Skip to Content

(ئۆلیڤەر تویست)، لە نۆرینگەی دکتۆرێکدا.. فازیل شــەوڕۆ

(ئۆلیڤەر تویست)، لە نۆرینگەی دکتۆرێکدا.. فازیل شــەوڕۆ

Closed
by نیسان 6, 2023 General, Literature

“مامۆستا، خۆزگەم بە ڕۆژانی ئۆلیڤەر تویست!” ناسیاوێکی گۆپاڵبەدەستی ڕیش ماشوبرنجی باڵابەرزی نەختێ گەنمڕەنگ، کە ڕۆژێک، لەسیلەی کۆڵانێکی شاردا تووشم بوو وای پێگوتم. منیش بە خەندەوە گوتم:”نەکەی بڵێی خوێندکاری تۆ بووم، خۆ تۆ لە من پیرتر دیاری!” ئەوجا بە هێمنی و هەناسەیەکی پر لە سۆز و حەنین، گوتی:”جا کەس هەیە، لە دوو دەرسی تۆ ئامادە بووبێت و گێڕانەوەی ڕووداوەکان و وەسفی کەسایەتییەکانی ئەو ڕۆمانە ناخهەژێنەی لەبیر چووبێتەوە، کە تۆ لە شێوەی شانۆگەریدا بۆ ئێمەت نمایشت دەکرد. دەزانێ ڕۆژێک دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک بە چاوانم دادەهاتە خوارە وە کە ئۆلیڤەر لە بەرچاوما، لەبرسان بە زمان دەفری چێشتەکەی دەلێسییەوە! ئەدی ئەو ڕۆژەی دەمانچەکەت لە ژێر چاکەتەکەت ڕاکێشا و نانسیت کووشت و پۆلەکەت هێنا خرۆشان! توخوا مامۆستا، ئەوە دەمانچەی بە ڕاستی بوو یان نا؟”
ڕۆمانی ئۆلیڤەر تویست لە نووسینی چارلز دیکنز(١٨١٢ – ١٨٧٠)، گەورە نووسەر و ڕەخنەگری کۆمەڵایەتی ئینگلیزە. ڕۆمانەکە کە لە ڕێی منداڵێکی هەتیوخانەکانی ئینگلتەرا، ڕەخنەی توندی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئەخلاقی لە حکوومەتەکەی ئەو کات دەگرێت و ڕووداوەکانی ڕۆمانکە دەگاتە هۆڵی پەرلەمان و تەواوی کۆمەڵکای ئینگلیز دەهەژێنێ و دەبێتە مایەی گۆڕینی چەندان یاسا وفرمانی وڵات.
چارلز دیکنز بە مەزنترین ڕۆماننووسی سەردەمی ڤیکتۆریا دادەنرێت. بەرهەمەکانی کە تا ئێستا نزیکەی (٢٠٠) ملیۆن دانەیان لێ فڕۆشراوە، بۆ زۆربەی زمانەکان وەرگێڕدراون.
دەمەو عەسری دوێنێ، بۆ پشکنین و چارەی سووکە نەساغییەکی خۆم، چوومە نورینکەی دکتۆر دەوەن حەوێزی لە کۆیە. دوای ناونووسکردنم، یەکێک لە دوو کیژۆڵە لەچەکدارەڕەشپۆشەکانی لە پشت مێزی نووسینگەکە دانیشتبوون، دوای لێکردم کە دانیشم و نەختێ چاوەڕێ کەم. لە نزیک دەرگا شووشەبەندەکەی هۆڵی چاوەڕوانی، کە لە نهۆمی ئەرزی بوو، دانیشتم. هۆڵە کە دوو ڕیز تەخت و کورسیی سەردەمییانەی ڕوو لەیەکتری تێدابوو، پاکژ و ڕێکوپێک ومۆدرن دیاربوو. نزیکەی دە دوانزدە نەخۆش و یاوەری نەخۆش، لە ژن و پیاو و منداڵ، وەک من نۆبەیان گرتبوو. نەمزانی ئەو دوو کیژۆڵە ڕۆحسووکەڵەی نووسینگەکە، لە بەر خاتری ڕەمەزان ڕەشپۆش بوون، یان تازیەدار بوون. نۆرینگەکەی دکتۆر دەوەن کە بە داڵانێکی دیکۆرجوان بۆی دەچووی، لە لای دەستە ڕاست بوو، نۆرینگەی پشکنینی تیشک و سۆناریش لە لای دەستە چەپ. لە دڵی خۆمدا، خواخوام بوو، دکتۆر دەوەن لە کامێرای چادێری یان لە نامەی کۆمپیتەرەکەی بەردەم ئەو دوو گیژۆڵە، نەمبینی و نورەکەم، وەک ڕیزلێنانێک، پێش نەخات. حەزناکەم، مافی چاوەڕوانیی نەخۆشی دیکە بخۆم کە ئەوانیش وەک من یان خراپتریش، ناساغن. جگەرکێشێکی پێنەچوو، گەنجێکی باڵابەرزی قیت و قۆزی شەرواڵ لەپێ کە تەنکە ڕیشێکی قەترانی هەبوو، لەگەڵ کچۆڵەیەکی شەش حەوت ساڵان بە ژوورێ کەوتن و پەڕە کاغەزێکیان بە دەستەوە بوو. یەکسەر هەردووکیان هاتنە بەردەمی من و ڕاوەستان، ویستم ئاماژە بۆ مێزی نووسینگەکە بکەم و نیشانیان بدەم، بەڵام گەنجەکە بە مینگە مینگێک و دەست پانکردنەوە داوای یارمەتی لێکردم. وەک کەسێکی حەپەساو، من هەردوو چاوم لەو گەنجەکە و ئەو کچۆڵە بڕیبوو، نەمدەزانی ئەوە نمایشە یان ڕاستیی! من هیچ خۆم تێکنەدا و جوولەم نەکرد، ئەوان وەک پەیکەر هەر بەرامبەرم بوون و شتێکیان دەگوت، کوردی بوو و کوردیش نەبوو. بێدەنگی وهێمنی هۆڵەکە باڵی بەسەر شانۆیەکەدا کێشابوو، دوای ماوەیەک ئەوجا گەنجەکە چووە بەردەم نەخۆشەکەی تەنیشتم، ژنە هەزار دیناری لە مستی نا. لە ڕیزی بەرامبەریش باوکێک کە منداڵەکەی هێنابوو، هەزار دیناری دایە… ئەوجا چوونە بەردەم سێ کەس کە پیرێژنێکی نەوەد ساڵیان هێنابوو، هەرچەند دەگەڕان لە نیو گوژمە پارەکانی ناودەستیان هەزار دینارێکیان نەدۆزیەوە، ژنێکیان پێنج هەزارییەکی لە دەستی منداڵەکەی نا و ڕۆیشتن.
وەک برووسکە، لە چەند چرکەیەکدا دەیان پرسیار مێشکیان سمییم! چۆن ئەو گەنجە قۆزە، بە بەرچاوی ئەو هەموو خەڵکە و ئەو کیژە نازادارنە ڕوویهات، وا خۆی زەلیل کات و بەو هەموو قەڵافەتەوە دەست پان بکاتەوە! جا کە پێشی دەڵێن”خودا بتداتێ.” چاوقایمتر ڕادەوەستێ و بە دەستەواژە و پاڕانەوەی کاریگەرتر، بەرۆکت دەگرێ. خۆم بە بیرهاتەوە، هەر شانزدە حەفتە ساڵان بووم، ڕۆژێ باوکم زیللەیەکی لە بنا گوێی دام و بەسەرمدا شیڕاندی:”حۆلە! ئێستا، ئەتو لۆ ناچی ئەو تەنەکە ڕوونە لە کن فائیقی مام سارحی بینییەوە؟” هەرچەندە من ناحەقی باوکم نەدەگرت، ئەو بە چەکوچ و پلایسێک، ٢١ کەسی بەخێودەکرد، بەڵام منی هەرزە، دەمەویست وەختێ بچم ئەو تەنەکە ڕوونە ١٦ کیلۆییە بێنمەوە کە بازاڕ نەختێ چۆڵ بێ. حەزم نەدەکرد و شەرممیشم دەکرد کەس بمبینی تەنەکە ڕوونم لەسەر شانییە! باشە، ئەو گەنجە جوانە ئەو هەموو جورئەتەی لە کوێ هێناوە وا بچێتە ناو چاوی ئەو خەڵکە و بپارێتەوە؟ لە خۆشم دەپرسی: دەبێ، بەڕاستیی ئەو موحتاج نەبێ؟ یان لە دەرۆزەکەرە ساختەچییەکانە؟
هێشتا پیاڵە خەستەکەی پرسیارەکانی ئەو گەنجە بەرینەدا بووم، هێندەم زانێ گەنجێکی دیکە بەژوورێ کەوت، کتومت دەتگوت جومکی سوالکەری یەکەمە، ئەوەیش دەستی کوریژگەیەکی هەشت و نۆ ساڵی گرتبوو، هەردووکیان شەرواڵ و کۆنە قەمسلە و فانیلەیان بۆشی بوو، ڕۆژەکەی تەواو سارد بوو ئەو چەند ڕۆژە بەهارییە. لەم پەردە نوێیەدا، کوڕە قیت و قۆزە چاو ڕەشەکە، نووقەی لێوە نەهات، منداڵەکە ڕۆڵی سوالکەرێکی بیست ساڵەی دەگێرا… دەنووزایەوە… دەپاڕایەوە…، دەستی پاندەکردەوە، کە نەخۆشەکە ڕووی خۆی وەردەگێڕا، منداڵەکە بە هێمنی دەستێکی لە شانی دەدا و ڕشتتر داوای یارمەتی لێدەکرد، تووتڕکی کەسی بەرنەدەدا، گەنجەکەش هەر بە چاو دەپاڕایەوە. کەس لە نەخۆشەکان دەستی بۆ باخەڵی نەبرد، بە دڵساری و دەست بەتاڵ ئەو دووانە هۆڵەکەیان بەجێهێشت.
نۆڕەی خۆم هات، یان دکتۆر دەوەن پێشی خستم، نازانم!
هێندە بە ڕیز و حورمەتەوە دکتۆر پێشوازی لێکردم، خەجاڵەتی کردم. هەمیشە ڕوخسار و گفتولوتفی دکتۆر بۆ نەخۆش، پێش چارە، دەبێتە دەرمان. جەرگسۆزانە پشکنینی بۆ کردم و ویستی بچم پشکنینێکی سۆناریش، بۆ پتر دڵنایی، بکەم.

دکتۆر دەوەن، خوێندکاری من نەبووە، بەڵام دکتۆر شاهۆی برا، وابزانم دوو ساڵ، بەیەکەوە بووین لە پۆل. دکتۆر دەوەن، بەدەر لە پیشە و خزمەتەکانی پسپۆریی خۆی، یەکێکە لە کەسایەتییە جەرگسۆز و خەمخۆر و جددی و خێرخواز و چالاکەکانی شارەکە. هەرچەندە پرسیاری لە کار و چالاکییەکانی من کرد و دەمزانی حەزدەکات دوو قسە بکەین، بەڵام چونکە دەمزانی چاوەڕوانی بۆ نەخۆش چەندە زەحمەتە و ئەویش پڕ ئیشە و نۆریبگەش دیوەخان نییە، سەرپێی وەڵامم دایەوە، دەنا منیش لە دڵ حەزم دەکرد دەرفەت بووایە قسەمان لەسەر دوو سێ پرۆژە ، بۆ شارەکە، بکردبایە، کە بەڕاستی لە بەرنامەی من دان و پێویستم بە ڕاوێژ و ئامۆژگاریی کەسانی دڵسۆزی وەک دکتۆرن.
دیسان، بۆ پشکنینی سۆنار، لە هۆڵەکە دانیشتم و چاوەڕوانی بانگ کردنی ناوی خۆم بوو، من دکتۆرەکەی سۆنارم نەدەناسی. نزیکەی نیو دەمژمێرێک دانیشتم.
لەو ماویەدا، بینیم، نەخۆشێکی بە تەمەنی ڕەنگ زەرد و لاواز و بێتاقەت، چەند سۆندەیەکی لە پۆشاکەکەی دەرهاتبوو و لەسەر پشتی دەستی کانونە، بە پلاستەری چەڵکن چەسپکرابوو و پەڕەکاغەزێکی لە مست دابوو، ملی خوارکردبۆوە، ئێستانا ئێستا گیانی دەردەچێ، لە دیوی شووشەبەندەکە، لەسەر کەچە کورسییەکی چەرخەدار هاتە پێش دەرگای نورینگەکە و زەلامێکی پیرتر لە نەخۆشەکە کورسییەکەی پاڵدەدا، کە زانیم دەیەوێ بێتە ژوورەوە، گورج دەرپەڕیم، بە هێمنی دەرگا شووەشەکەم تەواو بۆ خستە سەر پشت، دەمەویست کورسییەکەی بۆ ڕاکێشم … بە دوو سێ تەکانان ئەوجا لە شیشەی بەر دەرگا پەڕیەوە. ئەویش، ڕێک هات بەرانبەرم ڕاوەستا، پیرەمێردی پشت کورسییەکە، پەڕەکاغەزەکەی هێنا پێش چاوم و ڕایگرت و گوتی، نەخۆشە و عەمەلیاتی دەوێ و دەبێ یارمەتیمان بدەی. لەو چرکە ساتە خێرایانەی تەمەنیان کورت دەکردمەوە، دەیان فلیم و گرتە و دیمەنم هاتە پێش چاو، چاوم بڕێبوە ناو چاوی نەخۆشەکە، بەڵام خەیاڵم لە جێگەیەکی دیکە بوو… جارێک لە هەولێرێ، لە چایخانەی کۆڵانەکەی بەرامبەر باتا، پیاڵە چایەکم دەخواردەوە، کتومت، سواڵکەرێک لەم شێوەیە لەبەردمم قیت بۆوە، منیش شتێکم خستە ناو لەپی. کە چایەچییەکە هات پیاڵەچایە بەتاڵەکە هەڵگرێ، پێیگوتم:”مامۆستا، ئیشێکی خراپت کرد، ئەو سوالکەرەی دەیبینی، دوو خانووی هەیە، خانوویەکی داوەتەوە کوڕەکەی خۆی، مانگانە کرێی لێ دەستێنێ!، ئەوانە خێریان پێناشێ.” لە هەمان کاتیشدا، لە دڵی خۆمدا دەمگوت:”ڕاستە، من هیلانە کۆترەیەکیشم نییە، لێ، چونکە پیرە و نەخۆشە، پێویستە یارمەتی بدەم… .” ڕەحمان و شەیتانی سەرشانەکانم شەڕیان بوو. هیچم نەدایە، گوتم،”بە زمانی بەڕۆژوو، ئەو گوناحە ناکەم، ڕۆژی پەسڵان، خۆم دەزانم چۆن جوابی خوای گەورە دەدەمەوە.”
ئەوەی کە پتر، لەم پەردەیەدا، سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو، ئەو خەڵک و خوایەی لە هۆڵەکە بوون، جگە لە کەسێک، نەک هیچیان نەدا ئەو دوو زەلامە، بەڵکوو بە تیچاوێکیش تەماشایان نەدەکردن. بۆ من دیمەنەکە نوێ بوو، بەڵام دیار بوو ئەوان هیچ سۆز و هەستێکیان بۆیان نەجولا، ڕەنگبێ شانۆگەرییەکە بەلایانەوە درۆیەکی زۆر ڕووت و بێمانا بووبێ. ئاخر، گریمان ئەو پیرەمێردە، لە ڕۆژێکدا دوو سەت هەزار دیناریش کۆکاتەوە، خۆ ناکاتە یەک دەمژمێری بەر ئەو کەشە سارد و ئەو عەزابەی سەر ئەو عەربانە شەقوپەقەی ئەو هەموو چاڵ و چۆلە. تەڕەزانیش بینی لەسەر ئەو عارەبانەی دانێت و لە کووچە و جادە و شەقامە (جوانەکانی) کۆیە بیگێڕی ڕۆحێ دەردەچێ، نەک پیرەمێردێکی پلیشاوە! باشە کوڕ و کچی ئەو پیرەمێردە چۆن دڵیان بەبەریداوە و ڕێیان داوە ئەو باوکە بەستەزمانەیان بەو حاڵەوە بگێڕن؟!
بەلای منەوە، سەیر بوو، ئەو دوو گیژۆڵەی نووسینگەکە ـ کە دواتر بوونە سێیان، بۆ سۆدرەیسەران، تەماشایەکی ئەو سواڵکەرانەیان نەکرد و خۆیان لێ نەبان دەکردن، کەئەنەما، نە کەسیان لێهاتووەتە ژوورێ و نە کەسیش چووتە دەرێ. هەقیان بە هیچەوە نەبوو. ئەوەشم هەر وا خوێندنەوە کە ڕەنگبێ بۆ ئەوان دیمەنەکە گرتەی سوواوی ڕۆژانەبێ، یان ئەوەتا ئەوانیش هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر ئەو دەرۆزەکەرانەدا ناشکێ و یاسایەک شک نابەن پشتیوانیان بێ!
لەو چاوەڕوانکردنە کورتەدا، ئەوا شەش سواڵکەرم دیت، جێگەی سەرنج بوو، هەموویان شەرواڵیان لەپێ بوو و کۆنە سەندەڵیشیان بەسەر پێوە بوو. لەو کەسانەی لە هۆڵەکەشدا چاوەڕوان بوون، هەر چوار پێنجێکیان کورد بوون، ئەوانی دیکە، هەموو برا عەرەبە چاو ڕەشەکان بوون، ئەوانیش جگە لە دوو ژن و پیاوێک، هەموو شەرواڵیان لە پێ بوو و نەعلیان بەسەر پێوە بوو. دوو شتم بینی: یەک: تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونی ئەو دوو نەتەوە جیاوازە: کورد و عەرەب، وا دێ، وردە وردە کلتووری ناوچەکە بگۆڕن، لە هەموو شاری کۆیە، بە بیرم دێ، دوو پیشەوەر، نەعلیان لە پێبوو، ئەوانیش پیشەکەیان ئەوەی دەخواست، چونکە دادەنیشتن، دەنا جاران کەس بە نەعل نەدەهاتە بازاڕی. جا گەنجێکی کوردیش هاتە ژوورە و کە دیار بوو لە ئەوروپا لەگەڵ کەپڵەکەی گەڕابۆوە، ئەو گەنجەش، گەرچی پۆشاکێکی جوان و پۆشتە و پەراغی لەبەردابوو، نەعلی بەسەر پێوە بوو نەعل و دژداشە بەشێکە لە کلتووری عەرەب. ئێستا عەرەب شەرواڵ و کورد سەندەڵی پەیدا کردوە. دووەم: عەرەبەکان، بە عەرەبی لەگەڵ دوو کیژەکەی نووسینگەکە دەئاخاوتن، بەڵام دوو کچەکە، هەر بە کوردی وەڵامیان دەدانەوە و عەرەبەکانیش خۆیان هیچ نەدەشێواند، دیار بوو چاک لە کوردی تێدەگەیشتن ـــ منیش لە هەولێر چوومە سەر چەند دوکانێک، خاوەنەکانیان هەر بە عەرەبی قسەیان دەکرد، مردن و ژیانەوە، من هەر کوردییەکەم بۆ نەکردنە عەرەبی. دەبینم بەنگلادیشی و فلیپینییەکی کرێکار، شەش مانگە هاتۆنەتە کوردستان، وەک من کوردی فێربوون، بەڵام کاکی عەرەبی چاوڕەش وا لە ٢٠٠٥ وە لێرەیە، خۆیان لە کوردی نابان دەکەن. مامۆستایەک بۆی گێڕامەوە، کە هاوڕێیەک بۆی باس کردبوو، لەو قووشتەیەیە، چەند عەرەبێک، تێروپڕیان لە عەرەبێکی دیکە دابوو، چونکە کەسی دارکاریکراو بە کوردی قسەی کردبوو!
پشکنینی سۆنارم بۆکراو و ئاکامەکەشم وەرگرتەوە . ئەو دکتۆرەکەش قورس و هێمن و بەڕێز بوو. هاتمەوە هۆڵەکە تا دەرفەت هەبێ بچم نیشانی دکتۆر دەوەنی بدەم.
دکتۆر دەوەن، وەک هەمیشە، بە خەندە و ئومێدەوە، دوای تەماشاکردنی ئاکامی سۆنارەکە، دەرمانی پێویستی بۆ نووسیم و بە سوپاسەوە، ئیمێلی خۆشی بۆ نووسیم، تا ئاگاداری ڕەوشی تەندرووستیم بێ.
پێش ئەوەی هۆڵەکە بەجێبهێڵم، چوومە لای دوو کیژەکەی نووسینەگە، بەڵام ئەوان گوتیان دکتۆر پێیڕاگەیاندوون کە هیچم لێوەرنەگرن. بۆیە منیش ویستم دیسان بچمەوە لای دکتۆر و سوپاسگوزارییەکی پێشکەش بکەم، بەڵام بینیم نەخۆشێکی لە لایە، بۆیە لە داڵانەکە چاوەڕێی دەرچوونی نەخۆشەکەم کرد.
داڵانەکە، زۆر دڵخۆشی کردم کە بینیم، جگە لە چەند پەیکەرەشووشە خەڵات و ڕێزلێنانێک کە پێشکێش بە دکتۆر کراون، دوو ڕەفتەی جوان بە چەند کتێبێکی پزیشکی، ڕۆشنبیری، ئەدەبی ڕازاندراوەتەوە و مێز و کورسی داندراوە، ناونیشانی کتێبێک سەرنجی ڕاکێشام و کەوتمە خوێندنەوەی. کتێبکەم پێ جوان بوو، ئەم کۆپلەیەتان بۆ دەنووسمەوە کە زۆر بە دڵم بوو:
(ئایا پزیشکەکان، وەک زۆر کەس وایان هەڵدەسەنگێنن، بەڕاستی، لوتبەرز و لەخۆبای و بە فیز و کەمدوو و بێخولقن؟ ئایا ئەوان خۆیان لە نەخۆش ولە خەڵک بە گەورەتر دەزانن؟) لە وەڵامدا نووسەر دەڵێ :(بەرێزم، تۆ بۆ سەردانێکی سەرپێی، کە پێ دەنێتە نەخۆشخانە، هەست بە جۆرە لەشقورسی و خەمناکی و ڕەشبینییەک دەکەی، ئاخر ئەوەی لەوی دەیبنی ناخهەژێن و خەماوییە. ئەدی چ دەکەی گەر تۆ لە جێی ئەو پزیشکانە بێ، کە تەمەنی خۆیان لە شوێنێک بەسەر دەبەن، یان مەرگە یان سیبەری مەرگی بەسەرەوەیە و یان بۆنی مەرگی لێدی…؟ پزیشکەکان، مرۆڤی ئاسایین و زۆر مرۆڤدۆست و ژنگەدۆستن، بەڵام جۆری ئیش و تێکەڵنەبوون و دووری خێزان و شوێنی ڕەزاقورسی کار و ماندووبوون و شەکەتی و …. و ….. ئاخر ئەوانیش وەک ئێمە مرۆڤن، لەمەش زێتر، ئەوان هەست دەکەم گیان و ژیانی خەڵکی دیکە، دوای خودا، لە دەست وان دایە…. تاد).
هێندە بە ناخی ناوەڕۆکی کتێبەکدا چووبوومە خوارێ، دەمگوت خوایە جارێ، نەخۆشەکە دەرنەچێ، تەواو خۆم لە بیرکردبوو، لە نکاوڕا… خودایە! چیم دی و چیم بیست….!؟
لە نکاوڕا، لە ناو هێمنی و بێدەنگی گۆڕستانئاسای هۆڵەکەدا، کە تییەکی لەمن دیار بوو، کوریژگەیەکی شەش حەوت ساڵان، بەو پەڕی متمانەبەخۆبوون و جۆرئەت و جەسووریەوە، ڕوو لە ئامادەبوون، دەنگی خۆی لێهەڵبڕی و گوتی:”ئەی موسڵمانانی خۆشەویستی خودا، باری تەعالا ڕۆژووتان قبوڵ بکات و پاداشتان بداتەوە، بەو خودایەی ئەو ئیمانەی پێبەخشیوین، دایکە بەستەزمانەکەم، نەخۆشی سەرجێگەیە لە ماڵ، باوکم چووەتە ڕەحمەتی خودا، کۆزە منداڵێک لە کۆڵی ئەو دایکە هەژارەمە، ئەمڕۆ ڕۆژی خێر و سەدەقە و ئیماندارییە… دەی، قوربانی هەمووتان بم، دەستی ڕەحمەت نەگێرنەوە… .”
