ئایا خەباتی زەبرمەند ڕەوایە؟.. کاوە جەلال
لە هەموو قەوارە دەوڵەتییەکاندا، جا دێمۆکراتی یان دیکتاتۆری بن، زەبری دەوڵەتی بە ڕەوا دادەنرێت. ئاخر دەوڵەت گەرەکە لە ڕووخاندن بپارێزرێت. گومانی تێدا نییە کە شێوازەکانی زەبری دەوڵەتی لە شێوەیەکەوە بۆ شێوەیەکی دیکەی دەسەڵاتداری جیاوازن. لە دێمۆکراتییەکاندا بەزۆریی لێدان بە کێبل، ئاوڕشتن یان گازڕشتن، دیلکردن بە فەرمانی دادوەر، دەستوێژە سەرەکییەکانی زەبری دەوڵەتین، لە دەسەڵاتدارییە دیکتاتۆرییەکاندا بەتایبەتی فڕاندن، گرتن و ئەشکەنجەدان، یان لەناوبردن بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، سەر بە دەستوێژە سەرەکییەکانی زەبرن.
لێ باشترە لە پرسی خەباتی زەبرمەنددا کۆنکرێتتر ڕوو لە شێوەیەکی دەسەڵاتی نادەوڵەتی بکەین کە زۆرتر لە دەسەلاتە دەوڵەتییە دیکتاتۆرەکان دەمانخاتە بەردەم خەباتی زەبرمەند. ئەم ڕەوشە کە ئێمە هەڵیدەبژێرین، بریتییە لە گەڕەلاوژێیەکی دەسەڵاتەکان، ڕوونتر ببێژین، لەو دەڤەرەدا بەناو پارتی سیاسی هەن کە وەک کۆمپانیای بازرگانی بە دەستوێژی ڕەوا (لێگیتیم) و هەروەها ناڕەوا کە تەنانەت دەشێت کریمینێل (جەریمەیی) بێت، کاروبار و قازانجیان مسۆگەر دەکەن، ئەوجا لەپاڵ ئەو کۆمپانیا زۆردارانەدا بەناو حکومەت و سەرۆکایەتی و پەرلەمان هەن کە هیچیان ڕاستینە نین، بەڵکو کەسانی تاوانبار و هەڕاجکەری سامانی وڵات پۆستەکانیان بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی خۆیان و هاو-ڕێیانیان پڕکردۆتەوە. پاشان پۆلیس و ئاسایش و بەناو سوپا دێن کە داردەستی خۆیانن، و گەلێکی دی.
ئایا لەم ڕەوشەدا خەباتی زەبرمەندی جەماوەری ڕەوایە؟ لێ ئێمە سەرەتا گەرەکە دوو پرسیاری دی ئاڕاستەی ئەو پرسیارە بکەین تا لە وەڵامەکەی نزیکبکەوینەوە: ئایا تا چەند لەو قەوارە بەدناو و ناڕەوایەدا دەرفەتی خەباتی مەدەنی و گۆڕینی ژیانی خەڵک بە ئاڕاستەی ماف بۆ هەمووان، دادوەری بۆ هەمووان، دابینکردنی کار و کەسابەت بۆ هەموو خەڵک بەبێ جیاوازی و هتد لەگۆڕێیە؟ ئێمە هاوکات گەرەکە بپرسین: ئایا تا چەند دەسەڵاتدارەکان بە ناڕەوا دەسەڵاتیان سەندووە و بە زەبری چەک و مرۆڤکوژان ڕایانگرتووە؟ یان ئایا تا چەند دەسەڵاتداران مرۆڤکوژانی خۆیان لەدژی خەڵک چالاک دەکەن، ئەوە تەنانەت بە فەرمانی دەستڕێژکردنەوە لە ناڕەزاییدەربڕان؟
لێرەدا لایەنێک ئاشکرایە: ئەوە کە وەک هێزی سیاسەتکەر هەیە، هێزێکی خۆسەپێنە، کەواتە ناڕەوایە. ئەو جۆرە هێزانە ڕەوایەتیی دەسەڵاتیان نییە، بەڵکو ئەوان وەک دوژمنی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤدۆست، تەنانەت وەک مرۆڤکوژ، خۆیان بە هێزی چەک دەسەپێنن. لێ گەر لە پەیوەندیی سیاسیی ناڕەوادا هێزی چەک دەستوێژی سەرەکیی پاراستنی دەسەڵات بێت، ئەوا ناڕەواییەکە ڕەوایەتی بە بەرانبەرەکەشی دەدات بۆ هەڵبژاردنی چەک وەک دەستوێژی گەیشتن بە مافی یەکسانی هەمووان. ئاخر گەر تەنانەت دەوڵەت، ئەوە بێگومان چە دەوڵەتی دیکتاتۆریی ناڕەوا و چە دەوڵەتی دێمۆکراتیی ڕەوایەتیپێدراو بە یاسا، مافی زەبری توندوتیژیان بەرانبەر هاوڵاتیان نەبێت و بەرەنگاربوونەوەی زەبروزەنگەکانیان ڕەوا بێت، ئەوا ئیدی هیچ گومانێک لەوە نامێنێتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی زەبرمەندی گەڕەلاوژێ سیاسییە مافیاییەکان هەردەم ڕەوایە. لە بنەڕەتدا بە بەرەنگاربوونەوەی زەبرمەندی ناڕەوایی کە بەرەنگارییەکی بەئاگایە لە ڕەوایەتیدانی یاسایی بە دەسەڵاتداریی سیاسی، بۆ یەکەم جار دەرفەت بۆ سەروەربوونی مافی یەکسانی هەمووان دەڕەخسێنرێت.