Skip to Content

نامەی چواردەهەم و پانزدەهەم.. شەماڵ بارەوانی

نامەی چواردەهەم و پانزدەهەم.. شەماڵ بارەوانی

Closed
by تشرینی دووه‌م 29, 2024 General

نامەی چواردەهەم

دووبارە خەریکی خوێندنەوەی بەدگۆڕانەکەی کافکام. چ خۆشبەختم کە کافکام ناسی! ناڵێم کافکا باشترین ڕۆماننووسی مێژووی مرۆڤایەتییە، وەلێ یەکێکە لە ڕۆماننووسە باشەکان. ئەو قسانەی سەبارەت بە (ڕۆمانی کۆشک) کردت، هاوڕاتم. ئەی دادگاییەکەیت نەخوێندووەتەوە؟ ئازیزەکەم، تا بۆت دەکرێت بخوێنەوە. دەتوانی بیریش بکەیتەوە، بەڵام گەمژانە نا. با ژیانت هەمووی به وشە و کتێبەوە بەند بێت. بەڵام ئاگاداربە وەک باپیرەی سارتەر* دەیگوت، ئەدەب هەرگیز گەدەی مرۆڤ تێرناکات. ئەوەشت بیر نەچێت، هیچ کاتێک خۆت لە قەرەی هەندێک بابەت مەدە. بۆ نموونە: مردن چییە؟ سەرەتای ژیان چۆن دەستی پێکرد؟ کێ گەردوونی دروست کردووە، کێ ئێمە و هەموو شتێکی دروست کردووە؟ گەر هێزێکی باڵا و بانسروشتیی هەیە، ئەی بۆچی لە بەرانبەر ئەو هەموو نادادیی و ستەمکارییەی مرۆڤەکان و کارەساتە دڕندانەییەی سروشت بێدەنگە؟ گەر ئەو هێزە باڵایە ژیان و ئێمەی دروست کردبێت، حیکمەت و گرنگی ئەوە لە چیدایە؟ گەر بەهەشتێک و ژیانێکی تر هەیە، بۆچی یەکسەر لەوێ ژیان دەستی پێنەکرد و لەبری بەهەشتە یۆتۆپیاکەی ئەوێ، فڕێ دراینە ئەم دۆزەخە و ئەم هەسارە نەگریسەیە؟ هەر بەجیددی ئەو یارییە پووچ و بێتامە سوود و حیکمەت و مانای چییە؟ ئازیزەکەم، زۆر هەوڵم دا وەڵامێک بۆ گومانەکانم و مانایەک بۆ ئەم ژیانە بێ مانایە بدۆزمەوە، کەچی هەموو هەوڵەکانم وەهم دەرچوون. ئازیزەکەم، تۆ دەتوانی سەبارەت بە بوونمان لێرە یەک بەڵگەی لۆژیکیم بدەیتێ؟ دەی لەوە گەڕێ. ئەو بوونە سۆزانییە هی ئەوە نییە کاتی خۆتی لە پێناودا بە فیڕۆ بدەیت. گەڕان بۆ دۆزینەوەی مانایەک بۆ بوونمان لێرە، لە هەوڵێکی دۆنکیخۆتانە زیاتر نییە. بەڵێ تەنها شەڕکردنە لەگەڵ ئاشی با. من ڕووی پرسیارم لەو هێزە باڵایە دەکەم کە کاهینی گەڕەکەکەمان باسی دەکات، باشە” بۆچی وەسوەسەت بۆ گیانی ئێمە خوڵقاندووە؟ وەسوەسە! خودایە یانی هەر ئەو وەسوەسەیە نییە کە من دەمهەوێ خۆم لە شادی و چێژەکانی ژیان لادەم و توێشوویەک بۆ ئەو دنیا بنێرم کە لەوانەیە هەر نەبێ و زیاتر لە شتێکی خەیاڵیی دەچێ؟”*
دەزانم تۆش وەکو من دەیان پرسیاری وجوودیی و فەلسەفیی سەبارەت بە چەندین بابەتی میتافیزیکی و گەردوونی لە مێشکتدا جینگڵ دەدەن. دەزانم دڵت بەو وەڵامە سادە و ساکارانەی کاهینەکان ئاوی دڵنیایی و مەعریفە ناخواتەوە، وەلێ ڕێگەی تر و چارەی تر نییە. دڵنیابە هەرچەند بۆی بگەڕێیت و هەوڵی گەیشتن بە ڕاستی بدەیت، تا هەتایە وڵامگەلێکی دڵنیاکەرەوە و یەکلاکەرەوەی ئەو پرسیارانەت دەست ناکەوێت. بۆیە باشتر وایە هەر لە بۆتەی بێدەنگی، مەبەستم گومانگەرایی و نازانمگەراییدا بمێنیتەوە. من زۆر هەوڵمدا دروستکەری گەردوون بدۆزمەوە و بگەمە دەڤەری دڵنیایی، ئەفسووس! کاتی زۆرم بە فیڕۆ دا و شکستم هێنا. بۆیە باشتر وایە ئەزموون لە من وەر بگریت و کاتی خۆت بە میتافیزیکا و ئەو جۆرە بابەتانە بەفیڕۆ نەدەیت. گەر ئارەزوو دەکەیت بڕۆ دە جار کتێبی( مێتافیزیک چییە؟) بخوێنەوە، بزان هیچ شتێک لە بابەتەکە حاڵی دەبیت و دەزانیت کە مێتافیزیک چییە! دەشتوانی کتێبی(تەقینەوە گەورەکە: Big Bang)* یان (دەربارەی بنەچەی جۆرەکان – On the Origin of Species)* بخوێنیتەوە. ئەو دوو کتێبە بە بڕوای من تۆزەک یارمەتیدەرێک دەبن سەبارەت بە دروستبوونی گەردوون و مرۆڤ، بەڵام هەرگیز ناتگەیەنن بە وەڵامی پرسیارەکان و هەموو ڕاستییەکان و هیچی ئاوا لە قەبارەی گومانەکانت کەم ناکەنەوە. ببوورە ئازیزەکەم، کات درەنگە و دەبێ بڕۆم بخەوم. سەلامەت بیت.
ــــــــــــــــــــــــــــ
*مەبەست(ژان پۆل سارتەر)ـە.
*لیۆ تۆلستۆی، باوکە سێرگی، وەرگێڕانی: ئەمین گەردیلانی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات(هەولێر)، چاپی یەکەم، ل٤٣.
*کتێبەکەی فەیلەسووفی ئەڵمانی(مارتین هایدگەر).
*مەبەست کتێبەکەی(ستیڤن هاوکینگ)ـە.
*مەبەست کتێبەکەی(چاڕڵز داروین)ـە.

ـــــــــــــــــــــــــــ
نامەی پازدەهەم

گیانەکەم، هەستدەکەم گەر چیتر لێرە، مەبەستم لەم هەسارەیە و لەناو ئەو هەموو گەمژەیە درێژە بە ژیان بدەم منیش دەبم به گەمژەیەک لە گەمژەکان. ئازیزەکەم، دەزانم ئەم قاڵۆنچانە گلەیی دەکەن و پێم دەڵێن زمانی زۆر درێژە. دڵنیابە ئەوان شایەنی قسەپێگوتنی زۆر زیاترن. فلۆبێر* لە نامەکانی زۆر زیاتری منی پێ کردوون و نامەکانی پڕ لە جوێنن دژ بە مرۆڤایەتی. ئازیزی من، “پاڵەوانێتی مرۆڤ لەو قۆناغەدا لەوەدایە، بتوانێ به سەربەرزی و زیندوێتی بمێنێتەوە و ئەقڵی خۆی لە دەست نەدات.”* ئازیزی من، هۆشیاریی لێره و لەناو ئەو ناهۆشیارانە زۆر قورسه. هۆشیاریی بەڵا و ئافاتێکی زۆر گەورەیە بۆ خاوەنەکەی لە کۆمەڵگەیەک کە تاکەکانی لە خورافەدا ڕۆچووبن.
لە کۆمەڵگەیەکدا هێندەی گوتارێکی خورافی و دژەلۆژیک و دژەزانستیی کاهینێک بڕ دەکات و بازاڕی هەیە، سەدا یەک قسەی ڕۆشنبیرێک بڕ ناکات. کۆمەڵگەیەک، دەرچووی زانکۆی لە هەموو تەمەنیدا کتێبێک نەخوێنێتەوە، مامۆستای زانکۆی لە مرۆڤێکی ئاسایی و گشتیی، گشتییانەتر بیر بکاتەوە و بڵێت: زانکۆ مێیە و پەرستگا نێرە، هەمیشەش نێر هەیەتی بەسەر مێوە!
کۆمەڵگەیەک، پیاوی ئایینیی بڵێت:٩٠٪ی نەبوون بە زاوا، هۆکارەکەی جنۆکەیە! گیانی من، ڕاستە ڕۆشنبیر بۆ خەڵکی ئاسایی و گشتیی نانووسێت. ڕۆشنبیر کار لەسەر نوخبە(ئیلیتە) دەکات، وەلێ ئەوە مانای ئەوە نییە کە ڕۆشنبیر بڕواتە بورجی عاج و دوور لە خەڵک و واقیع و کۆمەڵگەکەی خۆی بژیت. ڕۆشنبیر چاوی کۆمەڵگەیە، ڕێنیشاندەر و هۆشیارکەرەوە و دڵسۆزی کۆمەڵگەیە. بەڵام کە ڕێز و بەهای ڕۆشنبیر نەزانرا، باشتر وایە ڕۆشنبیر ئاگاداری خۆی بێت و بەرلەوەی ببێت به گەمژە، سنوورێک بۆ گەمژایەتی ئەوانی تر دابنێت. ئازیزی من، ڕۆشنبیریی لە کۆمەڵگە ڕۆژهەلاتییەکان، ئەو کۆمەڵگەیانەی که ڕەگیان لەسەر خورافە داکوتاوە و لە ئەفسانە ڕۆچوون و کۆمەڵگەی نەریتی و تەقلیدیی، سوننەتیی و مەزهەبیی و نێرسالارین، قورسە و حەوسەڵەی دەوێت. بەشی ڕۆشنبیران لەو وڵاتانە هەمیشە دەربەدەریی، کۆچ، تیرۆرکردن، بێتاقەتیی، بێزاریی و ڕەشبینیی بووە. ڕۆمانی (چۆن بووم بە گەمژە) بخوێننەوە. (ئەنتوان)ی پاڵەوانی ڕۆمانەکە سەرەنجام دەگات بەو قەناعەتەی کە ئەقڵ و بیرکردنەوە هۆکاری سەرەکی نەهامەتی و بەدبەختی و ئازارەکانیەتی و خەیاڵ و ژیان لەگەڵ کتێب و خوێندنەوە، هیچ بەهایەکی بۆ نەهێڵدراوەتەوە و بیرکردنەوە مانایەکی بۆ نەماوە و ژیانی ڕۆشنبیریی جگە لە عەزابێکی ئەبەدی، چیتر نییە و بیرکردنەوەیش ئازار و عەزابێکی نەبڕاوە و نەخۆشییە، با لە ڕیزی نەخۆشیش دانەنرابێت. ئەو، ئیدی بیرکردنەوەی ئەمە دەکەوێتە کەڵکەلەیەوە کە دەبێت مرۆڤ لێرە گەمژەبێت، ببێت به بەشێک لە هەمووان، دەستبەرداری قەناعەتی تایبەتی خۆی و بیروبۆچوونە جیاوازییەکانی خۆی و ئازادییەکانی بێت، تا بتوانێت لە کۆمەڵدا بژیت و خەڵک قبووڵی بکات و لەگەڵ دەوروبەر کارلێک بکات و بگونجێت و بە هێمنی و ئارامی بژیێت. ئەو پێمان دەڵێت ئیدی” بەشداری لەو ئەقڵە گەورەیە دەکەم کە پێی دەڵێن(بۆچوونی گشتی). من ناڵێم ئەمە باشە، یاخود خراپ، تەنها دەمەوێ بەشداری ئەو ئەقڵە بکەم و بەس. لەگەڵ ئەوانەیتر بم و لێیان حاڵی نەبم و وەکو ئەوان بم. لەنێوانیاندا بم…دەمەوێ وەکو هەموو خەڵکی تر بم. مێروولەیەک بم لەنێو مێروولەکان.” بەو شێوەیه ئیدی زەکاوەت و زیرەکیی و هۆشیاریی لای ئەو نەخۆشییە و ئەو دەیەوێت چیتر ئاستی هۆشیاریی و هێزی دەرککردنی کەم بێتەوە و باڵانسی جەهل و نەزانیی بەرزبێتەوە. ئیدی تەنها بژیت و بەس. ژیانێکی دیماگۆگانە و هیچ لە ژیان و دەوروبەر و واقیع و ڕاستییەکان نەزانێت. ئەو بۆی ڕوونبووەتەوە کە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە هەمووشتێک، هۆکارە کە نەتوانیت بژیت. بۆیە ئەو گەمژەیی و دیماگۆگییەت بە تاقە ڕێگەی چارەسەری کێشە و قەلەقییەکانی و نەخۆشییەکەی دەزانێت و بڕیار دەدات هۆشیاری و مێشکی بە کفنی گەمژەیی کفن بکات و ماڵئاوایی لەبیرکردنەوە بکات و دەرگای عەقڵی کڵۆم بدات و دەستبەرداری عەقڵانییەت بێت. (من بە دەست نەفرەتی عەقڵەوە دەناڵێنم و تووشی نەخۆشیی زیادەڕۆیی و ڕۆچوونی زۆر لەبیرکردەنەوەبووم). بەڵێ، (هەرکەسێک ئاستی زانستیی بەرزتربوو، ئازاری زیاتر دەبێت). بۆ قورتاربوونیش لەو دۆخە و یەکەم هەنگاویش بۆ بوون بە گەمژە، مەیخانە و مەی و سەرخۆشییە، بە تێڕوانینی ئەو! بۆیە بڕیاردەدات خۆی سەرخۆش بکات. ئەو پێی وایە بەو شێوەیە خەڵک دەیناسێت و خەڵک ڕێزی دەگرێت. کۆمەڵگایەک، لە تێڕوانینی ئەودا بەزەیی بە سەرخۆشدا دێتەوە، وەلێ بە ڕۆشنبیر و عاقڵ و ژیر نا. ئەو سەرەنجام لەو هەوڵەی شکست دێنێت و بە هۆی زۆرخواردنەوەی مەی و ئەلکهوولەوە، ژەهراوی دەبێت و دەکەوێتە نەخۆشخانە. ئەنتوان سەرەتا زۆر هەوڵ دەدات لە کۆمەڵدا شوێنێک و پێگەیەکی گونجاو بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە وەک ڕۆشنبیرێک کە لەگەڵ ڕۆشنبیرییەکەی ئەو گونجاوبێت. مەوقعێک، کە شایەنی ئەو بێت و مەحەللی لە ئیعرابدا دیار بێت. وەلێ ئەفسووس!
کۆمەڵێک، کە بە تێڕوانینی ئەو کۆمەڵێکی تا بڵێیت سەتحییە و ناچێتە قووڵایی بابەتەکان و نرخی کاری فیکریی و ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیران نازانێت و ڕێز لە کایەی ڕۆشنبیریی ناگرێت. بۆیە بێزاریی و ڕەشبینیی ئەنتوان دادەگرێت، لە کۆمەڵێکی وا کە نرخ و بەها بۆ رۆشنبیری دانانێت و نازانێت ڕۆشنبیریی چییە و ڕۆشنبیر کێیە! لە کۆمەڵێک هێندەی حیساب بۆ گەمژەیەک دەکرێت، سەدا یەکیش بۆ مرۆڤی ژیر و ڕۆشنبیر ناکرێت و ڕۆشنبیر نرخ و بەهای بۆ دانانرێت. ئاخر لە کۆمەڵێکی مێگەلئاسا، کۆمەڵێکی بەکاربەر و ئستهلاکی، کۆمەڵێکی چێژگەرا، بۆ کۆمەڵێکی لەو چەشنە بیرکردنەوە و کاری فیکریی و فەلسەفیی و ڕۆشنبیریی هێندە ئاسان نییە. بیرکردنەوە ئەرک و ئەخلاقە، بەرپرسیارەتی و خەمە، گەلێک قورسە. بیرکردنەوە لە خەمی مرۆڤایەتی، لە ژیانی خەڵک، لە ئازاری هەمووان. بەڵێ گیانەکەم، منیش وەکو ئەنتوان گەیشتووم بەم بڕوایه کە”بەختەوەری ئەوەیە بتوانیت خۆت لە موعانات و ئازاری ئەوانەیتر بێ ئاگا بکەیت، ڕاحەت و ئارامی ژیان و ئەقڵ لە گوێپێنەدان و بێ موبالاتیدایە.” ڕەنگە بڕواکردن بەو قسانەی من بۆ گەمژەکان کەمێک سەخت بێت. بەڵێ، گەمژەکان تەنها باوەڕ بەوانە دەکەن کە هەواڵی ناڕاستیان پێ دەدەن. ئەوان خویان بە درۆوە گرتووە، چێژ لە گەمژەیی دەبەن. ئازیزی من، لێره تەنانەت قانوونیش تەنها بڕوا بەو کەسانە دەکات کە پارەی پێ دەدەن.”*
ـــــــــــــــــــــــــ
*گوتەیەکی نووسەر و ڕۆماننووس و ڕەخنەگری بە ڕەگەز سعوودی(عەبدولڕەحمان ئەلمونیف)ـە.
*مەبەست(گۆستاڤ فلۆبێر١٢ی کانوونی یەکەمی١٨٢١ – ٨ی ئایاری ١٨٨٠)ی خاوەن ڕۆمانی(مەدام بۆڤاری)یە. فلۆبێر، نووسەرێکی جیهانیی- فەرەنسییە و بە یەکێک لە گەورەترین ڕۆماننووسە فەرەنسییەکانی سەدەی نۆزدەهەم دێتەژماردن.
*ستیڤن کینگ، ڕۆمانی(١٩٢٢)، وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد، چاپ:٢٠٢٤، ل١١.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress