Skip to Content

فەیسبووکەچیرۆك/ بەشی حەڤدەم.. فەتاح حەسەن

فەیسبووکەچیرۆك/ بەشی حەڤدەم.. فەتاح حەسەن

Closed
by شوبات 1, 2023 General, Literature


مەممكگرتن
بەمڕۆژی جەژنە ، ئەمە دوەمجارێتی دەستبخاتە بنی مەمکی و لە سوخمە تەنگەکەی مەمکێکی دەربهێنێت، لەمەراقا خەریکە دڵی بتەقێت، نازانم بۆ نایگرێت.. بۆ؟ بەناچاری دەیخاتەوە شوینی خۆی، وەنەبێت شۆڕبوبێتەوە یا شلوشێواو بێت، هێندە توندوتۆڵ و قوت بوون دەستەخوشکەکانی ئیرەییان پێدەبرد. چیدەسەڵاتە، وەکو خۆی دەیگوت من هەر بێبەختو شانسم ئەگەر بەختم ببوایە دەیگرت و دڵم ئاوی دەخواردەوە ئێستاماڵەکەچۆڵە.. هەرخۆیو ئەو ماونەتەوە دیسان بۆی دەرهێنا،هەردووچاوی نوقاندو کەوتە دەمەلەرزەکردن ئەوەندەی نەخایاند ئاهبەدڵیداهات،بە دەمەقوتیلەییەکەی گرتی،ناوچەوانی ماچکرد،ئۆخەی ئۆخەی جەرگەکەم مەمکیگرت.

خۆبەخش
هێندە گورجوگۆڵ کاری دەکرد گەر لە دەمی خۆیت نەبیستایە بڕوات نەدەکرد کە، نەنکە، لە دوکانێکی ( خاچی سور )* ئیشی دەکرد، سەرپەرشتیاری دوکانەکە چاوی پیادا هەڵنەدەهات،( ئیرەیی لەناو ژناندا دەردێکی کوشندەیە) ، بەئاواتەوە بوو هەڵەیەك بکات و لەقافدا بیگرێت تا ڕووشکێنی بکات، ئەو ڕۆژە ( کاشێر ) بوو، بەدەم خەندەو پێکەنینەوە کڕیارەکانی بەڕێدەکرد، کڕیارێك پارەکەی لەسەر مێزەکەی بەردەمی دانا و بەداوای لێبووردنەو پێنج کرۆنیشی کەمە، بەخەندەیەکەوە پارەکەی هەڵگرت و هیوای ڕۆژێکی خۆشی بۆ خواست، سەرپەرشتیارەکە بە خنەخن بەلایاندا دەهات و دەچوو، هەرهێندەی کڕیارەکە ئاودیوی دوکانەکە بوو، بەڕویەکی تاڵەوە بەرمێزەکەی لێگرت و پێیوت تۆ کەڵکی کاشێریت پێوە نییە باشتر وایە خەریکی ڕێکخستنی کەلوپەلی ناو دوکانەکە بیت، ئەویش خۆی پێنەگیرا بەدەنگێکی بەرز هاتە دەنگ کاروابڕوات کەس بەخۆتانەوە ناهێڵن لەم دوکانە دوای خانە نشین بوونم ئەوە بۆ چوار ساڵ دەچێت خۆبەخش لێرەو لەوێ کار دەکەم، دیارە تۆ حەز بەچارەی من ناکەیت ماوەیەکە هەستم پێکردوە، لەسبەینێوە ئێرە بەجێدێڵم، هەر شوێن زۆرە کاری خۆبەخشی تیادا بکەم.

گۆڕینەوە
دوای بەفربارین ئەگەر بیکاتە سایەقە و کزەبایەکی لەگەڵدا بێت، هێندە سارد دەبێت مرۆڤ ناچارنەبێت سەرناکشێنێتە دەرەوە، بروسکەیەك بە مێشکمدا هات بۆ وەك ساڵی پار ئەو جلکانەی لەخۆم زیادن نەشۆم و ئوتوو نەکەم و نەیبەم بۆ دوکانی ( خاچی سور ) ، لەکاتی ئووتوکردنی دوو قەمسەڵەو سێ بلوسدا بەخۆمم وت خۆ ئەمانیش ( دانیمارکی ) هەژاری خۆیان هەیە ، ئەی ئەوە نییە کوشکی بچوك بچوك لە هەندێك گۆڕەپان و کتێبخانەکاندا کراوەتەوە و لەسەری نوسراوە بازاڕی گۆڕینەوە ( شتێك دانێ و شتێك بەرە )، ئاسایشە ئەگەر هیچیش دانەنێیت و پێویستییەك بۆ خۆت بەریت، جلکەکانم گەیاندە نزیکترین کوشك لە کتێبخانەیەك، قاوەخانەیەك بەرامبەری بوو بەدیار قاوەیەکەوە دوو جگەرەم کێشا لە هاتنە دەرەوەمدا پاسکیل سوارێك بەلای مندا پێچی کردەوەو لەبەردم کوشکەکەدا پاسکیلەکەی ڕاگرت، قەمسەڵەکەی داکەند و یەکێک لەوانەی منی لەبەرکرد، خۆشییەك بەدڵمدا هات چیژی ئەو خۆشییەم مەگەر بەمنداڵی چەشتبێت کە جوتێك پێڵاویان بۆ دەکڕیم بۆ جەژن شەوەکەی دەمخستە ژێر پشتییەکەم .

*خاچی سور / ڕێکخراوێکی ناحکومیی مرۆڤدۆستانەیە لە ٢٦ی مارتی ١٨٧٦ لە دانیمارك بنیاتراوە، ئەو پارەیەی پێیان دەگات یان لە ئەنجامی چالاکییەکانیانەوە دەستیان دەکەوێت تەرخانی دەکەن بۆ هاوکاری پەنابەر و کارەساتی سروستی و لێقەوماوانی جەنگ و ولاتە هەژارەکان،٢٢٠ ناوەندیان هەیە، نزیکەی ٢٥٠٠٠ خۆبەخش کاری تیادا دەکەن.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی
مارتی ٢٠٢٢

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish