
زیندان وەک ئامرازی سەرکوتکردنی هزری ئازاد.. ئاسۆس ساڵح
فیلمی (A Twelve-Year Night) بە نموونە
«بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر ئەبێ
قوڕ بە سەر ئەو دوژمنە هیوای بە بەندیخانەیە» – قانع
فیلمی “A Twelve-Year Night” (دوازدە ساڵ تاریکی)، بەرهەمێکی سینەمایی قوڵ و کاریگەرە کە چیرۆکی ڕاستەقینەی سێ زیندانیی سیاسی تۆپامارۆ لە ئۆرۆگوای دەگێڕێتەوە. تۆپامارۆ، بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتیمانی ــ گروپێکی مارکسیست-لینینیست و گەریلای شاریی بوون و لەنێوان ساڵانی ۱۹٦۰ تا ۱۹۷۰ چاڵاکیان لەناو شارەکان ئەنجام دەدا. چەپی ڕادیکاڵ بوون. لە ساڵی ١٩٧٣دا، دوای شکستی تۆپامارۆییەکان و سەرکەوتنی حوکمەتی دیکتاتۆری دوای کودەتایەکی سەربازی، لە ۷ـی مانگی ۹ـی۱۹۷۳ نۆ ئەندامی ئەم گروپە دەستگیر دەکرێن و دەکرێن بە دیل. ئەم فیلمە چیرۆکی سێ لەم دەستگیرکراوانە دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لە زیندانی تاکەکەسیدا دەهێڵرێنەوە. یەکێک لەوان، “خۆسێ مۆخیکا”یە، کە دواتر لە تەمەنی ۷٥ ساڵیدا و لە ساڵی ۲۰۱۰ دەبێتە سەرۆک کۆماری وڵات. یەکێکی تر ئێلوتێریۆ فێرناندێزە کە دوای ئازادبوونی بووە سیناتۆر و وەزیری بەرگری. هەروەها، ماوریسیۆ ڕۆسێنکۆف کە نووسەر بوو دوای ئازادبوونی دەست دەکاتەوە بە کایەی ئەدەبی خۆی و شاعیر و ڕۆماننووس و شانۆنامە دەنووسێت و لە مۆندۆتیڤۆ دەبێتە بەڕێوبەری ڕۆشنبیری ئەم شارە. فیلمەکە پیشانی دەدات کە چۆن دەسەڵاتی سەرکوتکەر، زیندان دەکاتە ئامرازێک بۆ تێکشکاندنی کەسایەتی و هزری ئازادیخوازان، بەڵام سەرکەوتوو نابێت لە شکاندنی ئیرادەیان. کەسانی شکستخواردوو ئەوانەن کە زوو خۆیان بەدەستەوە دەدەن! کەسانی سەرکەوتوو ئەوانەن کە خۆیان بەدەستەوە نادەن و بە ئیرادە و هێزەوە ڕووبەڕووی دۆخە دژوارەکان دەوەستنەوە.
زیندان لە مێژووی خەباتی گەلاندا تەنها شوێنێکی فیزیکی نییە، بەڵکو میکانیزمێکە کە بەکاردێت بۆ نیشاندانی هەوڵی دەسەڵات بۆ کپکردنی دەنگی جیاواز و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و هزری ئازاد.
زیندان وەک ئامرازی سەرکوتکردن:
لە ژێر حوکمی هەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، فاشیست، تۆتالیتار و ئۆلیگارشیدا، زیندان دەبێتە شوێنی کپ کردنی هزری ئازاد، ڕەخنە و بیروڕای جیاواز. ئەمە لە ڕواڵەتدا تەنها سزایەکی تاکەکەسییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا نیشاندانی هێز و پەیامی سیاسی دەسەڵاتە. لێرەدا ئەم زیندانە یان سزایە، خۆی دەشارێتەوە لە پشت پەردەی یاساوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئامرازێکی بێ-یاسایە بۆ پاراستنی هێز و دەسەڵات.
دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان بەردەوام لە هەوڵی دووبارە پێناسەکردنی زیندانن وەک شوێنێکی “یاسایی” بۆ سزادانی ئەوانەی دژی سیستەمەکەیان دەوەستنەوە. بەڵام زیندان لە ڕاستیدا بووەتە گۆڕەپانی ململانێیەکی ئایدیۆلۆژی و فیکری. لە فیلمی “A Twelve-Year Night”دا، دەبینین چۆن دەسەڵاتی سەربازیی ئۆرۆگوایی سێ چاڵاکوانی سیاسیی چەپ جیادەکەنەوە و بەردەوام دەیانگوازنەوە بۆ بنکە سەربازییەکان، دەیانهێڵنەوە لە ژێر بارودۆخێکی نائینسانیدا، بە ئامانجی تێکشکاندنی کەسایەتییان و وەرگرتنی زانیاری و شێتکردنیان.
هەمان میکانیزم لە لایەن ڕژێمە سەرکوتکەرەکانی ناوچەکەی ئێمەش بەکار هێنراوە، وەک بەعس لە عێراق، ڕژێمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لە ئێران، یان تورکیا بەرامبەر بە کورد. نموونەی ئەو شکەنجە و زیندانانەی وەک ئەبوغرێب، دیاربەکر، سیدنایا …هتد، هەموویان بەشێکن لە میکانیزمی بێدەنگکردنی دەنگی ناڕازی و سەرکوتکردنی هزری ئازاد.
زیندان و پێشڕەوانی گۆڕانکاری:
سروشتی گشت دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان لە یەکتر نزیکە. هەر لە ساتی دەستپێکیانەوە تا کۆتاییان، زیندانەکان پڕدەکەن لەو مرۆڤانەی هزری ئازادیان ڕام ناکرێت. هەرگیز سڵناکەنەوە لە ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بە ئامانجی لەناوبردنی ئەو ڕۆحیەت و ئیرادەیەی هەیانە. بەڵام وەک قانیع دەڵێت: “قوڕبەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە”، چونکە زۆرن ئەوانەی زیندانیان لە سیمبولی داگیرکردن و لەناوبردن، گۆڕیوە بۆ سیمبولی ئازادی و بەرخودان.
لە فیلمی “A Twelve-Year Night”دا، دەبینین چۆن خۆسێ مۆخیکا و هاوڕێکانی لە ناخی تاریکی و تەنیاییدا، سوور دەبن لەسەر پاراستنی هزر و بیروباوەڕیان. ئەوان بەرگەی ١٢ ساڵ ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دەروونی دەگرن بێ ئەوەی ملکەچ بن. ئەم ئەزموونە هاوشێوەی ئەزموونی زۆرێک لە زیندانییە سیاسییەکانی جیهانە.
زۆرێک لەو کەسایەتییانەی بوونەتە ڕابەری گۆڕانکاری، زەمەنێکی درێژیان لە زینداندا بەڕێ کردووە. وەک لینین، گرامشی، ماندێلا، هۆشی مینە، ئانگ سان سوکی، مارتن لۆسەر کینگ، یوسف سەلمان یوسف (فەهد)، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، خۆسێ مۆخیکا و چەندانی تر کە لە ژماردن نایەن. هەر یەک لەم کەسایەتییانە چیرۆکی تراژیدی تایبەتی خۆیان هەیە و بوونەتە سەرچاوەی ئیلهام و ئیرادە بۆ نەوەی دواتریان بۆ وەستانەوە دژی هەر دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و دیکتاتۆری.
ڕەشبگیری و سەرکوتی هزری ئازاد
ئەو ڕەشبگیرییەی بەعس و هاوشێوەکانی دەیانکرد دژی هەر کەسێک کە بۆنی گوڵی ئازادیی لێ بهاتایە، نموونەیەکی بەرچاوی ئەو سیاسەتە دڕندانەیە کە مێژووی سەردەمی نوێ خۆیەوە بینیویەتی. هەزاران کوردی بێتاوانی بەهۆی بیروباوەڕ، خوێندنەوەی کتێبێک، یان تەنانەت گوێگرتن لە گۆرانییەک دەستگیرکراون و ڕەوانەی زیندانەکان کراون، تا ئێستاش بەردەوامە.
دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی گەنجان و چاڵاکوانانی کورد، لە ئێران و تورکیا تا ئێستاش بەردەوامە. ئەمەش نموونەی ئەو تراژیدیانەن کە گەلی کورد بینیویەتی. هەموو ئەمانە بەشێکن لە هەوڵی سیستەمە سەرکوتکەرەکان دەیگرنەبەر بۆ لەناوبردنی ئیرادەی کورد و بێدەنگکردنی هزری ئازاد.
ئەم تراژیدیانەش هاوشێوەی ئەزموونی تۆپامارۆکانی ئۆرۆگوای لە فیلمی “A Twelve-Year Night”دا، سەرئەنجام نەیانتوانیوە ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن و ویستی ئازادیخوازی و مافخوازی لەناوببەن. بەپێچەوانەوە، ئەم کارەساتانە بوونەتە سەرچاوەی بەهێزکردنی بیری نەتەوەیی و خۆڕاگری گەلی کورد.
زیندانی مۆدێرن: داگیرکردنی فیزیکی و هزری
زیندان لە مێژووی هەموو گەلێکی ژێردەستە و چەوساوەدا یادەوەرییەکی تراژیدییە. هەر ئەمەشە وا دەکات ئەدەبیاتی زیندان زیاتر پەرەبسەنێت و لە ڕێگەی کاری ئەدەبی، فەرهەنگی و کەلتوورییەوە چیرۆکەکانی زیندان بگێڕدرێنەوە.
جۆرج ئۆروێڵ، لە ڕۆمانی “١٩٨٤”دا، کە باس لە دەسەڵاتێکی تۆتالیتار و دیکتاتۆر دەکات، زیندان/ژووری ژمارە ١٠١ وەک نموونەی تێکشکاندن و گۆڕینی هزری لۆژیکی مرۆڤ وێنا دەکات. لەو ڕۆمانەدا، ئۆروێڵ خەسڵەتی ترسناکی زیندانی مۆدێرن دەخاتە ڕوو کە تەنها داگیرکردنی جەستە ناکاتە ئامانج، بەڵکو دەیەوێت هزر و هۆشی مرۆڤیش داگیر بکات. دەسەڵات دەیەوێت چی بووێت ئەوە لای زیندانی بکاتە حەقیقەت و ڕاستیی ڕەها، وەک: ٢+٢=٥.
لە فیلمی “A Twelve-Year Night”یشدا دەبینین چۆن سیستەمی سەرکوتکەر سێ زیندانییەکە لە دنیای دەرەوە دادەبڕێت، هەوڵدەدات بیریان بچێتەوە، ناچاریان بکات وا بیربکەنەوە کە دۆڕاون و خەبات بێ سوودە. بەڵام سەرئەنجام، ئەوان توانیویانە پارێزگاری لە هزر و بیروباوەڕی خۆیان بکەن.
ئەدەبی زیندان لە ئەدەبیاتی کوردیدا
ئێمە وەک گەلێکی داگیرکراو، لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان، چەندان مرۆڤی شۆڕشگێڕ و قارەمانمان لە خراوەتە گرتووخانە، بەڵام وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە. چیرۆکە تراژیدی و کەموێنەکانی زیندانییان تا ڕادەیەک فەرامۆش کراوە، ئەوەی بەزیندوویی هێشتوونیەتەوە، نەمری خودی چیرۆکی داستانییەکەیانە.
تا ڕادەیەک زەمینەیەکی لەبار بۆ لێکۆڵینەوە و نووسین لەمەڕ ئەدەبی زیندان هەیە، بەڵام ئەدەبیاتی کورد لەو ڕوەوە لاوازە. هەرچەندە بەشێکی گرنگە لە مێژووی بەرخۆدانی گەلی کورد. لە سەر پرسە سیاسییەکان ئەوەی گیراوە زیاتر کەسایەتی سیاسی بوونە، زەمینەی زیاندان لە ژێرگوشاری دەروونی هانی داون بۆ نووسین. یەکێک لەوانە “مەلا عەلی” شاعیرە، کە لە “شیعری ژووری سێدارە”دا دەڵێت:
«ئەڵێن: ئەمرێ و، لە ترسی مردن پەشێوە
پێشمەرگە بم هەر ئەکەومە پێش ئێوە
بە مەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسوودەم
ڕووشم، زەردەی پێکەنینی هەر پێوە
گەرچی بەرەو دواماڵی ژین بەڕێوەم
یەکەم ماڵی نەمردن دیارە لێوەم
بەشم چونکە مردنی ناو جێ نییە
شادم کە تا دوا هەناسەش بە پێوەم»
لێرەدا شاعیر لەوپەڕی بەرگریی شکۆدارانەدایە و زیندان لە ڕێگەی ئەدەبەکەیەوە دەکاتە چەقی بەرخودان و پێدانی ئیرادە و بەردەوامیدان بە ڕێگەی تێکۆشان. ئەو پەیام بۆ هاوڕێ و هاوبیرەکانی دەنێرێت کە زیندان و مردنێکی ئاوا نەمرییە و ئاسوودەیە کە زیندان ملکەچی نەکردووە.
کۆتایی و دەرئەنجام
زیندان وەک ئامرازی سەرکوتکردنی هزری ئازاد، هەمیشە بەشێکی تاڵ و پڕئازار بووە لە مێژووی گەلان. بەڵام وەک فیلمی “A Twelve-Year Night” و ئەزموونی زیندانییە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوار پارچەکە پیشانیدەدەن، دەکرێت زیندان ببێتە سیمبولی خۆڕاگری و بەردەوامی. زیندان دەتوانێ سنوورێکی فیزیکی دابێت، بەڵام ناتوانێت سنوور بۆ هزر و بیر دابنێت.
ئەدەبی زیندان و گێڕانەوەی چیرۆکی زیندانییە سیاسییەکان، بەشێکی گرنگە کە پێویستە زیاتر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و بەشێوەیەکی فراوانتر بڵاوبکرێتەوە تا مێژووی هەموو ئەو قارەمانانە لەبیر نەکرێت کە گیانیان بەخت کردووە یان ژیانیان لە زینداندا بەسەر بردووە بۆ داهاتوویەکی گەش و ئازادی گەلانیان.
زیندان، لە سەرەتاییترین شێوەیەوە تا مۆدێرنترین فۆرمی، هەوڵێکە بۆ داگیرکردنی جەستیی و فکریی مرۆڤ. بەڵام هەرگیز لە داگیرکردنی بیری ئازادیی مرۆڤ سەرکەوتوو نەبووە، چونکە وەک قانیع دەڵێت، بیری ئازادی لە زینداندا فراوانتر دەبێت. لە کۆتاییدا، ئەوە هزری ئازادە کە سەرکەوتوو دەبێت، نەک سنوورە فیزیکییەکانی زیندان.
ئاسۆس ساڵح