Skip to Content

خوێندنەوەیەکی ڕێبوارییانە بۆ ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان.. گۆران سەباح

خوێندنەوەیەکی ڕێبوارییانە بۆ ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان.. گۆران سەباح

Closed
by نیسان 16, 2021 General, Literature


بەرکوڵ
ئەمە یەکەم باسە لە زنجیرە باسێک بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بەپێی تێڕوانین و ڕامانی بیرمەندانی خۆماڵی. هیوادارم ئەم زنجیرە باسە ببێتە پایەی یەکەم و ڕەخنەدۆزانی ئەدەبی بتوانن پایەکانی تری بنیات بنێن.

بۆ ئەم نووسینە؟
ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ چوار مەبەست: یەک، پڕکردنەوەی کەلێنێک لە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی. دوو، شکاندنی ئەو پرسە باوەی گۆیا نووسەر ناتوانێت لەسەر ڕۆمانەکەی بنووسێت. سێ، ببێتە هەنگاوی یەکەم، ڕەخنەدۆزان بێن دەوڵەمەندتری بکەن. هیوادارم دەیان ڕەخنەدۆز دروست بن و سوود لەم نووسینە وەرگرن. چوار، کاتی ئەوە هاتووە هزری خۆماڵی بەهەند وەرگرین. کوردی خۆخۆر هەموو شتێکی خۆی ڕەت دەکاتەوە: کرێکار، مامۆستا، دکتۆر، ئەندازیار، دەروونناس، بیرمەند، نووسەر، فەیلەسوف، دیزاینەر، سەرتاش، دارتاش، خەیات و هتد. بۆ نـموونە، بێو ئەوڕوپییەک ئەو ڕۆمانەیلەی کاراون کاکەسووری نووسیبا، یان ئەوانەی میران ئەبڕام ئەمریکییەک نووسیبای، خانەیلی چاپی کوردی وەریاندەگێڕان و زۆر زێتر ڕێزیان لێدەنان. بۆ؟ کاروان و میران و ئەوانی تریش چییان کەمترە لە نووسەرانی دنیا؟

ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان کۆمەڵێک بابەتی وروژاندووە (فەلسەفە، ئایین، دەروونناسی، زانست، تەکنەلۆژیا، خود و هتد)، بۆیە خوێندنەوەی جیاجیا هەڵدەگرێت. خوێندنەوەی ڕۆمانەکە لە ڕوانگەی فەلسەفەی خۆماڵی پڕ بایەخە، لەبەر ئەم هۆیانە: یەک، ددانپێدانان و جێگیرکردنی هزری فەلسەفیی خۆماڵییە. دەستپێکی بەهەندوەرگرتن و خوێندنەوەی بیرمەندانی خۆمانە. دوو، دروستکردنی دەق لە دەقە. چەند جوانە لە دەقێکی فەلسەفی و دەقێکی ئەدەبی (واوەتریش، لەم کەیسەدا، دەقێکی خەیاڵی زانستی) بێین دەقێکی تر بەرهەم بێنین. ئیشکردن لەسەر هزری فەلسەفیی خۆماڵی و مارەکردنی لە ئەدەبی خۆماڵی دەبێتە هۆی لەدایکبوونی تیۆری فەلسەفی و ئەدەبی. بۆ نموونە، ڕێبوار چەمکی (داناییناسی سروشت)ی داهێناوە، دەکرێ بە ئیشکردن لەسەر ئەم چەمکە تیۆری تر لەدایک بن، دەکرێ ببێت بە تیۆرێکی ڕەخنەیی بۆ شرۆڤە و ڕانانی دەقی ئەدەبی. سێ، دەکرێ ئەم هەوڵە ببێتە سڕینەوەی کولتوری چاوپێهەڵنەهاتن و کینەبازی لە نێو بازنەی فیکریی و ئەدەبیی کوردی. من ڕێبوار سیوەیلی و مەسعود محمد و کاروان کاکەسوور ناگۆڕمەوە بە فڕۆید و کانت و هایدگەر و نیچە و کێ و کێ. تا کەی ئێمە خۆمان بە کەم بزانین و هەر چاومان لە بیرمەندانی ئەوڕوپا بێت کە خۆیان فریای خۆیان نەکەوتن؟ هزری فەلسەفی و ئەدەبی و هونەری و تەکنەلۆژی و سیاسیی دوو سەت ساڵەی بیرمەندانی ئەوروپا دوو جەنگی جیهانی لێکەوتەوە و بە دەیان ملیۆن مرۆڤیان بە کوشت دا. ئیتر بەسە ئەو خۆخۆری و خۆشکاندنەوەیە. بۆیە من دێم لێرەوە بە تەورێکی تیژ پەتی ئەستووری کولتوری چاوپێهەڵنەهاتن و کینەبازی و یەکترشکاندنەوە قووت دەکەم. بەڵێ، کاتیەتی خوێندنەوەی خۆماڵیمان هەبێت بۆ دەقی ئەدەبیی خۆماڵی.

کتێبی ستایشەکان و مرۆڤی هەرزان
ڕێبوار سیوەیلی کۆمەڵێک کتێبی فەلسەفی هەیە. من (کتێبی ستایشەکان)م هەڵبژاردووە بۆ ڕانانی مرۆڤی هەرزان. کتێبەکە تێڕامانێکی خۆمانەیە لەمەڕ چەمکەیلی وەک دایک، سروشت، گەردوون، ئاسمان، خود، ئەوانی تر، دەوروبەر، نیشتمان، زامداران، تێکشکان، بەردەوامی و بوێری. ڕوانگەیلی هزری و فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و دەروونییە لەسەر ئەو بابەتانەی کە تا ئێستە کورد ڕوانین و دیدگەی بۆیان کاڵ بووە. هەڵبەت جێکردنەوەی ئەم چەمکانە و باسکردنیان و جێبەجێکردنیان لەسەر دەقێکی ئەدەبی ئەستەمە و زۆری دەوێ. هەوڵم داوە لێرە، لەباتی نووسینێکی درێژ و بێتام، بە پوختی ئەم چەمکانە لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا ببینمەوە و بەپێی تێڕوانینی ڕێبوار باسیان لێوە بکەم.

دایک لای ڕێبوار و ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان
ڕێبوار (٢٠٢٠) لە لاپەڕە ١٣ی کتێبەکەدا دەڵێ، “… دایک، شوناسی (پەروەردەکار) و (ڕاگر) و (کۆڵەکەی ماڵ) و (ئاوەدانکەرەوە) و (ڕووناکی ماڵ)ی لێدەسەنرێتەوە و هێواش هێواش لەگەڵ تەسلیمبوونی جەستەی ئەودا بەپیری، وەک مرۆڤێکی (بێدەسەڵات)، (زیایە) و پەراوێزخراو تەماشای دەکرێ و لێرەشەوە، ڕۆحیشی دەبێتە قوربانی”. بیرمەند باسی پێگە و بەهای دایک دەکات لە کۆمەڵگەی مشەخۆر بەسەر بەرهەمەیلی مۆدێرنیتە. لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا، دەبینین هەشتا ساڵی تر، دایک هەمان پێگەی هەیە لە کۆمەڵگەی مۆدێرن و بەرهەمهێن. بۆ نموونە، لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا، سامی سێڵ (سەرۆکی دەستەی زانایانی دنیا) لە ئەمریکا دایکی خۆی فڕێ دەدات، دەیبات لەبەردەمی خەڵوەتگەیەکی پیران جێی دەهێڵێت. دوای سێ ڕۆژ لەوێ، لەسەرمان و برسان ڕەق دەبێتەوە. کەواتە، (دایک) لە کۆمەڵگەی بەرهەمهێن و مشەخۆردا، نەک ئێستە، لە ئایندەش، بەهاکانی لێ دەسەنرێتەوە.
“بەبێ بیرەوەرییەکانی ئەو، وێناکردنی کەسایەتی و پێکهاتەی گشتیی شوناسمان بێمانایە”، (ڕێبوار، ٢٠٢٠، لا١٦). دابڕان لە بیرەوەرییەکانی دایک، مرۆڤ ون و نامۆ و بێ ئومێد دەکات. لە مرۆڤی هەرزاندا، مێتال، کچی سامی سێڵ، ماوەیەکی زۆر لە دایکی و بیرەوەرییەکانی دایکی دادەبڕێت، تا وای لێ دێت هەست بە بێمانایی ژیانی دەکات و هەوڵی خۆکوشتن دەدات. باوکیشی، سامی، دوای فڕێدانی دایکی، حاڵی بەرەو خراپی دەڕوات و مێتال و خۆیشی لەدەست دەدات.
ڕێبوار (٢٠٢٠) لە لاپەڕە ١٧دا پرسیارێکی جەوهەری زەق دەکاتەوە، “…داهاتووی دایک… بۆ کوێ دەچێ؟” پرسیارەکە ئەوەیە: دەکرێ دەقێکی ئەدەبی وەڵامی پرسیارگەلی فەلسەفی بداتەوە؟ بۆ نا. ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان وەڵامی پرسیارەکەی ڕێبوار دەداتەوە چونکە دەقەکە باسی ساڵی ٢١٠٠ دەکات، واتە ڕۆماننووس پێشبینی ئەوەی کردووە هەشتا ساڵی تر مرۆڤ چی بەسەر دێت. یەک لەو دیاردانەی هەر دەمێنێتەوە و مرۆڤ تێیناپەڕێنێت دیاردەی بێزاربوونە لە مرۆڤی پیر. سامی سێڵ وەڵامی پرسیارکەرانی نێو ڕۆمانەکە دەداتەوە بۆچی دایکی فڕێ داوە. کەواتە بەهای دایک لە ئێستە و ئایندەش هەر لە داکشاندایە.