چەخماخەی برووسکەیەک لە مێشکی دام، دیمەنی (فێگن)ی ڕۆمانەکەی چارلز دیکنزم هاتەوە پێش چاو کە ئۆلیڤەر تویستی شەش حەوت ساڵانی دەعاملاند، چۆن دەرۆزە بکات و چۆن چۆنی باخەڵببڕێ و چۆن سۆزی خەڵک بۆ لای خۆی ڕاکێشێ… بەڵام دڵنیا بووم ئەو (فێگن)ە کوردەی ئەو (ئۆلیڤەر تویست)ەی نۆرینگەکەی دکتۆر دەوەنی دەرس دابوو، سەدجار لە(فێگن)ە ئینگلیزەکە، مامۆستاتر و زۆرزانترە. ئاخر چۆن ئەو دەقە پەخشانە دەروونهەژێنە بەسۆزەی داڕشتووە و بەو منداڵەی ئەزبەرکردەوە؟ ئەدی ئەو ڕووشکێنی و بوێریی ئەو منداڵە؟ داڵانەکە لا چەپ بوو، ئەو ژنە یان ئەو پیاوەم لێ دیار نەبوو کە خاوەنی ئەو منداڵە دەرۆزەکەرە بوو. چونکە نەخۆشەکە لە ژووری دکتۆر هاتە دەرێ و من چوومە لای دکتۆر، دیمەنی ئەو شانۆگەریم هەموو نەدیت و نەمزانێ دوایی چ لە هۆڵەکەدا گوزەرا… .
لە بەندێکی کتێبی (شوێنپێیەکانم لە جەماهیرییەی لمدا)، من بە وردی دیمەن و شێوە و ڕووخساری ئەو دەرۆزەکەرە عێراقییانەم نیگار کردووە، کە لەسەردەمی ئابلووقەی ئابووری، ڕوویان لە لیبیا کردبوو و زۆریان بە چەندان فەن وفنوون و مەکربازی کەوتبوونە سواڵکردن و دەرۆزەکردن، تەنانەت باسی ئەوم کردوە چۆن عێراقییەکی دکتۆری زانکۆ، بەنیاز بوو واز لە پیشەکەی بێنی لە زانکۆی فاتیح و بچێ ببێتە دەرۆزەکەر. گەرچی لە سەردەمی قەزافی (دەرۆزە و بۆیاغچی پێڵاو و حەماڵی) بە یاسا قەدەغە بوو، زگیان بە ژن و منداڵی عێراقی سووتا و ڕێیان لێنەگرتن دەرۆزەبکەن، بەڵام کە بینیان، ئەوان بێتامیان کردوە و بێئسووڵانە هەموو سنوورێکیان بەزاند و شکۆ و حورمەتی عەرەبیشیان برد، قەدەغەیان کرد هیچ عێراقییەک لە لیبیا دەرۆزە بکا.
بەڕاستی، ئەوەی لە عێراق و کوردستان دەگوزەرێ، لەم بارەیەوە، هەموو سنوور و تخوبێکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و ئایینی بەزاندووە. ماوەیەک پێش ئێستا، کە بۆ دەستەیەک لە مامۆستا و پەروەردەکارانی دەزگای ژیاری پەروەردەیی لە هەولێر سیمینارێکم پێشکێش دەکرد، سەرنجم دا، گە گەیشتمە ئەو بڕگەی خوارەوە، سیما و ڕووخساری مامۆستاکان هێندە ترس و خۆف و خەمی لێنیشت، هەر ئەوەندەی نەمابوو، فرمێسک ڕوومەتیان تەڕکا، کە گوتم:
“من پرسیارێک لە ئێوەی پەروەردەکار دەکەم، ئاخۆ کەس لە ئێوە، نەخشە و ژیان و ژینگەی عێراق و کوردستانی دوای (٢٠) ساڵی داهاتووی، لەبەرچاو گرتووە؟ ئێوە دەزانن، ئیمڕۆ، ،٢٠٢٣، لە عێراقدا ١٢ ملیۆن منداڵی نەخوێندەواری بەڕەلا لە سەر شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە؟ ئێوە دەزانن ٨ ملیۆن بێوەژنی جوان و جاحێڵ لە پشت دەرگاکاندا یەخسیر و بێکەسن بە کۆزێ منداڵەوە؟ ئێوە دەزانم لە هێندێ شاردا، هێڵی هەژاری لە خوار ٤٩٪ دانیشتوانە؟ ئێوە خەبەرتان هەیە کە لە ٤٠٪ی گەنجانی ناوەند و باشووری عێراق ئاڵوودەی هۆشبەرەکانن؟ باشە لە خۆتان پرسیوە دوای (٢٠) ساڵی دێ، ئەو (٢٠) ملیۆن بێکەس و و نەدارە، چ لەو وڵاتە دەکەن؟ دەبێ ئایندەی منداڵەکانی ئێوە و نەوەکانتان، بەدەست ئەوانە چ ڕۆژێکی تاریک و ئایندەیەکی باسام و خۆفیان هەبێ؟
باشە، ماقووڵە وڵاتێکدا، یەدەکی نەوتی ژێرزەوی بگاتە ١٤٥٠١٩ ملیار بەرمیل، جگە لە گاز؛ وە لە مەرتەبەی چوارەمی بەرهەمهێنەرانی جیهان بێ لە نەوت و گەنجینەی دۆلار و زێڕی لە سەرووی ١٥٠ ملیار دۆلار بێ و ئەو هەموو هەموو دەرۆزەکەر و دەستپانکەرەوەی هەبێ؟ ئەوەیە لانکەی یەکەمین شارستانیەتیی ڕووی زەمین؟
دراوسێیەکی ئایرشیم، لە دوبلن گوتی: تۆبە جارێکی دیکە بچمە مەغریب و میسر بۆ گەشتگوزار. پرسیم؛ بۆ؟ گوتی لەبەر سواڵکەران!
لە ساڵی ٢٠٠٤، سەرپەرشتیی ئاهەنگێکی گەورەی نەورۆزم دەکرد لە دوبلن، لە داڵانێکدا چەند تابلۆیەکی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالم نمایش کردبوو، ڕۆژێک پێش ئاهەنگەکە، ژنێکی ئایرشی پێیگوتم، نابێ تۆ دڵی ئەو کەسانەی بۆ خۆشی و ئاهەنگ دێنە ئێرە، بەو دیمەنە خەمهێنەرانەی ئەو تابلۆیانە تەنگ و نیگەران بکەی. دەتوانی ڕۆژێکی دیکە پێشەنگایان بۆ بکەیتەوە. منیش بە قسەم کرد و تابلۆکانم بۆ پێشەنگایەک هەڵگرت. مەبەستمە، ئەو دیمەنە خەماوییانە، سەر و دڵ و دەروون و ویژدانی خەڵکی دەشێوێنن. ئاخر چۆن ئەو پاروە کەبابەت لە گەروو دەچیتە خوارێ، کە منداڵێک دێتە کەبابخانەکە، تەماشای کەبابەکە دەکات و هەناسەهەڵدەکێشی و دەست پاندەکاتەوە؟
کاتی ئەوەهاتوو، بەرپرسان، بە یاسا و ڕێسا، سنوورێک بۆ ئەو دیاردە ناشیریینەی دەرۆزەکردن دابنێن. دیمەنی جوانترین و گەورۆنەترین باڵەخانەی مودرن، ناتوانی دیمەنی منداڵێکی سواڵکەری شەقامەکان لە بەرچاوی گەشتیار و هاووڵاتی بشارێتەوە. ڕوووەرگێران لەم دیاردەیە و بەڕەلاکردنی دەروازەکانی کۆمەڵایەتی بەو شێوەیە، دەچێتە خانەی: خیانەتی مەزن!
دڵنیابن، ئێوە ئاسوودەی لە ژیانتاندا نابینن، تا منداڵەکانی ئەم نیشتمانە، هەر دەرۆزەکەر و دەستپانکەرە و بێخودان بن!

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress