Skip to Content

کتێب\ مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلول.. و:د. جاسم خۆشناو

کتێب\ مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلول.. و:د. جاسم خۆشناو

Closed
by كانونی دووه‌م 2, 2023 Books, General



سەرگوزەشتەی ئەم کتێبە

لە سەرەتای سالی 1981، دوای سەردانیکردنی چەند ولاتێکی ئەوروپی، گەیشتمە ئیتالیا، تەمەنەم 21 سال بوو، ماوەیەکی کەم بوو سەنگەری خەباتی پێشمەرگایەتیم لە کوردستان بەرەو هەندەران گواستبووەوە، نیازی خوێندنم نەبوو، تەنها بۆ سەردانێکی چەند رۆژی بوو کەچی قەدەر و نەسیب قەناعەتیان پێهێنام لەم وولاتە بمێنمەوە هەرچەندە، ئەوکات، مافی پەناهەندەیی و سیستەمی سۆسیال و کۆمەکی دەوڵەت نەبوو. لەبەر ئەوە بڕیاری مانەوەم لە ئیتالیا، کەمێک، شێتانە بوو، لەگەل ئەوەشدا، وەکو بەشێک لە کوردەکانیتر، قۆل و باسکم لێ هەڵکرد، لە لایەک کارکردن بۆ بژێوی ژیان و لە لایەکیتریش خوێندنی زانکۆ. کارێکی ئاسان نەبوو، تەنانەت “بەشی ناوخۆ یان مالی خوێندکاران”یش نەبوو.
سالی یەکەمی خوێندنی زمانی ئیتالیم، لە شاری پێروجا Perugia لە گەل زیاد لە 100 خوێندکاری کورد، کە زۆربەیان هی باشور و ئەوانیتریش هی رۆژهەلات و رۆژئاوا بوون، تەواو کرد، بەڕاستی قۆناغێکی پڕ لە جۆش و خرۆش و هەستی “کوردایەتی”مان بەسەر برد. یەکەمجار بوو دەگەل کوردی قامیشلۆ و عفەرین و شام، لەگەل کوردی مەهاباد و سەقزو کەرماشان تێکەلاوی پەیدا بکەم وباسی بارودۆخی “کوردستانی گەورە” بکەین و لەگەل هەندێکیان ئێستاش پەیوەندیم ماوەو زۆر خۆشە. پاشان هەر کەسە بەسەر زانکۆ و ئەو شارانە پەرت و بلاوبووین کە خۆمان هەلمانبژاردبوو، جارێکیتریش لە ئاوارەیی پەرتەوازە بووین.
تاکە کورد بووم کەوتمە شاری پیزە PISA، تا کەوتنی رژێمی سەدام لە نیسانی 2003 بە تەنها بووم، ئیستا لە 2022 کوردێکی باشور و یەکی رۆژهەلاتم ناسیووە کە چەند سالێکە نیشتەجێی ئەم شارەن، لە 2005 ژمارەیەک کوردی باکور، ژمارەیەکی کەمتر هی رۆژئاوا، لێرە نیشتەجێبوون. لەگەل ئەوەشدا لە شاری پیزە، بە بەراورد بە شارەکانیتری ئیتالیا، لە سالانی ١٩٨٢- ٢٠٠٣، زۆرترین چالاکی، لەسەر ئاستی زانکۆ، هێزە سیاسی و نەقابیەکان، شارەوانی، کەنیسە و پەیوەندیکردن بە ڤاتیکان، پەیوەندی لەگەل ئەندام پەرلەمان و رۆژنامەنوسانی ئیتالیا ئەنجامدراون و لە شوێنیتر بە دۆکومینت بلاوکراونەتەوە و باسی رەوەندی کوردی و چالاکیەکانیش کراون.

هەر لە سەرەتای خوێندنی زانکۆ، وەک هەموو خوێندکارە کوردەکان، رووبەڕووی ئەوە بووم کە کتێب و سەرچاوە بە زمانی ئیتالی لەسەر کورد و کوردستان نەبوو، لە هەزار ئیتالی یەک یان دوو کەس زانیاری کەمیان لەسەر کورد و کوردستان هەبوو، لەبەر ئەوە هەولمدا دەستپێشخەریەک بکەم.
لە شاری پیزە، لە سالی ١٩٨٥، دەستم پێکرد، بە رای خۆم، یەکێک لە پەڕتوکخانە هەرە گەورە و دەولەمەندەکانی ئیتالیای لێیە، پاشان چوومە سەردانی پەڕتوکخانەی نیشتمانی لە شاری فڵۆڕانس – فیرێنزی Firenze، پەرتوکخانەی ڤاتیکان و وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا و پەرتوکخانەی نیشتمانی لە شاری رۆما. لە رۆما پەیمانگا و گۆڤارێک بە ناوی “رۆژهەلاتی مۆدێرن – ئۆریێنتێ مۆدێرنۆ Oriente Moderno ” کە لە سالی 1921 وجودی هەیە و زۆر دەنگوباسی دەولەمەندم، لە ماوەی ١٩٢١ – ١٩٤٥ لە سەر کورد تیا دۆزیەوە. پاشان چوومە شاری ناپۆلی Napoli کە 600 کم لە شارەکەی من دوورە، لێرەش زۆر سەرچاوەم کەوتە بەردەست.
هەموو ئەو کتاب و سەرچاوانەی لەم شارانە کەوتە بەرچاو تەنها 4 دانەیان بە زمانی ئیتالی نووسرابوون، رێزمان و قاموسی کوردی – ئیتالی، کە لە لایەن قەشە مەوریتسیۆ گەرسۆنی Maurizio Garzoni لە سالی 1787زا چاپکراوە، مێژووی هەرێمی کوردستان، لە لایەن قەشە جوزێپێ کەمپەنیلێ Giuseppe Campanile لە سالی 1818 چاپکراوە، کتێبێکیتر لە سالی 1863 و 2 کتێبیش لە سەدەی 20 (یەک لە سالی 1910 و یەکیش هی سالی 1930) لە سەر یەزیدی و ئایینی یەزیدیەکان کەوتە بەرچاو. کتێب و سەرچاوەکانیتر بە زمانی فەڕەنسی، ئینگلیزی و ئەلمانی بوون. رۆژی ٢٤ تەموزی ٢٠٢٠، لە کاتی کەڕەنتینەی کۆڤید Covid، تیمێکی کەنالی تیڤی “ئیزیدیخان” لە ئەلمانیا هاتنە لام و دوای چاوپێکەوتن و گفتوگۆیەکی بە سوود کۆپیەکی ئەو کتێبەی سالی ١٩٣٠ لەسەر یەزیدیەکان بە دیاری پێشکەشکردن.
ئەم کتێب و سەرچاوانەم لە سالی 1985، بە لیستێک، نووسیەوەو لەگەل شوێنی دۆزینەوەیان بەسەر خوێندکارانی کورد دابەشکرد تاکو ئەوکاتەی پرسیاریان، سەبارەت بە کوردو کوردستان، لێدەکرێت بتوانن وەلام بدەنەوەو بلێن “ئەو کتێبانە باسی کورد دەکەن”.
بەڕاستی ئەوکات زۆر زەحمەت بوو وتارێکی رێکوپێک یان ریپۆرتاژێک لەسەر کوردستان، بە زمانی ئیتالی، دەستکەوێت، تەنها چەند وتارێکی پرۆفیسۆر میرێللا گەللێتی 1949 – 2012 Mirella Galletti نەبێت کە لە گۆڤارە پسپۆریەکان بلاودەکرانەوە و بە ئاسانی دەستی ئیتالیەکانیش نەدەکەوتن، ئێمە لە سالی 1987 زۆربەی وتارەکانی گەللێتیمان کۆکردەوەو بەیەکەوە کۆپیکرد و بەسەر هاوڕێکانم دابەشکرد. ئێمە لە بەهاری 1989 نامیلکەیەکمان لەسەر دۆزی کورد بە چاپ گەیاندو زیاتر لەناو خوێندکارە کوردستانیەکان و دۆستە ئیتالیەکان بلاوبووەوە و چەند جار چاپکرایەوە. لە کۆتایی 1990، دوای داگیرکردنی کوێت، کتێبێکی زۆر دەولەمەند لەسەر کورد، لە لایەن پرۆفیسۆر گەللێتی، بلاوکرایەوە بە پێی زانیاری و بەدواداچوونەکانی ئێمە هیچ کتێب و نامیلکەیتر نەبوو.
ئەو کتێبەی فرانز مەرییا دەزارۆ، مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلول، لەبەردەستایە هەرچەندە لە سالی 1976 چاپکرابوو بەلام لە هیچ پەرتوکخانەی زانکۆ و پەیمانگا و سەنتەرەکانی دیراساتی رۆژهەلات نەکەوتە بەرچاو و ئێستاش نیە. لەناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی سالی 1986 لەوکاتەی لە چێشتخانەی زانکۆی شاری پیزە دەهاتمە دەرەوە کەسێک بە عەڕەبانەیەکی 3 تایە کەونە کتێبی بۆ فرۆشتن دانابوو، هەرزانفرۆش بوو، زۆرجار کتێبی مێژوویی یان رۆمانی هەمەجۆرەم لێکڕیبوو، لەو کاتەی کتێبەکانم سەراوبن دەکرد چاوم بەو کتێبە کەوت و ناوی کوردستان و وێنەی بارزانیم کەوتە بەرچاو خورپە کەوتە دڵم. یەکسەر دەستم دایە و وەک ئەوەی باوەڕم نەدەکرد راست بێت، یەک یەک تەماشای لاپەڕەو وێنەکانم کرد…. ووتم ئەوە بایی چەندە؟ خاوەنی عەڕەبانە و کتێبەکان گەنجێکی قسە خۆش بوو، ریش و پرچی تێکەلاو بوو، لە فەیلەسوفە کلاسیکیەکان دەچوو، ئەو دەیزانی من کوردم بەلام نەیدەزانی کتێبەکە چیە و باسی چی دەکات. بەهەرحال گوتی هەزار لیرەی ئیتالی، دەیکردە یەک دۆلار بەلام ئەوکات بەشی 3 جەم خواردنی چێشتخانەی زانکۆی دەکرد، منیش پێنج هەزاریەکم پێ بوو و دامەدەستی و پێمگوت باقیەکەشی بۆ خۆت. بە داخەوە کتێبەکە، لە کاتی چاپکردنی، لە ١٩٧٦، نرخەکەی لەسەر نە نووسراوە.
کەوتمە رێگا بەرەو پەڕتوکخانەی سەرەکی زانکۆ، بە ناوی مەعریفەت La Sapienza، کە 400 – 500 م دوور بوو، ئەو رۆژە تا سەعاتی 8 ئێوارە، تا کاتی داخستنی، خەریکی خوێندنەوەو تەماشای بەرگ و وێنەکان بووم، زۆر دڵخۆش بووم. کۆمەلێک پرسیارم لەخۆم کرد، مەعقولە ئەو کتێبە ئەوە 10 سالە چاپکراوە نە کوردەکان و نە ئیتالیەکان پێی نازانن و نەیان دیووە؟ هەر زوو بەزوو هەولمدا و دەستم بە وەرگێڕانی کرد. لە بۆنە و ئاهەنگە کوردیەکان، بە تایبەتی نەورۆز، لای هەندێ دۆست و هاوڕێ باسی کتێبێکی لەو جۆرەم کرد بەلام کەس نەبوو ناوی بیستبێت. لەکاتی کیمیابارانی هەلەبجە و راپەڕین و کۆڕەوەکەی 1991 و کەوتنی رژێمی سەدام حوسێن لە نیسانی 2003 کە بە سەدان وتارو ریپۆرتاژ و کتێب چاپکران و بلاوکرانەوە بەلام کەس، بە کەم و بە زۆر، باسی ئەو کتێبەی نەکردووە. وا هەست دەکەم لە کاتی چاپکردنی ئەم کتێبە، لە 1976، سەفارەتی عێراق هەموو کتێبەکانی کڕیبێت و لەناوی بردبێ بۆ ئەوەی لە ئیتالیا دۆزی کورد نەناسرێت. سەیر ئەوەیە کە فرانز مەرییا دەزارۆ Franz Maria D’Asaro لە سالی 1925 لە دایک بووەو لە سالی 2004 کۆچی دواییکردوە هەولی نەداوە ئەم کتێبە بە رای گشتی بناسرێ.
بە هۆی سەرقالی زانکۆ و بژێوی ژیان وازم لە تەرجەمەکە هێناو لای کەس ناوی نووسەرو کتێبەکەم، بە زمانی ئیتالی، باس نەکرد و کتێبەکەم لە مالەوە شاردەوە، حەزم نەدەکرد کەس چاوی پێبکەوێت. هۆکاری ئەو شاردنەوەو باسنەکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی من ئەوکات و ئێستاش وادەزانم ئەم نوسەرە، فڕانز دەزارۆ، موبالەغەی زۆری لەسەر رۆلی مەلا مستەفا کردووەو تەرجەمەکردنیشی بۆ کاتی سالانی دوای راپەرین، بە رای خۆم، سودی بە پارتی و بنەمالەی بارزانی دەگەیاند لەبەر ئەوە لە وەرگیڕان و بلاوکردنەوەکە دوو دڵ بووم. وەک ئاشکرایە پارتی – بنەمالەی بارزانی بۆ بەرژەوەندی خۆیان “مێشەک دەکەنە گامێش” و بەم کتێبە دەیانتوانی بلێن “ئەوەتە بارزانی کوردی بە ئیتالیا و بە جیهان ناساندووە” و ئەمە مێژووە و نووسراوە.
لەسالی 2010 ناوە ناوە کە هەندی دۆست و هاوڕێی کوردستانی سەردانیان کردووم لەگەل هەندێکیان باسی ئەو کتێبەم کرد و بە هەندێکیشیان پیشاندا، لە هەمان کاتیش لە تەرجەمەکە بەردەوام بووم و ماوەی چەند سالێکە تەواو بووە بەلام لەبەر ئەوەی کتێبێکی ناوازەیە حەزم نەکرد بۆ هیچ دۆست و هاوڕێیەکم رەوانەی بکەم بۆ ئەوەی پیاچونەوەی بۆ بکرێت، هەلەکانی زمانەوانی راستبکرێتەوە.
ئەمە یەکەم کتێبە، بە پێی زانیاریەکانی بەردەستی ئێمە، لەسەر کوردو کوردستان، بە زمانی ئیتالی، لە سەدەی بیست چاپکراوە، نووسەر لە دوای روخانی رژێمی پاشایەتی عێراق، لە 14 تەموزی 1958 زا وەک پەیامنێری رۆژنامەیەکی ئیتالی دەگەوێتە بەغدا و یەکسەر ئاشنایەتی دەگەل دۆزی کورد پەیدا دەکات، لەوکاتەوە وتارو ریپۆرتاژی لەسەر دەنووسێ. لە کاتی گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی، لە یەکێتی سۆڤیەت لە 6 ئۆکتۆبەری 1958، دەزارۆ لە فڕۆکەخانەی بەغدا، لەگەل جەماوەرێکی زۆری کوردستانیان، کە بۆ پێشوازی لە سەرۆکەکەیان هاتبوون، چاوەڕوانی دەکات و پاشان بۆ ماوەی 2 مانگ لە هۆتێل سەمیر ئەمیس لە شاری بەغدا، شوێنی حەوانەوەی بارزانی، میوان دەبێت و بە چاوی خۆی ئەو کەس و شاندە کوردستانیانە دەبینێ کە بۆ سەردان و بەخێرهاتنەوەی بارزانی دەچوون. لەم کاتە دەزارۆ، یەکەم رۆژنامەنوسە، چاوپێکەوتن لەگەل بارزانی دەکات و لە رۆژنامەکانی ئیتالیا بلاوی دەکاتەوە.
فڕانز مەرییا دەزارۆ بە درێژایی 17 سال، لە 1958 تا ئاشبەتالی ئازاری 1975 بە بەردەوامی وتاری لەسەر شۆڕشی ئەیلول و بارزانی نووسیووە، لە بەغدا چاوی بە زۆربەی کاربەدەستەکانی حکومەت و رژێمەکانی عێراق کەوتووە، شاهیدێکی دەگمەنی ئەو ململانێ، شەڕ و موفاوەزات و ئاشتیە دوور و درێژانەی نێوان شۆڕشی ئەیلول و کاربەدەستانی بەغدایە.
فڕانز مەرییا دەزارۆ جگە لە هەست و سۆزی بۆ گەلی کورد بە شێوەیەکی بێسنور بە بارزانی سەرسام بوو. بارزانی بە داستان، قارەمان، سەرکردە، جەنگاوەر، شۆڕشگێر و باوکی روحی نەتەوەیی کورد لە قەلەم دەدا. بارزانی بە سەرکردەیەکی عەسکەری و سیاسەتوان، تاکتیکچی و ستراتێگێکی سەرکەوتوو دەناسێنی. کاتێ باسی رەوشی نالەباری کوردستانی تورکیا دەکات و دەلێ “لێرە جولانەوە و راپەرینی کورد نیە چونکە لێرە مەلا مستەفا بارزانیەک نیە”. لە کاتی دروستبوونی بەرەی نیشتمانی – جەبهەی وەتەنی لە نێوان حیزبی بەعس و حیزبی شوعی، پ. د. ک. ناچیتە ناو ئەم بەرەیە، عەزیز محەمەد، سکرتێری پارتی کۆمونیست رەخنە لە بارزانی دەگرێت وهیوای ئەوە دەخوازێ بارزانی رازیبکات بۆ ئەوەی پارتی بچێتە ناو ئەو بەرەیە، بارزانی دەلێ “عەزیز کۆمونیستێکی بێ ئەزموونە” و پەشیمان دەبێتەوە. دەزارۆ دەلێ بارزانی، لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەولەتی، ژمارەیەک نوێنەرو دیپلۆماتکاری شارەزاو لێهاتووی هەبوو و لە رێگەی ئەوانەوە ئاگاداری هەموو شتێك بوو، لە رێگەی ئەوانەش نامەی بۆ سەرۆک کۆماری ولاتان و یو ئێن UN رەوانە دەکرد، نووسەر، بە زۆری، ناوی کامەران بەدرخان و عیسمەت شەریف ڤانلی دەهێنێ.
ڵیرە هەژار موکریانیم هاتەوە بیر کە چۆن، لە چێشتی مجێور، بە چەپ و بە راست مەدح و سەنای بارزانی کردووە ئەوهاش فڕانز دەزارۆ هەر بە پۆزەتیڤ باسی مەلا مستەفا دەکات.
لەبەر ئەوەی بارزانی بۆ ماوەی 11 سال لە ئاوارەیی، لە یەکێتی سۆڤیەت، ژیاوە دەزارۆ، کە باسی بارزانی دەکات، بە ناوی جەنەڕالی پێشوی سوپای سوری سۆڤیەت، شێخی سۆر، مەلای سۆر و قارەمانی نەتەوەیی ناوی دەهێنێ.
دەزارۆ دەنووسێ بارزانی کاریگەری لەسەر هەموو سیاسەت و روداوەکانی بەغدا و عێراق هەیە و هەبووە، لە هەموو وەزارەت و دامەزراوە عەسکەری و کون و قوژبنەکانی دەوڵەت، بە نهێنی، پیاوی خۆی هەبوو و، پێشوەختە ئاگاداری پلان و نیاز و جولەی دەوڵەتی عێراق بوو.
دیارە فڕانز دەزارۆ لەم نووسینە پشتی بەو زانیاریانە بەستووە کە کوردەکانی نزیک لە بارزانی پێیانداوە، لەبەرە ئەوە هەلەی زۆر زۆری کردووەو نووسیووە، وێنەیەکی خەیالی بۆ بارزانی کێشاوە کە دوورە لە راستی.
دەزارۆ باسی چەند هەلەیەکی بارزانیش دەکات، لەوانە هەولنەدانی جدی بۆ گەیشتن بە ریێكەوتن لەگەل عەبدول کەریم قاسم، رەوانەکردنی نامە و داوای یارمەتیکردن لە ئەمەریکا لە سالی 1972 لەوکاتەی حکومەتی بەغدا لەسەر ئاستی نێوخۆ و جیهانی بەرەو بەهێزی دەچوو، نەدەبوایە لە ئازاری 1974 شەڕ دەست پێبکاتەوەو هەموو هێلکەکان بخرێنە سەبەتەی ئێران و شا.
فڕانز دەزارۆ باسی سیاسەتی تاکڕەوی مەلا مستەفای نەکردووە، ئاماژەی بەوە نەداوە یان نەیزانیووە کە بە بڕیاری بارزانی دەیان و سەدان کەسایەتی و رێبەرانی جولانەوی کورد کە لە بەشەکانیتری کوردستان بۆ هاوکاری و کۆمەکی کورد هاتبوونە باشور تیڕۆرکران یان بە دیلی رادەستی موخابەراتی تاران و ئەنقەرە کران یان ناچار کران ناوچەکانی ژێردەستی شۆڕش بەجی بێلن روو لە بەغدا و دەرەوە بکەن. هەر بە بڕیاری تاکلایانەی مەلا مستەفا چەندەها کەسایەتی و سەرۆک خێل و هۆزەکان، لە باشور، تیڕۆر کران یان لە زیندانە بێ ناوەکان ژیانیان بەسەر بردو زۆریشیان لەناو بردران.
زۆر بەداخەوە مەلا مستەفا میراتێکی زۆر خراپ و زیانبەخشی بەجێ هێشت، ئاوێکی پیس و بۆگەنی وای رژاند تا ئێستا کوڕو نەوەکانی، زۆر بە خراپی، پێی پیا دەخشێنن، لە سەرکوت و تیڕۆرکردن، لە گەندەلی و دزین و بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی نیشتمانی، لە دەست تێکەلکردنی لە گەل دوژمنانی کورد و … هتد سەد کەڕەت لە بارزانی باوک تێیان پەڕاندوە.
فڕانز مەرییا دەزارۆ، لەم کتێبە، بە کورتی و خێرایی باسی روداوەکانی عێراق، لە دروستبوونەوە تا رۆژانی ئاشبەتالی، دەکات، بە حیزب و کەسایەتی و کودەتا و گرفتەکانی ئەو ولاتەمان ئاشنا دەکات. دەزارۆ، هەر ئەوکات، هەستی بە “نەفرەتی نەوت” کردووە کە تاکو ئێستا بۆتە هۆی تڕاژیدیای کورد.
خالێکیتر کە دەزارۆ کە باسی دەکات بریتیە لە سیاسەتی روسیای قەیسەری و یەکێتی سۆڤیەت بۆ گەیشتنی بە ئاوە گەرمەکان، لە خەلیجی فارسەوە تا دەگاتە دەریای سپی ناوەڕاست، بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دۆزی کوردی بەکار هێناوە، لە کاتی کۆماری مەهابادەوە تاکو ئێستا وا هەست دەکرێ کە ئەم سیاسەتە گۆڕانی بەسەر نەهاتووە.
بە دەگمەن رۆژنامەنوسێکی غەیرە کورد، وەک دەزارۆ، ئەوەندە سالە موتابەعەی شۆڕشی ئەیلول و بارزانیان کردووە. لەبەر ئەوە پێموایە ئەم کتێبە دۆکومێنتەکی مێژوویی گرنگ و دەگمەنە، حەقی خۆیەتی نەوەی ئێستا و دواڕۆژ ئاشنایەتی بەو کتێبە پەیدا بکەن و دەکرێت سوودی لێوەربگرن. کەموکورتی هەرە گەورەی فڕانز دەزارۆ بریتیە لەوەی، جگە لە مەلا مستەفا، زۆر بە دەگمەن باسی سەرکردەو کەسایەتیەکانیتری کوردستان دەکات، ئەو هەموو سالە لە عێراق، لە بەغدا، بووە و چاوی بە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەو سیاستەوان و رۆشنبیری کورد کەوتووە بەلام باسیان ناکات و ناویان ناهێنێ.
دەزارۆ لەم کتێبەکە ناوی “شۆڕش” و “پێشمەرگە” ناهێنی، بەلکو بە جولانەوە، یاخیبوون، راپەڕین و شەڕ و، چەکدار، شەڕکەر و جەنگاوەر ناویان دەبات بەلام ئێمە هەموو ئەو دەستەواژانەمان بەکار هێناوە.
دوای سالانێکی دورودرێژ و چەندەها جار پیاچوونەوە بە تەرجەمە کوردیەکە بڕیارمدا بیخەمە بەردەست و بلاوبکرێتەوە، ئەمڕۆش نەبێ بەیانی کەسێکیتر تەرجەمەی دەکات. من هەولمداوە بە ئەمانەت و راستگۆیی دەقە ئیتالیەکە بکەمە کوردی، لەو شوێنانەی پێویستی بە راستکردنەوەی ناوی کەس و شوێنەکان هەبوو ئاماژەم پێکردووە (وەرگێڕ یان و)، یان لە پەڕاوێزەکان ئاماژەی بۆ کراوە. کاتێک باسی دۆزی کوردو کوردستان دەکرێت ناچاری باسی 4 دەولەت بکەیت، ناوی زۆر کەسایەتی و شوێنە جوگرافیەکان ببەیت، ئەمەش کارێکی زۆر سەختە و پێویستی بە شارەزاییەکی فراوان هەیە، بە تایبەتی بۆ نیو سەدە پێش ئێستا. لەبەر ئەوە نووسەر، وەک رۆژنامەنوس نەک وەک کەسێکی ئەکادیمی و توێژەری مێژوویی، کۆمەلێک هەلەی کردووە، وەک گوایە بارزانی لەم ماوەیەی لە یەکێتی سۆڤیەت ژیاوە بە بەردەوامی پەیامی، لە رێگەی رادیۆ، بۆ کۆمەلانی خەلکی کورد رەوانەکردووە تا هانیان بدات لەدژی حکومەتەکانی بەغدا، ئەنقەرە، دیمەشق و تاران خەبات بکەن یان گوایە مەلا مستەفا بەخۆی سەرکردایەتی چەندەها شەڕی کردووە. ئێمە تا ئەو رادەو شوێنەی هەستمان پێکردووە و لە تواناماندا بووە ئاماژەمان بە زانیاریە هەلەکان کردووە و راستمان کردونەتەوە و، هەموو پەراوێزەکانیش ئێمە، وەرگێر، دامان ناوە. لە ناو کتێبەکە ناوی دەیان و بە سەدان کەسایەتی عێراق و رۆژهەلاتی ناوەڕاست و جیهانی هەیە کە نووسەر، لە دەقە ئیتالیەکە، بە هەلە ناوی هێناون و بەیەک ناو ناوی بردوون، وەک، قاسم، عارف، شەواف، گەیلانی، ناسر، موفتی فەلەستین، خڕۆشۆف و… هتد بۆیە هەولمانداوە ناوەکان وەک خۆیان، چۆن پێی ناسراون، ناوی سیانی، بنووسینەوە، بەشی زۆریان لەناو تێکستی کتێبەکە نووسیووەو بەشێکی کەمیش لە پەراوێزەکان داناوە.

پارتی و ئەم کتێبە

لە ١٦ تەموزی ٢٠٢١ لەگەل د. عبدالحکیم خەسرەو جۆزەل پەیوەندیەکی تەلیفۆنیم کرد و باسی ئەوەم بۆی کرد کە خەریکی تەواوکردنی تەرجەمەی دوو کتێبی ئیتالیم بۆ سەر زمانی کوردی. من و د. دکتۆر عبدالحکیم، لە سالی ٢٠٠٤ – ٢٠٠٦ ئەوکاتەی گەڕامەوە هەرێم و لە زانکۆی سەلاحەدین، لە کۆلێژی زانستە رامیاریەکان وانەم دەگوتەوە یەکترمان ناسی، بۆ من کەسێکی تا بلێی بەرێز، کۆمەلایەتی و کوردیزانیکی زۆر باش و ئەکادیمێکی سەرکەوتووبوو، پەیوەندی دۆستایەتی و هاوڕێیەتیمان بەردەوام بوو. کاتی خۆی لە سالی ٢٠١١ بۆ خولێک هاتە ئیتالیا و لە شاری پیزە ماوەی ١٠ رۆژێک مایەوە، لەم سەردانە ئەم کتێبە و کتێبێکیتر لەسەر یەزیدیەکان، کە لە سالی ١٩٣٠ چاپکراوە، پێ نیشانداو زۆر کەیف خۆش بوو، پێشنیاری بۆ کردم و تەرجەمە کوردیەکەی بدەمە دەست یان بۆی رەوانە بکەم و لە هەولێر لە یەکێک لە دەزگاکانی سەر بە پارتی چاپ بکرێت بەلام من هەر دوو دڵ بووم و ووتم بیرێکی لێ دەکەمەوە.
لە ١٦ تەموزی 2021 کە لەگەل د. عبدالحکیم قسەمکرد، کەسێکی زۆر قسە خۆش و بێ فیزە، بە پێکەنینەوە گووتی “ئەمن ئێستا بوویمە پیاوی دەسەلات و سکرتێری لیژنەی بالای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی”م لە ئەنجومەنی وەزیران. بە هەرحال وا رێکەوتین یان کتیبەکە یان بە چەند لاپەڕەیەک کتێبەکە بناسێنم. ئەوەبوو لە ٣٠ ئابی ٢٠٢١ بە نامەیەکی ٧ لاپەڕەیی لەگەل هەندی وێنە بۆم رەوانەکرد، دەتوانم بلێم وەک ئەم سەرگوزەشتەیە بوو بەلام باسی کەموکوڕی و خالە نەگەتیڤەکانی مەلا مستەفام نەکردبوو. پاش چەند رۆژێک پەیوەندیمان بەیەکەوە کرد و گوتی “بۆ بارەگای بارزانی رەوانەکراوە” و خۆیان پەیوەندیت پێوە دەکەن. لە ٢٩ ئەیلولی ٢٠٢١ کەسێک، بەناوی د. زکری موسا، راوێژکار لە بارەگای بارزانی پەیوەندی پیوەکردم گوتی نامەکەت سەبارەت بە کتێبەکە مایەی دەستخۆشیە و داواکارین تەرجەمە کوردیەکەمان بۆ رەوانە بکەی تاکو هەلسەنگاندنی بۆ بکەین. من و کاک زکری یەکترمان نەدەناسی، بە رێزەوە و لە دوورەوە لەگەل یەکتر قسەمانکرد. منیش لە وەلام و داواکەی کاک زکری گوتم هیچ کێشەیەک نیە بە مەرجێک بە ئیمەیل وەلامم بدەنەوەو بە فەرمی بە لۆگۆی بارەگای بارزانی یان دەزگایەکی چاپ داوا بکەن و منیش تەرجەمەکەتان بۆ رەوانە دەکەم، لە وەلام ووتی “بۆ سیقەت بە ئێمە نیە”، لە وەلام ووتم مەسەلە سیقە نیە، تەنها بۆ ئەوەی بزانم بۆ کوێی رەوانە دەکەم، بۆ ئەو مەبەستەش کورتە نامەیەکت بۆ رەوانە دەکەم، ئەگەر پێتان باشە یەکسەر بیخەنە سەر کاغەز بە لۆگۆی بارەگای بارزانی و بە ئیمەیل بۆم رەوانە بکەن وئەگەر گۆریتان تکایە ناوەڕۆکە دەستکاری مەکەن. دیار بوو بە داواکەی من کەمێک سەخلەت بوو. پاش تەلیفۆنەکە کورتە نامەکەم بۆ رەوانەکرد.
کاتێکی زۆری بەسەرچوو هیچ وەلامێک نەبوو، ناچار نامەیەکیترم بۆ کاک زکری موسا و د. عبدالحکیم خەسرەو رەوانە کرد و داوامکردبوو بە ئا و بە نا وەلامەکم بدەنەوە، رۆژی ٣ نۆڤەمبەری ٢٠٢١ نامەیەکم لە بارەگای بارزانی و راوێژکار، بە ئیمەیل، بەدەست گەیشت، تیایە نووسراوە:
“سەرەتا داوای لێبوردن دەکەین کە نەمانتوانی لە کاتی خۆی وەلامی نامەکەتان بدەینەوە…….. ئێمە خۆشحالین و دەستخۆشی لە بەڕێزتان دەکەین کە بەم کارە گرنگە هەڵساون و کتێبێکی گرنگی پڕ لە دیکۆمنتان لەسەر مێژووی هاوچەرخی کورد و شۆڕش لە زمانی ئیتالیەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە. ئەم هەولە زانستیەی بەڕێزتان جێگەی پێزانینە. داوا لە بەڕێزتان دەکەین کە نوسخە کوردیەکەمان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی بدرێتە لیژنەیەکی تایبەت بۆ هەلسانگاندن و دواتر هەلسەنگاندنەکە عەرزی جەنابی سەرۆک بارزانی بکرێت و بڕیاری چاپی لێ بدرێت.
دووبارە داوای لێبوردنتان لێ دەکەین و هیوای کامەرانیتان بۆ دەخوازین.
د. زکری موسا
راوێژکار لە
بارەگای بارزانی”
ئەوەبوو رۆژی ١٧ نۆڤەمبەری ٢٠٢١ دەقە کوردیەکەم بۆ د. زکری موسا و د. عبدالحکیم خەسرەو رەوانە کرد و دەمودەست وەلامیان دایەوە کە بەدەستیان گەیشتووە.
لەو باوەڕەدابووم دوای ٧ – ١٠ رۆژ وەلامەکم بەدەست بگات بە تایبەتی بارەگای بارزانی باسی “لیژنەیەکی تایبەت لە کەسانی شارەزا لە مێژوو و شۆڕشی ئەیلول” کردبوو کەچی بۆ ماوەیەکی درێژ بێدەنگ بوون، رۆژی 03/01/2022 نامەیەکی کورتم بۆ راوێژکارەکە رەوانەکرد “ئەرێ کەس کتێبەکەی خوێندۆتەوەو هەلسەنگاندنی بۆ کردووە، رایان چی بووە، بۆ بلاوکردنەوە دەشێ؟”.
رۆژی ٤ی مانگ یەکی ئەم سال د. زکری موسا بە کورتی وەلامی دایەوە “بەڵێ چەند بەڕێزێک کتێبەکەیان خوێندۆتەوەو هەلسەنگاندنیان بۆ کردووە. لە رێگەی بەڕێز دکتۆر عەبدالحەکیم خەسرەو لەم حەفتەیە وەلام بۆ جەنابتان دەنێردرێت”. من، لای خۆم، ئەو وەلامەم بە نەگەتیڤ لە قەلەمدا و یەکسەر بۆ د. عبدلحکیم خەسرەو رەوانەکرد بەو ئامانجەی کە تەلیفۆنم بۆ بکات و یان پەلە لە وەلامە رەسمیەکە بکات.
سەرنج بدەن من رۆژی ١٧ نۆڤەمبەری ٢٠٢١ دەقە کوردیەکەم رەوانەکرد، دوای ٤٧ رۆژ دەلێن بەلێ لیژنەیەک هەلسەنگاندنی بۆ کردووەو لەم حەفتەیە وەلامت بەدەست دەگات.
رۆژی ١٦ مانگی یەکی ئەمسال، ٢٠٢٢، کورتە نامەیەکم بۆ د. عبدالحکیم خەسرەو رەوانە کردو سۆراخی کتێبەکەم لێ پرسی، ئەویش یەکسەر وەلامی دامەوەو ووتی “بەشێکی کتێبەکەم خوێندۆتەوە، لەم رۆژانە رای خۆمت بۆ رەوانە دەکەم”. منیش یەکسەر وەلامم دایەوە “کاک دکتۆر من پێویستم بە رای شەخسی تۆ نیە، ئەگەر ئەم لیژنەیە یان کەسانی شارەزا خوێندویانەوە و هەلسەنگاندنیان بۆ کردووە پێویستی بەو هینان و بردنە نیە، من سوپاسی تۆ دەکەم، هەر کاتەک کتابەکە بلاوکرایەوە تۆ دەتوانی رای خۆت، لەسەر زمانی وەرگێرانەکە یان ناوەڕۆکی کتابەکە بە نووسین، وەک هەلسانگاندنێکی ئەکادیمی دەربڕی. ئەوەی پەیوەندی بە منەوە هەیە تەنها شێوەی وەرگێڕانەکەیە، ناوەڕۆکەکەی پەیوەندی بە نووسەرەکەوە هەیە”.
لە رۆژی ١٦ شوباتی ٢٠٢٢، دوای یەک مانگ، د. عبدالحکیم کورتە نامەیەکی بۆ رەوانەکردم و دەلێ “زۆر داوای لێبوردن دەکەم ، ئەم ماوەیە زۆر مەشغولی بابەتی …… بووم. بەڵێ تێبینیەکانم بەدەست گەیشتووە ….. ئەگەر دەرفەتم بدەی لەم چەند رۆژە تێبینیەکان بۆ جەنابت دەخەمەروو”.
هەموو وەلام و دەرنگی و خۆ دزینەوە نیشانەی ئەوەیان پێوە بوو کە پارتی و بارەگای بارزانی ئەم کتێبە بە پۆزەتیڤ نابینن، بە زیانی بۆ سەر مەلا مستەفا و پارتیان هەلسەنگاندووە ئەگەر نا زوو بە زوو وەلامیان دەدایەوە.
رۆژی ١٧ شوبات نامەیەکی دەنگیم بۆ د. عبدالحکیم خەسەرەو رەوانەکرد، من زۆر زۆر بە دەگمەن نامەی دەنگی رەوانە دەکەم، بە زمانێکی زۆر برایانە و دۆستانە “داوای لێبوردنت لێدەکەم کە سەر ئێشەم بۆ دروستکردی، دیارە بارەگای بارزانی ئەم کتێبەی بە دڵ نیە و پێی باش نیە بلاو بکرێتەوە. من لەسەر سەفەرم بۆ دەرەوەی ئیتالیا ئەگەر تا ٢٠ شوبات وەلامێکم بۆ رەوانە بکە ی باشە ئەگەر نا خۆت ماندوو مەکە و هیچم بۆ مەنووسە، تۆ دۆست و برایەکی ئازیزی منی”.
لە راستی من “هەلەیەکی گەورە”م کرد نەدەبوایە ئەم کتێبە بۆ پارتی رەوانە بکەم چونکە بۆ بنەمالەی بارزانی مەلا مستەفا “هێلی سورە” و وا دەزانن هیچ جۆرە کەموکوڕی و هەلەیەکی نیە کەچی فرانز دەزارۆ هەرچەندە بە پۆزەتیڤ باسی دەکات جار جارەش رەخنەی لێگرتووە، کە باسی کۆماری مەهاباد دەکات ئاماژە بە ناکۆکی نێوان پێشەوا قازی محەمەد و مەلا مستەفا دەکات و دەلێ “مەلا مستەفا بارزانی هەموو کۆمەک و پشتگیری خۆی لە قازی محەمەد کێشایەوەو بەتەنها بەجێی هێشت”. ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی بنەمالەی بارزانی بە نەگەتیڤ هەلسەنگاندنی بۆ بکەن و بە زیانبەخش بۆ سەر مێژوو و ژیانی مەلا مستەفا حیسابی بۆ بکەن. یان ئەوکاتەی فڕانز دەزارۆ بۆ یەکەمجار چاوپێکەوتن “رووبەرو لەگەل بارزانی” دەکات بە پۆزەتیڤ باسی ناکات، بە تایبەتی ئاماژە بەوە دەکات کە مەلا مستەفا “لە وەلام و قسەکانی راستگۆ نیە”.
تاکو ئێستا هیچ وەلامێکیترم لە بارەگای بارزانی و د. عبدالحکیم خەسەرەو بەدەست نەگەیشتەوە، تەنها بێدەنگی د.عبدالحکیم بۆ من مایەی نیگەرانیە، متمانەی زۆرم پێی هەبوو، نەک بۆ ئەو کتێبە بەلکو لەسەر ئاستی دۆستایەتی و کۆمەلایەتی و ئەکادیمیش.
من بۆ ئەو کتێبە داوای هیچم نە کردبوو، یەک مەرجم بە نووسین و بە قسە بریتی بوو لەوەی “بە بێ دەستکاری ناوەڕۆک و شێوە زمانەکە” چاپ بکرێت. لە نامەکەی یەکەمجار ئاماژەم بە چەند توێژینەوەو کتێبێکیتر کردبوو کە لە سەر دۆزی کورد لە سەردەمی مەلا مستەفا، بە زمانی ئیتالی، چاپکراون و دەکرێ هەولی کۆکردنەوەو تەرجەمەکردنیان بدرێ.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان چی دەلێ؟

دوای نەمانی پەیوەندی لەگەل “پارتی” وازم لە کتێبەکە هێناو لای کەس باسم نەکرد، رۆژی ١٦ ئازاری ٢٠٢٢ کاک سەرتیپ جەوهەر، رۆژنامەنووس و چالاکوانی هەولێرو رەخنەگر لە سیاسەتی یەکێتی (لە نووسینەکانی هەست پێدەکرێ) پەیوەندی پێوەکردم و نزیکە ٧٠ خولەک باسی زۆر بابەت و روداومانکرد، راستی من و کاک سەرتیپ ئەوە یەکمجار بوو بەیەکەوە قسە بکەین. لە کۆتایی گفتوگۆکە باسی ئەو کتێبەم بۆکرد و ووتم دەکرێ لە دەزگاکانی یەکێتی چاپ بکرێت، لە وەلام ووتی “چەند دەزگایەکی یەکێتی کاری چاپەمەنی دەکەن، ئەتو کتێبەکە رەوانە بکە و پاشان قسەی لەسەر دەکەین”. من بە کاک سەرتیپم نەگوت کە بۆ پارتیم رەوانەکردووەو وەلامیان نەداوەتەوەو بە نەگەتیڤیان هەلسەنگاندووە. ئەوەبوو رۆژی ٢٤ نەورۆزی ٢٠٢٢ بە ئیمەیل بۆم رەوانەکرد و رۆژی دوایی بۆی نووسیم “کتێبەکی زۆر باشە و خەریکی خوێندنەوەیم، قسەم لەگەل برادەرانی مەکتەبی بیر و هوشیاری کردووە و ئەوڕۆ یان سبەی لۆیان رەوانە دەکەم”. هەمان رۆژ بۆی نووسیم “ئەوە بۆ برادەرانی یەکێتیم رەوانە کردووەو تکام کردوە بە زوویی بیخوێننەوەو وەلامەکم بدەنەوە بەلام تکایە نەچیتە دەستی کەسانیتر، ئەگەر چاپی دەکەن یان نا خێرا وەلامم بدەنەوە”.
من وا بیرم دەکردەوە مادام بە دڵی پارتی نەبووە بە دڵنیایەوە دەبێ یەکسەر بە دڵی برادەرانی یەکێتی بێت، بە تایبەت کەسێکی وەک خۆم وەریگێڕاوە، کە پێشمەرگەی یەکێتی بووم لە شاخ، لە ١٩٨١ لە ئیتالیا دەژیم و یەکێک لە چالاکوانەکانی یەکێتی و بۆ ماوەی ١٥ سال بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە ئیتالیا و زۆریتیریش. لە دوای روخانی بەعس، زوو بەلام درەنگیش، هەستمکرد یەکێتی عەقلی سیاسی نیە کەواتە ناتوانین باسی ئەرشیڤ و زانیاری، سەبارەت بە ئەندام و چالاکیەکانیان، لەو رێکخراوە بکەین.
رۆژی ١٥ نیسانی ٢٠٢٢ کورتە نامەیەکەم بۆ کاک سەرتیپ جەوهەر رەوانەکرد و پرسیم “ئەرێ هیچ سەرەداوی کتێبەکەت بە دەست نەگەیشتووە؟”.
وەلامی دایەوەو ووتی “نە وەڵلە بەلام هەولدەدەم بە زوترین کات وەلامت بدەمەوە.”
ئەوکات رەمەزان بوو، جەژنیش تێپەڕی هیچ وەلام نەبوو، ناچار ٩ ئایار نامەیەکی کورت کورتم بۆ نووسی “ئەرێ هیچ خەبەر نیە؟” وەلامی دایەوەو زۆر گلەیی و گازاندەی لە مەکتەبی بیر و هۆشیاری و هەموو یەکێتی هەبوو، دیسان داوای هەفتەیەکیتری کرد. ئەمنیش حەپەسان و سەرسوڕمانی خۆم دەربڕی بەرامبەر ئەو رەفتارە و گوتم باشە و “با نۆیەش بێتە سەر دەیە” و هەفتەیەکی تریش چاوەڕوان دەکەم.
هەفتەکە بە زیادەوە تێپەڕی وەلام نەبوو، لە ٢١ ئایار دیسان داوای سۆراخی کتیبەکەم کرد. وەلامی نەبوو، دیسان رۆژی ٢٤ ئایار هەمان کورتە نامەم بۆ رەوانە کردەوە، یەکسەر تەلیفۆنیکرد، پێی گوتم برادەرانی یەکێتی، لە “مەکتەبی بیرو هوشیاری” پێیان راگەیاندووم ئەو کتێبە بە پۆزەتیڤ باسی مەلا مستەفا دەکات و ئەوەش بە سود و قازانجی بنەمالەی بارزانی و پارتی دەشکێتەوە، لەبەرە ئەوە ئێمە بلاوی ناکەینەوە. بە نووسین ئەوەشی بۆ دوپاتکردمەوە. وتووێژێکی ٢٥ دەقیقەمانکرد و باسی زۆرشتیترمان کرد. دیار بوو کاک سەرتیپ زۆر هەستی بە ناڕحەتی دەکرد و چەند جار ووتی “من شەرمەزارم بەرامبەر بەتو”.
منیش هەولمدا بارودۆخەکە ئاسایی بکەمەوەو زۆر سوپاسمکرد و داوای لێبوردنم لێکرد بۆ ئەو کات کوشتن و سەر ئێشە و .. هتد. گوتم ئەی باشە خودی مام جەلال نەبوو چووە سەر گۆڕی مەلا مستەفا – مەزاری نەمران و لەوێ و لە چەند موناسەبە و نووسین بە دەنگی بەرز هاواری نەکرد “من هەلەبووم لە سالی ١٩٦٤ لە مەلا مستەفا بارزانی جیا بوومەوە” و پارتی بە “مالە گەورەکە” لە قەلەم نەداوە؟ ئەی، لە دوای کەوتنی رژێمی سەدام حوسێن لە ٢٠٠٣، زۆربەی سەرانی یەکێتی سەردانی گۆڕی بارزانیان نەکردووە؟ ئەی لە سالی ٢٠٠٥ بە دواوە هەموو ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکانی یەکێتی لە هەولێر لەژێر وێنە گەورەکەی مەلا مستەفا بارزانی سوێندی یاسییان نەخواردووە؟
ئێمە لە زۆر کات و موناسەبە، بە قسە و بە نووسین، باسی ئەوەمانکردووە کە کەڵەگایی و بەهێزبوونی دەسەلاتی پارتی لە هەرێم بە پشت و پەنای یەکێتی، لە پێشەوەی هەموان هی مام جەلال تالەبانی، بووە. یەکێتی، ئەگەر بەشی زۆرتر نەبێ، ئەوە بە یەکسانی، لەگەل پارتی، لە تاوان و دزین و گەندەلی و نەهامەتیەکانی باشوری کوردستان شەریک و بەرپرسیارە.
پارتی و یەکێتی، بەمجۆرە، رێکەوتن بایکۆتی ئەو کتێبە بکەن، ئەوەیە رێکەوتنی ستراتیژی؟ ئەوە چ عەقلیەتێکە گوێ لە رەخنە نەگرێت، نەیەوێت گوێ لە بۆچوون و رای کەسانی چاودێر و رۆژنامەنوس، بە تایبەتی بیانی، بگرێ؟
پێمخۆشە ئاماژە بەوە بکەم کە زۆر کتێب و نووسینی بە پێز لەسەر کەسایەتی و هەلسوکەوتی مەلا مستەفا بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، بە زمانی کوردی، چاپکراون، لێرە تەنها ناوی سێ دەهێنم کە خوێندومنەوە.

جميل محو، مذكراتي داخل سجون الثورة الكردية (جەمیل محۆ، بیرەوەریەکانم لە زیندانەکانی شۆڕشی کورد)، 1982، بیروت – لبنان.

زرار سلێمان بەگ دەرگەلەیی، بیرەوەریەکانم لە سالانی ١٩٤٣ – ١٩٧٧.

مەحمود رەزا ئەمین، پارتی و کوشتنی سیاسی، لە ١٨ دیسەمبەری ٢٠١٦ لە سایتی کوردستانپۆست بلاوکراوەتەوە.
هەرسێکیان، زۆر بە ئاسانی، لە گوگل دەدۆزرێنەوە.

دڵنیامە ئەو رۆژەی دەسەلاتی سیاسی بنەمالەی بارزانی نامێنێ یان لاواز دەبێ بە سەدان کتێب، بیرەوەری و هەلسەنگاندن و توێژینەوە، لە لایەن کەسە نزیکەکانی پارتی چاپ دەکرێن و ئەوکات پۆخلەوات، دزی و گەندەلی، تیرۆر و جەردەیی، خیانەت و جاشایەتی، بە شێوەیەکی فراوان بە هەموو کوردستان بلاودەبنەوە و سیحر و تەلیسم و ئەفسانەی مەلا مستەفا و نەوەکانی بە یەکجاری بەتاڵ دەکرێنەوە.

د. جاسم خۆشناو
ئیتالیا
٢٥ نۆڤەمبەری ٢٠٢٢

————————–

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish