Skip to Content

بێ ناونیشان.. نەوزاد بەندی

بێ ناونیشان.. نەوزاد بەندی

Closed
by نیسان 6, 2023 General

دیار نەبوو ، لە چ بەروارێکدا بوو ، ئەتوانین بڵێین چەندەها ساڵ پێش ئێستا ، کاتێ لە فرۆشگایەکی دەستی دووی ئەوروپیدا .. ژمارەیەکی زۆر لە کەوچکی کڕی بوو . . ڕاستتر ، ئەم نەیویستبوو بیانکڕێ ، بەڵام خاوەن دوکانەکە ، کە لاوێکی سەر وڕیش خورمایی بوو ، پێی وتبوو : هەمووی ببە بە دینارێک …
ئەمە ئۆفەرێکی زۆر باش بوو، وەک ئەوە وابوو پێی بووترێ هەمووی ببە بە خۆڕایی .. دینارێک واتا چوار پیاڵە چا .. بەڵام سەدان کەوچکی گەورە و بچوکی کۆن ، ڕەنگ زیویی ، پێدەچوو زۆربەیان زیو بن و ..لە کۆشکەکانی ئەوروپادا ، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ، شاژنی بەژن زراڤ ، قاوەڵتییان پێ کردبن ..
ئەم لای وابوو ، سەر و ڕیش خورماییەکە پێی ڕائەبوێرێ ..بۆیە پرسیاری کرد ئاخۆ نرخی ئەو هەموو کەوچکە تەنها دینارێکە ؟ ..ئەویش بە یەک وشە پێی ووتبوو: بەڵێ ..!
کە بۆی پێچابۆوە ، هەستی کردبوو زۆر قورسن ..بە جۆرێک ئەم دەست و ئەو دەستی پێکردبوون ..
دوای چەندین ساڵ جا بۆی دەرکەوتبوو ئەو سەر وڕیش خورماییە یەکێک بووە لە خوێنەرە هەرە دڵسۆزەکانی کافکا و زۆر دژی دەسەڵاتیش بووە ..ووتەکانی کافکای وەک یاسا ، تەماشا کردووە و هەوڵی داوە بە ووردیی پەیڕەوییان لێ بکات ..
ئەوەندە هەیە کە پێش دەیان ساڵ ، کە ئەم هەموو کەوچکە کۆنەی گەیاندبووە ماڵ ، نەیتوانیبوو ئاشکرایان بکات ، چونکە زۆرترین شت لە ماڵەکەیدا کەوچک بوون ، بێجگە لەوە ئەم کەوچکانەی زۆر بەنرخ تەماشا ئەکرد ..تەنانەت وەک گەنجینەیەکی زێڕ و زیو و گەوهەر بۆی ئەڕوانین .. لە چەند تورەکەیەکا ، کەوچکە کۆنەکانی چاک چاک پێچایەوە و لە ژێر خانی خانووەکەیدا ، لە پاڵ کۆمەڵێ کەل و پەلی کۆندا شاردنیەوە ..دوای ئەوە هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی لە بیری بچنەوە .. هەوڵەکەیشی تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بوو .. چونکە کەمترین جار دەچووە ژێر خان ، هەروەها شتێ بە تاکە یەک دینار کڕرا بێ ، زوو لە یاد ئەچێتەوە ، لە کاتێکدا دینارێ تەنها چوار پیاڵە چا بێ ..
لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا ، کە ئەو شتە ڕووی دابوو ، ئەم هەمیشە بە تەواوەتی لە یادی چوو بوو کە خاوەنی سەدان جۆری کەوچکە و .. حەزیشی نەدەکرد هیچ کەسێ بزانێ …وەک ئەوەی بترسێ لێی بدزن، یان خەڵکێکی چاو پیسی وای لێ پەیدا بن ، هەر بە چاو ، ئەو کانزا زۆر کۆن و بەنرخانەی لە دەست بکەنەوە…
بەڵام هەندێ جار و .. لە هەندێ کۆڕی هاوڕێ دەوڵەمەندەکانیا ، کە باس ئەهاتە سەر ماڵ و موڵک و نەختینە ، ئەم بێ ئاگایانە ئەیووت : بەخوا هەر زیو ، ڕەنگە بایی بیست سی هەزار یۆرۆ ، زیوم هەبێ و هەر نایشزانم لە کوێم فڕێ داون …!
ئەوان گوێیان بەو قسانەی نەدەدا ، هەندێکی کەمیان نەبێ ، پێیان ئەوت : بەڕاست ؟
لەگەڵ ئەوەی وەک هەستی شانازیی ، ئەیووت : ناتوانم هەندێ شت نەکڕم کە نرخیان بەردەوام زیاد ئەکا ..!
هاوڕێکانی لێی تێ نەئەگەیشتن ، ئەمیش لە جیاتی بۆیان ڕوون بکاتەوە ، تام و چێژێکی تایبەتی لەو تێنەگەیشتنەیان ئەبینی ..حەزی ئەکرد خەڵک هەموو بە سەرسامییەوە تەماشای بکەن و پێی بڵێن : ئەرێ تۆ چیت ؟!
بەڵام کە دۆخی دارایی هەرەسی هێنا و .. کەوتە ژێر فشاری قەرزەوە ، بەیانییەکیان لە ناکاو بیری کەوتەوە کە شتێکی گرانبەهای لە ژێرخانەکەدا شاردۆتەوە …
بە تەنگەتاویی خۆی پێ گەیاندن و دەستی دانێ ، هەستی کرد زۆر سوکن .. هێندە سوکن ، تەنانەت ڕەنگە شنەی شەماڵێک بیانبات .. بۆیه ترسی ئەوەی لێ نیشت لێیان دزیبێ یان خەڵکێکی چاو پیس ، هەر بەچاوە پیسەکانیان تورەکە کەوچکەکانیان بۆ بەتاڵ کردبێتەوە ..
کە دەمی توورەکەکانی کردەوە ، کەوچکەکان کەم و زیادیان نەبوو ..سەدان کەوچک ، بچوک مام ناوەندیی ، گەوره ..پڕ نەخش ونیگار ..دەسک عاج ..
لەناو عەلاگەیەکی گوڵ گوڵی زۆر پتەودا ،داینان و ..ڕووی کردە بازاڕی مزگەران .. نیشانی دان ، هەندێکیان ئەیانووت فافۆنن ..هەندێکی تریان پێیان وابوو تەنەکەن ..
ئەم توڕە بوو ، پێی ووتن : ئێوە لە تڕی کەرەکەیش نازانن ..کەوچک و تەنەکە ؟؟؟
پاشان لای چەند زیو فرۆشێک ، کەوچکەکانی نیشان دا .. ئەوانیش دوای تەماشا کردن و خستنە خوارەوەی هەندێکیان بۆ سەر زەوییەکە و گوێگرتن لە زرنگانەوەکانیان ، ووتیان ئەمانە زیویش بن سەدا پێنج یان تەنها ڕووکەشیان زیوە ، ئەگینا زۆربەیان داڕشتەن ..
بڕوای بەوانیش نەکرد ، ئەمانە شتی خەڵک ئەبەن بە ناخی ئەرزا و شتی خۆیان ئەبەنە کەشکەلانی فەلەک ..
هاوڕێیەکی شاعیری زەڕەنگەری هەبوو ، شیعری بەکێشی پەنجە ئەنوسی ، هەمیشە باسی لێو و ڕومەتی یاری ئەکرد ، پێی ووت : ڕاستێکەی لەم شارەدا هیچ کەسێک ناتوانێ و نازانێ زیو بناسێتەوە ..هەر هەموو تەماشای مۆری کۆمپانیا ئەکەن ، خۆ ئەگەر ئەو مۆرەی پێوە نەبێ ، ئەڵێن ئەمە زیو نییە ..
بەڵام عەولی خولە سمێڵ پێنج فلسی هەیە ، پشت حەمامی سورەت ..ئەوە هەر زۆر شارەزایە ، بیگرە و بەری مەدە …
لەگەڵ ئەوەی حەمامی سورەت زۆر دوور بوو ، بەلام خۆی پێگەیاند ..هەنگاو هەنگاو ، کەوچکەکانی دەستی هەم زڕەیان کپتر ئەبوو ، هەم کێشیان سوکتر . .
گەیشتە بەردەم دوکانێکی بچووکی داڕوخاو ، چەند پارچە ئاسن و زنجیر و قۆری زەرد و قەوانی فیشەک و تۆپی نەمساویی تێدا بڵاو بووبوونەوە .. زەمینی دوکانەکە خۆڵ بوو ، بە ڕایەخێکی کۆن و چڵکن داپۆشرا بوو ، کە پشتی کیسەڵێکی چڵکنی پیری بیر ئەهێنایەوە ..
پیاوێکی سمێڵ فش ڕاوەستابوو ، لێی پرسی: دوکانی وەستا عەبدول ـــــ
قسەکەی پێ بڕی : ووتی بەڵێ ئەمەیە ..
خەریک بوو پێی بڵێ ئەو سمێڵ پێنج فلسیە و تۆ سمێڵ بابڕ ..
بەڵام هیچی نەووت.. کەوچکەکانی نیشان دا ..
تەماشایەکی كردن ، سمێڵێکی لار کردەوە ، گازی له دانەیەکیان گرت ..
ووتی : هیچیان زیو نین ..!
لەو کاتەدا ، بۆی دەرکەوت سمێڵی ناجێگیرە ، واتا لە هەندێ گۆشەی بینینەوە ، سمێڵی وەک ئەوەی هیتلەر دەردەکەوت و.. لە هەندێ گۆشەی تریشەوە ، وەک سمێڵی فریدریک نیتشەی لێ ئەهات ..

Previous
Next
Kurdish