Skip to Content

ژاپۆن لەنێوان دوو ڕەوشی شکستی ژیۆپۆلەتیک و سەرکەوتنی تەکنەلۆژیدا.. ئەحمەد هەولێری

ژاپۆن لەنێوان دوو ڕەوشی شکستی ژیۆپۆلەتیک و سەرکەوتنی تەکنەلۆژیدا.. ئەحمەد هەولێری

Closed
by ئایار 8, 2024 General, Opinion

ژاپۆن وڵاتێکە کە لەکۆمەڵێ دوورگە پێکهاتووە، دوای ئەوەی ئیرۆهیتۆ بووە ١٢٤هەمین ئیمپراتۆری ژاپۆن، کە لە ساڵی ١٩٢٦ تا ١٩٨٩ بۆ ماوەی ٦٣ ساڵ فەرمانڕەوایی ژاپۆنی کرد، لەو ماوەیەدا ژاپۆن بە قۆناغی جیاواز و هەوراز و نشێوی سیاسی و حکومڕانیدا تێپەڕیووە و مۆدێلی سیاسی جیاوازی ئەزموونکردووە.

دوای شکستی ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دووەمدا و تەسلیم بوونی بە ئەمریکا و هاوپەیمانانی، بەرپرسانی ئەمریکا دەستووریان لە ژاپۆن هەمووار کردەوە و دەستوورێکی نوێیان داڕشت. زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی ئیمپراتۆریان سنووردار کرد. هێرۆهیتۆ ڕایگەیاند کە دەستبەرداری ئەو بانگەشەیە بووە کە وا لێکدەدرانەوە کە ئیمپراتۆرەکانی ژاپۆن دەسەڵاتی خودایییان هەیە و پیرۆزن، ئەو ڕایگەیاند کە مافی سەروەری چیتر گەڕاوەتەوە بۆ گەلی ژاپۆن.

لە ژاپۆن ئیمپراتۆریەتەکان تەنها دەسەڵاتی سیاسی وڵاتیان بەدەستەوە نەبوو، بەڵکو وەک دەسەڵاتی خودا لەسەر زەوی جۆرێک لە پیرۆزیان هەبوو، کە ببووە سەرچاوەی دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری تۆخ. ئەوەش ڕێگر بوو لە بەرەوپێشچوونی کەشی کەلتووری لە کۆمەڵگەی ژاپۆندا کە لە سایەی ئاینە جیاوازەکانی بودی و حیکمەت و دانایی ئاین و کەلتوورە جیاوازەکانییەوە، هەمیشە ئاسۆکانی بەسەر پێشکەوتندا کراوەبووە.

دوای ئەوە ژاپۆن لەژێر باری ئەو دۆخە تازەیەدا سەربەخۆیی ژیۆپۆلەتیکی لەدەستدا و کەوتە ژێر کاریگەری خواستەکانی ئەمریکاوە و سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لەسەر پارێزکاری داڕشتەوە. بەڵام لەپاڵ ئەم دۆخە تراژیدیکییە ساردەدا، ژاپۆن وزەی خۆی لە ئاستی ناوخۆدا چڕ کردەوە و کەوتە هەوڵ بۆ بەرپاکردنی شۆڕشێکی تەکنەلۆژی چڕ بە یارمەتی پێدراوە ئەمریکی و ئەوروپییەکان و ستانداردە ڕۆژئاواییەکان. لەو ڕووەوە ژاپۆن توانی سەرکەوتنێکی مەزن تۆمار بکات و قەرەبووی ئەو لەدەستدان و شکستە ژیۆپۆلەتیک و سیاسییە بکاتەوە، و هەنووکە ببێتە یەکێک لە وڵاتە تەکنەلۆژیە پێشکەوتووەکان و ئابووریەکەی بە ئەندازەیەکی باش بباتە ئاستێکی باڵاوە. ئەگەرچی ژاپۆن بووە کۆڵۆنییەی سیاسەت و خواستەکانی ئەمریکا بەڵام لە ڕووی تەکنەلۆژی و ئابوورییەوە بڕێکی باش بەرەوپێش چووە کە دەشێ بۆ داهاتوو بتوانێت لەڕێیەوە لە ژێر ئەو هەژموونە سیاسیەی بیانییەکان بێتەدەرەوە. لێرەوە دەتوانین بڵێین کە ئەو مۆدێرنیزاسیۆن و پێشکەوتنەی ژاپۆن مۆدێرنیزاسیۆنێکە بە لەدایکبوونی دەرەکی (exogenous) ە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish