Skip to Content

بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(49).. شەماڵ بارەوانی

بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(49).. شەماڵ بارەوانی

Closed
by شوبات 19, 2023 General


بەشی چل و نۆ

موسلیمم بە ئەفلاتۆن گۆڕییەوە..!

لەبەشی یەکەم دا باسم لەوەکرد. فەقێیەک بووم کە بێ ئەندازە موتاڵای کتێبانم دەکرد و دەمخوێندەوە.

دایکم زۆر جار پێی دەگوتم:کوڕم شێت دەبیت شێت، هێنده مەخوێنەوە لۆ مێشکت خراپە بە خوای.

هەرپارەیەکی لە فەقێیاتی لە ڕێگای زەکات و سەرفیترە و خێر و سەدەقەوە، دەستم دەکەوت، یەکسەر هەموویم بە کتێب دەدان و دەشمخوێندنەوە.

فەقێی تری هاوڕێشم هەبوو، بە زمانە بازاڕیەکەی گوتەنی:(ژنی پێ دەهێنا). پارەی زەکات و سەرفیترە و خێر و سەدەقە دەڵێم.

جا بە بۆنەی زۆر موتاڵاکردنم و کتێب کڕینی زۆرەوە، زۆربەی کتێبفرۆشەکانی هەولێر، ببوون بە هاوڕێم.

هەندێک لە هاوڕێ فەقێیەکانم پێیان دەگوتم: تۆ کەسێکی قرچۆک و ڕەزیلیت. لە ڕاستیدا قیچەک قرچۆک بووم، بەڵام ئێجگار واش نەبووم.

من بۆ کتێب کڕین، گەر بهاتبواو بە دەفتەریش دۆلارم هەبوایە، هەموویم بە کتێب دەدا و بۆ کڕینی کتێب، کورد گوتەنی پارەم دەڕشت. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کە مەلایەتیم تێدا کرد، هەڵە نەبم نزیکەی دەفتەرێکم وەرگرت و هەموویشم بە کتێب دا.

من بە حوکمی ئەوەی بەو دواییە کتێبی فیکری و فەلسەفی و سیاسی و ئەدەبیم زۆر دەکڕین، ئەو کتێبانەش هەندێکیان نرخەکەیان زۆر گران بوو.

بیرمە جارێک چل و پێنج هەزارم بە یەک کتێب دا !

جا دایکم ڕەوانی شاد بێت، بەردەوام پێی دەگوتم ئەو هەموو کتێبەت لۆچییە؟ ئەوە نافرۆشرێتەوە بیانفرۆشیتەوە؟

منیش دەمگوت:ئەوانە ڕۆحی منن، هیچ کەسێک هەیە ڕۆحی خۆی بفرۆشێت!؟

سەرەتا زۆر کتێبی ئایینیم دەکڕین، کتێبی سەلەفیزمەکان و ئیسلامیەکان، کتێبەکانی ئەقیدە و کتێبە مەزهەبی و فیقهیەکان، کتێبی مێژوویی سەبارەت بە مێژووی ئیسلامی ..تاد.. هەموویشم دەخوێندنەوە.

وەختێک زۆر قەرەزاوی ئیخوانیم دەخوێندەوە، نزیکەی سەت کتێبی ئەو پیاوە ئیخوانیەم سەبارەت بە ئەقیدە و سیاسەت و فیقه و سیکۆلاریزم و ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و ..تاد. لە حوجرە دا خوێندەوە.

ئەوکات من فەقێیەکی زۆر دوگمایی بووم، ڕوانینێکی زۆر سەقەت و هەڵەم بۆ چەمکی سیکۆلاریزم هەبوو.

بەهۆی ئەوەی ئەوکاتە ئیخوان بووم و سیکۆلاریزمم بەو تەفسیرە سەقەت و تێگەیشتنە خوار و خێچەوە، لەو پیاوە ئایینیە ئیخوانییەوە ناسی.

هەڵبەت ئەو پیاوە ئایینیە ئیخوانیەی کە ئێستا کۆچی دوایی کردووە و تا لە ژیاندابوو وەکو ڕووناکبیر و نووسەری کۆچکردوو( شاکرنابلسی)دەڵێت، دەم لە هەموو بابەتێک دەکوتێت.

ئەو قەرەزاویەی کە کوڕەکەی خۆشی “عبدالرحمن ڕازی نەبوو بە فەتواکانی وەك لە نامە بە هێزەکەی گوزارشی لێکرد.

بە باوکی گوت تۆ سیاسەت تێکەڵ دەکەیت بە دین، کاتی هاتووە بوەستی و قسە لەسەر دین بکەیت وەك فەقیهێك، لە باسی سیاسەتیشدا بوەستی چونکە تۆ سیاسی نییت.”٭

ئەو قەرەزاویەی لە کتێبەکانی، زۆر بەسەقەتی و چەواشەکارانە، باس لە سیکۆلاریزم دەکات. لە فەقێیاتی کتێبێکی(عەلی باپیر)یشم خوێندەوە، لەژێرناوی(تەوژمی ئیسلامیی و عەلمانی، خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانیان)، ئەمیش هەمان شێوەی قەرەزاوی زۆر سەتحیانە و چەواشەکارانە و بە سەقەتی، باس لە سیکۆلاریزم دەکات.

کتێبێک: دەتگوت فەقێیەکی تازە هاتووی حوجرە نووسیویەتی. خۆزگە هەر نەی نووسیبوایه.

سیکۆلاریزم هیچ کاتێک بە واتای دژایەتی کردنی ئایین و قەدەغەکردنی ئایین و مورادیفی ئیلحاد و بێ دینی نایەت، وەکو ئەوەی قەرەزاوی و عەلی باپیر و ئیسلامگەراکان و سەلەفیەتی دینی، وای پێناسەدەکەن و بە هەڵە و مەبەست و نەزانانە، بۆ دەروێشەکانیان و خەڵکێکی سادە لەوح، ئیعراب و شرۆڤەی دەکەن.

ئەو سەلەفیزم و ئیسلامگەرایانەی بە هەڵە و چەواشەکارانە، دیسان بە مەبەست بۆ لێدان لە سیکۆلاریزم، دێن و کۆمۆنیست و ماتریالیست لەگەڵ سیکۆلاریزم تێکەڵ دەکەن و عەلمانییەت، هاوتای بێ دینی و یەکسان بە ئیلحاد و بێ بڕوایی دەکەن !

ئەو فێندەمێنتاڵیستانەی «زۆر چەواشەکارانە پڕۆپاگندەی بێ بنەماو بەتاڵ دەکەن، نەخێر، هەرگیز، عەلمانیەت بە هیچ شێوەیەک دژایەتی کردنی دین نییە، بەڵکو عەلمانیەت دەیەوێ. ئیتر دیانەت، خواپەرستی، نوێژ، زکر، تەهلیلە، مزگەوت، تەکیە، خانەقا و ئەو شتانە پتر بخرێنە قاڵبێکەوە کە ڕێگە لەگەشەکردنی کۆمەڵایەتی نەگرن.»٭

ئەو فێندەمێنتالیستانەی « وائەزانن لەوڵاتی ئێمە خەڵک زۆرتر خوا پەرستە، لەوڵاتە دیموکراتی و ئازادی و مەدەنیەکانا خەڵک زۆر لە خوا هەڵگەڕاوەتەوە، بە پێچەوانەوە، لەوییا مەسائیلی خواپەرستی و ئازادی عەقیده زۆرترە لەلای ئێمە، زۆر زیاترە.٢١٢»٭

ئەو فێندەمێنتاڵیستانەی وا حاڵی بوونە کە «عەلمانیەت ئیلحاد ئەگەیەنێ..گوایە عەلمانیەت دژی ئایین، خواو، یەکتاپەرستی، پێغەمبەر، ئەسحابەکان، قورئان دڕاندن و سوتاندنە.١٦٢»٭

لێرە چیتر لەسەر ئەوە ناڕۆم. من بو ئەو چەواشەکاریانەی سەبارەت بە چەمکی(سیکۆلاریزم)، نووسینێکی درێژم لە ژێرناونیشانی(سیکۆلاریزم و چەندسەرنجێک) نووسیوە و ب(١٥) بەش، لە ڕۆژنامەی(بۆ پێشەوە) و ماڵپەڕی(دابران) بڵاوبووەوە. خوێنەر دەتوانێت بۆیان بگەڕێتەوە و بیانخوێنێتەوە.

ئینجا با بگەڕێینەوە سەر بنچینەی بابەتەکە.

من بەو شێوەیە سەلیقەیەکی بێ ئەندازەی کتێب خوێندنەوەم هەبوو. ئێستاش هەروام.

دواتر کە ئاسۆی بیرکردنەوەم تۆزەک واڵابوو و خەریک بوو لە هەندەک شت تێدەگەیشتم. ئینجا دواتر کتێبی سیاسی و دەروونناسی و کۆمەڵناسی و فەلسەفی و فیکری و ئەدەبیم کڕین. دەیان و سەدان ڕۆمانی جیهانی و عەرەبی و کوردیم خوێندەوە، تۆلستۆی، دۆیستۆڤیسکی، چیخۆف، پاولۆکۆیلۆ، میلان کۆندێر، گابریل گارسیا مارکیز، جۆرج ئۆروێڵ، کامۆ، سارتەر، کافکا، سادق هیدایەت، نەجیب مەحفوز، بەختیار عەلی..تاد. زۆربەی رۆمانەکانی ئەو ڕۆماننووس و نووسەرانە و دەیان نووسەر و ڕۆماننووسی ترم لە حوجرە خوێندەوە.

مارکس و فەلسەفە ماتریاڵەکەی و دیالیتکی مێژووییم خوێندەوە، لەوێوە هاوسۆزیم بۆ چینی کرێکار و مەیل و عەشقم بۆ عەدالەتە کۆمەلایەتییەکەی مارکس لە ناخدا دروست بوو.

بەرهەمەکانی فرۆید و داروین و کتێبی دەیان زانایترم خوێندەوە.

بەڵام دواتر کە هێدی هێدی خەریکبوو دەگۆڕام و باوەڕم بە هەندێک شت لەق دەبوو، دەستم کرد بە فرۆشتی زۆرێک لەو کتێبە ئایینی و فقهیانەی کە سەرەتای ژیانی فەقێیاتیم کڕیبوومن. هەڵبەت هەموویم خوێندبوویەوە، لەگەڵ ئەوەی دەمفرۆشتن یەکسەر پارەکەیم بە کتێبی تری فەلسەفی و ئەدەبی و فیکری و سیاسی و دەروونناسی کۆمەڵناسی دەدا.

هەندێک جاریش لەگەڵ خاوەن کتێبخانەکان ڕاستەوخۆ کتێبەکانم دەگۆڕییەوە.

بۆ نموونە(سەحیحی موسلیم بە شەرحی ئیمامی نەوەوی) لە پشووی هاویندا هەڵەنەبم هەژدە بەرگ بوو، جگە لە باسی حەج و هەندەک شتی ترنەبێت، ئەوەیترم زۆربەی خوێندەوە.

دواتر ڕۆیشتم ڕێک بە سەرجەمی بەرهەمەکانی ئەفلاتوونم گۆڕییەوە، لە یەکێک لە کتێبخانەکانی پشت پارێزگا.

جا کۆمەڵێک هاوڕێم لە کۆلێژی شەریعە و فەقێ دۆگماییەکان، ئەوانەی دژی خوێندنەوەی فەلسەفەبوون و تێڕوانینێکی زۆر نا ساخڵەم و هەڵەیان لە بەرامبەر فەلسەفە هەبوو، ئەو کارەی منیان زۆر پێ سەیربوو !

هەرچەندە هاوڕێ بووین و یەکتریشمان زۆر خۆشدەویست، بە تەنز و گاڵتەوە پێیان دەگوتم: هەی زەندیک، چۆن ئەو کارەت کردووە؟! گاڵتەیان پێدەکردم.

منیش لە وڵامدا دەمگوت:دەی من زۆربەی سەحیحی موسلیمم خوێندووەتەوە، ئینجابردوومە و گوڕیومەتەوە. بـەڵام ئێوە، هەندێکتان کێبێب دەکڕن، تەنها بۆ جوانی لەنێو ڕەفە ڕیزی دەکەن.

بگرە زیادەڕەوی ناکەم گەر بڵێم: زۆربەتان کتێب ناکڕن و ناشخوێننەوە.

دەی بەشەربن و یەک بەرگی سەحیح موسلیم بخوێننەوە، ئەفلاتۆن و فەلسەفەکەی بۆمن لی بگەڕێن.

تێبینی: لە دوای قورئان، لە ئیسلام ، لای هەموو ئەم گرووپ و مەزهەبانەی ناویان لەخۆیان ناوە(اهل السنە والجماعە)، هەردووک کتێبى سەحیحی بوخاری و موسلیم بە دوو بڕوا پێکراوترین کتێب دێن و زۆرێک لە فەتواو ئەحکامە شەرعیەکان، لەو دوو کتێبەوە هەڵێنجراون و ئەو دوو کتێبە دایکی ئەحکامەکان و سەرچاوەی ئەحکامەکانن.

…….

٭عەدنان ئیبراهیم، حەسەن بەنای ئیخوان مامۆستای فەشەل و شکست! و:محەمەد هەریری.

٭مەلابەختیار، (دیموکراسی و دوژمانی)، ل١٦٣.

٭سەرچاوەی پێشوو، ل٢١٢.

٭هەمان سەرچاوە، ل١١٢.

Previous
Next
Kurdish