Skip to Content

قەسیدەی شمشاڵژەنی ژیان.. ستیڤان شەمزینی

قەسیدەی شمشاڵژەنی ژیان.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 29, 2023 General, Poems

دەنگێکی نوزەڵ لە ناوەوە پێم دەڵێت
ببینە کفنی رەشی پەژارەت لەبەردایە
تۆ نوێنەری یەئسێکی هەتاهەتاییت
گوومان لەو دەنگە زیقنە دەکەم
خۆم دەبینم کێڵگەی شینباوی گەشبینی
بە گاسنی ئومێدێکی سپی دەکێڵم
سەدایەکی تێکشکاو پێم دەڵێت
بیانوویەکت نەماوە
خەونی شێدار
بە رۆژە وشکهەڵاتووەکانی خۆتەوە ببینی
باوەڕ بەم سەدا نەفرەتییە ناکەم
لە ئاوێنەیەکی چاوبەنازدا خۆم دەبینم
لە ترسی پڵینگی واقیعێکی تاڵ
بە لقی بەرزی خەونێکەوە
خۆم هەڵواسیوە
پرسیارگەلێک چەشنی رەوە کولە
گوڵەگەنمی بیرکردنەوەم دەخۆن
مێشکم دەئاخنن بە رستێک وەسوەسە
لە نێو هەقیقەتێک ون بووم کە وەهمە
یان لە نێو وەهمێکدا دەژیم
خودی هەقیقەتە؟
بۆ چەند چرکەیەک لە ماڵی عەقڵ
دێمە دەرێ
لە درزی پەنجەرەی دڵەوە
لە دیمەنەکە دەڕوانم
ئاه خودایە
هەقیقەت پێنووسێکی زیوییە
بەدەستی دەیان فەیلەسووفەوە
رۆژێک لە مزگەوتێک هەواری خستووە
کەنیسەکان ماڵۆچکەیەکی تری ئەون
لە پەرستگەیەکی بودییەکانیش
نزا دەخوێنێت
هەموو ئەو نیگارانە
لە مندا جێگەیان بۆتەوە
هەقیقەت کۆترێکی ماڵیی
ناو هێلانەی دڵمە
شەیتانەکانی ناو خۆم
دەهۆڵ دەکوتن
لە وانەیەکی پڕوکاوی زیندەوەرزانیدا
نەژادم دەبەنەوە
سەر شامپازییەکی گرینۆک
بێ چەند و چون
بیرۆکەکەی داروین رەت دەکەمەوە
لەنێو کتێبە کۆنەکانی مێژوودا
بە دوای رەچەڵەکی خۆمدا دەگەڕێم
لە پەڕاوێکی رزیوی بابلییدا
تووشی خۆم دەبم
دوای ئەوەی لافاوی گەورە
دنیای داپۆشی
من بووم، زیندەوەرانم
فێری پێکەنین کردۆتەوە
گۆڕستانێکی قەراخ شاری روانینم
هەموو رۆژێک
نامەیەکی بۆرم بۆ دەنێرێت
باس لەوە دەکات ژیان لالوتە لێم
ئێوارە ئارامەکان چارەیان ناوێم
بەیانییە وەنەوشەییەکان دەمبوغزێنن
هەژاریی لە هەموو شوێنێک
بۆسەی ناوەتەوە بۆم
گوێ بۆ ئەم قسە پووچانە راناگرم
شمشاڵی لێو بە خەندەی خۆم دەژەنم
تاکو ماری ژیان دەخەمە سەما
کەمانچەی هاروهاجی فڕین دەژەنم
تاکو هێز دەگەڕێنمەوە
بۆ ئەژنۆی ئازادیی
چەکی وشەم پڕکردووە
لە فیشەکی خۆشەویستی
مشت لە باڵای سوێسکەی دابڕان دەگرم
هەموو حوزنە رەنگ پەڕیوەکانم دەفرۆشم
تیکتی سەفەرێکی پێ دەکڕم
بۆ دڵی ژنێک
جلی ژوانێکی خوساو بەدوورین دەدەم
نوێژی بێ بڕانەوەی ماچ دەست پێدەکەم
کە دوا رکاتی ئۆرگازمە
لە کۆتاییدا بە گوێی خۆمدا دەچرپێنم
تۆ ئەی مەستترین عاشقی ژیان
ئەی باڵیۆزی شانشینی ئەڤینداریی
فرمێسکەکانت بە زەردەخەنە بسڕەوە
دوودڵ مەبە ئەوین رووی لە تۆیە


کەنار رووباری راین

Previous
Next
Kurdish