
چیرۆک/ چارەنووسی خۆمدایە دەستی کچێكەوە.. ن/جەلال قادر
سێ چوار خوشک و برا بووین، لەگەل دایک و باوکم لەیەک ژوور دەنووستین. هەرجارێک دایک و باوکم لەیەکتر زویربوونایە، شەوان دوور لەیەکتر دەنووستن، ئەمەش دەبوە هۆی ئەوەی جێگەی خەوتنمان تەنگتر بێت و بەتەنیشت یەکترەوە بنووین. سپێدە، کاتێ باوکم دەچوو بۆ سەرکار هەریەک لە من و خوشک وبراکانم پێشبڕکێمان دەکرد لە چوونە سەر جێگەکەی باوکم.
شەوان لە ژێر جێگەوە خەونم بەوەوە دەبینی ڕۆژێک لەڕۆژان بەتەنیا لەسەر دۆشەکێک ئاسوودە بنووم و پێم بەر پێی کەس نەکەوێت.
لە سەردەمی هەرزەکاریم بووم بە چایچی لە یەکێ لە چایخانەکانی ناو بازاڕی زێڕنگران. دوکان بە دوکان چاییم دەگێڕا بەسەر دوکانەکان، لەگەل زۆربەیان بووم بە ئاشنا، وەستاکەم خۆشیدەویستم و مانگی جارێک ڕۆژانەکەی بۆ زیات دەکردم.
بینای چایخانەکە زۆرکۆن بوو لە قایەوگەچ دروستکراوبوو، لەجیاتی کورسی سەکۆیەکی چوارگۆشەیی لەناوەڕواستی دوکانەکەدابوو، فەرشێکی ئێرانی بەسەردا پۆشرابوو، منیش مۆڵەتم لە وەستاکەم وەرگرتبوو شەوان لەوێ دەماوە، ئەگەرچی نەختۆکەک ساردبوو، بەڵام وەک پاشا لێی دەنووستم.
هەفتەی جارێک دەگەڕامەوە ماڵەوە، ڕۆژانەکەم دەدایە دەستی دایکم. دایکیشم چێشتێکی خۆشی بۆ ڵێدەنام. خوشک و براکانم زۆریان پێخۆشبوو کاتێ بە هەفتە ماڵم بەجێدەهێشت، چونکە جێگەی نووستنیان فراوانتر دەبوو.
بەیانیان پێشئەوەی وەستاکەم بێت، سەماوەرم گەرم دەکرد و تڵپە چایە کۆنەکانم فڕێدەدا و قۆریییەک چای بۆندارم ڵێدەنا.
لەبەرئەوەی سەردەمی جەنگ بوو، زۆربەی کات سەربازو ئەفسەرە پڵەدارەکان یەکەمین موشتەریم بوون.
ڕۆژیکیان ئەفسەرێک هات و دووسێ چایی گەرمی نۆشی و چاوێکی بەناو دوکانەکە گرداو بە تووڕەییەوە وتی : ئەوە بۆچی وێنەی سەرۆکتان هەڵنەواسیوە؟ جارێکیتر بێمەوە ئێرە، وێنەکەیتان هەڵنەواسیبێت دوکانەکەتان دادەخەم.
تا ئەوسا هەروامدەزانی تەنها مندالان لەیەکتر تووڕە دەبن، نەمدەزانی گەورەکانیش لە تووڕەبوون تۆقێنەرو شارەزان.
ئەفسەرەکە چایخانەکەی بەجێهێشت بەبێئەوەی پارەی چایەکانی بدات. ڕووداوەکەم بۆ وەستاکەم گێڕایەوە، خێرا چووە ناو بازاڕو وێنەیەکی سەرۆکی هێناو بەقەد دیوارەکە هەڵیواسی.
نزیکی دووساڵ لەو چایخانەکە شاگردبووم، زۆربەی دوکاندارەکانی ناوبازاڕ ببوونە دۆستم، بەخشیش و جەژنانە و دیارییان پێدەبەخشیم. منیش دیارییەکانم بۆ خوشک و برا بچکۆڵانەکانم دەبردەوە و شادمانیانم دەکرد.
تا ڕۆژێکیان وەستاکەم، تووند دەستی گرتم و وتی وەرە کوڕی خۆم با چەند ئامۆژگارییەکت بکەم :
تۆ ئێستا گەورە بوویتە و پێویستە بۆخۆت خێزانێکی جوان پێکبهێنیت. جا لەبەرئەوەی شاگردی و کرێکاریت لەوانەبێت زۆرکەس ئامادە نەبن ژنت پێبدەن. بەلام لەبەرئەوەی چەندین ساڵە لەلای من کاردەکەیت، دەزانم تۆ کوڕێکی دەستپاک و بە ڕەوشتی، هەربۆیە دەمەوێت پێتبڵێم کچێکی عازەبم هەیە ئەگەر یەکتر ببینن و ڕازیبوون، ئامادەم بتکەم بە زاوای خۆم.
پێشبینی ئەوەم نەدەکرد وەستاکەم لەپڕێکا سوپرایزم بکات، پاشان بیرمکردەوە ئەگەر ژن بهێنم لە کوێی دابنێم و لە کوێ بژێم؟
وتم : وەستا گیان…یەکەم من دەستکورتم، دووەم نە شوێنم هەیە و نە جێگەونە ڕێگە….جگە لە چایچیەتی هیچتر نازانم.
- گوێی مەدەرێ، من هاوکاریت دەکەم…خانووەیەکشت بۆ بە کرێ دەگرم.
نەمدەزانی چی وەلامی وەستاکەم بدەمەوە، داواکاری وەستاکەم لە کوتوپڕێکا بوو، قوڕگی گرتبووم. - کوڕی خۆم… لەدوا ڕۆژ هەردەبێت ژن بهێنیت و دابمەزرێت… هەروەها منیش کچەکەم عازەب بوەو خزمان دێن بۆ داخوازی، دەمەوێت ئەوە بزانیت کە باوک کچی خۆی زۆرخۆشدەوێت، ئەگەر بزانم تۆ کوڕێکی خەراپی هەرگیز ئەم پێشنیارەم نەدەکرد.
بەردەوام بیرمدەکردەوە، ئەگەر ژن بهێنم دیسان دەبێت جێگەکەم لەگەل کەسێکیتر بەشبکەم. ببمە کرێچی و لەگەل منداڵەکانم لە ژوورێکی تەسکدا بخەوین. دەشترسام بڵێم نەخێر وەستا گیان من لێرە زۆر مورتاحم و بەتەنها دەنووم و نامەوێت ئەو ژیانە هەڵبژێرمەوە کە خوشک و براکانمی تیادا ئاسوودەنین. - ئینجا کوڕی خۆم…بۆئەوەی خەڵکی نەڵێن زاواکەم شاگردە، ئامادەم چایخانەکەت بۆ بە جێبهێڵم، دڵنیام تۆ کوڕێکی کاسبی لە ئاییندە دەتوانیت خانووەیەکیش بکڕیت.
هێشتا خەیاڵم لای ئەوەبوو، کە ئەم سەکۆیە خۆشەم لێدەسەنرێت و دەبێت ئێواران وەک کرێکارێكی ماندوو بگەڕێمەوە ماڵ، لە ئامێزی ژنێکدا بووم کە هێشتا نەمبینیوە و ببم بە باوکی دوو منداڵ ئەوانیش لە ژوورێکی ساردوسڕدا بە هەژاری بەخێوکەم و بیاندەمە دەست قەدەرەوە… لەهەمان کاتدا نەمدەوێرا بە وەستاکەم بلێم نەخێر، چونکە دەترسام ئیشەکەم لەدەست بدەم.
لەبیرکردنەوەیەکی قووڵدا بووم. وامدەزانی دونیا ڕووخاوە بەسەرمدا.
لەپڕێکا وەستاکەم وتی : وەرە کوڕی خۆم.. دەستی مامت ماچ کە، ئەوەندە لەماڵەوە ستایشی تۆم کردوە دڵنیام ئەوانیش ڕازین.
وەک سەرخۆشێک هەڵسام دەستی وەستاکەم ماچکرد، چارەنووسی خۆم دایە دەستی کچێکەوە بەڵکو بتوانم لە ئامێزی گەرم ببمەوە!