سروشت
“. . . لەو شوێنەی مرۆڤی لێبێت، سروشت بە ئاسانی دەستدرێژی دەکرێتە سەر”. (ڕێبوار، ٢٠٢٠، لا١٩). جوانییەکە لەوەدایە من و ڕێبوار، بێ ئەوەی ئاگامان لێک بێت، دوور لە یەکتر، باسی (سروشت)مان کردووە کە چۆن بە دەستی مرۆڤەوە دەناڵێنێت. لەوەش جوانتر ئەوەیە ئەو بە دیدێکی فەلسەفی و منیش بە دیدێکی ئەدەبی. لە هەر بەشێکی مرۆڤی هەرزاندا دەبینی مرۆڤ چۆن سروشت وێران دەکات: دارستان تێک دەدات و بینای لەسەر دروست دەکات (ڕێک ئەوەی ڕێبوار دەڵێت لە لاپەڕە ٢٢ کەوا “چەندە ئاوەدانکردنەوەی کولتوری دەبینرێ، ئەوەندەش زیاتر وێرانکردنی سروشت…”)، بەهۆی پیسبوونی دەریاکان، ماسی نەماوە لە ٢١٠٠، سەر زەوی کەڵکی ژیانی تێدا نەماوە، هێندە پیس و ژەهراوییە، هتد. ڕێبوار دەڵێ مرۆڤ ئاگای لە سروشت نەماوە و بە تەنیا دەژی. لە ڕۆمانەکەدا، سامی دەڵێ، “دەبێ مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ دایکە-سروشت . . . مرۆڤ دابڕاوە لە سروشت، ژەهراوی بووە بە ئەی ئای (تەکنەلۆژیا)،” (لا٢٥)، بەڵام مرۆڤ گوێ ناگرێ و بە ملیۆنان خۆیان دەکوژن.

لە لاپەڕە ٢١دا، ڕێبوار، زاراوەی (داناییناسیی سروشتی) بەکار دەبات. ئای چەند جوان و پڕ لە حیکمەتە. باوباپیرانمان دانا بوونە لە سروشت، ئەزموونیان لەگەڵ سروشت هەبووە بۆیە ژیانیشیان سادەتر و خۆشتر بووە. داناییناسی سروشتی واتە چەندە لە سروشت تێبگەی و نێزیک بیت هێندە مرۆڤی. بەپێی ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان، خەڵک لە هەشتا ساڵی دابێ هیچ داناییێکی بۆ سروشت نامێنێت، هەمووی وەک ڕۆبۆت ڕۆژانە ١٤ سەعات کار دەکەن، ئەنجامی ئەوەش، وەک ڕێبوار لە کتێبەکەدا باسی کردووە، مرۆڤ “تووڕە و هەراسان و نامۆ” دەکات.
ڕێبوار (داناییناسیی سروشت) بە شوناسی مرۆڤ دەبەستێتەوە، ئەوەی لە سروشت تێبگات، شوناسێکی گەردوونی هەیە. هەروەها بە خەباتی سیاسیش دەیبەستێتەوە، “خەباتکردن بۆ سروشت، جێگرەوەی خەباتکردنە لە پێناوی بەها سیاسییەکان…” پێی وایە ستەم لە سروشت هیچی کەمتر نییە لە ستەمکردن لە نەتەوەکان، هیچی کەمتر نییە لە نادادوەری. لە فەزای ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا، شوناسی مرۆڤ شوناسێکی گەردوونییە، بەڵام ئەوپەڕی ستەم لە سروشت دەکات، بۆیە شوناسە گەردوونییەکەی نایەتە فریای. شوناسەکە کورت دەهێنێت لە بەرانبەر ئەو زاراوانەی ڕێبوار باسی کردوون، وەک ژینگەپارێزی، زۆنی پاکی هەوا و هتد. مرۆڤی نێو مرۆڤی هەرزان گومڕا بووە، وەک ڕێبوار باسی دەکا (غروور) بووە، توڕهات و بێزار و بێهێزە چونکە ڕێزی سروشت ناگرێت. سامی لە مرۆڤی هەرزاندا دەڵێت مرۆڤ سروشتی کوشتووە، تا دێ دژی سروشت دەوەستێتەوە.

ئاسمان
ئاسمان لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا چەق و سەرچاوەیە، هەم وەک شوێن هەم وەک فەزای خەیاڵ و زانست. داهاتووی مرۆڤ لە ئاسمانە. زانست، ئایین، فەلسەفە و تەکنەلۆژیا، بۆ هەموویان، ئاسمان بایەخدار و سەرچاوەیە. (زەوی بڵند)، کە کەشتییەکی زەبەلاحە لە ئاسمان، پێگە و مەڵبەندی تۆژینەوە و تاقیکردنەوە زانستییەکانە. هەر لەوێش شووشە، پاڵەوانی ڕۆمانەکە، بیرۆکە زانستییەکەی تاقی دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی خۆکوشتن.
ڕێبوار لە لاپەڕە ٤٣دا دەڵێ ئاسمان گرنگە بۆ مرۆڤ، “میللەتان و پێغەمبەران زۆریان تەماشای ئاسمان کردووە و ویستوویانە چارەنووسی خۆیان و بەرەی مرۆڤایەتی لە پەیوەندیی بە نیشانەکانی ئاسمانەوە، تێبگەن.” ڕۆمانی مرۆڤی هەرزانیش وا دەڕوانێتە ئاسمان. پێگەی ئاسمان لە ڕۆمانەکە سەتا هەشتایە، هەوێنی زۆربەی ڕووداوەکانە.

ڕێبوار، کاتێ منداڵ بووە، ئاسمانی کەشف کردووە لەسەر دەستی دێبابی ئەو دەمەی دەستیان بەرز کردووەتەوە بۆ ئاسمان، وەک موسڵمانێک، نزا و تکا و ستایشیان ئاڕاستە کردووە (ڕێبوار، ٢٠٢٠، لا٤٤). شووشە و ئیمام، دوو موسلمانی نێو ڕۆمانەکە، زۆرجار دەستیان بەرز دەکەنەوە بۆ ئاسمان، داوای لێخۆشبوون و هاوکاری دەکەن. ئەمەش دەبێتە مایەی سەرنجڕاکێشانی ئەو زانایانەی لەگەڵیاندا کار دەکەن. بۆ سەرنجڕاکێشە؟ وەک ڕێبوار لە لاپەڕە ٤٩دا دەڵێ ئاسان نییە قەناعەت بە مرۆڤێک بکەی لە ئاسمان ورد بێتەوە لە کاتێکدا لە دنیای سکریندا ون بووە، “ئاسان نییە ئەو نیگا ئاسۆییەی (مرۆڤ) بگێڕینەوە بۆ ئاستە ستوونییەکەی خۆی.” ڕێبوار ستایشی ئاسمان دەکات چونکە مرۆڤ لێی ڕانامێنێت، لێی ورد نابێتەوە، لە بیری کردووە (لاپەڕە ٥١، ٥٠)، پێی وایە ئاسمان هەوێنی سەرسوڕمان و داهێنانە، ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان هەمان ئەو پەیامەیە، هەڵبەت یەکێک لە پەیامەکانی ڕۆمانەکە ستایشکردنی ئاسمانە.

قسەکردن
ڕێبوار لە ستایشی قسەکردندا دەپڕژێتە سەر زمان، دەڵێ، “جیهان و دەوروبەر لە زماندا هەن و نیشانە زمانییەکانن، مانا و ناوەڕۆک و بوون بە شتەکان دەبەخشن”. ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان زۆر گرنگی بە زمان داوە. هەم ئەو زمانەی پێی نووسراوە، هەم ئەو زمانەی (کانگۆیەکان) قسەی پێ دەکەن. وەک ڕێبوار دەڵێ (لاپەڕە ٥٤، ٥٥)، زمان مەزنترین دەسەڵاتی مرۆڤە بەسەر جیهان و دەوروبەرەوە. ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان ئەو دەسەڵاتەی بەکار بردووە، هەر لەبەر ئەو ستایشی زمان و قسەکردنەیە ڕۆماننووس حەبێکی داهێناوە، حەبی فێربوونی زمان. لە جیهانی ڕۆمانەکەدا مرۆڤ بە هەر زمانێک بیەوێت قسە بکات، بۆ نموونە فەڕەنسی، حەبی زمانی فەڕەنسی دەخوات و فەڕەنسی قسە دەکات. ڕۆمانەکە گرنگییەکی کەموێنەی بە قسەکردن و زمان داوە، هەم لە نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، هەم لە نێوان مرۆڤ و دەوروبەر و مەخلوقاتی نادیار. لە ڕێگەی ئەم حەبەوە کارەکتەرانی نێو ڕۆمانەکە ئازادییان زیاتر و فراوانترە، وەک ڕێبوار دەڵێ، “قسەکردن نیوەی ئازادییە،” (لا ٥٧).

خود
ئەوانەی لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا خۆیان دەکوژن ئەوانەن لە خودی خۆیاندا دابڕاون و هەرچی دەکەن ناگەنەوە بە خودی خۆیان. ڕۆمانەکە دابڕانی خود و دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە چەقی خودی خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ وێڵبوون بە دوای ئارەزووەیلی نزم، بۆیەش خودە ونەکان بە کۆمەڵ خۆیان دەکوژن. لە ئاسمان بە پاڵەوانی ڕۆمانەکە دەڵێن مرۆڤ دەبێ بگەڕێتەوە نێو خودی خۆی، وەک ڕێبوار دەڵێ، “… مەرجی بوونە خود ڕزگاربوونە لە گروپ و دەست و تاقم،” (لا ٦٥).
مرۆڤ بە لەدەستدانی خودی خۆی دەچێتە خانەی دۆڕان. ئەمە یەک لە تێماکانی ڕۆمانەکەیە. ڕام، پێشەنگی تەکنەلۆژیا لە ڕۆمانەکە، بەرنامەی (ڤێلسێکسی داهێناوە) کە کۆپی خودی مرۆڤ دەکات، ئەمەش مرۆڤ لە خودی ڕاستەقینەی خۆی دوور دەخاتەوە. کەواتە تەکنەلۆژیا، نەک کارەساتی تر دوست دەکات، خودی مرۆڤیش دەکوژێت. ڕێبوار پێی وایە ئەوانەی تووشی ڕووداوێک دەبن، سەقەت دەبن، یان دەکەونە دۆخی کۆما، خودی خۆیان لەدەست نەداوە. شووشە، پاڵەوانی ڕۆمانەکە، هەرچەندە دێباب و براکەی لەدەست داوە، هەرچەندە دەموچاوی سەقەت دەبێ بەهۆی نەخۆشییەک، خودی خۆی لەدەست نادات، بۆیە (کتێبی ستایشەکان) و (مرۆڤی هەرزان) دەڵێن هیچ کێماسییەک لە خودی کەمئەندامێک یان سەقەتێکدا نییە، چونکە خود، وەک ڕێبوار دەڵێ، لەودیو هەموو ئینتیمایەکە، نە بایەلۆژییە نە پانتایی جەستەیی و مێژووییە، “خود ئازاد و سەربەخۆیە لە هەموو میراتێک،” (ڕێبوار، ٢٠٢٠، لا ٦٦).

ڕێبوار دەڵێ، “… ناکرێ خود بە بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی ڕووت دابنێین، چونکە کاتێ کۆمەڵگە خود لە خەسلەتە تایبەتی و دانسقە و بێنموونەکانی بێبەش دەکات، لە خەسڵەتەکانی گرووپدا دەیتوێنێتەوە، بەرهەمی ئەم ڕەوەندییە نابێتە بەرهەمهێنانەوەی خود، بەڵکو دەبێتە ڕەتکردنەوەی خود و بەپەراوێزخستنی و دروستکردنی دەروونێکی بەخۆدا ڕۆچووی نائارام،” (لا ٦٧). هەموو ڕۆژئاوا لێک بدەیتەوە لەوە جوانتریان نەگوتوە لەمەڕ خود. یەک لە تێماکانی ڕۆمانەکە هێز و ویستی خودە. خودی خاوەن ویستێکی بەهێز دەتوانێت لە گرووپی خۆکوژاندا بێتە دەرەوە. “مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی ئەو هێزە دەبێ کۆنتڕۆڵی خود بکات،” (لا١٦٩-١٧٠، مرۆڤی هەرزان).
ڕەنگە پێمان وابێت دوای هەشتا ساڵی تر خودی نێرسالار نەمێنێت، بەڵام سەیر دەکەین سامی و ئیمام و بێرنی سێ خودی نێرن و خۆیان بەسەر خودی منداڵ، گەنج و مێینەدا دەسەپێنن. ڕێبوار هەمان شت دەڵێت لەسەر کۆمەڵگەی خۆمان. بەس ئەو نێرسالارییە هەر لە کۆمەڵگەی خۆماندا نییە، بگرە لە هەموو دنیادا هەیە، تەنێ ڕێژەکە جیاوازە. لە ڕۆمانەکەدا، وێڕای نێرسالاری، هێزی مێینە لەوپەڕیدایە، بۆ نموونە، شووشە قەناعەت بە هەموو سەرۆک و زانایانی دنیا دەکات کە بیرۆکەکەی ئەو لە هیی ئەوان باشترە. دواتر هەموو دنیا چاوی لە دەستی ئەو دەبێت. بۆیە یەک لە تێماکانی ڕۆمانەکە شکاندنی ئەو ڕوانگە سەقەتەی کۆمەڵگەیە کە ئافرەت هیچی پێ ناکرێت، سڕینەوەی ئەو ئەقڵییەتە بۆگەنەیە پیاو هەیەتی بۆ ئافرەت.

یەکێک لە تێماکانی ڕۆمانەکە برەودانە بە پێوەندیی خود و خودا نەک ئایین و خود. وەک ڕێبوار دەڵێ ئایین پڕە لە “نەریت و ڕیتوال و دووبارەکردنەوەی سرووتی ڕەشۆکایانە،” (لا ٧٠). ئەم نەریت و سروت و ڕیتوالانەیش هەوێنی دەمامکەکانن کە لە پشت ئایینەوە مرۆڤ هەڵدەدێرن. ڕام دەڵێ، “لەوانە بترسێ دەمامکی ئایینی دەبەستن،” (لا١٣٢ ، مرۆڤی هەرزان).
“… خود خۆی نادات بەدەست ڕەوەندی دەروونشیکارییەوە. بۆیە تێگەیشتنی زانستیانەش لەسەر خود، تێگەیشتنی کورتکەرەوەی سنووردارە و پێویستە لەودیو زانستیشەوە، بایەخ بە خود بدەین.” (ڕێبوار، ٢٠٢٠، لا ٧٣). “سێ خاڵ پێویستن بۆ سەربەخۆیی گەشەی ڕۆحی. یەک، ئازادیی خود، خود کۆنتڕۆڵ بکرێت داهێنانیش نامێنێت. دوو، خود بتوانێت خۆی دەربڕێت. سێ، کولتوری لێبوردەیی خود دەوڵەمەندتر دەکات و وای لێ دەکات لە چەمکەیلی هاوڕێیەتی، هاووڵاتی، یەکسانی، دادوەری و پێکەوەژیان و مافی جیاواز بگات،” (لا٧٤). لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا دەبینین، ئەم خاڵانە لە مرۆڤدا نین بۆیە ڕۆحی مرۆڤ پووکاوەتەوە. ڕاستە زانست لەوپەڕی پێشکەوتندایە، بەڵام تاک کۆنتڕۆڵ کراوە، خود لە گۆ کەوتووە و کولتوری لێبوردەییش کاڵ بووەتەوە. بۆیە پێش ئەوەی ئەوانی تر قەبوڵ بکەین، دەبێ خودی خۆمان قەبوڵ بێت، پێش ئەوەی ددان بەوانی تردا بنێین، دەبێ ددان بە خودی خۆماندا بنێین. مرۆڤ لە جیهانی مرۆڤی هەرزاندا خودی خۆی لێ بەڵایە و کۆتایی بەخۆی دێنێت.

ئەوی تر
ڕێبوار دەڵێ ژیانی ئەو بە بێ ژیانی ئەوی تر ژیانێکی هەژارانەیە، و “ناعەدالەتییە” ئەوانی تر بچووک بکەینەوە. سەتان تۆژینەوە و کتێب هەن لەسەر چەمکی (ئەوی تر، the other)، دەبوایە کورد پێشەنگ بێت لە قسەکردن لەسەر ئەم چەمکە چونکە ئێمە هەردەم (ئەوی تر) بووینە و غەدرمان لێ کراوە و بە کەم سەیر کراوین. بۆیە دەڵێم (کتێبی ستایشەکان) کارێکی بایەخدارە، بەهۆیەوە کورد دەبێتە خاوەنی قسەی خۆی لەسەر هەر یەک لەو چەمکانە. ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان، وەک دەقێکی ئەدەبی، پاتەی ئەو تێڕامانانەی ڕێبوار دەکاتەوە. بانک، کارەکتەرێکە، ڕکی لە مرۆڤ دەبێتەوە، پێی وایە ئەوانی تر هەمووی بۆ مردن باشن. پێی وایە ئەوەی خزمەتی بەرژەوەندیی ئەو نەکات، دەبێ بمرێت، یان خۆی بکوژێت.
ڕۆمانەکە پێمان دەڵێ ئەوەی ئەوی تری قەبوڵ نەبێت بە هیلاک دەچێت. بانک پارەیەکی زۆر سەرف دەکات لە هاندانی ئەوانی تر تا خۆیان بکوژن، بەڵام سەری خۆی لەسەر دادەنێت. بانک ناتوانێت واز لە خۆپەرستییەکەی بێنێت، بۆیە دەفەوتێت. وەک ڕێبوار دەڵێ، “ئەویتر بەهرەیەکە، دەوڵەمەندییەکە، جوانی و شکۆیەکە، لەبەردەم ئێمەدا، تا بتوانین بەهۆیەوە بەسەر سنوورەکانی خۆپەرستی خۆماندا بپەڕینەوە و ئەو بەرگە تووڕ هەڵبدەین، کە دەبێتە سنوورێکی جیاکارە لە نێوان “ئێمە” و “ئەو”دا، (لا ٧٩).

زامداران
شووشە زامدارە. دێباب و براکەی خۆیان دەکوژن. دەموچاوی سەقەت دەبێت بەهۆی نەخۆشییەک، ئەمەش برینێکی بەسوێیە بۆ کچێکی گەنجی شازدە ساڵ. شووشە لە هەمووان زێتر پێویستی بە هاوکارییە. ڕێبوار دەڵێ، “چۆن ئەو کەسانەی لە ڕووی جەستەییەوە ئەندامێکی خۆیان لە دەست دەدەن و شوێنێکیان دەسووتێ و لەکار دەکەوێ و پێویستیان بە دەرمان و چارەسەر و سەرپەرشتیکردن هەیە، ئاواش کەسانی کۆستکەوتوو پێویستیان بە دەربازبوون و هەستانەوە و ساڕێژبوون لەو زام و برینە ڕۆحیانە هەیە…”، (لا ١٠٤).
وەک ڕێبوار دەڵێ تا خۆت نەخەیە بری ئەوانی تر ناتوانی لە برینیان تێبگەی. وەرە خۆت بێنە شوێنی شووشە. ڕێبوار دەڵێ، ستایشی ناخی کەسانی تر، “ئاخاوتنی ویژدانی و ڕۆحیی ئێمەیە لەگەڵ خودی خۆماندا بە خۆخستنە بری ئەوانیتر”، تا هەست بە ئازارەکانیان بکەین.
لە لاپەڕە ١٠٧دا دەڵێ، کاتێ زامدار ویستی بەسەر ئازارەکەیەوە نییە، ئازار لە سنووری دەسەڵاتی ئەوە، خۆکوشتن بۆ زامدار دەبێتە ڕێگەیەکی دەربازبوون. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی شووشە ئەو ڕێگەیە هەڵنابژێرێت؟ شووشە خۆی وەڵام دەداتەوە، “مانای من بۆ ژیان، دۆزینەوەی چارەسەرێکە بۆ خۆکوشتن، من بۆ ئەوە دەژیم.” ئا لێرەدا وەک ڕێبوار دەڵێ “زامداری…دۆخێکی ئۆنتۆلۆژیانەیە بۆ مرۆڤ و لە ڕێگەیەوە بوونی خۆی لە بوونی شت، لە بوونی بێگیان و بێ هەست، جیا دەکاتەوە،” (لا ١٠٧).
زامداری مەترسیدارە بێو بەردەوام بێت (ڕێبوار، ٢٠٢٠)، دەبێتە هۆی ئالوودەبوون بە کهول و ماددەیلی هۆشبەر و تەنانەت خۆکوشتنیش، “لێرەوە وزەی ژیاندۆستی دەگۆڕێ بۆ وزەی مەرگدۆستی،” (لا ١٠٩). ئەوانەی لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان خۆیان دەکوژن، ڕێک ئەو قسەیە دەیانگرێتەوە کە وزەی مەرگدۆستی بەسەریاندا زاڵە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی وزەی ئارەزووەکان لای مرۆڤ، ئارەزووە نزمەکان مرۆڤیان کوێر کردووە.
“بەردەوامی لە هەوڵ و کۆششدا، ڕەسەنترین چالاکیی مرۆییە.” (ڕێبوار، ٢٠٢٠، لا ١٢٦). دوای چەندان جار شکست، شووشە هەر بەردەوام دەبێت. شووشە لە سێ لاوە تووشی شکستی گەورە دەبێت لە ژیانیدا، هەرچەندە زۆر گەنجیشە، بەڵام ڕووبەڕووی مەحاڵ دەبێتەوە. لەدەستدانی دەموچاویی، لەدەستدانی دێباب و براکەی و فەشەلهێنانی بیرۆکەکەی و مردنی پێنج کەس لەسەر دەستی ئەو. بەڵام ڕێبوار دەڵێ، “تێكشکان کۆتایی نییە،”(لا ١١٧). گەر وا بووایە دوای لەدەستدانی دێباب یان هەر شکستێکی تر، مرۆڤ بەردەوام نەدەبوو. وزەی شووشە ڕێک ئەوەیە، لای ئەو کۆسپ و شکست کۆتایی نین، بگرە ئەوانە بوونەتە هەوێنی هێزێکی گەورە لە ناخیدا. ڕێبوار دەڵێ، “تێکشکان لە ڕوودانیدا دووچاری شۆکمان دەکات و زامی قووڵ لە ڕۆحماندا دەچێنێ، بەڵام لە دووبارەبوونەوەدا، دەوڵمەند و ئەزموونچڕ و بڕوابەخۆبوو و بوێرمان دەکات، تاکو بتوانین بەرگەی کۆتاییەکان بگرین،” (لا ١١٧).
لەبەرئەوەی شووشە ڕاشکاوانە رووبەڕووی زانایان و بیرمەندان و پیاوانی ئایینی دەبێتەوە، سەردەکەوێت لە قایلکردنیان بە بیرۆکەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە خۆکوشتن. ڕێبوار دەڵێ تێکشکان دەمامکی نییە، مرۆڤی تێکشکاو واقیعییانە قسە لەسەر خۆی دەکات، ئەم بێدەمامکی و ڕاشکاوییە مەرجێکی سەرەکییە بۆ ڕزگاربوون لە تێکشکان. شووشە ئەو مەرجەی تیایە و باش لە دۆخەکە دێتە دەرەوە. بۆ ئەو، تێکشکان دەبێتە خاڵی دەستپێکردنەوە، وەک ڕێبوار لە لاپەڕە ١٢٣دا دەڵێ، “تێكشکان ساتەوەختێکە لە نێوان کۆتایی و دەستپێکردنەوەدا. لەم دۆخەدا واقیعییەت دەبێتە پانتاییەک بۆ ڕزگاربوون لە تێکشکان و پێویستە مرۆڤی خاوەن ویست بە ڕووت و قوتی و بێدەمامک ڕزگاریی خۆی لە واقیعییەتی تێکشکانەکە بستێنێتەوە، تا بیکاتە واقیعێک بۆ ئازادبوونی.”

بوێری
“بکەری بیرکەرەوە لە زمانی کوردی نێرینەیە”، بۆیە زۆرینەی مانای وشەکان ئەرکیان لە خزمەتی نێردایە، ئەمەش توانای مێینە سنووردار دەکات، (ڕێبوار، ٢٠٢٠، لا ١٣٩). هەروەها دەڵێت بوێری لکێنراوە بە ئازایەتی، پاڵەوانێتی، لە داستان و ئەفسانەکانیشدا هەر جەستەییە و لە ماسولکەدا کورت دەکرێتەوە، بۆیە بوێری دەبێتە سیفەتی قارەمانانەی نێرینە. ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان هەوڵێکە بۆ تێکشکاندنی ئەو نێرسالارییە، هەوڵێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی بوێری سیفەتێکی جەستەیی و نێرینەیی نییە. ڕێبوار دەڵێ، “بوێری نە ئازایەتی شەڕکەرانەیە، نە پەلارماردانی ئەژدیهایە و نە خۆفڕێدانە خوارەوەیە لە دوایین نهۆمی باڵەخانە ئاسمانبڕەکان، چونکە بوێری ساتەوەختێکە هۆشمەندی و گەمژەیی لە یەکتر جیا دەکاتەوە،” (لا ١٤٠). بوێری و ئازایەتی واتە بەکاربردنی هۆش و ژیریی خۆمان. بەم پێیە شووشە ئەوپەڕی بوێری تێدایە، ئەمەش هەموو هزرە دۆگما و ئیفلیجەکانی نێرسالاری بەرانبەر بە ئافرەتان پووچ دەکاتەوە.
بوێری لای بانک لە ڕۆمانەکە واتە پارەکۆکردنەوە، سەرمایە، وەک ڕێبوار لە لاپەڕە ١٥٣دا دەڵێ لای مرۆڤی مۆدێرن بوێری ئەوەیە مەسرەف زۆر بکات، هەڵپەی تێرکردنی غەریزەکانی هەبێ، ئیغرابوونی ماددیانە و توندوتیژی هەبێ. هەموو دنیا لە ئاست بانک بێ دەنگە چونکە ئەو جومگە سەرەکییەکانی پارەی داگیر کردووە و هەر کەس و شتێکی بوێ دەیکڕێت. ئالێرەدا تێڕوانینی ڕێبوار دێتەوە پێشمان کە دەڵێ، ” لای مرۆڤی مۆدێرن بوێری دەبێتە قوربانیی بەرژەوەندی، (لا ١٥٣).

ئەنجام
تێڕوانینە فەلسەفییەکانی ڕێبوار لە کتێبی ستایشەکاندا خۆمانەن. کوردین. دەکرێ نەک لە ڕۆمانی مرۆڤ هەرزان، لە ڕۆمانەیلی تریش بێنە جێبەجێکردن. گرێدانی دەقێکی ئەدەبی و دەقێکی فەلسەفی بە باسێکی وەک ئەمە تەواو نابێت. دەکرێ ئەم هەوڵە ببێتە هەوێنی چەندان کاری تری لەم جۆرە. لەم دیالۆگ و نووسین و خوێندنەوانە، دەکرێ، تیۆر دروست بن، تیۆری فەلسەفی و ئەدەبیی خۆماڵی. ئەوانەی لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی کار دەکەن، دەکرێ، سوود لەم هەوڵە وەرگرن. کارەکە بتەنێ بە من ناکرێت، بۆیە هیوادارم، ڕەخنەدۆزانی تریش لە بازنەی ڕەخنەی سەرەتایی و ڕەخنەی ناڕەخنە بێنە دەرەوە و هەنگاوی نوێ باوێن.

سەرچاوەکان
گۆران سەباح (٢٠٢١). مرۆڤی هەرزان. وەشانی نووسیار: کۆپنهانگن.
ڕێبوار سیوەیلی (٢٠٢٠). کتێبی ستایشەکان، چاپی دووەم. خانەی زەریاب: هەولێر.

Previous
Next
Kurdish