Skip to Content

شاكر شه‌مشوون … عەبدولرەحمان فەرهادی

شاكر شه‌مشوون … عەبدولرەحمان فەرهادی

Closed

شاكر شه‌مشوون له‌ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی له‌ ته‌نیشتم داده‌نیشت، ئه‌و به‌ كه‌له‌ش له‌ هه‌موومان زرپه‌ستوورتر بوو و كه‌سی نه‌ده‌وێرایێ، شه‌ڕی به‌ دار و به‌رد ده‌فرۆشت و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ تڕی خۆی شه‌ڕوشۆڕی بوو، ئه‌وه‌نده‌ هاروهاج بوو، هاوته‌مه‌نانی ئه‌وكاتی له‌ كۆڵانی عاره‌بان ناسناوی شه‌مشوونیان له‌قه‌به‌ڵ خستبوو، شاكر كوڕی قۆنته‌راتچییه‌ك بوو و ئه‌وكات ڕۆژانه‌ی ئێمه‌ پێنج فلس بوو، ئه‌و هه‌موو ڕۆژێ سه‌ت فلسی ده‌درایێ، سه‌ت فلسه‌ گه‌وره‌كه‌ی كه‌ لایه‌كی دروشمه‌ پرشنگداره‌ شێوه‌ ئه‌ستێره‌ییه‌كه‌ی كۆماری عیراق و لایه‌كه‌ی دیكه‌ی وێنه‌ی گوڵه‌ گه‌نم و گوڵه‌ جۆیه‌كی له‌سه‌ر بوو. شاكر له‌ ماڵه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستان ڕاگیرابوو، ماڵی له‌ناو قه‌سران بوو و ڕۆژانه‌ مام ڕه‌مه‌زانی شوفێری تاكسی ده‌یهێنا و كه‌ ده‌وامیش ته‌واو ده‌بوو ده‌یبرده‌وه‌.
شاكر قوتابییه‌كی زیره‌كیش بوو و زۆر كه‌یفیشی به‌ من ساز ده‌بوو و ئه‌وكاتیش وه‌ك من شیعری كوردیی زۆر له‌به‌ر بوو و له‌ پشووی نێوان ده‌رسه‌كان له‌ من جیا نه‌ده‌بۆوه‌، له‌و ساڵییه‌وه‌ كه‌ ده‌یكرده‌ نزیكه‌ی بیست ساڵی خشت له‌مه‌وبه‌ر كه‌ من و عه‌بدولڕه‌زاقی برام له‌ ده‌ست مامۆستا غه‌دداره‌كانی قوتابخانه‌ی بۆتان سه‌ری خۆمان هه‌ڵگرت و چووینه‌ قوتابخانه‌ی هه‌لگورد، من شاكرۆكم نه‌دیته‌وه‌ و تا ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌كان و لێم بزر بوو، ئێواره‌یه‌كیان شاكرم له‌ ته‌یراوه‌ لای ته‌جنیده‌ كۆنه‌كه‌ دیته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر عاره‌بانه‌یه‌ك خه‌ریكی پاقلاوه‌ خواردن بوو، ئه‌وكات من شه‌ش ساڵ بوو خوێندنی كۆلێجیشم ته‌واو كردبوو و بێپاره‌ و لاتوپات بووم و ڕۆژ هه‌تا ئێواره‌ له‌م كۆڵان بۆ ئه‌و كۆڵان تێی وه‌رده‌سووڕام. خه‌ڵك به‌ گشتی ئه‌وكات بێ پاره‌ و نه‌دار بوون، به‌ڵام شاكر به‌ڕكی پڕی پاره‌ بوو. شاكر به‌ خورتی پاقلاوه‌شی ده‌رخوارددام. لێم پرسی:
شه‌مشوون گیان ئێستا چ كاره‌ی؟
گوتی: كاری چی؟ هیچ ئیش و كارم نییه‌.
خه‌ڵك ئه‌و ساڵانه‌ به‌ لێشاو له‌ كوردستان هه‌ڵده‌هاتن و سه‌ره‌ڕۆیانه‌ به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپا ڕێی هات و نه‌هاتیان هه‌ڵده‌بژارد و تێیان ده‌ته‌قاند، من وه‌ك ئێستام نه‌بووم و ئه‌وكات و ئێستاش قه‌ت مه‌راقم چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بووه‌.
