شاعیری زه‌مه‌نه‌كان شیعر به وێناكردنی فیگه‌ر … عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا
(نه‌زه‌ند به‌گیخانی وه‌ك نموونه)
زه‌مه‌ن له‌و تایتله‌دا واته شیعر به تێگه‌یشتنی كلتور وێنای فیگه‌ره برینداره‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌كات. واته كه‌شفكردنی واقیع به خه‌یاڵ. زه‌مه‌ن لای نه‌زه‌ند به‌گیخانی واته به بیرهێنانه‌وه‌ی مۆدیلی دوێنێ كه به قووڵی له ناوماندا روواوه و بۆته به‌شێك له دنیابینیمان! هه‌موو ئه‌و رستانه‌م بۆ ئه‌وه نوسی رسته‌كه‌ی (باكۆن)تان بیر بخه‌مه‌وه كه ده‌ڵێ: واقیع كچی زه‌مه‌نه! ئه‌و رسته‌یه‌ی باكۆن زه‌مه‌ن وه‌ك شیعر ده‌بینێ! پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا زه‌مه‌نی شیعر به‌رده‌وامییه یان ساته‌وه‌ختییه؟
ئه‌گه‌ر وه‌ك نه‌زه‌ند به‌گیخانی پێمانوابێ ئه‌ده‌ب به‌رده‌وامی زه‌مه‌ن ده‌گه‌یه‌نێت، نه‌ك وه‌ك ئۆگستین قسه له زه‌مه‌ن بكات… ئه‌گه‌ر وه‌ك نه‌زه‌ند به‌گیخانی خه‌یاڵی شیعری ئاوێزانی به‌رده‌وامیییه‌تی زه‌مه‌ن بكه‌ین و زه‌مه‌نی فیكری ئیبداعی له به‌رده‌وامیدا به‌رجه‌سته بكه‌ین… ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌ب ره‌نگدانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و كلتور و كۆدی دیاریكراوی زه‌مه‌نێكی دیاریكراو نه‌بێت، ئه‌گه‌ر زه‌مه‌نی ئه‌ده‌ب زه‌مه‌نی به‌رده‌وامی بێت… له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا ناتوانین به‌و شێوه‌یه ته‌ماشای پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه بكه‌ین، چونكه پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه له رێگای جه‌ره‌یانی زه‌مه‌ن به‌رده‌وام رابردوو و داهاتوو له ساته‌وه‌ختی ئێستادا به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێ. به‌و مانایه پرسیاری ئه‌وه‌ی زه‌مه‌ن له ئه‌ده‌بدا چییه، ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز له كێشه‌ی ئیبداع و فیكری ئیبداعی نابێته‌وه، به‌ڵام مه‌رج نییه به‌رده‌وامی بێت، كه‌واته پرسی زه‌مه‌ن چییه پرسیارێكی پڕ كێشه‌یه و لای شاعیر به به‌رده‌وامی ئابڵوقه ده‌درێت!
(1)
(هنری برگسۆن لویس) زه‌مه‌ن (پێشبینیكردن، حَدْس)ی ده‌یموومه‌یه، برگسۆن ره‌هایی له به‌رده‌وامییدا ده‌بینێته‌وه، پێیوایه به‌رده‌وامی، زه‌مه‌نی حه‌قیقییه.. برگسۆن ده‌یه‌وێ بوون له‌سه‌ر ده‌یموومه وێنا بكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ده‌یموومه-به‌رده‌وامی) دێ و ده‌ڕوا، بۆیه قبولی دابه‌شبوون و به‌ش به‌شبوون ناكات.. به‌رده‌وامی پێشكه‌وتنی رابردووه كه داهاتوو به‌رهه‌م دێنێ، هه‌رچه‌نده پێشبكه‌وێت گه‌وره ده‌بێت. كه‌واته لای برگسۆن جه‌وهه‌ری ئێستا، رابردووه. ئه‌و شێوه بیركردنه‌وه‌یه لای نه‌زه‌ند به‌گیخانی له كۆمه‌ڵه شیعری (سبه‌ینێی دوێنێ) به روونی دیاره.
(2)
(گاستۆن باشلا‌ر) دیموومه‌ی زه‌مه‌ن به‌و مانایه‌ی كه لای برگسۆن هه‌یه، ره‌تده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت زه‌مه‌ن به‌یه‌كه‌وه‌لكاو نییه، به‌ڵكو به‌یه‌كه‌وه‌نه‌لكاوه (متصل نییه، منفصله).. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ به‌هۆی فیكری به‌یه‌كه‌وه‌نوساوه‌وه (متصل) ناتوانین به‌شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری به‌ره‌و یه‌كێكی دیكه بگوازینه‌وه.. ئه‌گه‌رچی ده‌یموومه پێدراوی راسته‌وخۆی ئاگاییه، به‌ڵام ئه‌و دیموومه‌یه ده‌سته‌مۆیه، كه‌واته ئاگایی له شاره‌زایی ده‌ره‌كی وه‌رگیراوه، چ به‌هۆی (دابڕان یان به‌رده‌وامی) بێت. به‌و مانایه‌ش لای باشلا‌ر ئاگاییمان به زه‌مه‌ن، ئاگاییه به ساته‌وه‌خت: زه‌مه‌ن واقیعی نییه ته‌نها له چركه‌ساتدا نه‌بێت. كه‌واته باشلا‌ر له‌گه‌ڵ تێزی فه‌لسه‌فی (ساته‌وه‌خت/چركه‌سات- اللحڤه-Instant) و كتێبی (Siloce)ی (گاستۆن رۆبناڵ- Gaston Roupnel) یه‌كده‌گرێته‌وه و له ته‌واوی كتێبی (حدس اللحڤه) پشتگیری له تێزه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كات.
(3)
زه‌مه‌ن گوزارشت له به‌رده‌وامی بكات، یان ساته‌وه‌ختی… نه‌زه‌ند به‌گیخانی دیدی خۆی له جوانی و چێژ و هونه‌ر و به‌های جوانیدا ده‌بینێته‌وه! زه‌مه‌ن به‌رده‌وامی بێت، یان ساته‌وه‌ختی… نه‌زه‌ند به‌گیخانی هه‌موو ئه‌ركی شاعیرانه‌ی خۆی له ئاشتی و به‌ها مرۆییه‌كاندا كۆ ده‌كاته‌وه! زه‌مه‌ن به‌رده‌وامی بێت، یان گوزارشت له ساته‌وه‌ختی بكات… نه‌زه‌ند به‌گیخانی به‌رده‌وام له گفتوگۆی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی و دادپه‌روه‌ری نابێته‌وه و وه‌ك فیمنستێك جه‌خت له مافی ژنان ده‌كاته‌وه… ئه‌گه‌رچی هیچ كتێبێكی له‌و باره‌وه بڵاو نه‌كردۆته‌وه، به‌ڵام كۆی ئه‌و ره‌گه‌زانه له گفتوگۆكان و شیعره‌كانیدا ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه.
هه‌موو ئه‌و قسانه‌م بۆ ئه‌وه كرد، ئاماژه به كرانه‌وه‌یه‌كی فیكری و جوانی له شیعره‌كانی نه‌زه‌ند به‌گیخانی بكه‌م، به‌و مانایه‌ش ده‌توانم بڵێم ده‌ستبردنی شاعیر بۆ پرۆسه‌ی نوسینی شیعر ساته‌وه‌ختێكی ئیستێتكی و ده‌ستبردنی شاعیر بۆ پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه، كرانه‌وه‌یه‌كی دیاریكراوی فیكری له پشته، هه‌ردوو ساته‌وه‌ختی شیعری و ساته‌وه‌ختی بیركردنه‌وه له ئه‌زموونی نه‌زه‌ند به‌گیخانیدا وه‌ك بنه‌مایه‌كی ئه‌زموونی مرۆیی به‌رجه‌سته‌یه.
(4)
ئه‌وه‌ی له ساته‌وه‌ختی پرۆسه‌ی نوسینی شیعر جێگای تێڕامانی به‌رده‌وامه بیركردنه‌وه‌یه، ئه‌وه بیركردنه‌وه‌یه هێلێكی تۆخ به ژێر شیعرییه‌تدا ده‌هێنێ، ئه‌وه بیركردنه‌وه‌یه فه‌زایه‌كی هێمن بۆ به‌دواداچوون ده‌خه‌مڵێنێ، ئه‌وه بیركردنه‌وه‌یه مه‌یل و خه‌یاڵی خوێندنه‌وه ده‌كاته‌وه…
نه‌زه‌ند به‌گیخانی هه‌ر له كۆمه‌ڵه شیعری (ستایش)ه‌وه وێڕای كۆمه‌ڵێ بابه‌تی واقیعی بایه‌خی به شیعرییه‌ت داوه، وێڕای ئه‌وه‌ی بۆ ده‌نگی سروشتی وه‌فادار بووه، كه‌چی وێناكردنی خه‌یاڵی و سیحری بینین و بونیادنانی زمانێكی فره ره‌هه‌ندی پشتگوێ نه‌خستووه، هه‌موو ئه‌وانه‌شی له رێگای مه‌عریفه‌ی شیعرییه‌وه هێدی هێدی تۆختر كردۆته‌وه. گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كۆمه‌ڵێ بابه‌تی واقیعی له رێگای خه‌یاڵه‌وه خه‌مڵیووه، بۆ ئه‌وه‌ی گوزارشت له ئازاره‌كان و خه‌مه مرۆییه‌كان بكات، له رێگای زمانێكی مرۆیی نه‌رم و هێمنه‌وه فره مانایی و مرۆڤدۆستی وێناكردووه، له ریگای خه‌یاڵی زمانه‌وه فه‌زایه‌كی سروشتی و فیكری بۆ شیعرییه‌ت ده‌خاته‌وه! به كورتی شاعیر بابه‌تگه‌رایی و شیعر به‌یه‌كه‌وه له رێگای چییه‌تی زمان و ئیشكالیه‌تی مه‌عریفی به‌رجه‌سته ده‌كات، به‌مجۆره ویستی بابه‌تگه‌رایی به مه‌عریفه‌ی شیعری ده‌سپێرێ، ویستی مه‌عریفه‌ی شیعری بۆ بابه‌تگه‌رایی دێنێته به‌رهه‌م. له نێوان ویستی بابه‌تگه‌رایی و ویستی مه‌عریفی قه‌سیده‌ی (پاسیۆن) به جوانی خۆی نمایان ده‌كات، له‌و قه‌سیده‌دا ده‌یه‌وێ بڵێ ئه‌وه تێكه‌ڵبوونه به مه‌عریفه، (فه‌زیله‌ت) ده‌خاته‌وه، ئه‌وه تێكه‌ڵبوونه به شیعر، (رۆشنایی) به‌رهه‌م ده‌هێنێ، له نێوان فه‌زیله‌ت و رۆشناییدا شیعرییه‌ت فه‌زایه‌كه و خوێنه‌ر ده‌خاته سه‌ر بیركردنه‌وه و تێڕامانی جیاواز… رۆشنایی شیعری ده‌بێته شوێنی به‌رده‌وامی بیركردنه‌وه و له فه‌زیله‌تدا سه‌ر ده‌كات، فه‌زیله‌تی بیركردنه‌وه ده‌بێته شوێنی ساته‌وه‌ختی شیعری و به رۆشناییدا بڵاو ده‌بێته‌وه… واته له‌و ده‌قه‌دا بیركردنه‌وه به پاڵپشتی دوێنێ خۆی نمایان ده‌كات، به‌ڵام رۆشنایی له خه‌یاڵی زمان سه‌ر ده‌كات، به‌و مانایه‌ش بیركردنه‌وه زه‌مه‌نی به‌رده‌وامی ده‌گه‌یه‌نێت و شیعرییه‌ت زه‌مه‌نی ساته‌وه‌ختی:
دوێنێ شه‌و
شیعر
مینا كوڕێكی زراڤ
له كه‌ناری لم
به رووتی راكشابوو
منیش سپی‌تر له مه‌وجی رۆشنایی
له‌سه‌ر روویا خۆم هه‌ڵخست
دواتر مه‌لائیكه‌تێ به‌لامدا تێپه‌ڕی و فه‌رمووی
سه‌ڵاواتت لێ بێ
ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه پڕیت له فه‌زیله‌ت.
(ستایش، ل19)
عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا