Skip to Content

بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(54).. شەماڵ بارەوانی

بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(54).. شەماڵ بارەوانی

Closed
by ئازار 26, 2023 General

ئەوەی نوێژی نەکرد، تەنها سێ ڕۆژ مۆڵەتی پێ دەدرێت!

لەو بەشەیشدا هەر باسی ئەو دوو هێزه فێندەمێنتاڵیستە(ئیسلامی سیاسی+سەلەفییەتی دینی)دەکەین و لەسەر چەمکی(تۆتالیتارییەت) دەوەستین.

بێگومان تا مەلای گەورە و شێخ مەحەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس و نالی و پیرەمێرد و مەحوی، شێوازی ئایینداری تاكی كورد بوون و ئەوان تەفسیری ئایینیان بۆ كورد دەكرد، باوکان و مەلاکان كوڕ و كچەكانیان شیوعی و سفور و بێ لەچک نەتەوەیی و عیلمانی و هونەرمەند و تابلۆكێش بوون و هیچ یەكێك لەو مەلا ڕووناكبیر و شاعیر و نووسەر و كەڵەپیاوانە، كچ و كوڕەكانی خۆیان تەكفیر نەكرد و پێناسەی بێ ئەخلاقییان بۆ نەبڕینەوە و نەیانگوت نەورۆز جەژنی ئاگرپەرستییە و ئاگركردنەوە حەرامە و پەیكەر و تابلۆ و مۆسیقا و مۆدێل تابۆ و گوناحن و چیرۆكی عیشقی دەروێش عەبدی كفر و دژی ئایینە.

ئەوان كوردایەتی و مرۆڤایەتی و شیعر و ئەدەب و فەلسەفە و جوانییان لێ دەچۆڕا و شيعر و هۆزانیان بۆ سروشت و نەورۆز و دڵداری و ژیان دەهۆنییەوە.

ئەفسوس فێندەمێنتالیستەکان هاتن و هەموو شتێكیان هێنایەوە سەرخاڵی هیچ و ڕیسەكەیان كردەوە بە خوری و كۆمەڵی كوردیان بەرەو داخران و تاكی كوردیان بەرە و دووڵەتبوون برد و ئەوەندەی سیاسەتی بە عەرەبكردنی ناو و كولتوور و زمان و بوون و فەرهەنگی كوردیمان پەیڕەو دەكەن و خەریكی بڵاوكردنەوەی ڕق و دەمارگیری ئایینین و كار بۆ ئەجێندا و پڕۆژەی نەیاری نەتەوەكەمان دەكەن، سەدا یەك كار لەسەر لایەنە ڕۆحی و ئیمانییەكەی ئایین ناكەن!

هاوڕێیەکم گوتی: لەساڵی ١٩٧٧، مۆڵەتی کتێبخانەی (هودا)مان وەرگرت بە ناوی( مەلا ئەحمەد)ەوە٫ کتێبخانەکەمان بە کتێبخانەی ئاینی ناسراوبوو و ناوی دەرکردبوو.

هەرچەندە کتێبخانەکەمان هەموو جۆرە پەرتووک و بابەتێکی تێدا دەفرۆشرا. ڕۆژنامەکانی ئەو کاتەی حکومەتی عێراقمان بۆ دەهات و ئێمە وەکیلی (دار الوطنية للطباعة و النشر) بووین.

گوتی ڕۆژێک، حیزبی شیوعی کە هێشتا نەچووبوونە شاخ و بارەگاکەیان لە کانێسکان بوو، هاتن بۆ کتێبخانەکەمان گوتیان: ڕۆژنامەی (بیری نوێ)ی حیزبی شیوعی دێنین بۆ فرۆشتن؟ باوکم(مەلا ئەحمەد) گوتی بیهێنن زۆر ئاساییە.

گوتی هێنایان و ئێمەیش وەک ڕۆژنامەکانی تر دەمانفرۆشت.

گوتی دواتر لای خەڵکێک، گلەیی زۆر لە باوکم کرا بەوەی کە چۆن ڕۆژنامەی حیزبی شیوعی لە کتێبخانەکەمان دەفرۆشین !

گوتی باوکم پێی دەگوتن: ئەو ڕۆژنامەیەش وەک ڕۆژنامەکانی تری عێراق، با لە کتێبخانەکەمان هەبێت، چونکە کڕیارەکانمان لە هەموو بیروباوەڕێکن و با ئێمەش هەموو بابەتێکمان هەبێت.)٭

مەلای بەرێ ئاوا باوەڕیان بە پێکەوە ژیان و بۆچوون و ئایدیای جیاواز و یەکترقبوڵکردن هەبوو.

ئەفسوس، خەریكە ئەو كرانەوەو و پێكەوە ژیانە جوان و پلورالیەتە ئایینیەی كوردستان ئێستا دەكەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسیەوە.

بۆ ئەوەش سەیری سۆشیال میدیای كوردی بكەن. بەر لەوەی هێزە فێندەمێنتالیستەکان پێ بخەنە ناو کوردستانەوە، وەکو ئاماژەمان پێ کرد، مینبەری مزگەوتەكان و گوتاری مەلا و پیاوانی ئایینی پڕ بوون لە تەساموح و تولەرانس و جوانی و هاندان بۆ كاری چاكەخوازی و ڕەوشتی بەرز و میهرەبانی و مرۆڤدۆستی.

پیاوانی ئایینی و مەلای لە نموونەی ناڵی و مەحوی و قانع و پیرەمێرد و شێخ محەمەدی خاڵ و خانی و مەلاجزیری و مەلای گەورە و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و…تاد. لەپاڵ مەلایەتی، شاعیر و ئەدیب و نووسەر و كوردپەروەر و مرۆڤدۆست بوون و شیعر و هەڵبەستیان بۆ دڵداری و نەتەوە و نیشتیمان و سروشت و جوانی دەهۆنییەوە و مەلا عەبدولكەریم مودەڕیس كچ و كوڕەكانی هەمووی چەپ و شیوعی بوون” لەكاتێكدا زانای مودەریس لە كونجێكی ماڵە سادەكەیدا سەرقاڵی نووسینەوەی كتێبی “رێگای پێغەمبەر بوو” كاكە حەمەی كوڕیشی لە كونجێكی تری هەمان ماڵدا سەرگەرمی نووسینی كتێبی “لینینی مەزن بوو” نیوەرۆش باوكی موسوڵمان و موفتی هەموو عێڕاق و كاكە حەمەی كوڕی، ماركسی خاوەن قەڵەمی بە بڕشت و هزری فراوان بەیەكەوە لەسەر هەمان خوان بەدەم ساغكردنەوەی شیعرە ئەفسوناوییەكانی ناڵی و سالم و مەحوی بەرنامەی كاری هاوبەشی داهاتوویان لەسەر بەرهەمەكانی ئەم كەڵە شاعیرانە دادەڕشت”٭

مەلای گەورەی كۆیە، یەكەم كەس بوو كچەكەی خۆی ناردە قوتابخانەی تێكەڵاو كوڕەكەی(مامۆستا مەسعود) بیرمەندێكی سیكۆلاریست و كچەكانی هەمووی سفوور بوون و ئێستاش نەوەكەی خاتوو(ڕەوا جەلی زادە)، هونەرمەند و تابلۆ كێشە.

ئەو مەلا ڕوناكبیر و شاعیر و نووسەر و كوردپەروەر و مرۆڤدۆست و جوانی دۆستانە، شیعر و پەخشانیان بۆ نەورۆز و دڵداری دەنووسی و كەسیان نەیگوت: نەورۆز جەژنی مەجووس(مەگوس) و ئاگرپەرستییە و دڵداری بێڕەوشتی و بەڕەڵاییە.

مامۆستا عەلائەدین سەجادی لە زانكۆی بەغدا وانەی دەگوتەوە، كە كچە خوێندەكارەكان و قوتابیەكانی هەمووی تەنورە سەر و ئەژنۆ و لاقڕووت و سینگڕووت بوون.

هەر بەڕاستی ئەوان مەلای بیركراوە و بیرمەند و مرۆڤدۆست و نەتەوەپەروەر و زانست پەروەربوون.

نەک وەكو بەعزێک واعیز و بانگخواز و مەلای ئێستا جوێندەربوون(ڕێزم بۆ باشەكان). یان وەک ئەو مەلا فێندەمێنتاڵیستانەی نەک هەر ڕەفزی مرۆڤی لائیک و سیکولار و چەپ و سەربەئایینەکانی تر دەکەن، بەڵکو لە ناوخۆشیان وەک لە دوو بەشی پێشووتر ئاماژەم بۆ کرد. ئیسلامی سیاسی، ئەم حزبە ئەوەیتری لا ڕەفزە و دەڵێت: دەری بکەن لە حوجرە و سەلەفییەک لەگەڵ سەلەفییەکی تر، لەسەر بۆچوونی جیاوازی سەلەفیانەیان، قسە بە یەکتری دەڵێن و هەڕەشەی دەمت بگرە، دەنا بە شەق دەتکەمە دەرەوە لە یەکتری دەکەن !

من وتاری دەیان کاهین و واعیز و بانگخوازی تری ئاڕاستە فێندەمێنتالیستم لایە، كە لە وتار و وەعز و ئامۆژگارییەكانیان هانی تیرۆر و توندوتیژی دەدەن و جوێن بە جودابیران دەدەن و بێڕێزی و سووكایەتی بە هەموو ئەوانە دەكەن كە وەكو ئەوان بیر ناكەنەوە و دژی پێكەوە ژیان و پلورالیەتی ئایینی و فرەیی كۆمەڵایەتی و مەدەنیەت و كۆمەڵی كراوە و ئایینەكانی تر و هەموو جیاوازییەک و ئازادی خەڵک قسە دەكەن. بۆ نموونە:

دانەیەکیان، بە كۆلێژی هونەرە جوانەكان دەڵێت: كۆلێژی هونەرە قەبیحەكان.

یەکێتریان دەڵێت: زانكۆ بە مەنبەع و شوێنی فسق و فجور و بەڕەڵایی و فەسادی دادەنێت.

بانگخوازێكیتر دەڵێت: ئێزدییەكان شەیتان پەرست و گڵاو و پیسن و خۆیان ناشۆن و تا ئێوارە كاریان پێ بكە و كرێكەشیان پێ مەدە و ئێوارە كە گوتی كوا كرێكەم؟ بڵێ ئەی بە نەعلەت بیت شەیتان، بیرم چوو!.. ئەوە وەكو سوكایەتییەک وایان پێ بڵێن.

کاهینێکیتر دەڵێت: لە ئایینی زەردەشتیدا هاوسەرگیری كەسەنزیكەكان ڕێگەپێدراوە و زەردەشتییەكان لەگەڵ دایک و كچ و خوشكی خۆیان سێكس دەكەن و ئاگر دەپەرستن.

یەکێکیتریان، هێرش دەكاتە سەر خانمانی سفور و بەڕووتوقوت وەسفیان دەكات و دژی شایی ڕەشبەڵەک دەدوێت و ئاهەنگی نەورۆز بە بێ ئەخڵاقی و جەژنی نەورۆزیش بە ئاگرپەرستی پێناسە دەكات.

واعیزێكی تر دەڵێت: ئەوەی نوێژی نەكرد، سێ ڕۆژ مۆڵەتی پێ دەدرێت و پێی دەگوترێت كوڕە نوێژ بكە، كوڕە نوێژ بكە، كوڕە لەگەڵ تۆمە نوێژ بكە، گەر هەر نەیكرد، دەبێت لە ملی بدرێت و سەری لە لاشەی جیابكرێتەوە.

یەكێكیتریان دەڵێت: سەلام و چاكوچۆنیكردن و چاكەكردن و جەژنە پیرۆزكردنی ئێزدی و مەسیحییەكان جائیز نییە.

دانەیەكیتریان دەڵێت: ئەو پیاوەی ڕیشی بتاشێت وەكو كچ وایە، (هەڵبەت من مرۆڤبوونم لا پێوەرە، لێرە مەبەستم مەغزای قسەی ئەو پیاوە ئایینیە سەلەفیگەرایەیە، كە چەندە سووک و نزم سەرنجی ژن دەدات).

وەک ئاماژەم پێ دا، لە دەرەنجامی زاڵێتی و بەربڵاوی ئەو جۆرە گوتارە چەق بەستوو و نا تۆلێرانس و پڕی لە ڕق و دەمارگیرییەی ئەو واعیز و مەلا و بانگخوازە فێندەمێتاڵیستانە، ئەوا ئێستا خەریكە باجەكەی دەدەین و زوو نەیەینەوە هۆش خۆمان و فریا نەكەوین لەپێناو نیشتیمان و مرۆڤایەتی و پێكەوەژیان ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو پلورالیەتە ئایینی و كۆمەڵەلایەتی و پێكەوەژیان و كرانەوە جوانەی كوردستان كە سەدان ساڵە لەكۆمەڵی كوردیدا هەیە، لەناو دەچێت.

سەیركەن بەرهەمی عەقڵییەتی ئەو هێزه کۆنخواز و فێندەمێنتاڵیستانە لە سۆشیال میدیا چی بە كورد كردووە و چۆن جڤاتی كوردییان تووشی ماڵوێرانی كردووە و لە سایەی حەشاماتێک لە كەناڵی جۆربەجۆر و پیاوانی ئایینی و بانگخواز و کاهینەکانیان، نەوەیەک درووست بووە هەرچی لەگەڵ زەوق و سەلیقە و میزاجی نەگونجێتن و لەگەڵ ئایدۆلۆجیاكەی یەك نەگرێتەوە، سەرودڵی پێ دەگیرێت و پێیدا هەڵدەشاخێت و شاڵاوی جوێن و هێرشی سوكایەتی بۆ دەبات، لە گۆڤەند، هونەر، شیعر، مۆسیقا، پەیكەر، تابلۆ، فاشیۆن، ئایین و بۆچوونی جیاواز …تاد.

تاكێك دروست بووە، كە خاوەنی نەفەسێكی زۆر كورت و ئایدیایەكی زۆر مەترسیناكە.

تاكێكی تاکڕەهەند و دووڕوو. تاكێک بە سەروسیما ئیمۆ، لە فیكر و ناخدا داعش و توندڕەو.

تاكێك بە جەستە و ستایل و فۆرم مۆدێڕن، بە بیركردنەوە و بە عەقڵییەت دواكەوتوو و كلاسیك. تاكێك، لە ڕوو بە موسیقا دەڵێ حەڕامە و لەژێرەوەیش لەگەڵ گرتە ڤیدۆی پۆڕن، خوی نهێنی ئەنجام دەدات. تاكێكی خۆسەپێن و تووڕە و هەڵچوو و خۆتێهەڵقورتێن. تاكێكی جیقڵدان تەنگ و بێ تەحەموڵ و ڕاڕا و ناجێگیر. تاكێك ڕقی لە هەر شتێكە كە پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیاكەی ئەو بێت.

تاكێك بەرگەی بیستنی دوو دێڕە نووسینی دادە ئەحلام مەنسور و خاتوو مەهاباد قەرەداغی ناگرێت. بە تێكستە شیعرێكی شێركۆ بێكەس هێڵنج دەیگرێت. تابلۆیەكی ئیرۆتیكی فەرهاد پیرباڵ تووڕەی دەكات. لاقی ڕووتی مێینە زەوقی هەڵدەستێنیت. قژی بێ لەچكی ژن جەوی دەگرێت. جوێن بە فاشیۆن و مەیک ئەپ ئارتێست دەدات.

مۆسیقا میزاجی تێك دەدات. تاكێك تابڵۆی ئیرۆتیكی لا یەكسانە بە پۆڕن و شیعری ڕۆمانتیك بە بەڕەڵایی.

لە ڕوانگەی ئەو تاكە تێڕوانین شێواو و ئەقڵ بە بەستەڵەك بووە، پەیكەر بت و مۆسیقا میزی کەرێیە. مەیك ئەپ ئارتێست و كچە مۆدێلەكان سۆزانین. ژنە هونەرمەندەكان دەڵە سەگن. نەورۆز جەژنی مەگوس و ئاگرپەرستییە. ئێزدییەكان گڵاو و پیسن. زەردەشتییەكان داكی خۆیان لەخۆیان مارە دەبڕن، كاكەییەكان شەوەڕەشیان هەیە، شیوعی و بێ دینەكان قێزەونن، پیرۆزکردنی جەژنی کرێسمس لە مەسیحیەکان کفرە.

ئەوە ئەو نەمەت و شێوازە بیركردنەوە ناساخڵەم و تێڕوانینە هەڵەو تۆتالیتار و فاشیست و دەمارگیر و نامرۆڤانەیە، کە لەناوەڕاستی نەوەتەكانەوە لە كوردستان سەری هەڵدا و دەستی پێ كرد و بەردەوام و بە بەرنامە و پیلان بۆ لێدان لە هەناسەی پێكەوەژیان و كوشتنی گیانی لێبوردەیی، كاری لەسەردەكرێت.

تاكو تاكی كوردی پێ گۆش و لغاو بكەن و وای لێ بكەن دوو بست ئەولاتری لووتی تێڕوانین و جیهانبینیە نابیناكەی خۆی نەبینێت و بە جیاوازییەكان قەڵس و توڕەبێت و سەرودڵی بگیرێت.

———–

٭نامەیەکی (کامەرانی مەلا ئەحمەد) تایبەت بۆ بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕای نارد، سوپاسی دەکەم.

٭ئەو نووسینەی ناو جووت کەوانەبچووکەکەم لە وتارێکی بەڕێز(د.ئارام ڕەفعەت)وەرگرتووە.

Previous
Next
Kurdish