
دڵ سیحری خەمڕەوێنییە.. ڕزگار شێروانی
هەر زوو حیسابی دواترێ بکە، پەردەکان هەڵبدەوە و ئی پشت پەردە و بن بەڕێ پێبکەوە. لە بنی جوانییەکانا ناشرینییەک خۆی ڤەشارتییە.
ئاواش نا،
لە ڕەنگی دیمەنە کرێتەکانا، شەوقی جوانییەکان ببینە، جواندۆز بە، جوانییە بنکەوتووەکان هەڵگرەوە بە سینگی خۆتیەوەی بنێ، بیکە سۆز، بیکە حەز، بیکە خۆشنوودی و کەیفپێهاتن.
دونیا سپییە، ڕەنگاڵەیە، گەشە، ئەگەر پێتوانییە، دیارە چاوێلکەکەت ڕەشە.
دڵ بە دەوامی نیعمەت خۆش مەکە، بە هاتنی خۆشییەکان مەدهۆشی مەکە، ئۆغری مێوانی خۆشتڤی فەرامۆش مەکە، کۆتاییەکان ببینە.
تاپۆی هەمیشەیی لە بن سەرینت دامەنێ، بە خەونی بەهەشتی سەر دونیایێ هەڵمەفریوێ، ئەو تۆپەی دونیای جوانت، نەک تەنها خەون و خەیاڵی شەوانت، بڵقی سەر ئاوە، عومری لە عیلمی دانەری کێشراوە، ڕۆژ و کاتی لەیەکەم ڕۆژیدا بۆ دانراوە.
ئەوەی هات دەڕوا، ئەوەی هەتە، هەتا هەتا هی تۆ نیە، ئەو ڕۆژە، ڕۆژێک ڕووی لە تۆیە، ڕۆژێکی تر لە یەکێکی نەیار یان نامۆیە.
ئای لەو دڵە تەنگەت! چەند مەحزوونی!
دەمزانی نائومێد دەبی!
لەبیرتە؟
هەر کە ئەستێرە شەوقی بەسەرا ڕژاندی، شاگەشکە بووی، لەباتی چاوت ڕەنگین بێ، چاوت کوێر بوو، نەتزانی سەردەمێ ئەستێرە خۆی دەڕژێ، چراکە دەکوژێتەوە.
کە ئاسمان ڕزقی بە سەرتا باراند، بێ چاوێنی بێ، چاوت لە پترێ بوو، تەنانەت چاوت لە ڕزقی ئەم و ئەویش بوو. دەبا بزانی چوار فەسڵی ساڵێ بەهار نییە، هەموو ڕۆژی بەهارێ باران نیە. نەک: باران بڕا، هیوا بڕا، ئاخرەکەشی چۆن پێشبینیم کرد هەروا بوو: دوای بڵندفڕینێک بە دەما کەوتی.
لە نیعمەتان بە گومان بە، تەنێ چەند ڕۆژێ قاوەڵتیت دەگەڵ دەکا.
لە هەڕمێنی دیوەخانی پڕ لە مێوان، لبادی دڵنیایی ڕامەخە، میوان ماڵی خۆی هەیە بۆی بگەڕێتەوە.
دونیا مامەڵەچییە، دەبەخشێ، وەردەگرێ، قەرزت وێدەدا، ئەمانەتت لەکن دادەنێ، ئەمما بەر دەرگەشت دەگرێ بۆ وەرگرتنەوەی.
بەتەمای هەرچی ویستت یەکسەر وەدەستت کەوێ؟ وەها بی، لە نەهاتێ، لیکاو بەدەمتا وشک دەبێ، دڵت شەق دەبێ، لەمنت نەکەوێ!
خۆ هەموو شەوان خەومان لێدەکەوێ، چ لە کوختێ، چ لە کۆشکێ. چ لەسەر حەسیرێ، چ لەسەر تەختێ، ئەوەی لە کونجی کۆریتە، لەوەیە خەوی گەلێ شرینتر بێ. کێ دەڵێ!
دڵخۆشێک دەناسم گوتی: کە بازاڕی گوزەرانم گەرم بوو، درکم کرد بەوەی ڕۆژێ بایەک دێت و دەرگەی دوکانەکەم دادەخات، کە بە مەحبووبەم گەیشتم، ئەو ڕۆژەم لەپێشخۆ دانا لێکدەبین. کە نۆبەرەکەم لەدایکبوو، زانیم حەتمییە ڕۆژێک دەمرم.
ئەو برادەرە ژیا، جوان ژیا، خۆش ژیا.
بە هەبوونێ ژیا، بە نەبوونێ ژیا.
دەنگی پاسارییانی سپێدان، ئەلارمی لەخەو ڕابوونێی بوو، لەگەڵ هەڵدەستا، بە دڵێکی خۆش دەکەوتە سەما. ئاواتی خۆشیی بۆ هەموو مەخلووقات هەڵدەدا. مزگێنیی ڕۆژێکی شادی بەگوێی کائیناتدا دەدا.
بە سروەی شەماڵێ ختووکەی دەهات.
لە بەر ڕەشەبایێ، بە عەستەم دەشنایەوە، نەدەهەژا، عەرد لەرزیبا، کۆشکی خەیاڵی نائومێدانی دونیا دەڕووخا، نەدەڕما، خۆڕاگر بوو وەک چیا.
بزە هەر لەسەر لێو. دەگمەن نەبا، نەدەگریا.
ئێستەش حوزنم پێوەی نەدیت!
(ڕزگار شێروانی)