Skip to Content

لە نێوان ئازاری دڵنیایی و ئازاری گوماندا لە شیعری ” تەم و مژ”ی محەمەد عومەر عوسماندا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

لە نێوان ئازاری دڵنیایی و ئازاری گوماندا لە شیعری ” تەم و مژ”ی محەمەد عومەر عوسماندا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

Closed
by شوبات 9, 2023 General, Literature, Slider

” تەم و مژ” شیعرێکی محەمەد عومەرعوسمانە کە لە ساڵی ١٩٨٣ دا نووسیووێتی و لە لاپەڕە (٨٣-٨٧) ی دیوانەکەیدا کە بەناوی “لە غوربەتدا”یە بڵاوبووەتەوە. ئێمە پێشتر چەند جارێک لەسەر ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرە دواوین و باسی ئەوەمان کردووە جیهانبینی شیعری ئەم شاعیرە بەگشتی لە چوارچێوەی ناونیشانی دیوانەکەیدا ( لە غوربەتدا )بەرجەستە دەبێت. کە ئەمەش بە زمانێکی روون و دوور لە تەم و مژ و بە ئاستێکی بەرز لەشیعریەت و بە رەهەندی قوڵی جیهانبینی ئینسانیەوە بەرجەستە دەکات.
” تەم و مژ” ناونیشانی ئەم دەقە شیعریەیە، کە لە راستیدا وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، لە ئاستی زمانی شیعریدا نەک لەم دەقەدا بەڵکو لە سەرجەم شیعرەکانی ئەودا تەم و مژ بوونی نیە یان نابینرێت. بەڵام جیهانبینی قوڵ و فەلسەفیانەی دەقەکانی و بەکەرەستەکردنی چەندین توخم و رەگەزو هێمای جۆراوجۆر لە دەقەکانیدا و کردنیان بە پایەی بەرهەمهێنانی شیعرو شیعریەت لای ئەم شاعیرە دەشێت لە رووی پرسیاری دەقەکانی و جیهانبینیانەوە هەم تەم و مژ و هەم ئاڵۆزی دروست بکات، ئەویش بەهۆی مەودا قوڵی پرسیارو جیهانبینی فیکری و فەلسەفی دەقەکانیەوە. سەرباری ئاستێکی باڵا لە جوانی، بەرهەمهێنان و بەخشینی چێژێکی دەوڵەمەند بەخوێنەر لە ئاستی بینراوی دەقەکاندا، دەقەکانی وەکو کۆمەڵیک تابلۆی نەخشێنراو و سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات. جوانی دەقەکانی لە ئاستی بینراوداو بەرهەمهێنانی چێژی جوانی لە جوانی زمان و وێنەو میتافۆرو لێكچوون و رەگەزەکانی تری رەوانبێژی و مۆسیقای باڵای شیعریی دەقەکانی بەرهەم دەێت. سەرباری زمانی روونی دەقەکانی، گەیشتن بە ئاشکراکردن و دۆزینەوەی ئەو پرسیارە مەودا قوڵانەی کە دەقەکانی بەرزیان دەکاتەوە، دەشێت نەک هەر تەم و مژاوی و ئاڵۆز بێت، بەڵکو کارێکە بەبێ قوڵبوونەوەو شیکارکردن و هەڵکۆڵین دەست پێگەیشتنیان ئاسان نییە.
ئایا ” تەم و مژ” وەکو ناونیشان کۆکەرەوەی ئاستی بینراو و نەبینراوی دەقەکەیە، واتە کۆکەرەوەی ئاستی زمان و ئاستی دەلالی دەقەکەیە؟ هەڵبەت پرسیارو جیهانبینی دەقەکە لەم ئاستەیاندا ئاشکرا دەکرێت. رەنگە وەڵامدانەوەی خوێنەری ئاسایی بۆ ئاستی بینراوی دەقەکەو چێژ لێ وەرگرتنی وەڵامێکی روون بێت چونکە لە ئاستی زمانی یەکەم یان زمانی بینراوی دەقەکەدا تەم و مژ بوونی نیە. هەربۆیە دەشێت لەم لایەنەوە بگوترێت ئەم ناونیشانە دەربڕین نییە لەم دەقە. بەڵام دەشێت لە روانگەی ئاستی نەبینراوی دەقەکەوە بگوترێت بەڵێ ئەم ناونیشانە دەربڕی دەقەکەیەو لەم رووەشەوە دەکرێت ببێتە کلیل بۆ کردنەوەی دەرگای دەقەکەو شۆڕبوونەوە بۆ ئاستە نەبینراوەکانی و ئاشکراکردنی کۆدەکانی و دۆزینەوەی ماناو دەلالات و جیهانبینیەکەی. کەواتە لەم رووەوە ناتوانرێت بگوترێت ئەم ناونیشانە پەیوەندی نییە بە پێکهاتەی دەقەکەوە وەکو یەکەیەکی یەکگرتووی زمانی کە خاسێتی دەقبوون و دەقی زیندووی هەیە.
” تەم و مژ” کە نووسینی بەم شێوەیە دوو وشەیە و” تەمومژ” وشەیەکی لێکدراوەو لە هەردوو بارەکەدا وەکو یەکەیەکی زمانی دەلالەتی جێگیری هەیە کە بریتیە لە لێڵی، ناڕوونی، نائاشکرایی. ” تەمومژ” لە ئینجیلدا وێنەیەکە لەپێش دەرکەوتن یان ئاشکرابوونی رووداو یان دیاردەیەکی گەورەوە دێت. هەروەها ئەم زاراوەیە وەکو رووبەرێکی خۆڵەمێشی دادەنرێت لە نێوان راستی و ناڕاستی، یان لە نێوان دڵنیایی و نادڵنیاییدا سەبارەت بە داهاتوو. ” تەمومژ” لای براونینگی شاعیری دیاری قۆناغی رۆمانسی شیعری ئینگلیزی پێشهاتە بۆ مردن یان مردن و لەناوچوون دەنوێنێت. کەواتە بابزانین تا چەند دەلالەتی ئەم ناونیشانە لە پێکهاتەی دەقەکەدا دەبینرێت. دەقەکە بەم کۆپلەیە دەست پێدەکات:
من هاواری ملیۆن داری / بەر رەشەبای لەپەل کەوتوو-و هەڵوەریوم / من زایەڵەی ملیۆن مەلی../ لانە روخاو-و تەریوم / لە پەنجەرەی پایزێکی ئەبەدییەوە../ ئەڕوانمە دنیای تەم و / خوێنی رژاوی گەڵاکان / ئەڕوانمە چرای کوژاوەی ماڵەکان./
لە دەستپێکی ئەم دەقە شیعریەدا، کەسێک دەدوێت و بە راناوی کەسی یەکەمی تاک خۆی پێشکەش دەکات و لێرەوە خۆی بە خوێنەر دەناسێنێت. ئەم باسی پاڵەوانێتی و ئەو رووداوانە ناکات کە خۆی بکەرو دروستکەریان بووە. بەڵکو باسی ئەوە دەکات کە خۆی چییەو چی دەبینێت. ئەم خۆی وەکو دەنگ، یان هاوار دەناسێنێت، بەڵام دەنگ و هاواری کێ، یان دەنگ و هاواری چی؟ ئەم چەند وێنەیەکمان پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی زەمینەیەک ئامادە بکات هەتا ئێمە وەکو خوێنەر یان بیسەر بۆ بینینی ئەو دیمەنە، یان بیستنی دەنگ و هاواری دەرئەنجامی ئەوەی روویداوە ئامادە بکات. ئەم وێنەی ملیۆن دارمان بۆ دەگرێت، کە رەشەبا خستوونی و هەڵی وەراندوون. دارەکان لە بەربەرەکانێی رەشەبادا بوون و بەئاسانی خۆیان نەداوە بەدەستەوە، تا سەرئەنجام رەشەبای بەهێز زاڵبووە بەسەریانداو شکاندوونیەتیەوەو ئێستا لە ئازارو ژانی شکاندنەوەو هەڵوەرین و کەوتندا دەناڵێنن. ئەم خۆی وەکو ئەو هاوارو ناڵینەی دارەکان پێشکەش دەکات کە ئازاری شکاندنەوەو کەوتن سەرچاوەکەیەتی.
جارێکی تر وێنەی ملیۆن مەل بەرجەستە دەکات، کە هیلانەکانیان نغرۆ بووەو ئێستا بێ لانەو ماڵن. مەلەکان لە ئازاری لانە وێرانی و سەرلێشیواوی و بێ ماڵیدا دەنگی بێزاری، دەنگی نزاو پاڕانەوە، بەرزدەکەنەوە. رەنگە بیانەوێت ئەم دەنگە بە شوێنێک بگات بەو ئومێدەی دەستگیرۆییان بکات. ئەم، ئەو دەنگەیە، ئەو زایەڵەیە کە مەلەکان بەرزی دەکەنەوە. لێرەدا لەم دوو وێنەیەدا دەردەکەوێت، کە ئەم وەکو دەنگ و هاواری ئەوانە خۆی پێشکەش دەکات، کە بەهەر شێوەیەک بێت سروشت، یان مرۆڤ غەدری لێکردوون. واتە ئەم دەنگ و هاواری ماف خوراوان و ماف زەوتکراوانە. لە لایەکی ترەوە ئەم خاسێتی مرۆڤ بەم رەگەزانەی سروشت، کە لێرەدا دارو مەلەکانن دەبەخشێت. دارەکان لەبەردەمی رەشەبادا ئازار دەچێژن، هاواریان لێ بەرزدەبێتەوە، کە ئەمەش خاسێتی مرۆڤە، یان بەگشتی خاسێتی زیندەوەرانە. بەخشینی خاسێتەکانی مرۆڤ بە رەگەزەکانی سروشت مانای بەرزکردنەوە، یان بەرزدانانی ئەم رەگەزانەیە بۆ ئاستی مرۆڤ، یان وەکو مرۆڤ. ئەمەش خاسێتێکی دیاری ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەیە، کە هەمان شێوەی مرۆڤ دەڕوانێتە رەگەزە نامرۆییەکانی سروشت، بەتایبەتی ئەو رەگەزانەی دەتوانن جوانی و بەهاکانی جوانی بەرهەم بهێنن.
ئەم لە کاتێکدا خۆی وەکو هاواری ملیۆن داری بەر رەشەباو وەکو زایەڵەی ملیۆن مەلی تەریوو پێشکەش دەکات، هیچ جوڵەیەک ناکات، بەڵکو لە شوێنی خۆیەوە دەڕوانێت، ئەویش لە پەنجەرەی پایزێکی ئەبەدیەوە دەڕوانێتە دنیای تەم و خوێنی رژاوی گەڵاکان و چرای کوژاوەی ماڵەکان. ئەم سێ شت دەبینێت کە هەرسێکیان فەزای جۆرێک لە تراژیدیا پێکدەهێنن. تەم یان تەمومژ هێمای لێڵی و ناڕوونی و نادڵنیایی و پێشهاتی مەرگە. خوێنی رژاو ئاماژە بۆ کوشتن دەکات. چرای کوژاوەی ماڵەکان دەلالەتی چۆڵی و نەبوونی ژیان و خامۆشی و وێرانەیی هەڵدەگرێت. ئەم سەیری ئەم دیمەنانە دەکات کە کارەسات نیشان دەدەن. لە کوێیشەوە دەڕوانێت، لە پەنجەرەی پایزێکی ئەبەدیەوە. بێگومان دیسان پایز دەلالەتی زەردبوون، بەرەو کۆتایی چوون و کەوتن و مردن هەڵدەگرێت. ئەم لە پەنجەرەی، یان لە روانگەی ئەم وەرزەوە دەڕوانێت و خاسێتی ئەبەدی یان هەتاهەتایی دەدات بە پایز. بەمانایەکی تر ئەم لە نێو ئەم دیمەنی هەتاهەتایی زەردبوون و بەرەو کۆتایی چوون و مردنەوە دەڕوانێتە ئەو دیمەنە خەماوی و تراژیدیانەی کە باسیان دەکات. هەروەک ئاشکرایە پایز نەک هەروەک وشە، یان وەکو دالێک، یان وەکو وەرزێکی بێ لایەن، بەڵکو پایز وەکو فەزای گشتی و وەکو رەگەزێکی بەرهەمهێنانی دەق و کەرەستەی بنیادنانی دەق بە هەموو ماناو دەلالاتەکانیەوە رەگەزێکی هەمیشە ئامادەیە لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا.
لە دەقەکەدا هاتووە:
ئیسماعیلێکم ئێستاکە..نەک چەقۆی ئیبراهیمی باوک../ چەقۆی دەستی دێوی غوربەت سەرم ئەبڕێ / چ فریشتەیەک ئەگاتە هانای زریکەی بەر لە مەرگ و سەربڕینم؟/ چ فریشتەیەک گیاندارێ ئەکاتە قۆچی قوربانیی ئەم غوربەتە؟/ ئەی خوای گەورە نایەتە دەنگ؟/ لە گەرووی کەنیسەکانا../ خنکاوە پەیامی عیساو زایەڵەی زەنگ / مەسیح هەر بە خاچەوەیە../ ئێسک و گۆشتی لەگەڵ تەختەو بزماری خاچ تێکەڵ بووە / خوێنی هەڵمی لێ هەڵئەسێ../ ئەی نابینن هەڵمی خوێنی../ چیاو دەشتی سوور کردووە؟ / هەوا بۆنی مەرگی لێ دێ../ مەرگ رەشەبای هەڵکردووە./
ئەم دەگەڕێتەوە بۆ ناو چیرۆک یان ئەفسانەی ئایینی و هەندێک لە دیمەنی ئەو چیرۆک و ئەفسانە ئایینیانە دەکاتە کەرەستەی بەرهەمهێنانی دەقەکەی و ئەو رەگەزانەش بەشداری دەکەن لە بەرهەمهێنانی شیعریەتی دەقەکەدا کە ئەوەش لە ئاستێکی تردا بەشداریکردنە لە بەرهەمهێنانی جیهانبینی دەقەکەدا. لە ئەفسانە ئایینیەکەدا خودا فەرمان بە حەزرەتی ئیبراهیم دەکات ئیسماعیلی کوڕی بکات بە قوربانی. ئیبراهیم بە فەرمانەکەی خودا رازی دەبێت و ئەوە بە کوڕەکەی دەگەیەنێت، کوڕەکەشی فەرمانی خوداو باوکی رەتناکاتەوەو ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی بکرێتە قوربانی. لە ئاستی نەبینراودا دەلالەتی ناڕازیبوون بەم کارەی ئیبراهیم بەرهەم دێت، کە لە راستیدا کارێکی ناعەقڵانیەو تەنیا لە سنووری ئەفسانەدا جێگای دەبێتەوە، بەتایبەتی هەردوو رازیبوونەکە، رازیبوونی باوکێک بۆ ئەوەی کوڕەکەی سەرببڕێت. هەروەها رازیبوونی کوڕێک بەوەی باوکی سەری ببڕێت. سەرئەنجام کۆتایی ئەفسانەکە دەزانین کە گوێڕایەڵی باوک بۆ فەرمانی خوداو رازیبوونی کوڕ بە فەرمانی خوداو فەرمانی باوکی، دەبێتە هۆی بەخشینی ئیسماعیل و بەوەش لە سەربڕین رزگاری دەبێت.
ئەمی شاعیر باسی چەقۆیەکی ترسناکتر لە چەقۆی ئیبراهیمی باوک دەکات، کە ئەویش چەقۆی غوربەتە، کە ئەم غوربەت وەکو دێو باس دەکات. ئاشکرایە کە دێو هێمایە بۆ زیندەوەرێک یان ئاژەڵێکی ترسناک، کە زیاتر روویەکی ئەفسانەیی هەیە. ئەم چەقۆی دەستی ئەو هێزە ترسناکە سەری دەبڕێت، کە لە بەراورددا نیشانی دەدات ئازاری چەقۆی دەستی ئەم دێوی غوربەتە زۆر لە ئازاری چەقۆی ئیبراهیم پڕ ئازارترو ترسناکترە. لێرەدا ئەم راستەوخۆ پێمان دەڵێت کە غوربەت چ هێزێکی هەیەو چۆن ئازاری غوربەت لە هەموو ئازارێک ترسناکترەو نەک رۆح بە تەنیا بەڵکو جەستەی مرۆڤیش دەهاڕێت.
لە ئەفسانە ئایینیەکەدا خودا فەرمان بە فریشتە دەکات بەرانێک بخاتە بەردەم چەقۆکەی ئیبراهیمی باوکی. ئێستا ئەم خۆی دەچوێنێت بە ئیسماعیل، بەڵام ئیسماعیلی ژێر دەمی چەقۆی ئیبراهیم نا، بەڵکو ئیسماعیلی ژێر دەمی چەقۆی ئەو دێوی غوربەتەی کە باسی دەکات. ئێستا ئەم چاوەڕوانی ئەوەیە فریشتەیەک بێت و فریای ئەو بکەوێت بەر لەوەی سەرببڕرێت و بمرێت. هەر بۆیە دەپرسێت ئایا فریشتەیەک هەیە بێت و ئاژەڵێک بخاتە بەردەم چەقۆی دێوی ترسناکی غوربەت و بەمەش ئەم لە سەربڕین رزگاری ببێت؟ کەواتە ئەم نەک هەر چاوەڕوان دەکات فریشتەیەک، هێزێک، فریادڕەسێک بێت و لە دەمی چەقۆی دێوی غوربەت رزگاری بکات، بەڵکو تەنانەت ئەم دەپرسێت، ئایا خودا بەرامبەر هێزی ترسناکی غوربەت نایەتە دەنگ و ئەم لە هەڕەشەو ئازاری ئەو هێزە ترسناکە ناپارێزێت؟ واتە لە پشتی ئەو پرسیارەشەوە ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە ئەم چاوەڕوانی ئەوەیە خودا بەدەنگ بێت و لەم بارە ناهەموارە رزگاری بکات.
ئەم چاوەڕوانی ئەوەیە خودا بە فریای بکەوێت، بەڵام ئەم رووبەڕووی جۆرێک لە بێ ئومیدی دەبێتەوەو لەوە تێدەگات خودا بێ باکە لە ئازارەکانی نەک هەر ئەم بەتەنیا، بەڵکو لە ئازاری هەموو بنیادەم . ئەم ئەوەی یاد دەکەوێتەوە کە عیسای کوڕی مریەم سەرباری ئەوەی پێغەمبەرو رەوانەکراوی خودا بوو، لە خاچدراو پەیامەکەی و دەنگی زەنگی کڵێساکانیش وەکو پەرستگای عیساو ئایینەکەی خنکێنران و ئێسک و گۆشتی تێکەڵاوی بزمارو تەختەی خاچ کران، کەچی خودا بەدەنگ نەهات. ئەم باسی تراژیدیای لە خاچدانی مەسیح دەکات بەو ترسناکیەو ناڕاستەوخۆ ئەم بارە ناهەموارەی غوربەتی خۆی دەچوێنێت بە کارەساتی لە خاچدانی مەسیح. ئەم باسی ئەوە دەکات کە خوێنی تێکەڵاوبووی مەسیح بە تەختەو بزماری لەخاچدان هەڵمی لێ هەڵدەسێت، واتە هێشتا ئەو لەخاچدانە نوێیەو خوێنەکەی سارد نەبۆتەوە، هەڵمی خوێنەکەیشی چیاو دەشت سوور دەکات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت تاوانەکە هێندە گەورەیە مەترسی و کاریگەری تۆقێنەری و ئاستی ناحەقیبوونی هەموو دنیای گرتۆتەوە، بەجۆرێک لە هەموو شوێنێک بۆنی مەرگ دێت و مەرگ وەکو رەشەبا دێت و هەموو لایەک دەگرێتەوەو هیچ نابوێرێت. لێرەدا لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا ئەوە دەردەکەوێت کە تاوانی لەخاچدانی مەسیح هێندە گەورەو ترسناکە سیماو روخساری ژیاندۆستی لەم گەردوونەدا خستووەتە بەردەم هەڕەشەوەو مەرگ بووەتە فەزای گشتی و هەڕەشە لە ژیان دەکات. لە بارودۆخێکی لەم جۆرەشدا خودا تەنیا سەیری کارەساتەکە دەکات و هیچ هەڵوێستێک وەرناگرێت و هەرگیز بەدەنگ نایەت. شاعیر ئەم رووداوە دەگێڕێتەوە بە مەبەستی قسەکردن لەسەر ئەو باری غوربەتەی کە تیایدایەو هەمان شێوەی چەقۆکەی ئیبراهیم هەڕەشە لە ژیانی ئەم دەکات، یان هەمان شێوەی لەخاچدانی مەسیح هەڕەشە لە کۆی ژیان دەکات، کەچی خودا بەدەنگ نایەت. ئەمەش بەجۆرێک دەبێتە هۆی بێ هیوابوونی ئەمی شاعیر لەوەی کەسێک، فریشتەیەک، رزگارکەرێک بە فریای بکەوێت.
بۆ جارێ خوا نایەتە دەنگ؟ / بۆ جارێ خوا نابێ بە رەنگ؟ / ئابڕوی مرێمیان بردو / وێنەکەی وا بە دیواری باڕو مەیخانەکانەوە / نوقمی ژەهری حەشیشە و توتن و تلیاکە../ گوڵێکی هەڵپروکاوە بەدەست لیکی شەمەزاریی و /نیگای بەدمەستەکانەوە./
ئەمی شاعیر بە بینینی دیمەنێکی تری ئەو رووداوە ناجۆرانەی کە بینیوونی، یان دەیانبینێت نیگەرانە. بەڵام بە ئەندازەی نیگەرانبوونی لە روودانی ئەو کارەساتە تراژیدییانە، لە بێدەنگی خوداو بێ باکیەکەی نیگەرانە. مەسیحی هەڵگری پەیامی ئەو بۆ مرۆڤایەتی سێ مێخە دەکێشرێتەوە، پەیامەکەی دەخنکێنرێت و زەنگی کەنیسە کە پەرستگای ئەو کپ دەکرێت، کەچی ئەو هەر بێدەنگە. ئەم چاوەڕوان دەکات خودا بێتە دەنگ و لە رووی بەدەنگ هاتن و رەتکردنەوەی ئاشکرای ئەو رووداوانەوە بوونی خۆی بنوێنێت، بوونێک کە وەکو رەنگ ئامادەبوونی خۆی لە بەرچاو و خەیاڵ و بیری مرۆڤایەتیدا ون نەکات و هەمیشەش وەکو وریاکەرەوەیەک لەبەرچاو و خەیاڵی مرۆڤایەتیدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بوێری ئەوەیان نەبێت نەک دەست درێژی بکەنە سەر پیرۆزییەکان و بەهاکان بڕوخێنن، بەڵکو نەوێرن دەست درێژی بکەنە سەر یەکتریش.
ئەم دیمەنێکی تری ئازاربەخش دەخاتە روو ئەویش بۆ دوو مەبەست. یەکەمیان بۆ دەرخستنی ئەوەی کە خودا بێ باکە لەو هەموو کارە ناجۆرانەی کە روودەدەن. دووەمیان ئەوەیە مرۆڤ زۆربەی کات هەموو سنوورێک تێدەپەڕێنێت و گوێ بە هیچ یاساو رێساو نەریتێک نادات و خۆی دەداتە دەستی حەزو ئارەزووەکانی. دەشێت هەندێ جار ئەم حەزو ئارەزووانە بە ئاراستەی دروستکردن و بنیادنان بجوڵێن، بەڵام زۆر کاتی تریش خۆدانە دەستی ئەم حەزو ئارەزووانە دەبێتە هۆی شێواندن و ناشیرینکردن و وێرانکردن و لەناوبردن و لەناوچوون. ئەم یەکێک لەو سنووربەزاندنانە بە هەڵواسینی وێنەی مرێم ناودەبات بەسەر دیواری باڕو مەیخانەکانەوەو وای وێنا دەکات کە ئەوە ئابڕوو بردنی ئەوە، ئەوێک کە دایکی عیسایە. بە بۆچوونی ئەم مرێم دووجار سوکایەتی پێکراوە، یەکەمیان وەکو خۆی کە مرۆڤەو مێینەیەو دایکە تەنانەت دایکێک کە بە پاکیزەیی عیسای بووە، کە پێویستەو دەبێت لە هەر سێ رووەکەوە رێزی لێ بگیرێت. دووەمیان دایکی عیسایە یەکێک لەو چەند کەسە دەگمەنەی کە خودا پەیامی خۆی بۆ مرۆڤایەتی لە رێگای ئەوەوە رەوانە کردووە. ئێستا وێنەی ئەم کەسێتە کە لە روانگەی ئایینەوەو لە رونگەی مرۆڤایەتیشەوە دەبێ رێزی لێ بگیرێت و تەنانەت ئەگەر وێنەکەشی هەڵبواسرێت، دەبێت لە کڵێساو شوێنی خودا پەرستی و لە شوێنە پیرۆزەکاندا هەڵبواسرێت، کەچی ئێستا وێنەی ئەم بە دیواری باڕو مەیخانەکانەوە هەڵواسراوەو بەردەوام دووکەڵی جگەرەو بۆنی حەشیش و تلیاک دەکرێت بەسەریداو بەدمەستان لەژێر سایەی وێنەکەی ئەمدا چەندین رەفتاری نەشیاو دەکەن. دەشێ لەباری بەدمەستیشیاندا بەخەیاڵی پیس و چڵێسانەیانەوە بە چاوی ناپاکی و حەزی ئاژەڵانەیانەوە لێی بڕوانن. شاعیر لە دەقەکەدا ئەم وێنەیەمان بە شێوەیەکی هێندە کاریگەر بۆ بەرجەستە دەکات، دەشێت ئێمەی خوێنەر بکاتە هاوبەشی خۆی لە روانینداو هەمووان واهەست بکەین بەڵێ ئەوەی ئەو وەکو سوکایەتی کردن بە مرێم وێنای دەکات، جۆریکە لە سوکایەتی کردن بە هەمووان، بە هەموو مرۆڤایەتی. کەچی لە پای ئەو هەموو سوکایەتی و نادادپەروەرییەی کە لەم سەر زەمینەی خودادا دەکرێت، خودا بۆ تەنیا جارێکیش بەدەنگ نایەت و تواناو دەسەڵات و هێزی لەبن نەهاتووی خۆی نیشان نادات و بێ باکە لە هەموو ئەوانەی روودەدەن.
شاعیر دەڵێت: لەو رۆژەوە.. قابیل هابیلی برای کوشت / لەو رۆژەوە.. دەرگای شەهوەت کرایەوە../ دەرگا لە خوێن کەوتە سەر پشت / لەو رۆژەوە.. زەمین خوێنی.. / بەردو درەختی بەربووە / لەو رۆژەوە.. خاک بۆ پەیامێکی عیسا.. / ئاگر لە جەرگی بەربووە / عیسا تەمە، عیسا تەمە / گەرچی گەڕانەوەی خەونی هەزارەها رەش و رووت و/ دڵ روخاوی ژێر خەمە / کە قابیل تەرمی هابیلی لە کۆڵا بوو../ بۆ خوا قەلەڕەشی بۆ نارد؟ تا فێری کا چۆن بیکا بەژێر خۆڵەوە / چی ئەبوو گەر قابیل هەر تەرمی هابیلی بگرتایە بەکۆڵەوە؟
شاعیر جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ ناو پانتایی مێژوو ئەفسانەو یەکەمین رووداوی رشتنی خوێنی مرۆڤ لەسەر زەوی دێنێتەوە یاد کە ئەویش کوشتنی برایە بەدەستی برا. قابیل و هابیل برابوون. قابیل خەریکی کشتوکاڵ بوو، هابیل مەڕو ماڵاتی بەخێودەکرد. بەپێی ئەوە لە سورەتی “المائدە” دا هاتووە، جووت برا بڕیار دەدەن قوربانی بۆ خودا بکەن. قابیل کە بڕوای لاواز دەبێت خراپترینی بەروبوومە کشتوکاڵیەکەی دەکات بە قوربانی. هابیل کە بڕوادارێکی بەهێز دەبێت، باشترین مەڕی ناو رانەکەی دەکات بە قوربانی. خودا قوربانیەکەی هابیل وەردەگرێت بەڵام قوربانیەکەی قابیل وەرناگرێت، چونکە قوربانی کەسێکی بڕوا لەق و لاوازە. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی رق و کینەی زۆری قابیل لە هابیلی برای و بڕیار دەدات براکەی بکوژێت. بە پێی ئەفاسەنەکە قابیل سەری هابیل لەسەر بەردێک دادەنێت و لەسەرەوە بەردێکی تری پیا دەکێشێت و دەیکوژێت. پاشان کە دەبینێت براکەیی کوشت، زۆر پەشیمان دەبێتەوەو نازانێت چی بکات و تەرمەکەی چی لێ بکات. بە ناچاری تەرمی براکەی لەکۆڵ دەکات و نازانێت چی لێ بکات. لەو کاتەدا خودا قەلەڕەشێک دەنێرێت کە کەلاکی قەلەڕەشێکی مردارەوەبووی بە کۆڵەوەیە. قەلەڕەشە زیندووەکە چاڵێک هەڵدەکەنێت و قەلەڕەشە مردارەوەبووەکەی تێدەخات و بەخۆڵ دایدەپۆشێت بۆ ئەوەی قابیلیش بەهەمان شێوە تەرمی براکەی بشارێتەوە. بەو جۆرەی قەلەڕەشەکە، قابیل چاڵێکی هەڵکەندو تەرمی هابیلی برایی تێدا شاردەوە. بەڵام بۆ هەتاهەتایە، قابیل پەشیمان بوو لەو کارەی و هەستیکرد ئەو یەکەم دۆڕاوە، چونکە دەستی چووە خوێنی براکەیی و بوو بە یەکەم پیاوکوژ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. بێگومان لە روانگەی ئایینەوە کوشتن گەورەترین تاوانە. هەروەک لە هەمان سورەتدا هاتووە ئەوی کەسێک بەدەستی ئەنقەست بکوژێت وەکو ئەوە وایە هەموو مرۆڤایەتی کوشتبێت. دوای ئەم کارە نادروستەی قابیل تا دەمرێت بە ئازارەوە ژیان بەڕێداکات.
شاعیر ئەم یەکەم چیرۆکی تاوانی کوشتنە دەکاتە کەرەستەی بنیادنانی دەقەکەی و دەیەوێت پێمان بڵێت لەو رۆژەوە برا دەستی خۆیی بە خوێنی براکەی سوورکرد لەسەر غیرەکردنێکی ناڕەوا، کە دەشێت رەگوڕیشەکەی خواست و ویستی کاتیی یان دنیایی بووبێت، رۆحی مرۆڤایەتی بە توخم و رەگەزەکانی تاوان و ناپاکی بارگاوی بووە. ئەم پێیوایە یەکەم تاوانی کوشتن، مانای کردنەوەی دەرگای شەهوەتە، کە مەبەست لەوەش کردنەوەی دەرگای حەزو ئارەزووی دنیاییە. کەواتە لێرەدا لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت، کە پاڵنەری سەرەکی هەموو تاوانێک لەم گەردوونەدا، کە کوشتنی هابیل یەکەمین تاوانی دیارە، هەموویان لەژێر کاریگەری پاڵنەری دنیاویستیدا بەهەموو رەهەندەکانیەوە روودەدەن. بە بارێکی تردا ئەو مرۆڤەی گەیشتووتە پلەی زاهید و دەستی لەم دنیا شۆردووەو هەموو حەزو ئارەزووە دنیاییەکانی خۆیی کوشتووە، هیج پاڵنەرێکی نییە بۆ ئەنجامدانی هیچ تاوانێک. ئەمەش لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا یەکدەگرێتەوە کە حەزو ئارەزووە دنیاییەکانی مرۆڤ وەکو بەشێک لە غەریزەی ئاژەڵی مرۆڤ سەیر دەکات. بێگومان ئەگەر غەریزە ئاژەڵیەکانی مرۆڤ بەسەر ویژدان، یان هوشیاری یان تەنانەت بەسەر غەریزە مرۆییەکانیدا باڵادەست بن، ئەوا رەفتاری باڵادەست لە مرۆڤدا دەبێتە رەفتاری دڕندانەو ئەوکاتەش هیچ بەربەست و رێگرییەک لەبەردەم تاوانکردندا نامێنێت.
ئەمی شاعیر هۆکاری هەموو ئەو تاوانانەی لە دوای کوشتنی هابیل لە لایەن قابیلەوە دەخاتە ئەستۆی قابیل و پێیوایە ئەم رچەشکێن بوو بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی فێری تاوانی کوشتن بکات. هەروەها ئەو سەرەتای تریش لەپاڵ ئەم تاوانەدا بۆ سەرهەڵدانی تاوان دیاری دەکات. ئەو باسی ئەوە دەکات لەو رۆژەوە دەرگای شەهوەت کراوەتەوە، خوێنڕشتن بووەتە کارێکی ئاسایی. ئەمەش مانای ئەوەیە لەو ساتەوە مرۆڤ خۆی دایە دەستی حەزو ئارەزووەکانی و بەجۆرێک بوو بە کۆیەلەی ئەو حەزو ئارەزووانە، ئیتر دەرگای تاوان و خوێنڕشتن کەوتە سەرپشت. ئەم پێیوایە نەک هەر خوێنی مرۆڤ لەم سەر زەویە دەڕژێت، بەڵکو درەخت و تەنانەت رەگەزی بێ گیانی وەکو بەردیش خوێنیان بەربووە. لێرەدا جارێکی تر خاسێتی زیندەوەر بە رەگەزە نازیندووەکانی لە جۆری بەرد دەبەخشرێت. واتە لە ئەنجامی یەکەم تاوانی کوشتن و کردنەوەی دەرگای حەزو ئارەزووە ئاژەڵیەکانی مرۆڤدا تاوان و خوێنڕشتن بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی لەم گەردوونەدا.
ئاشکرایە پەیامی عیسا، سەرباری بنەماکانی خوداپەرستی و بڕوابوون بە جیهانێکی تر لە دوای مردن، پەیامی ئاشتی و برایەتی و راستگۆیی بوو. عیسا لە خاچ درا و ئامانجی سەرەکیش لە پشتی ئەم تاوانە نامرۆڤانە گەورەیەوە، لەناوبردنی پەیامەکەی عیسا بوو. خاک نیگەران بوو بۆ ئەوەی بەسەر عیساو پەیامەکەیدا هێنرا. ئەم وەها وەسفی ئەو تاوانە دەکات کە خاک ئاگر لە جەرگی بەربووە. ئەمەش وێناکردنی خاکە وەکو دایک و عیساو پەیامەکەشی وەکو نەوەی خاک، کە دایک بۆ لە دەستدانی نەوەکەی بە جەرگ سووتاو ناودەبرێت. ئەوەش قورسی ئازاربەخشی و گەورەیی تاوانەکە نیشان دەدات. ئەم لەو ساتەوە کە عیسا لە خاچ دراوە، وەکو تەم باسی عیسا دەکات، کە ئەمەش مانای ونبوون و لێڵی و نادیاری چارەنووسی ئەو و پەیامەکەیەتی. ئەو پەیامەی کە زۆرێک لە بێنەوایان و رەش و رووت و ئەوانەی لەژێر باری خەمدا دەناڵێنن، خەون بە زیندووبوونەوەی پەیامی ئاشتی و برایەتی و راستگۆیی عیساوە دەبینن.
ئەمی شاعیر سەبارەت بە یەکەمەمین تاوانی کوشتن ناڕاستەوخۆ باسی هەوڵێک دەکات بۆ شاردەنەوەی دەرئەنجامی ئەو تاوانەو ئاشکرا نەکردنی کە ئەویش ناشتنی تەرمی هابیلە. ئەم باسی ئەوە دەکات کاتێ کە قابیل تەرمی براکەی کە بەدەستی خۆی کوشتبووی لە کۆڵ دەکات و نازانێت چی لێ بکات، خودا قەلەڕەشێک وەکو رێنوماییەکەر بە قەلەڕەشێکی مردارەوەبووەوە دەنێرێت تا لەبەرچاوی قابیل لە ژێر گڵدا قەلەڕەشە مردارەوەبووەکە بشارێتەوە. ئەم پرسیار دەکات و دەڵێت ئایا بۆچی خودا ئەو رێنوماییکەرە بۆ قابیل دەنێرێت؟ لە کاتێکدا ئەو یەکەمین تاوانبارە بە کوشتن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و ئەو بەرپرسە لە هەموو تاوانی کوشتنەکانی دواتر. ئایا تاوانبارێکی لەم جۆرە بێ وێنە دەبێت لەو بارە ناهەموارەی تێیکەوتووە رزگار بکرێت؟ یان پێویستە بەجۆرێکی هێندە تووند سزا بدرێت کە کەسی تر بوێری ئەوەی نەبێت تاوانێکی تری لەو شێوەیە ئەنجام بدات؟ ئەگەر خودا ئەو قەلەڕەشەی بۆ قابیل نەناردایەو فێری نەکردایە چۆن تەرمەکە بشارێتەوەو خۆیی لێ رزگار بکات، ئەوا مانەوەی تەرمەکە بۆ هەتاهەتایە بە کۆڵی قابیلەوە وەکو نیشانەی تاوانکردن، گەورەترین سزا بوو بۆ ئەو. ئەگەری ئەوە هەبوو ئەگەر سزای لەکۆڵکردنی تەرمەکە بۆ هەتا هەتایە بەسەر قابیلدا بسەپێنرایە، ببوایەتە عیبرەت و دوای ئەو کەسی تر بوێری ئەوەی نەبوایە تاوانی کوشتن ئەنجام بدات. بەڵام وەکو دەبینرێت خودا قابیل لەو ڕوو زرەدیەی دنیا رزگار دەکات و سەرئەنجام لە بری ئەوەی مرۆڤ عیبرەت وەربگرێت و جارێکی تر بوێری ئەوە نەکات تاوانی کوشتن ئەنجام بدات، بەجۆریک ئەو ئاماژەی پێدەدرێت کە کوشتن کارێکی ئاساییە. لێرەدا لە ئاستی هەستپێکراو بەڵام نەبنراودا، جۆرێک لە ناڕەزایی لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا بەرامبەر بە رزگارکردنی قابیل لەو بارە نیگەرانیەی تێیدابوو دەبینرێت. ئەمی شاعیر لایەنگری ئەوەیە کە نەدەبوو ئەو قەلەڕەشە بنێردرایە تا قابیل فێرنەبووایە تەرمەکە بشارێتەوەو بۆ هەمیشە بە کۆڵیەوە بوایە وەکو پەڵەی تاوان و ریسوایی و رووڕەشی، چونکە بە پێی تێڕوانینی هەموو ئایینە ئاسمانی و زەمینیەکان مرۆڤ شایانی کوشتن نییەو گەورەترین تاوانیش تاوانی کوشتنی مرۆڤە کە جێنشینی خودایە لەسەر زەوی.
بێگومان دەشێت ئەو پرسیارەی دەقەکە بەرزی دەکاتەوە ئەمە بێت: ئایا دەشێت کەسێک تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست ئەنجام بدات، کە وەکو گوتمان لە روانینی ئیسلامەوە وەکو ئەوە وایە هەموو مرۆڤایەتی بکوژێت، کەچی رێنوماییکەری بۆ بنێردرێت بۆ ئەوەی لەو بارە ناهەموارەی کە تێیکەوتووەو رەنگە رزگاربوونی ئەستەم بێت، رزگار بکرێت؟ لە پشتی ئەم روانینەوە کە دەقەکە بەرجەستەی دەکات، ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت، کە یاساکانی ئەم گەردوونە سەرباری رێکخستنیان بەجۆرێکی گونجاو و پڕ لە هارمۆنی، بەڵام ناجۆری و نادادپەروەری زۆریان تێدایەو ئەو ناجۆری و نادادپەروەرییەش دەرهەق بە مرۆڤ دەکرێت، کە لەراستیدا دەبوو لەم گەردوونەدا هەموو جوڵەیەک لە بەرژەوەندی مرۆڤ و لە پێناوی سەروەری مرۆڤدا بووایە وەکو ژیرترین و پەرەسەندووترین بوونەوەرو وەکو نوێنەری خودا لەسەر زەوی.
لە دەقەکەدا هاتووە:
ئەی سەردەمی قەلەڕەش و کونەبەبوو../ من ئەمرم و لەناو دەریای دوودڵیی یا../ شەپۆلێکی دڵنیایی بۆچی مێشکم ناپژێنێ../ بەسەر تاشەبەردێکەوە؟ / شەپۆلێکم ئەسوتیم و نابمە هەڵم../ لە دارستانێ تاشەبەرد../ هەڵئەنوتێم و سۆز ئەکەم بە عەزرەت کەنارێکەوە / گشت گیانم لەت و پەت بووە / لەهەر چایخانەو شەقام و بن دارێکا../ پارچەیەک لە دڵم ونبووە / من یوسفم..یەعقوبیشم../ نیوەم لە بنی بیرایەو نیوەم ئەگری / کوانێ ئۆقرە؟.. کوانێ ئارام؟../ کراسی یوسف بۆ یەعقوب../ یەعقوبێکی ژێر هەرەس و ملیۆنێ زام./
شاعیر راستەوخۆ قسە لەگەڵ سەردەم، یان بارودۆخ دەکات و لە رێگای دانەپاڵی چەند خاسێتێکەوە دەیەوێت ناجۆری و خراپی سەردەمەکە نیشان بدات، بەڵام لە پشتەوە وەسفی سەردەمەکە ناکات، بەڵکو راستەوخۆ دەیدوێنێت و پێی دەڵێت تۆ سەردەمێکی خراپ و ناجۆریت. ئەوەش لە بەکارهێنانی هەردوو ناوی قەلەڕەش و کونەپەپوو-وە نیشان دەدات. قەلەڕەش هێمای کاولکاری و وێرانبوون و چۆڵەوانی و رووتکردنەوەیە لە هەموو سیمایەکی ژیان. هەروەها کونەپەپوو هێمای خراپەو بەدبەختی و هەواڵ و راگەیاندنی شەڕو کارەسات و نەهامەتیە. لە رێگای بەکارهێنانی ئەم هێما نادڵگیرانەوە، کە هەڵگری ماناو دەلالاتی کارەسات و لەناوچوونن، شاعیر بە کات، یان بەسەردەم دەڵێت تۆ کات و سەردەمێکی بارگاوی کراویت بە رەگەزەکانی کارەسات و مەرگدۆستی. واتە ئەو دەیەوێت بڵیت کە ئەو سەردەمەی دەقەکەی تیادا بەرهەمهاتووە، سەردەمێکی ناهەموارو تراژیدی بووە.
ئەم باسی ئەوە دەکات لەم سەردەمە ناجۆرەدا دەمرێت، بەڵام سەرباری ئەوەش ئەم لە بارێکی دوودڵیدایە، کە مەبەستی لە باری شلۆق و گومان و نادڵنیاییە. ئەوەش بێگومان وای لێ دەکات ئارام نەگرێت و هەمیشە نیگەران بێت و لەبەردەم ترسدا بێت. ئەم لەباری دوودڵیدا دەمرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بە گومانەوە سەیری مردن و دوای مردن دەکات و شتێک نییە دڵنیای بکات و بیگەیەنێت بە دڵنیایی، یان بە زاراوەی ئایینی بیگەیەنێتە یەقین. چونکە ئاشکرایە گەیشتن بە یەقین مانای حەوانەو ئاسودەیی رۆحی و دەروونی. ئەم ئێستا خوازیاری ئەوەیە بگات بە دڵنیایی. هەربۆیە دەپرسێت بۆچی شەپۆلێکی دڵنیایی مێشکی ناپژێنێت. کە ئەم دەربڕینە دەشێت وەها لێکبدرێتەوە کە ئەم زۆر پەرۆشی دڵنیاییە، یان بە بارێکی تردا، دەخوازێت دڵیایی وەکو هێزێکی وێرانکەر یان وەکو هێزێکی یەکلاییکەرەوە لە مێشکیدا بتەقێتەوە. کە ئەوەش دەیگەیەنێت بە دڵنیایی، یان بە لوتکەی دڵنیایی، کە ئەویش یان دڵنیابوونە لە مردن و چارەنووسی دوای مردنی، یان دڵنیابوونە لە مردن و کۆتاییهاتنی هەموو شتێکە لە دوای مردن، .واتە گەیشتن بە یەقینی ئەوەی کە دوای مردن ژیانێکی ترو دنیایەکی تر هەیەو دەشێت ئەم بە ئومێدی ئەو ژیانەی تر بێت و لەبەرئەوەش گوێ بە مردن نەدات و وەکو دەستپێکی لەناوچوون و سڕینەوەی هەتاهەتایی سەیری نەکات، یان وەها لە مردن نەڕوانێت کە بریتیە لە گەیشتن بە یەقینی ئەوەی کە مردن دوا خاڵە کە ئەم بیگاتێ و دوای ئەو هیچ شتیکی تر نییە. بێگومان ئەم ئێستا لە گومانی نێوان ئەم دوو بۆچوونە، یان ئەم دوو لێکدانەوەدایەو تاکو ئێستا نەگەیشتووە بە هیچ کام لەو دوو یەقینە، کە بێگومان گەیشتن بەهەر کامێکیان بۆ ئەم رزگاربوونە لەو بارە شلۆقی و نیگەرانییەی کە تیایدایە. هەربۆیە دەخوازێت بگات بە ئاستی دڵنیایی بۆ ئەوەی ئارام بگرێت و بحەوێتەوە.
ئەم خۆی وەکو شەپۆلێک دەناسێنێت نەک خۆی بە شەپۆل بچوێنێت. باسی ئەوە دەکات کە دەسوتێت، بەڵام نابێت بە هەڵم. لە راستیدا هەموو ئەو شتانەی، یان هەموو ئەو مادانەی کە دەسوتێن، دەبن بە دوو جۆر پاشماوە، کە یەکێکیان دوکەڵەو پەرش و بڵاودەبێتەوەو سەرئەنجام هیچی نامینێتەوە. دووەمیان خەڵوزو سوتووە کە وەکو پاشماوە بەجێدەمێنن و دەشێت لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا لەناوبچن، یان بگۆڕێن بۆ شتی تر چونکە ئاشکرایە لە رووی زانستیەوە مادە لەناو ناچێت، بەڵکو لە دۆخێکەوە یان لە شێوەیەکەوە دەگۆڕێت بۆ دۆخ یان شێوەیەکی تر. ئەم خۆی وەکو شەپۆلێک نیشان دەدات کە دەسووتێت. لە راستیدا شەپۆل خاسێتی ئاو یان خاسێتی دۆخی شلی مادەکانە، بە تایبەتی ئاوی دەریاو زەریاکان لە شوێنی خۆیاندا شەپۆل دەدەن. کە دۆخی مادەش ئەگەری ئەوەی هەیە بە دوو ئاراستە بگۆڕێت بەپێی بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی پلەی گەرمی. لەبەرزبوونەوەی پلەی گەرمیدا ئاو یان دۆخی شڵی دەگۆڕێت بۆ هەڵم. لە نزمبوونەوەی پلەی گەرمیدا ئاو دەگۆڕێت بۆ دۆخی رەقی، واتە دەبێتە سەهۆڵ. بەڵام ئەم دەسوتێت کەواتە پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوەو بەوپێیەش دەبێ ببێتە هەڵم، بەڵام ئەو باسی دەرچوونی خۆی لە جوڵەی ئەم یاسا سروشتیە دەکات.
ئەم لەم بارودۆخە خراپەی کە تیایدایە باسی ئەوە دەکات وەکو شەپۆلێک دەسووتێت و بە نیگەرانیەوە بەسەر دارستانی تاشەبەرددا هەنگاودەنێت و هەڵدەنوتێت. دارستان لە لایەک هێمای چڕی و سەوزاییە و زەمینەیەکە بۆ شاردنەوەو حەشاردان و تەنانەت زەمینەیەکە بۆ ترس و دڵەڕواکێ و ونبوون. بەڵام ” دارستانێ تاشەبەرد” دەلالەتی وشکی و سەختی و ئاڵۆزی و نەبوونی ژیان و زیندەگانی و هەڵدێران و ملشکان و لەناوچوون هەڵدەگرێت. ئەم لەم بارە ناجۆرەی خۆیدا لە تاشەبەردی ئاڵۆزو سەخت هەڵدەنوتێت، جەستەی پارچە پارچە دەبێت، بەڵام لەوکاتەدا گۆرانی بە باڵای کەنارێکدا دەڵێت، یان خەون بەکەنارێکەوە دەبینێت. هیواخواستن لەو چرکەساتە ترسناکەی هەڵنوتاندا بە کەنارێکەوە دەلالەتی خەونبینن بەرزگاربوون و گەیشتن بە یەقین هەڵدەگرێت کە ئەویش گەیشتنە بە یەقینی بوونی ژیانێکی تر لە دوای مردنەکەی، یان گەیشتن بە یەقینی کۆتاییهاتنی هەموو شتێک لە مردندا. گەیشتن بە کەنار مانای گەیشتنە بە یەکێک لەو دوو یەقینە.
کاتێ ئەم لە تاشەبەرد هەڵدەنوتێ، لەت و پەت دەبێت و هەر پارچەیەکی دەکەوێتە شوێنێک و ناتوانێت بیاندۆزێتەوە. ئەم سەرباری ئەوەی باسی لەت و پەتبوونی گیانی دەکات، بەڵام گیان لە دەقەکەدا بە مانای جەستە و دەشێت بە مانای ژیانیش هاتبێت، چونکە ئەو باسی لەت و پەتبوونی گیانی و ونبوونی پارچەکانی دڵی دەکات، کاتێ باسی ئەوە دەکات لەهەر شوێنێک پارچەیەک لە دڵی ونبووە. دڵ بە مانای ژیان و بە مانای خۆشەویستیش دێت. بۆیە لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم لە ئەنجامی مانەوە لەسەر خاڵی شلۆقی نێوان گومان و دڵنیایی، گیان و جەستەی لەت و پەت و پارچەپارچە دەبن و هەر پارچەیەکی لە شوێنێک ون دەبێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمی قسەکەر لەپێناوی ئەوەی لەت و پەت نەبێت و ون نەبێت، دەیەوێت بگات بە یەقین، واتە دڵنیایی یان یەقین وەکو چارەسەر یان رزگاربوون لە دەستی ونبوون و لەناوچوون سەیر دەکات. لێرەدا ناڕاستەوخۆ لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە گومان و مانەوە لەسەر هێڵی باریکی شلۆقی نێوان گومان و یەقین دەبێتە هۆی لەت و پەت بوون و ونبوون. کەواتە هەوڵی ئەم بۆ رزگاربوونە لە لەناوچوون. لەناوچوونێک کە ئەم واینیشان دەدات کە سەردەمی ناهەموارو نالەبار هێناویەتیە پێشەوەو ئەم خۆی چ وەکو تاکەکەس و چ وەکو نموونەیەک بۆ مرۆڤایەتی ناتوانێت لە هەژموونی مەترسیداری ئەو سەردەمە ناجۆرە دەربازبێت و بگات بە دڵنیایی. واتە نیگەرانی و ترسی ئەم تەنیا نیگەرانی و ترسی تاکەکەسیی خۆی نییە، بەڵکو ترس و نیگەرانیە لەو بارودۆخە ناهەموارەی جوڵەی گەردوون کە مرۆڤایەتی لەسەر هێڵی شلۆقی نێوان گومان و یەقین راگرتووەو ئەوەش بووەتە هۆی لەت و پەتبوون و ونبوونی.
شاعیر دەگەڕێتەوە بۆ ناو مێژوو، هەوڵدەدات لەو رووبەرەدا هاوشیوە بۆ خۆی بدۆزیتەوە. هەربۆیە دەمێک خۆی بە یوسف ناودەبات و دەمێک بە یەعقوب. مەبەست لەم خۆچواندنە بە باوک و کوڕێک کە هەریەکەیان بەجۆرێک قوربانیە بۆ ئەوەیە کە بڵێت ئازارو خەمەکانی دوو قوربانی لەخۆیدا کۆکردووەتەوە. یوسف کە لە لایەن براکانیەوە فڕێدەدرێتە بنی بیرەوەو یەعقوب کە کوڕی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیم خەلیلە قوربانی دیارنەمانی کوڕە هەر خۆشەویستەکەیەتی. پێشتریش ئیسماعیل کە مامی یەعقوبە بە فەرمانی خودا بڕیاربوو بکرێت بە قوربانی، بەڵام لەبەر گوێڕایەڵی خۆی و ئارامی و دانبەخۆداگرتنی باوکی، بەخشرا. یەعقوبی برازای ئیسماعیل و یوسفی کوڕی نموونەی تری دیاری قوربانین لە مێژوودا. بەڵام دیسان یوسف پاداشتی قوربانی بوونی وەردەگرێتەوەو دواجارو دوای فێڵ و ناپاکی براکانی دەبێتە عەزیزی میسر کە گەورەترین دەسەڵاتدارێتی لە دۆڵی نیل دادەمەزرێنێت لە دوای فیرعەونەکان. یوسف کوڕی یازدەهەمینی یەعقوب بوو، کە دوانزە کوڕی هەبوو. بەڵام یەعقوب ئەمی لە هەموویان خۆشتر دەویست. ئەوەش وایکردبوو براکانی ئیرەیی پێبەرن و رقییان لێی بێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بیخەنە بنی بیرەوەو کراسەکەی خوێناوی بکەن و بە باوکیان بڵین یوسف گورگ خواردوویەتی.بێگومان یوسفی قوربانی دواتر دەبێتە یەکیک لە کەسێتیە دیارەکانی مێژوو. ئەمەش بەجۆرێک وەکو ئەوە وایە هێزو دەسەلاتی خوداوەند پاداشتی بداتەوە لەپای ئەو ناپاکیەی براکانیلەگەڵیان کرد.
ئێستا شاعیر نیوەی یوسفە کە لە بنی بیردایەو براکانی رایانگەیاندووە کە گورگ خواردوویەتی. نیوەکەی تری یەعقوبە کە وێڵی دوای دۆزینەوەی کوڕەکەیەتی و دەشزانێت کە کوڕەکەی بە پیلانی کوڕەکانی تر سەرنگون کراوە. بۆیە یەعقوبیش لە ئازارێکی سەختدایە. ئازاری دیارنەمانی خۆشەویستترین کوڕی لە لایەک و هەستکردنی بە ناپاکی کوڕەکانی تری لە لایەکی ترەوە. ئێستا ئەمی شاعیر ئازاری ئەم دوو قوربانیەی پێکەوە لەخۆیدا کۆکردووەتەوە. سەرباری ئەوەش هێشتا بە دوای ئارامی و حەوانەوەدا دەگەڕێت. ئەم پێشتر خۆی وەکو یوسف و لە هەمان کاتدا وەکو یەعقوبیش دەناسێنێت، بەڵام ئێستا زیاتر خۆی دەخاتە شوێنی یەعقوب و ئازاری دیارنەمانی کوڕەکەی رۆحی دەکرۆژێت و بەدوای نیشانەیەکی دڵنیاییدا دەگەڕێت. وەکو ئاشکرایە براکانی یوسف کراسەکەی یوسف خوێناوی دەکەن و دەیکەن بە بەڵگە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە براکەیان گورگ خواردویەتی. ئێستا یەعقوب بە دوای سۆراخی کوڕەکەیدا ئارامی لەبەربڕاوە. ئەو دەیەوێت لە چارەنووسی کوڕەکەی دڵنیابێت، تەنانەت ئەگەر چارەنووسێکی رەشیش بێت. واتە ئەو بەدوای دڵنیاییدا وێڵە، تەنانەت ئەگەر ئەو دڵنیاییە بە نەمانی کوڕەکەیشی بێت باشترە لەوەی لەو گومان و نیگەرانیەدا بمینێتەوە. بۆیە بینینی کراسی خوێناوی یوسف سەرباری ئەوەی کە گەورەترین کارەساتە بۆ ئەو، بەڵام هێشتا جۆرێک لە دڵنیایی پێدەبەخشێت بەڵام دڵنیاییەکی تفت وتاڵ و پڕ لە ئازار. لێرەداو لە پشتی ئەم بۆچوونەوە، دەقەکە لایەنگیری ئەوە دەکات کە گەیشتن بە دڵنیایی هەرچەندە دڵنیاییەکی پڕ لە ئازاریش بێت باشترە لە مانەوە لە باری گومان و نیگەرانی و چاوەڕوانیدا.
ئێستا بە ئاشکرا دیارە کە ئەم دەقە لەسەر بنەمای دووانەی گومان / دڵنیایی بنیادنراوە، کە ئەمەش بارێکی ئاشکراو باڵادەستە لە ژیانی مرۆڤدا. هەرچەندە گومان رێگایەکی دیارە بۆ ئاشکراکردن و بۆ دۆزینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا بارێکی ناجێگیر و شلۆقە، هەموو ناجێگیریەکی دەروونی و رۆحی ئازاربەخشە. ئاشکرایە نەک هەر مرۆڤ بەڵکو کۆی زیندەوەران هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە ئازارچەشتن بەدووربن. هەر لەژێر کاریگەری ئەم هۆکارەدایە کە مرۆڤ وەکو پەرەسەندوترین بوونەوەر بەدوای دڵنیایدا دەگەڕێت، بەو ئومێدەی لەوباری نیگەرانی و گومانە دەربازبێت و ئەوەش ببێتە هۆی رزگارکردنی لە ئازاری رۆحی و دەروونی و ویژدانی. بەڵام گەیشتن بە دڵنیایی یەعقوب لەگەڵ خۆیدا ئازارێکی سەخت دەهێنێت، چونکە کراسی خوێناوی و قسەی کوڕەکانی دڵنیای دەکەن کە کوڕەکەی گورگ خواردوویەتی.
ئەم پێشتر ئازاری گومانکردن لە چارەنووسی کوڕەکەی رۆحی دەخوارد، بەڵام ئیستا ئازاری دڵنیابوون لە نەمانی کورەکەی و لەناوچوونی بەو شێوە تراژیدیە ئازاری دەدات. پێشتر ئازاری گومانی دەچەشت، بەڵام ئیستا ئازاری دڵنیابوون لە چارەنووسی کارەساتباری کوڕەکەی ئازاری پێ دەچێژێت. بەڵام ئەمەی دووەمیان ئومێدبڕە، بۆیە سەرباری سەختی ئازارەکە لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا لە لایەک بەناچاری و لەلایەک بەهۆی خو و سروشتی راهاتنی مرۆڤەوە، لەگەڵ ئەو بارە رادێت. لێرەدا گەیشتن بە دڵنیایی، بەڵام دڵنیاییەکی پڕ ئازار شوێنی ئازاری گومانکردن دەگرێتەوەو دڵنیایی ئارامی پێدەدات، بەڵام ئارامیەکی پڕ لە ئازار.

Previous
Next
Kurdish