گوتمه‌ شاكر:
ئه‌و خه‌ڵكه‌ وا ڕوو له‌ وڵاتان ده‌كه‌ن، خێره‌ جه‌نابت ناڕۆی؟خۆ پاره‌شت زۆره‌ شاكر. وه‌رامی دامه‌وه‌:
بۆ كوێ؟
گوتم: مه‌به‌ستم خاریجه‌
شاكر شه‌مشوون سه‌رێكی بادا و وه‌ك بڵێی به‌ گێلم تێبگات. گوتی گوێ بگره‌ برایێ خۆم:
من له‌ سه‌ره‌تای راپه‌ڕین چوومه‌ سوید و چه‌ند مانگێك له‌وێ مامه‌وه‌، كه‌چی نه‌حه‌وامه‌وه‌.. قسه‌كه‌یم به‌لاوه‌ سه‌یر بوو.
گوتم: باشه‌ سه‌به‌ب؟
گوتی كاكه‌ گیان، ئاوڕه‌حمانی برا، سه‌گ له‌ قه‌سابخانه‌ی نه‌مری عومری به‌ خه‌ساره‌.
چما نازانی سیسركه‌ له‌ ئاوده‌ست بهێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌موده‌ست ژانه‌سه‌ر ده‌یگرێ؟
ده‌با له‌باره‌ی هه‌ندێ، چیڕۆكێكت بۆ بگێڕمه‌وه‌. شاكر شه‌مشوون ده‌ستی كرد به‌ گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆكه‌كه‌ی:
شاعیری فارس سایب ته‌ورێزی كه‌ چوار سه‌ت ساڵێك له‌وه‌به‌ر له‌ سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كان ژیاوه‌ و شا عه‌باسی دووه‌م ناسناوی میری شاعیرانی دایێ، چیڕۆكێكی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێ: نێره‌كه‌رێك له‌ گوندێك هه‌بوو، خاوه‌نه‌كه‌ی و كه‌سوكاری و خه‌ڵكی گونده‌كه‌ زۆریان ئه‌زیه‌ت ده‌دایه‌ به‌ر، له‌ مه‌لا بانگدانه‌وه‌ خاوه‌ن ماڵ به‌ قامچییان له‌سه‌ر پشتی بوو تا دره‌نگانی شه‌و، ده‌یبرده‌ سه‌ر بیر و ده‌ولكی ئاوێی تێده‌خست و ئاوی نیوه‌ی گونده‌كه‌ی له‌ بیر پێ ڕاده‌كێشا، پاشان ده‌یبرده‌ قه‌سه‌ران، ئینجا سه‌ر جۆخین و مۆخین و پووشباركردن و ته‌پاڵه‌ و مه‌پاڵه‌ و ئیشوكارێكی یه‌كجار زۆری پێ ده‌كرد و به‌رده‌وامیش وه‌ریده‌گه‌ڕایێ و قامچییه‌كه‌ی له‌ پشتی نه‌ده‌كرده‌وه‌، ڕۆژێكیان كه‌ره‌كه‌ بیری كرده‌وه‌ واچاكه‌ ته‌گبیرێ له‌ خۆی بكا و له‌و ژیانه‌ ناله‌باره‌ی خۆی ڕزگار بكات، ئه‌وه‌بوو به‌یانییه‌كیان زۆر زوو به‌ر له‌ مه‌لا بانگدان كورتانه‌كه‌ی فڕێدا و قه‌ڕاسه‌كه‌شی پساند و له‌ خانه‌كه‌ی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و گوتی واچاكه‌ ڕوو له‌ گوندێكی تر بكه‌م، ژیانی من لێره‌ نه‌ماوه‌. ئه‌وه‌ بوو هه‌ڵته‌ك هه‌ڵته‌ك ملی ڕێی گرته‌به‌ر و بۆ ئێواره‌كه‌ی گه‌یشته‌ گوندێكی تر كه‌ به‌هارێكی خۆش بوو و هه‌موو دونیا كه‌سك ده‌چۆوه‌، له‌ خۆشییان هه‌ر زه‌ڕوهۆڕی بوو و بێ مناسه‌به‌ لووشكه‌ی ده‌وه‌شاندن و مشوهۆڕی هه‌ناسه‌ی وای له‌ كونه‌ كه‌پووه‌كانی كردبوو كه‌ تێر هه‌ڵمژینی بای به‌هارێ نه‌ده‌بوو، له‌ گونده‌كه‌ كه‌وته‌ باخچه‌یه‌ك تێروپڕی خوارد و تا خاوه‌ن باخچه‌كه‌ گرتییه‌وه‌ و به‌ ناز و نیعمه‌ته‌وه‌ حه‌واندییه‌وه‌، هیچ كه‌س ئیشی پێ نه‌ده‌كرد، جاروبار قه‌ڕاسه‌كه‌یان ده‌كرده‌وه‌ و پیاسه‌یان پێ ده‌كرد، له‌ خواردن و قه‌رسه‌قولڕین به‌ولاوه‌، نه‌ ئیش نه‌كار قه‌ت هیچی نه‌بوو، ببووه‌ دابه‌ستییه‌ك تا ده‌هات قه‌ڵه‌و ده‌بوو، كه‌ره‌ ته‌ندروستییه‌كی یه‌كجار باشی هه‌بوو و به‌رده‌وام له‌ خۆشییان زه‌ڕوهۆڕی بوو. ڕۆژگارێ وا به‌سه‌ر چوو، ورده‌ ورده‌ خه‌ریك بوو له‌و ژیانه‌ پڕ ئاسووده‌یی و پڕ جۆ و ئالیك و لووشكه‌ وه‌شاندن و زه‌ڕینه‌ی بێزار ده‌بوو، كه‌س نه‌بوو ئیشێكی پێ بكات، ئیتر ڕۆژگار هات و ڕۆژگار ڕۆیی، كه‌ره‌ ئالیكی ورده‌ ورده‌ كه‌م ده‌بۆوه‌ و هه‌ستی كرد كه‌ له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ ناله‌بار و په‌شێوه‌، خه‌وی هورده‌ هورده‌ كه‌م ده‌بۆوه‌ و به‌رده‌وام بیری لای خاوه‌نی پێشووی و كۆڵباری و ژانی قامچی و گونده‌كه‌ی جارانی و زێد و مه‌فته‌نی باب و باپیرانی بوو، ئه‌وه‌ بوو بڕیاریدا كه‌ شوێنه‌ تازه‌كه‌ی به‌جێ بێڵێ و بڕواته‌وه‌ گونده‌كه‌ی خۆی و بچێته‌وه‌ لای خاوه‌نی جارانی. سبه‌ینه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ مه‌لا بانگدان به‌ر له‌ شیڕه‌شیڕ قه‌ڕاسه‌ی پساند و به‌بن سیم و میمان ئاودیوی ده‌ره‌وه‌ بوو و هه‌ڵكوت هه‌ڵكوت به‌ره‌وه‌ زێدی خۆی ڕۆیشته‌وه‌. كه‌ره‌ له‌ڕێ تووشی نێره‌كه‌رێكی وه‌ك خۆی بوو و لێی پرسی:
هااا براله‌ خه‌ریكی چیی؟ ئه‌وه‌ به‌م به‌یانییه‌ بۆ كوێ ده‌چی كه‌ره‌ گیان؟
كه‌ره‌ی تر وه‌رامی دایه‌وه‌:
به‌خوا برا گیان من بڕیارم داوه‌ له‌م گونده‌ هه‌ڵێم، چونكه‌ به‌رده‌وام ئیشی یه‌كجار قورسم پێ ده‌كه‌ن و ئیهانه‌م ده‌كه‌ن و زۆرم لێده‌ده‌ن و قامچییان له‌ پشتم نابێته‌وه‌ و منیش ئه‌و سه‌رشۆڕی و ئێش و ئازار و نامه‌ردییه‌م پێ قه‌بووڵ ناكرێ، بۆیه‌ ده‌ڕۆم و سه‌ر هه‌ڵده‌گرم بۆ گوندێكی ترو نامبیننه‌وه‌، با بزانم چۆن ده‌بێ.
كه‌ره‌ی په‌شیمان و گه‌ڕاوه‌ وه‌رامی دایه‌وه‌:
برایێ خۆم به‌ قسه‌ی من ده‌كه‌ی وه‌ره‌ وه‌ك من بكه‌ و بگه‌ڕێوه‌ گونده‌كه‌ی خۆت، سوڕ ده‌زانم په‌شیمان ده‌بییه‌وه‌، من ئه‌زموونم هه‌یه‌ و له‌و گونده‌ی من په‌نام بۆ برد هیچ هه‌ستم به‌ كه‌رایه‌تیی نه‌ده‌كرد و ئه‌و حاڵه‌ش بۆ ئێمه‌ ده‌ریناهێنێ ئێمه‌ گه‌ر هه‌ست به‌ كه‌رایه‌تیی نه‌كه‌ین چۆن ده‌ژین چاوه‌كه‌م؟
ئه‌وجا ئاوڕه‌حمان گیان منیش له‌و شاره‌ بچمه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌ست به‌ كه‌راتییه‌كه‌ی خۆم ناكه‌م و له‌وانه‌یه‌ بمرم و هه‌لا هه‌لا بم.
هه‌ردووكمان دامانه‌ تریقه‌ی پێكه‌نینێ.
شاكر شه‌مشوون سوێندی خوارد ده‌بێ پاقلاوه‌یه‌كی تریش بخۆم.
ناچار پاقلاوه‌یه‌كی تری شیرین وه‌ك قسه‌كانیم خسته‌ ده‌مم.
*چیڕۆكی كه‌ره‌كه‌ له‌ ڕۆمانێكی عه‌لی به‌در به‌ناوی عازف الغیوم به‌جۆرێكی تر خراوه‌ته‌ ڕوو.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress