دەنگ و دایەلۆگ و شتی تریش لە ڕۆمانی کچەی کافرۆشدا.. گۆران سەباح
نەبەز گۆران وەستایە لە هەڵبژاردنی بابەت بۆ ڕۆمان. کێ بیری بۆ کچی کافرۆش دەچێت ڕۆمانێکی لەسەر بنووسێت؟ جێی دەستخۆشییە ئاوڕێکی لەو بابەتە دانسقە دایەوە و کردی بە دۆکیومێنت تا هەتایە بمێنێتەوە. خۆزگە وەک پڕۆژەیەکی نیشتیمانی، بودجەیەکی دەبوو و دەکرا بە ئینگلیزی و بڵاو دەکرایەوە.
لە زمانیش وەستایە، نەبەز. سادە، ڕەوان، خۆش، بێ گرێ. سادەنووسین قورسترین کارە. ئاڵۆزنووسین ئاسانە، هەموو کەس دەتوانێت ئاڵۆز بنووسێت و کەس لێی تێ نەگات.
هەندێ هەڵەی ڕێنووس، چەند ڕستەیەکی ناڕوون و کۆ و تاکی بکەر و فرمانی بەسەردا تێپەڕیوە، خۆزگە لە چاپی دووەمیدا ئەوانیشی چاک دەکرد. بۆ نموونە لە لاپەڕە (٢٨٨ و ٢٨٩)دا، (پیشانم دا) و (… بەردەکەمان پیشاندا) هەن، ئەوەی یەکەم ڕاستەکەیە. لاپەڕە (١٨٧)، (بەژدار) یان (بەشدار)؟ هۆردووکیان تەواون، بەڵام دەبێ نووسەر خۆی یەکلا بکاتەوە یەکیان بەکار ببات. نمەنمە یان نمە نمە (لا٢٨٨)؟
هەندێ ناوی کەرت کردووە وەک: خوازبێنیکەر نەک خوازبێنی کەر (لا٢٠٦، ٢٠٧)؛ دەردەسەری نەک دەردە سەری (لا٢٦٤)؛ بەسەربردن نەک بەسەر بردن (لا٣١٩). کاکڕەکان نەک کا کڕەکان (لا٣١٩)؛ ژێردەستەیی نەک ژێر دەستەیی (لا٢٢١)؛ باپیرە نەک با پیرە (لا٢٦٠).
ئەم ڕستەیە لە لاپەڕە (١٨٤)دا هاتووە: “لەناو ئەفسانەکاندا پاڵەوانەکان و ڕووداوەکان و شوێنەکان، خەیاڵ و خەون و بینینی تایبەتی تێدابوو.” ئەم ڕستەیە (لا٢١٦): “دوو کوڕەکەی باڵیان گرت و ڕۆیشت.”
لە زمانی کوردیدا، دەبێ بکەر و فرمان لە تاک و کۆدا کۆک بن. ڕاستەکە ئاوایە: لەناو ئەفسانەکاندا، پاڵەوانەکان و ڕووداوەکان و شوێنەکان، خەیاڵ و خەون و بینینی تایبەتیان تێدا بوو. دوو کوڕەکەی باڵیان گرت و ڕۆیشتن. (هەرچەندە باڵگرتن بۆ فڕینە نەک بۆ ڕۆیشتن).
“. . . ئەو پیاوە مەبەستێکی خراپیان هەبێت” (لا٢٤٨). ڕاستەکە: “ئەو پیاوە مەبەستێکی خراپی هەبێت.”
لە لاپەڕە (٢٣٧)دا دەڵێ: “. . . چاوە گەورە و قورس و نەرمەکانی”. چاوی گەورە هەیە. بەس چاوی قورس و نەرم چۆنە؟
“گەیشتمە سەر شەقامەکە ڕێبوارەکان دەردەکەوتن بۆ ئیشوکار و چوون بۆ سەرکار پەلەیان بوو” (لا٢٨٨). لە مەبەستی تێ دەگەم، بەڵام ڕستەکە کرچە.
دەنگەیلی نێو ڕۆمانەکە تێکەڵن. نەشازن. دەنگی کارەکتەر دەبێ یەک بکاتەوە لەگەڵ کولتور و ناوچەی جوگرافی و پێگەی کۆمەڵایەتی. دەنگی ئەلبێرت هێندە نەشازە، حەزم نەدەکرد قسە بکات.
“تۆ چرای ماڵەکەی منی. هەرچیم هەیە و نییە لە پێناو تۆ و دایکتدایە. بۆ ئەوە دەژیم بتوانم دڵخۆشتان بکەم. کە لەماڵ دوورم، بەبیری خۆمی دەهینمەوە کەسێک لە دوامەوەیە، کەسێک لە خونچە دەچێت و بووە بە وزەی ژیانم. تۆ تەواوی بوون و خەونی منیت.” (لا١٠).
ئەلبێرت ئەمە بە (خاڵان)ی کچی دەڵێت. سەربازێکی دڵڕەق و بەدڕەوشتی ئینگلیز قەت وا قسە ناکات، تەنانەت لەگەڵ کچەکەیشی. هەر بەگشتی، ئینگلیز وا قسە ناکەن. ئەم قسەیە لە باوکێکی کوردی پڕ سۆز دەچێت.
“گریانێک لە قوڕگمدابوو نە ئەوەبوو بێتە دەرەوە، نە ئەوەبوو لەناوەوە بتەقێتەوە و . . .” (لا ٣٤، ٣٥).
پیرەژنێکی ئینگلیز قسە دەکات (لا٢١٥): “خزمانی منم، بەڕەحمەت بێت برازای من بوو!” دەڵێی پیرەژنێکی خەڵکی عەربەتە.
“خوا عەفویکا، تۆ خۆشبیت گیانی سپارد” (لا٢٦٣). ئەمە خەسووی کۆلیارە لە ڕووسیا. پیرەژنێکی ڕووس وا قسە ناکات.
“. . . کۆمەڵێک هاوڕێی خوێندکارم لە خوارەوە دەستیانکرد بە هاوارکردن و بژی بژییەکیان لێکردم” (لا ٣١٤). ئەمانە ئینگلیزن و هاوڕێی خاڵانن. ئینگلیز بۆ پیرۆزبایی ناڵێ “بژی”.
دەنگی کەشی (كچەی کافرۆش) بە یەکێک ناچێت خەڵکی شارێکی ڕۆژهەڵات بێت. چەند جارێک لە ڕۆمانەکە وشەی (بەرسڤ) بەکار دەبات. ئەم وشەیە لە شاری منارەکان نایەتە بەکاربردن.
دەنگی ڤەگێڕ (خاڵان) بە دەنگی کچێک ناچێت لە بەریتانیا لەدایکبووبێت لە دایکێکی کورد و بابێکی ئینگلیز. بە دەنگی نووسەر دەچێت. دەنگی نووسەر (نەبەز گۆران) تەواو زاڵە لە نێو ڕۆمانەکەدا. کاتێ دەنگی نووسەر تێکەڵی دەنگی ڤەگێڕ و کارەکتەرەکانی تر دەبێ، دەنگەکان نەشاز دەبن.
“لەوانەیە زیادەڕەوی بێت، بەس بڕوام وایە، ئەو زمانانەی زیاتر خۆیان دەبەستن بە هونەری موسیقا و شیعرەوە، زمانێکی شیرینتر و گەرمترن . . .” (لا٩، خاڵان).
“کەسانێک هەن هەموو دنیاشت بۆ بخەنە سەر سینییەک . . .” (لا١١، خاڵان).
“ژیانی بەشێک لە مرۆڤەکان هێندە سەرنج ڕاکێش و . . .” (لا١٤، خاڵان).
“هەستدەکەم لە ناخی هەموویاندا نەخۆشێک هەیە . . .” (لا٣٢، کەشی).
“وەک خاکەکەی مانگا بێت شیرە ڕەشەکەیان دەخۆن . . .” (لا٣٦، خاڵان).
“پێناچێت گیانەوەرەکانی تر لە مرۆڤ بچن . . .” (لا٤٢، ئەلبێرت).
“یەکێک لە هونەرەکانی کچان و ژنان . . .” (لا٥٤، کەشی).
“بۆ سەردەمەکەی خۆی جوڵەیەکی گرنگ بووە . . .” (لا٦٥، خاڵان).
“بەشێک لەو خوێندەوارانەی خۆیان بە نوێنەری ڕۆشنبیری دەزانن . . .” (لا٢٤٠، خاڵان).
ئەمانەی سەرەوە چەند نموونەیەکن لە دەیان نموونەی وا لە نێو ڕۆمانەکە. دەنگی نووسەر ئاشکرایە و بە دەنگی کارەکتەرەیلی نێو ڕۆمانەکە ناچێت.
یەکێ لە پێوەرەکانی ڕۆمان، واقیعیبوونی شوێن و کات و کارەکتەر و ڕووداوەکانە. واقیعیبوون لە نێو خەیاڵ کارێکی ئەستەمە. ڕۆمان خەیاڵە، بەڵام هەر شتێک باس دەکەی، دەبێ واقیعی بێت و لەگەڵ جیهانی ڕۆمانەکە و خەیاڵەکەدا بێتەوە. دەبێ درۆیەکان هێندە ڕاست بن، قەناعەت بە خوێنەر بکەن. لەم ڕۆمانەدا، شتەیلی ناواقیعی زۆرن. ئەمەی خوارەوە یەکێکە لە دەیان نموونە.
“كچەی کافرۆش… ئیتر تۆ یەکێکی لە جوانەکانی ئەم شارە . . .” (لا٤٨، کەشی). کەشی (کچی کافرۆش) قسە لەگەڵ خۆی دەکات. ئەم لەبەرخۆدووانەی ناواقیعییە. هەروەها، ڕفاندنی کچەی کافرۆشیش قەناعەتی پێ نەکردم.
ئەم ڕۆمانە هەندێ (چاڵ)ی تێدایە کە لە تام و ئاستی هونەریی ڕۆمانەکە کەم دەکەنەوە. چاڵ لە نێو ڕۆمان واتە شتەکان یەک ناکەنەوە.
“ئازاری شکانی دەستی شێت و هاریدەکەن. بەشەق بەردەبێتە گەنجەکان” (لا٢٥٥). ئەلبێرت مەستە و دەکەوێتە ناو حەوزێکی ئاو و دەستی دەشکێ. هیچ سەرخۆشێکت بینیوە، دەستی بشکێ و وەرگەڕێتە چەند گەنجێک بە شەقان؟ جا گەنجی یاخی و تووڕە ش.
ئەلبێرت و کەشی، خاڵان دەبەنە دوکانی هەمبەرگرێک. خاڵان خۆیشی، دوای مردنی دایبابی، دەچێ هەمبەرگر دەکڕێت. سەردەمی ڕۆمانەکە ئەسپ و عارەبانەیە. هەمبەرگر نوێیە، تەنانەت بۆ بەریتانیاش. لە کۆتاییی حەفتاکان، هەمبەرگر دەچێتە بەریتانیا.
کۆڵیار (بابی کەشی) بیری مانیان (داکی کەشی) دەکات. کەشی لە لا(٢٦٠) بە باوکی دەڵێ، “جا خۆ وەزعی ئێمە لێرە زۆر باشە، بۆچی ناچیت بە شوێنیدا و بیهێنی بۆ ئێرە.” کۆڵیاریش دەچێ بە دوایدا. ئەمە لە کاتێکدایە وەزعیان زۆر خراپە.
یەکێک بڕفێنی، بەخێرایی ناڕۆی. غار دەدەی. کاتێ کەشی دەڕفێنن، غار نادەن، بەخێرایی دەڕۆن. (لا٢٧١). لە لاپەڕە (٢٧٥)، ئەلبێرت کەشی ڕفاندووە و پێی دەڵێ بچێ خۆی بشوات و بێ نان بخوات. (کەشی)یش بە ئاقڵی دەچێ خۆی دەشوات و دێتە سەر مێزی نانخواردن. یەکێک تازە ڕفێنرابێت، ئاوا بە ئاسانی دەچێ لە حەمامی ڕفێنەر خۆی بشوات؟
هەندێ پرسیاری تر:
سیستمی پۆستە هەبووە. نامەیان بۆ هاتووە. بۆچی کەشی یان خاڵان بیریان بۆ ئەوە نەچوو نامەیەک بۆ شاری منارەکان بنێرن، یان پێوەندی بە پۆلیسەوە بکەن؟ ئاساییە نووسەر وای کردووە، بەڵام دەبێ هۆیەل هەبن قەناعەتت پێ بێنن.
دوای مردنی دایبابی، خاڵان دەتوانێت سەردانی خاڵی بکات، هەر هیچ نەبێ دەتوانێت نامەیەک بنێرێت. بۆ نایکات؟ هیچ هۆیەک نییە لە ڕۆمانەکە قەناعەتم پێ بکات.
ماڵی کەشی لە ژێر چاودێریدان، بۆیان ڕوونە کە ئەلبێرت نیازی خراپە، ئەی بۆچی بیریان بۆ ئەوە نەچوو، کۆیانی برای نان بۆ باوکی ببات؟ ڕاستە کۆیان دەچێتە کنێسە و دەخوێنێت، بەڵام دەیتوانی یەکشەمان و دووشەمان و ڕۆژانی تریش نان بۆ باوکی ببات.
لە لاپەڕە (١٣٨-١٤٩)، مامۆستای خاڵان وێنەیەکی شاری منارەکانی بۆ دەنێرێت. کەشی سەیری دەکات. چۆن لەم وێنەیەدا توانی ماڵی خۆیان و کۆڵانی نیگارکێشیی دێوار و دوکانی باوکی ببینێ؟ خۆ گووگڵ ماپ نییە؟
بە شێوەیەکی سەیر کەشی چیرۆکی خۆی بۆ خاڵان باس دەکات. ئاساییە دایک و کچ دڵیان بۆ یەکتری بکەنەوە و باسی زۆر شت بکەن، بەڵام هیچ کچ و دایکێک بە وردی باسی هەست و سۆز و لایەنی سێکسی بۆ یەکتری ناکەن، بەتایبەتی لەو سەردەمیدا. نووسەر ئازادە لە باسکردنی وەها پێوەندییەک لە نێوان کچ و دایک، بەڵام دەبێ قەناعەت بە خوێنەر بکات بۆچی پێوەندییەکە وایە.
لە لاپەڕە (٢٣٧)دا، ئەلبێرت جلی کوردی لەبەر دەکات و جەمەدانیش دەبەستێت. ڤەگێڕ دەڵێ کەس نەیناسییەوە؟ چۆن؟ سوورەیەکی ئینگلیز لە هەر جلێکدا بێت یەکسەر دێتە ناسینەوە، بەتایبەتی لە شارێکی کورداندا.
نووسەر دەرەقەتی دایەلۆگ نەهاتووە لە ڕۆمانەکە. نووسینی دایەلۆگ بەشێکە لە هونەری گێڕانەوە. وەک زۆربەی ڕۆمانی کوردی (سەتا ٩٩)، دایەلۆگ بەشێکی زۆری ئەم ڕۆمانەی سەقەت کردووە. بە سێ شێوازی جیاواز نووسراون (-…؛ :…؛ “…) و هەرسێکیان هەڵەن.
لە ئەلف و بێی نووسینی دایەلۆگ ئەوەیە کە کۆتەیشنت (quotation) کردەوە، لە کۆتایی دایەلۆگەکە دەبێ دایخەی. لە هەندێ شوێن نووسەر داینەخستووە.
دایەلۆگی درێژی زۆرە. پێویست ناکات نموونە بهێنمەوە، هەر کووی ڕۆمانەکە بکەیەوە، دەیبینی. درێژی دایەلۆگ واتە لە کۆڵخۆکردنەوە، واتە فڕێدانی زانیاری بە لێشاو، کە پێویست ناکات. خۆ نووسینی ڕۆمان بە شەرتی پڕکردنەوە نییە، بە شەرتی ئەوە نییە بڵێی ئیللا دەبێ بیگەیەنمە پێنجسەت لاپەڕە. لەبەر هەندێ ڕۆمانی کوردی بێتامە.
کاتێ دایەلۆگی درێژ دەکەیتە چەند پەرەگرافێک، دەبێ کۆتەیشن بکەیەوە، لە کۆتاییی پەرەگرافی یەکەم دایناخەیت، سەرەتای هەر پەرەگرافێک کۆتەیشن دەکەیەوە، بەڵام تەنیا لە پەرەگرافی کۆتایی دایدەخەی. لەم ڕۆمانەدا، کۆتەیشن کراوەتەوە، بەڵام لە سەرەتای پەرەگرافەیل کۆتەیشن نییە، هەندێ جاریش دانەخراوە لە پەرەگرافی کۆتاییدا. بۆیە تێکەروپێکەر بووینە.
دایەلۆگ لەناو دایەلۆگ هەیە. ئەویش وەستای خۆی دەوێ. دەبێ بەم شێوەیە بێت: “کە چوومەوە مالێ دایکم گوتی، ‘بۆ ئاوا تاخیر هاتییەوە’، بەڵام من وەڵامیم نەداوە.” لێی وردبینەوە، دایەلۆگی سەرەکی بە “کە” دەست پێ دەکات و بە “نەداوە” کۆتایی دێت. دایەلۆگی دووەم کە ئی داکیتی تاک کۆتەیشنە. لەم ڕۆمانەدا، لەبەرئەوەی ئەوها نەنووسراون، دایەلۆگەیل تێکەروپێکەر بوونە و تامی ڕۆمانەکەیان نەهێشتووە.
کێشەیلی دەنگ و دایەلۆگ لەم ڕۆمانە بە ئاسانی چارەسەر دەبێ بێو بە فرەدەنگی بێتە گێڕانەوە. بە گۆشەنیگای کەسی یەکەمی تاکی سنووردار (خاڵان) ڕووداوەکان دێنە گێڕانەوە. خۆزگە ئەلبێرت، کەشی، دێوار و کۆڵیار وەک خاڵان ڤەگێڕ دەبوون. شتەکان ڕوونتر دەبوون و خوێنەریش زێتر تامی لێیان دەکرد.
نووسەر هەقی چیرۆکی کچەی کافرۆشی نەداوە لەبەر لایەنی مێژووییی سوارەی شکاک و داگیرکاریی ئینگلیز و شاری منارەکان. پێچەوانەکەشی ڕاستە: لەبەر کچەی کافرۆش هەقی مێژووی نەداوە. سوارەی شکاک و بەرهەڵستی و کوژرانی بۆ خۆی ڕۆمانێکە. داگیرکاریی ئینگلیز و شاری منارەکان ڕۆمانێکی ترە. ڕاستە بۆ تێگەیین لە چیرۆکی کچەی کافرۆش، دەبێ نووسەر هەندێ لایەنی مێژوویی باس بکات تا لە سیاقەکە بگەین، بەڵام درێژەی داوەتێ و لە زۆر شوێن دوور دەکەوینەوە لە کڕۆکی ڕۆمانەکە. هەر دەبنە وتاری مێژوویی.
بەشی (٢٣) گرنگە، باسی مردنی کچەی کافرۆشە. هێندە گرنگی پێ نەداوە و بەخێرایی باس کراوە. ئەو دەمەی کەشی دەڕفێنن، زۆر خێرا باس کراوە. دەبایە یەک دوو جار ڕایکردبا، هەست و سۆز و هەوڵ و کەسایەتیی کەشی ببینین. بەشەیلی (٧، ٩، ١٢، ١٣، ١٤، ١٨) لەگەڵ ئەو بەشانەی پێوەندییان بە داگیرکاریی ئینگلیز و مێژووی سوارەی شکاکەوە هەیە، زیادەن، هەر فڕێدانی زانیارییە. دوورمان دەخەنەوە لە ڕۆمانەکە و بێزاریشمان دەکەن.
وێڕی ئەم کێماسییانە، ڕۆمانەکە شایەنی خوێندنەوەیە. من زۆر سەرسامم بە کۆڵیاری کافرۆش. نووسەر بە هونەرێکی باڵای گێڕانەوە کەسایەتیی کۆڵیارمان پێ پێشان دەدا. بێ ئەوەی پێمان بڵێت کۆڵیار پیاوێکی مێشک کراوە و ئازا و تێگەیشتووە، لە ڕێی کار و هەڵسوکەوت و قسەکانی، پێشانمان دەدات چ مرۆڤێکە، بەتایبەتی لە لاپەڕەیلی (١٠٩، ١١١، ٢٠٩، ٢٥١ ). لێرە نووسەر وەستایانە تەکنیکی “پێم مەڵێ، پێشانم بدە” لە هونەری گێڕانەوەدا بەکار بردووە.