩
٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر )     ٢٠٠٣ شیعر 
٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن )    ٢٠٠٧ شیعر 
٦/ ( نەرسیسیزم )    ٢٠٠٦ وەرگێڕان 
٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون )    ٢٠١١ لێکۆڵینەوە
٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی )    ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە 
٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە )    ٢٠١٤ شیعر 
١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە 
چاپی ئەنتەرنێت .
١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر )    ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە .
١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان .
١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن )   ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن )
چاپی ئەنتەرنێت .
١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن )  شیعر ٢٠١٩
١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم )   ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) .
١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر )   ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە  .
١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا )   ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە .
١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە )   ٢٠٢١  شیعر .
١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە )   ٢٠٢١  شیعر .
٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت )   ٢٠٢١  وردە شیعر .
٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم   ٢٠٢١  شیعر .
٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم  ٢٠٢١ شیعر ،
ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ .
١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین )  .. لێکۆڵینەوە .
٢/ ( خەونی من )  ..  شیعر 
٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن )  .. شیعر .