
پینە و پەڕۆكانی دەسەڵات.. سەلام عومەر
دواكەوتنی موچە و عاسێ كردنی مامەڵەی خانەنشینە نوێیەكان بۆ چەندین مانگ، تەنیا باغەڵی فەرمانبەران و خانەنشینان چۆڵ ناكا، بازاڕ رادەگرێ و دەمی غەدر لێكراوان دەكاتەوە و ئەو پینە و پەڕۆیانەش هەڵدەداتەوە كە هەمیشە بیانووی دەسەڵاتن و لەسەر عەورەتی خەڵكی دادەنێن، پەردە لەسەر كۆمپاكانیان لادەبات و بەبیریان دێنێتەوە كە دەزانین لە پێناوی ئەواندا واتا كۆمپانیاكانتان رێكەوتنەكان تەمەنیان كورتە و برسی كردنی هاوڵاتیانیش تەمەن درێژ، نەدانی موچە هەڵوەشاندنەوەی رایەڵەكانی متمانەیە و جێگیر كردنی گۆڕانكاری ریشەییە لە هەر دەسەڵاتێك كە گرنگی بەبرسی كردنی توێژەكان نادات، دەبێت دەسەڵاتداران باش بزانن بێزاركردنی هاوڵاتیانیش كە داینەمۆی گۆڕانكاریەكانن سنووریان بۆ خۆخواردنەوەو پینەوپەڕۆكان هەیە
ئەگەر مەبەستمان بێت دادپەروەری كۆمەڵایەتی پەیڕەوكەین دەبێت كۆمەڵگەیەكی ئازاد دوور لە چەوساندنەوە لەسەر بناغەی فڕێدانی ناكۆكییە چینایەتیەكان دابمەزرێ، لەكاتێكدا خەبات بۆ بەرژەوەندییە گشتیەكان لەپێشەوەی تایبەتیەكان بێت و تەواوی چین و توێژەكانیش لە چوارچێوەی دامەزراوەیەكی پتەو كۆبكرێنەوە، تا هیچكام لە توێژە جۆراو جۆرەكان هەست بە پەراوێزخستن نەكەن و هەموان خۆیان بەبەرپرسیار بزانن كار بۆسەرخستن و پێشكەوتنی بكەن.
هەمیشە لینین كۆمەڵگای بەگرنگ زانیوە سەرنجی دەخستە سەر بەرنامەو بیرورا سیاسیەكان و بەرژەوەندی چینەكانیشی دەخستە پێشەوەو لەكوێدا خزمەتی زیاتر بەخوارەوە كرابا لەوێدا دروشمەكانی هەڵدەهێنجا، دەچۆ ناو تەواوی توێژە جۆراوجۆرەكان و گوێی لێدەگرتن، داواكاریەكانی بەهەند وەردەگرت و بۆی جێبەجێ دەكردن، ئەو بەئاشكرا دژی سەرمایەداری و چەوساندنەوە بوو، پشت و پەنای زۆرینە بوو توانیبووی وڵات بە سیستەمێكی پتەو بپارێزێ.
بەڵام ئەزموونی چەند ساڵەی حوكمڕانی لێرە زۆر جاران پێچەوانەی زانستە سیاسیەكانەو هەمیشە ئەو توێژانە بێ هیوا دەكرێن كە بڕبڕەی پشتی كۆمەڵگان، ئەوەتا لاو كە هێزێكی دیارو بەرچاوە و هەموو وڵاتێك پشت ئەستوورە بەم وزەو توانایە، كە لە رێگەی ئەم توێژەوە گۆڕانكاری بنچینەیی و داهێنان بەرهەم دێت، پشتگوێ خراوە، بەتایبەتیش كە وڵات لە توێژی مشەخۆرەوە ئاراستەی بەرهەم هێنان دەكات، لێرە لاو كەوتۆتە نێوەندی ئەو پەراوێزەی لە سەرەوە باسمان كرد، بەتایبەتیش تەواوی دروشم و بەڵێنەكانی سەردەمی هەڵبژاردنەكانی پێشووتر خرانە ئەستۆی بارودۆخە سیاسیەكان و بە بیانووی قەیرانەكان كە هەر خۆیان هۆكاری بوون، ئەم توێژەش بەتاقی تەنێ لەسەر شەقامەكان بەجێمان و ساڵ بەساڵیش بێكاری شێلگیرانەتر یەخەیان دەگرێ، هەروەك چۆن جوتیارانیش خرانە لیستی موچەخۆرانی حزبی و خواستی بەرهەم هێنانیان ریشە كێش كردوو هەڵیاندانە بەر دەرگای حزبیەكان و فێری دەست پانكردنەوەو سەرە گرتنێكیان كردوون كە ئیدی نەتوانای جۆماڵكرنی هەرەوەزی و وەشاندنی دانەوێڵەو گرتنی داسیان ماوە، نەبیریش لە زیادكردنی بەرهەم و بەبازاڕكردنی دەكەنەوە.
سلكی پەروەردەش بە جۆرێك تێكو پیك دراوە خەریكە لەنێو مامەڵە دارایەكاندا ئەودەستی و دەستی پێدەكرێت، قوتابخانەی تایبەت و حكومی و كۆ ژمارەی ئەوێ و ئێرەو زانكۆ ئەهلیەكان قوتابیانی دەسخەڕۆی دوودڵی و راراییەك كردووە خەریكە ئەوانیش دەخلیسكێنە نێو نەزانی ئەو پلانانەی وەزارەتەكەیان بۆیان دادەنێ، بەم هۆكارەشەوەیە ترازانی زیاتر دەكەوێتە نێوان ئاستی قوتابیان و چینێكی خاوەن داراییەكی زۆر دەبێتە نمرە كڕو قوتابییە ماندووەكانیش بە نیگەرانییەوە سەرنج لە ئەنجامەكانیان دەدەن.
ئەوەی كەزۆر مەبەستە ئەم بارودۆخەی ئێستایە كە هاوڵاتیانی پێدا گوزەر دەكات، سەرەرای ئەوەی بێكاری پانتاییەكی بەرفراوانی داگیر كردووە، جموجۆڵی بازاڕیش دوای ئەم كرنتینەی بێ موچەییە وەك ئاوێكی مەند وەستاوەو موچە كەوتۆتە دەستی هەردوو حكومەتی تاسەر ئێسقان گەندەڵ و دەروونی هاوڵاتیانی بەجۆرێك تێكوپێك داوە بایی یەك گەرد متمانەیان بە كۆمپانیاكانی بەڕێوەبردنی ئەم نیشتمانە نەماوە، چونكە لە هەر قەیرانێك كە روو لە وڵات دەكات ئەوان دەستەوەستان دەمێننەوەو پڕ دەدەنە موچەی هاوڵاتیان و هەر لەیەكەم ساتەوە بیر لە دواخستن و كەمكردنەوەو نەدانی دەكەنەوە كە ئەوە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا زۆر دەگمەنە.
هەموو ئەم هۆكارانە چینایەتی بە جۆرێك زەق كردۆتەوە كە لەدیاردەوە بۆتە مەترسی و پێناچێ بانگەشەو بەڵێنی كۆمپانیاكانی دەسەڵات توڕەیی ئەم چینانە هێور كاتەوە، چونكە ئەو شەقارە گەورەیەی درووستیان كردووە بەو تەقەڵە رزیوانە یەكناگرنەوە كە هەمیشە لەكاتی بیانوەكاندا نێوانەكانی پێدەدروونەوە.
بۆیە چارەسەری ریشەیی گەڕانەوەیە بۆ ناو خەڵك و گوێگرتنە لەو داواكاریانەی لە شەقامەوە دەردەچن، نەك كپكردنی خۆپیشاندان لەپێناوی مافەكانیان و زەقكردنەوەی دوو زۆن و دەستگیر كردنی چالاكوانان، چونكە چەقی گۆڕانكاریەكان لەوێ لە دایك دەبن، هەروا جێبەجێ كردنی بەڵێنەكان و هاوسەنگ كردنی موچە، كە دەروونی زۆرینەی فەرمانبەران و خانەنشینانی برینداركردووە، بەتایبەت كە هیچ بەهایەك بۆ ساڵی خزمەت و فەرمانبەرە بەتەمەن و ماندووەكان دانەنراوەو لە بەرامبەردا پلەی حزبی جێگەی گرتۆتەوە، بۆیە دەبێت هەنگاوی هاوسەنگ كردنی موچە یەك لە كارە سەرەكیەكان بێت، چونكە ئەوە هەوڵێكی سەرەتاییە و ئاوڕدانەوەیە لە توێژە كەمدەرامەتەكان، خۆ گەڕانەوەی متمانە و شكۆی دەسەڵاتی خۆماڵی هەرچی زووە دەبێت كاری بۆ بكرێ، چونكە ئەگەر بەتەمای بەغدا تێگوشین هەمیشە ئەو دوژمنەو رەزیل و رەزیلترماندەكات، ناكرێ چارەنووسی گەلێك بخەینەوە بندەستی دوژمن، لە پێناوی مانەوەی كۆمپانیاكانی ئێمە كە ئێوە بەناوی خۆتان كردووە.
دواتر بیر لە نەهێشتنی چینایەتی بكرێتەوە كە ئێستا خەریكە زۆر بەزەقی پانتاییەكانی كۆمەڵگا دادەپۆشێ و شەقام دەوروژێنێ بەجۆرێك گەیشتۆتە ئەو ئاستەی خەڵك بیر لە هاتنەوەی بەغدا كە دوژمنە بكاتەوە، ئەوەش بەخۆداچوونەوەی دەوێ.