Skip to Content

دیداری ئەدەبی منداڵان.. نوسینی:عەلی حەمەڕەشید

دیداری ئەدەبی منداڵان.. نوسینی:عەلی حەمەڕەشید

Closed
by ئه‌یلول 14, 2022 General, Kids Literature

لە ڕاستیدا ئەدەبیاتی منداڵان هەروەکو پێشتر باسمان کردووە لە ئێستادا کۆمەڵێک شاعیر و نوسەر و وەرگێڕی خەمخۆر و دڵسۆز بە بوارەکە بێ گوێدانە ماندوو بوون قۆڵی کاریان لێهەڵکردووە و بەردەوام خەریکی نوسین و بڵاوکردنەوەن هەرچەندە بڵاوکراوەکانیان لەبەر کەمی تیراژ لەسنورێکی کەمدا کەسانی تر بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی دەیبینن و دەیخوێننەوە،کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدەبیاتی منداڵان هەیە و دەبێتە یەکێک لە ڕێگر و بەربەستەکانی بەرەوپێشچوون.لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی ڕەخنەی جدی و بنیاتنەریش وەک لای هەمووان ئاشکرایە بەربەستێکی ترە،کە ئەمانەش پێویستییان بە هەوڵی گەورە و پشوو درێژی و هاوکاری و بوونی دەزگای پەخش و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە منداڵان و ئەدەبیات و هونەری منداڵان هەیە.ئەوەی زیاتر دڵخۆشی کردم دیداری ئەدەبی منداڵان بوو کە یەکێتی نوسەران لقی سلێمانی ئامادەی کردبوو تیایدا نۆ لێکۆڵینەوەی باش و بەسود و گرنگ لەلایەن چەند نوسەرێکەوە کە دووانیان دکتۆر و مامۆستای زانکۆ بوون پێشکەش کران.باسەکان بەوردی دەستیان دەخستە سەر هەموو ئەو برینانەی کە ئەمڕۆ دەبینرێن و دیارن لە ئەدەبیاتی منداڵاندا،مایەی خۆشحاڵیبوو کە جارێکی تر سلێمانی لە ڕوانگەی ئەم دیدارەوە سەلماندی کە شاری ڕۆشنبیرییە و بەردەوامیش وەک خۆی بە بڵندی و پێشەنگی دەمێنێتەوە،منیش وەک نوسەرێکی بواری ئەدەبیاتی منداڵان لە تەواوی ئەو ڕۆژەدا ئامادە بووم لە گوێگرتن لە باسەکاندا و لە گفتوگۆکانیشدا بەپێی ماوە بەشدار بووم و تێبینی و سەرنجی خۆم وتووە،هەروەها هەر لەدیدارەکەدا گۆڤارە ڕەنگین و ئازیزەکەی پەپولە کە تائێستاش بەبەردەوامی و مانگانە بۆ منداڵان دەردەچێت وەک دیارییەکی جوان پێشکەش بە ئامادەبووان کرا کە منداڵپارێزی کوردستان دابینی کردبوو ،هەروەها کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان) کە لەلایەن( د.هاوژین سڵێوە و ڕۆستەم خامۆش)ەوە ئامادە کرابوو بەدیاری بەخشرا بە ئامادە بووان ، کە هەردوولایان منداڵپارێز و ئەو دوو نوسەرە جێگەی سوپاس و دەستخۆشیین،منیش خۆزگەم دەخواست کە بەرهەمەکانم کە لەئێستادا نزیک چاپکردنن لەو کاتەدا ئامادە بوونایەو بمکردایە بەدیاری دیدارەکە.باسەکان جۆراوجۆر بوون بەشێکی زۆر لەو لایەنانەیان گرتبووە خۆ کە پێویستە زیاتر گرنگییان پێبدرێت و بە وریاییەوە کاریان لەسەر بکرێت چ لەلایەن نوسەران و شاعیران و وەرگێڕکارانی بوارەکە و چ لەلایەن ڕەخنەگران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردەو یەکێتی نوسەران و نوسەران خۆیشیانەوە ، تیشک خرایە زۆر لەو کەموکوڕییانەی کە لە ئێستادا هەن و هەریەکێکان لەگەڵ خستنەڕوویدا چارەسەری گونجاویشیان باس دەکرد.ئەوەی جێی سەرنج بوو لە باسی یەکەمدا بەناوی چەند سەرنج و وردبوونەوەیەک لە مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد لەلایەن کاک(ئەمین محەمەد)ەوە، هەندێک لەو هەڵانەی کە لە مێژووی ئەدەبیاتی منداڵاندا و سەرەتای سەرهەڵدان و دەستپێکردنی بەنوسین خرایە ڕوو لەگەڵ هەندێک لەو کەموکوڕییانەی کە لە شیعری منداڵاندا یان چیرۆکی منداڵاندا هەبوون و هەندێکیان ئێستاش بەردەوامن و نمونەش باسکرا.هەندێک شت وتران کە نەبیسراو و باسنەکراوبوون تا ئێستا و هەر لەسەری ڕۆیشتووین و زۆر لەو بەڕێزانەش کە نامەی ماستەر یان دکتۆرایان هێناوە لە ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا دووبارەیان کردۆتەوە بێئەوەی کورد واتەنی بە وردی بچنە بنج و بناوانی وەک هەردوو فەرهەنگە بەرز و گرنگەکەی ئەحمەدی خانی و شێخ مارفی نۆدێ(نەوبەهارا بچوکان و ئەحمەدی)کە پێشتر وا باسکراوە کە سەرەتای دروستبوونی ئەدەبیاتی منداڵانن لە کوردستان ،بەڵام کاتێک پێناسەی ئەدەبی منداڵان دەکەیت فەرهەنگی تیا نییە و سەرنج لە هەر باس و لێکۆڵینەوە و نامەی ماستەرو دکتۆراش بدەیت لە هێج لایەکیاندا لە پێناسەی ئەدەبی منداڵاندا ناوی فەرهەنگ بە هیچ شێوەیەک نەهاتووە کە ئەمەش لای من و دڵنیاشم لای زۆربەی نوسەران و شاعیرانی بوارەکە نوێیە و پێویست بەوە دەکات کە لێکۆڵینەوە و کاری باشی لەسەر بکرێت بۆ سەلماندنی ، چ لەلایەن لێکۆڵەران یان نوسەرانەوە و بەتایبەتیش لای خاوەنی بیرۆکەو باسەکە.باسێکی تریان گرنگی و بایەخی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی گەلان بوو لەلایەن خاتو(پەیام ئیبراهیم)ەوە کە بە وردی باس لەوە کرا کە هەر گەلێک بیەوێت پێشبکەوێت و سەرکەوتوو بێت پێویستە گرنگییەکی تەواو بدات بە ئەدەبیاتی منداڵان تا ببێتە خاوەن ئاسۆیەکی گەش و پاشەڕۆژێکی مەزن و ڕۆڵەکانی وریا و چالاک و ڕۆشنبیر بن و ببنە کەسانێکی بەسود بۆ خزمەت بەنیشتمانەکەیان،چونکە منداڵان بنیاتنەری کۆمەڵگەن تا ڕۆشنبیر تر و چالاکتر و وریاتر بن داهاتوویان گەشتر دەبێت.باسێکی تر ی دیدارەکە کەلێکۆڵینەوەیەکی ورد و زانستی و گرنگ بوو ،ئەویش گرنگی دەستنیشان کردنی تەمەن بۆ نوسینی ئەدەبی منداڵان بوو لەلایەن (د.هاوژین سڵێوە)،ئەم باسە گرنگی خۆی هەیە و تا ئێستا وەکو پێویست کاری لەسەر نەکراوە ، کاتێک هەر نوسەرێک بابەتێک بۆ منداڵان دەنوسێت و دەیکات بە کتێب دەبێت بزانرێ و لێی بنوسرێت کە بۆ کام قۆناغی تەمەنی منداڵ گونجاوە.بە وردی قۆناغەکانی دیاری کردبوو ، تا نمونەش باس دەکرا،بەڵام بۆ کتێب یان گۆڤار تا ئاستەکەی دیاری بکرێت بەڕای من ئەگەر دەزگایەکی پەخش و بڵاوکردنەوەی تایبەت هەبێت تا نوسەران و شاعیران و وەرگیڕکاران بەرهەمەکانیانی لێ چاپ بکەن و کۆمەڵێک کەسانی پسپۆڕ و شارەزای تێدا بێت بە ئاسانی ئەو کارە ئەنجام دەدەن ،بەڵام ئەگەر نوسەرەکە خۆی دیاری بکات زۆر جار دەکەوێتە هەڵەوە ،کاک (زیاد ڕەشاد )ڕۆڵی ڕەخنە لە بواری ئەدەبی منداڵاندای پێشکەشکرد کە لێکۆڵینەوەیەکی تر بوو کە لە دیدارەکەدا پێشکەش کرا،ئەمیش بابەتێکی گرنگ بوو چونکە ڕەخنە بەگشتی و ڕەخنەی بنیاتنەر و زانستی بەشێوەیەکی ئەکادیمی هۆیەکە بۆ پێشخستن و سەرکەوتنی ئەدەبی منداڵان و جیاکردنەی باش و خراپ و دەستنیشان کردنی کەموکوڕییەکان و دانانی ڕێگەچارە ،کەواتە تا ڕەخنە هەبێت بەو شێوەیەی باسمان کرد ئەدەبیاتی منداڵان زیاتر پێشکەوتوو دەبێت بەڵام ڕەخنەیەک لەسەر بنەمایەکی زاستی و دروست دوور لە هەر بەرژەوەندی و ناسیاوییەک،ڕاستییەکان چی بێت بە ڕونی ئاشکرا بوترێت بی چاو پۆشین.ئەدەبی منداڵ و کاریگەری لەپێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکان لێکۆڵینەوەیەکی تری ناو دیدارەکە بوو لەلایەن (د.ماجد خەلیل)،لێرەدا باس لەوە کرا کە ئەدەبی منداڵان ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و هۆیەکی گرنگیشە بۆ بنیاتنان و دروستکردنی ئاشتی و مرۆڤدۆستیی و پێکەوە ژیان،بۆیە وا باشە نوسەران و شاعیران گرنگییەکی تەواوی پێبدەن تا ڕەنگدانەوەی لە ژیان و ژینگەی منداڵاندا هەبێت دوور لەهەر توند و تیژییەک.لێکۆڵینەوەیەکی تری دیدارەکە کە گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو ئەویش ڕۆڵی ئەدەبی منداڵان لە بنیاتنانی کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان بوو لەلایەن مامۆستا(مەحمود باجەڵان)ەوە ،زۆر بە وردی و پاڵپشت بە چەند تیورێک بەشێوەیەکی زانستی و باش خرایە ڕوو،بابەتێکی تاڕادەیەک نوێ و پێویست بوو کە وا پێویست دەکات کە نوسەران و شاعیران بە ورییاییەوە کاری لەسەر بکەن تا بەشێوەیەکی دروست هەوڵی بنیاتنانی کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان یان بە کۆمەڵایەتی کردن بدەن لە هزری منداڵاندا و سەرجەم بەها جوانەکان بەشێوەیەکی گونجاو بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵ بخەنەڕوو لە بابەتەکانیاندا. ڕۆڵی ژن لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانی کورد دا باس و لێکۆڵینەوەیەکی تری دیدارەکە بوو لەلایەن مامۆستا(زارا ئەحمەد جاف)ەوە، لەڕاستیدا ژن هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا ڕۆڵی تایبەتی خۆی هەبووە و بەردەوامیشە لەو خزمەتە گرنگ و بەرچاوەدا کە لاپەڕەکانی مێژوو هەڵبدەینەوە بەڕونی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت.لەم باسەدا زۆر بە جوانی ڕۆڵی ژن باسکراو بەچاوێکی تایبەت و گرنگ و وردەوە، دەبوایە ناوی چەند نوسەرێکی ژنی بهێنایە کە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا لە کوردستان ڕۆڵیان هەبووە و دیارن.ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە ئەدەبیات و ڕۆشنبیری منداڵاندا لەلایەن کاک(ڕۆستەم خامۆش)ەوە، یەکێکی تر بوو لەو بابەتانەی دیدارە کە زۆر بە وردی باس لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە ئێستادا کرا هەر لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و گۆڤار و ڕۆژنامە و تا ماڵپەڕ و سۆشیال میدیا ،بێگومان بمانەوێ و نەمانەوێ ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگ و تایبەتی هەیە ئەگەر بە شێوەیەکی ئەرێنی و دروست بەکار بهێنرێت لەسەر بنەمایەکی زانستی و باش و دوور لە بەرژەوەندی و لایەنگیری..ئەوەی جێی سەرنجە لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی وەک پێشتریش باسمان کرد دەزگایەکی پەخش و بڵاوکردنەوەی بینراو و بیستراو و چاپ ئەستەمە بەتەواوی سود و گرنگی و پەیامی ئەدەبیاتی منداڵان بگاتە سەرجەم منداڵان چونکە نوسەر لە ئێستادا کتێب یان نامیلکەیەکی خۆی کە چاپ دەکات تیراژی لە نێوان(٢٠٠-٥٠٠) دانەیە کە نوسەر بە هەموو منداڵانی کوردی نوسیوە و لەڕاستیدا ئەو تیراژە بەشی منداڵانی چەند قوتابخانەیەک دەکات لە گەڕەکێکدا.ئەوەی گرنگە و بووە کۆتایی دیداری ئەدەبی منداڵان کە هەموو ئەوانەی کە باسکران لە خوێندنەوەدا خۆی دەبینێتەوە چونکە نوسەر کە دەنوسێت پێویستە لەڕێگەی خوێندنەوەوە بگاتە منداڵان باسێکی گرنگ بوو کە ئەویش بەناوی چۆن منداڵ هۆگری خوێندنەوە بکەین لەلایەن خاتو(فەوزیە مەنمی)،بەڵی دەبێت هەمووان بزانین چۆن و لە چ ڕێگەیەکەوە وا لە منداڵ بکەین کە هۆگری خوێندنەوە ببێت یان هەوڵبدەین خوێندنەوە بکەین بە کلتور لایان چونکە ئەو منداڵەی کە دەخوێننەوە منداڵێکی چالاک و وریا دەردەچێت و پشت بەخۆی دەبەستێت و خاوەن کەسێتیی و ڕای خۆی دەبێت و لە قوتابخانەشدا زیاتر کاریگەری دەردەکەوێت و لە خوێندنەوەی بابەتەکانی قوتابخانەشدا جیا و جیاوازتر دەبێت لە هاوڕێکانی.لەم باسەدا هەموو ئەو ڕێکار و ڕێگایەنە خرانە ڕوو کە وا لە منداڵ دەکات کە هۆگری خوێندنەوە بێت.ماوەتە بڵێین کە دیدارەکە بە ئامادە بوونی بەشێکی زۆر لە نوسەران و شاعیراون و وەرگێرکاران و میوانێکی بەرچاودا بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات ،بۆیە من لێرەوە لەگەڵ دەستخۆشێم بۆ یەکێتی نوسەران لقی سلێمانی و هەموو ئەو بەڕێزانەی کە ماندوو بوون بە ئامادەکردن و بەڕێوەچوونی بڕگەکانی دیدارەکە هیوای بەردەوامییان بۆ دەخوازم ، خۆزگە لە ئایندەیەکی نزیکیشدا و لەسەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنیشدا هەوڵبدرایە کە کۆڕی خوێندنەوەی شیعر و چیرۆک ساز بکرێت و دیداری هونەری منداڵانیش سازبکرێت چونکە ئەویش پەیوەندی بە ئەدەبیاتی منداڵانەوە هەیە چونکە گۆرانی و ئۆپەرێت و شانۆیی ژانری ئەدەبین و دەبنە بنەما بۆ کاری هونەری .خۆزگە لەدیدارێکی لەو شێوەیەدا بانگهێشتنامەی فەرمی بگەینرایە ئەو فەرمانگە و شوێنانەی کە زیاتر پەیوەندییان بە منداڵ و پەروەردەکردنی منداڵەوە هەیە .
شایانی باسە بەشداربووانی دیدارەکە لەم نۆ بەڕێزە پێکهاتبوون:
ئەمین محەمەد (چەند سەرنج و وردبوونەوەیەک لە مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد )،پەیام ئیبراهیم(گرنگی و بایەخی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی گەلان) ،د.هاوژین سڵێوە (گرنگی دەستنیشان کردنی تەمەن بۆ نوسینی ئەدەبی منداڵان) ،زیاد ڕەشاد (ڕۆڵی ڕەخنە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا) ،د.ماجد خەلیل (ئەدەبی منداڵ و کاریگەری لەپێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکان) ،مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان (ڕۆڵی ئەدەبی منداڵان لە بنیاتنانی کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان) ،زارا ئەحمەد جاف (ڕۆڵی ژن لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانی کورد دا ) ،ڕۆستەم خامۆش (ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە ئەدەبیات و ڕۆشنبیری منداڵاندا) ،فەوزیە مەنمی (چۆن منداڵ هۆگری خوێندنەوە بکەین) هەروەها مامۆستای هونەرمەند و نوسەر (مۆفەق عارف لهۆنی) دیدارەکەی بەڕێوە دەبرد لە هۆڵی ئوتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی……………..٥/٩/٢٠٢٢

Previous
Next
Kurdish