Skip to Content

کورتە چیرۆک\ وەجاخکوێر.. نووسینی: ئامانج شێروانی

کورتە چیرۆک\ وەجاخکوێر.. نووسینی: ئامانج شێروانی

Closed
by ئازار 31, 2024 General, Literature



لە فڕۆکەخانەکە دەرچوو، و بۆ لای بنکەی زانیارییەکە ڕۆیشت و پرسیاری شوێنی وەستانی تەکسییەکانی لێ کرد. کەوتە نێو گێژاوی ئەندێشان و بزەی هاتێ، ئەوە چەند ساڵێک دەبێت بە کوردیی لەگەڵ کەس نەدواوە. سەیرێکی دواوەی کرد، و چاوی کەوتە سەر چاوەکانی لیۆنی کوڕی. بە دەستی چەپی ئاماژەی بۆ کرد تاوەکوو بێت بۆ لای. بە فەڕەنسییەکی تێکشکاو پێی گوت: (ئەوە وڵاتەکەمە – c’est ma pays). لیۆنی دە ساڵان کەوتە قاقای پێکەنین و هەڵە زمانەوانییەکەی باوکی چاک کردەوە. ئاسۆی باوکیشی سوور سوور هەڵگەڕا، و بەڕووگرژییەکەوە ئاماژەی پێدا تاوەکوو بەرەو شوێنی تەکسییەکان بڕۆن.
جانتاکانیان خستە ناو پاشەڵی تەکسییەکە و بازیان دایە ناوی. هەرچەندە ئەوە هەژدە ساڵە باری خۆی تێکنایە و لە فەڕەنسا گیرساوەتەوە، کەچی ئەوە یەکەمین جارە دەگەڕێتەوە کوردستان. خۆ ئەو جارەش داینەنابوو بگەڕێتەوە، ئەگەر نەخۆشییەکەی دایکی نەبووایە. هەموو جارێک کە دایکی لێی دەپرسی:‌ (ئەرێ ڕۆڵە بۆ نایەیتەوە؟ من و باوکت لەو ژیانەی تەنها تۆمان هەیە)، ئاسۆش دەکەوتە بیانوو هێنانەوە، یان دەیگوت کاری هەیە، یان لیۆنی کوڕی خوێندنی هەیە و ناتوانێت قوتابخانە بەجێ بهێڵێت، یان هەر بیانوویەکی تری لەم بابەتەی دەهێناوە.
وەک بڵێی بیەوێت شتێک بۆ کوڕەکەی بسەلمێنێت، کە دەگەیشتە هەر چوارڕیانێک، هەر باڵەخانەیەک، هەر قوتابخانەیەک، هەر دوکانێک کە دەیناسییەوە، ئاوڕێکی پشتەوەی دەدایەوە، و بە فەڕەنسییە شکاوەکەیەوە بۆ لیۆنی باس دەکرد. (ئەو باڵەخانەیە کاتی خۆی بنکەی لاوان بوو، من و جوانەمەرگ زۆر جاران بۆ شانۆگەریی دەچووینە ئەوێ)، (ئەو چوارڕیانە پێشتر زۆر بچووکتر بوو، ئێستا فراوانیان کردووە)، (ئەو باخچەیەی دەبینی؟‌ چەند جارێک لەوێ تۆپتۆپێنم کردووە). لیۆنیش بێ‌ ئەوەی هێدفۆنەکەی لە سەری بکاتەوە، سەری خۆی دەلەقاند، و جارجارەش (ئم)ێکی دەکرد.
لەپێش نەخۆشخانەی (هیوا بۆ چارەسەریی شێرپەنجە) وەستان، و جانتایەکانیان هێنایە خوارەوە. بەرەو ژووری ژمارە حەوت کەوتنە ڕێ. براژنەکەی لە داڵانەکەدا بینی کە لەپێش ژوورەکەی دایکی دانیشتبوو. لەدوای جوانەمەرگ و باوکی، براژنەکەی تاکە چاودێری ئەو دایکە بەستەزمانەی بوو. لە براژنەکەی زانیی کە پزیشکەکان لەو باوەڕە دان کە هەر چەند ڕۆژێکە و مەرگ دەبێتە مێوانی دایکی. ئەوە چەند ساڵێکە، نیازی ئەوەی هەبووە کە هاوینی دابێت سەردانی دایکی بکات، بەڵام هەر ساڵە و ڕێگرێکی هاتووەتە پێش. ئەوێ ساڵێ، کاردۆی ئامۆزای ژنی دەهێنا. ساڵەکەی پێش ئەویش، ئاووهەوا گەلێک خۆش بوو، دڵی نەدەهات ئەوێ بۆ کوردستان بەجێ بهێڵێت.
دایکی کە چاوی بە ئاسۆ و لیۆنی کوڕی کەوت، زەردەخەنەیەکی کەوتە سەر لێوانی، بانگی کردن بۆ لای خۆی. ئاسۆ دەستی ماچ کرد، و لیۆنی کوڕی پێ ناساند. دایکی داوای لە لیۆن کرد تاوەکوو بێت لە تەنیشتی دابنیشێت. ئاسۆ بەشەرمێکەوە پێی گوت: (ببوورە دایە گیان، بەڵام لیۆن کوردی نازانێت). دایکی بە سەرسوڕمانێکەوە سەیری ئاسۆی کرد، ئاهێکی هەڵکێشا. دواتر، بە دەستەکانی ئاماژەی بە لیۆن دا، تاوەکوو بێتە لای، لەسەر سەرینەکە دابنیشێت. لیۆن هاتە لای، و چاوەکانی خستە سەر چاوەکانی داپیرەی. بۆ ماوەیەکی درێژ بەو شێوەیە مانەوە، و هیچیان هیچ شتێکیان نەگوت کە ئەوەی تر تێی بگات.

ئامانج شێروانی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish