Skip to Content

مەگەر بۆرجوازی کۆمونیستخوازە، تاکو “کۆمونیزم”ی ھەبێت و بۆ خۆجیاکردنەوە ئاوەڵناوی ” کرێکار و پڕۆلیتاریا” پێویست بێت؟

مەگەر بۆرجوازی کۆمونیستخوازە، تاکو “کۆمونیزم”ی ھەبێت و بۆ خۆجیاکردنەوە ئاوەڵناوی ” کرێکار و پڕۆلیتاریا” پێویست بێت؟

Closed
by ئاب 7, 2018 General, Opinion

ھەژێن
٢٨ی جولای ٢٠١٨

بەشی یەکەم

خوێنەری ھێژا، ئەوەی لەنێو ئەم سەرنجدانە ڕەخنەییە لەسەر ڕاگەیاندنی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” دەیخوێننەوە، ھەوڵێکە بۆ وروژاندنی پرسە )بەرد-لەسەر-دانراوەکانی( نزیکەی سێ دەھە ڕابوردوو، کە بەداخەوە بێدەنگەکردنی زۆرێك لە چالاکانی دوا دەھەی سەدەی ڕابوردوو لە بەرانبەر ئەو پرسانە، بووە بە زەمینەخۆشکەری گاڵتەجارییەکانی ئێستا، ھەڵبەتە سەرنجداندنەکەی من بە پێشینە و ئەزموونی کەسیی و خوێندنەوە و ناسینی خۆم پشتئەستوورە.

پێش ئەوەی کەسێك بپرسێت : ململانێ و کەرتبوونی “پارتییە ڕابەرەکان” و قەیرانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بە تۆ چی؟ باشترە ئەوە ڕۆشنبکەمەوە، تاکو ئەو پرسیارە نەبێتە بەلاڕێدەبەری سەرنجی خوێنەر. ساڵی ٢٠٠٨ ھاوڕێیەک بە منی گوت “ھاوڕێ ھەژێن ڕەخنەی تۆ زۆر وردەکارە و شێوازت سەرنجڕاکێشە، بۆچی ڕەخنەیەکی چڕ و پڕ لە ڕەوتی “کۆمونیزمی حیکمەتی” ناگریت؟” …. گوتم ھاوڕێ، “کۆمونیزمی کرێکاری” ڕوداوی زووتێپەڕە و تەمەنی لە تەمەنی پاسۆک کورتتر دەبێت. من ھەرگیز “گوللەی بەزەیی” بە ئەو ڕەوتەوە نانێم، چونکە خۆتوانەوەی پەشمەکیانەی خۆی زۆر کاراتر و بە ئەزموونتر دەبێت. ئێستا ئیدی کاتی پاککردنەوەی شوێنەواری پەشمەکە تواوەکەیە.

ھەر ئاوا پێش ئەوەی بچمە بکەومە شرۆڤەکردنی دەستەواژە ناکۆک و پارادۆکسەکانی نێو ڕاگەیاندنەکە، پێویستە ئەوە بڵێم، کە لە چێشتی فەقێ و دوکانی چەرچی دەچێت، مەگەر ڕاگەیێنەرانی بزانن، کە خۆیان خوازیاری چین؛ شۆڕشی کۆمەڵایەتی یان ھەڵپەی دەسەڵات و مرخگرتن لە دەوڵەتمەندی؛ کۆمەڵی کۆمونیستی یان سیستەمی تاکپارتیی دەستەبژێران؛ سیستەمی خۆبەرێوەبەریی سۆڤیەتی [ئەنجوومەنی] یان فەرمانداریی وردەبۆرجوازی لەژێر دێوجامەی کرێکاران؛ کرێکاران شۆڕشگێڕن یان ڕۆبۆتی دەستی “ڕابەرانی پارتییبازی”؟ ئەھریمەنی ئازادیخواز، فریای لایەنگرانی خۆشباوەڕ بکەوە و نەھێڵیت ئەو جارەش ڕەدووی کڵاوی بابردوو بکەونەوە!

“ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق”

ناوی ڕێکخراوەکە لە چەند بارەوە سەرنجڕاکێشە:


“ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی”

وەک ناوە باوەکانی دیکەی ڕەوتی بڕوابوون بە پارتییایەتی و “پارتیی ڕابەر” و پێکھاتەی ئایدیۆلۆجیی لەوانە “دەنگی کۆمونیزم” ، “ئاڵای کۆمونیزم”، ئاڵای شۆڕش”، “ئاڵای ئازادی”، ڕەتکەرەوەی ھەموو دەنگێکی دەرەوەی خۆیەتی و خۆی بە بنەچە و ڕەسەن و درووست و ڕەوا دەبینێت و ئەوانی دیکە نابنەچەیی و ناڕەسەن و نادرووست و ناڕەوا دەبینێت، ھەر بەو جۆرەی کە لە خاڵی (١٢.) تەوەرەی ” به‌رنامه‌ی كاری …. – ده‌ستپێكه‌ گشتیه‌كان ” و خاڵی (٩.) لە ” ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری ….” بە ئاشکرا ئاماژەدراوە.

” لە عیراق “

ئاماژەیە بۆ ئاراستەی بان-وڵاتیی و بان-“نەتەوەیی” و جیھانی بیرکردنەوە و چالاکیکردنی کەسێک یان گرووپ و ڕێکخراوێک لە ھەر شوێنێك نیشتەجێبێت. من نازانم داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە چەندە تێگەییشتنیان لەو ئاماژەیە ھەیە، بەڵام دڵنیام لە پاگەندەیەکی ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجی بەولاوەتر نییە. چونکە بە کردەوە تەواوی تەمەنی ئەوان وەک چالاکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە وڵاتانی دەرەوەی عیراق ئەوەی سەلماندووە، کە ئەوان زۆر لە کەسانی خۆ بە “کورد” و “عەرەب” و “ئێراقی”-زان ناسیونالیستترن و ھەمیشە “کرێکاران و سۆشیالیستەکانی جیھان” بۆ پشتیوانی لە خۆیان و بەرنامە عیراقی و کوردستانییەکەی خۆیان بانگەوازدەکەن، بەڵام بۆ جارێکیش بەشداریکردنی (ناڕەزایەتی و تێکۆشانی شوێنی ژییان و کارکردنی خۆیان) لە دەرەوەی عیراق بە ئەرکی خۆیان نازانن. ئەوەش بێجگە لە ھۆکاری بۆچوونیی، کۆمەڵێك ھۆکاری دیکەی ھەیە؛ دابڕاومانەوە و داخراویی لەنێو “جالیەی عیراقی” و تێکەڵنەبوون بە دانیشتووانی کۆمەڵی پەنادەر، ناکرێکاربوون و کاری لابەلایی و …تد

کۆتایی بەھاری ١٩٩٣ کاتێك پڕۆژەنامەی (مەنسووری حیکمەت) بۆ درووستکردنی “پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی عیراق” بە من وەک ئەندامی ڕێکخراوی “ڕەوتی کۆمونیست” گەییشت، ھەم لەنێو وەڵامەکانی ئەو و ھەم لەنێو وازنامەیەکی ھەژدە لاپەڕەیی بۆ نێوەندیی “ڕەوتی کۆمونیست”، ئەو پرسیارەم وروژاند : ئەی بۆچی لەجیاتی (حککع یان حککک) “پارتیی کۆمونیستی جیھانی”* و “لە عیراق” نەيێت؟ ئەو کات پرسیارەکەی من نەبووە سەرنجڕاکێشی خوێنەرانی وەڵام و وازنامەکەی من و ھەر ئاوا ئەو ھاوڕێیانەش[ کە لە ناوچەکانی ھۆرامان و شارەزوور و سلێمانی و ھەولێر و ڕانیە و …تد لەتەکیان کۆبوومەوە]، تاکو ھۆکاری بەشدارینەکردن و نەچوونی خۆم بۆ نێو ” پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی عیراق” بۆ ئەوان بخەمەڕوو، کە ئەو کات (ساڵی ١٩٩٣) بڕوابوون بوو بە (ڕێکخراوێکی جیھانیی) بنکە لە ھەموو گۆشەکانی جیھان بۆچوون و پێگەییشتنی من بوو. بەداخەوە ئەو کات ھەمووان سەرقاڵی خۆساخکردنەوە بوون لەنێوان “پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی عیراق” یان “پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان”، کە یەکێك بوو لە پرسیارەکانی مەنسووری حیکمەت. ئەوان نەیاندەزانی کە “عیراق”یی-بوون بە ھەمان ڕادەی “کوردستان”یی-بوون ناسیونالیستییە و ھیچی لە عیراقی-چییەتییەکەی (حشع) و کوردستانیی-چییەتییەکەی (کۆڕەک) کەمتر و زیاتر نییە. بەڕاستی ئەوەی کە پاش چارەکە سەدەیەک (بیست و پێنج ساڵ) تازە بە تازە ئەو پرسە ھۆش و ئاوەزی “ڕابەرانی پرۆلیتاریا”ی ختووکەداوە، شاییستەی ھەلھەلە و چەپڵەڕێزانە.

ناوی ڕێکخراوەکە لە باری ڕێزمانییەوە: ھەر ئاوا کە بیست و پێنج ساڵە “ڕابەرانی پڕۆلیتاریا” بە درووستی ناوی پارتییەکەی خۆیان بە زمانی سۆرانی “کوردی” نازانن، ئەو جارەش لەسەر کێش و سەروای ھەمان “تاس و حەمام” ناوی ڕێکخراوە ساواکەی خۆیان بە ھەڵە نووسیوە؛ “حزبی کۆمونیستی کرێکاریی عێراق / کوردستان”، “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمونیستیی له‌ عێڕاق” نەک “حزبی کۆمونیستی کرێکاری عێراق / کوردستان” و “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمونیستی له‌ عێڕاق”.

یەکەم، بەداخەوە پاش دوو دەھە بەردەوام داچڵەکاندنی سەران و ئەندامانی ئەو ڕەوتە لەلایەن منەوە، کە (کۆمونیزم و کۆمونیست) نەک “کۆمۆنیزم و کۆمۆنیست”، دووەم، داڕێژەرانی ئەو ناوانە ئەوەندە زمان-کڵۆڵن، کە جیاوازی نێوان [ناو] و [ئاوەڵناو] نازانن و نازانن کە واژەی (کرێکاریی) لەنێو “حزبی کۆمونیستی کرێکاریی عێراق / کوردستان” و (کۆمونیستیی) لەنێو “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمونیستیی له‌ عێڕاق” [ئاوەڵناو]ن نەک [ناو]. لەبەرئەوە بە دوو (یی) دەنووسرێن و ئاماژەی تایبەتمەندیی ناوەکەی پێش خۆیانن و (ی) دووەم گێڕانەوەی ئاوەڵناوەکەیە بۆ ناوەکەی پێش خۆی نەک بۆ پاشگری (عیراق). بە واتایەکی دیکە ئاماژەن بۆ جۆریی پارتییەکە، نەک نیشاندانی جوگرافیای چالاکی پارتییەکە! ھەر ئاوا لە باری ڕێنووس و ڕێزمان سەراپای ڕاگەیاندنەکە تژییە لە ھەڵە و ھەزار بارەکردنەوەی ھەڵە و نەزانییەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو. لێرەدا من لە ھەڵەبژێریی ڕاگەیاندنەکە خۆم لادەدەم، چونکە کاتی ئەنجامدانی ئەو ئەرکە نییە و ڕاستکردنەوەی ھەڵە ڕێزمانیی و ڕێنووسییەکان بۆ کەسانی ڕامیار، وەک ژماردنی گوێزە، تەنیا سەرەئێشە بۆ نووسەری دەمێنێتەوە.

لێرەدا بەم ئاماژەیە کۆتایی بە بەشی ڕێزمانیی ڕەخنەکەم دەھێنم؛ نووسینی ناوی پارتییەک یان پڕۆژەیەک لەنێوان جووت-کەوانەی گێڕانەوە “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق”، ئاماژەیە بۆ دوو شت: یان گواستنەوە وەک ڕۆژنامەنووسێک و گەیاندنی ھەواڵێك لەبارەی دەرەوەی خود، یان گواستنەوەی بۆچوون و ئاماژەیەک، کە گوێزەرەوە بە درووستی نازانێت و گومانی ھەیە. وەک دەزانین داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە وەک ھەواڵنێر و ڕۆنامەنووسێک بەو کارە ھەڵنەستاون، ھەر ئاواش وەک توانج و گومان بەرانبەر بە ڕاستگۆیی خۆیان بەکاریاننەبردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە، کڵۆڵییە لە زاینینی ھونەر و بنەماکانی نووسین، کە ھەر ھیمایەک بۆ مەبەستێکی دیاریکراو دانراوە، ھەر ئاوا کە بە گوێچکە نان ناخورێت و بە چاو ھەناسە نادرێت!


” وه‌ك ڕه‌وتێك به‌ره‌و پێكهێنانی حزبێكی سیاسی كۆمۆنیستی پرۆلیتاری تاكو به‌ستنی كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ری حزب له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا.”

ئەوەی پاش بیست و پێنج ساڵ لە ھەبوونی ” پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی عیراق” و فریودانی خەڵک بە ھەمان پاگەندەکانی ئێستای ھەوڵی درووستکردنی پارتییەکەی دیکە و جیابوونەوە و دەرکردنی دەرزەنێک پارتییۆکەی دیکە لەنێو پارتیی دایک، تازە بە تازە “ڕابەران”ی “پارتیی ڕابەر” دێن و واژەی “پڕۆلیتاری” دەخەنە شوێن واژەی “کرێکاریی”، ھەڵبەتە بەبێ ڕۆشنکردنەوەی ھۆکارەکەی؛ ئایا ئەو دوو چەمکە ھاوواتای یەکدین؛ ئەگەر ئاوایە، بۆچی واژە باوەکە بەکارنەبراوە؛ ئەگەر جیاوازن، جیاوازییەکەیان چییە؛ ئایا بۆ خۆجیاکردنەوەیە لە پارتیی دایک؛ یان نائومێدبوونە لە ڕەوتە ڕامیارییەکە “کۆمونیزمی کرێکاریی” ؟ ئەگەر دابڕانە لە نەریتی چۆنیەتی درووستبوون و کارکردنی پارتیی دایک، ئەی بۆچی لاسایی ھەمان شێواز و ڕاگەیاندنی ئەو و باڵە جیابووەکانی ئەو دەکەنەوە؟ ئایا ئەوە لاساییکردنەوەی خشکەییانەی ڕاگەیاندنی “بزووتنەوەی بنیاتنانی حزبی کۆمونیستیی عیراق” نییە؟ ئەگەر درووستکردن و سەرھەڵدانی پارتییەک پڕۆژەیەک و زەمینەسازی خۆیی و بابەتیی دەخوازێت، چۆن دەتوانن بەبێ سڵەمینەوە و گومان ڕابگەیێنن ” تاكو به‌ستنی كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ری حزب له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا.” ؟ ئەگەر ئەوان لەوە دڵنیان، کە بەو زووانە کۆنگرەی دامەزرێنەری پارتییە ئایدیالەکە دەبەسترێت، ئیدی بۆچی ئەو فێڵە لە خەڵک و خوێنەر دەکەن و ئەو پێچاوپێچییە درووستدەکەن؛ ئەوان کە بەو ڕاگەیاندنە مژدەی دەبەخشن و لە نزیکی کۆنگرەکەشی دڵنیان، ھەر ئاوا بیست و پێنج ساڵ لەمەوپێش لەنێو پڕۆژەنامەکەی مەنسووری حیکمەت ھاتبوو؛ بەزوویی بەستنی کۆنگرەی دامەزرێنەر یەکلاییکرابووەوە و مژدەدرابوو، ئیدی بۆچی بەبێ پێچاوپێچ و پەردە پارتییۆکەکەی خۆیا ڕاناگەیین. ئەوەی لە بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو ڕەخنەگرانە ڕاگەیاندنەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” خوێندبێتەوە ئاگاداری جیابوونەوە و دەرکردنەکانی نێو پارتییەکانی ئەو ڕەوتە ببێت، ئەوا ئەوەش دەزانێت، ئەوە ھەمان فێڵی بیست و پێنج ساڵی پێشترە و تەنانەت خۆشیان لەوە دڵنیان کە گوێگر و خوێنەریان نابێت و لە پارتیی دایک مایەپووچتر دەبن. چونکە سرووشتی پارتییایەتی و بەتایبەت ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” ئاوایە، کە ھیچ کات دوو کەس ناکات بە سێ کەس، بەڵکو ھەردەم سێ کەس بە دوو کەس و یەک کەس دەکات؛ جیابوونەوە و دەرکردنی دەرزەنێک پارتیی و فراکسیۆن و ڕەوت لەنێو ھەر دوو پارتیی “کومونیزمی کرێکاریی عیراق و ئێران” باشترین بەڵگەیە.
لەبەرئەوە جیابوونەوە و درووستکردنی پارتییەکی دیکە و خولاندنەوەی ئەندامان و لایەنگرانی خۆشباوەڕ لەنێو بازنەی پارتییایەتی، سەرەنجامەکەی ھەمان سەرەنجامی “جیابوونەوە و گۆڕانخوازیی و ڕیفۆرمەکە”ی نەوشیروان موستەفا دەبێت. ھەڵبەتە بۆ کەسانی “خۆ بەرابەر-زان” و خەڵک بە گێل-زان” ئاساییە، چونکە کەسانی ناوبانگخواز بێجگە لە ڕامیارییکردن ھیچی دیکە نازانن و ھەموو ناکۆکیی و ململانێ و جەنگەکانیان لەپێناو ناوبانگ و دەسەڵات و مشەخۆریی دەستەبژێرییە.


” ده‌ستپێكه‌ گشتیه‌كان – به‌رنامه‌ی كاری سیاسیمان ”

خاڵی یەکەم تاکو خاڵی پانزەھەم، فرەتر لێکدانەوەی ئایدیۆلۆجیی بار و دۆخی عیراق دەبن، تاکو بنەماکانی کار. خوێنەری وریا دەتوانێت سەرنجی دەسەپاچەیی داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بدات، کە تەنانەت توانای دیتنی جیاوازی بنەماکانی کار و لێکدانەوەی بار و دۆخیان نەبووە. وەک چێشتی فەقێ ھەر کەسە و لێرە و لەوێ چەند دەستەواژەیەکی ھێناون و لەنێو ڕاگەیاندنەکەی ئاخنیون. ھەڵبەتە ئەوەش بڵێم ڕاگەیاندنەکە نمایانی ھەژموونی ڕەوتە ڕادیکاڵەکانە [لە کۆمونیست بگرە تاکو ئەنارشیست] لەسەر داڕێژەرانی ڕاگەیاندنەکە؛ بۆ نموونە گەڕانەوە بۆ سەر مارکس و بەخشکەیی خۆدەربازکردن لە سایەی حیکمەتیزم و تەنانەت لێنین’یش وەک ھەژموونی کۆمونیستە جیھانڕەوەکان، ئاماژەدان بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی و خۆبەڕێوەبەریی وەک ھەژموونی ئەنارشیستەکان …تد. سەرباری ئەوەش ھێشتا ڕووگیریی و ھەژموونی حیکمەتیزم’یش بەدیدەکرێت. ئەوەش شتێکی ئاساییە، چونکە باڵ و فراکسیۆنە جیاوەبوو و دەرکراوەکانی پێشتری نێو پارتیی دایکیش ساڵی ١٩٩٦-٢٠٠٠ بە ھەمان شێوە سەرەتا نەیاندەتوانی ئەوە ڕابگەیێنن، کە (تێزەکانی حیکمەتیزم) نەزۆک دەرچوون و تەنیا بۆ پارچە پارچەکردن و پرش و بڵاوەکردنی بزووتنەوەکان بەکەڵک دێن.

“1. ئامانجی ڕاسته‌وخۆو هه‌رئێستای خه‌باتگێڕان، نوێنه‌رانی چینی كرێكار وبێبه‌شان وبه‌زۆر هه‌ژاركراوان ئه‌مڕۆ له‌عێڕاقدا ئاڵوگۆڕی سیاسیه‌ ، ئاڵوگۆڕی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا وده‌سه ڵاتی سیاسیه‌ ، به‌ڵام ئه‌وكاره‌ ڕونادات به‌بێ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی چینی باڵاده‌ست.”

” ئاڵوگۆڕی سیاسی‌ ” چییە؛ئەی چ ئاڵوگۆڕێکی ئابووریی و کۆمەڵایەتی بۆ چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بەدیدەھێنێت؟ ئایا خەڵکی عیراق تێر و تەسەلە و ھیچ ناڕەزایەتیی و داخوازیی ئابووریی نییە و تەنیا گرفتی ئەو گۆڕینی سەروەرێکە بە سەروەرێکی دیکە؛ ئەی جیاوازی سەروەریی سەروەرانی ئێستا و سەروەریی “ڕابەرانی پارتیی ڕابەر” چییە، بێجگە لە نەگۆڕینی و چل مەنی باری سەرشانی چەوساویان؟

چینی دەسەڵاتدار چۆن دەگۆڕدرێت؟ ئەگەر بڕیاربێت گۆڕانە خوازراوەکە جێگۆڕکێی دەسەڵاتخوازان بێت، جیاوازی دەسەڵاتدارانی “مارکسیست-کۆمونیست” و دەسەڵاتدارانی ” عەشایر و قەومی و دینی” چییە؟ ئەو جێگۆڕکێیە لە بندەستیی زۆرینەی کۆمەڵ چی دەگۆڕێت، جیاوازی چییە سەروەر چەپ یان ڕاست، کۆنەپارێز یان سێکیولاریست بێت؟

بەبێ گۆڕینی بنەماکانی سیستەمی ئابووریی، چۆن سیستەمی بەڕێوەبەردن دەگۆڕدرێت و چۆن ھەژموونی داراکان لەنێودەبردرێت؟ بەبێ ئامادەیی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی ئەندامانی کۆمەڵ بۆ گۆڕینی سیستەمی ئابووریی، چۆن سیستەمی ئابووریی دەگۆڕدرێت؟ بەبێ لەنێوبردنی دەزگە و پێکھاتە پارێزەرەکان [سیستەمی دەوڵەتی و فەرمانداریی و پارتییایەتی] چۆن سیستەمی ئابووریی مشەخۆرانە لەنێودەبردرێت و چۆن گۆڕانی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵایەتیی ڕودەدات؟

“به‌ڵام ئه‌وكاره‌ ڕونادات به‌بێ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی چینی باڵاده‌ست.” …

ئایا گۆڕینی چینی سەروەر بە چینێک یان ڕاستر بڵێین بە سەروەریی دەستەبژێری “خۆ بە ڕابەر-زان” چی لە پرسی چینایەتی کۆمەڵ و چەوسانەوە دەگۆڕێت؛ ئایا ئەزموونی ھەفتا ساڵەی ڕوسیەی بۆلشەڤیکی و بلۆک و ھاوپەیمانی وارشۆ بۆ تێگەییشتن لە “ھەمان تاس و حەمام”بوون بەس نییە، کە بە کردەوە ئەوەی نیشاندا، “پارتیی و فەرمانداریی و دەوڵەتی ڕابەر” جێگەی چینی بۆرجوازی دەگرنەوە و سەراپای کۆمەڵ دەبێتەوە بە پڕۆلیتاریا [چین و توێژە نەدار و کرێگرتە و بێدەسەڵاتەکان]؛ یان کاسپییە ڕامیارییەکەی “خۆ بە ڕابەر-زانان” ئەو خۆگێلکردن و نادیدەگرتنە دەخوازێت، چونکە تێگەییشتنی خەڵکی چەوساوە [پڕۆلیتێرەکان] لە کڕۆکی پرسەکان و کەتواری ڕوداوەکانی یەک سەدەی ڕابوردوو بۆ پەزەکانی دەسەڵاتخوازیی ئەوان زیانی دەبێت؟

” 2. چینی باڵاده‌ست له‌عێڕاق ، ….تد “

ئەی ئەگەر ناوازەی مێژووویی ڕوبدات و سبەی پارتییە مژدەدراوەکەی نێو ئەو ڕاگەیاندنە بەدەسەڵات بگات، جیاوازی ڕێکخستنی سیستەمی ئابووریی و پێکھاتەکانی “دەوڵەتە پڕۆلیتێرییەکە” و دەزگەکانی لەتەک ئەوەی ئێستای عێراق ھەیە یان سەردەمی لێنین تاکو گۆڕباچۆڤ ھەبوو، چی دەبێت؛ ئایا ھیچ سیستەمێکی ڕامیاریی بەبێ سیستەمی ئابووریی [بنەمای ئابووریی] بوونی ھەیە؛ دەکرێت ئێمەی خوێنەر بزانین، بنەمای ئاڵوگۆڕ و سیستەمە ڕامیارییەکەی پارتیی مژدەدراو چییە و لەسەر چ بنەمایەک ئێمەی نەزان بە بەڵێنی سەرخەرمانی “خۆ بە ڕابەر-زانایان” بڕوابکەین؟ چ مسۆگەرییەک ھەیە، کە دەسەڵات و سیستەم و ڕامیاری (سوور) لە دەسەڵات و سیستەم و ڕامیاری (مۆر و قاوەیی) جیاواز بێت، ئھەر ئاوا کە ئەزموونی ڕوسیە نیشانیدا؟

” 3. كۆمه‌ڵگا له‌عێڕاقدا كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رمایه‌داریه‌ ، ……. به‌ بێ ئه‌وه‌ی خاڵی ده‌ستپێك له‌ ڕه‌خنه‌ی عه‌مه‌لی په‌یوه‌ندیه‌كانی سه‌رمایه‌ وڕۆڵی سه‌ره‌كی چینی كرێكار له‌ ده‌ستنیشان كردنی چاره‌نوسی سیاسی و ئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگا ده‌ستپێنه‌كات . “

ئەگەر چینی کرێکار وەک چەوساوەترین توێژی پڕۆلیتێریی لەنێو پارادۆکسەکانی پارتییایەتی چەپ دەربکێشین، بەدڵنیاییەوە بەشی ھوشیاری ئەو چینە ڕۆڵێکی بنەڕەتیی و چارەنووسسازی ھەیە، کە ھوشیارییەکەی وەک ھوشیاریی ھەر تاک و توێژ و چینێکی دیکە، زادەی پێگەی خۆیەتی لەنێو پێکھاتەی سیستەمی کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ئابووریی و ڕەنگدانەوەی ئەزموونەکانی تێکۆشان و ململانێی ھەر ڕۆژەی خۆیەتی دژی داگیرکەرانی ھۆش و کار و زەمین و سامانی کۆمەڵایەتیی و بەڕێوەبەردنی کۆمەڵ. دەرککردنی ئەو ڕۆڵە چارەنووسسازەی پڕۆلیتێرەکان [ھەڵبەت ئەگەر ھوشیار و شۆڕشخواز بن] لەلایەن ڕامیاران بەگشتی و دەسەڵاتخوازانی وردەبۆرجواز بەتایبەتی، لە ڕاپەڕینی گەورەی فەرەنسە تاکو ئێستا بە چەند ڕوخساری جیاواز خۆی نیشانداوە؛ ھەر لە سۆشیال دێمۆکراسی تاکو لێنینیستەکان و حیکمەتیستەکانی ئەم سەردەمە، بۆ ئەو مەبەستە لەپێناو قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی پڕۆلیتێرە ناھوشیارەکان ھەوڵدراوە و تاکو ڕادەیەکی زۆریش ئەو ڕەوت و ئاراستانە توانیوویانە تێکۆشان و ھەوڵی پڕۆلیتێرە ناڕازییە ناھوشیار و خۆشباوەڕەکان بخەنە خزمەتی مانەوەی سەروەریی چینایەتی بە جێگۆڕکێپێکردنی لەنێوان چەپ و ڕاستی دەسەڵاتخوازان بە دەیان ناو و ڕوخساری جیاوازەوە. بەڵام ھەر ھەموو ئەو ڕەوتە دەسەڵاتخوازانەی ژێر دێوجامەی کۆمونیزم یەک کڕۆکی ئایدیۆلۆجیی پڕ پارادۆکسی ھاوبەشیان ھەبووە و ھەیە، کە لەنێو ئەو چەند پاگەندە ھەڵخەڵەتێنەرانە خۆی بەرجەستەدەکات: ” کرێکاران شۆڕشگێڕترین چینی چەوساوەن و ڕۆڵی سەرەکی و چارەنووسسازیان ھەیە، بەڵام بۆ ڕێکخستن و تێكۆشان و شۆڕش، پێویستیان بە ڕابەریی کۆمونیستەکان ھەیە، چونکە ئەوان بەشی ھوشیار و پێشڕەوی کۆمەڵن”
ئەوە پوختەی بۆچوونی پارتییچییەکانە لەبارەی چینی کرێکار و ھوشیاری شۆڕشگێڕانە و شۆڕش. بە شێوەیەک لە شێوەکان لەنێو گوتار و بۆچوونی ھەموویان ئامادەیی ھەیە. دەکرێت ڕواڵەتی داڕشتن و دەربڕینەکانیان جیاواز بێت، بەڵام کڕۆکی ھەموویان یەک شتە؛ کرێکاران لەنێو شۆڕش ڕۆڵی چارەنووسسازیان ھەیە، بەڵام بەخۆیان دەبەنگن و پێویستیان بە پێشڕەویی وردەبۆرجوازی ھەیە. ئەو پارادۆکسە لەنێو بۆچوونی بابۆفیستەکان و بلانکییەکان و سۆشیال-دێمۆکراتەکان و مارکسیستەکان تاکو چەپە حیکمەتیستەکانی ئەم ڕۆژگارە ئامادەیی ھەیە و تەنانەت ئەم ڕۆژگارە لە سایەی ئیدئۆلۆگەکان واوەتر لە بۆچوونەکەی کاوتسکی ڕۆییشتووە.

” 4. وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ قه‌یرانی هه‌ر ئێستای كۆمه‌ڵگا و …. به‌بێ شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكار …. ”
مەبەست لە “شۆڕشی کۆمەڵایەتیی” چییە؟ ئەگەر شۆڕشی کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار بنەمایە، ئیدی پێداویستی و پاساوی ھەوڵدان بۆ درووستکردنی “پارتییە ڕابەرەکان” چییە، کە ئامرازێکی ڕامیاریین بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵاتی ڕامیاریی؟

بۆ ھەر خوێنەرێکی وردبین و ئاگاداری پێشینە و سەراپای بۆچوونەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” ئەوە ڕۆشنە کە چەمکی (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) لەنێو ئەدەبیاتی ئەو ڕەوتە نامۆیە و ئەوان لە سەرھەڵدانەوە تاکو ئێستا لەسەر ھەڵپەی دەسەڵات و گۆڕینی دەسەڵاتی ئێستا بە دەسەڵاتی خۆیان، ھەڵبەتە لەژێر دێوجامەی “کرێکاران”، پێداگرییدەکەن و تەنانەت بە کردەوەش ھەر بزووتنەوە و ڕەوتێکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەریھەڵدابێت یان بۆ کەوڵكردنی ھەوڵدراوە [یەکێتی بێکاران و یەکێتییە کرێکارییەکان و …تد لە ھەرێمی “کوردستان”]، یان بۆ دژاییەتیکردنی ھەوڵدراوە، وەک دژایەتیکردنی بزووتنەوە و ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ژینگەپارێز و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و لێبوردنی سزادراوان بە سێدارە و دایکی ئاشتی و ..تد نێو ئێران . ئەوان ئاگایانە دژاەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، چونکە پەرەسەندنی بزووتنەوە و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، واتە چۆڵبوونی بازاری ڕامیاریی پارتییبازان.

وەک پێشتر ئاماژەمداوە، خاڵەکانی دواتر تەنیا لێکدانەوەی ئایدیۆلۆجیی و پێوانەی کەتواری کۆمەڵن بەگوێرەی حەزی ئایدیۆلۆجیی و کلێشەسازیی ئایدیۆلۆجیی نووسەرانی ڕاگەیاندنەکە. لەبەرئەوە، تەنیا سەرنجدەخەمە سەر چەند دەستەواژەیەک لەنێو ئەو خاڵانە و لێکدانەوەکان بە مشتومڕی نێوان پارتییچیان خۆیان دەسپێرم:

“7. ……. بۆته‌ هۆی به‌رپابونی خه‌باتی ئابوری كرێكاری ‌به‌رده‌وام وناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری …….، كه‌ ئه‌مه‌ خۆی ده‌بێته‌ زه‌مینه‌یه‌ك بۆ هه‌ر ڕاپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ كۆتایهێنان به‌م بارودۆخه‌ی ئێستا وكۆتایهێنان به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌ . …. جیاكردنه‌وه‌ی ڕیزی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان وخه‌باته‌ كرێكاری وجه‌ماوه‌ریه‌كان له‌ ئامانج وئه‌جینداو ئاسۆی هێزو ڕه‌وته‌ بورژازیە كۆنه‌په‌رسته‌ دینی وتایفی وعه‌شایری وقه‌ومی وڕیفۆرمیسته‌ جۆراو جۆره‌كان وسیاسه‌ته‌ عه‌مه‌لیاكانیان، به‌شێكه‌ له‌ به‌جێهێنانی ئه‌م پێشڕه‌ویه‌ به‌ره‌و سه‌رهه‌ڵدانی بارودۆخێك وقه‌یرانێكی شۆڕشگێڕانه‌ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگا.”

پێشینان گوتوویانە “کورد بدوێنە و شیکاریی خۆی دەکات”. بەڕاستی ئەو پەندە لەبارەی سەرانی “پارتییە ڕابەرەکان” بەگشتی و ڕەوتی “کۆمونیزمی کڕێکاریی” بەتایبەتی تەواو درووست و گونجاوە. ئەوەیە کڕۆکی دەسەڵاتخوازیی، کە لەبەر نەزۆکیی تێزەکانی خۆی ئاوازەخوازی برسیبوونی خەڵکە، تاکو زەمینەی بەدەسەڵاتگەییشتنی خۆی مسۆگەربکات. ھەڵبەتە ئەوە ڕاستییەکی تێدا ھەیە، کە پڕۆلیتێرە ناھوشیار و خۆشباوەڕ و نائومێدەکان لە سەردەمە تەنگەژییەکان بە لێشاو لە ڕەوتە فاشیستە ڕاست و چەپەکان ڕوودەکەن. بەڵام ھەرگیز ئاراستە و خواستێکی شۆڕشگێڕانەیان نییە، چونکە برسیییەتی و بێکاری و ئاوارەیی و ناچاریی و نائومێدیی … تد شۆڕشگێڕیی بەرھەمناھێنن، بەڵکو دژە-شۆڕش بەھێزدەکەن، کێبڕكێی نێوان کرێگرتان بەھێزدەکەن، شکانەوەی ھۆکاری نەھامەتییەکان بەسەر بەشەکانی دیکەی ھاوچین و ھاودەردان ڕودەدات، ھەر وەک ئێستا کە لەلایەن پڕۆلیتێرە ناھوشیارەکان پڕۆلیتێرە کۆچەرەکان دەکرێن بە ھۆکاری نەھامەتییەکانی خۆیان. بەڵام ھیچ کام لەو ئەزموونانە بۆ دەسەڵاتخوازان نابنە وانە و ئەوانیش وەک پارتییە ڕاستڕەوەکان لەسەر ئەو ناھوشیارییە سەرمایەگوزاریدەکەن و دەیکەنە بەردەبازی پەڕێنەوە بەو کۆشکی دەسەڵات و مشەخۆریی.

” ڕاپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری ” کامەیە و “پارتیی ڕابەر” و قسەکەرانی چ پێوەرێک بۆ شۆڕشگێڕیی ڕاپەڕینەکان دەکەنە بنەما؟ مەبەست لە” جیاكردنه‌وه‌ی ڕیزی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان وخه‌باته‌ كرێكاری وجه‌ماوه‌ریه‌كان ” چییە، بە پارتییکردنی بزووتنەوە و ڕێکخستنە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان و بەکاربردنیان وەک ڕێکخراوە پاشکۆکانی دەسەڵات و پارتییە “ناسیونالیستەکان”؟ جیاوازییەکان چین، ناو و ناتۆرە یان شێوازی ڕێکخستن و تێکۆشان و میکانیزمەکانی تیکۆشان؟


” 8. ….. چینی كرێكار ده‌خاله‌تی نه‌كردوه،‌ له‌ مشت ومڕی سیاسی بەرووی بورژازی، وه‌ك چینێك كه‌ سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی وبه‌دیلی سیاسی خۆی هه‌بێ بۆ كۆمه‌ڵگا. …. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ كرێكاریه‌كان و بزوتنه‌وه‌ داخوازیه كانیان ‌به‌رده‌وامه‌ ‌، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ ڕۆڵی خۆیان بگێڕن به‌ ڕاستای به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان “

بەشداریکردنی مشتومڕی ڕامیاریی چییە و لەپێناو چی؟ ڕامیاریی سەربەخۆی چینی کرێکار چییە و ئەڵتەرناتیڤە ڕامیارییەکانی کامانەن، کە دەبوو کرێکاران بیکەن، بەڵام نەیانکردوون؟ ئەی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو جەنابی “ڕابەرانی فیعلیی” چینی کرێکار لە کوێ بوون و خەریکی چی بوون؟ مەگەر ئەوان ناڵێن “کرێکاران پێویستیان بە پارتییەک ھەیە، تاکو ڕابەریی تێکۆشانی ئەوان بکات” و بیانشۆڕشێنێ و ژییان و کار و شۆڕش بۆ ئەوان دیکتەبکات، ئەی بیست و پێنج ساڵە ئەوان لەنێو (حککع) بڕیاردەر و قسەکەر و نەخشەڕێژ نەبوون، بۆ ڕابەریی کرێکارانی “نەزان و دەبەنگ” یان نەکرد؟

یان ھۆکارەکە ئەوەیە، کە “ڕابەرانی بلفعلی” کرێکاران ناخوازن ھۆکارەکە بیدرکێنن، چونکە بۆ پەزەکانی “پارتییی ڕابەر” زیانی ھەیە و ھۆکارەکە ئەوەیە، کە کرێکاران وەک زادەی سرووشتی تێکۆشانی ڕاستەوخۆ و سەربەخۆی خۆیان بەو سەرەنجامە گەییشتوون، کە ڕامیاریی ھونەری فریودانی چەوساوانە بۆ مسۆگەرکردنی و پاراستنی سەروەریی ڕامیاران و سەرمایەداران و سیستەمی ڕامیاریی قەفەزی ژییان و ویست و ئازادیی مرۆڤ و تەنانەت بوونەوەرەکانی دیکەیە و دەسەڵاتی ڕامیاریی ئامرازی پاراستنی سەروەریی ئابووریی کەمینەیەکە لەسەر زۆرینەی نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراو، ئەوەش خۆبەخۆ واتە دژایەتی خەون و خەیاڵ و ئامانجە دێرینەکانی پڕۆلیتێرە شۆڕشگێرەکان!

بۆچی کرێکاران وێرای بەردەوامیی بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکانیان، نەیانتوانیوە ڕۆڵی سەربەخۆی خۆیان بگێڕن؛ ئەو گرنگییەیان دەرکنەکردووە، دەسەڵات ڕێگربووە یان چەپەکان لە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردو و دەھەی یەکەمی سەدەی بیست بە پلانگێڕیی و تاکتیکی جۆراوجۆر، بزووتنەوە و ڕێکخستنە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانی کرێکارانیان کەوڵکردن و مراندن؟

کرێکاران نەزان و تەمەڵ و ناشۆڕشگێڕن یان چەپی دەسەڵاتخواز بووە بە ھۆی دابەشکردنی ڕیزەکانی کرێکاران بەسەر سێکتە ئایدیۆلۆجییەکانی خۆی و لاوازکردنی بزووتنەوەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کرێکاران و نائومیدکردنی کرێکاران لە گۆڕینی سیستەمی چینایەتی، بەھۆی شکست و پارچەپارچەبوونی یەک لە دوای یەکی ڕێکخراو و پارتییە “کۆمونیستی” و “کرێکارییەکان”؟

“9 . لاوازی ڕۆڵی ژنان له‌ ژیانی سیاسیدا كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر بۆدواوه‌چونی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالستی وچه‌پ به‌گشتی ، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی ژنان بە شێوەیەکی تایبەت. دروشمی بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی به‌هێزوتوانا بوونی نیه‌ بێ بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕوله‌سه‌ری ڕزگاری خوازی ژنان، وه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕوله‌سه‌ری ڕزگاری خوازی ژنان بوونی نیه‌ به‌بێ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ‌سۆشیالیزم، “

” بۆدواوه‌چونی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالستی وچه‌پ به‌گشتی ، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی ژنان بە شێوەیەکی تایبەت ” چییە؛ چۆڵبوونی بازاری چەپ و پارتییایەتی یان نائومێدیی ژنان لە ڕزگاری؟ کێ بزووتنەوەی ژنانی لاواز و نائومێدکرد، “لاوازی ڕۆڵی ژنان له‌ ژیانی سیاسی” یان بە ڕامیارییکردنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی و ئابورووی و کولتووریی ژنان؟ کێ ڕێکخراوی ژنانی پووکانەوە و لەنێوبرد، لاوازیی و نەبوونی حەزی ژنان بۆ چالاکی ڕامیاریی یان بە کۆمیتەکردنی ڕێکخراو و بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخواز بۆ “پارتیی ڕابەر”، کە داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە قسەکەر و بڕیاردەری یەکەم بوون؟

بە پێچەوانەی پاگەندەی داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە، ئەوەی بە کردەوە دەینین و دیتوومانە، شکانی بازاری چەپە وەک ھەر ھێزێکی ڕامیاریی کە بۆ فریودانی ژنان و ڕامکردنیان ھەوڵدەدات. ئەوەش شتێکی ئاساییە و ژنان لە پیاوان ھەستەوەرتن و کەمتر بە ڕۆبۆت دەکرێن. ھەر ئاوا لە دەرەوەی دەرزەنە پارتییە جیاوەبووەکانی “کۆمونیزمی کرێکاریی” بزووتنەوەی ژنان بوونی ھەیە و بەھێزە و دیاردەی نێو کۆمەڵە و لە ئاستی سەرتاسەریی کۆمەڵ خەریکی ململانێی ڕەوتە کۆنەپەرستەکان و نێرسالارییە!

بەڵام ھێشتا ئەو قسەی ئەوان ڕاستییەکی تێدا ھەیە، چونکە دەرزەنە پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” و گشت گرووپ و پارتییە چەپەکان، تەنانەت ئەندامە ژنەکانی خۆشیان لەدەستداون و چیدیکە درووشمە بریقەدار و بێکردەوەکانی چەپ ناتوانن سەرنجڕاکێشی ژنانی ئازادیخواز و سەربەخۆخواز بن.

ئەوی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” و دەرزەنە پارتییە جیاوەبووەکانی بناسێت، دەزانێت، کە مەبەستی ئەوان لە ” بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕوله‌سه‌ری ڕزگاری خوازی ژنان بوونی نیه‌ به‌بێ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ‌سۆشیالیزم ” ئەوەیە کە بزووتنەوە و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی ژنان ببنە کۆمیتەی “پارتیی ڕابەر” و ھەرچی ڕاگەیێنەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بڕیاریدەدەن، ئەوان وەک دەروێشێکی ڕامیاری ئەنجامیبدەن.

“10 ٠. ….. به‌ڵام مه‌رجی بوونی چینی كرێكار به‌ هێزێكی سیاسی له‌كۆمه‌ڵگادا به‌نده‌ به‌ هه‌ڵكشانی خه‌باتی‌ ئابوری و سیاسی و فكری ئه‌و چینه‌ بۆ خه‌باتێكی چینایه‌تی كرێكاری سۆشیالستی، بۆ خه‌باتێكی سیاسی چینایه‌تی كرێكاری به‌ڕووی چینی بۆرژوازی وحزبه‌سیاسیه‌كانیان وبه‌ڕووی ده‌وڵه‌ت وه‌ك ئامرازی ده‌سه‌ڵاتی چینی باڵاده‌ست. ….”

بەبۆچوونی من و بە گوێرەی ئەزموونی من، مەرجی ڕامیاریی-بوونی کرێکاران و تێکۆشانی کرێکاران، وازھێنانی ئەوانە لە تێکۆشانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنگەریی ئەو چینە و ئەندامەکانی. چونکە ئەزموونی تێکۆشانی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی بە کردەوە و سەلماندی مێژوویی ئەوەی نیشانداوە، لە ھەر کوێ کرێکاران بە پارتییایەتی و ڕامیاریی خۆشباوەڕ ھەبن و لە دەوری پارتییەکان و ڕامیاران کۆبببنەوە، لەوێ تێکۆشانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووری و ڕۆشنبیریی ئەوان بەرەو ژێر سفر دەچێت ولە ھەر کوێ چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی لە خۆڕێکخستنی سەربەخۆی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی و تێکۆشانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی ڕووبنێن، لەوێ بازاری پارتییایەتی و ڕامیاران چۆڵ و شکستخواردووە. لەو بارەوە دەتوانین سەرنجی ئەو سەردەمانە بدەین، کە تێکۆشانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی و خۆرێکخستنی کرێکاران لە ھەڵکشاندایە، لەوێ چەپەکان گارەگارەی “پێویستبوونی پێکھێنانی پارتیی ڕابەر و تێکۆشانی ڕامیاریی” دەکەن و ھیچ کەس بە کڵاوی ڕامیارییانەی ئەوان ھیچ ناپێوێت ؛ سەردەمە درەوشاوەکانی سەدەی پانزە تاکو سەدەی بیست، باشترین نموونەن؛ ڕاپەڕینەکانی کۆمونەی پاریس ١٨٧١، ئۆکتۆبەری ١٩٠٥، ئاڵمانیا ١٩١٨-١٩١٩ ، ئێسپانیا ١٩٣٦-١٩٣٩، ھەنگاریا ١٩٥٦، پۆڵۆنیا ١٩٧٩، ئەرژەنتین ١٩٩٩-٢٠٠٣، ….تد

“11 . …. ئه‌وه‌ ده‌توانێ خه‌باتی ئابوری وسیاسی چینی كرێكار و توێژه‌ زه‌حمه‌تكێشه‌كان وا لێبكات ببنه‌ خاوه‌نی هێزوتوانا وڕێكیان بخات له‌ خه‌باتێكی سیاسی سه‌ربه‌خۆ وكاریگه‌ر بۆ ڕوخانی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی وپێكهێنانی حكومه‌تی كرێكاری تاكو ده‌ست به‌رێ بۆ شۆڕشه‌ ئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی … و هه‌نگاوبنێ به‌ره‌و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی كۆمۆنیستی، ئازاد ویه‌كسان. “

ئەگەر کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕی ئاوان، کە ڕزگاری مرۆڤایەتی بە شۆڕش و ڕزگاری ئەوانەوە پەیوەستە، ئیدی چ پێویستیان بە پارتییەکی درووستکراو لەلایەن کۆمەڵێك وردەبۆرجوازی ئایدیۆلۆجیگەر ھەیە؛ یان کرێکاران “دەبەنگن” و بەبێ ڕابەریی وردەبۆرجوازی توانای شۆڕشیان “نییە”؛ یان پارتییەکەی وردەبۆرجوازی بۆ کۆنترۆڵکردنی توانا و شۆڕشگێڕیی کرێکارانە؟

ئەگەر کرێکاران توانای ھۆشیی و ئاوەزیی شۆڕشکردنیان نەبێت، زۆر ئاساییە، کە وردەبۆرجوازی خێرخواز پارتییەک بۆ “کرێکارانی دەبەنگ” چێبکات و “لەڕێی یەزدان” کرێکاران “ڕزگاربکات”. ئەگەر کرێکاران ئەوەندە بە توانان و شۆڕشگێڕترین چین و ڕزگارکەری مرۆڤایەتین لە چەوسانەوە و کۆمەڵ بە کۆمونیزم دەگەیێنن، ئیدی گارەگاری “پێویستی ھەبوونی پارتییەکی ڕامیار بۆ ڕزگارکردنی کرێکاران و بەرەوپێشبردنی شۆڕشە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ” بێجگە لە درۆ و دەلەسەی وردەبۆرجوازی لەپێناو بەدەسەڵاتگەییشتن و زاڵبوون بەسەر باڵەکانی دیکەی بۆرجوازی و بەھێزکردنی سەروەریی چینایەتی [دەوڵەت] لەژێر دێوجامەی “پڕۆلیتاریا و کرێکاران و سۆشیالیزم”، ھیچی دیکە نییە و نابێت. تکایە وەڵام “کرێکاران دەبەنگن” یان وردەبۆرجوازی لەژێر دێوجامەی کرێکاران خەریکی خۆگەیاندە تەختی سەروەریی و مشەخۆریی چینایەتییە؟

” 12 . ڕه‌وته‌ سۆشیالست وكۆمۆنیسته‌كان له‌ عێڕاقدا نه‌یانتوانیوه‌ ئامرازێكی خه‌باتگێڕانه‌ دابین بكه‌ن بۆ چینی كرێكاروسیاسه‌تێكی سۆشیالستی كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی فیعلی هه‌بێ به‌ خه‌باتی چینایه‌تی كرێكاری و گه‌شه‌پێدانی بخەنەروو .‌ هه‌روه‌ها لاوازی ڕه‌وتی سۆشیالستی له‌ناو چینی كرێكاردا بۆته‌ خاڵێكی لاوازی سه‌ره‌كی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی چینی كرێكار وله‌ بوونی چه‌پ وبزوتنه‌وه‌ی سۆشیالستی له‌سه‌ر ئاستی خودی كۆمه‌ڵگه‌ش . “

ڕەوتە “سۆشیالست وكۆمۆنیسته‌كان له‌ عێڕاق” کێن؟ ئایا داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بێجگە لە (حککع) بڕوایان بە سۆشیالیستیی و کۆمونیستبوونی ھیچ ڕەوتێك ھەبوو و ھەبووە، تاکو ئێستا یەخەی ئەوان بگرێت؟ بێجگە لە خودی ڕاگەیێنەرانی ئەو ڕاگەیاندنە و ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” و (حککع) کێ پاگەندەی ئاوا (زل و دەرەی وێرانەی) کردووە؛ ئایا بێجگە لە سەرانی (حککع) ھیچ کەس ھەبووە ڕێگر بێت؟

یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی وردەبۆرجوازی ئەوەیە، کە ھیچ بەرپرسیارییەکی مێژوویی لە ئەستۆناگرێت و کرێکاران و خەڵک بۆ مردن و قوربانیبوون بانگەوازدەکات و بەکوشتدەدات و ماندوو و نائومیدیان دەکات و کە دوکانە ڕامیارییەکەی بازاری نەما، دەچێت بەناوێکی دیکە دوکانێکی دیکەی ڕامیاریی ڕادەگەیێنێت و بۆ ئەوەی خەڵک خۆشباوەڕبکات، دەکەوێتە سەروگوێلاکی ئەوانەی پێش خۆی و بە ھەموو شێوەیەک وردەکاریی کێبوونی ئەوانەی پێش خۆی دەرناخات و خۆی دەکاتە پاڵەوانی یەک شەوە و سنگ دەردەپەڕێنێت.

لەو کاتەوە (حککع) لەسەر بنەمای نووشتەی مەنسووری حیکمەت بۆ کرێکارانی عیراق نووسراوە، ڕاگەیێنەران و دامه‌زرێنەرانی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” لە ئاستی کۆمیتەی نێوەندی و نووسینگەی ڕامیاریی و کۆمیتەکانی خوارتر خەریکی لە ئاو کردنی نووشتەکەی مەنسووری حیکمەت’ن بۆ کرێکاران، کەچی لەنێو ڕاگەیاندنەکەیان وەک ئەوەی تازە لە ئەستێرەی مەریخەوە ھاتبن، خۆیان لە خراپکارییەکان و فریوکارییەکان و تێکدانەکان و پارچەپارچەکردنی ڕیزەکانی کرێکاران بەسەر کۆمەڵێك پارتیی لە یەکدی جیاوەبوو، نەبان دەکەن و ھیچ ڕەخنەیەک لە چارەکە سەدەیەک (بیست و پێنج ساڵ) ڕابوردووی خۆیان وەک لیدەر و سەرۆک و سکرتێری پارتییەکانی “ڕه‌وته‌ سۆشیالست و كۆمۆنیسته‌كان له‌ عێڕاق” ناگرن و ھیچ سووچێك لە ئەستۆناگرن. ئایا ئاوا کارێك لە ساختەچییەتی ڕامیاریی چیدیکە دەتوانێت پێناسەکەری بێت؛ بەگێلزانینی خەڵک و فێڵکردن و درۆکردن لەتەک خەڵک؟

” 13 . پێویستی بوونی نوێنه‌ری سیاسی سۆشیالزمی زانستی كه‌ دیدگاكه‌ی له‌ مه‌نهه‌جی ماركسی وه‌رگرتبێ وپشتی به‌ستبێ به‌ ماركسیزم وه‌ك مه‌نهه‌ج وتیوری شۆڕشگێر، مه‌سه‌له‌یه‌كی واقعی یه‌ وزه‌روره‌ته‌كه‌ی له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگاو ژیانه‌وه‌ هاتوه‌. …. تریبیونێك ونوێنه‌رێك بۆ ماركسیزم وكۆمۆنیزمی پرۆلیتاری ڕه‌خنه‌گرله‌ ڕه‌وته‌ ڕیفۆرمیسته‌كان وسازشكاران وناسیۆنالیسته‌‌كان و”نیشتمانیه‌كان” كه‌به‌ناوی سۆشیالیزم وكۆمۆنیزمه‌وه ده‌دوێن‌ . ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ چه‌ندین له‌و ڕه‌وتانه‌ی له‌ عێڕاقدا هه‌ن به‌رده‌وامی به‌ بوونیان ده‌ده‌ن لە‌ ڕێگای قسه‌ كردن به‌ناوی سیاسه‌تی سۆشیالستی وبه‌ناوی ماركسیه‌ته‌وه‌ ، به‌لام نه‌یانتوانیوه‌ جوابگۆی پێكهێنانی ئامرازێكی خه‌باتكارانه‌ بن به‌ده‌ست چینی كرێكاره‌وه‌، …. ‌ئێمه‌ پێمان وایه‌ ڕه‌وته‌كه‌مان هه‌نگاوێكه‌ به‌ڕاستای نوێنه‌رایه‌تی كردنی سیاسه‌تی كۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ وسۆشیالزمی زانستی وئه‌زمونی مێژوویی چینی كرێكار له‌ عێڕاق وجیهان .”

پێش ھەموو شت دێڕی یەکەمی ئەو خاڵە لەنێو پەیڕەوی نێوخۆیی ھەموو گرووپێکی مارکسیستی ھەیە، ھەر ئاوا کە ” ِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ” سەرەتای ھەموو بەشێکی قورئانە. بێجگە لەوە، ھەر ئاوا ھەموو گرووپە مارکیستەکان بە ھەمان شێوەی ئەو ڕاگەیاندنەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” ھەموو گرووپ و پارتییە مارکیسیستییەکانی دیکە بە لادەر و ساختەچی دەناسێنێن. باشە، ئاوای دابنێین، کە ھەموو گرووپەکانی پێش “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” نامارکسیست-بوون و بۆ ئامانجی بۆرجوازییانەیان خۆیان لەژێر دێوجامەی “مارکسیزم” حەشارداوە. باشە چ بەڵگە و بنەمایەک ھەیە، کە گرووپی ناوبراو لە ھەموو ئەوانەی پێش خۆی “لادەرتر” و خراپەکارتر و ساختەچیتر و بۆرجوازییانەتر نەبێت؟ چۆن بڕوا بە کۆمەڵە کەسێك/کەسانێك دەکرێت، کە بیست و پێنج ساڵە [چارەکە سەدەیەکە] لەنێو پارتییەک (حککع) کە دامەزراوی خۆیان بووە لەسەر ڕەچەتەی مەنسووری حیکمەت و لەنێو ئەو پارتییە بکوژ و ببڕ ھەر خۆیان بوون و ھەموو “لادان” و بادان و خراپەکارییەکان و نەزانییەکان و کەچبینینەکان و “تەنگ-نەزەرییەکان” زادەی چالاکی و ھۆش و ئاوەزی ئەوان خۆیان بووە؟

جیا لەوەی کە پارتیی و گرووپە ڕامیارییەکان ئامرازی کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەی کرێکارانن بۆ سەروەریی بۆرجوازی، ئایا باشتر نەبوو، کە داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە لەنێو پارتیی دایک بمێننەوەو لە بیست و پێنج ساڵ سەرکردە و ھەمەکارەبوونی خۆیان ڕەخنەبگرن و ئەو شاکارانە ئەنجامبدەن، کە ئێستا لێرە بانگەوازییان بۆ دەکەن؟ ئەی جیاوازی ئەوەی لەنێو ئەو ڕاگەیاندنە بانگەوازی بۆ دەکرێت و ئەوەی پارتیی دایک و پارتییە جیاوەبوو و دەرکراوەکانی دیکە بانگەوازی بۆ دەکەن چییە و جیاوازییەکانیان چین؟ یان درووستکردنی پارتیی باشترین ئامرازە بۆ مسۆگەرکردنی مشەخۆریی و جەنگەکە بۆ ناوبانگخوازیی ئەندامانی کۆمیەتی نێوەندیی و نووسینەگی ڕامیاریی و ڕابەرۆکەکانی خوارتر و چۆنیەتی دابەشکردنی بووجەی پارتییە، کە لەلایەن دەوڵەتانی بۆرجوازی ئەوروپی و دەوڵەتی عیراق لەژێر زۆر ناوی جۆراوجۆرەوە بۆ ئەوان دابیندەکرێت؟

ئەرێ بەڕاست “سۆشیالیزمی زانستیی” چییە و نازانستیبوونی سۆشیالیزمەکانی دیکە چییە؛ ئەگەر پاشکۆی “زانستی” وەک ئاوەڵناوێک بۆ سۆشیالیزم درووستبێت، چ بەڵگەیەک ھەیە، کە سۆشیالیزمەکەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” زانستیی بێت؟ ئایا پاشکۆی “زانستیی” ئاوەڵناوێکی خەڵەتێرانە نییە بۆ پاساودانی سێکتاریزمی پارتیی؟

ئەگەر سۆشیالیزم و کۆمونیزم سیستەمی کۆمەڵی ناچینایەتی بن، ئیدی لە چەمکە داتاشراوە ئایدیۆلۆجییەکانی “سۆشیالیزمی زانستی” و “سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕ” و”سۆشیالیزمی بۆرجوازی” پوووچتر و تەرسەقولتر چی ھەیە؟ سۆشیالیزم یان نییە، یان سیستەمی کۆمەڵی ناچینایەتییە و ھەر ھەوڵێکیش بۆ گەییشتن بە کۆمەڵی ناچینایەتی [نەک دەوڵەت و حکومەت بەناوی سۆشیالیزم]، ھەوڵێکی شۆرشگێڕانەیە و نە کۆنەپەرستیی دارای سۆشیالیزمە و نە بۆرجوازی خوازیاری سۆشیالیزمە، تاکو ئاوەڵناوەکانی “زانستیی” و”شۆڕشگێڕ” و “بۆرجوازیی” لەدوای سۆشیالیزم ڕیزبکرێن. داتاشی ئەو چەمکانە وردەبۆرجوازییە، کە ھەردەم بۆ پاساودانی شکستەکانی خۆی پەنای بۆ داتاشینی چەمکێکی دیکە بردووە، تاکو سەرنجی سۆشیالیستخوازان لەسەر ھۆکاری شکستەکان لابدات و بە دێوجامەیەکی دیکە ئەوان فریوبداتەوە. نە بەڵگەیەک بۆ سۆشیالیست-بوونی بۆرجوازی ھەیە و نە بەڵگەیەک بۆ “ناشۆڕشگیڕبوون و نازانستیی” سۆشیالیزم ھەیە و نە بۆرجوازی و ناشۆڕشگێڕان و کۆنەپەرستان سۆشیالیزمیان ھەیە و نە خوازیاری سۆشیالیزمیش دەبن. ئایا لە ئاوا بارێکدا بێجگە لە جادووگەریی ڕامیاریی لە خەڵک بۆ فریودانەوەی بەناوێكی دیکە، پاشکۆکردنی ئاوەڵناوەکانی “زانستیی” و “شۆڕشگێڕ” و “بۆرجوازی” و “فیئۆداڵیی” و …تد ھیچ پێداویستی و بنەمایەکی مێژوویی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریی و کولتووریی نییە؛ تەنیا تەرسەقولبێژیی وردەبۆرجوازین و بەس. ئەگەر سۆشیالیزم و کۆمونیزم ھەبن و دژی فێئۆدالیزم و کۆنەپەرستیی و بۆرجوازیی نەبن و ھی ئەو ڕەوتانە بن، ئەوا یان سۆشیالیزم و کۆمونیزم ئەفسانەبافی و تەرسەقولبێژیی ڕامیارانن، یان درۆیەکی پیرۆزکراوی وردەبۆرجوازی!

سۆشیالیزم / کۆمونیزم دەقیی تەورات و ئینجیل و قورئان نییە، تاکو ھەر کەسە بە ئارەزووی خۆی لێکدانەوەی بۆ بکات و ناوی ئەو کەسە ھەڵبگرێت. بیرۆکەی سۆشیالیزم/کۆمونیزم لەنێوبردنی کۆمەڵی چینایەتی و ڕۆنانی کۆمەڵێکی ناچینایەتییە. ئایا کەسی کۆنەپەرست، فیئۆدال و بۆرجوازی دەتوانێت ھەڵگری ئاوا بیرۆکەیە بێت، یان ھیچ کات کۆنەپەرستان و فیئۆداڵان و بۆرجوایان خوازیاری کۆمەڵی ناچینایەتی بوون، تاکو سۆشیالیزم بۆ خۆجیاکردنەوە پێویستی بە پاشکۆکردنی ئاوەڵناوەکانی “زانستی” و “نازانستیی” و “فیئۆداڵیی” و “جوتیاریی” و “شۆڕشگێڕ” و “ناشۆڕشگێڕ” و بۆرجوازیی و “کرێکاریی و پڕۆلیتێری” ھەبێت؟

جیا لەوەی کە ھیچ گرووپ و پارتییەکی ڕامیار ناتوانێت سۆشیالیستی/ کۆمونیستی [ناچینایەتی] بێت، چونکە پێکھاتەی ڕامیاریی بەخۆی پێکھاتەیەکی چینایەتیی و کۆپیکراوی پێکھاتەی کۆمەڵی چینایەتییە. ئەگەر ئاوای لەبەرچاوبگرین، کە ئەگەری سۆشیالیستبوون و شۆڕشگێڕبوونی یەکێك یان چەند دانەیەک لە دەرزەنە پارتییە “کۆمونیستەکان” ھەیە، ئێمەی پڕۆلیتێری “نەزان و دەبەنگ” چۆن بزانین، کە کامەیان “زانستیی” و “شۆڕشگیڕ” و “کرێکاری و پڕۆلیتێریی”یە، لە کاتێکدا پەیڕەو و بەرنامە و پاگەندەی ھەموویان لەم سەر تاکو ئەو سەری جیھان ھەر یەکە و تەنیا پاش و پێشی ڕستە و بڕگەکان و جیاواز داڕشتنی دەقەکان جیاوازی ھەیە و تەنانەت ئەگەر لەتەک پەیڕەوی پارتییە دەستە ڕاستەکان بەراوردییان بکەین، بێجگە لە چەند سوێندخواردنێکی ئایدیلۆجیی بە “مارکسیزم”، جیاواززییەکی ئەوتۆی ئامانجیی و ستراتیجیی نابیندرێت؟

“14 . خه‌باتی كرێكاری به‌ ڕووی سه‌رمایه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌‌ به‌ژیانی چینی كرێكار وڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی دژ بە چه‌وسانه‌وه‌ “

ئەو خاڵە، نە لێکدانەوەیە، نە دۆزینەوەی پێکھاتەیە، نە بنەمای کار و چالاکییە، نە ئامانجە. وەک ئەوەیە، بنووسیت: منداڵ بە گەورەبوونی پیر-دەنێت. نە سەلماندی گەرەکە و نە داھێنان و نە دۆزینەوەی نەزانراوێکە. ئەگەر ئەوە “زانستیی”بوونی “سۆشیالیزم”ەکەی “ڕابەرانی بزووتنەوەی کۆمونیستی بێت، ھەزار سڵاوات لە نەزانیی خۆم.


“15 . بزوتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی وحزبه‌كه‌ی، له‌ دیدگای ئێمه‌وه‌ ،بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی چینایه‌تیه‌ وبه‌شێكه‌‌ له‌ دینامیزمی كێشمه‌كێشی چینایه‌تی وسیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی وفكری له‌ كۆمه‌ڵگادا. بۆیه‌ ئێمه‌ نه‌ فیرقه‌یه‌كی حزبی ونه‌ فیرقه‌یه‌كی فكری سیاسی وئایدۆلۆژی بێخه‌وش ودابڕاو له‌كۆمه‌ڵگا نین كه‌ به‌دوای خاوێنی فكری وتیوریدا بگه‌ڕێێن. ….. وه‌حزبی كۆمۆنیستی پرۆلیتاری حزبێكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ و سه‌ربه‌خۆیی چینی كرێكار له‌ ڕوی سیاسی ئه‌نجام ده‌دا و شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكار ڕێكده‌خا و ڕابه‌ری ده‌كا به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن. كۆمۆنیزم ڕه‌خنه‌ی فیعلی كرێكاره‌ به‌دژی سه‌رمایه‌داری وه‌به‌م مانایه‌ شتێك نیه‌ جگه‌ له ڕه‌وتێكی سیاسی وفكری، دیاریکراوی جیاواز لە رەوتەکانی تر، کە سه‌ر به‌ چینی كرێكار و ڕه‌خنه‌ی فیعلی ئه‌وە له‌ سه‌رمایه‌داری وه‌ك سیستمێكی چینایه‌تی ناكۆك ودژبه‌یه‌ك . “

گەلۆ ئەرێ دارێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بەخۆیان دەزانن چی دەڵێن و چۆن ئەو پارادۆکسانە لەیەکدی گرێدەدەنەوە؟ ئەگەر پارتیی “کۆمونیست” بابەتێکی کۆمەڵایەتییە، ئەی گارە گاری بیست و پێنج ساڵی ڕابوردووی سەرانی (حککع) کە بەشێک لە ئەوان ھەر ھەمان داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنەکەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” دەبن، لەپێناو چی بووە؛ ئەگەر پارتیی کۆمونیست بەخۆی بابەتێکی کۆمەڵایەتییە؛ ئایا دەکرێت شتێک بەخۆی بابەتێکی کۆمەڵایەیتی بێت، بەڵام پێویستی بە کۆمەڵایەتییبوونەوە ھەبێت؛ بۆچی توانای نییە، کە لەنێوەندی ناڕەزایەتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان سەرھەڵبدات؟

ئەوە زۆر گرنگە، کە ڕابەرانی “پڕۆلیتاریا” نائاگایانە بەخۆیان ئەوە دەسەلمێنن، کە ئەوان “‌ فیرقه‌یه‌كی حزبی و فیرقه‌یه‌كی فكری سیاسی وئایدۆلۆژی خه‌وشداری ودابڕاو له‌كۆمه‌ڵگا” ھەن، ئیدی کۆمەڵایەتییبوونی پارتییەکەیان چۆن دەسەلمێنن؟ ئەگەر پارتییەکەی ئەوان کرێکاران بە “دەسەپاچە و گێل ونەزان و ناتوانا” نازانن، ئیدی چینی کرێکار و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکەی چینی کرێکار چ پێویستییەکی بە دەستەبژێرێکی وردەبۆرجوازی ڕامیار لە دەرەوەی خۆی ھەیە، تاکو وەک خێرخوازێك بێت و کرێکاران وەک ڕانەمەڕ بەرەو بەھەشتەی “پارتیی رابەر” بەرخۆی بدات؟ ئەگەر کۆمونیزم ڕەخنەی کردەیی کرێکارە لە سەرمایەداریی، ئیدی چۆن دەکرێت و دەتوانرێت “کۆمونیزمی فیئۆداڵی و بۆرجوازیی” بوونی ھەبێت؟

درێژەی ھەیە …[ بەشی دووەم ]
———————————————————-
* ھەڵبەتە من بڕوای تەواوم بە ڕۆڵی بنەڕەتیی و چارەنووسسازی کرێکارانی ھوشیار و شۆڕشخواز ھەیە، بەڵام بە ھوشیاریی و پێشڕەویی خود کرێکاران نەک ڕابەریی وردەبۆرجوازیی خۆ-بە-فریادڕەس-زان http://fullreels.com/ru/video/Wnu-EFh8SL0/

** لینکی پەڕتووکی مێزگردی پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ڕێكخراوی یەكێتی بێكاران لە كوردستان، (ئەزموونی خەبانی جەماوەریی ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨) https://bekaran.wordpress.com/2013/08/30

*** لینکی دەقی ڕاگەیاندنی باڵێکی سەرکردایەتی (حککع) بەناوی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” http://www.hawpshti.com/ku/?p=19187

Previous
Next
Kurdish