Skip to Content

وردەکاریی ڕۆمانی خەیاڵی زانستی- بەشی چوارەم- … د. گۆران سەباح

وردەکاریی ڕۆمانی خەیاڵی زانستی- بەشی چوارەم- … د. گۆران سەباح

Closed
by حوزه‌یران 22, 2020 General, Literature


نووسینی ڕۆمانێکی باشی خەیاڵی زانستی (خەز) پڕۆسەیەکی ئاسان نییە. نووسینی ژانری تری ڕۆمان جارێک ئەستەمە، هیی خەز دوو جار. وێڕای گرێ و کارەکتەر و نووسینی باش، کە توخمەیلی هەموو ڕۆمانێکی باشن، خەز زیاتری گەرەکە.
بیرۆکە. جوانیی خەز بیرۆکەکەیەتی (ئیستیان، ٢٠٠٨). پێش نووسین هەندێ پرسیار لە خۆت بکە. پرسیاری سادە یان ئاڵۆز. چی دەبێت ئەگەر زانست بتوانێت سەری مرۆڤێکی تازە مردوو لە مرۆڤێکی زیندوو بچێنێت؟ چی دەبێت ئەگەر دەرمانی گەنجبووەوە دروست بکرێت؟ چی دەبێت ئەگەر زەوی دوو سانتیمەتر لە خۆر نزیک بکەوێتەوە؟ سەتان پرسیاری تر. بۆ نموونە، (نێتوێرک ئیفێکت)ی وێڵز مارسا (٢٠٢٠) باس لە جیهانی رۆبۆتی بکوژ و مرۆڤ دەکات. چی دەبێت ئەگەر ڕۆبۆت وەک مرۆڤ هەست و جێندەری هەبێت؟ خەزنووسی (ئێنیمی) کەی ئیسن دەڵێ بە پرسیاری نائاسایی دەست پێ بکە.
توخمی چیڕۆک. گرینگە بیرۆکەیەکی باشت هەبێ، بەڵام مەرج نییە چیڕۆکەکەت باش بێ (رەیمۆند، ٢٠١٠). پێچەوانەکەشی ڕاستە. رەنگە چیڕۆکەکەت باش بێ، بەڵام بیرۆکەکەت هەو نەبێ. بۆ نموونە، (دواهەمین دابەزینی شەوی عیسا)ی شێرزاد حەسەن بیرۆکە و چیڕۆکەکەش هێند سواوە تامی ئەدەب نادات.
سەبارەت بە چێژی ڕۆمان ئەم پرسیارانە لە خۆت بکە: ژیانی پاڵەوان (پرۆتاگۆنیست) چۆن دەبێ؟ گۆڕانەکان چی دەبن، کێشە و خەمی چی دەبن؟ گرێیەکە لە کوێ و چۆن دەست پێ دەکات؟ ئەی کۆتاییەکەی؟ لە دنیای خەز، دەبێ توخمەیلی گێڕانەوەی چیڕۆک ڕەچاو بکەی، وەک کات و شوێن، کارەکتەر، گرێ، تێڕوانینی گێڕانەوە، کەوانەی گێڕانەوە و تاد.
کات و شوێن. دەبێ شوێنەکە سەرنجڕاکێش بێت، نەک لە واقیع، لە نێو جیهانی چیڕۆکەکە (ئیستیان، ٢٠٠٨). با خەزەکەت لە گەڕەکی عارەبان بێت، بێو زانست لەوێ سەرەتان چاک بکاتەوە و خەڵکی بە تەلەپۆرت بنێرێتە سەر مەریخ، سەرنجڕاکێشترین شوێن دەبێ. یاسا و سیستمی شوێنەکە گرینگە. ئەگەر کات رابردوو بێ، دەبێ شارەزای ئەو سەردەمە بیت، لێی بکۆڵەوە و لەسەری بخوێنەوە. ئەگەر ئایندە بێ دەبێ بە پێی ئەو کات و ئەو سەردەم حسێبی هەموو شتێک بکەی. ناکرێ لە ٢٠٧٠ خەڵک هێشتا ئایفۆن بەکار بێنن.
کارەکتەر. بۆ نموونە: پاڵەوان و دوژمنەکەی (پرۆتاگۆنیست و ئەنتاگۆنیست). کەسایەتیی پاڵەوانەکە، سیفەت و رەفتار و شێوەی. کێشەکانی. چیڕۆکەکەت خۆش دەبێ ئەگەر پاڵەوانەکەت بە دار و بەردا بدەی، تووشی هەڵوێستی سەختی بکە، با ناخۆشترین ئەزموون تاقی بکاتەوە. کاردانەوەی لە کاتی شکستدا چۆنە؟. چۆن بەسەر ململانەکانیدا زاڵ دەبێ؟ بە هەمان شێوە، ئەنتاگۆنیست دەبێ بەهێز بێ و سەرئێشەی چاوەڕواننەکراو بۆ پاڵەوان دروست بکات (تۆم، ٢٠٠٠). بە کورتی، نابێ دڵت بە کارەکتەر بسووتێ و وەک بووکەشووشە مامەڵەی لەگەڵدا بکەی.
گرێ. بۆ نموونە: گروپێک دەچنە مەریخ تا چەند سەگێک لەوێ بەخێو بکەن، گرێی ئەمە چۆن دەبێ؟ بێو گروپەکە سواری کەپسوولێک بن و لەوێ دابەزن و دەست بکەن بە بەخێوکردنی سەگ، ئەوا هیچ گرێیەک لەوەدا نییە. گرێ دەبێ تژی بێ لە سەراوژێربوون، پێچ و پەنا و هەڵکشان و داکشان و گۆڕانی لەناکاو. گرێیەکە لە رووداوی یەکەمەوە دەست پێ دەکات. هەرچی دوای رووداوی یەکەم روودەدات دەبێ خزمەتی گرێیەکە بکات (کارل، ٢٠٠٠). گرێیەکە گەیشتنە بەوێ و بەخێوکردنی سەگەکانە بە سەرکەوتوویی.
ململانە. ئەو کێشانەن دێنە پێش گرێیەکە. کێشەی دیاریکردنی سەگەکان، کێشەی چوون، دابەزین، کەشوهەوای سەر مەریخ. کێ ناڵێ سەگەکان لەوێ نابن بە دڕندە؟ دەبێ شتێکی لەو جۆرەش روو بدات. من بم وای لێ دەکەم: سەگەکان بەرگەی تیشکی خۆری ئەوێ ناگرن، وردە وردە کار لە مێشکیان دەکات دەبن بە دڕندە. زاناکانی ئەوێ هەمووی دەخۆن، یەکیان نەبێ. ئەو کەسەش خۆی دەشارێتەوە و پێوەندی بە سەر زەوی دەکات و زاناکان پێی دەڵێن چ جۆرە دەرمانێک دروست بکات تا سەگەکان لەناو ببات و بگەڕێتەوە. ئافرەتێک بۆ ئەو رۆلە هەڵدەبژێرم، بێزار بووین بە دەست پاڵەوانی پیاوی سەر گەورە گەورەی ناشرین!
تێما. واتە چیڕۆکەکەت لەبارەی چییە؟ راستە خەز لایەنی زانستی تێدایە، بەڵام دەکرێ لەتەک تێمای زانستی، تێمای مرۆییشی تێدا بێ (برایەن، ٢٠٠٢). خەز واتە تاقیکردنەوەی مرۆڤ لە پێشکەوتنی زانست و پێشهاتی چاوەڕواننەکراودا (رەیمۆند، ٢٠١٠).
دروستکردنی جیهان. لەم لینکەدا سەیری باسی دووەم بکە، بۆ وردەکاریی جیهانی خەز گرینگە. https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=26430
کەوانەی گێڕانەوە. ئەویش چەند توخمێکی هەس: دەسپێک، جیهانی پێش ململانە. پەیدابوونی کێشە، لووتکە (کلایماکس). دنیای پاش لووتکە. چارەسەر/ ئەنجام، ئەویش کراوەیە یان داخراو (کارل، ٢٠٠٠). دەسپێکی سەگەکانی سەر مەریخ دەکرێ ئامادەکاری بێت، هەڵبژاردنی ستاف، سەگەکان، دروستکردنی کەشتییەکی تایبەت، مەرجیش نییە زۆر درێژ بێت. سەتان دەسپێکی تر هەن. لووتکە دەکرێ بەدڕندەبوونی سەگەکان بێ، یان کاتێ ستافەکە دەخۆن.
دەنگ/تێڕوانینی گێڕانەوە (پۆینت ئۆف ڤیو): ئەم پرسیارە لە خۆت بکە. ئەم چیڕۆکە هی کێیە؟ کێ دەیگێڕێتەوە. دەبێ لە سەرەتاوە بڕیار بدەیت. کەسی یەکەم، کەسی دووەم، کەسی سێیەم. کەسی سێیەمیش دەبێتە گشتگیر (ئۆمنیسنت)، واتە حیکایەتخوان هەموو شتێک دەزانێت، ئەوەکەی تر سنووردارە (لیمیتید)، واتە لە دیدی یەک کارەکتەر دنیا دێتە بینین و گێڕانەوە (کارل، ٢٠٠٠). لە دنیای ڕۆمانی پۆستمۆدێرندا گێڕانەوە بە دەنگی کەسی سێیەمی سنووردار باوە. دەکرێ ئەو ئافرەتەی دەمێنێتەوە چیڕۆکەکە بگێڕێتەوە، یان فرە دەنگ بێ، چەند کارەکتەرێک بیگێڕنەوە، یان دەکرێ کەسی سێیەم بێ. هەر دەنگێک بێ، خۆش بیگێڕەوە.
ستایل. وەک پەنجە مۆرە، ستایلی هیچ نووسەرێک بەوی تر ناچێت. چۆنێتیی بەکارهێنانی سینتاکس، دەنگ، ئامرازی ئەدەبی (رەوانبێژی) وەک خوازە و مێتافۆر، هیومەر لە خەزنووسێکەوە بە ئەوی تر جیاوازە (رەیمۆند، ٢٠١٠). چۆنێتیی داڕشتن، بەکارهێنانی وشە، دەمەیلی رێزمانی وەک رابردووی سادە و بەردەوام و تەواو و دوور، رانەبردووی سادە و بەردەوام و تەواو و تاد. سەت کەس لە هۆڵێکدا کۆ بکەوە، داوایان لێ بکە باسی چالێنان بکەن. چایەکە لێ دەنێن، بەڵام گێڕانەوەی هیچیان بەوی تر ناچێت. ئەوە ستایلە. چیڕۆکی سەگەکانی سەر مەریخ بدە سەت ڕۆماننووس، هەر یەکە بە شێوازێک دەیگێڕێتەوە.
ڕۆمانی بێزارکەر زۆرن، بەڵام بە ڕەچاوکردن و پڕاکتیزی ئەم وردەکارییانەی سەرەوە دەتوانی خەزەکەت بەتام بکەی. لە دەرفەتێکدا، بە زنجیرە وتارێک باسی کۆمەڵێ ڕۆمانی بێزارکەرتان بۆ دەکەم. ئێستە ڕۆمانێک دەخوێنمەوە، خۆماڵییە و بە حسێبی نووسەرەکە شاکارە. هەتا پێنج بەشم لێی خوێندەوە دە جار وازم لێی هێناوە و لێی هەڵاتووم. سەردەمی مێتا مۆدێرنە، بەسە ئیتر.

گۆران سەباح دکتۆرای لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا هەیە لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا. سێ ڕۆمانی (شاخوێنبەری سەرکردە، ترس و ڕق، دووی سوور) بە ئینگلیزی و کوردی چاپ کراوە. سکۆلەرەی فوڵبڕایتەرە، هەڵگری خەڵاتی باب سیگمان و کاڵدەر پیکێتی ئەمریکییە لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا.

———————————————-

سەرچاوەکان:
Brian Attebery. Decoding Gender in Science Fiction. New York: Routledge, 2002.
Carl Freedman. Critical Theory and Science Fiction. Wesleyan University Press, 2000.
Istvan Csicsery-Ronay, Jr. The Seven Beauties of Science Fiction. Wesleyan, 2008.
Raymond Williams. Tenses of Imagination: Raymond Williams on Science Fiction, Utopia and Dystopia. Ed. Andrew Milner. Frankfurt am Main, Oxford and Bern: Peter Lang, 2010.
Tom Moylan. Scraps of the Untainted Sky: Science Fiction, Utopia, Dystopia. Boulder and Oxford: Westview Press, 2000.

Previous
Next
Kurdish