Skip to Content

قەیرانی ناسنامە و تەنگژەی ناسیۆنالیزم لە کوردستان.. ستیڤان شەمزینی

قەیرانی ناسنامە و تەنگژەی ناسیۆنالیزم لە کوردستان.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 31, 2024 General, Opinion

ئەگەر خۆمان رووبەڕووی پرسیارێکی لەم جۆرە بکەینەوە: داخۆ لە مپەرەکانی بەردەم ناسیۆنالیزمی کوردیی چین؟. خۆی لە خۆیدا ئەم پرسیارە کێشە ئامێزە، راستتر وایە بڵێین فاکتۆرەکانی دروستنەبوون و نەخەمڵینی ناسیۆنالیزمی کوردیی چین؟، بۆچی بزووتنەوەی (نەتەوەیی) کورد یان بزووتنەوەی کوردایەتی نەیتوانیوە کڵێشەیەکی ناسیۆنالیستی بە خۆی ببەخشێت؟ بەڵام پرسیارەکە لە فۆرمی یەکەمدا بەو جۆرە داڕێژراوە وەک بڵێی کورد ناسیۆنالیزمێکی ھەبووبێت و ئێستا ئاستەنگ و قەیرانی تووش بووبێت، سرووشتی قەیران وایە دەکەوێتە دوای شتەکانەوە نەک پێشیان، ئەگەریش قسە لەسەر لەمپەرەکانە، پێموایە کاتەکە درەنگترە لەوەی ئێمە گفتوگۆی بێزەنتی لەبارەوە بکەین، بەو پێیەی لەناو جیھانێکی گۆڕاوداین، ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریی گەورەداین لە ئاستی دنیادا، لە نموونەی گەڕانەوەی مۆتەکەی جەنگ و قەیرانی خۆراک و کێشەی ئاوی شیرین و ھەڕەشە ئیکۆلۆژییەکان (ژینگە)، لە سەرو ھەموو ئەمانەشەوە براوینەتە نێو جیھانێکەوە بەم زووانە دەکەوێتە ژێر رکێفی ژیریی دەستکردەوە، داھاتوو بەرەو ئەو وێستگەیە دەڕوات ئەم زیرەکییە پاشگری (دەستکرد یان پیشەسازیی) لە خۆی بکاتەوە، ببێتە تاکە ھۆشی رەسەن و ھەڵسوڕێنەری جیھان. لەو چەند مانگەی پێشوودا مژۆڵی ئەوە بووم چەند برووسکە شیعرێک بنووسم لە شێوەی ئەفۆریزمدا لە یەکێکیاندا نووسیم (ئایندە ئەوەندەی بۆ رۆبۆتە بۆ مرۆڤ نییە). ھێشتا رۆبۆتەکان توانای بۆنکردنیان نییە و دەکرێت لەلایەن مرۆڤەوە بەرزەفت بکرێن، بەڵام ئایا ئەمە تا سەر بەم شێوەیە دەبێت؟ بێگوومان نەخێر. رۆژێک دێت مرۆڤایەتی دەکەوێتە بەردەم مێردەزمە راستەقینەکەوە، رۆبۆت دەبێتە سەرداری و لە بری خۆی ھەموو چشتێکی بۆ ھەڵدەبژێرێت و ئەوەی پێی دەڵێن (ویستی ئازاد) دەبێتە سەراب، ھەنووکە زیرەکی دەستکرد لە ئافراندنی بوونەوەرێکی تری جیا لە مرۆڤە کە ھۆشی بەخۆی بێت و دروستتر بیر بکاتەوە، ئێمە چیمان پێ دەکرێت لەگەڵ ئەو عەقڵە ئەبستراکتەی کە دەبێتە فەرمانڕەوا؟، ئەوسا بەزەییمان بەخۆماندا دێتەوە کە سەردەمی دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا ناوبنێنین (رۆژگاری زێڕین) مادام ئەم عەقڵە ھەر لە ئێستاوە توانای ئەوەی ھەیە بڕگەی دەیەمی سەمفۆنیای بیتھۆڤن بەوپەڕی کوالێتییەوە تەواو بکات. تا ئەو راددەی مستەفا سلێمان خاوەنی کۆمپانیای (Deep Mind) بۆ پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد پار ساڵ لە کاتی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەیدا (شەپۆلی داھاتوو- the coming wave ) کە یەکێک بوو لە پڕ فرۆشترین کتێبی ساڵی ٢٠٢٣ بەر پێشەکییەکی زۆر جیاواز و تایبەت دەکەوین لە ئامادەکردنی کرۆنۆلۆژییەکی تایبەت بە گەشەسەندنی شارستانی و تەکنۆلۆژیی، لەوێدا بلیمەتی نووسەرەکەی بە تەواوەتی دەردەکەوێت پێش ئەوەی ئاشکرای بکات تەنانەت خودی ئەم پێشەکییەش لەلایەن ژیری دەستکردەوە ھاتووەتە نووسین. ئەمەش وای لە نووسەری کتێبی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم- ٢٠١٤ (کلاس شواب) کرد لە پاش نۆ ساڵ بڵێت ئەوەی من وەک ئەگەرێکی دوورتر و خەیاڵی زانستی پێشبینیم دەکرد ئەمڕۆ ھاتووەتە دی و فاکتێکی راستەقینەیە.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر کرۆکی تەوەری سەرەکی، کورد بەدرێژایی مێژوویەکی بەرین و دوور و درێژ بەھۆکارگەلێکی زۆر کە لەم پانتاییەدا بواری ژماردنیمان نییە، گەلێکی دابەشبوو بووە بەسەر ھۆز و عێڵەکاندا، ئەگەر بە باندۆری یوڤاڵ نوح ھەراری قسە بکەین و دەقاودەق تێزەکەی لە ھەمبەر جیاوازیی نەتەوە و خێڵ پیادە بکەین بەسەر دۆخی کوردییدا، ئەوەی پێی دەوترێت نەتەوەی کورد زۆر تازەیە، بەو پێیەی کۆبوونەوەی خەڵک لە چواردەوری یەکتری تەنانەت لەو شوێنە بە ھەڵەناونراوانەشدا بە شار، لەسەر بناغەی یەکتر ناسین و پەیوەندیی خوێن بووە، خێڵ بە تەنیا پەیوەندییە خوێنییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ھێمایەکە بۆ ئەو گروپە کۆمەڵایەتییە چەند سەد کەسییانە لە پێش شۆڕشی کشتوکاڵیی لە دەوری یەکتر جەم دەبوونەوە، ئەم قۆناغەش پێڤاژۆی ژیانی سرووشتییە، کە مەدەنیەت بە مانای ئەرستۆییەکەی یان پەیمانی کۆمەڵایەتی بە مانا رۆسۆییەکەی لە ئارادا نەبووە. بەم ھۆکارە کوردبوون بریتی نەبووە لە پەیوەستبوون (ئینتما) بۆ نەتەوە ھێندەی پەیوەستبوون بووە بۆ خێڵ، لە چوارچێوە ھەرە گەورەکەشیدا بۆ ھۆز یان ناوچە و میرنشینێکی دیاریکراو، کوردبوون دیاردەیەکی تازەیە، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە دەستپێدەکات کە بە (لە دایکبوونی نەتەوەیەک) ناوزەد دەکرێت، بەڵام لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە وردە وردە لەنێو نوخبەدا گەشە دەکات، لەگەڵ سەرھەڵدان و شۆڕشەکانی کورددا، بە تایبەت لە بزووتنەوەی ئەیلوول و شۆڕشی نوێ لە باشوور، لە رۆژھەڵات و باکووریش لە ھەشتاکانەوە، کوردبوون دەچێتە قۆناغێکی باڵاترەوە، بەو ھۆکارەی بۆ یەکەمین جار کۆی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی ئەو شۆڕشانەدا (سەرباری ھەر رەخنەیەک) جۆرێک لە ئاوێتەبوون لەنێویاندا دروست دەبێت، چیتر ناسنامەی ناوچەیی و خێڵەکی ناتوانێت بەسەر ناسنامەی کوردبووندا زاڵ بێت، لێ بەداخەوە لەم سی ساڵەی رابردوودا مەوداکە تەسکتر بووەتەوە بە بنەماڵەییکردن و ھۆزگەرایی و بە ناوچەییکردن جێگەی کوردبوونی گرتووەتەوە بە تایبەت لە باشووری کوردستان. لەگەڵ ئەمەشدا ھێشتا کورد بە مانا مودێرنەکەی خاوەنی ناسیۆنالیزم نییە، ئەوەی بە ناسیۆنالیزمی کوردیی ناو دەبرێت تا ئەمڕۆش بیرێکی ھەمەکی نەبووە ئەوەندەی ئایدیایەکی نوخبەوییە و وەرنەگەڕاوەتەوە سەر بەستێنە کۆمەڵایەتییەکە، لێرەدا ناچارین کەوانەیەک بکەینەوە ئاماژە بەو ئایدیا کاڵ و کزە بکەین لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا بکەین کە ئەگەر پێش رسکانی ناسیۆنالیزمی ئەوروپی نەکەوێت، بێگومان ھاوکاتی بووە، بەڵام ئایا ئەم ئایدیا پەرەی پێدرا یان نا؟ کاری من و تۆ ئەوەیە بپرسین بیرۆکەکەی ئەحمەدی خانی بۆچی ناسیۆنالیزمی بەرھەم نەھێنا؟. خۆ ئەگەر دیقەت لە پاشگری (سازیی) پاش چەمکەکانی نیشتمانسازیی، نەتەوەسازیی یان دەوڵەت نەتەوە بدەین ھاوواتای شێلان و سازکردنی شتێکە لە مەتریاڵێکی خاو کە خۆی پێشتر بە شێوە سرووشتییەکەی لە ئارادایە، بەڵام ھیچ کڵێشەسازییەکی نییە. لێرەوە دەلاقەیەک بە ڕووی پرسێکی گەلەک گرنگدا دەکرێتەوە، نەتەوە لە رێگەی ھۆشیاریی ناوەکیی گەلێکەوە دێتە ئارا، ناسیۆنالیزم دروست دەکرێت نەک بۆت دروست بکەن، وەک چۆن زیاد لە بیست دەوڵەت بۆ عەرەب دروستکرا و پاشان وا ھێدی ھێدی و یەک یەک ھەڵیاندەوەشێننەوە. جارێکی دیکەش بیرتان دەخەمە پڕۆژەکەی خانی لە سەدەی حەڤدەدا (مەم و زین) دەکرا پێشبخرێت و بکرێتە ھەوێنی ناسیۆنالیزمێک بۆ کورد، بیھێننە بەرچاو گۆتە مەموزینی بینووسیبا و ئەحمەدی خانیش فاوست یان ژانەکانی ڤارتە!!. لە کاتێکدا ئەحمەدی خانی (١٦٥١-١٧٠٦) مەم و زینی لە ساڵی ١٦٩٢ نووسیووە، بەڵام یۆھان گۆتە (١٧٤٩-١٨٣٢) بەرگی یەکەمی (فاوست)ی لە ساڵی ١٨٠٨ و بەرگی دووەمی لە ساڵی ١٨٣١ بڵاوکردووەتەوە، ئەگەر بەراووردێکی مێژوویی بکەین مەم و زین ١١٦ ساڵ پێش بەرگی یەکەمی فاوست کەوتووە. ئۆربیلی لە ساڵی ١٩٣٨دا مەم و زین لە ئاستی (جەنگاوەر لە پێستی پڵنگدا) رووستاولی بۆ گورجییەکان و (شانامە)ی فیردەوسی بۆ فارسەکان دەنرخێنێت.
ناسیۆنالیزم دەرھاویشتەی سەردەمی دوای رێنسانس (ھەستانەوە)ی ئەوروپییە، کۆرپەی شۆڕشی پیشەسازییە، دروست ئەو کاتەی جۆن لۆک و ھۆبز و ئەو بیریارانەی پاش ئەوان کەوتن، جەخت لەسەر گرنگی دەوڵەت دەکەنەوە، ئەمەش ھێڵێکە لە (سینیکا) لە سەدەی یەکەمی زاینییەوە درێژ دەبێتەوە. کرۆکی ئایدیای ئەوان لە بارەی دەوڵەتەوە بریتییە لە راگرتنی باڵانسی نێوان خەڵک و فەرمانڕەوایی، ئەویش لە رێگەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییەوە، ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی بابەتی فەیلەسووفانی دوای رێنسانس بووە، بە تایبەتتر دەتوانین چاوێک بە کتێبی (لیڤیاسان))ی ھۆبزدا بخشینێنەوە. ئەمەش لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە بووە بە ئایدیایەکی نوێتر و خۆی لە پڕۆژەی ناسیۆنالیزم (دەوڵەت نەتەوە)دا فۆرمۆڵە کرد. لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت باز بدەین، ئەوە ئەم بیرەی پێشخست بریتی بوو لە ژورنالیزم (رۆژنامەوانی)، کەچی رۆژنامەوانی کوردیی بە نزیکەیی سێ سەدەیەک لە مێژووی رۆژنامەوانی جیھانی دواکەوت!، ئەمە دۆزێکە بۆ خۆی شایانی لێ وردبوونەوەی زیاترە، چوونکە ئەو ھۆشیارییە فیکرییە لە رۆژنامەکانەوە پەرەی پێدرا. ئیدی دەوڵەت نەتەوەکان لە وڵاتانی خۆرئاوایی لە دامێنی ئەم ھۆشیارییەوە بوونە فاکت. لێ خودی دەوڵەت لە مانا دێرین و مودێرنەکەیدا زادەی پێڤاژۆیەکی پێشکەوتنی شارستانییە و لە پێچێکی مێژووی پەیدا بووە و رۆڵی وەرگرتووە، دەشێ سەردەمی پووکانەوەشی ھەبێت کە زۆر دوور نییە لە ئێستادا بە تایبەت بەھۆی گەشەکردنی تەکنۆلۆژییەوە. نابێت ئەوەش لە بیر بکەین ناسیۆنالیزم ھەمیشە دەوڵەتی دروست نەکردووە، بۆ نموونە لە کۆمەڵگە فرە نەتەوە و کولتوورەکاندا لە نموونەی ئەمەریکا یان تورکیا سەرکردەیەک دەوڵەتێکی بەھێزیان بنیات ناوە، تەنانەت وڵاتانی عەرەبی ھێندەی ناسیۆنالیزم دەگەی لێدان نیو ئەوەندە خزمەتی نەکردن، چوونکە داستانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دیاردەیەک بوو لە زانکۆکانی بەیرووت و سۆربۆن دروستکرا، زۆرینەی ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگووترێت دەوڵەتانی عەرەبی بە بڕیار یان پێش دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی رۆنران بە پێی ئەو دیزاینە سیاسیی و ئابوورییانەی ئیمپریالیزم و وڵاتانی زلھێزی دەیانخواست.
وەک خۆم لەبری ناسیۆنالیزم زیاتر بڕوام بە (کوردبوون)ە کە لە جەبرێکی سرووشتییەوە بیگوازینەوە بۆ کڵێشەیەکی فیکریی و فەلسەفیی، ئەوەش بە پاڵپشت و لەسەر بنچینەی شارستانی بونیاد دەنرێت، بۆ نموونە شارستانێتی سۆمەری بناغەیەکی پتەوە و دەتوانین بۆی بگەڕێینەوە و لەوێوە دەستپێبکەین لە سۆنگەی ئەوەی ئێمە تاکە میراتگری راستەقینەیانین. پێویستە پێش ھەر کارێک بە ئەفسانە و داستان و کەلەپوور و مێژووماندا بچینەوە، لەوێوە دەتوانین لەجیاتی ناسیۆنالیزمێکی بەربەریی خۆرئاوایی، بیرێکی کوردیی پوختەکراوی مرۆڤدۆستانە ھەڵھێنجین. ئەوەی مەبەستی ئەزە جیایە لە تیۆریزەکانی ئۆجەلان کە بە گەڕانەوە بۆ شارستانییە دیرۆکییەکانی میزۆپۆتامیا ھەمووان لە خوانێکدا کۆ دەکاتەوە، بەڵام لەم خوانەدا کورد لەلای خوارەوە و لەسەر پاپووچە شڕی تورک و فارس و عەرەب دانیشتووە. باس لەوە دەکەم کورد یان باپیرانمان لە مێژوودا رۆڵێکی بەرجەستە و کارایان ھەبووە لە خستنە سەر پێ و شێوەپێدانی شارستانێتیدا ھەبووە، ئەمە سەرمایەیەکی ڤێرجواڵ و پۆتنسیاڵێکی ھەرە گەورەیە لە پشتمانەوە وەک وتم بۆ تێپەڕاندنی (کوردبوون) لە بابەتێکی دیتێرمینیستییەوە بۆ بیرێکی پوختی کوردیی کە تێیدا مرۆی کورد ھەست بە ترانسێندێنتاڵێتی (شکۆمەندیی) خۆی بکات. پرسیارەکە ئەوەیە کورد ئەمە بۆ ناکات؟. ھەرچەند سەردەھێنم و دەبەم بەرسڤێکم نییە. ئاخر بۆچی دیموکراسی لە دەوڵەت شارێکی وەک ئەسیناوە کە ھێندەی گەڕەکێکی سنە یان سلێمانی ئێستا نەدەبوو کە نە کۆیلە نە ژن مافی بەشدارییان تێیدا نەبوو، تەنیا بۆ پیاوە ئازاد و خانەدانەکان دروستکرابوو، دەبێتە ئیدیاڵ و سیستمێکی یونیڤرساڵ؟ ئەی بۆچی ئێمە کە بەڵگە مێژووییەکان نیشانیداوین ھەزاران ساڵ بەر لە ئەسینییەکان سیستمی کارگێڕیی و یاسایی تۆکمەتر و باشترمان ھەبووە بۆی نەگەڕێینەوە و نەیبووژێنینەوە؟.جیا لەوە سەدەی نۆزدە لەبەرچاو بگرن ھۆلیۆد گوندێکی بچووکی نەناسراو بوو، ئەی ئێستا چی؟ بۆچی ھیچمان ھەیە و بۆ ماوەتەوە لە دەرەوەی شێوازی پەسەندی ھۆلیۆدیی؟. ھۆکاری ئەمە ھەرچییەک بێت پێموایە سووچی خۆمانە کە خەریکە ئەسیمیلە بووین. بە جۆرێک تووشی ئەلیناسیۆن (بەخۆنامۆبوون) کراوین پێمانوایە تا کاروانەکەی ئێمە لە عەجەم نەگەڕێتەوە ئێمە داڕنراوەکانی شارستانین. ئەحمەد موختار جاف لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە دێڕە شیعرێکدا دەنووسێت: (لە خەو ھەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە). دوای نەوەد ساڵێک ھێشتا پێناچێت میللەتی کورد لە خەو ھەستابێت، بەتایبەت دەسەڵات بە دەسەڵاتی رۆشنبیرییەوە خوازیارە (میللەت) ھەر لەو خەوە قووڵەدا بمێنێتەوە، لە بری ھۆشیاریی راستەقینە خراوەتە دەریای زڕە ھۆشیارییەوە. لە زنجیرە درامای (یاریی تەختە پادشاییەکان)دا کاتێک، رۆب پرسیار لە کاتلین دەکات: (بۆچی کەسێک ھەیە دەیەوێت بران بکوژێت؟) لە کاتێکدا ئەو منداڵێکی لاوازی خەوتووە!. کاتلین لە وەڵامدا پێی دەڵێت دەتوانین لە پرسیارەکە وەڵامەکە وەربگریتەوە، ئەوسا رۆب بە تۆنێکی لەسەرخۆتر دەڵێت: (کەسێک ھەیە لەوە دەترسێت بران لە خەو ھەستێت), کورد (بران)ێکی ھەزاران ساڵەی خەو لێ کەوتووە و وەک بڵێی تووشی ئەلزەھایمەر بووبێت، رابردووی خۆی بیر نایەتەوە.
نەگبەتییەکە ئەوەیە ھێشتا خەڵکانێکمان لە ئاستی دەستەبژێردا پێیانوایە ئێمە بە ھۆی سەلاحەدینی ئەیوبییەوە (لێرەدا وەک فیگۆرێکی دیرۆکیی سەیری دەکەین) سزا و نەفرەتی رۆژئاواییەکانمان بەسەردا سەپێنراوە، وەک بڵێی ناسیۆنالیزمیش کاڵایەکی تری ناو سیستمی بەرخۆریی بێت و بایکۆتیان کردبین، نەخێر وا دەھزرێم ناسیۆنالیزم لە تێڕوانینی میللەتێکەوە سەرچاوە دەگرێت لە بەرامبەر خۆیدا، ئایدیایەکە لە ئاوەزی دەستەبژێرێکەوە دەپەڕێتەوە بۆ ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤ، ئەو ئارگۆمێنتەی ھەردەم سەلاحەدین دەکاتە بیانووی بێبەشکردنی کورد لە دەوڵەت نەتەوە ھیچ نیازێکی ئیمپریالیستی و کۆلۆنیالیستیانەی مرۆڤی (سپی) رۆژئاوایی خۆ بەسەردارزان نابینێت، خۆ ئەگەر وابوایە داگیرکردنی ھیندستان بە تایبەت لە سەردەمی ڤیکتۆرییدا چۆن پاساو دەدرێتەوە؟ ئەی قڕکردن و لە ریشە دەرھێنانی دانیشتوانی رەسەنی پێست رەشی ئوسترالی بۆچی؟، ئەی دەستبەسەراگرتن و ئاپارتاید و تاڵانکردنی ئەفەریکا لە پێناوی ئەوروپای پاش ھەردوو جەنگە جیھانییەکە چۆن پاساو دەدرێتەوە؟. ئێمە خۆمان کارمان نەکردووە لە بواری مرۆڤسازییدا، دەنا لە بری ناسیۆنالیزمێکی لەبەرگیراوەی خۆرئاوایی کۆلۆنیالیستی، لەسەر شارستانێتی دێرینی میزۆپۆتامیا دەمانتوانی نموونەیەکی پێشکەوتووتر و ئیستاتیکیتری پێشکەش بکەین، بە تایبەت ئێمەی کورد میراتێکی دەوڵەمەندیی مێژوویی ھاوکارمان بوو،ئەوەی لە شارستانی سۆمەریی بەجێماوە بە پێی ھەموو بەڵگە دیرۆکییەکان تەنیا کوردە، تەنانەت بنەچەی زمانی کوردیی بۆ پانزە ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بە نزیکەیش پێنج ھەزار و چەند ساڵێک نووسینی مێخی لەلایەن باوانی کوردەوە (سۆمەرییەکان) داھێنراوە کە زمانی کوردە دەشتەکییەکان بووە، شۆڕشی یەکەم (شۆڕشی کشتوکاڵی بە ناولێنانی ئالڤین تۆفلەر) لە وڵاتی دوو زێوە دەستیپێکردووە کە بناغەی پێشکەوتنی شارستانێتی مرۆڤایەتی بووە، ئەمەش ئەو کوردانەی لە چیاکانی زاگرۆسەوە دابەزینە دەشتاییەکان نەک رۆڵی سەرەکیان تێدا بینیوە، بەڵکو شۆڕشێک بوو لەسەر دەستی ئەوان دەستی پێکرد. کورد ئەم مێژووە لە پشتی خۆیەوە نابینێت، مرۆی کورد کراوەتە رۆبۆتێکی ئەبستراکتی بێ مێژوو و شارستانی و کولتوور بەدەر لە گرێی ستۆکھۆڵم، بێ ویست و ئیرادەش کراوە، شتێکی بۆ نەماوەتەوە بۆ شانازیی پێوەکردن، بەپێچەوانەوە ھار و سەرشێت کراوە بەرامبەر بە بوونی خۆی، وەھا تێگەیەندراوە ھەمیشە گرێی (گازلایتنیگ)ی ھەبووە کە ئەوەش لە شانۆنامەیەکە وەرگیراوە لە ساڵی ١٩٣٨دا نووسراوە، چۆن ھاوژینێک ئیرادە و ویستی ژنەکەی تێکدەشکێنێت تەنانەت وای لێدەکات بێ دوودڵی بڕوا بە بێ توانایی و دەستەوەستانی و تەنانەت شێتبوونی خۆی بھێنێت. کورد ناتوانێت بە ناسیۆنالیزمێکی ھاوردەکراوی رۆنراو لە ئاوەزی ھەژموونگەرانەی خۆرئاوایی یان لەبەرگرتنەوەی شۆڤێنیزمی دەوڵەتانی دەوروبەری خۆی پێناسە بکاتەوە، پێشنۆرەترین کارێک بیکات خۆ رزگارکردنێتی لە ھەژموونی کولتووریی و سیاسیی نەتەوەکانی تر، وەک ئاشکراشە کرۆکی تێزی ھەژموون یان ھەژموونی کولتووریی لای گرامشی لەوەدا چڕ دەبێتەوە پێشمەرجی بەرزەفتی ھەر تاک و کۆمەڵگەیەک دەستبەسەراگرتنی کولتوور و ئەندێشەیە لەم رێگەیەوە دەستبەراگرتنی ھەموو شتێک ئاسانترە لەوەی بیری لێ دەکرایەوە.
پێم خۆشە ئاماژەش بۆ ئەوە بکەم (کوردایەتی) کەلەپوورێکی کۆنە و وەڵامدەرەوەی ئەوسا و ئێستای کۆمەڵگەی کوردیی نەبووە!. پێموایە کوردایەتی کە لە پەنجاکانی سەدەی پێشوووە کەوتە ناو ئەدەبیاتی سیاسیی کوردییەوە و پتر چەمکێکی (کاژیک)ییانە بوو، بە تازەیی کۆن ببوو!، چوونکە ئەم کۆنسێپتە تیۆریزە نەکرابوو لەسەر کێشی عروبە و وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر شەپۆلی سۆشیالیستی ئەو سەردەمە گەڵاڵە کرابوو، ھەر بۆیە مانایەکی چەمکایەتی نەبوو، پتر وەک دەستەواژەیەکی میللی خۆی چەسپاند. تا ئێستاش بۆ کەس روون نییە کوردایەتی چییە؟ پێناسەی ئەم چەمکە چییە لە رووی تیۆرییەوە، تەنانەت بوڵتنی (کاژیکنامە) نەیتوانیوە وەڵامێکی پڕ بە پێستی ئەوە بداتەوە، ھەر کاژیکنامە بۆ خۆی ھێندەی ریاکسیۆن بوو لە بەرامبەر ھەژموونی فیکریی چەپی ئەو کاتدا، تیۆریزەیەکی نوێ نەبوو جگە لەو نیشتمانپەروەرییە کلاسیکییەی لە حاجی قادرەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات ھیچی تری نەخراوەتە سەر. لە کۆتایشدا کوردایەتی نەیتوانی ناسیۆنالیزمی کوردیی بونیاد بنێت، لێرەدا دەبێت کەوانەیەک بکەینەوە و بێژین ناسیۆنالیزم وەک ئەوەی ھەیە چ وەک چەمک چ وەک پراکتیس سرووشتکرد نییە بەڵکو بونیادنراوێکی دنیای مودێرنە کە بونیادگەرایی و بیرمەندە پۆست مودێرنیستەکان رەتی دەکەنەوە، بەڵام ئەمە مانای وانییە ھەر بونیادنراوێک لە خۆیدا باش یان خراپە، بەڵکو دەکەوێتەوە سەر ناوەڕۆکی ئۆبژەکە خۆی. ئەگەر بڕیارە ھەموو بونیادنراوێک یان ناسرووشتییەک خراپ بێت ھێشتاش دەبوو مرۆڤ لە ئەشکەوتەکەی پلاتۆ نەھاتبایەتە دەرێ. ھەر خودی شارستانی لە شۆڕشی کشتوکاڵیی و داھێنانی نووسینەوە تا دەگاتە سەر ژیریی دەستکرد و کوانتۆم فیزیک لادانن لە رێسا سرووشتییەکانی ژیان. بۆیە مەرج نییە ھەرچی بونیادنراوێک ھەیە رەت بکەینەوە، بەڵام بە وردبوونەوە لە ئەنجامی ناسیۆنالیزم کە چەقەکەی ئەوروپا بوو جگە لە ئاوشڤیتز و ستەمکاریی چیتری لێکەوتەوە؟ با لەملاوە یوڤاڵ نوا ھەرارییەکی (جوو)ش ھەبێت جوانییەکانی ناسیۆنالیزممان پێ نیشان بدات!. لێرەدا مارکس ئاسا چۆن ھیگڵی ھەڵگێڕایەوە، منیش ژێستێکی لەو چەشنە لەگەڵ جەمال نەبەز دەکەم کە لە ھەوڵێکی بنبەست و ناکامدا ویستی تیۆریزەی ئەوە بکات کوردایەتی نە ناسیۆنالیزمە لە کڵێشە رۆژئاواییەکەیدا نە بیری نەتەوەچێتییە رۆژھەڵاتییەکەیە بەو فۆرمەی لە رۆژھەڵاتی نێویندا بوونی ھەیە، ئەو بێ ئەوەی بە ئارگۆمێنت بۆمان بسەلمێنێت بیری نەتەوەیی کوردیی چییە، کتێبە بچووکەکەی کۆتایی پێدێت، لە روانگەی ئەزەوە ئێمە دەبێت بچینەوە سەر ئەم کتێبە بۆ ئەوەی پارادایمێکی تر بە کوردبوون ببەخشین، واتە کوردبوون لە جەبرێکی سرووشتکردەوە بگۆڕین بە بۆ شتێکی سەرتر کە بارگاوییکردنێتی بە کولتوور و شارستانێتی، چوونکە کوردبوون لە خۆیدا پێدراوێکی ئەبستراکتە، توخمە سەرخانییەکانی وەک سیاسەت (لای ئەرستۆش مرۆڤ نابێتە مرۆڤ بێ سیاسەت) و رۆشنبیریی و شارستانێتی و کولتوور، مانا بە کوردبوون دەبەخشن.
بۆ من ئاشکرایە ھێشتاش لە شێوەی کلاسیکییەکەی خۆیدا تەماشای پرسی ناسیۆنالیزم دەکەین, وەک وتم جیھان لە بەردەم زنجیرەیەک ئاڵنگاریی مەزندایە یەکێک لەوانەش زیرەکیی دەستکرد و پێشکەوتنی خورافیانەی تەکنۆلۆژیایە کە رێی پێ ناگیرێت, لێکەوتەکانی ئەمە لەسەر ئاستی دنیا ھەموو کۆنسێپتێکی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بردووەتە پێڤاژۆی پۆست- پۆستەوە، ئێمە لە دەروازەی جیھانێکدا نین، بەڵکو لە ناو ئەو جیھانەداین چووەتە پۆست پۆست مودێرنەوە، لە بەستێنی پۆست ناسیۆنالیزمدایە، لە زەمەنی پۆست کۆلۆنیالیزم و نیولیبرالیزمیشدایە. لەگەڵمدا سەرنج بدەن بیسمارک کاتێک مژۆڵی یەکخستنەوە میرنشینە ناکۆکەکانی ئەڵمانیا بوو، چۆن ھاوکاتە لەگەڵ ھەڵوەشانەوە و داڕمانی یەک لە دوای یەکی میرنشینە کوردییەکاندا؟. ئەو سەردەمەی ناسیونالیزم لە ھەڕەتی گەنجی و گوڕی خۆیدا بوو جگە لە دەستەبژێک کۆی کورد سەرقاڵی شۆڕش بوو لە پێناوی ئایندا دەتوانین شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لەم رووەوە بکەینە نموونە، ھەنووکەش ناسیۆنالیزم کە لرخەلرخی سەرەمەرگێتی تازە بە تازە کورد دەیەوێت دروستی بکات!. ئەمە جیاوازییەکەیە و لێرەوە و لەسەر چەرپای ئەم نەخۆشخانەیە بەم بەرەبەیانە بە خۆیەوە سەرقاڵی کردووم و کڵافەی بیرکردنەوەی ئاڵۆزکاندووم. دوا جار جیھان ھیچی لێ نەماوەتەوە جگە لە بازاڕ، بە جۆرێک ئەگەر میلتۆن فریدمان ١٩١٢-٢٠٠٦ کە بە گەورەترین و کاریگەرترین ئابووریناسی دژەی کینزیی و تیۆریسیۆنی ھەرە کارای نیولیبرالیزم ناسرابوو بکەوێتە باری تراوماوە کە چۆن کاڵا و بازاڕگەرایی تاکە فەرمانڕەوای دنیایە!. بۆ نا ئەگەر لەم ھەلومەرجە نوێیەدا ناسیۆنالیزم ببێتە حکایەت؟ بۆچی نا ئەگەر لە بری ناسیۆنالیزم بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر بۆ کورد بکەینەوە؟!، بۆچی نا ئەگەر دەستەبژێری ئێمە لە بری رۆژئاوا بۆ شارستانێتی دێرینی کوردەواری بگەڕێتەوە؟. رەنگە ئەمە شێوازێکی سوکراتیانە بێت لە پرسیارکردن، بەڵام پرسیارگەلێکی لۆژیکیی و رەوان. خودی خۆم پێموایە ژیریی دەستکرد کۆتایی بە چاخی بیرکرنەوەی مرۆیی دەھێنێت, چیدی ئێمە نین ئایدیا و بیرۆکە بەرھەم دەھێنین، بەڵکو لە قۆناغی گواستنەوە و رادەستکردنی ئاوەزی مرۆییمانداین بەو ژیرییە دەستکردە. نەک ھەر ئێمەی کورد بگرە تەواوی جیھان فڕێدراوەتە کونێکی رەشی گەردوونەوە ئەوسەریمان لێ دیار نییە. تۆ ھەست بەوە ناکەیت ھەر ئەم چرکەساتە و بێ ئاگا لە خۆمان لەنێو جەنگی جیھانی سێیەمداین؟! بەڵام دیارە پارادایمی جەنگ لە ریشەوە گۆڕاوە. درۆنێک لەباتی لاپاڵم بھاوێت زیرەکانە ئامانجی خۆی دەپێکێت, ئەمە بێجگە لەوەی بەرەی شەڕ ھەر لە ئۆکرانیاوە تا غەززە درێژبووەتەوە، وڵاتانی تری وەک سوێد و ئەڵمانیاش لە خۆ ئامادەکردندان بۆ جەنگ، زۆرینەی دەوڵەتانی جیھان لە خۆ پڕچەککردندان، بەوەش بازاڕی چەکفرۆشیی گەرمتر بووە، ئەمەش ئارەزووی ئەو نیو لیبرالیزمە کێوییەیە لەوە دەرچووە پێی بگوترێت نیولیبرایزم، کە دروشمەکەی بریتی بوو بازاڕ پێش ھەر شتێک.
جارێکی تر پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەم ناسیۆنالیزم تەنیا ئەندێشەی بەشێک لە دەستەبژێری رووناکبیری کورد بووە، نەک بووبێتە بزافێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی. ئەمە لەلایەک و لەسەرێکی تریشەوە سەردەمێک ئیدیاڵی مودێرنیزاسیۆنی کۆمەڵی فیوداڵی کوردیی و بیرۆکەی (پێشکەوتن)، کە لە دوا دەرئەنجامدا دەبێتە مایەی ئازادیی و خۆشگوزەرانی. مێشکی نەوەی یەکەمی دەستەبژێری کوردی لە چارەگی یەکەمی سەدەی بیستەمدا گرتبوو، لە ژێر کاریگەریی تێڕوانینی دەستەبژێردا جەماوەر ھەموو تامەزرۆ و داواکاریی ژیانێکی رۆژئاواییانەیان ھەبوو، لانیکەم ئەوروپا ببووە نموونەی ئیدیاڵ، کەچی لە سایەی دەستەبژێری سیاسیی و رۆشنبیریی چارەگی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا مێشکی مرۆڤی کورد مۆبیلیزە کراوە و بە ئاڕاستەی سەرسامی و تامەزرۆیی بۆ نموونەکانی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و شانشینەکانی کەنداو ھاندراوە. رۆشنبیری ئێمە لە روانگەی خۆرئاواوە یان راستتر بڵێم وەک رۆژھەڵاتناسێک سەیری کۆمەڵگەی کوردیی دەکات، نەک بە میتۆدە زانستییەکانی رۆژئاوا ئەنالیزی کۆمەڵگەکەی بکات. کاتی خۆی فۆکۆ دووچاری گرفتی ئەوە ببوو چۆن رۆژئاوا بخوێنێتەوە؟ لەبەرئەوەی نارۆژئاواییەکان جگە لە سەرسامی و پیاھەڵدان یان رەتکردنەوە و کینەسازیی، ھیچی تریان بە شێوەیەکی زانستی و میتۆدیی لە بارەی رۆژئاوا نەوتبوو و نەنووسییوو. فۆکۆ ھاتە سەر ئەو قەناعەتی دەبێت بە پێی ھەڵگێڕانەوە کارەکە ئەنجام بدات، وەک چۆن دەست دەخەیتە ناو دەستکێشێک و دیوی ناوەوەی دەھێنیتە دەرەوە, ئێمەش بۆ دیاگنۆسی کۆمەڵگەی خۆمان دەتوانین کەڵک لە وەھا کارێک وەربگرین. ئەمە بە چی دەکرێت؟ پێموایە ھیچ رێگەیەک لە بەردەمدا نییە جگە لە ناسینی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی فرە رەھەند. رۆشنبیری کورد لە نێوان دوو جیھانبینی دژیەکی وەک رافیع تەھتاوی و سەیدقوتبدا، دنیابینی سێیەمی لێ بووەتە ئەستەم. رافیع رفاعە تەھتاوی ١٨٠١-١٨٧٣ لە ناو کولتووری رۆژئاواییدا ئەسیمیلە ببوو، زۆر رۆمانسیانە سەیری ئەوروپای دەکرد بە تایبەت لە کتێبە پاریسییەکەیدا (تخلیێ الإبریز فی تلخیێ باریز -١٨٣٤) تەنیا چاوی پێشکەوتن و تازەگەریی ئەوروپیی دەبینی کە ئایدیاڵەکە بۆ لاساییکردنەوە و کۆپیکردن و گواستنەوەی بۆ خۆرھەڵات و بەشەکانی تری جیھان، دوای زیاتر لە سەدەیەک سەیدقوتب (١٩٠٦-١٩٦٦) لە ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، لە زنجیرە کتێبێکدا دیسکۆرسێک دەھێنێتە گۆڕێ لە راستای رق و قێزلێھاتنەوە لە جیھانی رۆژئاوا، ئەگەرچی لە نێوان تەھتاوی و سەیدقوتبدا وەک دوو رۆڵەی میسریی، کەسانی چەشنی جەمالەدین ئەفغانی ١٨٣٨-١٨٩٧ شاگردەکەی (محەمەد عەبدە: ١٨٤٩-١٩٠٥) ھەبوون، وێڕای ئەوەی ئەوان دوو موسڵمانی پابەند بوون، ھێندە سەرسام و ھۆگری شارستانی خۆرئاوایی و مودێرنێتە ببوون، ھەوڵێکی شکستخواردوویان دەستپێکرد بۆ مودێرنیزاسیۆن و کرانەوە و ریفۆرمی ئاینی لە جیھانی ئیسلامیدا، ئەوان بوون بە سەرمەشقی رێنسانێکی ئیسلامی ھەرەسھێنراو بە تایبەت بە ھۆی ناپاکی محەمەد رەشید رەزاوە لە کەلەپووری ریفۆرمیستی عەبدەی مامۆستای، لە بەرامبەردا پەرەی بە تیۆرییەکی تری ئیسلامیی دا کە بوو بە ھەوێنی کۆمەڵەی برایان (ئیخوان)، تا بە ئەمڕۆش دەگات ئەگەرچی دەنگی کۆنەپارێزان زاڵترە، بەڵام دیسکۆرسی رۆشنبیریی لە جیھانی عەرەبی و ئیسلامیدا بەسەر ئەو دنیابینییەدا زاڵە لە سەرەتاوە باسمان کرد، رۆشنبیریی کوردیش لە تەڵزگەی ئەم دوو کاتیگۆرییەدا (لاسایی و قێز) گینگڵ دەخوات و ناتوانێت دیسکۆرسێکی کوردیی لە نێوان پەرستن و نەفرەت لە ژیاری خۆرئاوایی بکاتە رێڕەوی بیرکردنەوە و بیری کوردیی.
بۆ پرسی ناسیۆنالیزمیش کورد تاکو بە ئێستا دەگات خەریکی لەبەرگرتنەوەی پارادایمە خۆرئاواییەکەی ناسیۆنالیزمە، پێموایە لە بری بونیادنانی ناسیۆنالیزمێکی کوێر کاری ئێمە ئەوەیە دەوڵەتی ھاونیشتمانی دروست بکەین لەسەر بنەمای کوردبوون کە مەودا بکاتەوە بۆ پێکەوەژیانی خەڵکانی تری ناکورد لە چەشنی ئەو پێکھاتە نەتەوەییانەی زۆر لە مێژە لەگەڵماندا دەژین و ژیاون. ئەمەش جووینەوەی تێزەکەی یۆرگن ھابرماس نییە، چوونکە ئەو پێیوایە جیھانگەرایی ئەم رەوشە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی ھاونیشتمانی یان ھاووڵاتی جیھانی دەڕەخسێنێت، بە پێچەوانەوە وایدەبینم گلوبالیزەیشن (جیھانگەرایی) روویەکی ئابووری پەتی ھەبوو بۆ فەراھەمکردنی دەستی کاری ھەرزان و بردنی کۆمپانیا فرە ڕەگەز و مۆنۆپۆڵەکان بۆ ھەر لایەکی گێتی، ئەوەی لە ھزری یەکێکی وەکوو مندایە دروستکردنی مۆدێلێکی کوردیی نیشتمانە کە لە ھیچ کوێ نموونەی نەبێت، ئەمەشم لە نامیلکەی (دووبارە پێناسەکردنی کوردبوون)دا شیتەڵ و شرۆڤە کردووە لە ساڵی ٢٠٢٠دا. لەو نامیلەکەیدا جەختم لەوە کردووەتەوە دەبێت کوردبوون ببێتە شێوازی ژیان، دیقەت بدەن تەلارسازیی کوردیی چی بەسەرھاتووە؟ وەک لە وتاری (شاری شووشەیی و کولتووری خۆڵەمێشی)دا ئاماژەم پێکردووە چۆن دیزاینی وڵاتانی کەنداو بووە بە ئایکۆن و زاراوەی بە (دوبەی)یکردنی کوردستان بووە بە قسەی سەر زاران. پێموایە کورد نابێت لاسایی کەس بکاتەوە جگە لە خۆی.
رەنگە خەڵکانێک ھەبن بانگەشە بۆ گەڕانەوەی ناسیۆنالیزم بکەن لە ئەوروپاوە، ئەگەر ئەم بانگەشەیە کتومت وابێت، دیسانەوە ھەر جەخت لەسەر رۆنانی شارستانییەتێکی کوردیی دەکەمەوە لەسەر بنەمای (کوردبوون). وەلێ بە دیتنی خۆم ئەوەی نھۆ لە ئەوروپا لە گەشانەوە و بووژانەوەدایە تەنیا ناسیۆنالیزمێک نییە لە شێوە نەریتییەکەیدا کە پایەکانی خۆی لەسەر لەناوبردن و ئەسیمیلەی گەلانی تر راگرتبوو، تەنانەت فۆرمێک نییە لە فۆرمەکانی ئەنتی سیمتیزم (دژە جوو). بەریانی دژە بێگانە و پەنابەریی لێ دەربکەین، بە گشتیی ئەم رەوتە کە بەراستڕەوی توندڕۆ یان پۆپۆلیزمی رادیکاڵ ناوبانگی رۆشتووە، پەرچەرکردارە بەرامبەر چەندین شت لە نموونەی ئەو فراوانبوونەوە ھۆکیزمییەی لە پرسی جێندەریزمدا خەریکە ئەوروپا دادەپۆشێت، ھاوکات گەڕانەوەشە بۆ بەھا خۆرئاوایی و مەسیحییەکان و رۆڵ پێدانەوەی خێزان و پیاوبوون و ژن بوون و دایکایەتی و باوکایەتی کە ئێستا لە ژێر ھەڕەشەی (ئێل جی بی تی- لیسبەین، گەی، بیسێسکوال، ترانس جێندەر)دایە کە بووە بە ئایدۆلۆژیایەکی نوێی سەرشێتانەی سەردەم. سەیر بکەن جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئیتاڵیا بە چ دیسکۆرسێکەوە جڵەوی فەرمانڕەوایی گرتە دەست؟. کەواتە ئەم بادانەوەیە بە لای راستڕەوییدا تەنیا بادانەوە نییە بەلای ناسیۆنالیزمدا لە کڵێشە کلاسیکییەکەیدا، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ بنچینەی شارستانی خۆرئاوایی (یۆنانی- مەسیحی) و ئەو بەھایانەی لەو شارستانێتییەدا باڵادەست بوون، نکۆڵی لەوەش ناکرێت یەکێک لە ئامانجەکانیشی نیو ناسیۆنالیزمێکە لەگەڵ رۆحی سەدەی بیست و یەکدا تەبا بێتەوە، پرسی گەڕانەوەی سەروەریی ھەر دەوڵەتێکی ئەوروپاییە بە جیا، ئەو سەروەرییەی سەدەیەک پێش ئێستا بیرمەندێکی نازی وەکو کارڵ شمیت پێوەی سەرقاڵ ببوو.
قسەی کۆتاییم ئەوەیە بە روون و راشکاویی دژی ناسیۆنالیزمم (وەک دیاردەیەکی تایبەت بە ژیاری خۆرئاوا) چوونکە لە دیسپۆتیزم (ستەمکاریی) زیاتر چیتری بەرھەم نەھێنا، ھەروەک چۆن دژی سۆسیالیزمی بنیاتنراوم ھەر لە سۆڤێتەوە تا ئیمپریالیزمی نوێی چین، ھەر لە لە لینینەوە تا گورباتچۆڤ. من خۆم بە کوردێکی چەپ دەزانم نەک چەپێکی کورد (تکایە ورد دیقەت لەو دەربڕینە بدەن). ئەو چەپەی لە مێشکمدایە ماخۆلانێتی فۆرمێکی تەواو کوردییە و لە خزمەتی کوردستاندایە، ھەمان ئەو مۆدێلەیە چینی دوای ماوتسی تۆنگی کرد بەو زەبەلاحە ئابووری و سیاسییەی ئەمڕۆ، کەچی بە داخەوە بەھۆی نەخۆشییەکەمەوە تیۆریزەکردنی زۆر سست و خاو دەڕواتە پێشەوە (پێنج سەد لاپەڕەیەکم تیۆریزە کردووە وەک رەشنووسی یەکەم، بەڵام کارەکە ھێشتا نیوەیە). ئەو تیۆریزەیە دۆکترینێکە ئەگەر وەک خۆی پراکتیس بکرێت بە دەوڵەتی کوردستان دەستپێدەکات، بە بەھێزیی کوردستان لە پێگەی جەمسەرێکی نوێی جیھان کۆتایی پێدێت. پێشتریش بە درێژایی کتێبی (شارستانی کۆلاپس- ٢٠٢٢) لە دوو توێی ٦٦٠ لاپەڕەدا ئەو مۆدێلە چەپەی بە تاکی تەنیا بیرم لێ کردووەتەوە، بە خێرایی ئەنالیز کراوە، لەوێشدا وەک بەشدارییەکی سەرەتایی بەشێکی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ بەرگریی لە (کوردبوون). خوێنەر خۆی دەتوانێت بگەڕێتەوە سەری.

کۆتایی ٢٠٢٣

ستیڤان شەمزینی

Previous
Next
Kurdish