Skip to Content

کورتە چیرۆک/ مێشکەگەشت.. گۆران سەباح

کورتە چیرۆک/ مێشکەگەشت.. گۆران سەباح

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 13, 2021 General, Literature

کەڕ و لاڵ و کوێر و سەقەتم.
هەموو بەیانیان (دەستی) ستارکی لە گوێکانم دەبەستێت. دەستی ڕۆبۆتێکە بەزەییەکەی لە هیی مرۆڤ زێترە. دەزانێت ئامێری بیستنەکە (ستارکی) لە گوێکانم بچەقێنێت بێ ئەوەی بمهێشێ. پێش ئەوەی بیبەستێت، گۆرانی (گەنجی پیر)ی زەکەریام بۆ پێ دەکا. هەرچەندە گۆرانییەکە دوو سەت ساڵ کۆنە، بەس دەزانێت یادگاریم لەگەڵیدا هەیە.
من هیی سەردەمی پێش چاخی بەردینم. تەمەنم نێزیکەی شەش ملیۆن ساڵە، هەر بە دوایشیدا دەگەڕێم.
دوای ستارکی، دەستی هەموو لەشم بە (سووتیکال) چەور دەکات. سووتیکال نەبێ، لەمێژبوو پێستم ڕزی ببوو. ئەو مەرهەمە گەنجم دەکاتەوە.
دوای سووتیکال، (ڤێرلۆک) لە دەستم دەدات. ڤێرلۆک نەبێ، ڤایرۆس دەمخۆن. ئەو ماوەیەی ڤایرۆس گەلێک زۆر بوونە. هەر ڤایرۆسێک مەراقی شوێنێکە. هەیە بەس چاو دەخوات، هەیە بەس لووت، هەیە بەس پرچ، ئیتر بەم شێوەیە.
دوای ڤێرلۆک، (هایئای) لە چاوم دەکات. هایئای نەبێ هیچ نابینم. دوای ئەویش، (کیسپیکەر) بە سەرەوەی مەڵاشوومەوە دەنووسێنێت. کیسپیکەر نەبێ، نوتقم نییە. دوای ئەو، (ڕاکەر) لە ئەژنۆکانم دەبەستێت، ئەوجە (هاندیار) لە ئانیشکەکانم. ئەوانە نەبن نە دەتوانم بڕۆم، نە دەستم دەبێ کارێکی پێ بکەم. پاشان، (بۆنیاو) لە لووتم دەدات، ئەویش نەبێ هیچ بۆن ناکەم.
لە هەموو ئەوانە گرنگتر، هەموو بەیانییەک، دەستی مێشکم پێ دەکاتەوە. دڵیشم.
بێو (موخکە) و (دڵگە) نەبن—دوو دوگمەن، یەکیان بە پشتی سەرمەوەیە، ئەویتریان بە ناوەندی پشتم— هۆش و هەستم هیچ.
هەموو شەوێک پێش نووستن، هەرچی ئامێرە لە لەشم دەکاتەوە. دەمرم و بەیانییان زیندوو دەبمەوە. ئای چ ژانێکە ئەم پڕۆسەیە.
دەستی فراڤینم بۆ دێنێت: هەنگوین، خورما، شیر. ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارەش هەر ئەوەیە، لەبەرئەوەی هیچ شتێکی تر لەم گەردوونەدا نەماوە. بەس پەکم ناکەوێت، دەستی داهێنەرە، لەم سێیەدا هەرچیم بوێ بۆم دروست دەکات.
خۆ دەتوانم دەستی هەر ئێستە بەڕێ بکەم. لەسەر ڕانم، دوگمەیەک هەیە، پەنجەی تووند پێدا بگرم، هەندی دەمێ دەستی دەکوژێتەوە و حکوومەت دێ دەیبا. خوا هەڵناگرێ ئەو سەردەمەی حکوومەت دەستەودامانی مرۆیە، هەر یەکێک لە هەر شوێنێکی گەردوون هەر داوایەک بکات یەکسەر بۆی جێبەجێ دەکەن.
(دەستی)م هێشتۆتەوە بۆ یەک مەبەست، خۆیشم هەم هەر بۆ ئەو مەبەستە. حکوومەتیش ئاوا مەردە هەر بۆ هەمان مەبەست: بۆ ئەوەی بتوانم بیدۆزمەوە.
شەش ملیۆن ساڵە بەدوایدا دەگەڕێم. گەمەیەکی قووڵە. هەر سەرە داوێک دەگرم، هەزاران ساڵ لێی دەکۆڵمەوە، ئاخیری ناگەم بە هیچ ئاکامێک. تا ئێستە سەتان هەزار سەرە داوم تاقی کردوونەتەوە.
دواهەمین سەرەداو پێرێ تەواو بوو. خۆم و خەڵک و حکوومەتیش خۆشحاڵ بووین. زۆر. واماندەزانی تەواو ئیتر دەیدۆزمەوە. هەموو ئاماژەکان وایان پێ دەگوتین. دوو هەزار و بیست و یەک ساڵ پێوەی خەریک بووم.
پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و قورس بوو، کەچی هیچم بە هیچ نەکرد: دوو هەزار و بیست و یەک ساڵ بەر لە ئێستا چوومە ناو مێشکم. بە ئامێری (ونکەی مێشک) توانیم بچمە نێو سەرم.
ونکەی مێشک کردمی بە دڵۆپە ئاوێک و منی لە ڕێی کونە لووتمەوە ناردە ناو خانە و دەمارەکانی مێشکم. دوو سەدە و بیست و یەک ساڵ ژیام لەوێ. یەک مەبەستم هەبوو: دۆزینەوەی خودی خۆم.

Previous
Next
Kurdish