Skip to Content

ئاخۆ کاوەی ئاسنگەرخاینە؟.. د.شەماڵ ئیسماعیل

ئاخۆ کاوەی ئاسنگەرخاینە؟.. د.شەماڵ ئیسماعیل

Closed
by ئازار 14, 2021 General



جەژنی نەورۆز لە کوردستاندا خاوەنی جێگە و پێگەیەکی زۆر تایبەتە و لەگەڵ گۆشت و خوێنی نەتەوەی کورد تێکەڵ بووە. وەک دەڵێن مادەکان بەدیهێنەری ئەم جەژنە بوون بەڵام مێژووی دەسپێکی نەورۆز ناڕوون و نادیارە. ئەوەی ئاشکرا و بەرچاوە ئەوەیە نەورۆز هەرچۆنێک دروست بووبێ و هەر خوێندنەوەیەکمان لێی ببێ، هەر خاوەن جێگە و پێگە دەمێنێتەوە و ساڵ لە دوای ساڵ پڕشنگدارتر و ڕەنگینتر لە پێشوو خۆ دەنوێنێ و بە شکۆترلە جاران بەڕێوە دەچێت.
دیارە نەورۆز و چۆنییەتی وەدیهاتنی و مێژووەکەی دایمە قسەی لە سەر بووە و مشتومڕی زۆری هێناوەتە ئاراوە. لە مێژوو بە دەرەو بە دڵنیاییەوە لە ئوستوورەکاندا سەر دەر دینێ و دەبێ هەر لە ئوستوورەش دا خوێندەوەی بۆ بکرێ. هەرچەند لە نێو داب و نەریت و شێوەی ژیان و تەنانەت جوگرافیاش دا دەتوانین بۆی بگەڕین و خوێندنەوەیەکی لەم جۆرەمان بۆی ببێ. وەکوو بە دوادا گەڕانەکەی مامۆستا هێمن موکریانی، کە لە نێو ژیانی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی کورد و ناوچە شاخاوەییەکاندا بۆی دەگەڕێ و دەکرێ بە خوێندنەوەیەکی زۆر لۆژیکی بزانین. چونکە پڕاوپڕ لەگەڵ ژیانی ئاژەڵداری دا دەگونجێ. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە خوێندنەوانە باری حیماسی نەورۆز لا دەبات و دەیسڕێتەوە. لە ئوستوورەش دا دەکرێ بە نەورۆزی ئایینی مێهرییەوەیە گرێ بدرێ یا خۆ بە باسە پڕ لە مشتو مڕ و ئاو هەڵگرەکەی کاوەی ئاسنگەر و ئەژدیهاکەوە یان هەر خوێندنەوەیەکی ئوستوورەیی تر کە وەک هەموان ئاگادارن هەیە و دەکرێ بە ئاسانی بە ئوستوورەی ترەوە گرێ بدرێ.
گەلان و کولتوورە جیاجیاکانی جیهان لە ئوستوورەکانیان دا زۆر وەک یەک دەچن و دەتوانین بڵێین هەموو گەلانی جیهان لە چەند ئوستوورەی سەرەکی شتی نوێتر بۆ خۆیان ساز دەکەن و بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانیان بە لای خۆیانی دا دەشکێننەوە و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئوستوورەیەک چەندین خوێندنەوەی تایبەتی لێبکرێ. گەلانی هوشیار و پێگەیشتوو بە نووسین و شرۆڤەی کەس ڕازی نابن و هێندێ جار لە بنەڕەتدا شتەکان هەڵدەتەکێنن و هەڵیدەگێڕنەوە و وەردی دەدەنەوە و سەر لە نوێ دروستیان دەکەنەوە و خۆیان لە ئوستوورە و بابەتە هێمایی و بابەتە سەمبولیکەکان بێ بەش ناکەن. ئێستا گەلی کۆریا بە دروست کردنی دەیان درامای مێژوویی دەیهەوێ ئەو کارە بکات. تورکیاش بە لاسایی کردنەوەی ئەوان دەیەوێ لە بیری کەماڵیزم بنەما و بنچینەیەکی هێمایی و سەمبولیک دروست بکات و جارێکی تر ئیمپراتۆڕی عوسمانی دابمەزرێنێتەوە. ئاوڕدانەوە لە کوورش و داریووش و دەیان شتی دروست کراوی تر سەڵمێنەری ئەم ڕاستیەن.
لێرەدا تەنیا کوردە لە بەر ناکامی نەتەوەیی و شکستە پەیتاپەیتاکانی تۆڵە لە خۆی دەکاتەوە و خۆی دەڕنێ و مەزڵوومەییەتی خۆی بە خوێن و هەژاری و بێ دەرتانی نیشان دەدات و بەلای نووسین و کولتوورسازی و بنەما پێک هێنان و بە سەمبول کردن دا هیچ کە ناچێ، ئەوەی کە هەشیەتی تووڕی دەدا و لە گۆمی فەرامۆشی دەخات.ئەوەی کە تا ئێستا بوویەتی و هەزاران ساڵ شانازی پێوە کردووە لە پڕدا لێی دەبێتە دوژمن و بە قسەی نووسەر و شرۆڤەکارانی نەتەوەکانی تر، بە تایبەت نەتەوەی سەردەست لە بەر چاوی دەکەوێ و دەنگ دلێرتر لە ئەوان لە هەڵای دەدا و وەدواکەوتوانی ئوستوورەی خۆماڵی و لە مێژینە بە خاین و چاوشۆڕە دەناسێنێ. ڕەنگە هەر ئاکامی ئەو ناکامی و دڵساردییانە بێت کە کورد دایمە خۆی پێ سووک و چکۆلە بووە و دەستی داوەتە براکوژی و خۆڕنینی هەرگیز لە خۆی دوور نەخستۆتەوە. ئاگری لە ماڵی خۆی بەرداوە و دڵی بە هاوسۆزی و هاوخەمی جیرانان خۆش بووە. ڕەنگە ئەم ڕستەیە لە نێو کورددا نەبێت لە کەس و لایەن و نەتەوەیەکی تری نەبیستی کە: ” کورد هەرگیز هیچی بە هیچ نابێ “. نەتەوەیەک ئاوەها ڕستەیەک لە سەر زاری تاکی کۆمەڵگای بێت و دامودەزگا و پێکهاتەیەکیش شک نەبات ئەو بۆچوونانە بە هەڵە بزانێ و بۆ لابردنی هەوڵی شێلگیرانە بدات و مەرجەعەکانی هێندەی لە بیری یەکتر سووک کردن و جەماوەر دروست کردن و شەڕی براکوژی دا بن، نیو هێندەش لە بیری پاراستنی بەها نەتەوەییەکان و بنەما هاوبەش و هێمایی و سەمبولیکەکاندا نەبن بە داخەوە حاڵی لەمە باشتر نابێت و بە دڵنیاییەوە هەموو بەهاکانی فەرامۆش دەکات و سەر لە بەریان بە سووک و چرووک دەزانێ و نەک هەر نەورۆز، ئاووخاک و شاخ و شار و گوندیش دەفرۆشێ.
با ئاوڕێکی کورت لە ئوستوورە بدەینەوە و باسەکەمان درێژە پێ بدەین. ئوستوورە و ئەفسانە زۆر جار بە هاوواتا دێنە ئەژمار. ئوستوورە دەکرێ ناڕووداوی دوور لە ڕاستی بێ یا خۆ ڕووداوێکی شاخ و باڵ لێ زیادکراو بێت کە لە حاڵەتی ئاساییەکەی دوور کەوتبێتەوە و گوڕانی سەیر و سەمەرەی بە سەردا هاتبێ. باڵای ئوستوورە بە قەد باڵای دێرینە بوونی مرۆڤە لە سەر زەوی. بەرهەمی بیر و تێفکرینی مرۆڤە، بە تایبەت ئەو کاتانەی نەیتوانیوە بە شیوەیەکی زانستی ولۆژیکی وڵامی پرسیارەکانی بداتەوە. لە دونیای خەیاڵدا بە کەیفی خۆی ڕمبازێنی کردووە و شتی بۆ وڵام خولقاندووە. لە زمانی هێمایی و سەمبولیک کەڵکی وەرگرتووە وبەم کارەش بنەمایەکی بۆ تێفکرینی ڕابردووی خۆی دروست کردووە. ئەم بنەما دروست کردنە تا ئەو جێیە گرینگە کە بۆ ئاشکراکردنی فەرهەنگی نەتەوەیەک دەبێ ئاوڕ لە ئوستوورەکانی ئەو نەتەوە بدەینەوە. بۆ گرینگی ئوستوورە هێندە بەسە بڵێین جیهان لە دوو ڕێوە دەگۆڕێ: یەکەم لە ڕیی زانستی “ئابژێکتیف” و دووهەم لە ڕێی خەیاڵی زەینییەوە بە هۆی شێعر و ئوستوورە و ئاینزاوە. بەم پێیە دەتوانین بڵێین هەر نەتەوەیەک هەوڵ دەدات ئوستوورە باشەکان بۆ خۆی بەرێ و بە مافی خۆشی دەزانێ ئەم کارە بکات. هەر بۆیە نەتەوەکان بەردەوام بە پێی بار و دۆخ و پێگەی خۆیان ناوە ناوە ئاڵوگۆڕ بە سەر ئوستوورەکانیاندا دێنن و بۆ بەرژوەندی خۆیان کەڵکی نوێیان لێ وەردەگرن.

مامۆستا ئەحمەدی شاملووش وەک شاعیر و ئوستوورەکارێک دەستی دا ئەم کارە و لەزانستگای بێرکلی لە وتارێکی تایبەت دا خوێندنەوەیەکی نوێی لە کاوەی ئاسنگەر کرد و ئەم خوێندنەوە نوێیەی شاملوو بوو بە بەڵگە کە کورد لە کاوەی قارەمانی هەزاران ساڵەی خۆی حاشا بکات و بە خاینی بزانێ. هەر ئەم بابەتەش ببێتە هۆی ئەوەی کە نەورۆز ئەو پێگە سەرەکییەی خۆی لە لای ئەو کەسانە لە دەست بدات و بە خۆیان بڵێن ئێمە هەزاران ساڵە خاینێکمان کردووە بە قارەمان و پێیداهەڵدەڵێین. نووسەری ئەم دێڕانە جارێکی تر لەوتاری “کاوەی ئاسنگەر وگوڵە گەنمەکانی سەرشانی” دا باسی لەوە کردووە گەلانی تر بوونەتە خاوەنی دەسەڵات و کیانی سەربەخۆیان پێک هێناوە و چی تر نیازی ئەوتۆیان بە ئوستوورەی کاوە وئەژدیهاک یان زووحاک نییە. کە وا بوو زۆر سرووشتییە چوارچێوەی ئەو ئوستوورەیە تێک دەن و بۆ بۆژۆنەبوونی باسەکە خوێندنەوەی نوێی لێ بکەن. کاوە کێیە و خەڵکی کوێ بووە و چۆن ڕاساوە و دواتر دەسەڵاتی ڕادەستی کێ کردووە بە ڕای من بۆ نەتەوەیەکی وەکوو نەتەوەی ئێمە گرینگ نییە! ئەوە گرینگە ڕاسانی کاوە هێما و سەمبولە بۆ نیشان دانی ڕاسان و هێزی خەڵکی ڕەش و ڕووت لە بەرانبەر زاڵمان و لە قاودانی فرت و فێڵی دەسەڵاتدارانی خوێن خۆر. ڕاست ئەو شتەی کە نەتەوەکانی تر ئیتر کاریان پێی نەماوە و بۆیان گرینگ نییە. گەلۆ خوێنەری هێژای کورد، ئوستوورەی کاوە و زووحاک بە دڵنیاییەوە ئەو ئوستوورەیە نەبووە کە فێردەوسی خوڵقاندوویەتەوە و کاوەی کورد ئەو کاوەیە نییە کە ئەو پێناسەی کردووە. کاوەی فێردەوسی خەڵکی ئیسفەهانە و دوای شۆڕشەکەی بە دوای کەسێک دا دەگەڕێ کە خاوەنی شکۆی ئیزەدییە و دەبێ ئەم شکۆیە لە خوێنی دا بێت. هەر بۆیە تەنیا فەرەیدوون شک دەبات و دەسەڵات ڕادەستی ئەو دەکات.

