
ئەردۆگان گێڕەکە دەگۆڕێ!.. عەبدوڵا ساڵح
لۆژیکێک هەیە لە دنیای سیاسەتی ووڵاتانی سەرمایەداریدا دەڵێ : ( نەدۆستایەتی هەتا سەر هەیە و نە دوژمنایەتی، ئەوەی هەتاسەرهەیە بەرژەوەندیە ) ، زوربەی ووڵاتانی دنیا بە گوێرەی ئەم لۆژیکە ڕەفتار دەکەن، ئەمەش لە زمانی کوردیدا دەکرێ بە((بادانەوە))، ناوی بەرین، نزیکترین وبەرچاوترین بادانەوەیەک کە وەبیرهێنانەوەیان بۆ خەڵکی کوردستان ئاسانە، ڕوداوەکانی ٣١ ی ئابە بەنسبەت پارتیەوە ، یا خود پەیوەندیەکانی یەکیەتی لەگەڵ ئێران تا ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەبەراورد بەئێستا، ئیتر با پەڕەی زیاتر لەو دوو نمونەیە هەڵنەدەینەوە ، بەڵام نابێ ئەوە لەبیرکەین کە ئەم جۆرە لە بادانەوە، وە بەگوێرەی هەمان لۆژێک، لە پرۆسەیەکی مێژووییدا ئەنجام دراوە .
بادانەوەی کتوپڕ بەپاساوی سیاسەتی(پراگماتی) کە ئەردۆگانی پێدەناسرێتەوە، نمونەیەکی زەق وتائەندازەیەک دەگمەنە لەنێو ئەم هاوکێشەیەدا، بۆ نمونە ، بەردانەوەی فڕۆکە جەنگیەکەی ڕوسیا لە سوریا لەلایەن تورکیاوە لە نۆڤەمبەری ساڵی 2015 و پەیوەندیەکانی ئێستای ئەم دوو وڵاتە ، نێوانی تورکیا و ووڵاتانی کەنداو ( سعودیە وئیمارات ) سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ لە سوریا ساڵی 2011 و پەیوەندی ئێستایان، جنێوفرۆشتنەکەی ئەردۆگان بە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێڕاق و میوانداریەکەی ئەم دوایانەی مستەفا کازمی لە ئەنقەرە و تەنانەت ئێخە چاککردنەکەش کە لە عورفی دیبلۆماسی وپرۆتۆکۆلدا مانای خۆی هەیە، تازەترین بادانەوەکانی ئەردۆگان پەنا بردنەوەیەی دووبارەیە بۆ ئیسرائیل، کاتێک بەتوڕەیی و بەئاشکرا ساڵی 2018 کە ئیسرائیل دەیان فەلەستینی لە سنوری کەرتی غەززە کوشت، بوە هۆی دەرکردنی سەفیری ئیسرائیل لە ئەنقەرە و ئیسرائیلیش هەمان کاری کرد دەرحەق بەسەفیری تورکیا لە تەلئەبیب، لەهەمانکاتیشدا ئیسرائیل نیگەرانی خۆی لە پەیوەندیە توندو تۆڵەکەی نێوان ئەردوگان و بزوتنەوەی حەماس دەربڕی .
ئەمڕۆ، دوای بەرقەراری پەیوەندی دیپلۆماتیک لە نێوان هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی وئیسرائیل، کە بە ئاشکرا کەوتە ژێر ڕەخنەی ئەردوگانەوە، ئەوتا لەدوا هەڵویستی تازەیدا دەرکەوت کە دەیەوێ دووبارە ژیانبکاتەوە بەبەر پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ، ئەوتا لە دوا لێدوانیدا ڕۆژی هەینی 25 -12- 2020 ئەردۆگان دەڵێ :
(( دەمانەوێ پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل لە ئاستێکی باشتردابێ، ئەگەرچی سیاسەتی ئیسرائیل بەرامبەر فەلەستینیەکان جێگای قبوڵ نیە و زۆر بێڕەحمانەیە !! )).
ئێستا کە بارودۆخی سیاسی کۆمەڵایەتی ئابوری تورکیا لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە، بەهای لیرەی تورکی تا دێت شکستی زیاتر دێنێ لە بەرامبەر دۆلاردا، لەسەر ئاستی ناوخۆش ڕۆژ نیە بەدەیان و سەدان کەس بەبیانوی جۆراوجۆر ڕاپێچەکی زیندانەکان نەکرێن بەتۆمەتی جیاواز، لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەش تا دێت ئەردۆگان دەکەوێتە لاوە وتەریک دەکرێتەوە .
ئەوەتا ترامپ بەئاشکرا جۆرێک لە گەمارۆی ئابوری خستە سەر پیشەسازی تەقەمەنی تورکیا کە لە بنەڕەتدا وابەستەیە بەئەمریکا، لە تۆڵەی کڕینی سیستمی موشەکی دژە هەوایی S 400 ی ڕوسی لەلایەن ئەردۆگانەوە، ئەو گەمارۆیەی کە وەزیری پێشینی بەرگری ئەمریکا ڕۆبیرت گەیتس 2006 – 2011 لە ووتارێکدا لەوبارەوە بە ناونیشانی – کاتی لێپێچینەوە لە ئەردۆگان هاتوە – کە لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە 21-12-2020 بڵاوکراوتەوە ، دەڵێ : (ئەمە تەنیا سەرەتایەکی باشە، مەبەست گەمارۆکەیە، بەو مانایەش دەبێتە ئاراستەیەکی گونجاو، چونکە دەکرێ لەبەرامبەر وەستانەوە بەڕویدا هەمومان یەکبین، دوای ئەویش، مەبەست تورکیایە ، دەڕۆین بەرە و- یاخی بووەکانی – تر، سەرچاوەکە ئاژانسی نۆڤۆستی ڕوسی ) ، هەروەها گرژیەکانی لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت فەڕەنسا بەهۆی سیاسەتەکانی ئەردۆگان لە خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕست، کە بوە هۆی داسەپەندنی گوژمەیەکی تری سزا بەسەر تورکیادا لەلایەن یەکیەتی ئەوروپاوە، هەروەها ئەگەری ڕوبەروبونەوەی لەگەڵ میسر لە کەیسی لیبیا، سەرباری هەموو ئەوانەش هاتنە سەرکاری جۆبایدن وەک سەرەک کۆماری ئەمریکا کە ڕەنگە لەووردەکاریەکانی سیاسەتی ئەو وڵاتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا جیاوازی هەبێت لەوەی ترامپ، بەتایبەت بایدن کە هەشت ساڵ کەسایەتی دووەم بوە لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکای سەردەمی ئۆباما و بێ ئاگانیە لەدەور ونەخشی ئەردۆگان، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی پاڵ بە ئەردۆگانەوە بنێن تا وەک هەمیشە دەست بداتە سیاسەتی گێڕگۆڕین و بادانەوە .
ئەگەر سیاسەتەکانی ئەردۆگان لە ئاقار هەموو کێشەکاندا پراگماتی بێ و قابیلی بادانەوە بێ، ئاخۆ لە سیاسەتی شۆفینیستانەی و ئیسلامیانەی دەر حەق بەکێشەی خەلکی کوردزمانی تورکیاش ئەم بادانەوەیە چاوەڕوانکراوە ؟ لەوەڵمدا دەکرێ بڵێین لە باری مەبدەئیەوە ، وەک شۆفینیستێک و بەچکە داعشێک هەرگیز، بەڵام وەک تاکتیک بۆ کاتێکی دیاریکراو وە بەمەبەستێکی دیاریکراو بەڵێ .
26 – 12 – 2020