کێ بوو قسەی بە سیستەم گوت؟.. ڕزگار عومەر
لە پۆستێکی فەیسبووکدا، نوکتەیەك بڵاوکراوەتەوە. ئەم نوکتەیە بایەخێکی گرنگی هەیە لە کردنەوەی دەرگایەك بۆ تێگەیشتنێک لە ئەمڕۆمان لە گۆشەیەکی ترەوە. لە کاردانەوەی ئەم نوکتەیە لایك و کۆمێنت بۆ پۆستەکە هاتبوو، کە یەکێك لە کۆمێنتەکان لە ڕووی بایەخەوە تەواوکەری نوکتەکەیە. ئەم نووسینە قسە لەسەر ئەم نوکتەیە و ئەم کۆمێنتە دەکات، سەرەتا لە خوارەوە نوکتەکە و کۆمێنتەکە دادەنێین.
نوکتەکە:
کابرایەک دەچێتە بنکەی پۆلیس پێیان دەڵێت “بەبەغایەکم لێ ونبووە، پۆلیسی بنکە پێی دەڵێن ئینجا ئێمە چی بکەین! خاوەن بەبەغا پێیان دەڵێت ئەگەر دۆزیتانەوە هەرچی گوت تەعبیر لە ڕای شەخسی خۆی دەکات پەیوەندی بەمنەوە نییە”.
کۆمێنتەکە:
“هەر لەبەر ئەم ترسە، ئەوە چەند ساڵە بە دوای بەبەغایەکی کەڕ و لاڵ دەگەڕێم دەستم ناکەوێ، تاقیبێکم بۆ بکە خێرت دەگاتێ”.
لەپشتەوەی پڕۆسەی دروستبوونی نوکتە و دووبارە بەرهەمهێنانەوە و بڵاوکردنەوەیەدا، لەپشتی پەرچەکرداری پێکەنین و زەردەخەنەمان بە نوکتە، توندوتیژییەکی سیستماتیك خۆی گرمۆڵە کردووە، توندوتیژیەك بریتییە لە چەپاندن – کبتکردنی ئازادی، ئازادییەك کە گەڕان بە دواییدا لە دەرفەتەکانی مێژووی تازەدا هیچ ڕێگایەکی کراوەی مسۆگەری نییە، زەرورەتی ئەم گەڕانەش لەئەنجامی نەمانی باڵانسی هێزدا، بەناچار هەموو ئەم ئاڵۆزییە و ئەم کەبتە بۆ دووەم جار کەبت دەکاتەوە و دەیکا بە پێکەنین بە نوکتە.
گرێی ئاڵۆز و دژبەیەکی ئەم نوکتەیە لەو خاڵەوە دەست پێدەکات کە کابرایەکە جۆرێك لە دڵنیایی هەیە لە دۆزینەوەی بەباغەکە، ئەمەش تەنیا پەیوەندی بە تواناکانی هێزی پۆلیسەوە نییە لە ڕووی لۆجستیەوە، بەڵکو پەیوەندی بە دڵنیایی هەیە لەوەی هیچ لەم سیستەمە چاودێرییە ون نییە و ون نابێت (چەشنی ئەم جۆرە سیستەمە لە ڕۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵ باس کراوە)، لێرەدا کابرای خاوەن بەبەغا خاوەنی تەنیا یەك “موتڵەقە” کە ئەویش هێزی لەبن نەهاتوو و ئەفسانەیی سیستەمی چاوساغ و موراقەبەیە لە دۆزینەوەی بەباغەکە.
تا ئێرەش ئێمە تەنیا وا مامەڵە لەگەڵ توێکڵی دەرەوەی ئەم ترسەی کابرا دەکەین، توێکڵی ترسەکە دۆزینەوەی بەباغەکەیە، بەڵام ناووکی ترسەکە ئەوەیە بە دڵنیایی “من کەشف دەبم کە قسەم بە سیستەم گوتووە”، ئیتر لێرەدا لە یەک کاتدا دۆزینەوەی بەباغەکە کۆتایی پڕۆسەی گەڕان و سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی موحاسەبە و سزایە!
لۆژیکی پەنای بەرهەمهێنانی نوکتەکە زۆر ئیلتیزامی بە سنوورە داخراوەکانی دۆخی چەپاندنەکە (کەبتەکە) کردووە، بۆیە زیرەکانە، بەڵام بە مەکشوفی دەیەوێ وا نیشان بدات کە ئۆبگێکتیڤەکە بەبەغایەکی وێڵە، بەڵام لە ڕاستیدا ئۆبگێکتیڤەکە خاوەنی بەباغەکەیە، کە بە پێی خۆی دەچێتە بنکەی پۆلیس، بۆ ئەوەی پێشوەختە “پاکانەیەك” بکات بۆ تاوانێك کردوویەتی.
ترسی خاوەنەکە ئەوەندە ئۆرگانی و بەهێزە کە دەیەوێ ئەڵقەکانی ئەم ڕووداوەی بەڕێوەیە “ئاشکرابوونی خۆی” لە ڕووی کات و زەمەن نا، بەڵکو لە ڕووی قەبارەی پەرەچەکردار کورتتر بکاتەوە، بەم چوونەی بۆ بنکەی پۆلیس برێکێك لەو هەیەجانە پڕ لە دڵنیاییە وەردەگرێت کە ڕەنگە “مەرگ”ی بەدوادا نەبێت، بەڵام گرێیەکەش لێرەیە کە سامی کەشف بوون لە بەرانبەر سیستەم لە خودی مەرگ کاریگەرترە، بە تایبەتی چاوەڕێکردنی چرکە بەچرکەی ئاشکرابوون بە جۆرێك تۆقێنەرە کە زەمەن چیتر پێوەرێك نییە، بەڵکو “حەتمیەتی ئاشکرابوونە” کە یەقینترین ماشێنی مسۆگەرکردنی کۆتایی چاوەڕوانکردنی ڕووداوەکەیە، بەڵام هێشتا کابرا لە هەوڵی ئەوەدایە بەلای کەمی “نەفیکردنێکی پێشوەختە” تۆمار بکات، نەك بەوەی لە ناخی خۆی باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەم نەفییە قەناعەت بە ئەفسەر و موحەقیقی بنکەکە دەکات، بەڵکو ئەو ناڕاستەوخۆ لە تەواوی هێزی لاشعوری خۆیدا بە شوێن تۆمارکردنی ئیعترافێکە بە شێوزای “ئیعتیراف نەکردن”، بۆیە کاتێك دەڵێت هەرچییەك بەبەغاکە گوتی ڕای شەخسی خۆیەتی، ئەمە لە دیالێکتیکی ئاوەژووی (دەروون و زماندا) نەگوتراوی ڕاستەقینە جێی لەق دەبێت بۆ گوتراوێکی ساختە لەبەر بەرانبەرکێی دوو لۆژیکی جیاواز نا، بەڵکو لە بەر دۆڕانی “پاڵنەرێک” لە بەرانبەر “پاڵنەرێک”ی تردا.
ئەتمۆسفیری تەواوی نوکتەکە لەسەرەتاوە تا کۆتایی ئەو ئیحایەی تێدایە کە کابرا قسەکەی کردووە، ئەو ئیحایەشی تێدایە کە ئەستەمە موحەقیقی بنکە باوەڕی پێ بکات، واتا نەگوتراوە ڕاستەقینەکە کە لە زمانی زنجیرەیی نوکتەکە هیچ شوێنێكی نییە، بەڵام لە هەموو ڕوویەکەوە گەیشتووە و ئامادەیە، نەگوتراوە مەکشوفەکە ئەوەیە “هەرچییەك لە بەبەغاکە گوێتان لێ بوو قسەی منە”، بەڵام خاوەن بەبەغاکە زۆر بەلاوازی سەرکێشیەکی سوریالی دەکات کە زیاتر لە هەڵبەزین و دابەزینی مریشکی سەربڕاوی بێ سەر دەکات، ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و زاتیی نەماوە بە “جورئەت” هەبێت یان نەبێت، بەڵکو وەکوو قوربانییەک بە مەکرەوە دەیەوێ دوا کارت بەکاربهێنێت، ئەو پەنا دەباتە بەر سیحری زمان !
چونکە زمان ئەو ئومێدەی پێدەدات کە بتوانێت دوا گەمەی گێمێکی دۆڕاو بکات لە قەناعەتپێهێنانی سیستەمی سیخوڕی، ئەوەش بە مەبەستی “ڕزگار”بوون نییە لەو کردەی لە دەستی دەرچووە، بەڵکو تەنیا دەیەوێ مەودای تەحەمولکردنی تۆقانی کەشفبوون و پەرچەکرادری سیستەم درێژبکات.
هەم نوکتەکە و هەم کۆمێنتەکە لە پەیوەندییەکی بەتینی هاوكێشە و پڕەنسیپە دەروونییەکانی “درکاندن- یان قۆناغێك واوەتر دانپێدانانی “ناڕاستەوخۆن. دکتۆری دەروونی بەر لەوەی نەخۆش بگەیەنێتە قۆناغی درکاندن، جا درکاندنەکە بە قۆناغی “نەفی” تێپەڕێت یان نا، دۆخێك لە متمانە دروست دەکات بۆ نەخۆش وەکوو تاقە دەرفەتی داگرتنی ئەو بارە قورسە لە ناکۆکی و پەشێوییەکانی ناوەوە.
سۆشیال میدیا وەکوو هەڵبژاردە دیزاین نەکراوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی هەمان ئەو متمانەیە ببینێت کە دکتۆری دەروونی بۆ نەخۆش دروستی دەکات، بەڵام فەیسبووک لە تەمەنی ئێستای خۆیدا بارگاوی بووە بە زۆر دیاردە کە دوورە لە ئامانجی دروستکردنی، هەندێک ئەرکی نافەرمی بەسەر بارکراوە کە “ئاڵودەبوون” لە نێویدا ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکەی گۆڕیوە بیکا بە عیادەیەکی دەروونی نافەرمی، بەدڵنیاییش “ناتەندروست”ی گشتی خۆڕایی، کە ئەرکە سایکۆلۆژییەکە تەنیا بریتییە خولقاندنی فەزای نمایش و دەرخستن و درکاندن، بە تەعبیرێکی تر هەمان ئەرکی “گوێگرتن”ی دکتۆری دەروونی دەبینێت، بەبێ ئەوەی لە بەرانبەردا هیچ بەرپرسیاریەتییەکی لە چارەسەر هەبێت.
لەم نێوەدا نەخۆشییەکان و نەخۆشەکان وەکوو تەوژم و شەپۆلی کۆمەڵایەتی بە ئاڕاستەی جیاواز دێن و دەچن، کە تەشخیس- دیاریکردنی پرسیاری ئەوەی کێ “نەخۆشە” گرنگییەکی ئەخلاقی یان تەندروستی نەماوە، بەڵکو دەرهاویشتەکانی ڕۆژانەی ئەم هەموو “درکاندنە” دەستەجەمعیانە وەکوو سیمپتۆمی عیلەتی سیستەمێکی سیاسی ڕەق لە پشتی نوکتە و نەفرەتەکانی ئەم فەزا کۆمەڵایەتییە خۆی مەڵاس داوە.
ئەم فەزا کۆمەڵایەتییە تا سنورێکی بێ سنوور کراوەیە تا ڕادەیەکی ترسناک کراوەیە کە هەموو تراژیدیایەک تەنیا بە فلتەری کۆمیدیا بۆی هەیە بگاتە جێ، کە ئەمە خۆی لە ئەنجامی کۆتاییدا مەبەستی کۆتایی “درکاندن” خاڵی دەکاتەوە و بۆیە ئەو ڕادە لە بەرهەمهێنانەوە تراژیدیا بە ڕوخساری کۆمیدیا جۆرێك لە ئەبەدیەتی سروشتی وەرگرتووە و لە دووبارەبوونەوە ناوەستێ.
کاتێ کۆمێنتەکە دەخوێنینەوە لەبەرانبەر درکاندنێکی گاڵتەئامێزدا بانگەوازێك دەبینین، هەڵبژاردەیەك دەبینین کە بریتییە لە دۆزینەوەی بەبەغایەکی لاڵ کە قسەکانمان بە سیستەم نەگێڕێتەوە و کەشفمان نەکات، هەڵبژاردەی گەڕان بە دوای بەباغەی لاڵ لە هەمان کاتیشدا مانیفێستی “قسە نەکردنیشە” تا ئان و ساتی دۆزینەوەی مەحاڵێك (بەبەغای لاڵ) !
ئەم هەڵبژاردنە بە بەراورد بە ئەسڵی نوکتەکە هەڵوێستێکە چەند قۆناغێك لە پاشترە و خۆپارێزە لە ئاکتی قسەکردن، چونکە ئەو مەرجی پێشوەختەی قسەکردن دەبەستێتەوە بە مەحاڵێك کە قسەکردن نەگاتە گوێیەکانی سیستەم، بە کورتی پێشنیاری “بێدەنگی و کپییە”، بەڵام بە یەك جیاوازی لەهەموو جۆرە هەڵبژاردیەکی تری بێدەنگی کە ئەویش ئەو لێرە بانگەوازێك دەکا بۆ بێدەنگبوون.
ئەم بانگەوازە ڕاستە لە دەم و لە شوێنێك دەردەچێت کە لە ڕووی واقیعیەوە دەبێ دووربێت لە بەرژەوەندی سیستەم، بەڵام بە مەبەست یان لە ئەنجامی فەشەلی فلتەری گۆڕینی تراژیدیا بە کۆمیدیا بێت، نامەی سیستەم دزە دەکاتە نێو درکاندنەکان، نامەیەک بە ڕوخسارێکی پاسیفیست و سەرگەردان، بەڵام بە ناوەڕۆكێکی دیسپلینخواز دەچرپێنێ بە گوێماندا کە “بێدەنگی” هەڵبژاردەیەکی مومکینترە لە “دەنگ هەڵبڕین”، بوونی بەبەغایەکی لاڵ ئاماژەیەکە بۆ فەزایەکی ئەمینتر و دڵنیاتر کە قسە بە سیستەم ناگات و هیچ سزایەك لە ئارادا نابێت، لەوەش گرنگتر ئەگەر بەبەغای لاڵت دەست بکەوێت، واتا خۆت بخەیتە گرەوەی هەلومەرجی مەحاڵی قسەکردن، ئەو دەمی لە تۆقاندنە ترسناکەکە پارێزراو دەبیت لە تۆقاندنی چاوەڕێکردنی ئاشکرابوونت کە قسەت بە سیستەم گوتووە!