Skip to Content

کۆشکی مەجید پاشای بابان.. جواد خەلیل

کۆشکی مەجید پاشای بابان.. جواد خەلیل

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 13, 2021 General



(چیرۆکی سەردارانی کۆشک، بەسەرهاتی هەستانەوە و داڕمان)

   لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا (مەجید پاشای بابان) کە بە سێ پشت دەچێتەوە سەر دامەزرێنەری سلێمانی (ئیبراهیم پاشای بابان)، بەهۆی لە ناوچوونی یەکجارەکیی میرنشینی بابانەوە، بڕیار دەدات خۆی و بنەماڵەکەی لە کفری نیشتەجێ ببن.

بۆ ئەم مەبەستەش کۆشکێکی گەورەی لە کفری بنیاتنا و بەیارمەتی تورکە عوسمانیەکان دەستی بەسەر زەوی زارێکی زۆردا گرت. کفری کە پێشتر جیاوازی چینایەتی تێدا نەبوو، بەهۆی (مەجید پاشا)وە ئەم جیاوازییانە زۆر بە ڕوونی تێیدا دەرکەوت.

(مەجید پاشای بابان) یەکەمین کەس بوو شێوە ژیانی ئەرستۆکراتییانەی هێنایە نێو (کفری)یەوە، کتێبخانەیەکی گەورەی لە ماڵەکەیدا دروستکرد و دانیشتنی شەوانەی بۆ هونەرمەندان و دەنگخۆشانی کوردو تورکمان و عەرەب ڕێک دەخست و هەوڵی پێگەیاندنی نەوەیەکی سیاسی و خوێنەواری نێو بنەماڵەکەی دەدا و تێکەڵی خەڵکی ڕەش و ڕووتی نەدەکردن.

گۆرانییە بە ناوبانگەکەی (عەلی مەردان) کە بە نێوی  (باخی پاشا)ەوە تۆمارکراوە، لە نێو ئەم ماڵەدا و بەسەر ئەم کۆشکەدا وتراوە ، هەر لە نێو ئەم کۆشکەدا و بەهۆی جەمیل پاشاوە “عەلی مەردان” و “قەمەر بەگلەر” یەکدییان ناسیوە و پێکەوە سەرمەست بە باخی پاشا و جوانییە شاهانەکەی، شیعرەکەیان نوسیوە و گۆرانیەکەیان گوتۆتەوە:

هەستە با بڕۆین بکەین تەماشا
لە مێرگوزار و لای باخچەیی پاشا

مەجید پاشای بابان لە ساڵی (۱۹۰٥) کۆچی دوایی دەکا و لە گۆڕستانێکی تایبەت بە بابانەکان لەتەنیشت گۆڕی ( قادر پاشا)ی باوکییەوە  لە شاری بەغداد بە خاک دەسپێردرێت.

  دوای مردنی مەجید پاشا، کوڕەکەی واتا جەمیل پاشا “۱۸۸٤-۱۹٤٦” بوو بە سەرداری کۆشک، کە ئەویش هەر لە نێو ئەم کۆشکەوە هاتبووە دونیا، زیرەکییەکی بێ هاوتای هەبوو بە تایبەتی لە بواری هونەری ئیدارەدان و کارگێڕییدا. بەو پێیەی زمانەکانی ( کوردی، تورکی، عەرەبی، فارسی) بە باشی دەزانی و کەسایەتیەکی ناسراوی سەردەمەکەی خۆی بوو، کرا بە نوێنەری ویلایەتی موسڵ لە پەرلەمانی عوسمانی لە ئەستەنبوڵ. دوای ڕووخانی عوسمانیەکان و دامەزراندنی  دەوڵەتی عێراق ماوەیەک بوو بە نوێنەری کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق. ژمارەیەکی بەرچاو کتێبی عەرەبی و تورکی لە ئەستەنبوڵ و بەغدادەوە هێنایەوە بۆ کتێبخانەی نێو کۆشکەکەی لە کفری.

لە نێو کوڕانی جەمیل پاشادا، مەحمود پاشا “۱۹۲۰-۱۹۹۷” لە هەموویان زیرەکتر و لێهاتوتر بوو، کە دواتر بۆ ماوەیەکی زۆر کرا بە وەزیری تەندروستی عێراق. مەحمود بە هەمان شێوەی باوکی هەر لە نێو ئەم کۆشکەدا گەورە بوو، لە کفری خوێندنی دەستپێکرد و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە بەیروت و بەغداد،  تێکەڵی کاری سیاسی دەبێت و لە سێ کابینەی جیادا سێ جار دەگاتە پلەی وەزیر، چەند جارێکیش دەکرێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران.لە دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی،  ڕوودەکاتە ئوردن و ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە. دواتر دەچێتە سعودیە و دەبێتە ڕاوێژکاری (میر فەهد بن عەبدولعەزیز) و ماوەیەکیش لەوێ دەژی، تا لە کۆتایی حەفتاکاندا ئەوێش بە جێدەهێڵێ و دەچێتە لەندەن، ساڵی 1997 کۆچی دوایی دەکات و دەیبەنەوە بۆ ئوردن و لەوێ بەخاک دەسپێردرێت. مەحمود پاشا  زمانەکانی (کوردی و عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی) بە باشی دەزانی و متمانەپێکراوی پاشای عێراق بوو.

(عەفیفە خاتوون)ی کچی (جەمیل پاشا) یەکێکی ترە لە ناودارانی نێو ئەم کۆشکە مەزنە، کە ئەویش هەر لە نێو ئەم کۆشکەوە هاتبووە دونیا و گەورە ببوو، هاوسەرگیری لەگەڵ (ئەحمەد موختار بابان) دا کرد، ئەحمەد بابان جگە لەوەی یەکێک بوو لە دیارترین سیاسیەکانی مێژووی نوێی عێراق، هاوکات دوایین سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بوو لە سەردەمی پاشایەتیدا.

دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری قاسم، پیاوەکانی نێو ئەم کۆشکەیش سەرجەمیان بێ دەسەڵاتکران و خرانە زیندانەوە. دواتریش نەک تەنها لە نێوەندە سیاسیەکە، بەڵکو بەتەواوی لە سەر شانۆی سیاسی عێراق دوورخرانەوە، هەندێکیان ڕوویانکردە ئوردن و بەشێکیشان چوونە ئەوروپا. ئەو کۆشکەی سەردەمانێک باپیرە گەورەیان بنیاتینابوو، لێی تەرینەوە و ئیدی نەهاتنەوە بەلایدا و لە وڵات و خاکی تردا ژیان و مردن.

ئێستا و دوای نیو سەدە لە چۆڵکردنی، کۆشکەکە بۆتە کەلاوە، هەرچەندە تا دەیەی یەکەمی دوو هەزار، وەکو خۆی مابووەوە و دەتوانرا بە تێچوویەکی کەم نۆژەنبکرێتەوە، بەڵام نەکرا. بۆچی نەکرا؟ خۆ زیاتر لە جارێک پارەی بۆ تەرخانکرا! ئاخر هەموو جارێک بڕە پارەی تەرخانکراو دوای برابەشکردنی لە نێوان بەرپرسە دیارەکانی حیزب و حکومەتدا، شتێکی وای لێ نەدەمایەوە بخرێتە خزمەتی کۆشکەوە!

دواجار ئەم کۆشکە بەشێکی زۆری داڕما و بوو بەکەلاوە، کەلاوەیەک هەرچەند لێی بڕوانیت بیماری عەقڵی ئیدارەدانی کورد و بێ ئاگاییەکەییت بۆ دەردەکەوێت، لە هەستکردنیدا بە گرنگی شوێنەوار و سەنگە مێژووییەکەی ئاسار! ئەم کۆشکە چاوەڕێی لێزمه بارانێکە، تا بۆ هەمیشە ببێتەوە خاکێکی ڕووتەڵ، وەک ئەوەی کە هەرگیز نەبووبێت.


جواد خەلیل

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish