سێ ڕوبع.. پشکۆ ناکام
(( دیکتاتۆرییەتی ئایینی زۆر لە دیکتاتۆرییەت و ئیرهابی عەسکەری مەترسیدار ترە..))
“ئەدۆنیس”
……وا بزانم ئیتر پێویست ناکا کەس بەهانەیەک بهێنێتەوە بۆ ئارایشت کردنی “ئیسلام” بەوەی ئایینی ئاشتی و یەکتر قبوڵکردنە ، ئەم قسەیە کورد ووتەنی یەک فلسی قەڵب ناهێنێ و ئەم ڕاستییەش هیچ کام لە دواکەووتوانی ئایینەکە لێێ بێ بەری نیە و “حاشا حازر”ی شمولی ناکا…
” ئیخوان ، داعش ، سەلەفی ، قاعیدە ” وەک یەکن لە جێبەجێ کردنی ئەوەی خۆیان ناویان ناوە ” جیهاد ” بەرامبەر بەوانەی وەک ئەوان بیر ناکەنەوە چونکە یەک سەرچاوەیان هەیە بۆ جیهادەکەیان کە ئەویش ” شەریعەت” و کتێبە پیرۆزەکەیانە..!!! هەممو جیهادەکەش کوشتنی ئەو کەسانەیە کە نەک هەر ئایینەکەیان ڕەت ئەکاتەوە بەڵکو ڕەخنە گرتنیش تاوانە و پەیجی زۆربەیان بە ووتەکانی پێغەمەرەکەیان و هەڕەشە کردن لەوانەی قاچ خوار دائەنێن یان جورئەت بکەن بەرامبەر ئیسلام بکۆکن ڕازاوەتەوە….
گەنجێکی خێر نەدیو تەنیا لەبەر ئەوەی ڕەنگە بەجۆرێک قسەی کردبێ کە هاوڕێ ئیسلامییەکەی وای لێک یاوەتەوە کە ئەچێتە قاڵبی “کفر” و دژایەتی کردنی خوا و پێغەمەر و ئیسلام و .. هتد ، بڕیارە ئەزەلییەکەی قوڕەیش جێ بە جێ ئەکا ، زۆر بە ئاسانی و زۆریش بێ منەتانە ..!! ئەم تیرۆر و ئیرهابە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و هیچ پۆزشێک ناچێتە گیرفانی هەچ کەسێ کە ئەقڵی بە دونیا بشکێ ، ناکرێ بووترێ ئەم کارە دژە ئینسانیە هیچ باک گراوندێکی ئایینی لە پشتەوە نیە ، خۆی لە پەیجەکەی خۆیا ئەڵێ: هەچ کەسێ دژی پێغەمەرەکەم بێ تا قیامەت وازی لێ ناهێنم..ئەم قسەیە گۆرابی گەعدە و سەیران نیە ، بەڵکو زادەی شەریعەتی ئیسلامە ، خۆ گەر بووترێ ئەم تیرۆرە دژی ئاشتی خوازیی ئیسلامە ، ئەمە جێ ی پێکەنینە ، کەسێک بە بنەمایەکی ئیسلامی پەروەردە کرابێ ئەونەی لێ تێگەیشتوە وەک “جیهاد” ئەبێ هەرکەسێ قسەیەکی خواری کرد ئەم ئەبێ لەناوی بەرێ گەر هاوڕێ ی خۆشی بێ !
دیکتاتۆرییەتی عەسکەری ڕەنگە دژی یان لەگەڵیا نەبی ناتکوژێ تا ئەو کاتەی بە کردوە دژی دەسەڵاتەکەی ئەبی، بەڵام لە دیکتاتۆرییەتی ئایینا لەگەڵ نەبوون و بێ لایەنی نیە و یۆخ ، یان ئەوەتا ئیسلامت قبوڵە وەک خۆی یان لە بەرەی مورتەد و مونافیقەکانی و بەو سزایە ئەگەی کە سەرچاوەکەی شەریعەتە جگە لەو دەیان ئایەت و حەدیسانەی تەبەنی ئەو سزایە ئەکەن….
جا نەهامەتییەکە ئەوەیە ئەمانە بەم بیرکردنەوەیە بێنە سەرحوکم ئەبێ چیمان پێ بکەن ؟ ئەو کاتە دەیان سزا و پەڕەگرافی جیهادی چاوڕێمانە ، سزای : نوێژ نەکردن ، ژنی سفوور ، ئاهەنگی سەری ساڵ ، گۆرانی ووتن و خواردنەوە ، ڕۆژوو نەگرتن ، ڕەخنە گرتن لە ئایین و پێغەمەرەکەی و ووتنەوەی “ئەی ڕەقیب ” و سەدان تاوانی تر.. ڕەنگە هەمووشمان بە زۆر و وەک “زی الموحد”ی ووڵات شەرواڵی “سێ ڕوبع” یمان پێ لەبەر کەن..