
ستانسلاڤسکی لەتازەترین پرۆژەی شانۆی ڕۆژدا.. نیهاد جامی
لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی سارد لە ١٩٦٤ شانۆی ڕۆژ لەلایان ئاریانا منۆشکین دامەزرا، هەر لەو ساڵەدا شانۆگەری بۆرژوازی بچوکیان نمایش کرد، ئەو سەرەتایە دەرگای بۆ شانۆیەکی نوێ لێ کردنەوە کە لەڕێگەی ڕاگوزەرو چۆنیەتی کارکردنەوە لەدژی دامەزراوە سونەتیەکان دەست بەکاری شانۆیی بکەن، تا دەگات بە دوا نمایشیان کە ساڵی رابردوو نمایشکرا، چیرۆکی دامەزراندن و قسەکردن لەتەواوی نمایشەکانیان بابەتێکی سەربەخۆ دەبێت و لێرەدا ناکرێت قسەی لەبارەوە بکەین و بەناچاری هەڵیدەگرین بۆ دەرفەتی تر، ئەوەی مەبەستمانە لەم نووسینەدا لەسەر دواهەمین نمایشی ئەم شانۆیە قسە بکەین.
لەنامەیەکی شانۆی رۆژ ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کەوا ساڵی ٢٠١٨ میوانداری دەرهێنەر ڕۆبێری لیپاچ کراوە، ئەمجارەشیان بانگهێشتی شانۆکارێکی تر کرا بۆ ئەوەی لەگەڵ شانۆی ڕۆژ کار بکات، بانگهێشتکردنی نوسەرو دەرهێنەرێکی ئەمریکی بۆ باسکردن لەشانۆی ستانسلاڤسکی بۆ خۆی پرسێکی گرنگی شانۆیە، کارێکە جێی هەڵوەستە و پرسیارکردنە، بەتایبەت ئەو کارە تەواو ئەو دیدە باوەی ڕانردووی شانۆکە تێکدەشکێنێت لەڕووی راگوزەرێک لەناو تێکستدا کەوا لەسەرەتای کارکردنی شانۆی ڕۆژ دەردەکەوێت، هەلبەت ئەم شانۆیە بەپێی ساڵەکان کاری لەگەڵ دەرهێنەری جیاواز کردووەو دیدی بۆ شانۆ گەشەی کردووە، بۆیە نوسەر و دەرهێنەری ئەمریکی ڕیشارد نیلسۆن (١) میوانداری کرا تا تازەترین کاری لەگەڵ ئەکتەرانی شانۆی ڕۆژ نمایش بکات، کارەکەش شانۆنامەیەک بوو لەژێرناونیشانی «ژیانی ئێمە لەهونەردا» (٢) لەچەندین ئاستی جیاواز جێی گرنگی و بایەخە، دەقەکە ئاریانا منوشکین وەریگێراوە بۆ سەر زمانی فەرەنسی و لەکتێبێکدا چاپکراوە (٣)
شانۆنامەکە باس لەگەشتە هونەریەکەی شانۆی هونەری مۆسکۆ دەکات، کاتێک ساڵی ١٩٢٣ لەسالیادی بیست و پێنجەمینی تیپەکە سەفەر دەکەن بەرەو ئەمریکا، بۆیە کارەکتەرو ناوەکانی وەک خۆی لەشانۆنامەکەدا بەکار هێناوەتەوە، تەنانەت ستانسلاڤسکی وەک دەرهێنەر ئەویش لەناو ڕووداوەکاندایە، لەپاڵ ئۆلگای خۆشەویست وهاوسەری چێخۆڤ و کارەکتەرەکانیتر.
شانۆنامەکە بریتیە لە شەش دیمەن، دیمەنی سێیەم دوو بەشە، بەهۆی ئەوەی لەسەر دوو بیرۆکە کار دەکات، دوو نامە هەیە بۆ سەرەتا و کۆتایی، کە زیاتر پەیامی ڕاستەوخۆیە بۆ بینەر بۆ تێگەیشتن لەبیرۆکەی نمایش و ئەنجامی کارەکە.
رووداوەکان هەر هەموویان لەیەک شوێن ڕوو دەدەن، کە هۆڵی ناخواردنە، لەدیمەنی یەکەمدا هاتنی تیپەکەیە بۆ ئەمریکا، ئێمە لەوێدا وێنەیەکی ڕوونمان بۆ شانۆنامەکە لا دروست دەبێت، باس لەگرفتە ئیداری و کولتوریەکانیان دەکەن لە ئەمریکا، هەندێک لە ئەکتەرەکان کێشەیان لەگەل خاوەنی مەیخانەی شانۆکە هەیە، دیمەنەکە خاڵی نیە لەکۆمیدیایەک کە لەشانۆنامەکانی چێخۆڤ دەیبینین، ئەوەش گەڕانەوەی نووسەرە بۆ ئەو دنیایە، کە چۆن کارەکتەرەکانی چێخۆڤ کاریگەریەکی گرنگیان لەناو ژیاندا هەیە، ووشەکان چۆن بەناخیاندا ڕۆیشتووە. شوناسی ڕووسی بوون بۆ ئەوان هەمیشە لەدیالۆگەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، ئەوەش جیاوازی کولتوری ئەو دوو کۆمەلگا جیاوازە نیشان دەدات، بەگشتی شانۆنامەکە دەیەوێت گەشتی شانۆی هونەری مۆسکۆ بگێڕێتەوە، لێرەدا توێژینەوەیەکی ورد لەبارەی ئەو گەشتە دەخوێنینەوەو دەبینین، ئەوەی جیاوازی درووست دەکات ئەوە شێوازو زمانی کارەکەیە، ئێمە لەدەرەوەی توێژینەوەی نووسراو و سەپاندنی دۆکیۆمێنت لەناو ڕووداوەکانداین، وەک ئەوەی لەناو خودی ژیاندا بین و ڕووداوەکان وەک شانۆنامە لەگەڵماندا ڕێدەکەن، لەراستیدا بابەت گەشتێکی هونەری ئەم شانۆییە.
گفتوگۆکان چەندە قسە لەنان دروست کردن دەکەن، چاوەروانی کردن بۆ نان خواردن، لەهەمان کاتدا گفتوگۆکان لەبارەی کارە شانۆییەکان و شانۆنامەکانی چێخۆڤ و باس لەئەکتەرێکە کە لەتەمەنی هەشت سالی هاملێتی بینیووە، بەگشتی ژیانی ئەوان بەناو شانۆدا دەسورێتەوە.
قسەکردن لەکێشە ئیداری و هونەریەکانی ئەم تیپە و تەنانەت سوور بوونی کەسێک لەئەمریکا بۆ بینینی ستانسلاڤسکی، دەبێتە بابەتی گفتوگۆی تیپەکە، ئەکتەرەکان بەرچاو ڕونیەکی تەواو دەخەنە ڕوو، بەوەی ئەمریکیەکان وا سەیری دەکەن کە ئەو دەرهێنەرێکی ڕووسیە و دەوڵەمەندە، ئێمە لەکۆتاییەکانی دیمەنی چوارەم کاتێک لەناو ئەو گفتوگۆیەداین، هەمیشە بەنهێنی نوێ ئاشنا دەبینین، لەگەشتی ئەو تیپە بۆ شیکاگۆی ئەمریکی.
ریشارد نیلسۆن کە کارەکتەرەکانی لەئەندامانی تیپەکە وەرگرتووەو لەسەر زاری خۆیان باس لەوردەکاری ئەو سەفەرە دەکەن، دەیەوێت شانۆنامەکە بکات بە ئارگۆمێنتی ئەو گەشتە هونەریە، بەدوای سەد ساڵ تێپەڕین بەسەر گەشتی ئەو تیپە، شانۆنامەیەک دەنووسێت لەبارەی سەفەری گرنگترین تیپی شانۆیی و دەرهێنەرێکی وەک ستانسلاڤسکی، کە لەم سەفەرەدا کێشە کولتوری و سیاسی و کەسێتیەکانیان چی بووە.
بەهەمان شێوەی ستانسلاڤسکی، چێخۆڤ کاریگەریەکی دیاری لەناو شانۆنامەکەدا هەیە، بەڵام ئەو نابینین، بەڵکو قسەکردنەکان لەبارەی شانۆنامەکان و بەتایبەت شانۆنامەی سێ خوشکەکە، ئەوە سەرباری ئەوەی ئۆلگا بەوردی باس لەژیان و نوسینەکانی دەکات.
سەرباری ئەوەی هەندێک نهێنی چێخۆڤ لەڕووی پەیوەندی نێوان ژیانی خێزانی وساتەکانی نووسین دەخرێتە ڕوو، بەتایبەت لەباسکردنی خوشکەکەی چێخۆڤ کە بەلشەفیک بووە.
وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد شانۆنامەکە بە نامەیەک دەست پێدەکات و بە نامەیەکیش کۆتایی دێت، نامەکەی کۆتایی کە ریشارد دەیخوێنێتەوە یانزە ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی تێپەڕیووە، نامەیەکە بە ئیمزای ستانسلاڤسکی ستایشی شۆرشی کۆمۆنیستی ڕووسی و حکومەتەکەی دەکات، بەوەی ئەو نیشتمانپەروەرەو ولات و حکومەتەکەی خۆی خۆش دەوێت، لەگەڵ کۆتایی نامەکە ستانسلاڤسکی لێی نزیک دەبێتەوە، بەڵام ریشارد دەلێت «ئەو ئەمەی نەنووسیوە، بەڵام ناچار بوو ئیمزا لەسەر ئەو نامەیە بکات» نامەکە دەپێچێتەوەو دەیخاتەوە گیرفانی خۆیەوە، دەچێتەوە لای ئەکتەرەکان، مۆسیقا و گۆرانی شانۆگەریەکە دەست پێدەکاتەوە، شانۆنامەکەش کۆتایی دێت.
ئەو کۆتاییە وەک پاکانەیەک بۆ سەفەرەکەی ئەمریکاو گەشتی شانۆکەی دەرکەوتووە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەهەموو گومان و پرسیارێک بێنێت کە شانۆگەری سێ خوشک لە شیکاگۆی ئەمریکی درووستی کرد، ئەو کاریگەریە گرنگەی شانۆگەریەکە حکومەتی شورەویی ستانسلاڤسکی ناچار بەوە دەکات، نامەیەکی ئامادەکراو لەلایان حکومەتەوە ئیمزا بکات کە ئەو نووسیویەتی، ڕەنگە ئەو پرسە گرنگی تایبەتی خۆی هەبێت لەقسەکردن و گفتوگۆکانی ناو شانۆنامەکە و پارتی بەلشەفیک کە لەم شانۆنامەیەدا ئەکتەرەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن و ئاماژەکان دەبەستنەوە بە خوشکەکەی چێخۆڤ، (٤) بەڵام چونکە لەنمایشەکەی شیکاگۆ، ستانسلاڤسکی توانیەتی ئەوە لەکردەی دەرهێنان ڕوون بکاتەوە بەپێی ئەو ژینگە ئەمریکییە دوور لەدەسەلاتی ڕووسی ئەو کات، بۆیە تۆمەتەکە دەخرێتە سەر ئەو، چێخۆڤ وەک بێگوناه دەردەکەوێت، بەڵام لەلای ریشارد نیلسۆن هۆکارەکە بۆ دۆخی خێزانی چێخۆڤ خۆی دەگەڕێندرێتەوە.
لێرەوە گرنگی ئەم شانۆنامەیە لەچەندین ئاستی جیاواز دەردەکەوێت، کە دیارە ئەوە یەکەم کاری نووسەرە بە فەڕەنسی نمایش بکرێت، کارەکە لەبنەرەتدا بە ئینگلیزیی نووسراوە، کاتێک لەگەڵ منۆشکین باسی کارەکە دەکات، ڕەزامەندی لەسەر ئەوە نیشان دەدات کە میوانداری بکەن تا بێت لەشانۆی ڕۆژ لەگەڵ ئەوان کاری تیا بکات، (٥) هەڵبەت کارەکە هاوکاتی سەد ساڵەی گەشتی شانۆی هونەری مۆسکۆیە بۆ ئەمریکا.
گەڕانەوەی شانۆی ڕۆژ بۆ ستانسلاڤسکی، نیشاندانی پاشگەزبوونەوەی شانۆی ڕۆژ نیە بۆ ئەزموونەکانی، هێندەی گەڕانەوەیە بۆ گرنگی ستانسلاڤسکی لەهونەری شانۆدا، بەتایبەت کە لەم شانۆنامەیەدا دیدی ئەو دەرهێنەرە لەگەڵ ئەکتەرەکانی بۆ تیۆری دەرهێنان و شیکردنەوەی تێکست باس دەکرێت، لەم ڕێگایەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ نیشان دەدات کە گەڕانەوەکەی ئەو گەڕانەوەیە بۆ ناو بنەما زانستیەکانی شانۆ و لەهەمان کاتدا سەرباری هەموو شتێک، ناکرێ شانۆ ڕۆلی گرنگی ستانسلاڤسکی فەرامۆش بکات.
هاودەنگی نێوان نیلسۆن و شانۆی ڕۆژ کۆبونەوەیە لەسەر خوانی شانۆنامەکە، گرنگی ستانسلاڤسکی لەو کۆبونەوەیەدا زیاتر لە دیمەنی سێیەمدا دەیبینین، کاتێک باسی ژنێک دەکەن و هەمویان لەدیالۆگەکەدا بەشدارن، شێوازێکە بۆ شیکردنەوەی کارەکتەر، لەم دیمەنەوە تێدەگەیت ستانسلاڤسکی لەڕێی شانۆیەکەیەوە دەیەوێت توێژینەوە لەبارەی ژیانەوە بکات، لێرەدا گەر خالێک شانۆی رۆژ بەدرێژایی ئەزموونی کارکردنی لەڕێی فۆرمی جیاوازەوە ئەو کارە بەئەنجام بگەیەنێت، سەرەنجام بۆ شیکردنەوەی کارەکتەر دەگەرێتەوە بۆ ستانسلاڤسکی لەڕێی ئەم شانۆنامەیەوە.
لێرەدا دوو خاڵی گرنگ لەپشت نووسینی ئەم شانۆنامەیە بۆ نووسەر وەستاوە، یەکەمیان کاردانەوەیەکی ئەخلاقیە بەرامبەر بەو تیپە شانۆییە کە سەد ساڵ پێشتر چوونەتە وڵاتەکەی، بەپێی دۆکیۆمێنتەکان کە لەوتارێکدا بەدوای شانۆنامەکە نووسیویەتی و لەکتێبەکە لەگەڵ وتارێکی منۆشکین و گفتوگۆیەکی هەردووکیان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چۆن بینەران بە ورووژم بەرەو هۆڵی شانۆگەریەکە هاتونەتە تا کارەکەی شانۆکارانی ڕووسی ببینن.
خاڵی دووەمیش وابەستەی ئەو ململانێ سیاسیەی ئەو دوو بلۆکی سۆسیالیستی و سەرمایەداریەی ئەو رۆژگارە بووە، کە دواتر ئیمزا لەسەر نامەیەک بە ستانسلاڤسکی دەکەن، لەکاتێکدا نمایشەکەی وەک دەسەلاتێکی هونەری سەربەخۆ دیدی ئەوی بەرجەستە کردووە، بەڵام وەک نیلسۆن لەو گفتوگۆیەکەی وێب سایتی «کتێب و فیکرەکان» بەناوی «سەدەی ستانسلاڤسکی» بە زمانی ئینگلیزیی بڵاو بۆتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە شانۆ و سیاسەت لەیەکتر دانەبڕاون، دیارە ئەو ڕوانینەی نیلسۆن بۆ ستانسلاڤسکیش هەر ڕاستە، بەڵام پرسەکە ئەوەیە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەدوای کۆتایی هاتنی، ناتوانێت ستەمی سەپێنراوی تا کۆتایی حاقیقەت بشارێتەوە، حەقیقەت لەکاری هونەریە، ئەو دێت بەدوای مەرگی بلۆکی سۆسیالیستی لەم شانۆنامەیەدا بوونی خۆی دوای سەدەیەک نیشان دەداتەوە.
نیهاد جامی-فەڕەنسا
——————————–
پەراوێز و سەرچاوەکان:
(١) ریتشارد نیلسۆن شانۆنوس و دەرهێنەرێکی ئەمریکیە لە دایکبوی ١٩٥٠، وەک نووسەری شانۆیی بیست و چوار خەلاتی وەرگرتووە، پەنجا و دوو شانۆنامەی نووسیوە، هەندێکیان لەتێکستی ترەوە وەرگیراون، بەتایبەت دوو کاری لە دوو شانۆنامەی چێخۆڤ وەرگرتووە، پێنج شانۆنامەی بۆ ڕادیۆ نووسیوە، سیناریۆی بۆ پێنج فیلمیش نووسیوە، دواهەمین بەرهەمی سالی ٢٠٢٤ نووسیوە لەژێر ناوی «رۆژانەی جەنگ و شانۆ»
(٢)Notre vie dans l’art /Richard Nelson, l’avant-scène théâtre 2023
(٣) یەکەم نمایشی شانۆنامەکە لە رۆژی ٦ ی دیسێمبەری ٢٠٢٣، چوارچێوەی فێستڤالی پایزدا نمایش کرا.
(٤) بەبڕوای ئێمە ئەو پرسە تا ئێستا لەنووسینی کوردیی لەبارەی سێ خوشکەکەی چێخۆڤ باسی نەکراوە، بۆیە هەر وتارێک لەبارەی ئەم شانۆنامەیە نووسرابێت تەنیا هەولدراوە، باس لەوە بکرێت کە نووسراوە، بەواتای توانای ئەوە نەبووە کە نهێنی نووسین ئاشکرا بکات.
(٥) Stanislavski’s century, an interview with Richard Nelson, www.booksandideas.net