پێناسەی فێردەوسی دەبێتە هۆی دروست بوونی بەڵگەی خاین بوونی کاوە بۆ کورد. ئاخۆ ئەگەر کەسێکی وەک ئەحمەدی خانی ئەم ئوستوورەی نووسیباوە، کاوە هەر ئەم کاوە دەبوو؟ شاملوو ئەوەش بە گرینگ نازانێ. شاملوو دەڵێ پاشاکان هەموویان خەڵک بە چینی تایبەت دابەش دەکەن و لە لای ئەوان چینی ڕەش و ڕووت و هەژار لە بەر چاو نییە و پێیان پیاو نییە و تەنانەت بە پیس و گەماریشی ناو دەبەن. شاملوو دەڵێ دەبێ ئەژدیهاک دژی ئەو چینایەتییە بووبێ و جەمشیدی بۆ ئەوە لە ناو بردبێ کە دژ بە چینی بێ دەسەڵات و ئاسایی کۆمەڵگا بووە. ئەو دەڵێ کاوە دژی بیرۆکەی لاچوونی چینەکان بووە. هەر بۆیە نەدەبوو بڕاسێ. بەڵام لە ئوستوورە کوردییەکەدا کاوە دژی ئەژدیهاکی زیندان قەڵا قەلا دەڕاسێ و بۆ لاچوونی زوڵم و جەور و خوێن ڕشتن و ڕەش و ڕووت بە کوشتن دان و داهاتی خەڵک خواردن خەبات دەکات و پاشای خوێن خۆر لە نێو دەبات. دەبا ئێمەی کورد هەمان خوێندنەوەمان لە کاوە ببێ کە لە بەرژەندی نەتەوایەتیماندایە. لە ئوستوورە کوردییەکەدا کاری کاوە شۆڕشێکە بۆ لابردنی ئەژدیهاک و هەرگیز لە بیری پاشایەتی و دەسەڵاتدا نەبووە. دەی بۆ دەبێ کاتی ئەوە نەهاتبێ کە ئوستوورە کوردییەکە بەو ئاقارەدا بەرین کە یان کاوە بۆ خۆی دەبێتە خاوەن دەسەڵات یا ئەوەکات لە لەشی سەرۆکێکی شکۆمەندی نەتەوەکەی خۆی‌دا شکۆی ئیزەدی دەبینێتەوە و دەیکا بە خاوەن شکۆ.

بە دڵنیاییەوە دانانی پاشایەک لە هەر هەرێم و ناوچە و وڵاتێکدا کارێکی ئاسان نییە و ئێستاش پاش هەزاران ساڵ لە وڵاتانی پاشانشینی وەکوو سعوودیاش دا هەرکەس ناتوانێ ببێ بە پاشا و دەبێت خوێنی بنەماڵەیەکی تایبەت بە دەمارەکانی دا بگەڕێت. ئێستا ئێمە بێین بە بیری ئێستای خەڵک و سەردەمەوە بڵێین کە نەدەبوو ئاوا بێت و بریا ئاوا بوایەت؟ ئاخۆ ئێمە لە مێژووی جیهاندا نەمان دیوە ئاکامی شۆڕشێک بدزرێت و بەلاڕێدا ببرێت و خوێنی هەزاران مرۆڤ بە فیڕۆ چووبێت و ئەو کەسانەی کە دەردیان دیت و زیندان چوون و بەڵایان بە سەر هات، دەستیان لە بنی هەنبانەکەوە بێتە دەر و هیچ یان پێ نەبڕێ؟ بەڵێ دەیان نموونەی ئاوەها هەیە و ڕەنگە بۆ دیتنەوەی وەها نموونەیەک پێویست نەکا دوور بڕۆین و لە بن لووتی خۆمان بێت. بەڵێ هەمیشە لە کۆمەڵگادا بەهانەیەک بۆ خۆجیاکردنەوە و شکۆ دروست کردن بووە و هەشە. دەبێ هەمیشە شتێک ببێ تا تاقمێک بە هۆی بەهرەمەندی لەو شتەوە لە سەڕێ ڕا بۆ خەڵک بڕوانن و پلیکانێک بەرزتر لە خەڵکی ئاسایی ڕاوەستن.

ئێستا لە ئاخاوتنی ڕۆژانەمان دا باسی ژێنی باش و ژێنی خراپ دەکرێ. ئێمە لە ئەدەبی کوردیدا خاوەنی دەیان شێعری حیماسی کوردین کە باس لە پاڵەوانی کاوە دەکات. ئێستاش بیری کاوە و کردەوەی کاوە مێشکی تاکی ئێمەی داگیرکردووە و هەر تاکێکی خاوەن هەڵوێست بۆ ئەژدیهاکی جیهانی خۆی، خۆی بە کاوە دەشوبهێنێ. ئێستاش منداڵی دەیان نووسەر و شاعیر و خاوەن هەڵوێستی ئەم نیشتمانە ناوی کاوەیە. هەرچەند ساڵانێکە ئیتر کەس ناوێرێ ئەو ناوە لە منداڵی خۆی بنێ. ئەوەی جێی سەرنجە و نابێ فەرامۆش بکرێ ئەوەیە کە بۆ هەر دوو مەبەستەکە لە ئوستوورەکەدا کاوەمان پێویستە. چ ئەو بۆچوونەی کە دەیهەوێ چینایەتی لە کۆمەڵگادا نەمێنێ و ژیانی یەکسانی دروست بکات، چ ئەو بۆچوونەی کە هێشتا نەبۆتە خاوەن دەسەڵات و لە بن سێبەری دەسەڵاتی نەخوازراوی سەردەست دایە و بۆ لابردنی ئەژدیهاکێک کاوەیەکی پێویستە. دەکرێ لە کۆمەڵگایەک دا کە هەموان دەیانەوێ یەک قەبارە و یەک دیوانیان ببێت، چەندین ئایدیۆلۆژیای تایبەت بوونی هەبێت. بەڵام با ئەوە یەکلا بکەینەوە کە ئوستوورەی نەتەوەیی نابێ لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیادا بخوێندرێتەوە و دەبێ هەر نەتەوەیەک بە هەموو ئایدیۆلۆژیەکانیەوە لە بن سێبەری نەتەوەیی بوونێکی تایبەتدا کۆببنەوە و ئەم کۆبوونەوەش ناوی لێبنرێ فەلسەفەی نەتەوەیی بوون. بۆ کورد ئەم بیرە دەبێتە فەلسەفەی کوردبوون.

لە ڕستەیەکدا با بڵێین کوردبوون ناو نییە، درووشم نییە، بەڵکوو فەلسەفەیە. ئەگەر نەتەوەیەک لە فکر و زەینی خۆیدا باوەڕی بە خۆی نەبێ و بە بیرکردنەوە و عەقڵییەت خۆی پێناسە نەکا و تەنیا بە ڕواڵەت و جل و بەرگ و قسە کردنی ئاسایی بە زمانەکەی، خۆی بناسێ، بە دڵنیاییەوە لە شوناسی نەتەوەیی بێ بەش دەبێت و ناتوانێ پێناسەیەکی دروستی لە نەتەوەیی بوونی خۆی ببێت. فەلسەفەی کوردبوون دەخوازێ خاوەنی ئوستوورەیەکی جیاواز لە ئوستوورەی نەتەوەکانی تر لە نەورۆز بین. لەم ئوستوورەیەدا هەموو هێماکان بە لای کوردبوونێکی فەلسەفیانەدا دەشكێتەوە و کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن ئوستوورەیەکی بەهێز شەرم لە هیچ شتێکی ئەم ئوستوورە و بگرە هیچ شتێکی دیکەی خۆی ناکات.

د.شەماڵ ئیسماعیل پوور_سەقز

سەرچاوەکان:
ئەی. جی. هابز بام – ملت و ملی گرایی پس از ١٧٨٠ – مترجم: جمشید احمدپور- ١٣٨٢ 1 .
فرحناز ابونیا عمران – فریدون – ١٣٨٧- انتشارات شلفین 2 .
شەماڵ ئیسماعیل پوور – خەمی خاک – ١٣٩٦ – ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی گوتار 3 .
وتاری ئەحمەدی شاملوو لە زانکۆی بێرکلی کالیفۆڕنیای ئەمریکا 4 .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish