
مورتوربه كردنه‌وه‌ی ژیان به (مێ)…. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
هه‌وڵێك بۆ به عه‌قلانیكردنی شۆڕش له ڕۆژاڤا
له دوانه‌كانی بووندا ناكرێ ته‌نها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ته‌نها جه‌مسه‌رێك بكرێ، ئه‌گه‌ر كرا ئه‌وه جۆرێكه له‌وپه‌ڕگیریی و له ڕاستیشدا هه‌ر ئه‌وه‌یه بینین به یه‌ك ئاراسته یا گرتنه به‌ری یه‌ك تاكه ڕێچكه.
دوانه‌ی(نێر-مێ) ش وه‌ك دوانه‌كانی تر{ڕووناك – تاریك، بڵند-نه‌وی، ته‌ڕ- وشك، شیرین –تاڵ، درێژ-كورت، قه‌ڵه‌و-لاواز،……….تاد}ته‌نها یه‌ك ڕووی گه‌شاوه و دره‌وشاوه بووه و تاكه جه‌مسه‌ری نێر چالاك بووه و هه‌میشه ئه‌و بووه‌ته پێوه‌ری مانا له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه به تایبه‌ت ئه‌م خۆرهه‌ڵاته‌ی خۆمان.
بینینی یه‌ك جه‌مسه‌ر له سرووشتی دوانه‌ی شته‌كانی بووندا لاڕێكردنی عه‌قڵه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هوشیاری مرۆڤ به‌وه‌ی ئه‌و شتێكی له ئاژه‌ڵ زیاتره و هه‌ر به‌و شته‌ش توانیویه‌تی ده‌سه‌ڵاتی خۆی بسه‌پێنێته سه‌ر هه‌موویان و بیانخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه.
نێرسالاریی زاده‌ی ئه‌م جۆره بینینه تاك جه‌مسه‌ریه‌یه و سه‌پاندنی مۆركی نێرانه‌ش به‌سه‌ر كۆی ژیانی مرۆڤایه‌تی تا ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی دوایی هه‌ر له‌و كوێر ڕه‌نگیه كه‌وتۆته‌وه. له دوانه‌كانی بووندا یه‌كێك له‌وه‌ی تر په‌سه‌ندتر و باڵاتر نیه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌وه یه‌كێكه بۆ ئه‌وه‌ی تر ده‌بێته پێوه‌ر و بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی به‌م به‌راورد و له‌به‌ر گرتنه ده‌رده‌كه‌وێ.
له زه‌مه‌نی نوێگه‌ریش له مێژووی هزری ئه‌وروپا (مێ) تایه‌كی هاوسه‌نگی (نێر) نه‌بووه، هاوسه‌نگ ته‌نها به كێش و بڕی به‌رهه‌مهاتوو له هێز نایه‌ته ئارا، هاوسه‌نگ له په‌یوه‌ندیه ئینسانیه‌كاندا ته‌نها په‌یوه‌ستی بڕی به‌رهه‌مهاتوو له عه‌قڵ و جۆری بیركردنه‌وه و به‌رهه‌می فیكره.
له شۆڕشی فه‌ره‌نسا و له دیمه‌نێك له دیمه‌نه‌كانی پێگه‌یینیدا ژن توانیویه‌تی مێیه‌تی خۆی و كاریگه‌ری ئه‌و مێیه‌تیه له‌سه‌ر ئه‌ڵقه‌یه‌ك له ئه‌ڵقه‌كانی زه‌مه‌نی شۆڕشدا بنێ و تا ئاستێك ئه‌م شۆڕشه له عه‌قلانیه‌ت نزیك بكاته‌وه. به‌ڵام كۆی شۆڕشه‌كانی دیكه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئه‌وه‌نده‌ی سۆز و هه‌ڵچوون لێیان خوڕیون، ئه‌وه‌نده عه‌قڵ و هۆش جڵه‌وی ڕووداوه‌كانیان نه‌گرتۆته ده‌ست.
له سۆزی كوردانه‌مه‌وه نیه ئه‌گه‌ر پێموابێ هێزی (مێ) له به‌رگریه‌كانی كۆبانێی دووسێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و ئه‌م دووسێ ڕۆژه‌ی عفرینیشدا ده‌رهاویشته‌ی بیركردنه‌وه‌ی بیركه‌ره‌وه‌یه‌كی عاقڵه و ئه‌م ڕایه‌شم زۆر به‌ر له ئێستا به‌نووسین بڵاوكردۆته‌وه و ئه‌مێستاش كاتی خۆیه‌تی بیخه‌ینه‌وه به‌ر مه‌ددی نه‌زه‌ر.
(مێ) زۆر په‌یوه‌سته به (ماڵ،منداڵ،خاك) ئه‌م په‌یوه‌سته‌گیه‌شی له غه‌ریزه‌ی دایكایه‌تی و هێزی ڕۆحی و سایكۆلۆژی شیردان و گرتنه ئامێز و ڕاژه‌نین و …..وه‌رگرتووه، ژن به ئاسانی ده‌ستبه‌رداری كۆرپه و منداڵه‌كانی نابێ، ئاسان ماڵی خۆی ته‌سلیم به بێگانان ناكا، له مێژووی ماڵداری كوردیدا(ده‌سه‌ڵاتی نێو ماڵ) ژنی باش ئارامیی خستۆته خێزانه‌وه و یه‌كیه‌تی و یه‌كڕیزی له‌به‌رهه‌مهێنانی هێزدا لێكه‌وتۆته‌وه و توانیویه‌تی نێوانی براو خوشكان به پته‌وی بێڵێته‌وه، ئه‌مه له كاتێكدا خێزان هه‌ر مۆركی نێرینه‌ی به‌سه‌ردا زاڵ بووه،به‌ڵام بوونی مێ له ماڵ هه‌میشه خێزانی خستۆته دۆخی كامڵبوونی ماڵی ڕاسته‌قینه‌وه.
هێزی غه‌ریزی ژن چ وه‌ك دایك و چ وه‌ك خوشك و هه‌ر شتێكی تر له سرووشتی ژینیتیكی خۆی بۆماوه‌ته‌وه و هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌وه‌ی له ڕۆژاڤا هزری مێگه‌رایی خسته نێو پڕۆسه سیاسی و ئیداری و سه‌ربازیه‌كانه‌وه بێ‌ئاگا نه‌بووه له‌م سه‌رچاوه سرووشتیه و له به‌عه‌قلانیكردنی ئه‌م توانا غه‌ریزیه له‌بننه‌هاتووه.
كورد وه‌ك پشكداری له كولتووری مرۆڤایه‌تیدا نه‌یتوانیوه تا ئێستا هیچ كاریگه‌ریكی دیاری له‌سه‌ر دابنێ، به‌ڵام له‌م دیارده سایكۆژینیتیكیه كه بۆ سیاسه‌ت و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی وه‌رگێڕدرا توانی زیاده‌یه‌ك بخاته سه‌ر هزری فیمینیستی جیهانی و یه‌كسه‌ریش له شه‌پۆلی سێیه‌می فیمینیزمی جێی خۆیان بكه‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت به خۆ له نێر كه‌متر نه‌زانین لێشی تێپه‌ڕن.
دیارده‌ی به‌رگری جه‌نگاوه‌رانه هه‌ر به ته‌نها مانای پارێزگاری له شار و خاك و ماڵ ناگه‌یه‌نێ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی مانایه‌كی جه‌وهه‌ری دیكه‌ی هه‌یه ئه‌ویش پارێزگاریكردنه له (ژیان) خۆی، ئه‌وانه‌ی هێرشیان ده‌كه‌نه سه‌ر ستراتیژی مه‌رگدۆستی و كوشتنی ژیانیان هه‌یه و ئه‌وانیش له‌به‌رانبه‌ردا و له پاڵ نێره هاوڕاكانیاندا بواری تێكدانی ئه‌و ژیانه‌یان ناده‌نێ كه تازه خه‌ریكه به شێوه‌یه‌كی تر بونیاتی ده‌نێن.
ده‌نگی مێ له ڕۆژاڤا ده‌نگی مێینه‌گه‌رایی هه‌ره مۆدێرنه و دوور له لێكدانه‌وه‌ی سیاسی و حیزبیانه هه‌وڵێكی كولتووری هزروانانه‌شه بۆ گێڕانه‌وه‌ی شكۆی مێ و كۆتاییهێنان به نه‌خشاندنی ژیان به‌ته‌نها له لایه‌ن نێره‌وه. ئه‌م مێیانه نایانه‌وێ چیتر نێربازانه له ژیاندا بن و ئیشیان ته‌نها لاسایی كردنه‌وه‌ی نێره ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌كان بێ، وه‌رگێڕانی ئیراده‌ی مێ بۆ واری سیاسی و سه‌ربازی و ئیداری و دیبلۆماسی به‌م بوێریه پێشتر نه‌بینراوه هێوێنكردنه‌وه‌ی ژیانه به ڕۆحی مێ و هه‌وڵێكی كوردانه‌شه بۆ به‌رزنرخاندنی توانای مێ له گۆڕانكاریه بونیادیه‌كاندا، هه‌وڵی كوردانه به‌و مانایه‌ی بۆ یه‌كه‌م جاره دیارده‌یه‌كی مرۆڤانه له لایه‌ن (مێ) ی كورده‌وه داده‌هێنرێ و به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێ ببێته دیارده‌یه‌كی هزری و عه‌قلانی له‌سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌كه و دنیاش.