Skip to Content

گوێنەدان و بێخەمی دەسەڵات و نەمانی متمانە لەنێوان هاوڵاتی و دەسەڵات، دەبێتە هۆی دروستبونی پەیوەندی دوژمنكارانە.. سامان خدر

گوێنەدان و بێخەمی دەسەڵات و نەمانی متمانە لەنێوان هاوڵاتی و دەسەڵات، دەبێتە هۆی دروستبونی پەیوەندی دوژمنكارانە.. سامان خدر

Closed
by تەممووز 23, 2025 General


ئەودۆخەی ئێستا لەكوردستان دەگوزەرێت،تەنها قەیرانێك نیە، بەڵکو قەیرانێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشە، کە هەموو پایەکانی متمانەی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتی نەهێشتووە. کە شکانی شکۆو كەرامەتی تاک چەقی دەرەنجامەکانیەتی.

چونکە کاریگەریی دۆخی سەختی ئابووری لەسەر کەرامەتی مرۆڤ و سەختیی بژێوی ژیان ڕاستەوخۆ کەرامەت و شکۆی مرۆڤ دەکاتە ئامانج. هەروەها دۆخەکە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی بەهای کار و ماندووبوون، ئەمە سەرەڕای بەرهەمهێنانی نائومێدی بۆ داهاتوو، یاخود کاتێک گەنجێکی دەرچووی زانکۆ، کە هیچ هەلی کارێکی شایستەی دەستناکەوێت، یان ناچار دەبێت بە کرێیەکی زۆر کەم کاری قورس بکات، ورەی دەڕووخێت و باوەڕی بە داهاتوو نامێنێت. ئەم نائومێدییە گەورەترین گورزە لە شکۆی گەنجێک دەدرێت.

یەکێکی تر لە ڕێگا ناچارییەکان، پشتبەستنە بە خێر و قەرز، کاتێک تاک ناچار دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی (وەک کرێی خانوو، دەرمان،) قەرز بکات یان چاوی لە دەستی خەڵک بێت، هەست بە بچووکبوونەوە و بێدەسەڵاتی دەکات.

ئەمانەش و چەند هۆكارێكی تر دەبن بەهۆی زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، هەژاری و بێکاری دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی خێزانی، جیابوونەوە، دزی و چەندین کێشەی تر. تێوەگلانی تاک لەم کێشانەدا، شکۆی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی دەڕوخێنێت.

بێباکی دەسەڵات لەم نێوەندەدا دێتە پێشەوە و لە خوێندنەوەی بۆ دۆخەکە هاوڵاتی هەست دەکات کێشەکان تەنها بەهۆی نەبوونی داهاتەوە نییە، بەڵکو بەهۆی “بێباکی” و “خەمساردی” دەسەڵاتەوەیە، چونکە هەست بە پشتگوێخستن دەکات، کاتێک هاوڵاتی دەبینێت دەسەڵاتداران و بەرپرسان لە ژیانێکی شاهانەو خۆش دەژین و کێشە ئابوورییەکان کاریگەرییان بەهیچ شێوەیەك لەسەری نییە، لە کاتێکدا خەڵکی ئاسایی بە دەست نەبوونییەوە دەناڵێنن، هەستێکی قووڵی جیاکاری و ستەملێکراوی لا دروست دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆکاری لەدەستدانی متمانە، چونکە دەسەڵات بێ بەڵێن بووە و بەردەوام چارەسەری کێشەکانی دواخستووە، وایکردووە هاوڵاتی هیچ متمانەیەکی بە دەسەڵات و دامەزراوەکانی نەمێنێت. کاتێک متمانە نەما، پەیوەندیی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات دەبێتە پەیوەندییەکی زۆر خراپ و دوژمن كارانە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress