Skip to Content

نهێنی نەورۆز.. عەلی حەمەڕەشید

نهێنی نەورۆز.. عەلی حەمەڕەشید

Closed
by March 25, 2021 General

نازانم نەورۆز چ نهێنییەکی تێدایە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەمووان بە گشت ڕەنگ و دەنگێکی جیاوازەوە لە پێشوازیدا دەوەستین و دەنگەکانمان دەکەین بە دەنگێک کە لەمێژەوە تێکەڵ بە ئاوازێکی خۆش و دڵگیر بووە و ئاشنایەتی تەواوی هەیە لەگەڵ ڕۆحماندا و لای هەر یەکێکمان کۆمەڵێک بیرەوەری شیرین و خۆشی جێهێشتووە و لای هەندێکیشمان بیرەوەرییەکان بۆ ئەو کاتە تا بڵێی ناخۆش و ئازار بەخش بوون بەڵام لە ئێستا دا کە نەورۆز دێ ئەوانیش خۆش و شیرین دەبن.ڕەنگەکانیشمان لە ڕەنگێکی نێرگسیدا یەک دەگرن و تابلۆیەکی لێوانلێو لە ئەوینی خاک پێکدەهێنن کە هەمووان بە پەرۆشەوە لێی دەڕوانین و چێژ و خۆشیمان پێدەبەخشن. نەورۆز هەمیشە لەگەڵ خۆیدا شنەبای خۆشیی و نمە بارانی شادی و ڕوناکیی ئاسودەیی و ئاوازی پێکەوە ژیان و سرودی هیوا و گەشبینی و ئاسۆیەکی گەشاوە و دەروازەیەکی کراوە بۆ ئازادی دەهێنێت و دەکاتەوە.درشت و ورد تامەزرۆی نەورۆزن و لە ئامادەباشیدا گۆرانی بۆ چرکەساتی نزیکبوونەوە و گڕی ئاگری نەورۆز دەڵێن.دڵنیام لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم چەند دێڕەدا چرۆی بیرەوەری و یادگارییەکانی ئێوەش لەگەڵ یادکردنەوەی نەورۆزدا گەش گەش خۆی دەنوێنێت و دەبێتە هۆی بیرخستنەوەیان و بەتەواوی دەتان گێڕێتەوە بۆ کاتی دروستبوونیان.

Previous
Next