ڕاگەیاندنی ژمارە ٢ی سەدەی زیرەک
بانگەوازی بەرەو سەدەی زیرەک لە بەهاری ساڵی ۲٠۲٠ بەم ڕستەیە دەستی پێکرد:” سەدەی زیرەک” ناوی پرۆژهیهکه، که لە ڕۆژی ٢٦/٠٦/٢٠٢٠ ەوە دەست پێدەکات و ڕۆژی ٢٩/١١/٢٠٢١ (سەدساڵەی حەسەن زیرەک) دەگاتە ئەنجام.”
وا لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە ڕۆژی لە دایکبوونی حەسەن زیرەک نزیک دەبینەوە، هونەرمەندێک کە ڕەنگە یەک لە بلیمەتەکانی جیهانی وێژە و دەنگ و مۆسیقا بێ، هونەرمەندێک کە لە مەکۆی شارستانیەتی ناوچۆمان و لە داوێنی زنجیرەچیای زاگرۆس لە دایکبوو و هەر لە پاڵ لقێکی ئەو چیایە بەخاک سپێردرا.
لە سەر چیا و دەشت و پێدەشتەکانی کوردستان هەر ئێستاش پاش تێپەڕینی چەند هەزارە، نەوای هۆرە و چەمەری، کەڵام و بەیت و حەیران و بەستە و مەقام و لاواندنەوە، تەموورە و دەهۆڵ و نەقارە دەگاتە گوێ- سەرزەوینێک کە هاوشانی شارستانیەتی ئاشور و ئورارتو و میسر و یۆنانی دێرین بووە.
زیرەک یەک لە هەزاران دەنگبێژی کورد بوو کە کەلام و نەوا و مێلۆدی و شیعر و ئاهەنگی سەدەکانی پێشوویان گەیاندە ئێمە و ئێستاش لە سەدەی بیست و یەکدا نەتەوەیەکی پەنجا میلیۆنی خۆیان لە ئاهەنگ و مێلۆدی و شیعری گۆرانییەکانیدا دەبیننەوە.
ئێمە کۆمەڵێک لە کەسان و دام و دەزگای مەدەنی، هونەریی، ئەدەبی، هونەرمەند، نووسەر و شارەزای بوارەکانی دیکە، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، سەدەمین ساڵی لەدایکبوونی زیرەکمان بە دەرفەت زانی بۆ ئەوەی ئاوڕ لە خۆمان، لە مۆسیقا، وشە و وێژەی کورد و زیرەک وەک گەنجینەیەک بدینەوە.
ئێمە لە عەینی کاتدا یادی هەموو ئەوکەسانەش بەرز و پیرۆز ڕادەگرین کە سەرەڕای بەسەرهات و کارەساتی گەورەی سەر گەلەکەمان، ئەو ماوەی سەدساڵەیان، لە هەموو بوارێکی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و هونەرییدا، کردە سەردەمی ژیانەوە و بووژانەوە.
بانگەوازەکانی سەدەی زیرەک لە ماوەی ۱۸ مانگی ڕابووردا، سەرەڕای تەشەنەی پەتای کوڕۆنا، سەدان کەس و دەیان ناوەند و دەزگای لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە یەک نزیک کردەوە. هەر لەو ماوەیەدا، دەیان لێکۆڵینەوە، نووسراوە، بابەت و کاری هونەریی لە بازنەی ژیان و بەرهەم و بەسەرهاتی زیرەکدا، ئامادە کرا و بەشێکی بەرچاوی بڵاوکرانەوە.
ئێستاش لە گەڵ نزیکبوونەوە لە ڕۆژی ۲۹/۱۱/۲٠۲۱ بەرەبەرە بەرنامە تۆمارکراوەکان و بابەت و لێکۆڵینەوەی نوێ بڵاودەکرێنەوە و لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە هەمووان دەتوانن چاوەڕێی بڵاوکردنەوەی بەرنامە و بابەتەکانی سەدەی زیرەک بن.
هەروەها ڕایدەگەێنین ئەگەر کەسان و ناوەندەکان لە ناوخۆ و دەرەوە بابەت و بەرنامەیان ئامادەکردوە، دەتوانن ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە پڕۆژەکەدابەشدار بن. باوەشی ئێمە بۆ هەمووان ئاواڵەیە. خۆ ئەگەر ئەوەش نەگونجا با خۆیان بە یادی ئەو هونەرمەندە گەورەیەی گەلەکەمانەوە بڵاوی بکەنەوە.
ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات – بۆکان ، ڕێکخراوی جیهانی کورد- ئاڵمان، کۆمەڵێک هونەرمەند، نووسەر و کەسایەتی کورد
٢٢/١١/٢٠٢١