
بەکورتی25: گوتنی نەگوتراو…. بێدەنگییش نەگوتراو لەخۆدەگرێت.. ئازاد حەمە
گوتنی نەگوتراو to say the unspoken ، کە توخمی بێدەنگی لەخۆدا مەڵاسدەدات، ئەو گوزارەیەیە، کە جارێ نەبووەتە گوتن، یان لە قسەکردندا هێشتا گۆنەکراوە و دەرنەبڕدراوە. گوتراوە نەگوتراوەکان (گۆنەکراوەکان) ئەگەرچی ناڕاستەوخۆ هەست بە گوتنییان دەکرێت، بەڵام راستەوخۆ لە گوتندا ئامادەنیین و نەبوونەتە بابەتی دانپێدانان و جەختکردن. ئەمەو گوتن نەبێت دەستەواژە لەدایکنابێت، یان بەزیادبوونی نەگوتراوەکان دەستەواژەکان ڕوو لە کەمیی دەنێن.
سەرەتا دەخوازین ئەوە بڵێین،کە کاتێک گوتن دەکەوێتە لێواری نەگوتنەوە، نەگوتراوەکان دەشێت بارگرانییبن بۆسەر ناخمان،زۆرکاتیش هەوڵی خستنەدەرەوەیان دەدەین، لێ فشارەکان هێندە جۆراوجۆر و قورسن ناتوانن بێنەدەر و ببنە گوتراو. شیاوی هەڵوەستە لەسەركردنیشە، دەستگرتن بە نەگوتراوەکانەوە ئازایەتی دەوێت. هەموو کەس ناتوانێت ببێتە خاوەنی نەگوتراوی خۆی. چونکە گوتن(چەنەبازیی)هێندە زۆر بووە بێزاریی و وەڕەسبوونی دروستکردووە.
لەژێر تیشکی ئەو گفتوگۆیانەی لایسەرەوە دەپرسیین:گوتنی نەگوتراوthe unsaid جیاوازی چییە لە گوتنی گوتراو؟ گوتنی نەگوتراو ئەو نەگوتراوانە نین، نەسواو و نادووبارەن؟ گوتنی نەگوتراو لە پەیوەندییدایە بە بێدەنگییەوە؟چۆنیەتی گوتنی نەگوتراو سەرنجراکێش نییە؟نەگوتراوەکانی ژن هاوشێوەی نەگوتراوەکانی پیاون؟هەندێک شت باشتر نییە هەر بەنەگوتراوی بمێنێتەوە؟ جا تاکەی؟ نەگوتراوەکان بارگرانیی دەروونی و هەستییمان بۆدروستناکەن؟ئەو شتە چییە،کە شتێک دەکاتە نەگوتراو؟
گوتنی نەگوتراو Dire le non-dit چییە؟ گوتنێکە هێشتا لەرووی زمانەوانییەوە پێکنەهاتووە؛ نەبووەتە گوتن، ئەو قسەیەیە نەکراوە. ماویەتی بگاتە قۆناغی بینیین و بیستن؛ یان لەدەرەوەی دیار و ڕووندایە. هاوکات سەرەتای نەگوتراو ئەوەیە،کە کاتێک باس لە شتێک دەکەین،کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی پێکراوە،بەڵام بە وشە نەخراوەتەڕوو.
تا ئەو شوێنەی ئێمە ئاگاداربین، گوتنی نەگوتراو سانا نییە؛گوتنیشی هەل و مەرجی دەوێت. زۆرجاریش دۆز گوتنی نەگوتراو دەسەپێنێت. بۆنموونە””هەستی دەرنەبڕدراو، چاوەڕوانییە فەرامۆشکراوەکان، یان ناکۆکییە شاراوەکان دەتوانن وشەی نەگوتراو دروست بکەن””.
بەواتایەکی دیکە،نەگوتراوەکان یاخود دەرنەبڕدراوەکان، لێرە یان لەوێ بەرۆکیانگرتووین و بووشنەتە دەردەسەری و مایەی چەشتنی ئازار. بۆیە بەردەوام ناحاڵیبوون یان دڵەڕاوکێ و دڵشکاویەک لە پشت نەدرکانی گوتنەوەیە. ئەمەش ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە،کە نەگوتراو پێماندەڵێت دەسەڵاتنەبوونێک لە هەمبەر نەگوتنی شتێک، کە دەبوو بگوترایە بوونی هەیە.
وێڕایئەوە، گەلێکجار نەگوتراوەکان بەرهەمی دروستنەبوونی دەرفەتن بۆ گوتن، لە دۆخێکی وەهادا کە کاتێکی زۆر بەسەر نەگوتراوەکاندا تێدەپەرێت ئیدی گوتنیشیان هێندە بەهادارنابێت. ئەمە بۆ خانمان بەوجۆرە نییە.چونکە نەگوتراوەکانی ژن کەمترە لە چاو پیاو. پێشدەچێت بەپێی کولتورەکان نەگوتراوەکانی ژن هەمان فۆرمی زمانەوانی نەگوتراوەکانی پیاوی نەبێت.
هەرکە نەگوتراوەکان بوونە گوتراو دەشێت ئەم نەگوتراوانە پۆلێک نیگەرانییشمانبۆبێنن،بەڵام پەیبردن بە نەگوتراوەکانی کەسێک مەرجنییە لە شوێنی خۆیدا بێت.ڕەنگە نەگوتراوەکانی بێمانا و پووچبن و هەرگیزیش ڕامان نەچڵەکێنن. لەبەرئەوە هێزی حاشا هەڵنەگری نەگوتراو ئەو دەمە ئاشکرادەبێت، کە پێویستمان بە ئاشنابوونە بە ناواخنی نەگوتراوەکان(نەنووسراوەکان) .
پەیامە نەگوتراوەکان دەتوانن هێمابن بۆ زۆر شتی درکپێنەکراو،وەکیتر ئاشنابوون یان دانپێدانان بە نەگوتراوەکان ئازاربەخشیشیان تیایە.ئەوەش لەسەر پاشخانی نەگوتراوەکان وەستاوە.هەندێک لە نەگوتراوەکان هەڵقوڵاوی مەینەتی ژیان و دەردێکی کوشندەی ئەوینداریی یان رووداوێکی ڕۆحیی ناپەسەندن بۆیە گوتنییان برین دروستدەکات و هەڵگرتنیشیان هەر ئازاربەخشە.
سهرهنجام دەڵێێن: گوتنی نەگوتراو لە قۆناغی شاردنەوە، بێدەنگبووندایە. گوتنێکە ئاشکرانەبووە، ڕەنگە هۆکار زۆربن،کە گوتنێک نەبووەتە گوتراو؛ ترس لە گوتن، مەیل بۆ نەگوتن و بەنهێنیکردنی گوتن و…تاد. لەڕێگای هەندێک کردار، رەفتار و زمانی جەستە و تۆنی دەنگەوە دەکرێت درکبەوەبکەین،کە هەندێک شت هەیە لەو گفتوگۆیەدا هێشت نەگوتراوە.زۆرجاریش ڕێگای جۆراوجۆر دەگیرێتەبەر تا نەگوتراو گۆکرێت، وەک: گۆڕینی بابەت، دۆزینەوەی سەرەباسیتر بۆگوتن، لادان لەوەی قسەی تیادەکرێت…. .واتە هەندێک نەگوتراو بە ئەنقەست کراوەتە نەگوتراو.
بۆ تیشک خستنە سەر هۆکارەکانی نەگوتنی گوتراوەکان لێرەدا هەر هێندە دەڵێێن، کە ترسی کەسەکە لە گوتنی ئەوەی دەخوازێت بیڵێت، هەست بەشەرمەزارییکردن لەئاست ئەوەی نیازخوازە بیڵێت و نایڵێت، ئەوەش کە لەناخەوە پەستە و ناخوازێت بێتەگۆ. سەرباریئەوە، لەکاتی هەڵچووندا ئەوەی، کە دەبوو بگوترێت جارێ نەگوتراوە و زۆرجاریش گوتنی نەگوتراو دەچێتە خانەی نەگوتنی شتە هەستیارەکانەوە؛ هەستیار بەمانای سیاسیی، کولتووریی و کۆمەڵایەتیی.
ڤیتگنشتاین پێیوابوو”زمان سنووری هەیە و هەندێک لایەنی ئەزموون، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە مانا و بەها و ڕەچاوکردنی ڕووشتییەوە هەیە، ناتوانرێت بە تەواوی لە ڕێگەی زمانەوە دەرببڕدرێن””. ئەمە خانەی نەگوتراوەکان پێکدێنێت. هەروەها درککردن بە پەیامە نەگوتراوەکان هاوکارماندەبن زۆر قسەنەکەین، زۆر نەپرسیین. بۆنموونە دوای ونبونێکی زۆر، کاتێک کەسێک لێماندەپرسێت: هەموو شتێک باشە؟ئەو پرسیارە دەچێتە خانەی نەگوتراوەوە. لەپشت ئەو پرسیارەوە زۆرێک گوتن هەن، کە هێشتا نەبوونەتە گوتراو.
دوا گوتنمان لەبارەی گوتنی نەگوتراوەوە تایبەتە بە بێدەنگییەوە، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی نەگوتراو بێدەنگییش لەخۆدەگرێت. ئەڵبەتە”نهێنی خێزانیی یان برینە ساڕێژنەبووەکان دەتوانن سەرچاوەی پرسە نەگوتراوەکان بن”. گومانی ناوێت، کە گوتن هێزی هەیە بەس هەمیشە نا، گەر هەمیشە پەیڤ وزەداربێت بێدەنگی شادەماری نەگوتراوەکان پێکناهێنێت. راستە بێدەنگی بێلایەن نییە، بەڵام دەشتوانێت هەڵوێست، توڕەبوونێک بێت. وەکیتر”هەندێک جار، قورسترین بارگرانی کە هەڵیدەگرین، قورسایی قسەکانمان نییە، بەڵکو بێدەنگی ئەوانەیە کە هەرگیز قسە ناکەین”.
سەرباریئەوە، کاتێک گۆنەکراو پەلدەهاوێت بەرەو بێدەنگیەکی بکوژ ئەستەمە گۆڕینی نەگوتراو بە گوتراو. ڕەنگە زۆرێک لە ئێمە پێیباشبێت، کە هەندێک شت باشترە نەگوترێت.بەڵام تاکەی؟ گەر نەگوتراو باشتربێت لە گوتراو ئەوا تێکڕای نەگوتراوەکان هۆکار و پاڵنەری سەرەکی بێدەنگییەکانمانن. ئەو دەمەش،کە بێدەنگیی دەشکێرنێت نەگوتراوەکان ئاوادەبن. لەبەرئەوەی نەگوتراوەکان، بەشێک لە ڕاستییەکان لەناخی خۆیاندا حەشاردەدەن بۆیە رۆژێکدێت نەگوتراوەکان بەدەنگی بەرز بگوترێن.
ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی