Skip to Content

تاسەی عەشقێکی ناکام.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

تاسەی عەشقێکی ناکام.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 6, 2023 General, Poems

لەودیو پەنجەرەوە لێم مەڕوانە
شوشەش گەرد دەخاتە سەر سپێتیی من
وەرە ئەم دیو پەنجەرەکەوە
سەیری پەردە ئەستوورە مۆرەکە مەکە
بڕوانە سپێتی هەست و
رەشێتی چارەنووسم
تۆ ئەی فریشتەی پەمەیی پۆش
خەیاڵت بۆ جێگەیەکی دوور نەفڕێت
چاو بۆ گوڵێکی بابردوو مەگێڕە
ئەوە دڵتە هێندەی خۆت لێم نزیکە
ئەوە رۆحمە لە چاوەکانتدا دەشنێتەوە
تۆ ئەی فریشتەی عەیار و بەناز
گوێم لە دەنگی سازەکەت نییە
تەڵەکانی یەک یەک وەک بزەکانم وەریون
تۆ دڵی خۆڵەمێشی ساردەوەبووت بۆچییە
گەر پێشتر نەفرەتت لە ئاگردان کردبێت؟
چیرۆکی چی دەخوێنیتەوە
گەر بەر لە دەستپێکردن کۆتایی هاتبێت؟
هێشتا هەر لەودیو پەنجەرەی عاتیفەوە
لەناو بێستانی سوتماکی هۆشەوە
هەر خەریکی لێکدانەوەی خەونەکانی خۆتیت
خەونگەلێک لە شێتخانەی عەقڵدا سەر دەنێنەوە
تۆ ئەی فریشتەی هاروهاج
بیرتە پێم گووتی هەر لە نیگامدا بمێنەوە
نەکەیت بفڕیتە ناو غوباری بیرەوەرییمەوە
بزێو بوویت بە سنگەخشکێ خۆتە گەیاندە
چینی هەرە ژێرەوەی یادەوەرییم
ئێستا بەدوای هەر نهێنییەکدا بگەڕێم
دەست بخەمە ناو مێشکم
بۆ بیرهاتنەوەی هەر شتێک
ئەوەی لەمسی دەکەم هەر تەنیا تۆیت
نە دەتوانم دەرتبکەم
نە دەتوانم راتبگرم
پێم بڵێ بۆ واتکرد گەر دەتزانی
تەنیا لەناو بیرکردنەوەمدا دەمێنیتەوە؟
ئەی فریشتەی بێ باڵی سەر زەوی
ناشێ لە بیرت کردبێت
بەدەم نەفەسی سیگارەکەمەوە پێمگووتی
قەڵایەکی زەمەنی بزربووی ماددەکانم
تەنیا دەرگای چوونە ژوورەم هەیە
هیچ دەروازەیەکم نییە بۆ راکردن
ئێستا دەبینم
ناکامانە لە دەرگاکان دەڕوانیت
نا، ئازیزم بەهەر دەرگایەکدا تێپەڕیت
دەتهێنێتەوە نێو هەناوی من
گووتم لە بیری مەکە
دەروازەیەکت نییە بۆ دەرچوون
تۆ ئەی فریشتەی هەناسەسواری رێ
باوەڕ ناکەم لە بیرت چوو بێت
لەپاڵ تارمایی پیاوێکی تردا بوویت
چرپاندم بە گوێتدا و پێمگووتیت
ئەو رێگایەی خۆت گرتووتە بزری مەکە
بەهەر رێگەیەکی تردا بڕۆیت وێڵ دەبیت
بەهەر رێگەیەکی تردا هەنگاو بنێیت
لە کۆڵ خۆیانت دەکەنەوە
کۆتایی هەموو رێگاکانیش دێنەوە
سەر رۆمای عەشقی من
چما وا زوو بیرت چوو؟
هەموو ئەو رێگایانەی پێیاندا تێدەپەڕیت
دەتهێننەوە سەر رێگا تەنهاکەی من
تۆ ئەی فریشتەی هەمیشە گریاو
ناکرێت لە بیرت چووبێتەوە
لەناو کەشتییەکە سوورەکەدا بوویت
بە دەنگێکی شەپۆلاویی پێم گووتیت
وریابە، ئەی کاپتنی کەشتی سەرەڕۆیی
هەر کات نقووم بیت دەکەویتە
نێو قووڵایی ئۆقیانووسی بێ بنی دڵم
ئەمێستا بەخۆت و
کەشتییەکەتەوە نقوم بوویت
تۆ کە مەلەوانی نازانیت
بۆچی بیر لە جێهێشتنی
ئەم زەریا ئارامە دەکەیتەوە؟
تۆ هیچ چارەیەکی ترت نییە
وەک سەدەفێک هەر لێرە دەمێنیتەوە
تۆ ئەی فریشتەی بێدەنگ و دڵشکێن
تێناگەم چۆن خێرا لە بیرت کرد
لە رۆژێکی گەرم لە ژێر بڵێسەی هەتاودا
بە سەدایەکی گڕگرتوو پێم گووتیت
ئەوە عەشقی منە
لە هەورێکدا چڕ دەبێتەوە
نم نم بەسەر عومری وشکتدا دەبارێت
نەکەیت چەتری دابڕان هەڵبکەیت
بارانی من لە خۆت دوور بخەیتەوە
ئێستا خۆ دەبینیت
بە چەتری شکاوی دەستتەوە
وەک چۆلەکەیەکی تەزیو هەڵدەلەرزیت
لەبەردەم رەهێڵەی مەرگی ناوادەی مندا
ئاخر نەدەکرا ئەمە لە بیر بکەیت
نەدەکرا ئەم کارەساتە رووبدا
نەدەکرا ئەم چارەنووسە
بۆ خۆت بنووسیتەوە
جۆگەلەی چاوەکانت
بێ پسانەوە
خوێنی منی لێ هەڵقوڵێ و
تا قیامەت خوڕەی بێت

کۆتایی هاوینی 2013
پاریس – شانزێ ئەلیزێ
*ئەم شیعرە لە مانگی 10ی 2013 لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکراوەتەوە و پاشتر لە دیوانی سۆناتای خۆشەویستی لە لاپەڕە 160-164 چاپکراوە.

Previous
Next
Kurdish