وتاری ( ستراتیژی ناونیشان و پاش نه‌ته‌وه‌گه‌ری له ئه‌ده‌بیاتی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) وچه‌ند سه‌رنجێك.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
له وماوانه‌ی ڕابردوودا، چه‌ند نووسینێكی درێژم له باره‌ی ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر وه‌ك شاعیرێك خوێندنه‌وه. له په‌راوێزی ئه‌و خوێندنه‌وانه‌دا، وه‌ك خوێنه‌رێك هه‌ستم كرد، ئه‌وانه‌ی خوێندنه‌وه بۆ شیعری ئه‌م شاعیره ده‌كه‌ن (به خۆشمه‌وه) هێشتا زۆریان ماوه له سنووری ئه‌زموونی شیعری ئه‌م شاعیره نزیك ببنه‌وه. به‌ڵام ڕه‌نگه جیاوازی من له‌وه‌دا بێت، كه من هه‌رگیز به‌و میتۆده‌ی شیعری شاعیرانی تری پێ ده‌خوێندرێته‌وه، شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره ناخوێنمه‌وه. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌زموونێكی جیاواز و تایبه‌ته، بێگومان پێویستیشمان به خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ته. به دیدی من زۆربه‌ی ئه‌و نووسینانه، نه‌یانتوانیوه له سنووری شیعره‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر نزیك ببنه‌وه. بۆ نموونه:هه‌ندێكییان باسی خه‌یاڵ و خه‌یاڵسازیی و وێنه‌ی شیعری له شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره ده‌كه‌ن، له كاتێكدا ئه‌وه‌ی هه‌یه خه‌یاڵ نییه، به‌ڵكو ڕوانین و ته‌ئویلێكی فیكرییانه‌یه. هه‌ندێكییان شیعری ئه‌م شاعیره ده‌به‌ستنه‌وه به ئایدۆلۆژییا و سیاسه‌ت و شۆڕش و زۆر چه‌مكی دیكه‌ش.
حه‌كیمی مه‌لا ساڵح، باڵنده به ڕابه‌ر و سه‌ركرده ده‌چوێنێ، له كاتێكدا نه ئایدۆلۆژییا، نه ڕابه‌ر و سه‌ركرده، نه حزب و حزب چییه‌تی، له ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره جیاوازنووسه شوێنێكییان نییه. ته‌نانه‌ت كاك حه‌كیم دێڕه شیعری( ده‌ریا سه‌ماكاره) سه‌ماكاره‌ی به سۆزانی لێكداوه‌ته‌وه، له كاتێكدا مه‌به‌ست ئه‌و جوڵه و شه‌پۆڵدانه‌ی ده‌ریایه، كه شاعیر به سه‌ما چواندوویه‌تی. عه‌بدوڵا ڕه‌حمانیش له كتێبه‌كه‌ی خۆیدا به ناوی (بونیاتی گێڕانه‌وه) له باره‌ی ناونیشانی زێوانه‌وه ده‌نووسێت:(زێوان ئه‌و ده‌نكۆله‌یه‌یه كه ڕه‌نگی ڕه‌شه و له‌گه‌ڵ گه‌نم و جۆدا شین ده‌بێت و دروێنه ده‌كرێت و تامی تاڵه) نووسه‌ری كتێبه‌كه، لێره‌دا جیاوازی له نێوان (زێوان) و (زیوان) نه‌كردووه. ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌نم و جۆدا شین ده‌بێت (زیوانه) واتا به پیتی (ی) نه‌ك (زێوان) كه به مانای پاسه‌وانی گۆڕستان دێت.
هه‌روه‌ها ئه‌دیب نادریش له كتێبی (گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵی یه‌كه‌م) له وتارێكیدا له باره‌ی ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره ده‌نووسێت:( سه‌باح له قه‌یڕانی بێ ناوه‌ڕۆكی و بێ بابه‌تیدا نوقم بووه و شیعر له‌لایدا به دوای زماندا ده‌گه‌ڕێت) مه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆك و بابه‌ت، له ڕێی زمانه‌وه دروست نابن؟ پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كه‌ی ئه‌دیب نادر، ئه‌گه‌ر سه‌باح ڕه‌نجده‌ر خاوه‌نی ئه‌و زمانه نه‌بوایه، ئێستا نه شوناس، نه ئه‌زموونی تایبه‌تی ده‌بوو. گرفتی به‌شێكی زۆری شاعیرانی كورد له‌وه دایه، كه زمانێكی جیاوازییان نییه. شیعری نیوه‌ی دووه‌می ده‌ی هه‌فتاكان، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قۆناغی دوای هه‌ره‌سی شۆڕشه بخوێنینه‌وه، ئه‌گه‌ر ناوی شاعیره‌كانی به سه‌ره‌وه نه‌بێت، وا هه‌ست ده‌كه‌ین یه‌ك ئه‌زموون و یه‌ك زمان و یه‌ك گوتاره. بۆیه به بڕوای من له‌م بۆچوونه‌یدا (ئه‌دیب نادر) وێرای گومان نه‌بوونم له توانای نووسینی، به‌ڵام نه‌یتوانینوه ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر شڕۆڤه بكات.
بێگومان ئه‌م جۆره بینینانه بۆ شیعری ڕه‌نجده‌ر ، نه‌ك به مانای شیعری ناگه‌ن، به‌ڵكو به جۆرێك له جۆره‌كان، مانای شیعری ئه‌و شاعیره داهێنه‌ره‌ش ده‌شێوێنن. ئه‌مه به‌و مانایه نییه ئه‌زموونی شیعریی خوێندنه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵنه‌گرێت، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی ده‌بێته جۆرێك له تێكدان و شێواندنی مانا. له‌و سۆنگه‌یه‌وه، دوایین وتار كه له باره‌ی ئه‌زموونی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ر خوێندمه‌وه، وتاری ( ستراتیژی ناونیشان و پاش نه‌ته‌وه‌گه‌ری له ئه‌ده‌بیاتی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) بوو، كه (دیار له‌تیف) نووسیویه‌تی و له ماڵپه‌ڕی سه‌نگینی (ده‌نگه‌كان) بڵاوبۆته‌وه.
وه‌ك خوێنه‌رێك له په‌راوێزی خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كه‌دا، چه‌ند سه‌رنجێكی زمانه‌وانی و بابه‌تیم لادروست بوون، كه به بڕوای من پێویستییان به هه‌ڵوه‌سته‌كردن و ڕاستكردنه‌وه چ له چوارچێوه‌ی وتاره‌كه به گشتی، چ له چوارچێوه‌ی ناونیشانی شیعره‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ریش به تایبه‌تی هه‌یه. كه به‌رله‌و، چه‌ند خوێنه‌ر و لێكۆله‌رێكی دیكه‌ش، هه‌مان دیدی هه‌ڵه‌یان بۆ ناونیشانی شیعره‌كان هه‌بووه.
ئه‌م وتاره‌ی دیار له‌تیف له دوو ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی پێكهاتووه، به‌شێكی زۆری قسه‌كردنه له سه‌ر چه‌مكی ڕه‌خنه و زمان و شیعر و دنیابینی شیعریی، كه ڕه‌نگه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به ناونیشان و ئه‌ده‌بیاتی سه‌باح ڕه‌نجده‌ره‌وه نه‌بێت. چونكه زمانی شیعریی و شوناسی شیعری ڕه‌نجده‌ر، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وجۆره بینین و لێكدانه‌وانه‌یه، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌می وتاره‌كه‌ش، قسه‌كردنه له باره‌ی ناونیشان له كۆی ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌دا، كه نووسه‌ر به ستراتیژیه‌تی ناونیشان ناوی بردووه. به بڕوای من ناونیشان له شیعری ڕه‌نجده‌ردا ، كۆده نه‌ك ستراتیژ، چونكه هه‌موو ستراتیژێك ئامانجێكی هه‌یه و كه ئه‌و ئامانجه هاته دی، ستراتیژییه‌كه بوونی نامێنێت.
به‌ڵام كۆد، پێویستی به كردنه‌وه و لێكدانه‌وه هه‌یه و ته‌نانه‌ت زۆرجار ئه‌و كۆده هه‌ر ناشكرێته‌وه لای خوێنه‌ر. شیعره‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر به گشتی، له ڕووی زمانه‌وه، شیعری ئاڵۆز و قووڵ و پڕ له وێنه‌ی هزریی و بیرین، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته چوارچێوه‌ی ئه‌و زمانه باوه‌ی له شیعری شاعیرانی تردا هه‌یه.
هه‌ر ئه‌مه‌شه ئه‌وانه ده‌خاته هه‌ڵه‌وه كه ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر ده‌خوێننه‌وه.
میتۆدی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شیعری كوردی به گشتی، بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه شیعرییه‌كانی ڕه‌نجده‌ر ناشێت، چونكه ئه‌و شاعیره، زمانێكی تایبه‌ت و ناوه‌ڕۆكێكی تایبه‌ت و دنیابینییه‌كی تایبه‌تی شیعریی هه‌یه، كه هه‌موو ئه‌مانه دواجار پێویستییان به خوێندنه‌وه‌ی نا باویش هه‌یه. بێگومان هه‌ر خوێنه‌رێك چۆن ده‌ڕوانێته شیعر و چ مانایه‌كی له هزری خۆی پێ ده‌دات ڕه‌نگه ئاسایی بێت، به‌ڵام كاتێ دێته سه‌ر مێژوو، قۆناغی شیعریی و ئه‌زموونی شاعیران، ده‌بێ به تێهزرینه‌وه بڕوانێته شیعر و ئه‌زموونی شیعری به گشتی. ده‌بێ ئه‌و ئه‌زموونه، له ڕووی مێژوویی و زه‌مه‌نییه‌وه، پۆلێن بكات و خاسیه‌ت و ئه‌دگاره هونه‌رییه‌كانی له یه‌كتری جیا بكاته‌وه. كاتێك نووسه‌رێك ده‌ڵێت:
( شاعیرانی دوای ڕاپه‌ڕین فۆڕمی زمان نوێ ده‌كه‌نه‌وه) ده‌بێ ئه‌و فۆڕمه ده‌ربخرێت و به شڕۆڤه‌ی شیعری پیشان بدرێت. چونكه هیچ قۆناغێك هێنده‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، شیعری كوردی تێدا بێ ئه‌رزش و بێ به‌ها و بێ ناوه‌ڕۆك نه‌بووه، به تایبه‌تی له‌لای ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه خۆی به نوێ ده‌ناسێنێ. بۆیه قسه‌كردن له باره‌ی ئه‌زموونی شیعرییه‌وه، پێویستی به هه‌ڵوه‌سته و ڕامانی ورد هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ماهیه‌تی شیعر له‌و قۆناغانه له یه‌كتری جیابكه‌ینه‌وه. له وتاره‌كه‌ی دیار له‌تیفدا، چه‌ند گوزارشت و ده‌ربڕینێك هه‌ن، كه پێویستییان به ڕاستكردنه‌وه‌یه.
به تایبه‌تیش كاتێ له سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا باسی زمان به گشتی و زمانی شیعری به تایبه‌تی ده‌كات. دیار ده‌نووسێت:(زمان كه‌رسته‌ی گه‌وره‌ی فاشیزمه، با جیاوازی بكه‌ین له نێوان زمانی پیس و زمانی ڕه‌خنه‌دا، ڕه‌خنه‌گرانێك هه‌ن زمانی سووكایه‌تی به زمانی ڕه‌خنه تێگه‌یشتوون) سه‌ره‌تا، ده‌بێ بپرسین مه‌به‌ست له زمان و فاشییه‌ت چییه؟ ئایا نووسه‌ر فاشییه‌ت وه‌ك چه‌مكێكی سیاسی و هزریی و بیرێكی نا مرۆییانه به كاردێنێت، یان مه‌به‌ستی فاشییه‌تی ئه‌ده‌به؟ ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئایا زمان كه‌رسته‌ی گه‌وره‌ی فاشییه‌ته؟ فاشییه‌ت چییه؟ كێ دروستی ده‌كات؟ بێگومان نكۆڵی له‌وه ناكرێت كه زمان ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی له ژیانی مرۆڤدا هه‌یه و تاكه خاسییه‌تی جیاكردنه‌وه‌ی مرۆڤیشه له بوونه‌وه‌ره‌كانی تر، به‌ڵام ده‌بێ بزانین زمان هه‌موو بوونێكی مرۆڤ نییه و ماڵی بوونیش نییه. چونكه ئه‌گه‌ر بوونی مرۆڤ ببه‌ستینه‌وه به بوونی زمان، ئه‌و كات ده‌بێ بپرسین ئه‌ی ئه‌وانه‌ی زمانییان نییه چۆن گوزارشت له بوون و هزر و ڕوانینه‌كانییان ده‌كه‌ن؟ چۆن ده‌توانن كۆنتاك له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رو ئه‌وانیترو ژیان به گشتی ببه‌ستن؟ بۆیه دواجار زمان هه‌ر ته‌نها ئه‌و گه‌یه‌نه‌ره‌یه، كه ده‌ربڕینه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، له‌وه زیاتر له ئاستی كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تییدا، هیچ بایه‌خێكی دیكه‌ی نییه. هاوشێوه‌ی ئه‌و هێڵه‌ی ته‌زووی كاره‌با ده‌گوازێته‌وه. كه هێڵه‌كه بوونی نه‌بوو، مانای وانییه كاره‌باكه بوونی نییه. بۆیه هزر له پێشه‌وه‌ی زمانه. زمان نابێته پێناسه و شوناس بۆ مرۆڤ، به‌ڵكو چی له پشت ئه‌و زمانه‌وه‌یه، ئه‌وه دواجار ئاگایی و هوشیاریی و ژیری مرۆڤ ده‌رده‌خات. زمان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هزرانه‌یه كه مرۆڤ هه‌یه‌تی. وه‌ك چۆن سوقرات ده‌ڵێت:
( قسه بكه تا بزانم كێی) قسه‌كردن لێره به مانای ئه‌وه نییه چی ده‌گوترێت، به‌ڵكو به مانای ئه‌وه‌یه چی ده‌ڵێیت، چونكه ئه‌وه هزره له پشت قسه‌كردنه‌وه ده‌وه‌ستێت و ئاماژه به زمان ده‌كات چی بڵێت و چی ده‌رببڕێت. بۆیه به‌ستنه‌وه‌ی هه‌موو لێكدانه‌وه‌یه‌كی ژیان و هه‌موو ئاماژه‌یه‌ك به زمان تێزێكی هه‌ڵه‌یه. ئه‌وه زمان نییه مانا دروست ده‌كات و شوناس به شته‌كان ده‌دات، ئه‌وه هزر و بیری مرۆڤه، دیارده و توخمه‌كانی ژیان، ده‌خاته چوارچێوه‌ی زمانێكی ئاماژه پێدراوه‌وه. ئێمه كه به‌ردێك، دارێك، ئاو، ئاگر و ده‌یان و هه‌زاران شتی تریش ده‌ناسینه‌وه و گوزارشتییان لێ ده‌كه‌ین، چونكه له بیرماندا ئه‌و توخمانه ناوێكییان هه‌یه و پێیانی ده‌ناسینه‌وه. مه‌گه‌ر مرڤێكی (كه‌م ژیر) ئه‌گه‌ر زمانیشی هه‌بێت، ده‌زانێت خێزان، ته‌كنه‌لۆژیا، فڕۆكه و سه‌دان شتی تر چین؟ بۆیه ده‌بێ بزانین زمان به‌رهه‌مێنه‌ری هیچ تێزێكی فیكری نییه، به‌ڵكو گه‌یێنه‌ره‌كه و له ڕێگه‌یه‌وه چی له هزرمانه ده‌یگه‌یه‌نێت. فاشییه‌ت، هزر و بیركردنه‌وه و تێگه‌یشتنی فاشییانه‌یه بۆ مرۆڤ. كه زمانێكی فاشی هه‌بوو، ده‌بێ پێشتر هزرێكی فاشی بوونی هه‌بێت بێت. نازییه‌كان و فاشییه‌كان، كه هه‌زاران و ملیۆنانیان له نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌ز و ئایینی جیاواز كوشت، چونكه بڕوایان وابوو ئه‌مانه مرۆڤ نین و مافی بوون و ژیانییان نییه. فاشییه‌ت به‌رهه‌می زمان نییه، به‌ڵكو به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌یه‌كه، كه فاشییانه ده‌ڕوانێته هه‌موو شت. زمان كه‌رسته‌ی گه‌وره‌ی فاشیزمه، ده‌ربڕینێكی بێ مانا و نا بابه‌تییه و لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی زه‌قی گوزارشته‌كانی (به‌ختیار عه‌لی) شه له نووسیندا، كه ساڵانێكه نه‌وه‌یه‌كی گه‌نجی ئێمه‌ی به‌و دروشمانه مه‌ست و حه‌یران كردووه به تایبه‌تیش له ئه‌ده‌بدا.
ئه‌و ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌و زمانه بێت كه بارگاویی ده‌كرێت به‌و چه‌مكه سیاسی و نا مرۆییانه، ئه‌وا له پێشدا بیركردنه‌وه و ڕوانینێكی فاشییانه هه‌یه، دواتر زمان ده‌بێته كه‌رسته‌یه‌ك بۆ گه‌یاندنی ئه‌و هزره فاشییه. ئه‌و نووسه‌رانه‌ی پشتگیری‌یان له هزری فاشییه‌ت و نازییه‌ت و به‌عسیزم ده‌كرد، به‌رله‌وه‌ی هه‌ڵگری زمانێكی فاشییانه بن، هه‌ڵگری بیر و بیركردنه‌وه‌یه‌كی فاشیانه بوون. ئیدی زمان ده‌بێته ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له هزردا هه‌یه. مرۆڤ بڕوا به هه‌ر ئایدیا و ئایین و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بێنێت، له ڕێی زمانه‌وه ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی بۆ دروست نابێت، له بیر‌و بڕوا و باوه‌ڕبوونه‌وه بۆیی دروست ده‌بێت. بۆیه ئه‌گه‌ر فاشییه‌ت وه‌ك هزر بوونی نه‌بێت، زمانیش وه‌ك كه‌رسته‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هزره فاشییه بوونی نابێت. مه‌گه‌ر مرۆڤ به هزر بیر ده‌كاته‌وه یان به زمان ؟ له به‌رامبه‌ر زمانی ڕه‌خنه‌دا هیچ زمانێكی پیس نییه، چونكه زمانی ڕه‌خنه‌گرتن، ناچێته نێو چوارچێوه‌ی به‌راوردكاری به زمانه‌كانی تر. ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه له به‌رانبه‌ر زمانێكی باڵا و جوان و ئاست به‌رز بۆ ده‌ربڕین، زمانێكی زبر و ئاست نزمیش نه‌بێت، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی هه‌ر به ناو ڕه‌خنه‌گرێك زمانی پیس به زمانی ڕه‌خنه بزانێت، ئیدی له بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌خنه‌گر نییه و ساده‌ترین بنه‌مای ڕه‌خنه‌گرتنی نییه، كه ئه‌ویش ئاكاری زمانه له ده‌ربڕین.
ئیدی دیار له‌تیف ئه‌وانه به ڕه‌خنه‌گر ده‌زانێت، ئه‌مه كێشه‌ی خۆیه‌تی. ده‌بێ خوێنه‌ر له ڕێی بونیادی زمان و ئاماژه و مه‌دلولاته‌كانی، كه‌سیه‌تی ڕه‌خنه‌گر بناسێته‌وه و شكۆ و سه‌نگی نووسینه‌كانی بزانێت. ئه‌وه‌ی زمانێكی پیسی هه‌یه، به دڵنیاییه‌وه هه‌ڵگری ئه‌قڵێكی پیس و كه‌م زانیشه. هیچ ڕه‌خنه‌گرێكی ورد و به سه‌لیقه و جددی، بڕوای به زمانی پیس نییه. زمانی پیس زمانێكه زۆر له ئاستی ڕه‌خنه‌گرتن نزمتره. ڕه‌خنه‌گرتن كولتوور و تێگه‌یشتنی خۆی هه‌یه. ڕه‌خنه‌گر كه‌سێكه ده‌بێ خاوه‌نی چه‌ندین تایبتمه‌ندیی ئاكاری و هزری و كه‌سی و ئه‌ده‌بی بێت. ڕه‌خنه‌گر، ئه‌گه‌ر پاشخان و تێگه‌یشتنێكی فراوانی هزری و ڕۆشنبیریی و زمانه‌وانی هه‌بوو، پێویستی به زمانی زبر نییه بۆ ده‌ربڕین و گوزارشتكردن له بۆچوونه‌كانی. ئه‌وانه‌ی زمانی پیس به زمانی ڕه‌خنه ده‌زانن، له ڕاستیدا ڕه‌خنه‌گر نین، چونكه لێدان و شكانه‌وه و سڕینه‌وه ئه‌رك و كاری ڕه‌خنه‌گر نییه و ئامانجی نووسینه‌كه‌شی نییه. به داخه‌وه له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی كوردیدا، نووسه‌رانێكی زۆر كار له سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه ڕه‌خنه‌گر وه‌ك كه‌سێكی به‌د و ڕه‌خنه‌ش وه‌ك زمانی زبر و پیس بناسێنن. بۆیه پێمان وایه له به‌رانبه‌ر زمانی ڕه‌خنه‌دا، زمانی پیسیش هه‌یه. نووسه‌رانی ئێمه ڕاهاتوون ستاییش بكرێن، په‌سنی ڕۆمان وچیڕۆك و شیعره بێ ماناكانییان بدرێت.
كاتێ خوێنه‌رێكیش سه‌رنجه‌كانی ده‌خاته ڕوو و هه‌ڵه‌كانییان دیاری ده‌كات، په‌ست و تووڕه و نیگه‌ران ده‌بن و ده‌كه‌ونه كاردانه‌وه‌یه‌كی ده‌روونی وا، كه چۆنییان بوێت به‌و شێوه‌یه له ڕه‌خنه و كولتووری ڕه‌خنه‌گرتن ده‌دوێن. هه‌ر زمانێك زبر بوو، به هیچ شێوه‌یه‌ك زمانی دنیای جوانی ئه‌ده‌ب به گشتی و كولتووری ڕه‌خنه‌ش به تایبه‌تی نییه. ئه‌وانه‌ی له په‌راوێزی ئه‌و زمانه‌وه به تێگه‌یشتنی خۆیان ڕه‌خنه ده‌گرن و ده‌نووسن، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به دنیای ڕه‌خنه‌وه نییه. زمانی ئه‌ده‌ب، زمانی ئستاتیكا و مانا و بابه‌ت و گه‌یاندنه. زمانی شیعرییه‌ت و چێژ و جوانییه. هه‌رگیز زمانێكی پیس له كۆنسێپتی ڕه‌خنه‌دا جێگه‌ی نابێته‌وه. بۆیه دانانی زمانێكی پیس له به‌رانبه‌ر زمانی ڕه‌خنه‌دا، بێ ئاگایه له ڕه‌خنه و زمانی ڕه‌خنه‌گرتن.
به بڕوای من، نووسه‌ر چونكه زمان له چوارچێوه‌ی چه‌مكه گشتییه‌كه ده‌بینێت، ئیدی ڕوانگه‌یه‌كی گشتگیری بۆ زمان هه‌یه و تا ڕاده‌یه‌ك جیاوازی له نێوان ئاسته‌كانی زمان له ئه‌ده‌ب و ڕووبه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه ناكات. ئه‌و ده‌نووسێت:(زمان كه‌رسته‌یه‌كی شیعرییه، به هۆی زمانه‌وه ده‌توانین ده‌ق به‌ره و ئاسته‌كانی خراپ، باش، باڵا ببه‌ین) له ڕاستیدا، ده‌قێك نییه به ناوی خراپ، باش، باڵا، هه‌ر ده‌قێك خراپ بوو، مانای وایه له بنه‌ڕه‌ته‌وه شوناسی ده‌قی نییه. شیعرله كۆمه‌ڵێك ڕه‌گه‌ز و بونیادی هونه‌ری پێكهاتووه، هه‌موو ئه‌م ڕه‌گه‌زانه، دواجار شوناسی ده‌ق به سه‌ریه‌كه‌وه ته‌واو ده‌كه‌ن. ئه‌م جۆره ئه‌تمۆسفیر و ڕێزبه‌ندییه، ڕه‌نگه بۆ كاڵا و شمه‌ك و كواڵیتی كاڵاكان گونجاو بێت، به‌ڵام بۆ تێكستی شیعری، لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه ده‌قی لاواز و نا هونه‌ری نه‌بێت، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی شوناسی ده‌قی شیعری به تایبه‌تی و ئه‌ده‌بیش به گشتی، ناخرێته پاڵ ده‌قێك كه خراپ بێت. تێكست، هه‌ڵگری یه‌ك جۆره شوناس و پێناسه‌یه، یان شیعره، یان شیعر نییه، یان ڕۆمانه، یاخود ڕۆمان نییه، له‌و نێوه‌ندا شوناسی سێیه‌م نییه. چونكه تێكستی ئه‌ده‌بی كاڵا نییه تاكو به پێی جۆر و نرخ و كۆمپانییای دروستكه‌ر له یه‌كتری جیابكرێنه‌وه، به‌ڵكو شیعر شیعره، له ده‌ره‌وه‌ی شیعر ورێنه‌یه‌ك هه‌یه، ساده گۆیی و ڕوانینی بێ مانایانه هه‌یه و ناوی ده‌نێن شیعر، وه‌ك ئه‌و گه‌ره‌لاوژێیه‌ی ئه‌مڕۆ لای به‌شێكی زۆری ئه‌و نه‌وه‌یه ده‌بینرێت، به‌ڵام دواجار ئه‌مانه شیعر نین. هه‌ر ده‌قێك ئاستێكی باڵای له زمان و ده‌ربڕین و بونیادی هونه‌ری نه‌بێت، ناچێته خانه‌ی تێكسته‌وه. شیعر، كاڵا و شمه‌ك نییه باش و خراپ وئۆرگیناڵی هه‌بێت.
نووسه‌ر هه‌ر له باره‌ی زمانی شیعرییه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌نووسێت:(بۆ ئه‌وه‌ی ڕێكردن و سه‌ركه‌وتنێكی ته‌ندروستانه له شیعردا هه‌نگاو بنێین، ده‌بێت بایه‌خێكی فره به وێنه‌ی شیعری بده‌ین، وێنه بڕبڕه‌ی پشتی شیعره) با بپرسین، ئایا شیعر ته‌نها وێنه‌ی هونه‌ری و خه‌یاڵكردنه؟ ئه‌م ئیشكالیه‌ته له تێگه‌یشتنی شیعر به تایبه‌تیش له ئه‌زموونی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، یه‌كێكه له‌و هه‌ڵه میتۆدییانه‌ی پێش (دیار) كه‌سانی تریش كه هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ریان داوه تێی كه‌وتوون. كورتكردنه‌وه‌ی شیعر له وێنه‌ی شیعریدا، ڕوانگه‌یه‌كی ساده‌ی شه‌سته‌كان و هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه بۆ شیعر. شیعر له ئێستادا (به تایبه‌تی شیعره‌كانی ڕه‌نجده‌ر) وێنه‌ی هونه‌ری نیین، به‌ڵكو هزر و ڕوانین و قووڵایی فیكر و مه‌عریفه‌ن. شاعیرانێك هه‌ن له ئه‌زموونی شیعری خۆیاندا، هیچ بایه‌خێك به وێنه‌ی شیعری ناده‌ن، كه‌چی شاعیری دیار و جیاواز نووسیشن. وێنه‌ی شیعری به‌شێكی بچووكه له بینای هونه‌ری ده‌قی شیعر. ئه‌و سه‌رده‌مه به سه‌رچووه، خوێنه‌ر له كۆی ده‌قێكی شیعریدا، وێنه‌یه‌كی هونه‌ری به لاوه گرنگ بێت. ئه‌گه‌ر شیعر به ته‌نها خه‌یاڵ و وێنه و ڕۆمانسییه‌ت بێت، ئه‌وا كه‌س نامێنێته‌وه شاعیر نه‌بێت. وێنه به‌شێكه له شیعر، به‌ڵام له شیعری ئێستادا، وێنه ئه‌و بایه‌خه‌ی نه‌ماوه.
له ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ردا، وێنه و خه‌یاڵێكی شیعری بوونی نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه ڕامان و تێ هزرینه بۆ بوون و ژیان و دیارده‌كانی ژیان. په‌یوه‌ندی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ شیعری ئه‌م شاعیره‌دا، په‌یوه‌ندی وێنه و خه‌یاڵ نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی گومان، پرسیار و تێڕامانه. ئه‌و كاتێ باسی ( ژیانی دووباره‌ی ئاده‌م و بانگه‌واز بۆ گۆڕ هه‌ڵكه‌ن و تاج سه‌رگران ده‌كات و ساڵی سفر) و ده‌یان گوزارشتی دیكه‌ش ده‌كات، بۆ ئه‌وه نییه خوێنه‌ر چێژی لێ ببینێت، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه ناچار به بیركردنه‌وه‌ی بكات و له خۆی بپرسێت كه ژیانی دووباره‌ی ئاده‌م چییه؟ تاج بۆ سه‌رگران ده‌كات؟ ئه‌وه‌ی لێره‌دا بوونی هه‌یه، قووڵایه‌كی واتایی و شیعرییه كه خوێنه‌ر به ئه‌سته‌م پێی ده‌گات نه‌ك وێنه‌ی شیعری. شیعره‌كانی گۆران، ته‌ژین له وێنه‌ی شیعری جوان و ڕۆمانسی و سه‌رنجڕاكێش، به‌ڵام له ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، ئه‌مه بوونی نییه و هه‌ردووكیشیان دوو شاعیری جیاوازن. وێنه‌ی شیعری ڕاگوزه‌ر و كاتییه، وه‌ك چۆن نیگامان ده‌كه‌وێته سه‌ر وێنه‌یه‌كی فۆتۆ و دواتر له بیری ده‌كه‌ین، وێنه‌ی شیعریش به هه‌مان شێوه‌یه، چونكه نابێته سه‌رچاوه‌ی پرسیار و گومان لای خوێنه‌ر. بێگومان ئه‌مه به‌و مانایه نییه، وێنه‌ی شیعری به‌شێكی سه‌ره‌كی بونیادی شیعری نه‌بێت، به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه كه وێنه بڕبڕه‌ی پشتی شیعر نییه. بۆیه به‌ستنه‌وه‌ی وێنه به ئه‌زموونی هه‌موو شاعیران، لۆژیكێكی هه‌ڵه‌ی خوێندنه‌وه‌ی شیعره.
شاعیرانێك هه‌ن، شاعیری وێنه و خه‌یاڵ نین، به‌ڵكو شاعیری گومان و پرسیار و تێڕامانن كه ڕه‌نجده‌ر یه‌كێكه له‌وان. كه‌واته گه‌یشتن به قووڵایی شیعر، په‌یوه‌ندی به وێنه‌وه نییه. وێنه سه‌وداسه‌ری له‌گه‌ڵ سۆزدایه نه‌ك هزر. هه‌موو شیعرێك له چوارچێوه‌ی وێنه‌ی شیعریدا ناخوێنرێته‌وه. شیعری ئێستا شیعری وێنه‌ی هونه‌ری نییه، به‌ڵكو شیعرێكه ئاراسته‌كه‌ی به‌ره و خوده، نه‌ك نیشاندانی وێنه گشتییه‌كه. هه‌ر له په‌راوێزی زمانی شیعرییه‌وه، نووسه‌ر له وتاره‌كه‌یدا به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌نووسێت:(شیعر به به‌راورد به ڕۆمان و چیڕۆك، مه‌ودایه‌كی ئازادانه و به‌رینتری بۆ گوتن پێ نییه) هه‌رخوێنه‌رێك كه‌مێك ئاشنایه‌تی به دنیای شیعر هه‌بێت، بۆچوونی له‌و شێوه‌یه ده‌رنابڕێت، چونكه ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ر ده‌یڵێت. هیچ ژانرێكی ئه‌ده‌بی وه‌كو شیعر، فه‌زایه‌كی كراوه و بێ سنووری نییه بۆ وتن. هیچ ژانرێك وه‌كو شیعر، ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی نییه بۆ ده‌ربڕین و وێناكردن. چونكه له شیعردا، زمان سه‌ربه‌سته، ئه‌وه نییه نه‌توانین هه‌موو شتێك له شیعردا بڵێین.
ده‌شێ له چیڕۆك و ڕۆماندا خاڵێك بۆ كۆتایی زمان هه‌بێت، چونكه له‌و دوو ژانره‌دا، زمان به‌ستراوه‌ته‌وه به كرداری گێڕانه‌وه، هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌كیش ده‌سپێك و دواجار كۆتایه‌كیشی هه‌یه، بۆیه كۆتایی ڕووداوه‌كان، كۆتایی زمانی گه‌یاندنه. به‌ڵام له شیعردا، سنوورێك نییه بۆ ته‌واوبوونی زمان، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا زمان ڕۆڵی گێڕانه‌وه نابینێت، به‌ڵكو ڕه‌گه‌زێكی كراوه‌یه له ده‌قدا. ئه‌گه‌ر زمان و ڕووبه‌ری شیعر مه‌ودایه‌كی سنووردارییان هه‌بێت، ئه‌وا ڕه‌گه‌زێك به ناوی ده‌قی كراوه، یان شیعری كراوه بوونی نه‌ده‌بوو.
مانا له شیعردا به‌ستراوه‌ته‌وه به زمان، هه‌ر كاتێك زمان سنوورێكی بۆ دیاریكرا، ئیدی ماناكانی شیعریش له‌و سنووره‌دا قه‌تیس ده‌بن. له كاتێكدا یه‌كێك له خاسییه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌قی شیعری داهێنه‌رانه ئه‌وه‌یه، كه مانا تیایدا ناگاته خاڵی كۆتایی. دیار كه نووسینه‌كه‌ی له باره‌ی ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ره‌وه‌یه، ده‌بوو ئاگایی ئه‌وه‌ی هه‌بوایه، كه ئه‌م ڕوانینه‌ی ئه‌و بۆ شیعر و ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر، تێڕاونینی هه‌ڵه و باون، چونكه له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا، مه‌ودا نه‌ك هه‌ر بوونی نییه، به‌ڵكو شیعر و زمانیش سنوورێكی دیاریكراویان نییه. سه‌رنج له قه‌سیده‌ی (زێوان) بده‌ن، كه هه‌ندێك به هه‌ڵه به ڕۆمانه شیعر تێی گه‌یشتوون، چونكه ڕه‌گه‌زه‌كانی ڕۆمانه شیعر، پێشتر له ئه‌زموونی شێركۆ بێكه‌س و له دوو سروودی كێویی بوونی هه‌یه، بۆیه زێوان یه‌كه‌م هه‌ناسه‌ی شیعری درێژه له مێژووی شیعری كوردیدا، كه شاعیرێك بتوانێت به‌و پشوو درێژییه‌وه شیعری پێ بنووسێت.
له زێوان و ئه‌زموونه‌كانی دیكه‌ی ڕه‌نجده‌ردا، مه‌ودا نه‌ك هه‌ر بوونی نییه، به‌ڵكو مانا و ده‌لاله‌ته شیعرییه‌كانیش تا ئێستا به شاراوه‌یی ماونه‌ته‌وه، چونكه وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد، هه‌ر شیعرێك مه‌ودایه‌ك و ڕووبه‌رێكی بۆ تێگه‌یشتن هه‌بوو، ئیدی مانای شیعری و ده‌لاله‌تی شیعری ته‌واو ده‌بێت. بۆیه نووسه‌ر ده‌بوو بزانێت له شیعردا مه‌ودا دیاریكراو نییه. ئه‌مه بۆ ڕۆمان و چیڕۆك و حیكایه‌ت ده‌شێ، به‌ڵام بۆ شیعر، تێنه‌گه‌یشتنه له دونیای شیعر. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له چیڕۆك و ڕۆماندا گێڕانه‌وه بوونی هه‌یه كه كۆتایی ڕووداوه‌كانه، به‌ڵام له شیعری كراوه‌دا، مه‌ودای به‌رینتر و ئازادتر بۆ ده‌ربڕین و دنیابینی شاعیر هه‌یه. هیچ ژانرێك هێنده‌ی شیعر بێ سنوور و مه‌ودا نییه.
شڕۆڤه و بۆچوونه‌كانی نووسه‌ری وتاره‌كه، له باره‌ی شیعر و ناساندنی، زۆربه‌یان ساده و نا بابه‌تی و ڕاگوزه‌رن. ئه‌و هه‌وڵده‌دات پێناسه‌یه‌ك بۆ شیعر دابتاشێت، بێ ئاگا له‌وه‌ی كه شیعر ناچێته نێو چوارچێوه‌ی هیچ پێناسه‌یه‌كه‌وه. به تایبه‌تیش ئه‌و ناساندنه بێ ئه‌رزشانه‌ی ئه‌و بۆ شیعر ده‌یانڵێت. به درێژایی وتاره‌كه‌ی، گوزارشتی سه‌یرو پێناسه‌ی نامۆ ده‌داته پاڵ شیعر، كه من وه‌ك خوێنه‌رێك كه سه‌دان شیعر و بابه‌تی شیعریم خوێندۆته‌وه، پێشتر نه‌میستووه. ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی كه له‌و ناساندنه‌یدا، ڕه‌چاوی هیچ یه‌كێتی و په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تی و ڕسته‌یی نه‌كردووه. ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی هزری خوێنه‌ران په‌رش و بڵاو نه‌كه‌ین، له چوارچێوه‌ی چه‌ند په‌ڕه‌گرافێكدا ئه‌و بۆچوونانه‌ی دیار له باره‌ی پێناسه‌ی شیعره‌وه ده‌ریان ده‌بڕێت ده‌نووسینه‌وه، دواتر كۆمێنتی خۆمانییان وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی شیعر له باره‌وه ده‌ده‌ین. نووسه‌ر له چوارچێوه‌ی وتاره‌كه‌یدا، به گشتی له باره‌ی شیعره‌وه ده‌نووسێت:
(هه‌ر چۆن بێت شیعر ناتوانێت په‌نا بباته به‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌كی په‌خشانی نا شیعرییه‌ت، ده‌قی شیعری هه‌ر چه‌نده هزر به‌رهه‌مهێنه‌ر بێت، هێشتا ناتوانێت پێ بخاته سنووری په‌تیبوونه‌وه، پاش شیعرییه‌تی ڕسته ئه‌وه‌ی دێت فۆڕمه، شیعر نه پێشكه‌وتنه نه دواكه‌وتوویی، هیچیان نییه، شیعری كۆن یان تازه، خاوه‌نی دوو جۆر فۆڕمه، فۆڕمی ناوه‌كی و فۆڕمی ده‌ره‌كی) ئه‌مانه ئه‌و گوزارشتانه‌ن، كه نووسه‌ر له باره‌ی شیعره‌وه له شوێنی جیاجیای وتاره‌كه‌ی ده‌ریان ده‌بڕێت و ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی هزری خوێنه‌ر په‌رت نه‌كه‌ین، له چوارچێوه‌ی كۆپله‌یه‌كدا داماناون. دیار ئه‌گه‌ر چی له باره‌ی ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ره‌وه ده‌دوێت، به‌ڵام گرفته‌كه له‌وه دایه هه‌موو ئه‌و سه‌رنج و تێڕوانینانه‌ی ده‌ریان ده‌بڕێت، بچووكترین ڕایه‌لیش به شیعری ڕه‌نجده‌ر نایان به‌ستێته‌وه.
بۆ نموونه: شیعره‌كانی ڕه‌نجده‌ر به گشتی، شیعری ئالۆز و شاراوه و مانا تیایاندا له قووڵایی ده‌ق دایه و به ئه‌سته‌م به مانا ده‌گه‌ین، به‌ڵام له پاڵ ئه‌و زمانه ڕسك و كۆد ئامێز و چڕه‌شدا، په‌تیبوونێكی زۆر له زمان ده‌بینین. ئه‌و له شیعره‌كانیدا باسی (ئه‌فسانه، ئایین، ڕوحیانییه‌ت، سرووشت، مێژوو، گه‌ردوون) ده‌كات، به زمانێكیش كه ڕه‌هه‌ندی په‌تی و مێژوویی تێدایه.
په‌تیبوون به مانای ساده‌بوونه‌وه نایه‌ت، به‌ڵكو په‌تیبوون هێشتنه‌وه‌ی زمانه له‌و چوارچێوه فه‌رهه‌نگییه‌ی كه زمانی پێ ده‌ناسرێته‌وه و هاوكات بارگاویكردنیه‌تی به مانای شاراوه. شیعر هه‌ر چه‌نده هزر بئافرێنێت، ناتوانێت پێ بخاته په‌تیبوونه‌وه، تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه بۆ شیعر. ئه‌سپ، یه‌كێكه له‌و گیاندارانه‌ی كه وه‌ك سمبولێك ئاماده‌یه‌كی زۆری له شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا هه‌یه و له هه‌ر ده‌قێكیش ده‌لاله‌ته بۆ مانایه‌ك. مه‌گه‌ر ئه‌سپ كه هێمای جوانی و به هێزیی و ڕه‌سه‌نێتییه له مێژووی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌دا، وشه‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن نییه؟ (كه‌وانی لانك) و (ملوانكه‌ی مێخه‌ك) و (به‌روانكه‌ی نه‌خشاو) و (شیردۆش) كه له شیعری ڕه‌نجده‌ردا هاتوون، وشه‌ی په‌تی و ڕه‌سه‌ن و كه‌له‌پووری نین؟ ده‌كرێ له‌م ڕووه‌وه نموونه‌یه‌كی شیعری ئه‌م شاعیره بێنینه‌وه، كه هه‌ڵگری مانای قووڵ و له چوارچێوه‌ی زمانێكی په‌تیشدایه. شاعیر له دێڕه شیعرێكیدا ده‌ڵێت:_
باَڵنده له هه‌وای پاراودا باڵی ته‌واو ده‌كاته‌وه.
ئه‌م ده‌ربڕینه شیعرییه له ئاستی زماندا، ساده‌بوون و په‌تیبوونێكی زۆری پێوه دیاره، به‌ڵام مانا له‌م ده‌ربڕینه شیعرییه‌دا، شاراوه و په‌نهانه و ده‌لاله‌تێكی دیكه‌ی هه‌یه.
باڵنده _ مرۆڤ
هه‌وای پاراو سه‌ربه‌ستی
باڵی ته‌واو ده‌كاته‌وه___له فه‌زای ئازادی و سه‌ربه‌ستیدا، مرۆڤ تا ئه‌و په‌ڕی سه‌ربه‌سته له ده‌ربڕینه‌كانی.
یاخود له دێره شیعرێكی تردا ده‌ڵێت:_
پووشی قه‌راغی ڕێگا خه‌واڵوون..
ئه‌سپ به ماتی به ته‌كیاندا ده‌ڕوات..
ئه‌سپ، هێمایه بۆ هێزو خۆراگریی و ڕه‌سه‌نییه‌تی، لێره‌دا به مانای هه‌موو ئه‌و شوێن بزركراوانه دێت، كه له خاك و نیشتمانی خۆیان هه‌ڵكۆڵدران و ئه‌نفال كران. ئه‌سپ لێره‌دا، به مانای كه‌سی شۆڕشگێڕ و ڕابه‌ر نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی (حه‌كیمی مه‌لاصاڵح) تێی گه‌یشتووه، چونكه نابێ بیرمان بچێت، كه‌س ئه‌وه‌نده‌ی شۆڕشگێڕه‌كانی دوێنێ، خاك و مرۆڤ و هه‌موو پیرۆزیه‌كییان بێ به‌ها نه‌كرد. مه‌به‌ستی ڕه‌نجده‌ری شاعیر، ئه‌و هه‌ژار و داماو و په‌رپووتانه‌ی گه‌رمیان و گشت شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستانن، كه ئه‌نفال كران و له ژینگه و نیشتمانی ڕاسته قینه‌ی خۆیان دابڕێندران. شاعیر، له ڕێی په‌تیبوونی زمانه‌وه، به قووڵی گوزارشت له كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌ی ده‌كات. ئه‌زموونی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ته‌ژییه له‌و شیعرانه‌ی كه له زمانێكی په‌تیدا مانایه‌كی قووڵ ده‌رده‌بڕێت. ئه‌مه له‌كاتێكدا شیعری ڕه‌نجده‌ر به به‌راورد له‌گه‌ڵ شیعری هه‌موو شاعیرانی تر له ڕووی زمانه‌وه، شیعری سڕك و ئالۆز و داخراون. ئیدی نازانم وه‌سفه‌كه‌ی دیار بۆ شیعر كه ده‌ڵێت:
(ده‌قی شیعری هه‌رچه‌ند هزر به‌رهه‌مهێنه‌ربێت، هێشتا ناتوانێت پێ بخاته په‌تیبوونه‌وه) له كوێدا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه؟ له‌م ده‌ربڕینه شیعرییه‌دا، له وێنه‌یه‌كی په‌تی زماندا، شاعیر گه‌وره‌ترین پرسی ئه‌نتۆلۆژی كه ئه‌ویش په‌یوه‌ندی مرۆڤه به شوێن و زێدی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی باس ده‌كات. ئه‌وه‌ی له زمانی شیعردا گرنگه واتایه. ئیدی نازانم شیعر ناتوانێت پێ بخاته سنووری په‌تیبوونه‌وه، چ مانایه‌كی هه‌یه؟ دواتر شیعر نه پێشكه‌وتنه نه دواكه‌وتن، چ مانایه‌كی هه‌یه؟ ئایا شیعر ته‌كنه‌لۆژییا و زانستی پزیشكی و ته‌لارسازییه، تا پێشكه‌وتن و دواكه‌وتنی هه‌بێت؟ ئه‌م جۆره ناساندنه بۆ شیعر، له هه‌ژاری فیكریی و زمانه‌وانی هاتوون. ده‌نا كه‌س شیعر به ته‌رازووی دواكه‌وتویی و پێشكه‌وتوویی پێوانه ناكات. شیعر، به پێی قۆناغه مێژووییه‌كان گۆرانكاری به سه‌رداهاتووه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه شیعر كۆن ده‌بێت یان پێش ده‌كه‌وێت. تا ئێستا كه نزیكه‌ی چوار سه‌ده به سه‌ر شیعری شاعیرانی كلاسیك تێ په‌ڕیوه، شیعره‌كان كۆن بوونه؟ هیچ كه‌س بوێری ئه‌وه‌ی هه‌یه شیعری نالی به شیعری دواكه‌وتوو بزانێت؟ هاوكات له شیعردا شتێك نییه به ناوی فۆڕمی ناوه‌كی، شیعر وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی زمانه‌وانی و هونه‌ریی، له فۆڕم و ناوه‌ڕۆك پێكهاتووه. ناوه‌ڕۆكی شیعریش گوتار و مانا‌و ڕیتم و مۆسیقای ناوه‌وه‌ی شیعری ده‌گرێته‌وه. ئیدی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌تواره هزریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و فه‌رهه‌نگییه‌ن، كه شیعری تیایدا له دایك ده‌بێت.
نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌نووسێت:
(هه‌موو شیعرێك چنراوێكی زمانه‌وانییه و خزمه‌ت به ڕسته‌سازیی زمان ده‌كات) ئه‌و ڕوونی نه‌كردۆته‌وه مه‌به‌ست له ڕسته‌سازیی زمان له ڕووی ڕێزمانییه‌وه‌یه یان واتا و مانا؟ شیعر و هه‌ر ده‌قێكی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی، به‌ر له هه‌موو شتێك پێكهاته‌یه‌كی زمانه‌وانین كه له ڕسته و وشه پێك هاتوون. دواجار زمان، پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی هه‌ر ده‌قێكه، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه كه شیعر خزمه‌ت به ڕسته‌سازی ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی دیار نووسیویه‌تی، به پێچه‌وانه‌وه شیعر لادانێكی زمانه‌وانییه له ئاستی زمان و هزر و بیركردنه‌وه، دواتریش وێناكردن و ده‌ربڕین. ئه‌گه‌ر شیعر به ڕسته‌سازیی تێ بگه‌ین، ئه‌وا هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان قسه و وشه و ڕسته و په‌ڕه‌گرافی شیعریی نامێنێت. شیعر دواجار شیعره به هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زه هونه‌رییانه‌ی بینای هونه‌ری ده‌ق پێكده‌هێنن. زمانیش ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی شیعره، به‌ڵام نه‌ك له ئاستی ڕسته‌سازیدا، به‌ڵكو له ئاستی گوتار و مانادا. بۆچوونه‌كانی دیار له‌و وتاره‌یدا، بۆچوونی په‌ڕش و بڵاو و نا ئۆرگانیكین. ئه‌و ڕایه‌ك ده‌رده‌بڕێت، دواتر به بێ ئه‌وه‌ی له ئاستی ناوه‌ڕۆك و گوتاردا ئه‌و ڕایه‌ی خۆی شڕۆڤه بكات، ده‌چێته سه‌ر ڕایه‌كی دیكه كه هیچ په‌یوه‌ندی به‌وه‌ی پێش خۆیه‌وه نه‌بێت. له كاتێكدا هه‌ر یه‌ك له‌و بۆچوونانه نه‌ك ته‌نها نابێ كورت و ڕاگوزه‌ر له سه‌ریان بوه‌ستین، به‌ڵكو هه‌ر یه‌كه‌یان به ته‌نها پێویستییان به لێكۆڵینه‌وه هه‌یه، تاكو بگه‌ینه ده‌ره‌نجامێك و قۆناغ و ئه‌زموونی شاعیرانی تیادا له یه‌كتری جیا بكه‌ینه‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هاونزیكییه‌ك له نێوان بۆچوونه‌كانی دروست بكه‌ین و خۆمان له نووسینه‌وه‌ی بۆچوون ودرێژدادڕی بپارێزین، له چوارچێوه‌یه‌كی گشتیدا ئه‌و بۆ چوونانه‌ی ده‌رباره‌ی شیعر و قۆناغه‌كانی شیعری كوردی و زمان له شیعری كوردیدا ده‌ریانده‌بڕێت، له په‌ڕه‌گرافێكدا وه‌ك خۆیان ده‌یاننووسینه‌وه. نووسه‌ر ده‌نووسێت:( هه‌رچۆنێك بێت، شیعر ناتوانێت په‌نا بباته به‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌كی په‌خشانی نا شیعرییه‌ت، شیعر زاده‌ی كورت وچڕییه له ڕووی وشه و ڕسته و داڕشتندا) هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت:(زمانی شیعری قۆناغی پێش هاتنی شاعیرانی هه‌فتاكان، له ده‌ربڕین كۆنكریتی بووه. شیعری قۆناغی ده‌یه‌ی هه‌شتاكان و دوای ڕاپه‌ڕین، فۆڕمی زمان تازه ده‌كه‌نه‌وه. ده‌یه‌ی هه‌شتاكان ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌كی تازه بۆ گۆڕانكاریی شێوه و ناوه‌ڕۆكی شیعر و ئه‌ده‌بیاتی كوردی. وێژه‌ی پابه‌ند گه‌را ڕوو له كزی ده‌كات و له بری به‌رگریی به‌ره و جوانكاری زمان هه‌نگا و ده‌نێت.
قۆناغی ئه‌ده‌بی هه‌شتاكان خه‌تكوژێنه‌وه‌ی دوو ده‌یه‌ی پێش خۆی بووه) ئه‌مانه به گشتی بۆچوونی نووسه‌رن له باره‌ی ئه‌زموونی شیعری كوردییه‌وه، كه ده‌ریده‌خه‌ن نووسه‌ر ئاگایه‌كی كه‌می له مۆرك و قۆناغه‌كانی شیعری كوردی هه‌یه. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی له سه‌ر ئه‌و بۆچوونانه بوه‌ستین، سه‌ره‌تا با باس له‌وه‌بكه‌ین كه به چ تیۆرێكی ئه‌ده‌بی، شیعر زاده‌ی كورتی و چڕییه له داڕشتن و وشه و ڕسته‌دا؟ شیعر بۆچی ناتوانێت په‌نا بباته به‌ر گێڕانه‌وه؟ هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستمان ڕه‌گه‌زی گێڕانه‌وه‌یه له شیعردا نه‌ك گێڕانه‌وه‌ی په‌خشانی نا شیعری، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌یڵێت؟ هه‌ر زمانێك شیعرییه‌تی گێڕانه‌وه‌ی تێدا نه‌بوو، نه زمانی په‌خشانه، نه زمانی چیڕۆك و ڕۆمان، به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاساییه، وه‌ك گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تێك و چیڕۆكێكی كۆنی كورده‌وارییانه. له‌م ژانره‌دا، ته‌نها چییه‌تی گێڕانه‌وه گرنگه نه‌ك چۆنیه‌تی گێڕانه‌وه.
له حیكایه‌ت و چیڕۆكی فۆلكلۆریی و میللییدا، ته‌نها گه‌یشتن به كۆتای چیڕۆكه‌كه و ڕووداوه‌كان گرنگه، نه‌ك چێژ و ئستاتیكای گێڕانه‌وه. به‌ڵام له ژانری شیعر و چیڕۆك و ڕۆماندا، كه ده‌چنه خانه‌ی تێكستی ئه‌ده‌بییه‌وه، ته‌نها ڕووداو، تیمه، ناوه‌ڕۆك گرنگ نییه، به‌ڵكو چۆنیه‌تی گێڕانه‌وه و گوزارشتكردنیش گرنگه. بۆیه ده‌بێ بزانین هه‌ر ژانرێكی ئه‌ده‌بی، به زمانێكی ئاسایی گوزارشتی لێكرا و نووسرا، مانای وایه تێكستی ئه‌ده‌بی نییه. ئیدی گێڕانه‌وه‌ی په‌خشانی نا شیعریی، ده‌سته‌واژه‌یه‌كی بێ ناوه‌ڕۆكه. له‌لایه‌كی تره‌وه، ده‌شێ گێڕانه‌وه له شیعریشدا وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی هونه‌ری بوونی هه‌بێت. به‌شێك له تێكسته‌كانی شێركۆ بێكه‌س، ڕه‌گه‌زی گێڕانه‌وه‌یان تێدایه و به زمانێكی هونه‌رییانه‌ی په‌خشانیش نووسراون.
ئیدی شتێك نییه به ناوی (گێڕانه‌وه‌ی په‌خشانی نا شیعری) چونكه زمانی په‌خشان، خۆی زمانێكی شیعرییه و ئه‌گه‌ر ئه‌و زمانه نه‌بێت، ئه‌وا په‌خشانی هونه‌ری و قسه‌كردنی ئاسایی، هیچ جیاوازییه‌كییان نابێت. شیعر زاده‌ی كورتی و چڕییه له وشه و ڕسته و داڕشتندا، چ مانایه‌كی هه‌یه؟ دیار كه نووسینه‌كه‌ی له باره‌ی ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ره‌وه‌یه، ده‌بوو ئاگاداری ئه‌وه بوایه كه ئاخۆ قه‌سیده‌ی (زێوان) زاده‌ی كورتییه له وشه و ڕسته و داڕشتن؟ ئایا نووسه‌ر خاچ و مار و ده‌ربه‌ندی په‌پووله و ڕه‌نگدانی خوێندۆته‌وه؟ لاوكی هه‌ڵه‌بجه‌ی خوێندۆته‌وه؟ ئایا ئه‌مانه زاده‌ی كورتین له وشه و ڕسته‌دا؟ بێگومان ئه‌م بۆچوونه، نه‌ك هه‌ر هه‌ڵه و نالۆژیكی و نا بابه‌تییه، به‌ڵكو بێ ئاگایه‌كی گه‌وره‌شه له ئه‌زموونی شیعری كوردی كه لای ئه‌و نه‌وه‌یه ده‌بینرێت. هیچ ژانرێك وه‌ك له سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌مان پێداوه، وه‌كو شیعر ڕووبه‌رێكی گه‌وره و سنوورێكی كراوه‌ی نییه بۆ نووسین و گوزارشتكردن و ده‌ربڕین. شیعر نه زاده‌ی كورتییه، نه كه‌می وشه و ڕسته، بگره له زۆر كاتدا، خودی شاعیریش ناتوانێت باڵانسی نێوان زمان و وشه ڕابگرێت و له كوێ مه‌به‌ستی بوو، له‌وێ كۆتایی به شیعره‌كه‌ی بێنێت. شیعر، ڕادان نییه، كه ئه‌ندازه و قه‌باره و ڕووبه‌ری بۆ دیار بكه‌ین.
به داخه‌وه له نێو ئێمه‌دا، چونكه شیعر به ڕادان تێگه‌یشتووین، ئیدی وا ده‌زانین شیعر ده‌نووسین، نه‌ك شیعر بمانووسێته‌وه. سه‌رنج بده‌ن، هه‌میشه له دیمانه و گفتوگۆی به ناو هه‌ندێك شاعیردا، باس له‌وه ده‌كه‌ن كه تێكستێكییان بۆ گۆرانیبێژێك نووسیوه بۆ ئه‌وه‌ی بیكاته گۆرانی، شیعرێكییان بۆ ئاڵا نووسیوه، به نیازن شیعرێك بۆ ئایلانی كوردی و شنگال و عه‌فرین و مه‌رگی ئه‌م و ئه‌و بنووسن. ئه‌م جۆره گوزارشتكردنه له شیعر، وه‌ك ئه‌وه وایه جلوبه‌رگێك لای به‌رگدرووێك به ڕادان بده‌ی. به ناو شاعیر هه‌یه، ئه‌مڕۆ ڕووداوێك ڕووده‌دات، دوای چه‌ند كاتژمێرێك، شیعرێكی به خه‌یاڵی خۆی بۆ ده‌نووسێت. له سه‌روبه‌ندی هێڕشی تیرۆرستانی داعش بۆ سه‌ر شنگال و جینۆسایدكردنی ئێزیدیه‌كان، سه‌دان به ناو شیعرم خوێندنه‌وه كه له كاردانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه دڵته‌زێنه نووسرابوون، ئه‌مانه هه‌موو شتێك بوون ته‌نها شیعر نه‌بێت. ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌و تێگه‌یشتن و به ڕاداندانه‌ی شیعر هه‌یه، كه دیارله‌تیف و زۆرانی تر پێیان وایه ده‌بێ شیعر كورت و كه‌م وشه و ڕووبه‌ر و سنوورێكی هه‌بێت. شیعر زاده‌ی ساتێكه، كه خودی شاعیریش ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ره‌وه نییه.
ئیدی نه ده‌توانێت كات و سات، نه‌ده‌توانێت ئه‌ندازه و شێوه بۆ شیعر دیار بكات. شێركۆبێكه‌س له دیمانه‌یه‌كدا ده‌ڵێت:(كه شه‌هید خاڵه شه‌هاب هاوڕێكانی له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه گیران، من شیعرێكم بۆیان نووسی، به‌ڵام كاتێ هه‌مان ئه‌و تێكۆشه‌رانه له سێداره‌دران، نه‌متوانی یه‌ك وشه‌شیان بۆ بنووسم) ڕه‌نگه ئه‌مه په‌یوه‌ندی شیعر و ده‌روونی شاعیر و زه‌مه‌نی نووسینی شیعرمان، زۆر به جوانی بۆ ده‌ربخات. نووسه‌ر كه باس له ئه‌ده‌بیاتی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ده‌كات، ده‌بوو بزانێت كه زێوان و زۆر تێكستی دیكه‌ی ئه‌م شاعیره، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ و درێژی شیعرین، نه‌ك كورتبڕی كه‌می وشه و ڕسته. ئه‌م جۆره تێگه‌یشتنه بۆ شیعر، هیچ ئه‌رزشێكی نییه ته‌نها قسه‌كردن نه‌بێت. هه‌ڵبه‌ته زمان له شیعری كوردیدا، به پێی ئه‌و قۆناغه كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسییه‌ی شیعری تیایدا نووسراوه، گۆڕانی به سه‌ر داهاتووه. شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، وه‌ك شیعری پێش ڕاپه‌ڕین نییه له ڕووی هێما و گوزارشتكردن و دنیابینییه‌وه. له شیعری پێش ڕاپه‌ڕیندا، شیعر ده‌بوو به زمانێكی ناڕاسته‌وخۆ، گوزارشت له ئازادی و سه‌ربه‌ستی بكات، به‌ڵام ئه‌مه دوای ڕاپه‌ڕین نامێنێت. كه‌سمان لاریمان له‌وه نییه، كه زمانی شیعری كوردی به پێی ئه‌زموونه‌كان گۆڕانكاری به سه‌ر داهاتووه، به‌ڵام به بڕوای من، ئه‌وه‌ی دیار له‌تیف نووسیویه‌تی، پێویستی به هه‌ڵوه‌سته‌كردن و لێكدانه‌وه هه‌یه. چونكه وه‌ك خوێنه‌رێك، جۆرێك له تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵی و بێ ئاگاییم له زمانی شیعری كوردی لای نووسه‌ر بینی.
بۆیه له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونانه ده‌وه‌ستین كه تیایدا باسی زمانی شیعری قۆناغه‌كان ده‌كات. سه‌ره‌تا ده‌پرسین، كامانه‌ن شاعیرانی هه‌فتاكان؟ بۆچی ناوی نه‌هێناون؟ به بڕوای من، نووسه‌ر جیاوازی له نێوان شیعری هه‌فتاكان و شاعیری هه‌فتاكان ناكات. ئه‌وه‌ی له مێژووی ئه‌زموون و قۆناغه‌كانی شیعری كوردیدا هه‌یه، شیعری هه‌فتاكانه، چونكه شاعیرانی ئه‌و قۆناغه، زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان و (ئه‌گه‌ر نه‌لێم هه‌موویان) زاده‌ی نیوه‌ی دووه‌می شه‌سته‌كانن. واتا ئه‌و شاعیرانه‌ی له هه‌فتاكاندا ده‌رده‌كه‌ون وه‌ك( فه‌رهاد شاكه‌لی، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، عه‌بدوڵا په‌شێو، شێركۆ بێكه‌س، جه‌لالی میرزا كه‌ریم) و گه‌لێكی دیكه‌ش، له نیوه‌ی دووه‌می شه‌سته‌كان و پێشووتریش، شیعریان نووسیوه. ئه‌م شاعیرانه چونكه شیعره‌كانییان له هه‌فتاكاندا، چاپ و بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، ئیدی زۆرجار به شاعیرانی هه‌فتاكان ده‌ناسرێن. له كاتێكدا شێركۆ بێكه‌س و په‌شێو، له كۆتایی شه‌سته‌كاندا، هه‌ر یه‌كه و كۆمه‌ڵه شیعرێكییان بڵاوكردۆته‌وه، جه‌لالی میرزاكه‌ریم، له په‌نجاكاندا شیعری نووسیوه، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه، هه‌فتاكان وه‌ك زه‌مه‌نی مێژوویی و قۆناغی شیعری، ناچێته نێو چوارچێوه‌ی ناساندنێكی مێژوویی دیاریكراوه‌وه، له به‌رئه‌وه‌ی (سه‌ره‌تای هه‌فتاكان تاكو هه‌ره‌سی ڕێكه‌وتنامه‌ی ئازار) قۆناغێكه و له (دوای هه‌فتا و شه‌شیشه‌وه تاكو ڕاپه‌ڕین) قۆناغێكی دیكه‌یه كه ئه‌ویش قۆناغی خامۆشی و هه‌ستانه‌وه و ئه‌ده‌بی به‌رگرییه.
هه‌ر خوێنه‌رێك شیعری ئه‌و دوو نیوه ده‌یه بخوێنێته‌وه، زۆر به ئاسانی د‌رك به‌و جیاواز كه‌وتنه‌وه‌ی شیعری كوردی له‌و دوو ده‌یه ده‌كات. بۆیه ئه‌وه‌ی هه‌یه شیعری هه‌فتاكانه نه‌ك شاعیرانی هه‌فتاكان. ئه‌وه‌ی ده‌چێته نێو زه‌مه‌نی مێژوویی و فیزیكییه‌وه، شیعره نه‌ك شاعیر.
ده‌كرێ شاعیرێكی هه‌فتاكان، له ئێستاشدا شیعر بنووسێت، كه واتا ده‌كرێ به‌و شاعیره بڵێین شاعیری هه‌فتاكان؟ شتێك نییه به ناوی شاعیری قۆناغێكی دیاریكراو، ئه‌گه‌ر وابێت ئێستا ده‌بوو كه‌س نالی و مه‌حوی و جه‌لالی میرزا كه‌ریم نه‌خوێنێته‌وه. شاعیری داهێنه‌ر، شیعری ڕاسته‌قینه، سنووری زه‌مه‌ن و شوێن ناناسێت و به‌رهه‌می هه‌موو زه‌مه‌نێكه. بۆیه ئه‌وه‌ی هه‌یه شیعری هه‌فتاكانه. نووسه‌ر له درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا ده‌نووسێت:_(ده‌یه‌ی هه‌شتاكان، ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بۆ گۆڕانكاری له فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی شیعری كوردی و وێژه‌ی پابه‌ند گه‌را (مه‌به‌ستی ئه‌ده‌بی به‌رگرییه) ڕوو له كزی ده‌كات و له بری به‌رگری ڕوو له جوانكاری ده‌كات.
ئه‌ده‌بی هه‌شتاكان خه‌تكوژێنه‌وه‌ی دوو ده‌یه‌ی پێش خۆیه‌تی) له ڕاستیدا، هیچ قۆناعێكی شیعری كوردی، به قه‌د ده‌یه‌ی هه‌شتاكان، هه‌ڵگری وێژه‌ی پابه‌ندگه‌را و گوتاری به‌رگریی و مانه‌وه نییه. ده‌یه‌ی هه‌شتاكان، یه‌كێكه له‌و قۆناغه مێژوویی و ئه‌ده‌بییانه‌ی، كه شیعر تیایدا ده‌بێته ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵومه‌رجێكی سه‌ختی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی. شیعر له‌و قۆناغه‌دا، هه‌ڵگڕی زمانێكی ناڕاسته‌وخۆ و سیمبولییه. ڕه‌مز وه‌ك ڕه‌گه‌زێك ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كان پێكده‌هێنێت. ئه‌م قۆناغه، كه به قۆناغی خامۆشی و سته‌می سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی داده‌نرێت، شیعر تیایدا نه‌ك هه‌ر له به‌رگریكردن له شوناس و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه دوور ناكه‌وێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی دیار نووسیویه‌تی، به‌ڵكو شیعری به‌رگری چڕتر و قووڵتر و به هێزتریش ده‌بێت. له‌م قۆناغه‌دا، چونكه شیعر به زمانێكی ساده باسی شۆڕش و شاخ و پێشمه‌رگه و نه‌ته‌وه و ئاڵا ناكات، ئیدی نووسه‌ر وا ده‌زانێت وێژه‌ی پابه‌ندگه‌را نامێنێت. له كاتێكدا هه‌تا چه‌ند ساڵێكیش دوای ڕاپه‌ڕین، ئه‌ده‌بی به‌رگریی و وێژه‌ی پابه‌ندگه‌را، ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی له ئه‌زموونی شیعری كوردی گرتبوو. زمان له‌و قۆناغه‌دا، سوود له ته‌مومژ و سیمبول و ناڕوونی وچڕكردنه‌وه ده‌بینێت . واتا به زمانێكی ناڕاسته‌وخۆ، گوزارشت له پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و شۆڕشگێڕییه‌كان ده‌كات.
ئه‌وه‌ی نامێنێت، وێژه‌ی پابه‌ند گه‌را نییه ، به‌ڵكو شێوازی ده‌ربڕین و گوزارشتكردنی ئه‌و وێژه پابه‌ند گه‌رایه‌یه، كه له زمانێكی ڕاسته‌وخۆوه، ده‌بێته زمانێكی ناڕاسته‌وخۆ. هیچ كاتێك وێژه‌ی پابه‌ند گه‌را و ئه‌ده‌بیاتی به‌رگری، له نێو نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه ژێر ده‌سته و چه‌وساوه‌یه، كۆتایی نایه‌ت.
ده‌یه‌ی هه‌شتاكان، نازانم چۆن خه‌تكوژێنه‌وه‌ی دوو ده‌یه‌ی پێش خۆیه‌تی؟ ئه‌و ده‌یه (واتا هه‌شتاكان) توانی ئه‌زموونی ( كامه‌ران موكری، جه‌لالی میرزا كه‌ریم ، جمال شارباژێریی، شێركۆ بێكه‌ش، په‌شێو، ئه‌نوه‌ر قادر، فه‌رهاد شاكه‌لی) بسڕێته‌وه؟ ده‌یه‌ی هه‌شتاكان، نوێكه‌ره‌وه‌ی زمان و فۆڕمی شیعری كوردی نییه. ئێستاش فۆڕم و زمانی زۆربه‌ی شاعیرانی كورد، فرسه‌خێك له زمانی گۆران دوورنه‌كه‌وتۆته‌وه. لێره‌دا، به پێویستی ده‌زانم له سه‌ر ئه‌وه بوه‌ستم، كه ڕه‌نگه مه‌به‌ستی (دیار له‌تیف) له‌و بۆچوونه، ئه‌زموونی (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) بێت كه به فۆڕم و زمانێكی نوێ له زێوانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و تا ئێستاش به‌رده‌وامه.
به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بزانین ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر، ئه‌زموونی هه‌شتاكان نییه، به‌ڵكو ئه‌زموونی هه‌موو قۆناغه‌كان و ئه‌زموونێكی به‌رده‌وامه. ئه‌م شاعیره كه زێوان له نیوه‌ی دووه‌می هه‌شتاكان بڵاوده‌كاته‌وه، مانای وا نییه شاعیری هه‌شتاكانه، مه‌گه‌ر ئێستا ئه‌م شاعیره، له هه‌شتاكان زیاتر، پڕله وزه و تین و تاوی شیعری نییه؟ ئه‌مه له‌لایه‌ك ، له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر به هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته نێو چوارچێوه‌ی ئه‌زموونی شیعری هه‌شتاكان به گشتی، ته‌نانه‌ت ناونانی ئه‌م شاعیره به (ته‌لیعییه‌كان) به بڕوای من هه‌ڵه‌یه و پێویستی به ڕاستكردنه‌وه‌یه. چونكه هیچ شاعیرێكی ته‌لیعییه‌كان و ده‌یه‌ی هه‌شتاكان، نه‌یتوانی به‌و فۆڕمه‌ی ئه‌و شیعر بنووسێت. ئینجا ئه‌وه گرنگ نییه كه خوێنه‌ران (به خۆشمه‌وه) له شیعره‌كانی ده‌گه‌ن یاخود نا؟ ناونانی ئه‌م ئه‌زموونه له چوارچێوه‌ی شیعری ته‌لیعییه‌كاندا، به بڕوای من هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی و ئه‌ده‌بییه. وه‌ك چۆن كه‌سانێك (زێوان) به ڕۆمانه شیعر ده‌زانن، له كاتێكدا قه‌سیده‌یه‌كی درێژه و گوزارشت له توانا و هه‌ناسه درێژی ئه‌م شاعیره له نووسینی شیعردا ده‌كات. ئه‌گه‌ر زێوان ڕۆمانه شیعر بێت، ئه‌وا شتێكی جیاواز نییه، چونكه شێركۆ بێكه‌سیش ڕۆمانه شیعری نووسیوه. ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر، نه په‌یوه‌ندی به هه‌شتاكانه‌وه هه‌یه، نه به ڕابردوو، نه ئێستا، ئه‌م ئه‌زموونه به‌رده‌وامه.
من پێشتریش گوتوومه، تاكو ئه‌و دنیابینییه جیاواز و زمان و فۆڕمه جیاوازه‌ش بوونی هه‌بێت، ئه‌زموونه‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت. بۆیه به شێوه‌یه‌كی گشتی، ده‌یه‌ی هه‌شتاكان، نه‌ك خه‌تكوژێنه‌وه‌ی دوو ده‌یه‌ی پێشووتر نییه، به‌ڵكو شیعری ئه‌و قۆناغه له ڕووی گوتار و ناوه‌ڕۆك و ته‌نانه‌ت فۆڕمی شیعریشه‌وه، جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ شه‌سته‌كان و هه‌فتاكان نییه. بگره گوتاره شیعرییه‌كه‌شی درێژكراوه‌ی هه‌مان گوتاری نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاكانه، به فۆڕمێكی جیاواز. زمانی شیعری له قۆناغی هه‌شتاكاندا، ده‌بێته زمانێكی ناڕاسته‌وخۆ، ده‌نا چه‌مك و مانا به‌رگریی و شۆڕشگێڕییه‌كان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بوونی ئازادی و ژیانی ژێر ده‌سته‌یی، گوتاری سه‌ره‌كی ئه‌و زه‌مه‌نه‌یه تاكو ڕاپه‌ڕین. له دوای ڕاپه‌ڕین و به تایبه‌تیش شیعری دوای ده‌یه‌ی دووهه‌زاره‌كان، زمانی شیعری چ له ئاستی ده‌ربڕین و چ له ئاستی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكدا، تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر بێ به‌ها و بێ مانا ده‌بێت.
له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی شیعر له سه‌ر ده‌ستی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی خۆی به نه‌وه‌ی نوێ و دوای ڕاپه‌ڕین ده‌ناسێنێت، بۆش و بێ مانا و میللییانه ده‌بێت. ته‌نانه‌ت كه‌سانێك جیاوازی له نێوان قسه و شیعریش ناكه‌ن. ئه‌م گه‌ڕه‌لاوژێیه له نووسینی شیعردا، ترازانێكی گه‌وره له نێوان شیعر و خوێنه‌ردا كه ده‌یان ساڵ بوو به تاسه‌وه شیعری ده‌خوێنده‌وه، دروست ده‌كات و تا سه‌ره‌نجام به‌وه ده‌گات ده‌زگاكانی چاپ زۆر بێ منه‌تانه بنووسن (تكایه شیعر) چاپ ناكه‌ین. دوای ڕاپه‌ڕین، زمان و فۆڕمی شیعری كوردی نه‌ك نوێ ناكرێته‌وه، بگره وێران و ته‌لخ ده‌كرێت. ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و شاعیرانه‌ی ده‌نگی دیاری هه‌فتاكان و هه‌شتاكان بوون، ده‌كه‌ونه كاوێژكردنه‌وه‌ی خۆیان و نووسینی هه‌ندێك ده‌قی ساده و ساكار، به ڕاده‌یه‌ك كه خوێنه‌ر ده‌یانخوێنێته‌وه، تووشی شۆك ده‌بێت كه ئه‌م شاعیرانه، دوای ئه‌زموونێك له شیعر، ئه‌م قسه ساده‌و بێ مانایانه، به ناوی شیعر بڵاو بكه‌نه‌وه.
سه‌یری فه‌یسبووكه‌كانیان بكه‌ن؟ له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، شیعری كوردی ئه‌گه‌رچی به‌ره و سۆبژێكت ده‌چێت و چیتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌یه‌كه نییه، ئیدی په‌یامێك له شیعردا نامێنێت. بۆیه په‌یوه‌ندی شیعر و خوێنه‌ر به گشتی، كۆتایی دێت و به ده‌گمه‌ن ده‌قێكی هونه‌رییانه و بابه‌تییانه ده‌بینین به ناوی شیعر. له ئێستادا، گه‌ڕان به دوای شیعری ڕاسته‌قینه و شاعیری روئیا جیاواز، له نێو دنیای شێواو و بێ مانابوونی شیعری كوردیدا ئه‌سته‌مه. به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه شاعیری به توانا بوونی نه‌بێت. چونكه بیرمان نه‌چێت، تاریكایی چه‌ند نوته‌ك بێت، هێشتا هه‌ندێك شت هه‌ن له‌و تاریكایه‌دا ده‌دره‌وشێنه‌وه.
ستراتیژیه‌تی ناونیشان، یان كۆدی ناونیشان؟!
ته‌وه‌ره‌ی دووه‌می وتاره‌كه‌ی دیار له‌تیف، له باره‌ی ستراتیژیه‌تی ناونیشانه له ئه‌زموونی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا. به‌ڵام له په‌راوێزی ئه‌و باسه‌وه، نووسه‌ر به گشتی له باره‌ی ناونیشان و په‌یوه‌ندی ناونیشان به ئه‌ده‌بیات و چه‌مكی ناونیشان به گشتی ده‌دوێت. به بڕوای من، ئه‌وه‌ی له ناونیشانی شیعری ڕه‌نجده‌ردا هه‌یه ستراتیژیه‌ت نییه، به‌ڵكو كۆدی ناونیشانه، چونكه هه‌موو ستراتیژیه‌تێك (درێژخایه‌ن یان كورت خایه‌ن) له پێناو ئامانجێكه و ته‌واو ده‌بێت، بۆیه كۆدی ناونیشان ڕاستتره، له به‌ر ئه‌وه‌ی به گشتی ناونیشان له شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌دا، كۆد ئامێزن و چه‌ندان مانا و ده‌لاله‌تی زمانه‌وانی و واتایی شاراوه‌یان هه‌یه. دیار له‌تیف له سه‌ره‌تاوه، له باره‌ی ناونیشانه‌وه ده‌نووسێت:(ناونیشان له پایه گرنگه‌كانی ژیانه، بازاڕ و دام و ده‌زگاكان، سوودمه‌ندی سه‌ره‌كین له تابلۆ و ناونیشانه‌كان. ناونیشان زمانی ناساندن و به‌رچاو ڕوونییه، بیر له‌وه بكه‌وه ناونیشان نه‌بێت، شاره‌كان ده‌كه‌ونه چ ته‌نگه‌ژه و دژوارییه‌ك؟) ئه‌مه ته‌نها دیوێكی ناونیشانه، نه‌ك هه‌مووی. كێشه‌ی نووسه‌ر له‌وه دایه، دیوه ناشرین و چه‌واشه‌كراوه‌كه‌ی ناونیشان نابینێت، كه چ ڕۆڵێكی چه‌واشه‌كراوانه له به لاڕێدابردنی هزرو بینینی خه‌ڵك ده‌گێڕێت. له نێو ئێمه‌دا، ناونیشان فاكته‌رێكه بۆ فریودان و ده‌ستخه‌ڕۆكردنی مرۆڤ به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه ئه‌وه‌ی له پێشه‌وه‌ی هه‌موو شتێكه، ده‌سكه‌وتی بازرگانی و قازانجه، نه‌ك ناساندنی جۆر و كواڵیتی كاڵا و شمه‌كه‌كان. به هه‌زاران ناونیشانی جوان و سه‌رنج ڕاكێشی ماركێت و بازاڕه‌كان ده‌بینین، كه ده‌چینه ناویان، ڕێك پێچه‌وانه‌ی ناونیشانه‌كانییان كار ده‌كه‌ن و كاڵا ده‌فرۆشن. بۆنموونه: ناونیشانی ماركێتێكی گه‌وره ده‌كه‌وێته به‌رچاوت، كه‌چی كاتێ پرسیاری خواردنێكی تایبه‌ت به نه‌خۆشانی شه‌كره‌ی لێ ده‌كه‌یت نییه‌تی. وه‌ك هاووڵاتییه‌ك، به سه‌دان جار ڕووبه‌ڕووی ئه‌م به‌لاڕێدابردنه بوومه‌ته‌وه.
جارێكییان له هه‌ولێر، ناونیشانی كتێبخانه‌یه‌كم له‌و كتێبخانانه‌ی ده‌كه‌ونه پشت پارێزگاوه كه‌وته به‌رچاو، له ژێره‌وه‌ی ناونیشانه‌كه‌ی نووسیبووی: ( بۆ فڕۆشتنی هه‌موو جۆره كتێبێكی ئه‌ده‌بی) كه چی كاتێ پرسیاری كتێبی (گۆران و ئه‌ده‌بی ئینگلیزی) م لێ‌كرد كه (عومه‌ر مه‌عرو به‌رزنجی) نووسیویه‌تی، له وه‌ڵامدا خاوه‌نی كتێبخانه‌كه گوتی:نیمه.
پرسیاری كتێًبێكی دیكه و دووان و سێیانم لێ‌كرد، هه‌ر نه‌یبوو، له‌وه‌ڵاًمدا پێمگوت: ئه‌م ناونیشانه زل و گشتییه چییه له كتێبخانه‌كه‌ت داوه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ت نه‌نووسیایه، دڵنیابه نه ده‌هاتمه كتێبخانه‌كه‌ت. خاوه‌نی كتێبخانه‌كه، ته‌ریق بۆوه، بێ ده‌نگ و بێ وه‌ڵام مایه‌وه. ئه‌مه نموونه‌یه‌كه له‌وه‌ی كه ڕۆژانه ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه و تیایدا ڕیكلام و ناونیشانه‌كان فریومان ده‌ده‌ن. گرفتی دیار له‌تیف ئه‌وه‌یه، كه كوردستان به ئه‌وروپا تێ گه‌یشتووه، بۆیه پێی وایه ناونیشان و هێماكانی هاتووچۆ و ئاراسته‌ی ڕۆیشتن و تایتڵی شوێنه گشتی و تایبه‌تییه‌كان،لای ئێمه ڕۆڵێكی گرنگ ده‌بینن. له كاتێكدا بڕوام وایه به پێچه‌وانه‌وه‌یه. دواتر ده‌كرێ بپرسین، ئه‌م جۆره ناونیشانانه، چ په‌یوه‌ندییان به ناونیشانی ئه‌ده‌بی و ده‌قی شیعرییه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست (شت گوتن) و درێژدادڕی نه‌بێت؟ ده‌بێ بزانین، ناونیشان وه‌ك چه‌مكێك له دونیای ئه‌ده‌بدا، جیایه له‌گه‌ڵ ناونیشان وه‌ك چه‌مكێك له دونیای ئه‌مڕۆی ماددی و سه‌رمایه‌داری فریوده‌رانه‌ی مرۆڤ، كه هه‌موو ئامانجێكی قازانج كردنه له په‌نای چه‌واشه‌كردن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك. بۆیه ئه‌و ڕۆڵه‌ی ناونیشان به گشتی له كۆمه‌ڵگاكانی دیكه هه‌یه‌تی، یه‌ك له سه‌دی ئه‌و ڕۆڵه‌ی له نێو ئێمه‌دا نییه.
نووسه‌ر له وتاره‌كه‌یدا به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌نووسێت:(ده‌ق به بێ ناونیشان ته‌واو كۆ نابێت، ناونیشان پوختكردنه‌وه‌ی ده‌قه بۆ وشه یان گرێ، به فه‌رامۆشكردنی ناونیشان ناته‌واوی ده‌كه‌وێته ده‌ق، ده‌كرێ له ناونیشاندا به دوای مانای شیعریدا بگه‌ڕێین) له ڕاستیدا، ئه‌م تیۆره و ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی نووسه‌ر بۆ ناونیشانی شیعری، بۆ هه‌موو شاعیرێك ده‌شێت (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) نه‌بێت، كه نووسه‌ر له باره‌ی شیعر و ناونیشانی شیعری له ئه‌زموونی ئه‌وه‌وه ده‌دوێت. له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه ده‌كه‌ین، ده‌ق پوخت بكه‌ینه‌وه بۆ ناونیشان. به هیچ شێوه‌یه‌ك و به هیچ جۆرێك، شیعره‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، پوخت ناكرێنه‌وه له ناونیشاندا، ئه‌مه یه‌كه‌م، دووه‌م، له ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا به گشتی، ناونیشان یه‌كه‌یه‌كی دابڕاوه له ده‌ق و په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی و بابه‌تی ئه‌وتۆی به ده‌قه‌وه نییه. خوێنه‌ر ده‌توانێت ناونیشان له شیعری ئه‌و شاعیره‌دا، وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی زمانه‌وانی و بابه‌تی سه‌ربه‌خۆ بخوێنێته‌وه.
ناونیشان لای ئه‌و، جۆرێكه له ده‌قێكی دیكه‌ی جیا له ده‌ره‌وه‌ی فه‌زای شیعره‌كه. ئه‌وه‌ی به یه‌كتریان ده‌به‌ستێته‌وه، پوختكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕٍۆك نییه، به‌ڵكو دوو ڕووبه‌رن كه هه‌ڵگری دوو تیمه‌ی جیان. بڕواناكه‌م له شیعری هیچ شاعیرێكدا، هێنده‌ی ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ناونیشان دابڕاو بێت له ده‌ق. له ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌دا، ناونیشان بۆ ئه‌وه نییه بزانین شاعیر چی ده‌ڵێت، چونكه شیعر، خانوو، ناونیشانیش ده‌رگا نییه، تا لێیه‌وه بچینه ژووره‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ناونیشانی شیعری لای ئه‌و، به مانای ده‌قێكی دیكه و ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌ی شیعری، كه ده‌شێ به ته‌نها له ده‌ره‌وه‌ی فه‌زای شیعری ببینرێت و بخوێنرێته‌وه. ئه‌م تێگه‌یشتنه بۆ ناونیشان، له شیعری هاوچه‌رخ و مۆدێرنه‌دا شوێنی نابێته‌وه. دواتر، ئه‌گه‌ر له شیعری هه‌ر شاعیرێك، ناونیشان ده‌ره‌چه‌یه‌ك بێت بۆ چوونه نێو ده‌ق و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ده‌ق بێت، ئه‌وا له ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، ناونیشان ده‌لاله‌تێكی دیكه‌ی هه‌یه و بگره زۆرجار پارادۆكسیش ده‌كه‌وێته‌وه. بۆ نموونه: له شیعری (چاوه‌ڕوانی تێكشكاو)دا، شاعیر ده‌ڵێت:_
به ڕووخسارێكی پڕ شادییه‌وه…
ڕووبه‌ڕووی ئاڵای وڵاته‌كه‌م وه‌ستاوم…
سه‌رنج له ناونیشانی شیعره‌كه بده‌ن، چه‌ند گوزارشتێكی نا ئومێدی و ڕه‌شبینانه ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌چی كه ده‌چینه نێو شیعره‌كه، یه‌كڕاست شاعیر گه‌مه‌یه‌كی زمانه‌وانی و واتایی هێنده قووڵ و هونه‌رییانه ده‌كات، ئه‌و هه‌سته ڕه‌شبینییه بوونی نامێنێت. ئیدی نازانم چۆن ناونیشان پوختكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی شیعره له ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌دا؟ وێرای ئه‌مه‌ش، چاوه‌ڕوانی كردارێكی هه‌ستی و سایكۆلۆژی مرۆڤه و به كۆتا نایه‌ت، ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامی چاوه‌ڕوانییه‌كه به دیوی ئه‌رێنی یان نه‌رێنی نه‌زانین، به‌ڵام شاعیر، ڕسته‌یه‌كی شیعری هێنده جوانی له دانه پاڵ هه‌ردوو وشه‌ی (چاوه‌ڕوان) و (تێكشكاو) دا دروست كردووه، كه ئستاتیكایه‌كییان به ناونیشانی شیعره‌كه‌داوه. له شیعری كوردیدا، سه‌دان و هه‌زاران وشه‌ی چاوه‌ڕوانی هه‌یه و ده‌شبێت، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی تێكشكاو، گومان ده‌كه‌م بوونی هه‌بێت. زۆر جار ده‌گوترێت:_ (ئه‌وه‌نده چاوه‌ڕێم كردی لێڵایی به چاوم داهات، مردم ئه‌وه‌نده‌ی چاوه‌ڕێت بكه‌م، له چاوه‌ڕوانیتدا سوێم بووه‌وه، چاوه‌ڕوانی مردنێكی له سه‌ر خۆیه) به‌ڵام نه‌مبیستووه كه‌سێك بڵێت:_ (چاوه‌ڕوانی تێكشكاو) به هه‌مان شێوه له شیعری (خۆدركاندن) دا، شاعیر ده‌ڵێت:_
ماندووبووم به ئاشنابوونی یه‌كه‌مین نهێنی..
له نێوان دركاندن ونهێنیدا، پارادۆكسێكی گه‌وره‌ی واتایی و زمانه‌وانی هه‌یه.چونكه هه‌موو نهێنییه‌ك دژ به دركاندنه و هه‌موو دركاندنێكیش، ڕه‌هه‌ندی نهێنی بوونانه‌ی خۆی نامێنێت. ناونیشانی شیعره‌كه، ده‌له‌لات له ئاشكرایی ده‌كات، به‌ڵام ده‌سپێكی شیعره‌كه، باس له ئاشنابوون به نهێنی ده‌كات. ئه‌م جۆره له دانانی ناونیشان و ده‌سپێكی چوونه نێو ده‌قه شیعرییه‌كاندا، گه‌مه‌یه‌كی واتایی و زمانه‌وانی شیعرییه و شاعیر به ئاگایه‌كی قووڵه‌وه و به مه‌به‌ستی سه‌رقاڵكردنی هزری خوێنه‌ر له به‌ستنه‌وه‌ی به ده‌قه شیعرییه‌كاندا، ده‌یكات. ئه‌مه جۆره له په‌یوه‌ندی پارادۆكسانه‌ی ناونیشان به ده‌سپێكی شیعرییه‌وه، له چه‌ندین شیعری دیكه‌ش ده‌بینرێت. وه‌ك:_
ڕێگای جادوویی
ئه‌وهات…
من چووم…
یاخود:_
ئاوێنه‌ی ده‌ستی گورگ
له بیركردنه‌وه‌یه‌كی پاكیزه‌یی و ئه‌فسانه‌ییدا..
یانیش:_
گورگێكی ئاشتیخواز
ئه‌م ناونیشان و ده‌سپێكی چووونه نێو ده‌قه‌كان، ده‌كرێ وه‌ك دوو تیمه‌ی جیاوازی شیعری بیانخوێنینه‌وه، كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تی و ئۆرگانییان به یه‌كه‌وه نه‌بێت. پاكیزه‌یی، هاودژی گورگه كه هێمایه بۆ دڕنده‌یی و كوشتن و خوێن، سه‌دان نموونه‌ی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ش له شیعری ڕه‌نجده‌ردا هه‌ن. ئه‌مه ده‌لاله‌ته له‌وه‌ی كه گوزارشتی (كورتكردنه‌وه‌ی ده‌ق له ناونیشان وچڕكردنه‌وه‌ی مانای ده‌ق له ناونیشاندا) وه‌ك ئه‌وه‌ی دیار ده‌یڵێت، تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه به تایبه‌تیش له ئه‌زموونی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، كه ناونیشان له شیعری ئه‌ودا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ده‌ق نییه. ئه‌مه به‌و مانایه نا، ناوه‌ڕۆك و شیعر له یه‌كتری جیاوازبن، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان هه‌ڵگری گوتار و مانا و ئاماژه‌ی تایبه‌ت به خۆیانن. نووسه‌ر هێنده‌ی له سه‌ر ئه‌وه ده‌وه‌ستێت، كه ناونیشانه‌كانی شیعری ئه‌و شاعیره (دڵخوازو مه‌یلخوازن) یاخود (تاك وشه‌یی و ڕسته‌یین) یانیش (نامۆ و باون) هێنده نه‌چۆته نێو قووڵایی ڕه‌هه‌ندی واتا و مانا له ناونیشانی شیعره‌كاندا. واتا ته‌نها دیوه ڕێزمانییه‌كه‌ی ناونیشانه‌كانی بینیوه و دیوه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی له به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت فه‌رامۆشكردووه.
لێره‌دا با له سه‌ر ئه‌وه بوه‌ستین، بۆچی ناونیشان له ئه‌زموونی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، یه‌كه‌یه‌كی جیاوازه و ده‌كرێ وه‌ك ده‌قێكی سه‌ربه خۆ ببینرێت؟ بۆچی ناونیشان له شیعری ئه‌ودا، ئاڵۆزه و هه‌ندێ جاریش نامۆ؟ له ڕاستیدا، ئه‌مه په‌یوه‌ندی به بوونی واتاییانه‌ی ناونیشانه‌وه هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق. به‌و مانایه‌ی له پاڵ ده‌قی شیعریدا، خوێنه‌ر ده‌توانێت ناونیشانیش وه‌ك ده‌قێكی دیكه‌ی شیعری ببینێت. بۆنموونه:
ناونیشانی(له كتێبخانه‌ی بابه‌تاهیری هه‌مه‌دانیدا) له‌یه‌ك كاتدا چه‌ندین ده‌لاله‌تی مێژوویی، فه‌رهه‌نگی، پرسیاریی، كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. هه‌ڵبه‌ته كه‌سمان له سه‌رده‌می بابه‌تاهیردا نه‌ژیاوین تا بزانین كتێبخانه‌ی هه‌بووه یاخود نا، به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت كه بابه‌تاهیر، ڕه‌مزی سه‌رچاوه‌ی ڕۆشنبیریی و فه‌رهه‌نگی كوردییه، چونكه مێژووی ڕۆشنبیریی كوردی، له شیعره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و بابه‌تاهیریش یه‌كه‌م شاعیری كورده كه شیعری نووسیوه. كه واتا ئاماژه‌كردن به بابه‌تاهیر، ناڕاسته‌وخۆ گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌ر مێژووی فه‌رهه‌نگی كورد، هاوكات بابه‌تاهیر وه‌ك شاعیرێك، مرۆڤێكی یه‌كجار هه‌ژار و نه‌دار و بێ لانه بووه و ژیانێكی زۆر ساده و نه‌بوونیانه ژیاوه، لێره‌وه‌ش بابه‌تاهیر ده‌بێته ڕه‌مزی ئه‌و ژیانه ساده و پڕ نه‌هامه‌تی و نه‌بوونییه‌ی، كه به گشتی شاعیران تیایدا ده‌ژین.
بابه‌تاهیر، ڕه‌مزه بۆ نووسینی شیعر، كه‌واتا لێره‌دا شاعیر شكۆ و گه‌وره‌ی شیعر پیرۆز ڕاده‌گرێت. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، خودی ئه‌و ناونیشانه ئه‌و پرسیاره لای خوێنه‌ر جێدێڵێت كه له كتێبخانه‌ی ئه‌ودا چی ده‌كرێت؟ مه‌به‌ستی شاعیر چییه؟ گریمان ئه‌گه‌ر ئه‌و ناونیشانه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق، وه‌ك تیمه‌یه‌كی جیاواز بخوێنرێته‌وه، نابێته ده‌قێكی شیعری سه‌ربه‌خۆ؟ ئه‌و له ده‌قێكی دیكه‌شیدا، بابه‌تاهیر وه‌ك ناونیشانێكی دیكه‌ی جیا به‌كاردێنێت.
له شیعری ( ده‌ستنووسێكی تازه دۆزراوه‌ی چوارینه‌كانی بابه‌تاهیر) دیسانه‌وه بابه‌تاهیر وه‌ك ناونیشانی شیعریی ئاماده‌یی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به واتای دیكه. له هه‌ردوو شیعره‌كه‌دا، بابه تاهیر وه‌ك دوو سیمبول و دوو ئاماژه‌ی مانا و ناونیشانی جیاواز به كارهاتوون. له ده‌قی دووه‌میاندا، بابه تاهیر ئه‌مجاره‌یان ده‌بێته ڕه‌مز بۆ مێژووێكی بزرتر و دێرینتر. به ده‌ربڕینێكی تر، ئه‌گه‌ر له‌ده‌قی (كتێبخانه‌ی بابه‌تاهیری هه‌مه‌دانیدا) ئێمه له به‌رده‌م كتێبخانه‌یه‌ك دابین (كه كتێبخانه سه‌رچاوه‌ی زانست و مه‌عریفه‌یه) ده‌شێ ئه‌و كتێبخانه‌یه، جگه له به‌رهه‌می بابه‌تاهیرخۆی، كتێبی دیكه‌شی تێدا بێت، به‌ڵام له ناونیشانی دووه‌مدا، ده‌ستنووسه‌كه هی خودی بابه‌تاهیر خۆیه‌تی. بێگومان ده‌ستنووسیش، به‌رهه‌می هزر و دنیابینی مرۆڤه. واتا جارێكی دیكه شاعیر سیفه‌تی دانایی و ڕۆشنبیری ده‌داته‌وه پاڵ بابه‌تاهیر، به‌ڵام به گوتارێكی دیكه‌وه. واتا ئه‌مجاره‌یان مێژووی فه‌رهه‌نگی كوردی، له ئاستی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌ییدا، دورتر ده‌بات. به‌و پێیه‌ی ده‌ستنووس، مێژوو، زمان، هزره.
ئه‌وه‌ی بۆمن زۆرتریش جێگه‌ی سه‌رنج بوو له‌و ناونیشانه‌دا، ئه‌وه‌بوو كه ئه‌و شیعره وێرای ئه‌وه‌ی له سه‌رشێوازی چوارینه، به‌ڵام به زمانی ئازاد نووسراوه. كه ئه‌مه‌ش گۆڕانێكی دیكه‌یه به ئاراسته‌ی خاسیه‌تی نوێی شیعری له ئه‌زموونی ئه‌و شاعیره‌دا. بۆیه له ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ردا، ناونیشان ده‌لاله‌تێكی دیكه‌ی هه‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ك بێت بۆ چوونه نێو ده‌ق. دواتر ئه‌گه‌ر له ناونیشاندا، بۆ مانای شیعری بگه‌ڕێین، كه واتا ئێمه له به‌رده‌م ده‌قێكی شیعری زیندوو دانین، چونكه كاتێ شیعرێك هه‌موو ماناكانی خۆی له ڕێی ناونیشانه‌وه به‌یان ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی دیار ده‌یڵێت، كه‌واتا چ پێویست به خوێنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌یه؟ ئێمه كه سه‌ره‌تا مانای شتێكمان زانی، شه‌ن و كه‌وكردنی بۆچییه؟ له ڕاستیدا وه‌ك باسمان كرد، ئه‌م تێڕوانینه بۆ هه‌ر شاعیرێك و بۆ ئه‌زموونی هه‌ر شاعیرێك لۆژیكی و بابه‌تی بێت، ئه‌وا بۆ ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، بێ ئاگایه‌كی گه‌وره‌یه له شیعری ئه‌و. نووسه‌ر له لێكدانه‌وه‌ی به‌شێكی ناونیشانه‌كان كه‌وتۆته هه‌ڵه‌وه. بۆ نموونه له باره‌ی ناونیشانی (ساڵی سفر) دیارده‌نووسێت:
( له‌و قسه سه‌رزار و سواوانه وه‌رگیراوه كه ده‌گوترێت سعاتی سفر) به‌ڵام به بڕوای من، نووسه‌ر ده‌بوو ئه‌وه بزانێت كه (سعاتی سفر) ، نه‌ك هه‌ر قسه‌یه‌كی باو و سه‌ر زاره‌كی و سواو نییه، به‌ڵكو زۆر تایبه‌ت و شاراوه و دیاریكراویشه، چونكه ئه‌م ده‌ربڕینه، ته‌نها له زانستی سه‌ربازیی و له شه‌ڕدا ده‌گوترێت و كۆدێكی تایبه‌ته. جگه له بارودۆخی شه‌ڕ و ئه‌وانه‌ی له به‌ره‌كانی شه‌ڕدان، كێ سعاتی سفر به‌كار دێنێت؟ هاوكات شاعیر ساڵی سفری نووسیوه كه له ڕووی واتاوه جیاوازه له سه‌عات. ڕاسته هه‌ردووكییان پێوانه‌ی مێژوویی و زه‌مه‌نین، به‌ڵام ساڵی سفر داهێنراوه و نه‌ك وه‌ك سعاتی سفر كه هه‌بووه‌وه هه‌ر ده‌شمێنێت. به‌ڵام با پرسین نووسه‌ر بۆ چی باسی ناونیشانی (ئاهه‌نگی ساڵی مردنی داینه‌سۆڕ) ی نه‌كردووه كه یه‌كێكه له ناونیشانه كه‌م و نامۆ و ده‌گمه‌ن و پڕ واتاكان؟ ئایا ساڵی داینه‌سۆریش له قسه باوه‌كانی سه‌ر زاری خه‌ڵك وه‌رگیراوه؟ یان داهێنراوێكی شاعیره؟ له باره‌ی زێوانیش، دیار ده‌ڵێت:
(زێوان ناونیشانێكی هونه‌ری و ئاره‌زووبه‌ر نییه و نامۆیه) لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه نووسه‌ر شیعری ئه‌م شاعیره، له چوارچێوه و هاوشێوه‌ی شیعری هه‌ر شاعیرێكی دیكه ده‌بینێت. چونكه خوێنه‌ری شیعر له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا به گشتی، به دوای چێژی شیعر و جوانی وێنه و هونه‌ری وشه‌یه، نه‌ك پرسیار و گومان و بیركردنه‌وه، بۆیه له به‌رایی هه‌موو شتێك‌دا، له شیعردا به دوای چێژدا ده‌گه‌ڕێت. په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شیعر له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه شیعرێكی خوێنده‌وه، چه‌ند هاوشێوه‌ی خواردنێك چێژی پێ به‌خشیوه. دروست وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر (گه‌ده) كه پڕبێت ته‌واو، ئیدی ئه‌و خۆراكه ته‌ندروسته یان نا، كاریگه‌ریه‌تی لاوه‌كی به سه‌ر ته‌ندروستییه‌وه هه‌یه یان نا، ئه‌مه گرفت نییه. بێگومان ئێمه ده‌زانین چێژ له هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا خاسیه‌تێكی هونه‌ری گرنگه، به‌ڵام چێژ هه‌مووشت نییه له شیعر و وشه و گوتندا. ده‌شێ شاعیرانێك هه‌بن وه‌ك (ڕه‌نجده‌ر) كه ئه‌وه‌نده‌ی شاعیری پرسیار و بیركردنه‌وه و دروستكه‌ری ڕامانی شیعرییانه بن، لای خوێنه‌ر ئه‌وه‌نده چێژ و ئاره‌زووخوازیی به‌لاوه گرنگ نه‌بێت. زێوان ناونیشانێكی ئالۆز و و پڕ مانا و نوێشه بۆ سه‌رده‌مه‌كی خۆی و به ئێستاشه‌وه زێوان یه‌كێكه له‌و وشه نا فه‌رهه‌نگییانه‌ی كه باو نییه. بگره زۆرینه‌ی خه‌ڵك هه‌ر واتاكه‌شی نازانن.
ئێمه ڕاهاتووین هه‌میشه ناونیشانی ده‌ق لامان جوان و ساده و ڕۆمانسییانه بێت. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شاعیر ناوی ئه‌و كۆمه‌ڵه شیعرییه‌ی ناوه (زێوان) شاعیرانی دیكه ناوی كۆمه‌ڵه شیعرییه‌كانی خۆیان ده‌نا (ته‌مه سپیه‌كانی ڕوح و دووكه‌ڵ و گه‌رمنه‌بوونه‌وه و هه‌رمێن) و گه‌لێك ناونیشانی دیكه‌ش. ئایا زێوان به به‌راورد له گه‌ڵ ئه‌و ناونیشانانه، نوێ و ئاماژه‌یی تر نییه؟ كه‌واتا ئاره‌زووبه‌ر یانی چی؟ ناونیشانی شیعری لای ڕه‌نجده‌ر، هه‌ر له‌زێوانه‌وه تا سه‌ره‌تا وشه بوو، جێگه‌ی له سه‌ر وه‌ستان و قووڵبوونه‌وه‌یه، ناونیشان له شیعری ئه‌ودا، ده‌روازه‌یه‌ك نییه بۆ چوونه نێو ده‌ق، به‌شێكیش نییه له بینای شیعری ده‌ق، به‌ڵكو ده‌قێكی جیایه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه شیعرییه‌كان. واتا ده‌توانین ئه‌و ناونیشانه شیعرییانه، وه‌ك به‌شێكی جیا له تۆ پۆگۆگرافیای ده‌قی شیعری ئه‌و ببینین. ئه‌م سه‌ربه‌خۆیه‌ی ناونیشان، كه ده‌ره‌نجامی ئاگایه‌كی گه‌وره‌ی شیعرییه، جۆرێك له ده‌لاله‌تێكی شیعری سه‌ربه‌خۆی به ناونیشانه‌كان داوه.
ناونیشانه‌كانی (سه‌ره‌تا وشه بوو، تاج سه‌ر گران ده‌كات، مردووێك ئاگای له هه‌مووانه، زمانه مۆمیا كراوه‌كان) ئه‌مانه له ئاستای بینا هونه‌ری زمان و داڕشتن و ڕسته‌سازییه‌وه، ڕسته‌ی سه‌ربه‌خۆن. ناونیشان لای ئه‌وشاعیره، به ئاگایه‌كی زۆری هزریی و ڕۆشنبیرییه‌وه كاری له سه‌ر ده‌كرێت. له ناونیشانی شیعره‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی شیعری هه‌ن و جۆرێك له كۆد ئامێزی له ناونیشانه‌كاندا هه‌یه. هه‌ر دیارترین ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ش، پرسیاره وه‌ك به‌شێك له مانا و تێكستی شیعریی، بۆ نموونه:(مردووێك ئاگای له هه‌مووانه) ئه‌م ناونیشانه، ناونیشانێكی ئاڵۆزه و هه‌ڵگڕی جۆرێك له پرسیاره. مردووێك چۆن ئاگای له هه‌مووانه؟ كێن ئه‌و هه‌مووانه؟ ڕه‌نگه ئێمه وا بزانین ئه‌و هه‌مووانه ئێمه‌ین (وه‌ك ئه‌وه‌ی دیار نووسیویه‌تی) كه‌چی كه شڕۆڤه‌ی ناونیشانه‌كه ده‌كه‌ین، به‌ر مانایه‌كی دیكه‌ی شاراوه، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مانایه ده‌كه‌وین كه بۆ ناونیشانه‌كه‌مان هه‌یه. مرۆڤ كه مرد، له ڕووی فیزیكی و جه‌سته‌یه‌وه نامێنێت و توانای درككردن و هۆش و بینینی له ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و مردووه نه‌ك هه‌ر سیفه‌تێكی زیندووی له‌لایه‌ن شاعیره‌وه پێ دراوه، به‌ڵكو له سه‌رووی درككردنیشه، چونكه ئه‌و مردووه و ئاگاشی له هه‌مووانه. ئه‌م ناونیشانه، ناونیشانێكی نامۆیه و هه‌ڵگری جۆرێك له ده‌لاله‌تی پرسیاركردنه.
ئه‌و پرسیاركردنه، خوێنه‌ر دائه‌بڕێت له شیعره‌كه و وای لێده‌كات له بری چوونه نێو ده‌قی شیعرییه‌وه، به دوای كۆده‌كانی ناونیشاندا بچێت. مردووێك چۆن ئاگای له هه‌مووانه؟ لێره‌وه‌ش ئێمه، به‌ر تێگه‌یشتنێكی دیكه ده‌كه‌وین. له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ده‌گوترێت:( مردووه‌كان زیندووه‌كان ده‌بینن وگوێبیستی قسه‌كانیان ده‌بن، به‌ڵام ئێمه ئه‌وان نابینین) زۆرجار كه سه‌ردانی گۆڕستان ده‌كه‌ین، به هه‌ستیارییه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵدێنین، یاخود له سه‌ر گۆڕی مردووه‌كان دانانیشین، چونكه پێمان وایه مردووه‌كه ئازارده‌ده‌ین، یاخود كه قسه‌یه‌ك ده‌كه‌ین، ئه‌وان گوێبیستی ده‌بن. ئه‌م ده‌ربڕینه، سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌و كه‌له‌پووره ئایینییه‌وه هاتووه كه له ئیسلامدا هه‌یه. به‌تایبه‌تیش كه ئایین وه‌ك ڕه‌گه‌زێك ئاماده‌یه‌كی گه‌وره‌ی له گوتاری شیعری ئه‌و شاعیره‌دا هه‌یه.كه چی دیارله باره‌ی ئه‌وناونیشانه‌وه (مردووێك ئاگای له هه‌مووانه) ده‌نووسێت:( ڕه‌نگه له‌و قسه‌یه‌ی نیتشه وه‌رگیرابێت كه ده‌ڵێت خودا مرد) به بڕوای من، ئه‌م ناونیشانه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و قسه بێ مانایه‌ی نیتشه‌وه نییه. هه‌ر خوێنه‌رێك به وردی له ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر ڕامابێت، ده‌زانێت (خودا و ئایین) پێگه‌یه‌كی چه‌ند به‌رز و پیرۆزیان لای ئه‌و هه‌یه. له شیعری ئه‌ودا، خودا نه‌ك نامرێت، به‌ڵكو سه‌رچاوه‌ی مانه‌وه و به‌رده‌وامی هه‌موو شتێكیشه. كه‌م شیعری ئه‌م شاعیره هه‌یه، ئایین، ئه‌فسانه‌ی ئایینی، كه له‌پووری تیادا ڕه‌نگ نه‌دابێته‌وه. ئه‌م قسه‌یه بۆ هه‌موو كه‌س گونجاو بێت، بۆ ڕه‌نجده‌ر بێ ئاگایه له شیعری ئه‌و.
پاشان ئه‌و (مردووه) نه‌ناسراوه، ئێمه نازانین مه‌به‌ستی له‌و مردووه مرۆڤه یاخود بوونه‌وه‌رێكی تر؟ ئه‌م شاعیره له ناونانی شیعره‌كانی و له ده‌قه‌كانیشیدا، له سه‌ر زمان ده‌وه‌ستێت. بۆ نموونه:( سه‌دو یه‌ك شه‌و، ساڵی سفر، شه‌ڕی چل ساڵه، ساڵی مردنی داینه‌سۆر) ئه‌م ژمارانه ژماره‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی و بیركاری نین ، به‌ڵكو له دنیابینی شاعیردا، بۆ مانا و ده‌ربڕینی دیكه به كاردێن كه ئێمه په‌ی پێ نابه‌ین. له باره‌ی ناونیشانی (شه‌ڕی چڵ) ساڵه، نووسه‌ر ده‌نووسێت:
(ڕه‌نگه ئه‌و شه‌ڕه، جه‌نگێكی كه‌تواری بێت، ئه‌و شه‌ڕه ده‌روونی و جه‌نگی سارد بێت، ده‌شكرێت مه‌به‌ستی چڵ ساڵ كاركردنی شاعیریش بێت) شه‌ڕی چڵ ساڵه، په‌یوه‌ندی به هیچ كام له‌و شه‌ڕانه‌وه نییه كه نووسه‌ر دیاری كردوون. جارێ ئه‌زموونی چڵ ساڵ كاركردنی شاعیر، گریمان نووسینی شیعر بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یڵێت، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر، له‌سێ ده‌یه و نیو تێپه‌ڕی نه‌كردووه، هاوكات شه‌ڕێكی كه‌تواریش نییه، چونكه سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، له‌و شاعیرانه نییه واقیع بنووسێته‌وه، تاكو مێژووی شه‌ڕه‌كان بكه‌ته كه‌رسته‌ی شیعری، چه‌مكی شه‌ڕی ساردیش باوی نه‌ماوه. له ڕاستید وه‌ك خوێنه‌رێك وای بۆ ده‌چم، مه‌به‌ست له ناونیشانی شه‌ڕی چڵ ساڵه، ته‌مه‌نی فیزیكییانه‌ی خۆی بێت، له شه‌ڕی ژیان و شه‌ڕی شیعریشدا.
چونكه ئه‌م شاعیره، هه‌ر له سه‌ره‌تای نووسینی شیعره‌وه تاكو ئێستاش، به‌داخه‌وه دژایه‌تی ده‌كرێت و ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه له نێو بازنه‌ی باودا، هاوكات ده‌كرێ ململانێی خودی خۆی وه‌ك مرۆڤێكیش بێت، له نێو ژینگه‌ی ژیان و بووندا، به‌و پێیه‌ی له ململانێیه‌كی سه‌ختی ژیان دابووه، چ له ئاستی كه‌سی، چ له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی. شه‌ڕی چڵ ساڵه ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم له ساڵی 2005 بڵاوكراوه‌ته‌وه، شاعیریش له ساڵی 1965 له دایكبووه، كه واتا مه‌ودای زه‌مه‌نی و مێژووی له دایكبوونی شاعیر، له‌گه‌ڵ زه‌مه‌نی بڵاو بوونه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌دا، چڵ ساڵی ته‌واو ده‌كات. لێره‌وه‌ش ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه دانانی ژماره وه‌ك ناونیشان بۆ شیعره‌كان، دانانێكی ڕه‌مه‌كی و ماتماتیكی ڕووت نییه، به‌ڵكو جۆرێك له په‌یوه‌ندی سایكۆلۆژی و ئه‌نتۆلۆژی، له نێوان ئه‌و ژمارانه و ژیانی شاعیردا هه‌یه. ئه‌و ژمارانه، هه‌ریه‌كه‌یان كۆدێكه نه‌ك ته‌نها ژماره‌یه‌كی حیسابی. كه‌چی دیار له‌تیف له باره‌ی ئه‌و ناونیشانانه‌ی به ژماره هاتوون له كۆ شیعری ساڵی سفردا ده‌نووسێت:
(ئه‌م جۆره ناونانانه هه‌بوونه، ته‌نانه‌ت ڕه‌گه‌كانی بۆ ناو شیعری كلاسیك ده‌گه‌ڕێته‌وه، له شیعری كلاسیك‌دا، له بری ژماره پیتی ئه‌بجه‌دی به‌كار هاتوون) به داخه‌وه ئه‌م نووسه‌ره، جیاوازی له نێوان پیت و ژماره ناكات. چونكه ناونیشانه ژماره‌ییه‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كان به پیته ئه‌بجه‌دییه‌كانی شیعری كلاسیكه‌وه نییه. ده‌كرێ لێره‌دا، كه‌مێك له سه‌ر ئه‌وه بوه‌ستین. بێگومان پیت، مۆرفێمێكه كه وشه پێكدێنێت و وشه‌ش ڕسته و هه‌موو ڕسته‌یه‌كیش بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ڕسته‌ی ته‌واو، ده‌بێ مانایه‌ك بگه‌یه‌نێت. كه واتا پیت به‌شێكه له بونیادی دروستكردنی مانا‌و گۆڕینی مانا. بۆ نموونه: پیتی (ب) ده‌كرێ به ( باران، با، به هێز، بۆن، به‌هار) بخوێنینه‌وه، مانای هه‌ریه‌ك له‌م وشانه، جیان له یه‌كتری. پیتی(ت) ده‌كرێ به ( تارمایی، تۆفان، ته‌خت، ته‌فروتونا) بخوێنرێته‌وه، به‌ڵام ژماره، بوونێكی میكانیكی و نه‌گۆڕ و ئه‌بستراكتی هه‌یه.
ژماره (1) یه‌كه، تۆ ناتوانی بیكه‌یته (2) ژماره (1033) هه‌ر ئه‌و ژماره‌یه و ناگۆڕدرێت، ئه‌مه سه‌ره‌تاییترین جیاوازی نێوان پیت و ژماره‌یه. كه‌واتا چ په‌یوه‌ندییه‌كی واتایی و بابه‌تی، له نێوان ژماره شیعرییه‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر و پیته ئه‌بجه‌دییه‌كانی شیعری كلاسیكی شاعیره كلاسیكه‌كان هه‌یه بۆیه به بڕوای من شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، شیعری خه‌یاڵ نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێك له خوێنه‌رانی ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره تێی گه‌یشتوون، به‌ڵكو شیعری پرسیار و گومان و فیكر و ڕامانن، كه پرسیار لای خوێنه‌ر دروست ده‌كه‌ن.
خه‌یاڵ به‌شێكه له وێنه‌ی شیعری و چێژی شیعری، به‌ڵام له ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌دا، پرسیار، هزر و ڕامان، به‌شێكن له تێگه‌یشتنی شیعر نه‌ك ئستاتیكا و چێژ. ئه‌م كۆده پرسیار ئامێزانه، ده‌ق وه‌ك ده‌قێكی زه‌مه‌نی و مێژوویی ده‌هێڵێته‌وه. چونكه هه‌ر كاتێك خوێنه‌ر به مانای ده‌قێك گه‌یشت، ئیدی ئه‌و ده‌قه له ئاستی خوێندنه‌وه و بینین‌دا كۆتایی دێت. بۆیه مانای شیعری به‌شێكه له بونیادی ده‌قی شیعر، كه زه‌مه‌ن و شوێن نا ناسێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێستاش زۆر شیعری نالی هه‌ن كه په‌ی به ماناكانیان نابردرێت. كه سه‌رنج له ناونیشان له شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ده‌ده‌ین، به‌ر ده‌لاله‌تی جیاوازی مانا و گوتار ده‌كه‌وین.
بۆ نموونه:_ ناونیشانی ( تاج سه‌ر گران ده‌كات) ئه‌م پرسیاره‌مان لادروست ده‌كات كه بۆچی تاج سه‌ر گران ده‌كات؟ مه‌به‌ست له تاج چییه؟ شاعیر له‌م ده‌ربڕینه‌یدا، ناڕاسته‌وخۆ، ڕه‌خنه له ئه‌قڵی سیاسی ده‌گرێت. تاج هێمایه بۆ ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنیش له بنه‌ڕه‌تدا، هه‌ڵگری هه‌زاره‌ها كێشه و ئاڵۆزین، ئه‌وانه‌ی له پایه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشن، هه‌میشه ده‌كه‌ونه به‌ر نه‌فره‌ت و تێڕوانینی ئه‌وان، كه واتا تاج ئه‌و خۆشبه‌ختییه نییه كه ڕه‌نگه كه‌سانێك خه‌ونی پێوه ببینن، به‌ڵكو سه‌رچاوه‌ی ئاشووب و نه‌هامه‌تی و نا ئاسووده‌یه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، گه‌ر له ڕووی ڕێزمانییه‌وه سه‌رنج له وشه‌ی (ده‌كات) بده‌ین، ده‌بینین ئه‌م وشه‌یه كاری ڕانه‌بردووه، ئه‌مه‌ش وه‌ك هێمایه‌ك كه تا ژیان و مرڤایه‌تی مابێت، كه‌سانێك هه‌ن تاج له سه‌ر ده‌نێن و خه‌ونی پێوه ده‌بینن، بێ ئاگا له‌وه‌ی ئه‌و تاجه چه‌ند سه‌رگران ده‌كات. له شیعری (گۆڕه‌پان بێ ناونیشانی جه‌نگه‌كانه‌وه) شاعیر چه‌ند ناونیشانێك ده‌نووسێت كه ده‌توانین وه‌ك تیمه‌یه‌كی شیعری جودا بیانبینین. ئه‌م ده‌قه، له چه‌ند ناونیشانێك به بێ تێكستی شیعری پێكهاتووه. واتا خوێنه‌ر ده‌توانێت وه‌ك ده‌قێكی شیعری دابڕا و سه‌ربه‌خۆ، له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قی شیعری بیانبینێت. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا ئه‌و بۆچوونه‌ی دیار ڕه‌ت ده‌كاته‌وه كه ده‌ڵێت:( ناونیشان پوختكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ده‌قه، یاخود له ناونیشانه‌وه له ناوه‌ڕۆكی ده‌ق ده‌گه‌ین) چونكه له‌م شیعره‌دا، ئێمه ته‌نها له به‌رده‌م چه‌ند ناونیشان و ڕسته‌یه‌كداین، به بێ ده‌قی شیعری. هه‌ریه‌ك له‌و ناونیشانانه‌ش، مانا‌و ده‌لاله‌تی خۆیان هه‌یه و په‌یوه‌ندیدار نین به یه‌كه‌وه. له‌م ده‌قه‌دا، ئه‌م ناونیشانانه ده‌بینرێن:
له كاتی خۆیدا له قووڵایی دا هه‌ڵده‌له‌رزم.
پێغه‌مبه‌ران به جۆره دوو دڵییه‌كه‌وه ڕووخساریان وه‌رگرت.
هێل كۆبووه‌وه‌ی خاڵ و ده‌ریای به‌هاژه‌یه.
ئه‌گه‌ر ناونیشان، به پوختكردنه‌وه و چڕكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ده‌ق بزانین وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نووسیویه‌تی، ئه‌وا له‌و ناونیشانانه‌دا، مانای شیعری مانایه‌كی به‌رده‌وامه وخوێنه‌ر ناگاته كۆتا مانای ده‌ق. بۆ نموونه: له كاتی خۆیدا، كه ڕانه‌بردووی ڕاگه‌یاندنه، زه‌مه‌نێكه دیار نه‌كراوه له ڕووی فیزیكییه‌وه. واتا خوێنه‌ر نازانێت، ئه‌و كاته چ زه‌مه‌نێكه. ئه‌م زه‌مه‌نه زه‌مه‌نی نێو شیعر و زه‌مه‌نی نێو هزری شاعیره و په‌یوه‌ندی به زه‌مه‌نی فیزیكییه‌وه نییه. ئه‌و (كاتی خۆی) ه كاتێكی ڕانه‌گه‌یێندراوه، ئه‌م ڕانه‌گه‌یاندنه، كۆدێكی پرسیار ئامێز دروست ده‌كات، كه وا له خوێنه‌ر ده‌كات بپرسێت ( ئه‌و كاته‌ی كه‌یه؟ دوای ئه‌وه چی ڕوو ده‌دات؟) هه‌میشه له ڕووبه‌ری شیعری ڕه‌نجده‌ردا، ته‌رحكردن نییه، واتا ئه‌و نایه‌وێت به خوێنه‌ر بڵێت ئه‌مه ده‌ڵێم، یاخود به خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه بگه‌یته مانا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌شێكی گه‌وره‌ی ڕووبه‌ری شیعری كوردی له‌دوای گۆرانه‌وه ده‌یبینین. به‌ڵكو كرۆكی شیعری ئه‌و له‌سه‌ر پرسیاركردن ده‌وه‌ستێت. بیرمان نه‌چێت پرسیاركردنیش، كرده‌یه‌كی هزرییه و ڕامان و تێهزرینی ده‌وێت تا ده‌گه‌یته وه‌ڵامێك یاخود هه‌ر پێی نه‌گه‌یه‌ت. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی، زۆر هونه‌رییانه گه‌مه‌ی واتایی به ناونیشانی شیعره‌كانی ده‌كات. له یه‌ك كاتدا هزری خوێنه‌ر په‌رت ده‌كات و كۆده‌كاته‌وه. ئه‌و له ناونیشاندا شتێك به‌یان ده‌كات، به‌ڵام كه ده‌چینه نێو ده‌ق، به‌ر دنیایێكی دیكه‌ی دیاواز ده‌كه‌وین. له شیعری (هه‌واڵی دووه‌م) دا كه له نامیلكه شیعری ( سه‌ره‌تا وشه بوو) بڵاوبۆته‌وه، شاعیر ده‌ڵێت:_
هه‌واڵی دووه‌م..
بابه ئاده‌م چ هه‌واڵ و ده‌نگ و باسێك له گۆڕێدایه ڕایبگه‌یه‌نه..
هه‌واڵی یه‌كه‌م..
زه‌وی ئاشقێكی ده‌مده‌مییه..
ناتوانێ له به‌رزایی مه‌حاڵ ڕوخسار‌و ناوه‌كانی بیر بێته‌وه.
ده‌مێك ئاشقی زستانه..ده‌مێك به‌هار..
ده‌مێك هاوین..ده‌مێك پاییز..
ئه‌گه‌ر به‌پێی ناونیشانه‌كه بێت، ده‌بێ ئێمه پێشتر هه‌واڵی یه‌كه‌مان زانیبێت و له به‌رده‌م هه‌واڵی دووه‌م دابین. شاعیر هه‌واڵی دووه‌مان پێ بڵێت، كه چی هه‌واڵی دووه‌م له سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌دا بوونی نییه. به‌ڵكو بابه ئاده‌م ته‌نها هه‌واڵی یه‌كه‌م به ئێمه ده‌ڵێت. ئه‌م ون كردنه‌ی هه‌واڵی دووه‌م، كرده‌ی پرسیار و سۆراغكردن لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات. ئه‌و هزره‌ی لای دێنێته ئاراوه، ده‌بێ هه‌واڵی دووه‌م چی بێت؟ ئه‌گه‌ر سه‌رنج له خودی ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵه‌كه بده‌ین، ئه‌وا به پێی ناونیشان بێت، ده‌بێ شاعیر خۆی ببێته ڕاگه‌یاندكه‌ری هه‌واڵه‌كه، واتا له ده‌می ئه‌وه‌وه هه‌واڵه‌كه ببیستین، كه‌چی ئه‌و خۆی داوا له بابه ئاده‌م ده‌كات چی هه‌یه ڕایبگه‌یه‌نێت. بابه ئاده‌م لێره‌دا، ڕۆڵی هه‌موو شتزان ده‌بینێت. له قورئانی پیرۆزدا هاتووه:_ (خوای گه‌وره هه‌موو شتێكی فێری ئاده‌م كردووه) ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، كاتێ شاعیر خۆی نایه‌وێت هه‌واڵ به ئێمه بگه‌یه‌نێت و بابه ئاده‌م ڕاده‌سپێرێت ئه‌و ئه‌ركه ببینێت و ببێته هه‌واڵده‌ر، ڕه‌نگه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت، كه بابه ئاده‌م خۆی ببینێت چی هه‌یه و چی ده‌گوزه‌رێ له سه‌ر ئه‌و زه‌ویه‌ی كه هه‌موومان دوای فڕێدانی ئه‌و بۆ سه‌ری، له سه‌ری ده‌ژین.
به مه‌ش شاعیر بابه ئاده‌م ده‌كاته گه‌واهیده‌رێك هه‌م به‌سه‌ر منداڵه‌كانییه‌وه (مرۆڤ) هه‌م به سه‌ر زه‌ویشه‌وه كه بۆته شوێنی چ ئاشووب و ناشرینییه‌ك. ناوه‌ڕۆك له‌م شیعره و سه‌دان شیعری دیكه‌ی شاعیردا، نه كورت ده‌كرێته‌وه له ناونیشان، نه په‌یوه‌ندیشی به ناونیشانه‌وه هه‌یه. هه‌ر خودی شیعره‌كه، وه‌ك هه‌واڵ ته‌واو بووه‌وه ڕاگه‌یاندراوه، زه‌وی ئاشقێكی ده‌مده‌مییه و هه‌ر جاره‌ی ئاشقی وه‌رزێك ده‌بێت. سه‌رنج بده‌ن، كرده‌كه چونكه په‌یوه‌ندی به سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به ده‌وری ڕۆژه‌وه هه‌یه كه چوار وه‌رزه‌كان دروست ده‌بن، ئیدی شاعیر به ئاگاییه‌وه، ڕێزبه‌ندی وه‌رزه‌كانی به دوای یه‌ك دا هاتوو نووسیوه. واتا نه‌یویستوه ئه‌و یاسا فیزیكی و گه‌ردوونییه له شیعردا تێكبدات كه بوونی هه‌یه. هه‌ر خاڵێكی دیكه په‌یوه‌ست به‌و شیعره، كه دیسانه‌وه ئاگایی شاعیر له نووسینی شیعردا ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وه‌یه، كه بابه ئاده‌م باسی زه‌وی ده‌كات. ڕه‌نگه خوێنه‌رانێك، ئه‌مه هه‌ر ته‌نها به گوتنێكی ڕێكه‌وت و زمانه‌وانی شیعری دابنێن، به‌ڵام بۆ من مانایه‌كی دیكه‌ی هه‌یه.
هه‌ڵبه‌ته مێژووی زه‌وی، پێش مێژووی ئاده‌مه. سه‌ره‌تا په‌روه‌ردیگار ئاسمان و گه‌ردوون، دواتریش زه‌وی دروست كرد، پاش ئه‌م خوڵقاندنانه، بابه ئاده‌می وه‌ك یه‌كه‌م مرۆڤ له قوڕ هێنا ئاراوه (هه‌مووتان له ئاده‌من و ئاده‌میش له خۆڵ) كه واتا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌واڵێك ڕابگه‌یێنرێت، سه‌ره‌تا ده‌بێ ڕووداوێك ڕوویدابێت. ڕووداو له‌و شیعره‌دا، دروستبوونی زه‌وییه ، دواتریش ئه‌مه ده‌بێته هه‌واڵێك كه بابه ئاده‌م ڕایبگه‌یه‌نێت. ئه‌م جۆره ڕێكخستنه‌ی زمان و واتا، ڕێكه‌وتێك، یاخود هه‌ر ته‌نها گه‌مه‌یه‌كی بێ ئاگاییانه‌ی زمان نییه له شیعردا، به‌ڵكو قووڵبوونه‌وه و ڕامانه به دیار زمان و بیناكردنی له شیعردا. له ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ردا، هه‌میشه له نێوان ناونیشان و ناوه‌ڕۆكی شیعردا، مه‌ودایه‌ك هه‌یه كه وه‌ك ڕووبه‌رێكی نه‌به‌ستراوه‌ی نێوان ناونیشان و ناوه‌ڕۆك ده‌بینرێت. خوێنه‌ر له یه‌ك كاتدا ده‌توانێت له میانه‌ی ئه‌و مه‌ودایه‌دا، ده‌قه‌كه به ناونیشانه ببه‌ستێته‌وه و هاوكات لێشی داببرێت، به مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌ی جیاواز و بینینی جیاواز له ڕووی واتاوه. له ده‌قێكی دیكه‌یدا، كه ئه‌زموونێكی تازه‌ی ناونیشانی شیعرییه، شاعیر دوو وشه‌ی هاوشێوه‌ی یه‌كتری له ڕووی فۆڕمه‌وه، وه‌ك گرێیه‌ك به یارمه‌تی ئامرازی لێكده‌ر، به یه‌كه‌وه ده‌نووسێنێت و ده‌یانكاته ناونیشانی شیعری. ئه‌م جۆره له ناونیشان، پارادۆكسی ناونیشانی نییه بۆ نموونه وه‌ك:_ (سارد/گه‌رم) (شیرین/تاڵ) (ئازا/ترسنۆك) چونكه ئه‌و فۆڕمه له ناونیشان هه‌بووه له شیعری كوردیدا، به‌ڵكو جۆرێكه له خستنه پاڵ یه‌كتری دوو وشه، كه مانای ته‌واو جیاواز و دوور له یه‌كتریان هه‌یه. وه‌ك ئه‌م ناونیشانانه‌ی خواره‌وه:_
فریو و فڕیو
فریشته‌ی دووڕوو
گۆران و گۆڕان
ئه‌م ناونیشانانه، ناونیشانێك نین، ڕێكه‌وتێكی زمانه‌وانیـی دروستی كردبن. یاخود هه‌ر به هه‌وه‌س، شاعیر له خۆوه، وه‌ك ناونیشان دیاری كردبن، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ڵگڕی جۆرێك له مانا و ئاماژه‌ی زمانه‌وانی و مه‌دلولین. ئه‌گه‌ر ناونیشانی (فریو وفڕیو) وه‌ربگرین، ده‌بینین فریو، له فریودانه‌وه هاوتووه، واتا كه‌سانێك به ئاسانی ڕه‌نگه فریوی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌سی و تایبه‌تی بدرێن، له‌لایه‌ن كه‌سانێكی دیكه‌وه، به‌ڵام (فڕیو) له فڕینه‌وه هاتووه، فڕینیش به مانای دنیایێكی سه‌ربه‌ست، بێ كۆت و به‌ند، كه مرۆڤ تیایدا پاشكۆ و كۆیله‌ی هیچ كه‌سێك نه‌بێت و خۆی بێت. ناونیشانی ( گۆران و گۆڕان) ده‌كرێ به‌وه لێكی بده‌ینه‌وه، كه گۆران گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی له شیعری كوردیدا كردوو زمانی ئازاد و شیعری ئازادی هێنا ئاراوه. ناونیشانی (هه‌ڵكڕان و هه‌ڵكران) ئه‌م دوو وشه‌یه، گه‌رچی له ڕووی نووسین و ڕێنووسه‌وه، زۆر له‌یه‌كتری نزیكن و هاوشێوه‌ی یه‌كترین، به‌ڵام له ڕێگه‌ی پیته‌كانی (ر_ڕ) ته‌واوی مانای وشه‌كان ده‌گۆڕێت. هه‌ڵكڕان، به مانای لێسه‌ندن، لێی هه‌ڵكرێنه، شتێكی لێ بستێنه به زۆری، دوور له خواستی كه‌سه‌كه خۆی، به‌ڵام هه‌ڵكران، كه به مانای هه‌ڵدان و به‌رزكردنه‌وه دێت، كارێكی خۆكرده‌یی سه‌ربه‌ستییه و ده‌لاله‌ت له سه‌ربه‌خۆیی خود ده‌كات، كه ناچێته ژێر فشاری ئه‌ویتره‌وه. ئه‌م هارمۆنیای وشه‌یه له دانانی ناونیشان، گوزارشت له ئاگایی، سه‌لیقه و هونه‌ركاریی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له دانانی ناونیشانی شیعره‌كانی ده‌كات. ناونیشانێك، كه ته‌نها شوناسی شیعری ئه‌وی پێ ده‌ناسرێته‌وه.
دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م، گه‌لێك جار، كه‌سانێكی به ناو خوێنه‌ری شیعر، گازانده له شاعیر ده‌كه‌ن كه شیعره‌كانی بێ مانان، خۆشی نازانێت چی نووسیوه. یاخود شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره، چێّژی ئستاتیكییان نییه. هه‌ڵبه‌ته، منیش چێّژ له شیعره‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر وه‌رناگرم. به‌ڵام من بۆ چێژ شیعره‌كانی ئه‌و ناخوێنمه‌وه، بۆ ڕامان و بیركردنه‌وه، چوونه نێو قووڵایی زمان شیعره‌كانی ده‌خوێنمه‌وه. ئه‌و خوێنه‌ره‌ی به دوای چێژی شیعرییه‌وه‌یه، ده‌توانێت شیعری شاعیرانی دیكه بخوێنێته‌وه. گریمان با وای دابنێین شیعره‌كانی بێ واتان، مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و زمانه‌ی ئه‌و، به‌و هه‌موو چڕی و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌وه له ڕووی فه‌رهه‌نگ و چه‌مك و ده‌ربڕینه‌وه، خۆی له خۆیدا، خاسیه‌تێكی جوانی شیعر نییه؟ بڕوام وایه، شیعره‌كانیشی هه‌رگیز دابڕاو نین له‌و واقیعه‌ی وه‌ك مرۆڤێك تیایدا ده‌ژیت. به‌ڵام سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، واقیع ناگوازێته‌وه نێو شیعر، به‌ڵكو له نێو شیعردا، واقیعێكی دیكه به‌و په‌یوه‌ندییانه و به‌و ژیانه ده‌دات. ڕه‌نجده‌ر، تێڕوانینێكی گه‌ردوونییانه‌ی هه‌یه بۆ شیعر، كه تیایدا شیعر له قاوغی هیچ ئایدیایێكی ئایینی و سیاسی نابینێت. بگره شیعر گه‌وره‌تره له‌و چه‌مكانه. بۆیه به بڕوای من، شتێك نییه به ناوی نه‌ته‌وه‌گه‌ریه‌تی و پاش نه‌ته‌وه‌گه‌ریه‌تی له شیعری ئه‌و شاعیره‌دا. ئه‌وه‌ی هه‌یه مرۆڤه. مرۆڤ له هه‌مووشتێك گه‌وره‌تره لای ئه‌و خودا نه‌بێت.
سه‌رنج:_
*مه‌رج نییه ئه‌و لێكدانه‌وانه‌ی ئێمه بۆ شیعر و ناونیشانی شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره‌مان كردووه، ڕاست و بابه‌تی بن و له‌گه‌ڵ دنیابینی شاعیر یه‌ك بگرنه‌وه. به‌ڵكو ته‌نها تێڕوانینی ئێمه‌یه وه‌كو خوێنه‌رێك.
*وتاره‌كه‌ی دیارله‌تیف، له به‌شی ئه‌ده‌ب، له ماڵپه‌ڕی سه‌نگینی ده‌نگه‌كان، ئه‌رشیفی بابه‌ته‌كانی مانگی سێپتێمبه‌رهه‌یه، تكام وایه خوێنه‌ران بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ری و بیخوێننه‌وه، به مه‌به‌ستی تێگه‌یشتنی زیاتر، له‌و چه‌ند سه‌رنجه كورت و بچووكانه‌ی ئێمه وه‌ك خوێنه‌رێك له باره‌ی نووسینه‌كه‌ی ئه‌و نووسیومانه.
*دكتۆر فوئاد ڕه‌شید، له كتێبی ( ده‌قی ئه‌ده‌بی، ئه‌دگار چێژ به‌ها) كه ساڵی 2007 ده‌زگای ئاراس بۆی چاپ كردووه، له وتارێكیدا له لاپه‌ڕه 58، كه تایبه‌ته به شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ده‌سته‌واژه‌ی ناونیشان و ستراتیژی به‌كارهێناوه. واتا چوارده ساڵ به‌ر له دیارله‌تیف، كه‌چی دیار له نووسینه‌كه‌یدا، به په‌راوێزێكی بچو‌وكیش ئاماژه‌ی پێ نه‌داوه.
*دوێنێ 4/2، به ڕێكه‌وت وتارێكی دیكه‌م له ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌كان، هه‌ر له باره‌ی ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، به ناوی (ده‌قی كراوه بنه‌ما و پراكتیك، زێوان به نموونه) كه (د_ سامان عزه‌ددین سه‌عدون) نووسیویه‌تی، خوێنده‌وه. نووسه‌ر له‌م وتاره‌یه‌دا، گه‌لێك لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه و دوور له دنیابینی شیعری ڕه‌نجده‌ر، له باره‌ی زێوان ده‌خاته ڕوو. بۆ نموونه:_ بڕوای وایه، پاڵنه‌رێكی سێكسی و ئیرۆتیكی له زێواندا هه‌یه، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندی ده‌روونی شاعیره، له كاتێكدا ئه‌وه‌ی له شیعری ڕه‌نجده‌ردا وه‌ك تیمه به‌های نه‌بێت سێكسه. چونكه ژن له دنیابینی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، یه‌كسان نییه به جه‌سته و سێكس، به‌ڵكو به مانای ئه‌و په‌ڕی مرۆڤ و مرۆڤبوون دێت، كه هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ پیاو نییه. یاخود نووسیویه‌تی:
_ (زێوان سه‌باح ڕه‌نجده‌ره و نواڵه‌ش ماڵی ئه‌و) نووسیویه‌تی:
( چیا به مانای ئه‌ندامی زاوزێی پیاو، ده‌شتیش به مانای ئه‌ندامی زاوزێی ژن) نووسیویه‌تی:( منداڵدانی ژن مه‌به‌ستی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه‌یه) كه‌س هه‌یه هه‌ڵه‌ی هێنده سه‌یر بكات، عه‌وره‌ت و ڕه‌حمی ژن له یه‌كتری جیانه‌كاته‌وه؟ ته‌نانه‌ت به هه‌ڵه له (زێوان) یش گه‌یشتووه. وا ده‌زانێت زێوان به‌و كه‌سانه ده‌گوترێت كه پارێزگاری له شوێنه ئایینییه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌مێننه‌وه. له كاتێكدا مانای زێوان، دیاره و پێویست ناكات باسی بكه‌م، چونكه له‌م وتاره‌مدا ئاماژه‌م پێ داوه. به داخه‌وه ئه‌م جۆره خوێندنه‌وانه، نه‌ك هه‌ر له ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر نزیك نابنه‌وه، به‌ڵكو تێنه‌گه‌یشتنه له شیعری ئه‌ویش، كه ئه‌زموونێكی تایبه‌تی و هاوكات قورس و ئاڵۆزیشه. ئه‌م تێنه‌گه‌یشتنه، له‌وه‌وه دێت كه خوێنه‌رانێك به هه‌مان ئه‌و میتۆد و تێگه‌یشتنه‌ی شیعری شاعیرانی تری پێ ده‌خوێننه‌وه، شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌ش ده‌خوێننه‌وه، بۆیه ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌ی وه‌هاوه، كه (چیا) به (چووك) ی پیاو بچوێنن. له كاتێكدا (چیا) له شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا هێما بێت بۆ هه‌موو شتێك، هێما نییه بۆ سێكس، كه به داخه‌وه بۆته گرێی ده‌روونی نیوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی زیاتر!
ڕواندز_ سه‌ره‌تای 2021
سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی