 
	لە چاوەڕوانی گۆ (تۆ )دا … نەوزاد بەندی
Closed							
	
						
						
					وات ئەزانی
زۆر ئاسانە چاوەڕوانیی ؟
یان کاتی من
بە کەرەستە و
کەل و پەلی خۆت ئەزانی ؟
بە داخەوە
زۆر بێ خەم بووی
نەتئەزانی ،
شەو  نەخەوتم
تا بەیانی ..
ئەموت کامیان لە بەر بکەم ؟
کام ڕەنگەیان لە سەر بدەم ؟
کام عەتر لە خۆم بپژێنم ..؟
کام پێڵاویان ..
بۆ ھەنگاونان لەگەڵ  ئەودا
بە کاربێنم ؟
وا ئەزانی
بۆ دار و تەختە ئەڕوانی ..؟!
نەتئەزانی
چەندەھا کار و پرۆژەم
بۆ بێگارییەکەی جەنابت
کردۆتە قۆچی قوربانیی 
نەتئەزانی 
لە نێوان تۆ و
خەرمانێک زیکر و تەقوادا ،
کەوتبوومە
دەریای قوڵی پەشیمانیی
نەتئەزانی 
لە بارەی وردی و ماندوێتی  و
ھەڵس و کەوتم 
ھیچ نازانی ..
پەیکەرێکی  وشک  و بێ گیان 
وەک ( کانییەکی
ڕوونی
بەر
تریفەی
مانگە شەو)
من بۆم ئەڕوانی ..!
— ئەوەی ناو کەوانەکە نیوەدێڕێکی گوران ە—


 
			 
			 
			