Skip to Content

بە داخەوە…. پشکۆ ناکام

بە داخەوە…. پشکۆ ناکام

Closed
by ئاب 3, 2018 General

….زۆر دڵمخۆش بوو بەوەی ” گۆڕان ” سەرەڕای ئەو گێرمە و کێشمە و گرفتانەی کە تێی کەوتوە کە جار و بار ئەبێ بە گوریس بهێنرێتە سەرەوە ، کەچی هێشتا لە دونیای داهێنان و یاری سیاسی توانای هەر ماوە ، بە تایبەتی لە بواری هەڵبژاردنەکان و دیاری کردنی کاندیدەکان..

– هەڵبژاردنی کەسێکی باڵی ئیسلامی بزووتنەوەکە بە سەرۆکی لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێم، هەنگاوێکی ئەوەنە ژیر و ئاقڵانەیە کە ڕەنگە دوو سێ قەڕنی تریش لە مەحافیلە سیاسیەکانا باس بکرێت !! گەر چی ڕەنگە بە حەزی ئەو بوایە لیستەکە ناوبنرایە ” لیستی حیجاب ” بە حوکمی ئەوەی ئەو برادەرە ” ئیسلامی / پرو ئەردوگان ” ە ، کار بۆ ئەوە ئەکات رۆژێک لە رۆژان هەموو کوردستان بە پیاوانیشەوە ، بە خۆشی بێ یان بەشەق حیجاب ببەستن کە ئەمەش لە دینەکەی ئەوا فەریزەیە ، واتا بۆت نیە رەتی کەیتەوە ، …قازانجی ئەوەی کە ئەو نوێنەرەی ئیسلامیەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆتە سەرۆکی لیستەکە ئەوەیە کە ئەو موسڵمان و خاوەن ئیمان و نزیکە لە خوا ( ببورن مەسافەکە نازانم !) ، وەکو منیش بیستوومە ئایەتێک هەیە بەناوی ” ئایەتی بارلەمان – بە بێ چونکە لە عەرەبیا ، واتە زمانی دینەکەی ئەو پێ نیە ” ، ئەوانەی وەک ئێمەومانان کە کافر و ئەهلی جەهەنەمین ئەو ئایەتە شمولمان ناکا ، بەڵام سەرۆکی لیستەکەی گۆڕان بە حوکمی باکگراونە دینیەکەی بۆ سەرخەستنی لیست و کاندیدەکان ، کە ئەو ئایەتەی ووتەوە لەوانەیە ڕەبوالعالەمین بەزەیی پیا بێتەوە ” سەرەڕای تەزویرەکان ” ئەو لیستە زۆرینە بەدەست بێنێ و هەرێم لە حوکمی بنەماڵەییەوە بگۆڕن بۆ حوکمی شەریعە….نەک هەر ئەوە بەڵکو بوونی ئەو بە سەرۆکی لیستەکە عەتف و مەحیبەت و هاو مەقسودی هەڤاڵەکانی لە لیستە ئیسلامییەکانی تر بۆ خۆی ڕاکێشێ و ئەوانیش دوعای هەمان ئایەت بکەن و بەم شێوەیە دوو لیستی ئیسلامی و
یەک لیستی نیو ئیسلامی پێکەوە بە یەک ئامانج خەباتی مەدەنی – ئیسلامی !! خۆیان بکەن………..
– بوونی گۆرانی بێژێکی میللی ئەوەی بە زمانی خەڵک پێی ئەووترێت “شایەر” کە لەگەڵ دادگا لەسەر شەڕە تەقە گرفتی زۆری هەیە وەک کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان ( کە ڕەنگە بۆ ئەوە بێ کەی ویسترا گۆڕانکاری لە گۆرانی میللی و هەڵپەڕکێی ژنهێنان کرا ، ئەو برادەرە بە حوکمی شارەزایی ئەو مەهامە وەربگرێت و گۆرانی میللی لە سیستەمی بنەماڵەییەوە بگۆڕێ بۆ سیستەمی پارلەمانی ) ، کەمێک باڵانسی پارلەمان تێک ئەیا ، چونکە ئەو برادەرە کە خۆی ئەشوبهێنێ بە ” دیمیرتاش ” بوو بە ئەندام پارلەمان ئەبێ هەم پارتی و هەم ی….ەکێتی ئەوانیش شایەری خۆیان کاندید کەن تا لەگەڵ دیمیرتاشەکەی گۆڕان لە پارلەمان بە گۆرانی میللی بچن بە گژ یەکا و وەڵامی یەکتر بەنەوە” کەو ئەو کەوەیە بەرامبەر کەو بخوێنێ..”.. ، ئەم داهێنانەش ڕەنگە ببێتە مایەی ئەوەی کە لە زاکۆکانی هەرێم کۆلێجێک بکرێتەوە بە ناوی ” کۆلێجی زانستە سیاسی و گورانیە میللیەکان ” بۆ پێگەیاننی کادری بەتوانا لەو کەسانەی کە بە گۆرانی و سیاسەت پێکەوە سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێم ئەگۆڕن..!!…
– ئاخۆ سەرۆکی سێ لیستی گەورەی موعارەزەی هەرێم کە دوانیان سەر بە یەک قوتابخانەن و و یەک ئەجینداشیان هەیە ( دیارە ئەجیندا شاراوەکانیان ) بە سودفەیە یان بە زمانی ئەو دوو لیستە قەزا و قەدەرە ؟ گەر گۆڕان توانی موبەریراتی کاندید کردنی بازرگانێکی ئیسلامی بە خەڵک بڵێ و بچێته ئەقڵەوە خۆم یەکەم کەس دەنگی پێ ئەیەم ، بەڵام ئەزموونی دە ساڵی خۆم لەگەڵ بزووتنەوەکە و پرینسیپەکانی لەسەری دامەزرا ، یەقینم هەیە هیچ موتیڤێکی باوەڕ پێ هێنەری نیە بۆیە سەد لەسەدی ڕەت ئەکەمەوە.. .راستە گۆڕان لە حاڵەتێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی خراپا ئەژی
بەڵام گەر ئەو بزووتنەوەیە وای لێهات لە سەرلێشێواو یا ، مەدەنیەت و سەلەفیەت ، عیلم و دین ، دۆستی ئەمڕۆ و نەیاری سبەی ، وەستان لەسەر واقیعی ئەمڕۆ و چەپڵەی ڕابردوو ، تێکەڵ کرد ، ئەوە سیگناڵێکە
بۆ ئەوەی کە ئەووترێت ” سەرەتای کۆتایی “….بە داخەوە..

Previous
Next
Kurdish