كۆڵان كۆلان گێڕانه‌وه – 72 – …. كه‌ریم كاكه
رۆژه‌كی له ده‌ڤه‌ری ئامێدی، له ئاقاری قه‌ڵاقومری، چ ببینم! له دووره‌وه سوارێك تۆز ده‌كات، هات هات، وا تێگه‌یشتم زه‌رده‌په‌ڕه و به كلكه‌ی هه‌وردا دابه‌زیوه، یان بووكێكی خانه‌دانه و قه‌یسه‌ریه‌ك زێڕی پێوه، نزیكتر بۆوه، زه‌رده‌په‌ڕی چی، زێریِ چی! مارگرێته، كچه كورده فه‌له‌یه و له فیشه‌كان زه‌رد ده‌چێته‌وه،
72
له كۆڵانی سینه‌ما حه‌مرا سووڕاینه‌وه، كه‌وتینه ناو كۆتر و مریشك و په‌له‌وه‌ران، پێشترێ ئێره‌م دیتبوو، هه‌نده‌ك مه‌یدانی مریشكانیان ده‌گۆتێ، هه‌نده‌ك هی كۆتران، برا گه‌وره‌ی رێحانه پرسی:
حه‌زتان له چ ره‌نگه؟
رێحانه به زه‌رد و من به سپی وه‌ڵاممان دایه‌وه، به دوو كۆتری سپی، له به‌فر سپی‌تر هاتمه‌وه ماڵێ، برای رێحانه سه‌ره باڵی كۆتره‌كانی به شێوه‌یه‌ك به‌ست كه تینی فڕیان هه‌ر تا سه‌ر دیوار بڕبكات، دایكم چه‌ند گۆتی:
دمۆره، كوڕم، كۆتر دمۆره.
دمۆری چی دایه! حه‌زم له كۆتره.. له‌و جووته كۆتره‌ی له‌گه‌ڵ فازیل رێحانه كڕیمن، حه‌وشه و سه‌ربان پڕبوون له كۆتر، چ تشتت هه‌ڵدابا به‌ر كۆتر ده‌كه‌وت، بڵێم چه‌ند ته‌نه‌كه له سه‌ر دیواری حه‌وشه روو له حه‌وشه ریزبوونه! له هه‌ندێ جێ لیس له سه‌ر لیسه، به هێلانه‌ی كۆترمان ده‌گۆ لیس، هه‌موو ده‌یانگۆ لیس، وشه‌كه له سه‌ر زاران ناسك بوو، هی ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ر گمه‌گمێكی كۆتر، له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵفڕینێكی كۆتر بیڵێیه‌وه، به‌ڵام مه‌لای جه‌هه‌نده‌مێ لیسی به زاریدا نه‌ده‌هات، هه‌ر هێنده‌ش نا، له ده‌ستی هاتبا لیسی له زمان ره‌شده‌كرده‌وه، ئاخر هه‌ر جارێ به نزیك ماڵێ مه‌دا تێده‌په‌ڕی، منداڵ، كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستانیش له گه‌ڵمان ده‌یگۆته‌وه:
مه‌لا و مه‌لا ژن كۆتری سه‌ر لیسی
پێم له مه‌لا نا، مه‌لاژن فسی
مه‌لا جوێنی پیسی ده‌دا، هێند پیس، رووی نووسینه‌وه‌ی نیه:
دایكتان له شه‌یتان بای خواردووه، سه‌گ بتره‌كێ، هی وه‌ك ئێوه‌ی لێ ده‌رده‌په‌ڕێ، به‌راز تفی له ناو گه‌ڵی دایكتان رۆكردووه.
ئیدی به‌ره به‌ره بوومه كۆترباز، ده‌مكڕی و ده‌مفڕۆشته‌وه، زۆر جۆری كۆترم په‌یداكرد، هینداوی، ئورفه، شه‌كرلی، سابوونی، سه‌ر لووس، سه‌ر به كڵاوه، پێ به‌تووك، بێ تووك…. شه‌ش حه‌فت ساڵێ ماڵی ئێمه كه‌وته بن كۆتران، ته‌ماشای هه‌ر لیسێكت ده‌كرد، هێلكه‌ت ده‌دی، فه‌رخه‌ت ده‌دی، یان تازه له گژ پووشكێشان بوون، كاتێ پووشم به دندووكی كۆترێكه‌وه ده‌دی له خۆشیان له باڵم ده‌دا، ده‌مزانی هێلكه و به‌چكه‌ی به دواوه‌یه.. جار جاره كۆمه‌ڵێكم پێكه‌وه هه‌ڵده‌ستاند، سێبه‌رێكی جوانیان به سه‌ر حه‌وشه و باندا ده‌نه‌خشاند، جاریش هه‌بووه كۆترێكم هه‌ستاندووه، هه‌ر ئه‌و هه‌ستانه بووه و نه‌هاتۆته‌وه، وای خه‌فه‌تم له‌و كۆتره ده‌خوارد كه هه‌ڵمده‌دا و نه‌ده‌هاته‌وه.
هه‌ندێ كۆتر له كنه من زوو جه‌رد ده‌بوون، ئه‌و كۆتره‌م هه‌رگیز له بیرناچێته‌وه، له بنی دنیا ده‌هاته‌وه، له بیرمه جاری یه‌كه‌م له بن حه‌سارۆكانی رێی كه‌سنه‌زان و دڵۆپه به‌ره‌للام كرد، كاتێ هاتمه‌وه، له ماڵێ بوو، شاگه‌شكه بووم، جاری دووه‌م، ده‌چووینه كۆیێ له‌گه‌ڵ خۆم هێنامه ناو ترومبێل، دایكم وای زانی بۆ ماڵی پلكمی ده‌به‌م، له پشت كه‌سنه‌زان له راستی ئاوی دڵۆپه له جامی ترومبێله‌وه هه‌ڵمدا، كاتێ له كۆیێ گه‌ڕاینه‌وه، كۆتری جه‌رد له حه‌وشه دانی ده‌خوارد، جاره‌كیدی هه‌ر له رێی كۆیێ له كن به‌رده‌كه‌ی ئیمامی عه‌لی هه‌ڵمدا، جاری چواره‌م له سه‌ر پرده‌كه‌ی دێگه‌ڵه، باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد بێته‌وه، هاته‌وه، دواتر له‌و كۆتره‌ی خۆمه‌وه باوه‌ڕم به ئه‌فسانه‌ی كۆتر هێنا، ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی كۆتر نامه‌به‌ری دنیا بوو، له نێوان وڵاتان ته‌ته‌ریی ده‌كرد.
له دڵی خۆم دامنابوو، له سه‌ردانی دادێ، كۆتر ببه‌مه كۆیێ، له بن په‌یكه‌ره‌كه‌ی حاجی قادر، به‌ره‌للای بكه‌م، فازیل رێحانه گۆتی:
ئه‌گه‌ر له‌وێ هاته‌وه، له حه‌جێش دێته‌وه.
هه‌ر ئه‌ویش ئه‌و رۆژه نازناوی كۆیێی به كۆتره‌كه‌وه نا..قسه‌كه‌ی رێحانه‌م زۆر له دڵ خۆشه، وه‌رزه‌كه‌ش وه‌رزی چوونه حه‌جێیه، بیرمده‌كرده‌وه داخوا خزمێكی نزیك ناچێته حه‌جێ كۆتره‌كه‌م ببات و له سه‌ر گۆڕی پێغه‌مبه‌ر هه‌ڵیدات.
دڵنیابووم، له كن حاجی قادر دێته‌وه، ئێ، ئێستا وا ده‌ورو سوڕی كۆتری كۆیێ ده‌ده‌م، وه‌ك بڵێی ئاماده‌ی ده‌كه‌م بۆ گه‌شتی دوور، دانی بۆ رۆده‌كه‌م، ده‌مه‌وێ تێروپڕ بێ، نه‌ك له رێیێ برسی بێ، ناو لیسه‌كه‌شم بۆ پڕكرد له گه‌نم..
وه‌بیرمدێ رۆژی پێش سه‌ردانێ، له سه‌ر بانێ چاوم بڕیبووه كۆتری هه‌ڵنیشتوو، كۆتری ئاسمانێ، له پڕ به‌ردێ نه‌مزانی له كیهه لاوه هات، كۆتره هه‌ڵنیشتووه‌كانیشی هه‌ڵدایه ئاسمانێ، شه‌قه‌ی باڵیان لیسیان له‌رانده‌وه، ده‌بینم كۆتری كۆیێ، به لا باڵێ، فڕ فڕ ده‌فڕێ، ئێستا نا كه‌مێكیتر ده‌نیشێته‌وه، دیتم له سه‌ر ماڵی حه‌یده‌ر كه‌لاباز نیشته‌وه، یان كه‌وته خوارێ، غارده.. ده‌بینم مام برایم نه‌رم نه‌رم ده‌ست به پشتی دادێنێ و ده‌ڵێ:
ئه‌وه كێ به‌ردی لێدای، ده‌ستی بشكێ.
سه‌ری هه‌ڵبڕی و گۆتی:
ئه‌وه تۆ لێت دا؟ چۆن دڵت هات!
گۆتم:
هی منه، نازانم كێ لێیدا.
باوه‌ڕی پێمكرد و دامیه‌وه، وه‌یش! ده‌ڵێی رانی شكاوه، شكابوو، كۆتری كۆیێ سه‌ردانی كۆیێ و حه‌جێی له ده‌ستچوو، زۆری نه‌برد، مرد، تێروپڕ بۆی گریام، چ گریانێ! ژنێك گوتی:
ئه‌وه چیه، ده‌ڵێی ده‌زگیرانت مردووه، بۆ وا ده‌گری؟
له‌بیرمنه‌چێ سه‌ربرده‌ی كۆتری كۆیێ له‌وانه‌یه دوو ساڵێ دوای كڕینی جووته كۆتری یه‌كه‌م بووبێ، ئاخر هه‌راشتر بووم، ره‌نگه پێم خستبێته ته‌مه‌نی شه‌یتانیبوون..ئێ، پتر خه‌مم له‌وه ده‌خوارد، دارلاستیقهاویژه‌كه‌م نه‌دیته‌وه، نه‌مزانی كێ بوو، گومانم بۆ ئه‌نۆ قه‌یسی چوو، به‌ڵام ئه‌و ده‌رنه‌چوو، هه‌زار سوێندی خوارد و درۆشی نه‌ده‌كرد، جگه له‌وه له‌گه‌ڵ منیشی نه‌ده‌كرد و براده‌ر بووین.
ئه‌و ژنه‌ی ده‌ڵێم تازه ماڵیان هاتبووه گه‌ڕه‌كێ، خه‌ڵكی كوێستانێ بوون، مێرده‌كه‌ی كه دوو ته‌مه‌نی وی هه‌بوو، وه‌ك ده‌یانگوت قسه‌شی هه‌ڵده‌بڕكاند،گوتبووی:
خودایه، تا نه‌مبه‌یته‌وه كوێستانی كێله‌شینێ، داوای نوێژ و رۆژووم لێمه‌كه.
به‌ڵام ژنه‌كه شاری به هه‌زار كوێستان نه‌ده‌گۆڕیه‌وه، زۆر جار ده‌یگۆ:
حوكمه‌ت ئۆنده ئیشه باشه‌ی كردووه، مێرده‌كه‌می له چیا‌و چۆلێ هه‌ڵقه‌ندووه.
له كێشه‌ی ژن و پیاوه كوێستانیه‌كه گه‌ڕێ، قسه‌م له(ده‌زگیران)ی زاری ژنه‌كه‌یه، ئه‌و ژنه‌ی ده‌تگوت هه‌ر ئێستا له ئاسمانێ دابه‌زیوه و هێشتا بای سه‌ر زه‌وی وێنه‌كه‌وتووه، ئه‌و ژنه له جلكوبه‌رگی له چ ژنه‌كی گه‌ڕه‌ك نه‌ده‌چوو، چه‌فیه‌ی به شێوه‌یه‌ك ده‌به‌ست، جوانیه‌كی وای ده‌دایێ، پیاوی دین و حه‌یران ده‌كرد.. به ده‌زگیرانه‌كه‌ی زاری ژنه كوێستانیه‌كه، یه‌كسه‌ر كه‌ویار هاته ناو دیده‌ی خه‌یاڵم، جارێ له‌و خه‌یاڵه‌ش گه‌ڕێ و ده‌گه‌ڕێمه‌وه زێوه‌ر و ده‌بمه پۆلی پێنجه‌می سه‌رتایی، واته ساڵی (75-76)، له‌و ساڵه‌ی خوێندن سێ چوار گرته هه‌یه، به ده‌نگ و ره‌نگه‌وه هی له‌بیرچوونه‌وه نین: مستی من، تفی یاریده‌ده‌ر، زنجیری پانتۆڕی مامۆستایێ.. ئه‌گه‌ر له‌بیرتان مابێ، من به وشه‌ی سووسكه تووڕه ده‌بووم، تووڕه‌بوونێ پتیان لێدابام ده‌ته‌قیم، مه‌گه‌ر سێ براكه به (پاپا) هێنده تووڕه‌بان، بابی سێ برا كڵاوێكی وه‌ك هی پاپای ناو ته‌له‌فزیۆنی له سه‌ر ده‌نا، كابرایه‌كی ره‌قه‌ڵه‌ی ده‌موچاو باریكی لووت كه‌مێ درێژ بوو، منداڵ به‌و سێ برایه‌یان ده‌گۆ: كوڕانی پاپا، ئه‌وان به پاپاو منیش به سووسكه شێت و هار ده‌بووین.
چه‌ند قوتابیه‌ك زوو زوو به‌و وشه‌یه تووڕه‌یان ده‌كردم، رۆژه‌كی له نزیك تانكی ئاوێ، ئه‌و جێیه‌ی ده‌تگوت جێی كۆلی بزنانه، قوتابی ئاویان لێ ده‌خوارده‌وه، قوتابیه‌ك ، تا ئه‌و ساڵانه‌ش ناوه‌كه‌یم له یاد بوو، دامیه به‌ر ده‌سڕێژی (سووسكه، سووسكه، سووسكه) هه‌ر خۆم كڕكرد، هه‌ر گۆتیه‌وه، ئیدی چۆن تانكیه‌كه كه پڕ ده‌بوو، له سه‌ری ده‌ڕژا، ئه‌وها له سه‌رم رژا، بۆی چووم و تا هێزم تێدا بوو مستێكم راوه‌شاندێ، بۆ ناو چاویم راوه‌شاند، به‌ڵام ده‌م و كه‌پووی گرت، خوێن، چ خوێنێ! رژانی وام نه‌دیتبوو، وه‌ك به‌لووعه‌ی ئاوێ خوێن هاته خوارێ، یه‌كێ گوتی:
وه‌لڵا كوشتی..
یه‌كێ:
بابی گا..
یه‌ك دوانێك هه‌ڵاتن، هه‌ر ده‌بێ هه‌واڵی شه‌ڕه‌كه بگه‌یه‌ننه به‌رێوه‌به‌ر، چ بكه‌م خوایه! هه‌ڵاتن، بیری هه‌ڵاتن هاته سه‌رم، به سه‌ر دیواردا ئاودیو بووم، ئه‌و دیو یه‌كه‌م ریزه ماڵی ئیسكانه، دیواره‌كه بڵند بوو، خۆم شۆڕكرده‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێم زۆر ئێشا، له كاتی كه‌وتنه سه‌ر زه‌وی، قۆڵم كه‌وته ناو ده‌ستی پیاوێك:
ئه‌وه چت كردووه، هه‌ڵدێی؟! خۆم راپسكاند و هیچم و نه‌گوت و ده‌رپه‌ڕیم، تاژیه‌كه‌ی ماڵی راوچیه‌كه كه‌وته دوام، نه‌یگرتم، له په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌و جاده‌یه‌ی كه ئامانه‌ی لێوه ده‌سووڕایه‌وه، هێنده‌ی نه‌مابوو بن ترومبێل بكه‌وم، شوفێر سه‌ری ده‌رهێناو جوێنێكی مزری هاویشت، له دڵی خۆم جوێنێكی مزرترم تێیگرته‌وه، نه‌چوومه‌وه ماڵێ، چووم له سه‌ر گۆڕی پیری سوارچاكان پشووێكم دا، له كاتی به‌ربوونێ چوومه‌وه، له ماڵێ شه‌ڕه‌كه‌م نه‌گێڕاوه، دره‌نگ جه‌بار جانتاكه‌ی بۆم هێنایه‌وه، به‌ڵام چ هه‌واڵێكی وای نه‌دامێ، گوتی:
نازانم، چ بوو، وابزانم، هیچ نه‌بوو، مامۆستا هیچیان نه‌گۆت.
سبه‌ی به ترس و له‌رزه‌وه چوومه‌وه قوتابخانه، دڵنیام به‌رێوه‌به‌ر بانگمده‌كات و داركاریم ده‌كا، وانه‌ی یه‌كه‌م چوو، هیچ نه‌بوو، وانه‌ی دووه‌م، سێیه‌م، زه‌نگی ماڵێش لێیدا كه‌س نه‌هات بڵێ تۆ بۆ له‌و كوڕه‌ت دا، به‌ڵام كوڕه‌كه له بن چاوانه‌وه ته‌ماشای ده‌كردم و وه‌ك بڵێی لێوم لێ بكرۆژێ و لۆی له له ناو نارنی گه‌رم هه‌ڵگرتبم، له دوای ئه‌و مست و خوێنه‌وه، له زاری كه‌س گوێم له (سووسكه) نه‌بۆوه، نازانم كێ بوو گوتی:
مسته‌كه‌ت دره‌نگ راوه‌شاند.
به‌ر له گێڕانه‌وه‌ی زنجیری مامۆستا، با چاوێ به پۆلدا بگێڕم و هاوپۆله‌كانم به‌سه‌ربكه‌مه‌وه، له‌بیرمبێ له پۆلی یه‌كه‌مه‌وه تا ئێره، له هه‌ر پۆلێك سێ چوار هاوپۆلم به جێهێشتووه و له پۆلی نوێ به سێ چوارێكی به‌جێماو گه‌یشتووم، براكه‌ی خۆمم به هۆی نه‌خۆشیه‌وه له پۆلی دووه‌م جێهێشت، سه‌رهه‌نگی كوڕی مامۆستا حه‌مه سالح، بابی به ده‌ستی خۆی ئێخستی، هه‌ڵه‌نه‌بم ئه‌و كوڕه‌مان له پۆلی پێنجه‌م به‌جێهێشت، بابی گوتی:
كوڕی من له كوڕی خه‌ڵكی زیاتر نیه، به هه‌قی خۆی نه‌بێ، ده‌بێ هه‌ر له‌و پۆله بێ.
كرده و گوته‌ی ئه‌و مامۆستایه ده‌نگی دایه‌وه، پێچه‌وانه‌ی مامۆستایه‌كیدی كه له‌بیرمه كوڕه‌كه‌ی گه‌یشته پۆڵی پێننجه‌میش نه‌یده‌زانی ناوی بابی بنووسێ، له‌بیركاریش ئه‌وهابوو:
یه‌ك كۆ یه‌ك ده‌كاته چه‌ند؟
ده‌یگۆ: مامۆستا، ده‌كاته یه‌ك.
+یه‌ك كه‌م یه‌ك ده‌كاته چه‌ند؟
– مامۆستا، ده‌كاته یه‌ك.
+ئه‌دی یه‌ك جاران یه‌ك ده‌كاته چه‌ند؟
– مامۆستا، ده‌كاته دوو.
منداڵ ناویان له‌و كوڕه‌ی مامۆستا نابوو(یه‌كودوو)، پۆلی شه‌شه‌میشی له‌گه‌ڵ من ته‌واوكرد.
ئێ، له هه‌مووان پتر خه‌می شوكری حاجی مرادمه، نه‌گه‌یشته پۆلی پێنجه‌م، ئه‌و له ته‌مبه‌لی نه‌بوو، ده‌ستكورتی گه‌ڕاندیه‌وه و وا له سه‌یداوه عاره‌بانه راده‌كێشێ، ئیدی زۆرمان به‌جێهێشت، زۆریش له سه‌رمان راوه‌ستان تا گه‌یشتینێ، ئه‌وه قسه‌ی برا گه‌وره بوو، ئه‌وانه سێ برا بوون، كه‌س له‌بیری نیه له كه‌یه‌وه ده‌خوێنن، برا گه‌وره هه‌ر زۆر كۆنه، من هێشتا له زگی دایكم بووم، ئه‌و چۆته به‌ر خوێندن، هه‌ر پۆڵێكی به دوو ساڵ و پتر بڕیوه، تا گه‌یشتۆته پۆڵی پێنجه‌م ده ساڵی پتر پێچووه،مامۆستایه‌كی (موتهبیق) گۆتبوویه یه‌حیا:
له‌بیرته، له پۆلی یه‌كه‌م به یه‌كه‌وه داده‌نیشتین؟
برا گه‌وره گۆتبووی:
ئێ چ بكه‌م مامۆستا، ئه‌من واسیته‌م نه‌بوو!
پۆڵی پێنجه‌م قوتابیی زۆر هێتشتبۆوه، زۆریشیان له ئینگلیزی، بیركاری ، عه‌ره‌بی مابوونه‌وه، دیدار له ته‌نیشت برا گه‌وره دانیشتووه، ئه‌و كوڕه به به‌ژن نا، به سه‌روریش زه‌لامێكی ته‌واوه، مامۆستا ناوه ناوه ده‌ڵێ:
دیدار، ردێنه‌كه‌ت بتراشه و سمیڵیشت كه‌مێ كورتبكه‌وه.
ئه‌وه‌ش لوقمانه له ریزی ناوه‌ندێ له پشتی پشته‌وه داده‌نیشێ، ئه‌و كوڕه‌ش ته‌واوێك له من هه‌راشتره، وا بزانم سێ ساڵه‌یه، ئه‌و كوڕه پێكه‌نینێكی هه‌بوو، هه‌ر مامۆستایێ ده‌ستی لێ به‌رزده‌كرده‌وه، پێكه‌نین ده‌ستی شلدهكرد و راسته‌كه‌ی رانه‌ده‌وه‌شاند، مامۆستا تایه‌ری مێژوو، ده‌یگۆته لوقمان:
تۆ به پێكه‌نین بردۆتته‌وه..
ئه‌و لوقمانه دواتر به خۆی و به‌رد و پلاریه‌وه دێته‌وه ناو گێڕانه‌وه.
ئێ، زنجیری مامۆستاكه‌م له‌بیرنه‌چێ، ئه‌و مامۆستایه، له به‌ر خاتری منداڵه‌كانی ناوی ناڵێم، زوو زوو ده‌یگۆت:
بخه‌ون..
ده‌خه‌وتین، سه‌رمان به سه‌ر مێزه‌كه ده‌كرد، خه‌ومان له خۆمان ده‌خست، رۆژێك نازانم كێ بوو، گۆتی قسه‌كت پێده‌ڵێم به‌ڵام به كه‌س نه‌ڵێی:
مامۆستا… شتی قۆڕ ده‌كات
گۆتم: كوو ده‌زانی؟
گۆتی: من له كاتی خۆ خه‌واندنێ به دزیه‌وه ته‌ماشام كردووه.
چه‌ندی گۆتم، شته قۆڕه‌كه چیه؟ نه‌یگۆت، بووه مه‌راق، منیش هه‌رچه‌نده زۆر ده‌ترسام، به‌ڵام به دزیه‌وه كه‌رته چاوێكم ده‌كرده‌وه، ده‌مدیت، مامۆستا له دوو سێ قوتابی نزیكده‌بۆوه، سه‌ری قوتابیه‌كه‌ی ده‌خسته بن لچكی چاكه‌ته‌كه‌ی ، باشه ئه‌وه چ ده‌كات، من ئه‌و دیمه‌نه‌م سێ چوار جار، له‌گه‌ڵ دوو قوتابی دی، خوایه ئه‌وه چی ده‌كات! ده‌مویست له‌و دوو قوتابیه بپرسم، له رووم نه‌ده‌هات، به سه‌ر خۆم نه‌هاتبا ئێستاش نهێنیی بن چاكه‌ته‌كه‌ی مامۆستا‌م بۆ ئاشكرا نه‌ده‌بوو، نووستین و هات، سه‌رم كه‌وته بن لچكی چاكه‌ته‌كه‌ی، خوایه، ده‌بێ به ته‌مای چ بێ؟ ئای! خۆ زنجیری پانتۆڕه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه، نازانم زنجیره‌كه‌ی تا كوێ هێنایه خوارێ، له‌گه‌ڵ خۆم كه‌وتمه قسه، ترس و شه‌رم ده‌یانگۆ:
كڕبه..
سووكه زاخێكیش گوتی:
داڕزێی شتی بكه..
وه‌بیرمه پاڵم به زگیه‌وه نا، ره‌نگه ویستبێتم هاواربكه‌م، مامۆستا ده‌ستی راستی خسته سه‌ر زارم، به ده‌ستی چه‌پیشی زنجیره‌كه‌ی ههڵكێشایهوه، دووركه‌وته‌وه و گوتی:
هه‌ستنه‌وه.
پێده‌چوو مامۆستا هه‌ستیكردبێ له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی هه‌ڵه‌ی كردبێ، ئاخر تا زێوه‌ریشم به‌جێهێشت، چاوی له ئاستم هه‌ڵنه‌هێنا.
تف، تف، تفه‌كه‌م قه‌تقه‌تۆكێ له‌بیرناچێته‌وه، ئه‌و تفه‌ی یه‌كه‌م تف و دوا تفی قوبخانه‌یه، ئه‌وه تاقیكردنه‌وه‌یه، نازانم نیوه‌ی ساڵ بوو یان مانگانه، له‌پڕ له پژمین و لێبه‌ربوون و كۆخه‌ش له‌پڕتر، مامۆستا(…..)، ده‌فته‌ره‌كه‌ی له بن ده‌ستم راپسكاند و تفێكی له ناو چاوم كرد، هۆپێكم له خۆم زانی و به‌رچاوم تاریك بوو، هاته سه‌رم تفه‌كه‌ی لێبكه‌مه‌وه، هاته سه‌رم مستێكی لێده‌م، خۆم گرت و هیچم نه‌گۆت، له حه‌ژمه‌تا زمانم له گۆ كه‌وت و قسه‌شم بۆ نه‌هات، تا بپرسم، بۆ؟
وه‌ك بتم لێهات، پاش كه‌مێ ده‌فته‌ره‌كه‌ی دامه‌وه و گوتی:
تۆ زیره‌كی، چۆن قۆپیه ده‌كه‌ی؟! كتێبه‌كه‌ت داخه..
ته‌ماشاده‌كه‌م، له بنه‌وه، له نزیك پێم كتێبێك كراوه‌ته‌وه، زمانم بۆوه و گوتم:
ئاگام له‌و كتێبه نیه و منیش نه‌مكردۆته‌وه.
ئێستاش تێنه‌گه‌یشتم نهێنیی ئه‌و كتێبه چی بوو، كوڕه‌كه‌ی ته‌نیشتم هه‌زار سوێندی خوارد ده‌ستی ئه‌وی تێدانیه، ئیدی ئه‌و مامۆستایه بووه دوژمنی بابه‌كوشته‌م و زۆر جار ده‌مویست بچمه سه‌ر رێی و به دارلاستیقێ تۆڵه‌ی تفه‌كه‌ی لێبكه‌مه‌وه، له نیوه‌ی رێ په‌شیمانده‌بوومه‌وه، ئیدی من له زێوه‌ر رقم له سێ مامۆستا ده‌بۆوه: (….)، (……)، ئه‌و مامۆستایه‌ش كه سه‌ری قوتابیی ده‌خسته بن لچكی چاكه‌ته‌كه‌یه‌وه.
ئا، (حه‌مام و ئه‌مام)ه‌كه‌شم بیركه‌وته‌وه، ره‌نگه له باب و باپیرانتانه‌وه ئه‌و درووشمه‌تان بیستبێت كه بۆ كه‌ریم قاسم ده‌گۆترا(( زه‌عیم زه‌عیم لیلئه‌مام.. دیموقراتیه وه سه‌لام) له ده‌وروبه‌ری هه‌ولێرێش ببووه: ((زه‌عیم زه‌عیم لیئه‌مام دوو مه‌تره‌ق و سێ زه‌لام)) خورشید هات ئه‌و درووشمه‌ی گۆڕی، بابی سێ براكه‌ی له جێی كه‌ریم قاسم دانا، سه‌لام و زه‌لامه‌كه‌شی كرده حه‌مام:
عه‌بدلقادر لیلئه‌مام
به قوون رووتی لۆ حه‌مام
براكان تووڕه‌بوون و گه‌یاندیانه به‌رێوه‌به‌ر، له‌بیرمه مامۆستایه‌ك درووشمه‌كه‌ی لا جوان بوو، نه‌یده‌ویست ئه‌و قوتابیه له سه‌ر ئه‌و قسه خۆشه سزا بدرێ، بۆ به‌رێوه‌به‌ری روون ده‌كرده‌وه، كه (قوون)هكه (قۆڵ)ه ، ئه‌و قۆڵی گوتووه، به قۆڵ رووتی بۆ حه‌مام، به‌رێوه‌به‌ر ده‌یگۆت:
با قۆڵیش بێ، ئیشی ئه‌و نیه، بابی خه‌ڵك بنێرێته حه‌مامێ!؟
هه‌روابێته‌وه، هه‌ر له‌و ساڵه‌ی خوێندن، مامۆستای وه‌رزش بردمیه تیپی باڵه‌وه، دیاره من له یاریی تۆپتۆپانێ، تۆپی پێ، چ له قوتابخانه چ له گه‌ڕه‌كێ خراپترین بووم، له تۆپانێ پێكیان نه‌ده‌كردم، هه‌بوو ده‌یگۆ:
لۆ تۆپ هێنانه‌وه خراپ نی.
به‌ڵام له یاریی باله له زۆربه‌یان باشتر بووم، ئیدی چوومه تیپی زێوه‌ر، دوو سێ جاریش له گۆڕه‌پانی گه‌وره‌ی شار یاریمان كرد و بردمانه‌وه، له بیرمه جاری یه‌كه‌م كه به جلكی وه‌رزشه‌وه له‌و گۆڕه‌پانه گه‌وره چوومه ناو گه‌مه، شه‌رم ده‌ست و پێی به‌ستم، وه‌ك بڵێی سه‌رما به‌ستبمی، بۆ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێ له جێی خۆم نه‌بزووتم، تۆپ ده‌هات زه‌ق زه‌ق ته‌ماشام ده‌كرد، رسته گه‌رمه‌كه‌ی مامۆستا نه‌با، له‌وێ به ره‌قهه‌ڵاتووی ده‌مامه‌وه:
ده‌ی، شێره‌كه‌ی زێوه‌ر، هه‌ڵمه‌ت.
به‌و رسته‌یه‌ی تایه‌ره فه‌ندی ده‌ست و پێم بۆوه، گه‌مه‌یه‌كی باشم كرد.
له‌وه‌وه ئاشنایه‌تیم له گه‌ڵ گۆڕه‌پانی یاری په‌یداكرد و زوو زوو له‌گه‌ڵ فازیل رێحانه و زۆریدی ده‌چووینه ته‌ماشای تۆپانێ و زۆر جار له رێیێش پرته‌قاڵمان ده‌دزی، ماڵه‌كانی گه‌ڕه‌كی كۆماری بن دارپرته‌قاڵ كه‌وتبوون، ده‌چووینه سه‌ر شانی یه‌كتر و پرته‌قاڵمان لێده‌كرده‌وه و هه‌ڵێ، جارێك گیرام و تێهه‌ڵدرام، نه‌وه‌ك له‌بیریكه‌م، ده‌یگێڕمه‌وه: سێ چوار كه‌س بووین، رێحانه له سه‌ر ملی من بوو، خێرا خێرا پرته‌قاڵی لێده‌كرده‌وه و ده‌یخستنه باخه‌ڵیه‌وه، له پڕ خۆی هه‌ڵدایه خوارێ و گوتی:
كوڕه، هه‌ڵێن، هات..
من به هه‌ڵاتن رانه‌گه‌یشتم، قۆڵم كه‌وته ناو ده‌ستێكی گه‌وره، چ له ده‌ستی ئه‌فه‌ندی نه‌ده‌چوو، ده‌تگوت ده‌ستی دێوه، وه‌رگه‌ڕایه سه‌رم، ده‌ستمپێنه‌كرایه‌وه، دیتم رێحانه له دووره‌وه پرته‌قاڵان داوێ، به پرته‌قاڵ دایگرتووین، قلێك به‌ر منیش كه‌وت، كابرا له ترسی خركه پرته‌قاڵان به‌ریدام و هه‌ڵاتم، له رێیێ گۆتی:
+ له به‌ر تۆ ئه‌و هه‌موو پرته‌قاڵه‌م له ده‌ستچوو!
– باشه لۆ به‌ردت تێنه‌ده‌گرت؟
+ ترسام سه‌ری تۆ بشكێ.
هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده پیشه یان گه‌مه‌ی قوڕ و زه‌نگیش فێربووین، له‌بیرمنیه كێ فێری كردم، به‌ڵام له‌بیرمه كێ وایكرد وازی لێبهێنم، كه‌ویار كاتێ بیستیه‌وه من و رێحانه‌ش به‌شداری له گه‌مه‌ی زه‌نگ و قوڕ ده‌كه‌ین، گوتی:
وازنه‌هێنن، به دایكتان ده‌ڵێم.
وازمهێنا، وا بزانم من ته‌نێ یه‌ك دوو جارێ ئه‌و پیشه شه‌یتانیه‌م كردبوو، ئه‌و ناو لێنانه هی بابمه، دوای وازهێنانم له پیشه‌كه، له‌گه‌ڵ بابم له جێیه‌ك ده‌هاتینه‌وه، دیتمان كوریژگه‌یێ هه‌ر له ته‌مه‌نی من ده‌بوو، تۆپه قوڕێكی په‌یتی به زه‌نگی ده‌رگایه‌كه‌وه نووساند و هه‌ڵات، بابم گوتی:
ئه‌ها، پیشه‌ی، پیشه‌ی شه‌یتانه.
ئێمه‌ش پێشتر وامان ده‌كرد، له سه‌ره كۆڵان، له په‌نا دره‌ختێك خۆمان ده‌گرت، خاوه‌ن ماڵ ده‌هاته ده‌رێ، چاوی ده‌گێڕا، كه‌س دیار نیه، ده‌چۆوه ژوورێ، دیاره ده‌نگی زه‌نگ نه‌پساوه‌ته‌وه، دێته‌وه ده‌رێ، ده‌بینێ ئه‌وه ده‌ست نیه، قوڕه زه‌نگ لێده‌دا، لێیده‌كرده‌وه و چه‌ند جوێنێكی مزری ده‌نارد و ئێمه‌ش له دڵی خۆمانه‌وه ده‌مانگوت:
هه‌ر به خۆت..
بیستم، به‌ڵام نه‌مدیت، لوقمان ئه‌و كوڕه‌ی پلاری هێنده‌ی بڕنۆیه‌ك ده‌ڕۆیشت، جارێك له‌و گه‌مه‌یه ده‌گیرێ، كابرا ده‌یباته مه‌خفه‌رێ و له‌وێ تێروپڕ تێهه‌ڵده‌درێ.
لوقمان پاشان دێته‌وه ناو گێڕانه‌وه، كچه فه‌له‌م بیركه‌وته‌وه و وێنه‌یه‌كی نیشانده‌ده‌مه‌وه:
به‌ری به چیاكه‌وتنه‌وه له ماڵی بڕنۆ ئه‌و كچه چه‌كداره‌م له ناو چێوه‌یه‌كی گچكه كه به ته‌نیشت ئاوێنه‌یه‌كی گه‌وره‌وه هه‌ڵواسرابوو، دیتبوو، به‌ڵام له من وابێ ئه‌ویش وێنه‌ی كچه‌كه‌ی ته‌ڕوارێ بۆ جوانی و وێنه بڕنۆ و فیشه‌كدانی له خۆ به‌ستووه، ئاخر ئه‌و كچه‌ی ده‌ڵێم، جاروبار له نواندنێكی پڕ ناسكی، پڕی ده‌دایه بابی و چه‌كی ده‌كرد و له خۆی ده‌به‌ست.
دره‌نگ پێكه‌وتم كچه‌ی ناو چێوه، نواندن ناكات و به راستی پێشمه‌رگه‌یه، نازانم ئێوه، به‌ڵام من ئه‌وهام ناسی، رۆژه‌كی كچه‌كه‌ی پلكه به‌ندبێژ، گه‌وره‌ش بوو، ژن گۆته‌نی، پڕ باخه‌ڵی مه‌مك بوو، ئه‌و كچه‌ی ماری به ده‌ست ده‌گرت، چه‌قۆی ده‌وه‌شاند، له دنیایێ جگه له مشك له هیچ نه‌ده‌ترسا، له‌و به‌ری كه‌ندێ له سه‌ر پشتی كه‌رێكی سپی به چوارپه‌له دێ، فۆته‌كه‌ی سه‌ری له شێوه‌ی جه‌مه‌دانی به‌ستووه، تێپه‌ڕی و وه‌ختابوو پانمان بكاته‌وه، له‌و سه‌ره‌وه گوێمان له شاتكه شێته:
داكێ داكم، ده‌ڵێی مارگرێته، مارگرێت..
ئازادی هاورێم:
+ده‌زانی مارگرێت كێیه؟
– نا
+ كوو! ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی كه كوشتیان و وه‌خته‌كی وێنه‌ی له زۆر ماڵان هه‌بوو.
– كێ كوشتی؟ جاش!
نه هاوڕێكه‌م و نه كه‌س وه‌ڵامی (كێ كوشتی؟)یان نه‌دایه‌وه، لێ من به (كێ كوشتی؟)م گرتبوو، له بن زمانم حهشارم دابوو، له‌گه‌ڵ خۆمم ده‌گێڕا، له هه‌ر جێیه‌ك مارگرێت ده‌هاته ناو قسان، ئه‌گه‌ر شه‌رمم نه‌كردبا، كێ كوشتی؟ خۆی به ناو قسان‌دا ده‌كرد، وه‌ڵامی (كێ كوشتی؟)م له ماڵی بڕنۆش ده‌ستنه‌كه‌وت، به‌ڵام شتێكم له (بۆ كۆشتیان؟) بیست، جارێ له‌وه گه‌ڕێ، هه‌وكه به دوای خۆیدا ده‌گه‌ڕێبن، به دوای یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌ی كچدا ده‌گه‌ڕێین، ژنی بڕنۆ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك وێنه و هه‌ندێك فیشه‌ك له حه‌وشه خستبوونیه بن عه‌رد، به جێیه‌كه‌ی ناكه‌وێته‌وه، ئه‌كره‌م بڕنۆ دیاره ئێستا له جیاتی بڕنۆ گه‌سكی ده‌سك داری درێژی له ده‌سته، ده‌یگۆته ژنێ خۆ:
ژنێ، سه‌ر به‌خه‌نێ، تۆ ته‌نێ گه‌سكدانی ژۆرێ و حه‌وشه و پێش ده‌ركێت له سه‌ره، به‌ڵام من جاده و كۆڵانی چه‌ند گه‌ڕه‌كێ گه‌سك ده‌ده‌م، ماندووم، ببینه‌وه، وێنه‌كان ببینه‌وه، با به خه‌یاڵ بگه‌مه‌وه سه‌رده‌می بڕنۆ كه ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كرم به سه‌پان نه‌ده‌زانی، ببینه‌وه، منی بڕنۆ و مارگرێت ببینه‌وه.
بڕنۆ دوایوه‌ی شۆڕش به خۆیدا ریا، ببووه ئه‌و شته‌ی كه سه‌رده‌مانێ هه‌ندێ كه‌س به گووڕێژ و هه‌ندێكیش به گوڵی شار و جاده ناویان ده‌هێنا، بڕنۆ جارێ دوو مارگرێتی دیتبوو، ئه‌وهای گێڕایه‌وه:
رۆژه‌كی له ده‌ڤه‌ری ئامێدی، له ئاقاری قه‌ڵاقومری، چ ببینم! له دووره‌وه سوارێك تۆز ده‌كات، هات هات ، وا تێگه‌یشتم زه‌رده‌په‌ڕه و به كلكه‌ی هه‌وردا دابه‌زیوه، یان بووكێكی خانه‌دانه و قه‌یسه‌ریه‌ك زێڕی پێوه، نزیكتر بۆوه، زه‌رده‌په‌ڕی چی، زێریِ چی! مارگرێته، كچه كورده فه‌له‌یه و له فیشه‌كان زه‌رد ده‌چێته‌وه، له بابێ لوقمانێ پتر خه‌ریته‌ی به‌ستووه.
ئه‌رێ مه‌به‌ستی بڕنۆ له بابی لوقمان كێ بوو؟
ئه‌من چۆن دڵنیابووم كه ئه‌للا خودایه، ئه‌وهاش زانیم مه‌به‌ست مه‌لا مسته‌فایه، پێش به چیاكه‌وتنه‌وه، له كۆلانێ ده‌مانگۆته‌وه:( بژی بابێ لوقمانی شه‌ش خه‌ریته‌ی له شانی)، وه‌لێ كوڕه‌كه‌ی بڕنۆ كه ئه‌ویش لوقمانی ناو بوو، ده گومانێی راكردم و گوتی:
بابێ لوقمان بابمه و كهسیدی نیه، بابم شه‌ش نا، حه‌فت خه‌ریته‌شی ده‌به‌ست.
منداڵێك ده‌ڵێ:
وه‌ی بابه له‌و شێلمانه! لۆ، بابت گایه؟ سینگی گاش جێی حه‌فت خه‌ریته‌ی لێ نابێته‌وه!
ئه‌رێ چیمان داوه له بابێ لوقمان و خه‌ریته! باسمان له مه‌ڕ مارگرێته، ئه‌و كچه‌ی به رسته‌یه‌ك رچه‌یه‌كی شكاند، شۆڕش وێنای نه‌ده‌كرد، له وه‌ڵامی به‌رپرسی گه‌وره فه‌رمووی:
ئه‌ز هاتمه بچمه شه‌ڕێ، نه‌ك رونیشم له نك خوانه و سێرێ، من تیرۆگ نا، تفه‌نگم ده‌وێ.
مارگرێت، تفه‌نگی كرده شانی، دواتر پێكه‌وتم كه له دیرۆكی نوێ، دیرۆكی پێشمه‌رگایه‌تی یه‌كه‌م كچه پێشمه‌رگه‌یه، به مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له عیسا درووشمی (كوردستان یان نه‌مان) گوته‌وه، گوتنه‌وه‌یه‌ك به‌ر له‌و له گه‌رووی هیچ ژنێكه‌وه كه‌س نه‌یبیستبوو.
كه‌وتمه سۆراخی وێنه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگه كچه عیساییه، ئازاد هه‌رێی پێدام و زۆری نه‌برد بۆی هێنام، وه‌ی وه‌ی چه‌ند جوانه، كار له گوگوش و ئه‌وانه نیه، ده‌ڵێی ئه‌ستێره‌ی زه‌رده و له سه‌ر قه‌ڵاتێ هه‌ڵهاتووه، له فیشه‌ك و تیشك زه‌ردده‌چێته‌وه حه‌زمده‌كرد له چێوه‌ی بگرم و له نێوان كچی كافرۆش و گوگوش به دیواریه‌وه بكه‌م، نابێت، وێنه‌ی پێشمه‌رگه له ده‌ستی هه‌ر كه‌سێ بگیرێ، رێی مووسڵ و قه‌ناره‌ی دێته پێشێ، هاتم ئه‌ستێره‌ی زه‌ردم، تۆ بڵێ مارگرێت، له نێو مهم و زین شارده‌وه، مه‌به‌ستم داستانه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی خانیه، ناو ناوه كتێبم ده‌كرده‌وه، ته‌واوێك ته‌ماشای ئه‌ستێره‌م ده‌كرد و ده‌مپرسی:
كێ ده‌ستی چووه ئه‌و پێشمه‌رگه ئه‌ستێره‌یه و به ده‌ستی كێ كوژرا؟
كه‌وتمه پرسیار، هه‌بوو ده‌یگۆت:
شۆڕِش به ده‌ستی خۆی كوشتی
هه‌بوو ده‌یگۆت:
شۆڕ شتی وا ناكات.
وه‌ڵامم ده‌ستنه‌كه‌وت، دوای چه‌ند سالێكیدی ده‌گه‌رێمه‌وه لای ئه‌و كچه فه‌له‌یه‌ی له نێوان مهم و زینم حه‌شار داوه، ئێستا سه‌رێ له كاوڕه‌كانی بابم ده‌ده‌م.
به دوویدا دێ ……