كوردی هائیم و حهیران -11- … هێمن عومهر خۆشناو
هەگبەی یادەوەریی رۆژانی كۆڕەو بە پیلی منەوە، زیاتر باران و خاكن، ئەوێ ڕۆژێ ئەو دەردەی باران كردی كەس نەیكرد، هەنسك و فرمێسك و باران یەكیانگرتبوو، هەنگاوەكان سارد و سڕبوون، وەك سایەقە و قەسرینی ڕوومەتی ئەو منداڵانەی كە لەسەر قیلمقاسی دایك یان باوكیان، پێشتر ماچی بارانیان دەكرد و زۆرتر دیمەنی ئەو حەشاماتەیان دەبینی، كە كەس نەیدەزانی بۆ چ چارەنووسێك ملیان بەڕێگایێ وەناوە!
ئەو خەڵكەی دەنێو تڕومبێلان دابوون، بیست ئەوەندەش ملی بەڕێگایێ وەنابوو، ڕێگایەك لە زەینی مندا، هەر تەواو نەدەبوو، هەر ئیستێك و پشوویەك، دیمەن و ناڵە و هاوارێك بوون. باران وەها دەباری، دەتگوت ئاسمان كوندەیەكە و زاركی خۆی بەڕەڵڵا كردووە، نە بارانی سەر بە قەپوچكە و نە شەستەبارانیش پێی ڕانەدەگەیشتن، لە هەورازی نێوان چۆمان و ڕایەت بووین، نزیك پازدە ماڵ لەنێو لۆرییەك و پیكابێك دابووین، تڕومبێل زێدەتر مفای ئەوەی هەبوو نەكەویە بەر باران، دەنا لە ڕۆژێكدا بە ئەندازەی دە گوریسان ڕێی نەدەبڕی.
هەرگیز ئەو دیمەنەم لەبیرناچێت و لە زەینمدا ناسرێتەوە، بەتایبەتی كە بارانی بەهار دێت، وەك پەڕەسێلكەیەكی ئاوارە خۆی بە نیوچەوانی هۆشم دادەدات و جارێكی دیكە دێتەوە بەر هەیوانی دڵ:
ئێمە هەموومان لەپشتەوەی پیكابێكی بە چادردا جێی خۆمان كردبۆوە، لە دواوە لێشاوی باران و لێشاوی ئەو خەڵكەمان دەبینی، كە دەیانەویست مەئوایەك و نەوایەك شك ببەن، لێ چش! پیاوێك بە جەمەدانییەكەی خۆی دەمامك دابوو، منداڵەكەشی پێچابوو، تەنیا كونی چاوانی دیاربوو، بەڵام وەها تەڕ ببوون، ببوونە جل، ئاویان لە دەلینگان دەهاتەدەر، هاتە بەر دەرگای پشتەوە و تكای كرد چەند سعاتێك ئەو منداڵەی لێ وەربگرین، خۆی بەقوربان كردین، گوتی كەسم نەماوە، هەموو كەسی خۆم ون كردووە و ئەو ساوایە نەبێ!
دەبا من بمرم ئیدی و لە سەرمان ڕەق ببمەوە، بەڵام ئەو منداڵە نەمرێ، بە هەنسك و گریان و پاڕانەوە دەبەرمان مری، كەسمان نوققەمان لێوەنەهات.
ئیدی كە زانی بێ مفایە، بەو شەستەبارانەوە لە ئێمە ڕەت بوو، كاروان دەڕۆیشت، كەس نەیدەزانی چ باسە، رۆژێ حەشرێی سەر دونیایێ بوو، دڵ لە ژوورە دەكوڵی و لە دەرەوەشدا ڕەق وەك ئەوەی تەنیا ڕوحی خۆی بوێ و بەس، تەنیا خۆی دەرباز بكات و ئەوی دیش فت!
ئای ئەگەر زەمەن دەوەستا و ئەو منداڵە ئەگەر مابێ و لەو كاروانسەرایەی كۆچ و ناخۆشییەدا ئۆغری نەكردبێ، هەنووكە 26 بەهاری دەربازكردووە و، ئەزیش زەمەنم گەڕاندباوە، لەبەر ئەو شەستەبارانەدا جارێكی دیكە خۆمان لەو زەمەنە پڕ لە ئاشووب و نە ڕەش نە سپییەدا شووشتبا و هەناسەیەكی پەشیمانیمان هەڵكێشابا و هەر لەوێ بە دیار بارانەوە نەهاتباینەوە زەمەنی بێ ئەمەكی و بێ دڵی و بێ ویژدانیی مەزنتر، كە نە زمان و نە نووسین بۆ دهردی كوردی هائیم و حهیران دەرەقەتی نایەت.