باجی جیانووسین: ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر.. ئه‌حمه‌دی مه‌لا
شیعر لای سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له شیكلی جیهانێكدایه، كه نه سه‌ره‌تای دیاره نه كۆتایی، به‌ڵكو له په‌ڵه‌ی جوانیی، له ده‌نگی نامۆ، له بزاوتێك، له ئاماژه‌یه‌ك، له ساتمه‌یه‌ك، له بیره‌وه‌رییه‌ك پێكهاتووه، له كۆتاییدا، هه‌موو شتێك لای شاعیر ده‌بێته مادده و مایه‌ی شیعر. ڕه‌نگه باس له سه‌ره‌تایه‌ك بكات، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌كی زه‌مه‌نی نییه، به‌ڵكو له ئێستایه‌ك پێكدێت، كه زه‌حمه‌تیشه ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرین. له زمانی ئینجیله‌وه ئه‌وه فێرده‌بین كه (له سه‌ره‌تادا وشه هه‌بوو)، ئه‌گه‌ر (وشه) مه‌به‌ست له كرده‌ی خه‌ڵق بێت، ئه‌وه به (كردار)یش ده‌كرێت لێكبدرێته‌وه، به‌ڵام له ژێر زمانی شاعیر ئه‌وه ده‌خوێنینه‌وه، كه (له سه‌ره‌تادا ته‌نیا جوانیی هه‌بوو). جوانیی لای ڕۆمانسییه‌كان دنیایه‌كی خه‌یاڵییه، دنیایه‌كی دووره‌ده‌سته، به‌ڵكو له زۆرباریشدا، ئاوێته‌ی مه‌رگیش ده‌بێت. هه‌ر ئه‌و جوانییه‌یه، دواتر ڕامبۆ به (تاڵ) ده‌یچوێنێت.
لۆژیكی شیعر، له‌سه‌ر نالۆژیك به‌نده، جیهانی ئه‌م شاعیره وه‌كو نارنجۆكێك هه‌پروون به هه‌پروون بووه، هیچی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه نه‌ماوه، پارچه‌كانی جارێكی دی مه‌حاڵه پێكه‌وه گرێ بدرێنه‌وه، به‌ڵام هه‌ر پارچه‌یه‌ك خۆی له خۆیدا پێكهاته‌یه‌كی شیعرییه. ئه‌م جیهانه ئینسان تووشی گێژبوون ده‌كات، ئه‌و گێژبوونه‌ی كه ڕامبۆ ده‌یویست ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت. ئایا ئه‌م كرده‌یه به شیعر ئه‌نجام ده‌درێت، ئایا شاعیر ده‌توانێت ئه‌م جیهانه له‌یه‌كترازاوه، له یه‌كداماڵاوه جارێكی دی بداته‌وه ده‌م یه‌ك و وه‌ك سه‌نعه‌تكارێك، هه‌وڵی ئه‌وه بدات برین و شوێنه‌واری ئه‌و ئازارانه بسڕێته‌وه:
شیعر ده‌ستی له‌سه‌ر شانم دانا
گوتی له دووره‌وه هاتووم و نه‌زرم له خۆم گرتووه
نیشانه‌ی زیندووكردنه‌وه بناسم
شاعیر زۆر خولیای جیهانی خۆیه‌تی، هه‌ست ناكات كه كات تێده‌په‌ڕێت، هه‌ست ناكات كه ده‌ره‌وه كاریگه‌ریی به‌سه‌ر ئه‌زموونی ئه‌وه‌وه هه‌یه، به پێچه‌وانه‌وه ڕه‌نگه بیه‌وێت، جیهانه شیعرییه‌كه‌ی خۆی ببێته مه‌رجه‌ع، نه‌ك ئه‌زموون، بۆیه هه‌ست به گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له ده‌قه سه‌ره‌تایییه‌كانی و ده‌قه تازه نووسراوه‌كانی ناكه‌ین. جیهانی شیعریی ئه‌و به‌بێ كه‌لێن دروست بووه،، ڕه‌نگه بواریشمان نه‌داتێ هه‌ناسه‌ی تێدا بده‌ین. وه‌كو ئه‌وه‌ی ئینسان له دوا ساته‌كانی خۆیدا بژێت و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ته‌نیا هه‌ر شیعر بێت. به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و جیهانه به‌بێ خاڵ، به‌بێ وێرگوڵ، به‌بێ مه‌سافه‌ی نێوان وێنه‌كان، به‌بێ سپێتی، به‌بێ په‌نجه‌ره و ده‌رگا. جیهانێكی سیخناخه به خودی خۆی. ده‌ق جێگای واقیع ده‌گرێته‌وه:
وه‌ك یه‌كه‌م ڕۆژی چوونه قوتابخانه
لافاو له‌و جۆگه‌یه نیشته‌وه
خوداناس بۆ ده‌ستنوێژ گرتن ده‌چنه سه‌ری
ئه‌و شه‌قامانه‌ی هاتوچۆیان لێ به‌ستراوه
ڕێكخراوی جانه‌وه‌ران به ده‌سته به‌ده‌كانیان
ڕووناكییان له بن دروشمه‌كانیان درۆزن كرد
ئه‌م جیهانه سوریالیئامێزه، له هه‌مان كاتیش‌دا لۆكاڵیشه، به تێرم و موفره‌ده‌ی ده‌شتی دزه‌یی پڕ و پاراو ده‌بێت، به ئاماژه‌یه‌كیش بۆ فه‌زای ده‌شتی هه‌ولێر كۆتایی دێت،، پانتایییه‌كی خاوه، دووباره‌بوونه‌وه‌ی خودی خۆیه‌تی، كه‌مێك هه‌ست به ته‌ڕایه‌تی بینین، چاو ده‌كرێت، به‌رجه‌سته‌كان له‌ناو دژایه‌تی و به دژایه‌تی خۆیان ده‌ژین. هیچ شتێك له كۆتاییدا، په‌یوه‌ندی به هیچ شتێكه‌وه نه‌ماوه. هه‌موو (پنت)ێك سه‌ربه‌خۆییه‌كی ته‌واوی هه‌یه، بۆ خودی خۆی واقیعێكه. شاعیر كه‌س ئاشت ناكاته‌وه، بانگه‌شه‌ی كه‌س ناكات، قسه له‌گه‌ڵ كه‌س ناكات، نایه‌وێت ده‌می ئاراسته‌ی هیچ كه‌سێك بكات. ئینسان له ده‌قی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، به بێ هیچ ئاراسته‌یه‌كی دیاریكراو هه‌نگاو ده‌نێت:
له ژووری زێوانی خۆم گۆڕه‌پانێكی گشتیم چۆڵ و قه‌ره‌باڵغ
بۆیه لای ئه‌و، به‌رجه‌سته‌كان، مادده‌كان، چ سروشتی بووبێتن، چ ماددی ڕووت، كه‌وتوونه‌ته هه‌ره‌كه‌ت و گیانیان له‌به‌ره. زمان له‌سه‌ر هێڵی به‌یانی ئاراسته‌كراو به‌كار نه‌هاتووه، به‌ڵكو له ئاماژه، هه‌ندێ جار ئه‌و ئاماژه‌یه بۆ خودی خۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه. ئه‌م جۆره شیعره له‌ناو ئه‌ده‌بییاتی كوردیدا، ڕه‌نگه خوێنه‌ری زۆری نه‌بێت، چونكه ده‌یان ده‌یه‌یه، شیعریان به‌وه ڕاهێناوه كه (سیاسی) بێت و حه‌ماسییانه بێته ده‌نگ، په‌یامی هه‌ڵوێستبازیی هه‌بێت، له یاوه‌ر و مورید و چه‌پڵه بگه‌ڕێت، یان (ڕۆمانسی) بێت، ختووكه‌ی هه‌سته چه‌پێنراوه‌كان و داپلۆسێنراوه‌كان و مه‌حروومه‌كان بدات، ئه‌ركی كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژی ببینێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار وه‌كو وێنه‌ی (پۆرنۆ)ی لێ بێت، له‌پێناو فێنككردنه‌وه‌ی ده‌روونێكی گڕگڕتوودا به‌كارهاتبێت. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له‌م دیده‌وه دژه شیعر ده‌نووسێت.
ئه‌م دژه شیعره ده‌مێكه له‌ناو ئه‌ده‌بییاتی كوردیدا ده‌نووسرێت، نه‌یاری له یاوه‌ر زۆرتره. هه‌ندێ جار تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌درێته پاڵ كه له پاشۆڵی ڕێتۆریكی ته‌قلیدی نه‌هاتووه‌ته خوارێ، بۆ په‌رده‌ی گوێی كوردان قورس و به‌دفه‌ساڵه، هه‌ندێ جاریش گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت كه دیمه‌نی دڵڕفێنی خه‌یاڵیی ناكێشێت و ده‌مێكیش به لاترازاو له سیاقی گشتیدا ده‌خوێندرێته‌وه.
ئه‌م تۆمه‌تانه هه‌ند ڕاستن، ئه‌گه‌ر نووسین وه‌كو ته‌قلیدێكی قوتابخانه‌یی سه‌یر بكرێت، نه‌ك وه‌ك ئافرێندراوێكی تاك، بۆیه ده‌بینین، ئه‌گه‌ر لای شاعیر ئاماژه‌یه‌كیش بۆ جه‌سته‌ی ژن كرابێت، ئه‌وه ته‌نیا هه‌ر به‌م جۆره به ژێر قه‌ڵه‌می شاعیردا تێپه‌ڕیوه:
ئاو چاوی كوێر نه‌بوایه
به له‌شی نه‌رمی كیژان وشك نه‌ده‌بووه‌وه
یان ئه‌گه‌ر بێت‌و ئاماژه‌یه‌ك بۆ شه‌ڕ‌ی ناوخۆ و شه‌ڕ‌ی براكوژییه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕ‌ینیش كرابێت، ئه‌وه شتێكمان پێ ده‌ڵێت، كه ڕه‌نگه ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه هه‌ستی پێ بكه‌ن كه له نزیكه‌وه ئاگاداری بارودۆخه‌كه بوونه. به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئاماژه بۆ دوو له‌قله‌قه‌كه‌ی سه‌ر مناره‌ی مزگه‌وتی خانه‌قا ده‌كات. ئه‌و دوو ته‌یره وه‌كو له ئه‌به‌دییه‌ته‌وه هاتبێتن و له‌سه‌ر ئه‌و مناره‌یه نیشتبێتنه‌وه. له ته‌یرێتی خۆیان كه‌وتبێتن و بووبێتنه ڕۆحی زیندووی شاره‌كه، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌م ڕۆحه به ده‌ستی (نیشتیمانییه‌ك) وه‌كو نارنجۆك هه‌پروون به هه‌پروون ده‌بێت. شاعیر به ته‌وسێكه‌وه باسی لێوه ده‌كات. هه‌ولێری دێرین ده‌بێته باڵنده‌ی دێرین. كێ كۆنتره: پیره حاجی له‌قله‌ق، یان شاری هه‌ولێر؟ بێگومان له كوشتنی باڵنده‌دا په‌یامێكمان پێ وتراوه: (كوشتنی شار و ئینسان و شارستانییه‌ته). ئینسان به تاقی ته‌نیا به هیچ جۆرێك ئیمكانییه‌تی ژیانی نییه له‌سه‌ر ئه‌م خاكه برینداره:
نیشتیمانییه‌ك باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێری كوشت
هه‌روه‌ها ده‌بێت ئاماژه بۆ خاڵێكی دیكه له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا بكرێت، ئه‌ویش زمانی سیحره. شیعر و سیحر دوو ده‌سته‌خوشكن، به‌ڵكو دوو جمكانه‌ن. ئه‌وه‌ی به كردار ناكرێت، به خه‌یاڵ ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌م دوو جمكانه‌یه پێكه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه و پێكه‌وه‌ش هه‌ڵده‌كه‌ن. ده‌بێت ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه سه‌رهه‌ڵدانی زمان له پێناو سیحركردن بووه. سیحركردن له گه‌ردوون، له شته بینراوه و نه‌بینراوه‌كان. واته: ئاشتكردنه‌وه‌ی دنیا له ڕێگای زمانه‌وه، هه‌ڵبه‌ته شیعر نزیكترین زمانی ئاشتكردنه‌وه‌یه. شیعر شه‌ڕ‌ێكه له پێناو ئاشتكردنه‌وه‌دا.
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر شاعیری سركه، ئه‌و وه‌كو ئه‌كرۆپاتانه گه‌مه به وشه‌كانی ده‌كات، له‌پێناو سڕینه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌نده، شاعیر گه‌مه‌یان پێده‌كات كه واقیع له زمان جودا ده‌كاته‌وه، هه‌وڵدانێكه بۆ ڕووخاندنی ئه‌و پردانه‌ی كه ئینسان له زمان جودا ده‌كه‌نه‌وه. گه‌ڕ‌انه‌وه بۆ زمانی منداڵیی، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ و زمان ببنه‌وه به یه‌ك جه‌سته. ئیتر شتێك نییه به ناوی فیكره‌وه و شتێكی دیكه‌ش به ناوی زمانه‌وه، به‌ڵكو جه‌سته ده‌بێته زمان و زمانیش وه‌كو جه‌سته هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. هه‌روه‌كو له سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌مان پێی كرد، شیعر لای شاعیر له‌سه‌ر لۆژیك به‌ند نییه، به‌ڵكو دژه لۆژیكیش ئیش ده‌كات، لێره‌وه وڕێنه‌كردن پانتایییه‌كی مه‌زن له ده‌قی ئه‌م شاعیره داگیر ده‌كات. وڕێنه‌ی نه‌خۆشێك نا، به‌ڵكو چه‌ماندنه‌وه‌ی زمان بۆ ئاستێكی دی، زمان ئه‌و ئاسنه گه‌رمبووه‌یه، كه شاعیر به كه‌یفی خۆی ده‌یچه‌مێنێته‌وه، پاشانیش كه سارد ده‌بێته‌وه، شیكلی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان وه‌رگرتووه. هه‌ڵدانی ماسی بۆ حه‌وزی شووشه، به هه‌ڵدانی وشه‌یه‌ك ناكات بۆ ناو ڕسته:
ماسی هه‌ڵده‌ده‌مه ناو حه‌وزی شووشه
هه‌ندێ جاریش به‌رانبه‌ر به وێنه‌ی سوریالیئاسا خوێنه‌ر تووشی حه‌په‌سان ده‌بێت، چونكه ئه‌م ئه‌كرۆپاتكردنه‌وه ده‌گه‌یه‌نێته ئاستێك، كه ڕه‌نگه دوا سنووری خه‌یاڵ بێت. خوێنه‌ری كه‌مخه‌یاڵ ته‌واو بێزار ده‌كات:
ده‌می به قاقبه‌قاقی ئاسووده‌یی گه‌رم كرد
یان
پێغه‌مبه‌ران له شه‌رمی ڕووناكی‌دا مردن
شاعیر ده‌سته‌واژه ئاینییه‌كان، ئاماژه‌كردن بۆ پیاوچاكان و پێغه‌مبه‌ران و ئه‌ده‌واتی بواری پیرۆز به‌كارده‌هێنێت، له‌پێناو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه، یان له‌پێناو ئاراسته‌یه‌كی دیكه به‌كاریان ده‌هێنێته‌وه، یان ئه‌وه‌تا زمان ده‌به‌ستێته‌وه بۆ زه‌مانێكی دێرین، زه‌مانێكی به‌سه‌رچوو و له ژێر لێوه‌وه به خوێنه‌ر بڵێت ئه‌م ده‌قانه ڕه‌گوڕیشه‌یان هه‌یه. له‌م هاوكێشه‌یه‌دا، ئینسان وه‌كو یه‌كه‌م كائین و یه‌كه‌م بوونه‌وه‌ر و یه‌كه‌م به‌رجه‌سته دێته پێشه‌وه. ئینسان كائینێك نییه له گۆڕانكارییه سروشتییه دێرینه‌كانه‌وه هاتبێته كایه‌وه، به‌ڵكو سه‌ره‌تا ئه‌و دروست ده‌بێت، ئینجا ڕه‌گه‌زه بێ ئه‌ژماره‌كانی سروشت دروست ده‌بن. ئه‌م دیده ئاماژه بۆ تێرمی (ئیومانیسم) ده‌كات و له هه‌مان كاتیش‌دا ڕه‌گه‌زێكی ئۆرگانیكی ده‌قی سه‌باح ڕه‌نجده‌ره:
ئاسمان له ده‌مودووی هه‌ور
پێش ئه‌وه‌ی ببێته
باران یان به‌فر
ته‌رزه یان شه‌خته
ئێمه‌ی دروست كرد
زۆر ڕه‌گه‌زی دیكه هه‌ن ده‌كرێت هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر بكرێن و بهێنرێنه زمان. خوێنه‌ر ده‌توانێت له تێرمی (گه‌رم) بڕوانێت و له سیاقه جیاوازه‌كانی وردبێته‌وه. چۆن ئه‌م موفره‌ده‌یه تێكهه‌ڵكێشی وێنه‌ی شیعریی ده‌بێت و ڕه‌گوڕیشه‌كانی له قووڵایی چ خاكێكدا، ته‌ڕ‌یی و گه‌رمایی ده‌قۆزنه‌وه. خوێنه‌ر، یان توێژه‌ر ده‌توانێت له‌سه‌ر چه‌ند ڕه‌گه‌زی دیكه بگیرسێته‌وه و زیاتر په‌ی به دنیای شیعریی شاعیر به‌رێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، ئه‌و جیا ده‌نووسێت و باجی ئه‌م جیانووسینه‌ش دیاره.
ئه‌حمه‌دی مه‌لا