پیاوى سپى بۆ ڕۆژى ڕه‌ش … فەیسەل محەمەد
له‌پاش په‌یامه‌كه‌ى بارزانى، كه داواى كردبوو كه‌سێك بۆ شوێنه‌كه‌ى دیاریی بكه‌ن، تا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێته‌وه، له‌ناوه‌ندى سیاسى و میدیایى دا، ناوى چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى سیاسى و ناسراوى كوردستان بۆ (پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم) كه‌وته به‌رباس، یه‌كێك له‌و ناوانه، كاك (جه‌لالى سام ئاغا)یه، كه كه‌سایه‌تییه‌كى ناسراو و نیشتمانى و پسپۆرٍێكى دیارى بوارى دارایى و ئابورییه و دوا پۆستیشى له‌حكومه‌تدا، به‌رله خانه‌نشینبونى (سه‌رۆكى دیوانى چاودێرى دارایى) سلێمانى بووه، ئه‌و وه‌ك كه‌سێكى بێلایه‌ن و خاوه‌ن ئه‌زمونى ده‌یان ساڵه له پۆستى ئیداریى و حكومى، توانیویه‌تى له ماوه‌ى كاردنیدا، متمانه‌یه‌ك له‌نێوان خۆیى و خه‌ڵكدا دروستبكات و سه‌ربه‌رزانه و بێ منه‌تانه ماوه‌ى كاركردن و به‌رپرسیارێتى وه‌ك سه‌رۆكى چاودێرى دارایى ته‌واوبكات و له دواجاردا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى له‌و كاره ڕابگه‌یه‌نێت..پاش ئه‌مه‌ش چه‌ندینجار له‌لایه‌ن (مه‌سعود بارزانى و جه‌لال تاڵه‌بانى و نه‌وشیروان مسته‌فا و نێچیرڤان بارزانى) و چه‌ندان سه‌ركرده و به‌رپرسى دیكه‌وه، داواى لێكراوه كه بگه‌ڕیته‌وه سه‌ر وه‌زیفه و پۆستێك وه‌ربگرێت و هاوكاریانبێت له‌حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌تیكردوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ى گرنگه بوترێت: ئه‌وه‌یه‌كه هه‌روه‌ك چۆن له ڕابردودا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى له دیوانى چاودێرى دارایى، شۆكێك بوو به‌شێك له‌خه‌ڵكى نیگه‌رانكرد، (روونكرنه‌وه)كه‌ى (١٠ كانونى دووه‌مى ٢٠١٧)و چه‌ند رۆژى پێشوشى به په‌سه‌ندنه‌كردنى ئه‌و پێشنیاره‌ى بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، دیسانه‌وه به‌شێكى باش له گه‌نده‌ڵكاران دڵخۆش ده‌كات و خه‌ڵكانى خه‌مخۆر و دڵسۆزیش نیگه‌ران، چونكه به‌درێژایى مێژوو دووركه‌وتنه‌وه‌ى خه‌ڵكه دڵسۆز‌و خه‌مخۆره‌كه، هه‌میشه زه‌مینه‌یه‌ك بووه بۆ هاتنه پێشه‌وه‌ى مرۆڤه مشه‌خۆرو گه‌نده‌ڵكاره‌كان، بۆیه به‌بڕواى من خه‌ڵكانى وه‌ك جه‌لالى سام ئاغا و هاوشێوه‌كانى، نابێ بێده‌نگ و دوره‌په‌رێز و ته‌ماشاكه‌ربن، به‌ڵكو ده‌بێت، به‌شدارو خاوه‌ن بڕیار‌و بوێر‌و كاریگه‌ربن، چونكه كاك جه‌لال به‌ئه‌زموون سه‌لماندویه‌تى كه تاچه‌ند ئه‌مین و به‌خشنده‌یه، ئه‌و له‌ماوه‌ى (٩) ساڵ كاركردنى وه‌ك (سه‌رۆكى دیوانى چاودێرى دارایى) سلێمانى، توانیویه‌تى ناو و دۆسییه‌ى (٨٦) كه‌س راده‌ستى داواكارى گشتى هه‌رێم‌و (٢٧٢٥) راپۆرتیشى راده‌ستى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بكات، كه (سه‌دان هه‌زار) دۆلارى دزراو هه‌زاران پارچه زه‌وى و موڵك و ماڵى گشتى تاڵانكراویان له‌خۆگرتبو، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى (خانوه‌كه‌ى سه‌رچنار)ى كه له‌كاتى خۆیدا به (٧٠٠) هه‌زار دۆلار خه‌مڵێنراوه، له (٢٠٠٢)وه، به‌خشیویه‌تى به (وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى) تا دواى خۆى بكرێته بنكه‌یه‌كى ته‌ندروستى بۆ خزمه‌تى هاوڵاتیان و ئاخر موڵك و ماڵیشى، كه پارچه زه‌وییه‌ك بوو له سلێمانى، فرۆشتوه و پاره‌كه‌ى خستوه‌ته بانكه‌وه به‌ناوى (ده‌زگاى چاودێرى دارایى)یه‌وه، تا ساڵانه سوده‌كه‌ى وه‌ك رێزلێنان پێشكه‌شى فه‌رمانبه‌رانى سه‌ركه‌وتوى دیوان و خانمه سه‌لاره‌كانى ئه‌و ده‌زگایه بكرێت، پێش خانه‌نشینبونیشى به‌پله‌ى وه‌زیر، پێشنیارى بۆ (د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران) كردوه، كه مووچه‌ى مانگانه‌ى خانه‌نشینییه‌كه‌ى ببه‌خشرێته (ده‌زگاى شه‌هیدان‌و كه‌مئه‌ندامان)، له‌كاتێكیشدا كه بریكارى وه‌زاره‌تى ئابورى و دارایى و پاشانیش سه‌رۆكى دیوانى چاودێریش بووه، به‌نوسراوى فه‌رمى داواى له (ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران) كردووه، كه مووچه‌ى مانگانه‌كه‌ى كه‌مبكرێته‌وه له‌به‌ر دۆخی ئابوری ئه‌وكاتی كوردستان، ئه‌م پیاوه نه‌ك هه‌ر له‌شار به‌ڵكو له‌شاخیش، هه‌ڵگرى هه‌مان ئه‌خلاقیات و ده‌سپاكى و دڵسۆزیى بووه، ئه‌و رۆژگارێك رووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵى بووه‌ته‌وه، كه گه‌نده‌ڵى نه ناو و بووه و نه باو، له ساڵى (١٩٧٤) وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كى شۆڕشى ئه‌یلول، كاتێك به‌رپرسى مالییه‌ى ده‌زگاى ڕاگه‌یاندنى شۆرش بووه، له‌شاخیش به‌لیستێكه‌وه به‌دواى ناوى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌دا گه‌ڕاوه، كه له‌شار فه‌رمانبه‌رى حكومى نه‌بوون و له‌شاخ خۆیان وه‌ك فه‌رمانبه‌رى شار ناونوس كردوه، تا بڕێك مووچه‌ى زیاد له‌وه‌ى خۆیان وه‌ربگرن.
خاڵێكى دیكه‌ى به‌هێزى ئه‌م كه‌سایه‌تییه و هۆكارێكى دیكه‌ى پێویستبوونى ئه‌م پیاوه‌سپى یه، بۆ ئه‌م ڕۆژه ڕه‌شه، ئه‌وه‌یه كه: موڵكى هیچ حیزب و لایه‌نێكى سیاسى دیاریكراو نییه و كایگه‌ریى هیچ خێزان و بنه‌ماڵه‌یه‌كى له‌سه‌ر نییه و دوور له ڕۆحى شارچێتى و ناوچه‌گه‌رێتى و ته‌كه‌تول و باڵ، وه‌ك كه‌سێكى سه‌ربه‌خۆ به‌یه‌ك دووریى و مه‌سافه له‌هێز‌و لایه‌نه‌سیاسییه‌كان وه‌ستاوه.. بۆیه له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆدا هه‌موان شاهێدى بۆ ده‌ده‌ن و داواى لێده‌كه‌ن و له‌مسه‌رى راسته‌وه بۆ ئه‌وسه‌رى چه‌پ، دۆست و دوژمن و یارو نه‌یار، له‌سه‌رى كۆك و ته‌بان..ئه‌وه‌تا كاتێک كه جه‌لالى سام ئاغا، له رۆژى جیهانى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، له‌لایه‌ن (رێكخراوى گه‌شه‌پێدانى ئابورى- كیدۆ) خه‌ڵاتى كه‌سایه‌تى ساڵى پێده‌به‌خشرێت، كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌په‌یامێكدا به‌وبۆنه‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌و ماوه‌یه‌ى له‌گه‌ڵ كاك جه‌لالى سام ئاغا كارمكرد، به‌ڕاستى نمونه‌ى سه‌رۆكێكى ده‌ستپاك و جوامێره و ئه‌وماوه‌یه‌ى كه له وه‌زاره‌تى دارایى و ئابووریى بوو، خزمه‌تێكى زۆرى كرد و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵى نه‌كردوه، كارێكى بێ قانونى ئه‌نجام بدرێت.
هه‌رله‌م بۆنه‌یه‌دا، د.به‌رهه‌م ساڵحیش، ده‌ڵێت: من وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌ت سودمه‌ند بووم له ڕاوێژ‌و بیروبۆچون و راپۆرته‌كانى كاك جه‌لالى سام ئاغا، له‌بوارى دارایى و به‌ڕێوه‌بردن و ده‌ستگرتن به سه‌رچاوه‌كانى داهاته‌وه، رێگرى له زیاده‌ڕۆیى و خه‌رجى حكومى و به‌فیڕۆدانى داهاتى گشتى، له‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و داموده‌زگا فه‌رمیه‌كان، نیشانه‌ى خه‌مخۆرى و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى كاك جه‌لالى سام ئاغا بوون بۆ كاره‌كه‌ى و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى میلله‌ته‌كه‌ى و چه‌سپاندنى بنه‌ماكانى ده‌ستپاكى و حكومه‌تێكى دروست.
عه‌دنان موفتى، له‌هه‌مان بۆنه‌دا ده‌ڵێت: من جه‌لالى سام ئاغام له‌نزیكه‌وه ناسیوه و به‌رپرسیاریى هاوبه‌شمان هه‌بووه، له (٣) ساڵى كاركردنم له‌گه‌ڵى، به‌ڕاشكاوى ده‌یڵێم: وه‌ك جێگرى وه‌زیرى دارایى هاوكاریى زۆرى كردووم و سودێكى زۆرم له ئه‌زمون و شاره‌زاییه‌كانى بینیوه له‌بوارى به‌ڕێوه‌بردن و داراییدا و جێ په‌نجه‌ى به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنى وه‌زاره‌ته‌وه دیاربوو، جه‌لالى سام ئاغا هه‌ر له‌كارى وه‌زیفیدا كه‌سێكى خۆنه‌ویست نه‌بووه، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵایه‌تى و مرۆڤدۆستیش كه‌سێكى به‌خشنده‌بووه و هه‌موو موڵك و ماڵه‌كه‌ى به‌خشیوه.
قوباد تاڵه‌بانیش، له په‌یامێكدا‌و بۆ هه‌مان بۆنه ده‌ڵێت: وه‌ك جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، جێى شانازیمه، كه‌له‌م ڕۆژه‌دا، وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ هه‌وڵ و ماندوبوونى كه‌سایه‌تى ناسراو و دڵسۆزى كوردستان و شارى سلێمانى، ڕێز له كاك جه‌لالى سام ئاغا ده‌نرێت..چونكه كاك جه‌لال له‌ته‌مه‌نى پڕبه‌رهه‌مى خه‌باتى كوردایه‌تى و له‌ته‌مه‌نى پڕ كۆششى كارى حكومه‌تدا، یه‌كێك بووه له‌و پیاوه ئازا‌و تێكۆشه‌رانه‌ى كه هه‌میشه به‌بڕواى ته‌واوه كارى بۆ زیادكرنى شه‌فافیه‌ت و دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى و خراپ به‌كارهێنانى موڵك و ماڵى میلله‌ت كردوه و له‌م پێناوه‌شدا زۆر ماندووبووه.
هه‌روه‌ها له‌ساڵى (٢٠١٣)دا،نەشیروان مسته‌فا له پرسى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، چه‌ندینجار پێشنیارى جه‌لالى سام ئاغاى كردووه بۆ ئه‌و پۆسته، له‌به‌رئه‌وه‌ى پیاوێكى بێلایه‌ن و بوێره و لاى هه‌موان قبوڵكراو و ده‌ستپاكه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى پێشوتریش، له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه راسپێردرابوو، كه (وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم) وه‌ربگرێت‌و له‌دوا په‌یوه‌ندى ته‌له‌فونیشدا‌و له مانگى (١٢/٢٠١٦) دا، نوشیروان مسته‌فا سه‌باره‌ت به پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌وه، به‌درێژى قسه‌ى له‌گه‌ڵ كردووه.
هه‌روه‌ها سیاسه‌تمه‌دارى ناسراو (به‌هادین نورى) له‌مباره‌یه‌وه وتویه‌تى: له‌دڵه‌وه به‌بیستنى ئه‌م هه‌واڵه خۆشحاڵ بووم، كه ناوى ئه‌و كه‌سایه‌تییه هاتوه بۆ ئه‌و پۆسته‌من به هه‌ر ده په‌نجه‌كه‌م ئیمزا بۆ ئه‌م پیاوه ده‌كه‌م بۆ ئه‌م پۆسته‌و داواده‌كه‌م كه ئه‌ركێكى له‌وشێوه‌یه ره‌تنه‌كاته‌وه، له‌دانیشتنێكى رووبه‌ڕووشدا به جه‌لالى سام ئاغاى وتووه: ئێوه كه‌سێكى شیاون بۆ ئه‌و جێگه‌یه‌و ده‌توانن كاریگه‌ریتان هه‌بێت، چونكه ئه‌وكاره به‌كه‌سێك ده‌كرێت، كه‌له گرێى فیكرى نه‌ته‌وه‌یى رزگارى بووبێت و كه‌سێكى نیشتمانى‌و لیبراڵ و دیموكرات و مه‌ده‌نى و ده‌ستپاك و ئه‌مین و به‌ئه‌زمون بێت..ئه‌م سیفه‌تانه‌ش له‌ئێوه‌دا به‌دیده‌كرێت.
ئه‌مه له‌سه‌ر ئاستى فه‌رمى و حكومى، له‌سه‌ر ئاستى خه‌ڵك و شه‌قامى كوردیش، نازناوى (پیاوه سپى)یه‌كه، كه گه‌وره‌ترین پۆسته له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه به‌خشراوه‌ته ئه‌م كه‌سایه‌تییه.
ئه‌مه له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆى كوردستان، له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه‌ش سام ئاغا كه‌سایه‌تییه‌كى ناسراوو متمانه‌پێكراوه‌و ناوبانگى گه‌یشتوه‌ته ده‌ره‌وه، هه‌ربۆیه له‌لایه‌ن (یه‌كێتى ئابوریناسان‌و كارگێڕیناسان)ى وڵاتانى ئه‌وروپاوه رێزى لێنراوه‌و پاداشتى ساڵانه‌ى له‌بوارى ده‌ستپاكیدا پێبه‌خشراوه‌و وه‌ك كه‌سایه‌تى ساڵ ده‌ستنیشانكراوه.
ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى كه ساڵانێكى زۆره، سوود له‌و میراته مه‌عنه‌ییه‌ى كه‌له راپۆرته ئاماده‌كراوه‌كانی پاش خۆى جێیهێشتوه، ده‌بینرێت‌و راپۆرته‌كانى سام ئاغا بوونه‌ته چه‌كى ده‌ست و به‌ڵگه‌ى حاشاهه‌ڵنه‌گرى ده‌ستى په‌رله‌مانتاران و میدیاكاران و خۆپیشانده‌ران، چونكه پێش دروستبونى ئۆپۆزسیۆنیش له‌كوردستان ئه‌م ڕچه‌شكێن بوو له‌چاودێریكردنى وردى خراپ به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات.
پیاوێك، كه ئه‌م هه‌مو شاهێدى و گه‌واهیه‌ى له‌سه‌ر ئاستى خه‌ڵك و حكومى و فه‌رمى و ئیداریى و حیزبى و سیاسى و ده‌ره‌وه و ناوه‌وه و له‌لایه‌ن یارو نه‌یار‌و دۆست و دوژمنه‌وه‌ى بۆبدرێت و له‌م زه‌مه‌نى بێ متمانه‌ییه‌دا ئه‌و خاوه‌نى ئه‌م هه‌مو متمانه‌یه و ئه‌و هه‌موو ئه‌زمون و ده‌ستپێشخه‌رییه بێت، كوڕى ئه‌م رۆژه ره‌شه نییه و بابه‌تێكى له‌مجۆره جێگه‌ى بایه‌خ و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردن نییه؟
من شتێكى زیادم له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه نه‌وتووه و ره‌نگه زۆرێكیش نه‌وترابێت و ساڵانێكیشه هیچم نه‌نوسیوه و له‌سه‌ر هیچ كه‌سیش قسه‌م نه‌كردووه، به‌ڵام له‌ئاوا دۆخێك و بابه‌تێكى ئاوا گرنگ و چاره‌نوسساز و نیشتمانیدا، (روونكردوه)كه‌ى جه‌لالى سام ئاغا رایچڵه‌كاندم، بۆیه وه‌ك ئه‌ركێكى ئینسانى و نیشتمانى و رۆژنامه‌وانى و به‌حوكمى نزیكى و ناسینم له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌و وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ ئه‌و هه‌موو بوێرى و له‌خۆبردوویى و خزمه‌ته‌ى به پێویستم زانى شتێك بڵێم، چونكه ئه‌م پیاوه وه‌ك خۆى به‌و هه‌موو گه‌وره‌یى و به‌خشین و ئه‌زمون و خزمه‌ت و بوێرییه‌وه، پیاوێكى بێده‌نگه و بۆ رۆژێك ئاماده‌نه‌بووه، له‌شاشه‌ى تیڤى و رووپه‌ڕى رۆژنامه‌یه‌كه‌وه سنگ ده‌رپه‌ڕێنێ و كه‌مترین قسه له‌سه‌ر خۆى بكات و كاره‌كانى خۆیمان پێ بفرۆشێته‌وه و ته‌نانه‌ت بۆ جارێكیش رێگه‌ى به‌خۆى نه‌داوه بچێته هۆڵى مه‌راسیمه‌كان‌و ده‌ركه‌وێت و خه‌ڵاته‌كانى وه‌ربگرێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه هه‌ندێجار رۆژنامه‌نوسان به جه‌لالى سام ئاغا، ده‌ڵێن: (ئه‌و پیاوه‌ى قسه‌ناكات(.
ده‌بێ بشپرسین: پاش دووركه‌وتنه‌وه و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سام ئاغا، چه‌ند هه‌نگاوى عه‌مه‌لى و جدى و بوێرانه نراوه، بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و پاراستنى موڵكى گشتى؟ ئه‌ى پێش ئه‌و و دواى ئه‌ویش چ كارێكى گه‌وره كراوه له‌ملایه‌نه‌وه‌و له‌غیابى ئه‌ودا چه‌ند كاره‌ساتى تر خولقاوه؟ ئه‌و له‌كاتێكدا ده‌ست بۆ قوتى خه‌ڵكى ده‌برێ و خه‌ڵكى نان‌بڕاو ده‌كرێت، ئه‌و قوت و تیكه‌ى ده‌مى خۆى به‌خه‌ڵكى ده‌دا، ئه‌مه‌ش ئاسمان و رێسمانه.
ئه‌وه‌ى رایچڵه‌كاندم و هه‌ستى بێ ئومێدى زیاترى لادروستكردم، ئه‌و پرسیاره‌بوو كه: ئاخۆ پیاوێك (٤٧)ساڵ كارمه‌ندى ده‌وڵه‌ت و نیوسه‌ده له‌وه‌زیفه‌ى ئیداریى و قانونى و پێشمه‌رگایه‌تیدا بوبێت و به‌م هه‌موو ئه‌زمون و خه‌بات و ناسراویى و متمانه و ده‌سپاكى و دڵپاكى و پشتیوانییه‌وه، ترسى هه‌بێ له‌چاره‌سه‌رى ئه‌م دۆخه‌و زات نه‌كات بچێته ژێربارى ئه‌م ئه‌رك و به‌رپرسیارێتى یه‌وه..ده‌بێ كێ دنیاى ئێمه بگۆڕێ بۆ رۆژگارێكى روونتر؟؟
ئه‌وێك كه توانیبێتى ساڵانێك له‌مه‌وبار‌و له‌ودۆخه‌دا، وه‌ك سه‌رۆكى دیوانى چاودێریى، چه‌ندین به‌رپرسى سیاسى و حكومى گه‌وره‌و به‌ده‌سه‌ڵات، راپێچى دادگا‌و به‌رده‌م قه‌فه‌زى توهمه و تاوان بكات و چه‌نده‌ها ملیۆن دۆلار له‌قوڕگیان ده‌ربێنێته‌وه، دڵنیام له‌م پۆسته‌شدا ده‌توانێ هه‌نگاوى گه‌وره بنێت، با رێگرییه‌كانیش زۆربن، ناگه‌نه ئاستى ئیراده و بوێرى و دڵسۆزى ئه‌م پیاوه، ئه‌مه سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه له‌مكاره‌دا به‌شێكى باش له‌خه‌ڵك و كه‌سایه‌تى و سیاسیه‌كانیش پشتیوانى لێده‌كه‌ن و ره‌نگه له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه‌ش هاوكاریى بكرێت، خۆ ئه‌گه‌ر رێگریشى كرا‌و هیچیشى پێنه‌كرا، با وه‌ك پیشه‌ى هه‌میشه‌یى و سه‌ربه‌رزانه و بێمنه‌تانه، دیسانه‌وه و جارێكی‌تر بڵێ: “شه‌ره‌فمه‌ندنیم به وه‌زیفه‌كه‌تان و من جسمێكى غه‌ریبم له‌ناوتانا” ئه‌مه‌ش ده‌بێته سه‌روه‌رییه‌كى دیكه بۆت و لاى خه‌ڵك و خوا‌و مێژووش وننابێت، بۆیه سام ئاغا له‌م دۆخه‌دا ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێكى كه‌میش بنێت بۆ چاره‌سه‌ر، باشتره له‌وه‌ى ئه‌و شوێنه چۆڵبكات بۆ كه‌سانێك، كه دڵنیانین، له ئاستى ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌دایه یان نا، چونكه بێده‌نگى و دووره‌په‌رێزی و بێباكى و كه‌مته‌رخه‌میشیان، به‌دیوێكى دیكه‌دا، ئه‌م كه‌سانه ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتى خه‌ڵك‌و مێژوه‌وه، به‌وپێیه‌ى كه ئه‌مجۆره كه‌سایه‌تیانه بوونه‌ته موڵكى گشتى، هه‌ربۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌نوخبه‌ى سیاسى ده‌سه‌ڵاتدار بێ ئومێد بوبێت، ده‌بێ ئه‌و خه‌ڵكه‌ى كه هه‌موو ژیان و سامانى خۆى پێبه‌خشین، به خاڵى به‌هێز و به‌پشتیوان و جێگه‌ى ئومێدى خۆى بزانێت، هیچ شتێكیش هێنده‌ى ئیراده‌ى خه‌ڵك و پشیوانى جه‌ماوه‌ر به‌هێزنییه، مێژوو واده‌ڵێ.
چۆن حكومه‌ته‌كه‌ى شێخ مه‌حمودى مه‌لیك، پێویستى به (كه‌ریمى عه‌له‌كه)یه‌ك هه‌بوو بۆ خه‌زێنه‌ى ده‌وڵه‌ت، خه‌ڵك‌و حكومه‌تى هه‌رێمیش پێویستى به‌م پیاوه سپى یه‌و (كه‌ریم) ێكى دیكه‌یه.
من به‌حوكمى دۆستایه‌تى و نزیكیم له‌م پیاوه، دڵنیام وه‌ك چۆن هه‌میشه پۆست و پله و پایه‌ى ره‌تكردوه‌ته‌وه، له‌وه‌ش دڵنیام كه جه‌لالى سام ئاغا، پێویستى به‌م پۆسته نییە، به‌ڵكو خه‌ڵك و دۆخه‌كه و پۆسته‌كه پێویستیان به ئه‌وه..
سام ئاغا..ئه‌وه‌ى هه‌یبو‌و به‌خشى، له‌ته‌مه‌ن و له ئه‌زمون و له‌توانا و بوێرییه‌كانى له به‌گژاچونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و له بێمنه‌تى له‌پۆست و پایه، ئه‌وه‌ش فه‌لسه‌فه‌ى ژیانییه‌تى، وه‌ك (حه‌مدى) شاعیر ده‌ڵێ: “وه‌ره حه‌مدى، ئه‌وى ماڵه له‌پێش خۆتا ره‌وانه‌ی كه‌ى…..ئه‌وى رۆیى ئه‌وا رۆیى، ئه‌وى جێید ێڵى كه‌ى ماڵه”.
دواجا ده‌ڵێم سام ئاغا پێویسته له‌نێوان (ئومێد‌و بێ ئومێدی)دا، ڕێگایه‌كی دیكه بدۆزێته‌وه و هه‌نگاوێكی دیكه بنێت .. چونكه له‌زه‌مه‌نی بێ ئومێدیدا، ته‌نها ئه‌مجۆره مرۆڤانه ده‌توانن ئومێدێك بگێڕنه‌وه .. نه‌ك ئه‌وانه‌ى كه بێ ئومێدیان كردین .. له‌خۆمان و بێ ئومێدیان كردین له نیشتمان و له ژیان.